مەملەکەتی سیسرک

Loading

ئەو ئێوارەیەش وەکو گشت ئێوارەکانی پێشوو، ویستی پیاسەیەکی ئەو شەقامە بکات کە تاقە شەقام بوو ڕۆژانە بە تەنیا ڕووی تێدەکردو، بە سیمایەکی خەمزەدەوە نەرم نەرم ھەنگاوی دەناو، تا کوێ بڕی بکردایە دەچوو و، پاشانیش بە ھەمان ڕێگادا بۆ ماڵەوە دەگەڕایەوە.

ھەندێ جار نوقمی تێڕامانەکانی خۆی دەبوو، ناوبەناویش تەماشای ڕێبوارەکانی سەر شەقامەکەی دەکرد. دەموچاوەکانی بە لاوە زۆر نامۆ بوون. ھەستی نەدەکرد شتێک ھەبێت بە وانەوە بیبەستێتەوە. ڕۆژانێک بوو ئەم لەگەڵ ھاوڕێکانیدا بە دەم گفتوگۆو گاڵتەوە ئەم شەقامەیان تەی دەکرد. پێکەوە باسی چییان نەدەکرد؟ ژیان، عیشق، ھونەر، مەرگ.. ھتد. ئەو ڕۆژانە ڕۆژانی لەزەتء خۆشەویستیء عەوداڵی بوون. ڕۆژانێک بوون ھەموو شتەکان تامی خۆیانء مانای تایبەتیی خۆیان ھەبوو. بەڵام ئێستا نەء.. ھاوڕێکانی وەکو پۆلە باڵدارێکی کۆچەر بەرەو دەڤەرێکی دی ملیان ناو، ئەمیش وەک مەلێکی باڵ شکستەی جێماو لەو پۆلە باڵدارە بە تەنیا مایەوە. بە تەنیا لەگەڵ کۆمەڵێک کتێبء یادگارو خەونی لەبارچوودا. ئای لە ڕۆژانی جاران! ئەوسا ھەستی دەکرد ئەم شەقامەو، ئەم دەموچاوانەو، ئەم شارە بەشێکن لە ڕۆحی.. لە ژیانی، بەڵام ئێستا ھەست دەکات بە ھەزاران کیلۆمەتر لەو ڕوخسارانەوە دوورە: گەرچی بە تەنیشتیدا تێدەپەڕن. ئەو ڕۆژانە ھەستی دەکرد سیماکان پاکژ بوون، ڕۆحەکان بێگەردو شەقامء شۆستەکان خاوێن بوون. کەچی ئێستا بە پێچەوانەوە: ھەست دەکات ڕوخسارەکان دزێو بوونء، ڕۆحەکانیش چەپەڵء گوناھبار.

لە پڕێکدا خۆی لەناو حەشاماتێکدا بینییەوە، بە جۆرێک بەناویەکدا پرژابوون کە ڕێی ھاتوچۆی سەرشۆستەکەیان بڕیبوو، ئەم ھەوڵی دا دڕ بە حەشاماتەکە بداتء، ڕێگای خۆی بکاتەوە، بەڵام بێ سوود بو، کاتێک ویستی بگەڕێتەوە، تەماشای کرد وا لە ناوەڕاستی حەشاماتەکەداو چواردەوری بە خەڵک گیراوە. یەکسەر دڵی کەوتە پەلەپەلء، ڕەنگی ھەڵبزڕکا.. ویستی تا زووە خۆی لێیان قوتار بکات، بۆیە ھەر بە پەیدابوونی بۆشاییەک لە نێوان خەڵکەکەدا ئەم بەھەڵەداوان ڕێچکەیەکی بۆ خۆی دۆزییەوەو ھەرچۆنێک بوو خۆی ڕزگار کرد.

کە لە ئاپۆرەکە دوورکەوتەوە، ھەستی کرد دڵی گوشراوەو ھەناسەی سواربووە. (پێم سەیرە؛ ئەم خەڵکە کە دێنە دەرەوە بە مەبەستی پیاسەکردنء کاروباری تر دێن؛ یان بۆئەوەی ئاوەھا لە شوێنێکدا کۆببنەوەو لە دەموچاوی یەکتر وردببنەوە؟!)

نەیویست لەوە زیاتر لە دەرەوە بمێنێتەوەو، ڕێی ماڵەوەی گرتەوەبەر. بیری لەوە کردەوە ئێستا دەبێ بچێتەوە بۆ ژوورە تەنگء تارەکەیء، بە دیار کتێبە ڕەنگ زەردەکانییەوە دانیشێت؛ کە وەکو تاقە ھاوڕێء ئاشنایەکی مابوونەوە.

