نیگەرانیەکان لە بـارەی چارەنووسم لە بەهەشتدا
فازڵ عەززاوی
لە عەرەبییەوە: نەژاد عزیز سورمێ
ئەوەی ئێستا زیاتر نیگەرانم دەکا،
کە ژیانم
بە ڕاکردن
بەدوای وەھمدا لەبێن برد،
سەراب دوای سەراب…
تا وەناو ساڵان کەوتم
کە ببیەم ،
کەسێ بێ لە دەرگام بدا
تاکو – پێـویستی خۆم –
لە پاداشتی ڕەفتاری باشم لە دونیادا
لەگەڵ خۆیم بباتە بەھەشت
فریشتان
لەبن داران دا ببینم
بە ڕاست و چەپ ڕیز دەبەستن
ھوتاف بەناوی من لێ دەدەن:
شاباش!
شاباش!

*
سەربڵیند،
وەک تاووسی پەڕبڵاو
لەسەرخۆ
بەسەر فەرشی سووردا دەڕۆم
کە بە دوور و درێژی ڕاخستراوە…
دەف و تەپڵم بۆ لێدەدرێ
وێنەی ڕاکەرێکی سەرکەوتووی
یارییەکانی ئۆلۆمپیش
دەروێشە پیرۆزەکان،
لەسەر شانیانم دادەنێن
بەرەو دیجلەیەک لە مەی و
فووراتێک لە ھەنگوێنی شاخاوی
لەوێ غیلمانان دەبینین
دەفری زێڕین دەھێنن
تژی میوەی ھەمەجوور…
کەنیزە و حـۆریـش
لە فلیمێکی پیرۆزدا
بێ پەردە،
مێینەتییانمان پێشان دەدەن
شاباش!
شاباش!
*
بەڵام من ڕازی نیم
ھاوار دەکەم:
ئە من!
کە ئەوەش دوور و نێزیک
لەبارەی منەوە دەیزانن
وەک ھەموو حەکیم و عاقڵان
وێسکی سکۆتلەندیم
لە مەی پێ خۆشترە
وەک ھەمیشەیش،
بەبۆنی ھەنگوێنی لینج
گـێژ دەبم…

لەوەش زیاتر،
من بەڕاستی بێزار دەبم
ھەموو کاتم بە سەرخۆشی
لە ئەبەدییەتدا بەسەربەرم و
بەناو بەھەشتێکدا بسووڕێمەوە
تەنانەت ئەگەر دەرگاکانی
لە زێڕ و زوبەرجەدیش بن
یا میوانەکانی
ئەو قددیسانە بن
ھەندێ جار
بەسەر ئاودا ھاتبن و چووبن و
بەڕیشیان
ڕاوی شەیتانیان کردبێ …
*
لە دوایدا ،
گوێم لێیە لە دەرگام دەدەن
منیش ھاوار دەکەم
لە کاتێکدا گەیشتووەتە سهر ئێسقانم:
– چ دەکەم لە بەھەشت؟
ببمە برادەر!
بمبەرە دۆزەخی گڕدار!
تا لەوێ بە بەختیاری و
بە کەرامەت بژیم
تەنیا لەوێ ،
دەتوانم ئەوەی بنووسم
لەو شیعرانەی نەمنووسیون
ناڕازی ،
داوای خۆم
دژ بە ھەموو
کڵـۆڵی و کوێرەوەری جیھان
عەرزی مەلەکووتی ھەرە بەرز بکەم..
شاباش!
شاباش!
—–
- لە سایتی گۆڤاری (کیکا) وەرگیراوە

