Brother Grimm

منداڵە بەدبەختەکەی ناو گۆڕەکە


Loading

چیرۆکی برایانی گریم
لە ئینگلیزییەوە: فاروق هۆمه‌ر
جارێکیان کوڕە شوانێکی هەژار هەبوو و باوک و دایکی فەرمانی خودایان بەجێ هێنابوو و پیاوچاکانی گوند، جوتیارێکی دەوڵەمەندی گوندەکەیان ڕاسپاردبوو کە سەرپەرشتی منداڵە بکات و خواردنی پێبدات و گەورەی بکات . بەڵام ئەو ژن و پیاوە ئەوەندە دڵرەقبوون، سەرباری ئەو هەموو دەوڵەت و ماڵەی هەیانبوو، زۆر چاوچنۆک و دەست قوچاو بوون و بەرگەی ئەوەیان نەدەگرت تەماشای کەسێک بکەن کوتە نانێک لە ماڵیان بباتە دەرەوە .

شوانەی منداڵ هەوڵی دەدا دڵنەوایی ماڵە جوتیار بکات و ئەوانیش لەبەرانبەر ئەوەدا کەمێک خواردنیان پێ دەدا، بەڵام بە هیچ جۆرێك دەستیان لە لێدان و سزادانی نەدەپاراست .
ڕۆژێکیان منداڵەیان ڕاسپارد چاودێری مریشک و جووجەڵەکانی بکات، جووجەڵە بەو دەشت و دەرەدا پەرش و بڵاو ببونەوە و زۆر بە گران دەتوانرا کۆبکرێنەوە . لە پڕێکا هەڵۆیەک زەفەری هێناو نزمبۆوە و مریشکەی لەگەڵ خۆی دا هەڵگرت و ڕۆی .
منداڵە تا هێزی تیابوو هاواری کرد : ” ڕابوەستە هێی ڕابوەستە .. دز .. دز ! ” بەڵام ئایا تۆ بڵێی بە هاواری منداڵێک، هەڵۆکە بگەڕێتەوە و مریشکەکەی بۆ بگەڕێنێتەوە ؟ کابرای جوتیار لە دورەوە گوێی لە هاواری منداڵەکە بوو و بە هەڵەداوان خۆی گەیاندە شوێنەکە . کاتێک کابرا زانی چی بەسەر مریشکەکەی دا هاتووە، لە داخی لە دەستچوونی مریشکەکەی، تا توانی کەوتە لێدانی منداڵە و شلکوتی مەرگی کرد . ئەوەندەی لە منداڵە دا، منداڵی بەستەزمان بۆ چەند ڕۆژێک لەناو جێگە کەوت و نەیدەتوانی لە شوێنی خۆی بجوڵێت .
دوای ئەوە منداڵە، دەبوو بەبێ یارمەتی مریشکەی دایکیان چاودێری جووجەڵەکان بکات ، ئەوەش کارێکی ئەوەندە ئاسان نەبوو، چونکە جووجەڵەکان هەر یەکەیان بە لایەکا هەڵدەهاتن و دوور دەکەوتنەوە . منداڵەکە وای بە بیردا هات ئەگەر بێتو هەر هەموو جووجەڵەکان بە پارچە پەتێک بەیەکەوە گرێ بدات، ئەوا هەڵۆکە بۆی ناکرێت بە هیج جۆرێک زەفەر بە هیچ یەکێک لە جووجەڵەکان بهێنێت .
ئەوەش هەڵەیەکی گەورە بوو . چەند ڕۆژێک دوای ئەوە لەبەر برسێتی و ڕاکە ڕاکی زۆری بە دوای جوجکەکان دا ئەوەندە شەکەت و ماندوو بوو لەوێ دا خەوی پیا کەوت . لە ناکاوێک دا هەڵۆکە جارێکی دی هات و پەلاماری یەکێک لە جوجکەکانی دا و بردی، بەڵام لەبەرئەوەی جووجەڵەکان هەموویان بە یەکەوە گرێ درابوون، ئیدی هەر هەموو جووڵەکانی لەگەڵ خۆی دا بەیەکەوە بەرزکردنەوە و بردنی بۆ سەر درەختێکی ئەو نزیکانە و یەک لە دوای یەک هەموویانی خوارد .