کە لە گەڕەکەکەی خۆیان نزیک بۆوە، جارانی زووی گەڕەکی بیرکەوتەوە. ئەو ڕۆژانەی کە تەواوی خەڵکی گەڕەک بە یەک ئاشنابوونء ھەموو یەکتریان دەناسی، کەچی ئێستا کەسیان ناناسێ. کەوتە بەر شەپۆلی بیرەوەرییەکانی مناڵییء یارییەکانی جارانی مناڵانی گەڕەک. بیرەوەرییەکان لەگەڵ خۆیاندا ڕایانپێچاو، وەختێ بە ئاگاھاتەوە نزیک دەرگای ماڵەوە بوو. بەڵام بەرلەوەی بگاتە بەردەم دەرگاکەیان، لەپەنا دیوارەکەی ماڵی خۆیاندا شتێکی بینی کە زۆر سەرنجی ڕاکێشا. ھەربۆیە ھەڵوەستەیەکی کرد. تەماشای کرد پەڵەیەکی ڕەشباوی گەورە لەپەنا دیوارەکەدا ئەجووڵێتەوە. کە لێی نزیکبۆوە ، حەپەسا.( ئەمە چییە؟! یەکەم جارە جانەوەری وەھا ببینم.بە شێوە لە سیسرک ئەچێت. بەڵام سیسرک و بەم قەوارە گەورەیە!! نەخێر ئەمە سیسرک نییە. دەموچاوی لە دەموچاوی کوللە ئەچێت، بەڵام قاچ و باڵەکانی لە ھی سیسرک ئەچێت . تۆ بڵێی ئەمە جۆرێکی پەرەسەندووی سیسرک بێت و بۆ یەکەم جار لەم وڵاتەی ئێمەدا ھاتبێتە ئاراوەو، لەبەر ئەوەی لە وڵانی ئێمەشدا زەمینەیەکی لەبار ھەیە بۆ گەشەکردنی ئەم جۆرە جانەوەرانە، بە پێی تیۆرەی پەرەسەندن ئەشێ لای ئێمە ئەم جۆرە تازەیەی سیسرک پەیدابووبێت. بەڕاستی شتێکی سەیرە!! بەڵام زۆر ترسناکیشە . ئەگەر ئەم جۆرە جانەوەرە تەشەنە بکات و بە وڵاتدا بڵاوبێتەوە ، ئەبێتە ھۆی چەشنەھا پەتاو ئافاتی کوشندەو ، لەبەر ئەوەی دەرمانی قەلاچۆکردنیشی لای خۆمان دەست ناکەوێت، ئەوا بنبڕکردنی دژوارەو ڕۆژ بەڕۆژیش ڕوو لە زیادبوون ئەبێت …)

ئەم لەم بیرکردنەوانەدا بوو کە سیسرکەکە دەرفەتی ھێنا و دیار نەما. ھەربۆیە خۆی کرد بە دەرگای ماڵەوەیانداو ، ڕاستەوخۆ بەرەو ژوورەکەی خۆی ڕۆیشت و ، لەدوای خۆیەوە دەرگاکەی داخست و ، خەیاڵیشی ھەر لای سیسرکەکە بوو .

لە ژوورەکەیدا کورسی و مێزێکی بچکۆلەو قەرەوێڵەیەک و کتێبخانەیەک ھەبوو. چووە سەر قەرەوێڵەکەی دانیشت . پاش تاوێک بیرکردنەوە لە جانەوەرەکە ، دەستی دایە یەکێک لە کتێبەکانی و سەری بەسەر کتێبەکەدا شۆڕ کردەوەو پاش ماوەیەک خوێندنەوە ، کتێبەکەی دانا و لەسەر قەرەوێڵەکەی ڕاکشاو خەو چووە چاوەکانی.

* * *

بۆ بەیانیی ڕۆژی داھاتوو سەعات لە دە تێپەڕیبوو، کەچی دەرگای کڵۆمدراوی ژوورەکەی ئەو ھەر نەکرابۆوە. بە پێچەوانەی ڕۆژانی ترەوە ، کە بەیانیان زوو ھەڵدەستا و دەستی ئەکردەوە بە خوێندنەوە ، کاتی بەرچاییش بە بێدەنگی نانی بەیانیی ئەخوارد و ، پاشانیش دەچووەوە ژوورەکەی و لەسەر خوێندنەوەکەی بەردەوام ئەبوو.

هیرۆمۆنی بۆش هیرۆمۆنی بۆش ( 1450 ـ1516) ؛ شێتاتی لەسەر ڕووبەڕی ئاو !
هیرۆمۆنی بۆش هیرۆمۆنی بۆش ( 1450 ـ1516) ؛ شێتاتی لەسەر ڕووبەڕی ئاو !

دایکی تەواو نیگەران بوو . دەیویست بزانێ بۆچی ئەم بەیانییە بەئاگا نەھاتۆتەوە . لەبەر ئەوەی پەردەکانی ژوورەکەش دادرابوونەوە ، نەیدەتوانی لە پەنجەرەی ژوورەکەوە ھیچ ببینێت. ھەوڵیشی دابوو لە کونی جێکلیلی دەرگاکەوە تەماشا بکات، بەڵام چونکە لە دیوی ناوەوە کلیلەکە ھەر بە دەرگاکەوە بوو ، ھیچی نەبینی . ویستی تۆزێکی تر دان بە خۆیدا بگرێت و چاوەڕێ بکات ، بەڵام نەیدەتوانی…( ئاخۆ چیی بەسەر ھاتبێت ؟!! بۆچی خەبەری نەبۆتەوە؟!! تۆ بڵێی شتێکی لێ نەھاتبێت؟؟)

چەند جارێک گوێی بە دەرگاکەوە نا، بەڵکو گوێی لە شتێک بێت . ھەناسەی لە خۆی ئەبڕی و بە وردی گوێی شل ئەکرد ، بەڵکو گوێی لە دەنگی ھەناسەی بێت، بەڵام ھیچی نەبیست. ئیتر ئۆقرەی لێ بڕڕ . بڕیاری دا بانگی بکات تا خەبەری بێتەوە، بۆیە یەک دوو جار بانگی کرد، بەڵام ھیچ وەڵامێک نەبوو. سەرلەنوێ بە دەنگێکی بەرزتر بانگی کردەوە. ھەمدیسان وەڵام نەبوو. دایکی تەواو ترسی لێ نیشت و ئینجا بەچەپۆک کێشای بە دەرگاکەدا..نە جارێک و نە دووان و سیان…بێھوودە بوو.سەرلەنوێ بەدەم ھاوارەوە بەتوندی کێشایەوە بە دەرگاکەدا، بەڵام ھیچ کاردانەوەیەک لە دیوی ناوەوە ھەست پێ نەدەکرا. ئیتر دایکی کە ھیچ چارەیەکی نەما، دەستی بە ھات و ھاوار کرد تا دەرودراوسێ بە ھانای بگەن.

ئەو لە ژوورەوەو لەسەر قەرەوێڵەکەی گوێی لە دایکی بوو کە بانگی کرد و ، بێدار بووبۆوە. گوێی لە دەرگاکەش بوو . بەڵام کاتی َویستی وەڵامی دایکی بداتەوە ، لەلای دەرگاکەوە چاوی کەوتەوە بە جانەوەرێک کە دەشوبھایە سەر ئەو جانەوەرە سیسرکئاسایەی کە دوێنێ ئێوارە لەبەردەرگای ماڵەوە بینیبووی..دوو شاخی زل ، کەللەیەکی گەورە، دوو باڵی گەورە و شەش قاچی تیسکن، چاوەکانی بڕیبوونە ئەم. تۆزێک خۆی ڕاپسکاند بۆ ئەوەی بزانێ ئەم دیمەنەی ئەیبینێت خەونە یان ڕاستییە، چونکە لە خەونیشیدا سیسرکێک لە چەشنی ئەمە کە تا ئەھات قەوارەی گەورە و گەورەتر ئەبوو ، شەقامەو شەقام و کۆڵانەو کۆڵان ڕاوی دەنا و ، ئەمیش خۆی لێ ئەشاردەوە. بەڵام نەءن ئەمەیان خەون نییە ، ئەوەتانێ لای دەرگاکەوەیەو ئەڵێی پاسەوانیی دەرگاکە ئەکات. کە چاوی بە جانەوەرەکە کەوت، ئاگای لە لە ھاوار و دەرگالێدانەکەی دایکی نەما. کەوتەوە تێفکرین لە چۆنێتیی خۆپاراستن و بەرگری لەخۆکردن کاتێک ئەم جانەوەرە تەشەنە ئەکات… لەناکاودا ژاوەژاوێکی سەیری ھاتە گوێ . توند لەدەرگاو پەنجەرەکان ئەدرا….