کابرای جوتیار تازە گەڕابۆوە ماڵێ، کاتێک بە کارەساتەکەی زانی چاوی پەڕییە پشتی سەری و ئەوەی هۆش و گۆش بوو لە مێشکیا نەما و زۆر بێ بەزەییانە کەوتە میرازکردنی منداڵە و هەرچی ئازای گیانی هەبوو شین و مۆری کردەوە . منداڵەی بەستەزمان ئەوەندە نەخۆش و دەردەدار بوو بۆ هەفتەیەک لەناو جێدا کەوت .
دوای ئەوەی منداڵە چاکبۆوە و سەرلەنوێ هەستایەوە سەر دوو پێی خۆی، جوتیارە پێیگووت : ” تۆ زۆر بێ مێشکیت، بە کەڵكی ئەوە نایەیت چاودێری مەڕ و ماڵات بکەیت . لەمەودوا کاری ڕاسپاردە هێنان و بردنت پێ دەسپێرم .
زۆری پێنەچوو، کابرا بەرچنەیەک ترێ و نامەیەکی هێنا و منداڵەی بۆ کارێک رەوانەی لای قازی کرد . منداڵە بە دەم ڕێگەوە ئەوەندە شەکەت و ماندوو بوو و برسێتی و تینووێتی زۆری بۆ هێنا و دوو هێشووی لە بەرچنە ترێ خوارد . کاتێ گەیشتە لای قازی و ترێ و نامەکەی گەیاند . قازی دەستی کرد بە خوێندنەوەی نامەکە و دواتر کەوتە ژماردنی هێشووە ترێکان .
” دوو هێشوە ترێ کەمن ” قازی گووتی .
منداڵەکە زۆر ڕاستگۆیانە و بێ ترس ددانی بەوەدا نا کە برسێتی و تینووێتی ڕێگا هێندە شەکەت و ماندووی کردبوو و ناچار بوو دووان لە هێشوە ترێکان بخوات ”
قازی نامەیەکی بۆ جوتیار نووسی و داوای ئەوەندە ترێی تری لێکرد کە چەندین جار لەو دوو هێشوە ترێیەی منداڵەکە خواردبووی زیاتر بوو .
جارێکی دی کابرای جوتیار، بەرچنەیەک ترێی تر و نامەیەکی تری دا بە منداڵە و داوای لێکرد بۆ قازی بەرێت . جارێکی دی منداڵە لەتاو ترس و بیمی خۆی، برسێتی و تینووێتی بە جۆرێک ماندوویان کرد کە بۆی نەکرێ بەسەر هێز و توانای خۆی دا زاڵ بێ و ناچار بوو دوو هێشوو ترێی تر بخوات . بەڵام بەر لەوەی دەست بە خواردنی دوو هێشوە ترێ کە بکات، نامەکەی دەرهێنا و لەژێر بەردێکی دانا و چووە سەر بەردە تا نامەکە بە دەردێک بەرێ کە زۆر بە باشی نەخوێندرێتەوە .
سەرباری ئەوە قازی بانگی کرد و پرسیاری دوو هێشوە ونبووەکەی لێکرد .
” ئای خودایە، ” منداڵەکە هاواری لێهەستا ” تۆ چۆن ئەوەت بۆ دەرکەوت ؟ خۆ نامەکەم خستبوە ژێر بەردێکەوە و وام خراپ کردبوو کە بۆت نەکرێ بیخوێنیتەوە ”
قازی، بە سادە و ساکاری منداڵە کەوتە پێکەنین و نامەیەکی تری بۆ جوتیارەکە نووسی و داوای لێکرد کە زۆر بە باشی سەرپەرشتی منداڵەکە بکات و خواردن و خواردنەوەی زێدەتری بۆ فەراهەم بکات و سەرباری ئەوەش فێری جیاوازی نێوان هەڵە و ڕاستی بکات .
” من ئەو جیاوازییەت پێ نیشان دەدەم ! ” جوتیاری دڵڕەق ئەوەی پێگووت ” ئەگەر بتەوێت تێر بیت، دەبێت کار بکەیت، ئەگەر هەڵەش بکەیت ئەوا دار دەزانێ چۆن ڕاست و رەوانت بکاتەوە ”
ڕۆژی دواتر جوتیاری دڵڕەق و بێبەزەیی بۆ کارێکی سەختی ڕەوانە کرد و پێیگووت دەبێت پێنچ باوەش پووش و پەڵاشم بۆ ئاڵفی ئاژەڵ بۆ کۆ
بکەیتەوە .
” پێنج کاتژمێری دی دەگەڕێمەوە، ” کابرا گووتی ” ئەگەر بێتو لە کاتی خۆیدا هەر پێنج باوەشەکە ئامادە نەبێت ئەوا ئەوەندەت دەکوتم کە نەتوانی لە شوێنی خۆت بجوڵێیت ”
کابرا خۆی و ژنەکەی و کرێکارەکانی بەرەو شوێنی کێڵگەی ئیشکردنەکەیان کەوتنە ڕێ و بێ لە کوتە نانێک هیچی دییان بۆ منداڵە بە جێنەهێشت . منداڵە بەو پەڕی خێرایی و گەرم و گوڕی دەستی کرد بە لێکردنەوەی گژ و گیا و کاتێک هەستی بە گەرما کرد، چاکەتەکەی داکەند و لەسەر گژ و گیاکەی فڕێ دا . ئەوەندە ترسابوو لەوەی کە لە کاتی خۆی دا فریای تەواو کردنی کارەکەی نەکەوێت، بە خێرایی و بە پەلە کەوتە مۆڵکردن و بەستنەوەی باوەشە ئالیفەکان و لە پەشۆکان دا چاکەتەکەشی لەگەڵ گژ و گیاکەدا مۆڵ کرد و گرێی دا. لە کاتی خۆی دا تەماشای کرد زۆر دوا کەوتوە و بۆی ناکرێت بە کارەکەی دا ڕا بگات ” ئۆی ! ئۆی ! ” هاواری کرد ” ئەوە من کاتەکەم تەواو بووە و کارەکەم تەواو نەکردووە، دەزانم ئەو کابرا بێ بەزەییەش هەرچی پێیگووتم جێبەجێی دەکات . کاتێک دەگەڕێتەوە ماڵێ و ئەوە ببینێت، بێگومان دەمکوژێت . وا باشترە بۆ خۆم خۆم بکوژم ! ”
جارێکیان منداڵە، گوێی لە ژنی جوتیارەکە بوو دەیگووت، گۆزەڵەیەک ژەهر لەژێر چرپای نوستنەکەی دایە . لە ڕاستی دا ئەوە ژەهر نەبوو بەڵکو گۆزەڵەیەک هەنگوین بوو و بەوەش ژنە دەیویست کەسێک بوێری ئەوە نەکات لە هەنگوینەکەیان نزیک بکەوێتەوە .
منداڵە نوشتایەوە و دەستی برد بۆ ژێر چرپای نووستنەکەی و گۆزەڵە ژەهری دەرهێنا و هەر هەمووی خوارد .
” من نازانم، ” منداڵەکە لەگەڵ خۆی دەدوا ” خەڵکی دەڵێن مردن تامی تاڵە، کەچی لای من مردن هەموو ناو دەمی شیرین کردووم . جێی سەرسوڕمانە کە ئەم ژنی جوتیارە بۆچی ئەوەندە حەزی بە مردنی منە ”
لەسەر کورسییەک دانیشتبوو چاوەڕوانی ئەوە بوو بمرێت . بەڵام لە جێی ئەوەی لاواز و بێ هێز بێت، تا دەهات بەو خواردنە خۆش و بە تامەی خواردبووی گوڕ و هێزی تێ دەرژا .