– ئەو دەرگایە بکەرەوە.
– وەرە ئەو پەردانە لابدە و پەنجەرەیەک لە پەنجەرەکان بکەرەوە.
– با دەرگاکە بشکێنین.
– نەْ. با بچین شووشەیەک لە شووشەکانی پەنجەرەکانی ژوورەکە بشکێنین و لەوێوە تەماشا بکەین.
ژاوەژاوەکە تا ئەھات پتر ئەبوو. لەپڕێکا دەنگی شکانی یەکێک لە شووشەکانی پەنجەرەکەی ھاتە گوێ. ئینجا پەردەکە لابرا و ھەموو ئەوانەی دەرەوەی ژوورەکە شاڵاویان بۆ بەر پەنجەرەکە ھێنا و ن ھەموو پێکەوە سەریان نا بە پەنجەرەکانەوە .
– ئەی چیی لێ قەوماوە؟!!
– بۆ وا بە حەپەساوی لەسەر قەرەوێڵەکە دانیشتووە؟!!
– ئادەی ڕێ چۆڵ کەن با خاڵی قسەیەکی لەگەڵ بکات.

پیرێک کە دیار بوو خاڵی بوو ھەرچۆنێک بوو خۆی گەیاندە بەر پەنجەرەکە. سەری بردە ژوورێ و وتی :
– کوڕم ئەوە بۆ قسە ناکەیت؟ بۆ وەڵاممان نادەیتەوە؟؟ لە بەیانییەوە دایکت ھاوارت لێ ئەکات. ئەوەندە بەخۆیدا کێشا خەریکبوو لە ھۆش خۆی بچێت. بۆ ھەڵناسیت دەرگاکە بکەیتەوە؟؟
ئەم کە لەسەر قەرەوێڵەکەی ھەڵکورمابوو. کاتێ دیمەنی ئەو خەڵکەی بینی، کە ھەموویان چاویان بڕیوەتە ئەمء بە سەرسوڕمانەوە سەیری دەکەن، ئەوەندەی تر دەمی چووە کلیلەو نەیتوانی دەم ھەڵبێنێتەوە، تەنانەت کاتێ ویستی لەسەر قەرەوێڵەکەش بچێتە خوارەوە؛ ھەستی کرد لەشی جام بووە.
خاڵی دەستی بە قسە کردەوە:
-کوڕم بۆ وامان لێدەکەیت؟ بۆ وا ئەبڵەق بوویت نقت لە خۆت چنیوە؟ بۆ ھەڵناسیت دەرگاکە بکەیتەوە؟ من ئەم ڕۆژەم لەبەرچاو بوو.. ئەمە ھەمووی ھی ئەو کتێبانەیە. کە پێمان دەوتیت بەس بخوێنەرەوە، خوێندنەوە دادت نادات، تۆش وەکو کوڕی خەڵکی کارێک بکەو خۆت پێ بگەیەنە. بگەڕێرەوەو ھۆش بھێنەرەوە سەرت.. کەچی تۆ ڕقەبەرایەتیت دەکردین گاڵتەت بە قسەکانمان دەھات، تا بەم حاڵەی گەیاندیت ئەئاوا ئابڕووی ئێمەشت برد، ھەموو گەڕەکەکەت ھێناوەتە سەرمان..
ئەوانەی ھەیوان حەوشەو کۆڵانیش ھەموو تەکانیان دەداو پاڵیان دەناو، ھەریەکە ھەڵپەی ئەوەی بوو زووتر تەماشایەکی ژوورەکە بکاتء بزانێ ئەم چیی لێھاتووە وا بۆتە مایەی شەرمەزاری بۆ کەسوکارەکەی.
-با دایکی قسەی لەگەڵدا بکات، لەوانەیە بە قسەی دایکی بکات.
دایکیان بردە لای پەنجەرە شکاوەکەوە، بە دوو چاوی پڕ لە فرمێسکەوە وتی:
-کوڕم بۆ وا دەکەیت؟ بۆ ئاوەھا ئازاری ئەم دایکە پیرو کڵۆڵەت دەدەیت؟ دە ھەڵسە دەرگاکە بکەرەوە.

ئەم ھەرچەند ھەوڵی دەدا نەیدەتوانی نە دەمی بجووڵێنێت نە ھەڵسێتە سەرپێ، کە تەماشای ئەو حەشاماتەشی دەکرد کە لە پەنجەرەکەوە دیاربوون، سیمایانی بۆ جیانەدەکرایەوە، ھەستی دەکرد زۆربەیان لە یەک دەچن، لە دڵی خۆیدا وتی (ئەمانە بۆچی بۆ سەیری من ھاتوون؟!! دەترسم ئێستا پێم بڵێن تێکچووە، نازانن کە من تەواو ئاگام لە خۆمەو ئاگام لەوەیە کە ڕوودەدات، نازانن کە من لە بیری ئەو جانەوەرەو مەترسیی ئەو جانەوەرەدام بۆ سەر ژیانی مرۆڤ، بەڵام ئێستا ئەگەر ئەمەشیان پێبڵێم لەوانەیە گاڵتەم پێبکەنء بڵێن جانەوەری وەھا بوونی نییە.. بەھەرحاڵ خەوشەکەی من ئەوەیە کە ئێستا لەبەر ھەر ھۆیەک بێت نە دەتوانم بجووڵێمەوەو، نە دەتوانم قسەیان لەگەڵدا بکەم.. ئیتر ھەرچییەکم پێدەڵێن گرنگ نییە).