” بڕوا ناکەم ئەوە ژەهر بوو بێت، ” منداڵەکە لەگەڵ خۆی دەدوا ” بەڵام جارێک گوێم لە جوتیارەکە بوو دەیگووت شووشەیەک ژەهری کوژەری لەناو کەنتۆری جلەکانی دا هەڵگرتوە . لەوانەیە ئەوە ژەهەری راستەقینە بێت و بمکوژێت ”
بەڵام ئەوەش ژەهری کوژەر نەبوو، بەڵکو شەرابی هەنگاری بوو . چوو شووشەی ژەهری هێناو بینی پێوەنا و هەر هەمووی خواردەوە .
” ئەوەش مەرگێکی خۆشی ترە ” لەبەرخۆیەوە وایدەگووت . بەڵام زۆری نەبرد شەراب لە مێشکی دا کاریگەری جێدەهێشت و هەموو دەمارەکانی گیانی سڕ دەکرد . پێیوابوو ئەوا مردن لێی نزیک بۆتەوە .
” وا هەست دەکەم خەریکە دەمرم، ” لەبەرخۆیەوە دەدوا ” بەرەو گۆرستانی کلێساکە دەڕۆم و لەوێ گۆڕێک بۆ خۆم دەدۆزمەوە ” بەرەو دەرەوە دەستی کرد بە ڕاکردن و بەرەو گۆرستانی کلێساکە چوو و لەناو گۆڕێکی تازە هەڵکەندراودا لێی ڕاکشا . هەستی کرد تا بێت تەواو لە هۆش خۆی دەچێت . لەو دەمەدا و لەو نزیکانە لە یانەیەک ئاهەنگی بووک و زاوایی بەڕێوە دەچوو، کاتێک گوێی لە ئاوازی خۆشی گۆرانی بوو و وایدەزانی چۆتە بەهەشت . لە کۆتایی دا منداڵەی بەستەزمان بە تەواوی هۆش و گۆشی خۆی لە دەست دا و ئیدی جارێکی دی هەڵنەسایەوە .
هێز و گوڕی شەرابەکە و سەرمای ئەو شەوە ژیانی منداڵەیان لەگەڵ خۆیان برد و لەناو ئەو گۆڕە تازە هەڵکەندراوەدا بۆ خۆی بۆ هەتا هەتایە سەری نایەوە .
کاتێک جوتیارەکە بە هەواڵی مەرگی منداڵەکەی زانی زۆر ترسا لەوەی بانگی بکەنە دادگا و بە مەرگی منداڵەکەی تاوانبار بکەن، لە تاوا هێندە ترسا و دڵی بە پەلە پەل کەوت لە هۆش خۆی چوو و بورایەوە . لەو دەمەدا ژنەکەی کە لە نزیکی ئاگردانەکەوە ڕاوەستابوو، تاوەیەک ڕۆنی بەدەستەوە بوو بە خێرایی بەرەو لای مێردەکەی غاری دا بۆ ئەوەی یاریدەی بدات، بەڵام پریشکێکی ئاگر کەوتە ناو تاوەی پڕ لە ڕۆن و ئاگری گرت . ژنە هەرچی کرد تاوە ڕۆنی پڕ ئاگری بۆ خامۆش نەدەکرا و ئاگر بۆ دار و پەردووی ماڵەکە تاوی دەسەند و دەڕۆی . پەردە و قەنەفە و هێندەی نەبرد خوار و ژووری ماڵ کڵوکۆی دامرکایەوە و هەموو شتێک بوو بە خوڵەمێش . ئیدی هەردوو ژن و مێردە هەموو کۆتایی ژیانیان لەوپەڕی هەژاری و نەبوونی دا بردە سەر و تا دەهات ئاگری ویژدان دەردەدار و وێرانی دەکردن.


سه‌رچاوه: ماڵپه‌ڕی چراکان