تەماشایەکی سیسرکەکەی کردەوە، لەسەر قاچەکانی دواوەی وەستابوو، قەوارەی گەورەتر دەھاتە پێشچاو. دەتوت خۆی بۆ زۆران ئامادە کردووە.
لە دەرەوەش تا دەھات دەنگە دەنگء ژاوەژاو لە زیادبووندا بوو.
-با دەرگاکە بشکێنین.
-با شیشی پەنجەرەکە بنووشتێنینەوە.
-دەی چاوەڕێی چی دەکەن؟
-دایکی دەڵێ لە دوێنێ نیوەڕۆوە نانی نەخواردووە، کێ دەڵێ برسێتی وا لە گۆی نەخستووە. خێراکەن دەرگا بێ یان پەنجەرە بیشکێننء فریای بکەون.

حەشاماتەکە ھەموو بە چەکوش و پێلەقە کەوتنە شکاندنی دەرگاو پەنجەرەکان. ژاوەژاوەکە بە ڕادەیەک بوو خەریک بوو گوێی کاس بێت، چاوی لە نێوان دەرگاکەو پەنجەرەکاندا ڕێشکەو پێشکەی دەکرد. تاوێک ئەم حاڵە بەردەوام بوو. ناکاو ئەوەی سڵی لێدەکردەوە ڕوویدا. لە پەنجەرەکانء لە دەرگاکەوە ھەر سیسرکی گەورە بوو خۆی دەکرد بە ژوورا.. یەکێک.. دووان.. چوار.. شەش.. نۆ.. وردە وردە ھەندێکیان ھاتنء گەمارۆی ئەمیان دا. ھەندێکی تریان بەرەو لای کتێبەکان چوون، ئیتر پەیتا پەیتا ھەر سیسرک بوو خۆی دەکرد بە ژوورا. سەرەتا کۆمەڵێکیان کەوتنە گیانی کتێبەکانء دەستیان بە کرۆژتنی کتێبەکان کرد. وا بە تاسووقەوە دەیانخوارد دەتوت ساڵانێکی زۆرە ھیچیان نەخواردووە، بە جیکەجیک ھاوڕێکانیان بانگ دەکرد بۆ ئەو ژەمە خۆراکە بەتامە.
لەملاشەوە ئەم کە بە جیکەجیکی سیسرکەکان گوێی کاس بووبوو، دەیویست تینێک بداتە خۆیء ھەوڵبدات لە حاڵەتێکدا ئەگەر سیسرکەکان شاڵاویان بۆ ھێنا بەرگری لە خۆی بکات، بەڵام بێھودە بوو.. دەتوت نەک ئێستا ساڵانێکە بەسەر ئەو قەرەوێڵەیەوە مۆمیا کراوە.
تا دەھات ژمارەی سیسرکەکان لە زۆربووندا بوو، دوای ئەوەی تەواوی کتێبەکانیان کرۆشت، ئینجا نۆرە ھاتە سەر ئەم، بۆیە لە ھەموو لایەکەوە ئەڵقەی گەمارۆ لەسەری ئەستوورترو چڕتر بۆوەو پۆل پۆل سیسرکی نوێ دەھاتنء پەیوەندییان بەمانەوە دەکرد. ئەم کە تەماشای کرد: تازە کار لە کار ترازابوو. تا چاو بڕبکات سیسرک ژوورەکەی و حەوشەو دەرەوەی حەوشەشی تەنیبۆوە. ھەر بۆیە ئیتر ئەم ئومێدی بە قوتاربوون نەماو سەرنجی دا سیسرکەکان لەھەر چوارلاوە بە قەرەوێڵەکەدا بەرەو لای ئەم سەرکەوتن. بەدەستء قاچیدا ھەڵدەگەڕێن و، ھەندێکیان دەستیان کرد بە کرۆشتنی پەنجەکانی دەستو پێی و، ھەندێکی تریشیان دەیانەوێت بگەنە کەلەسەری و مۆخەکەی سەری بخۆن.

١٩٩٦

 

 

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی