عیشق و ڕاڤەكردنی لەگەڵ شتەكاندا


Loading

 

–  بەتەنها عیشق… منی گەیاندە دەڤەری بەرینی حوزنی ژیان، وای لێ كردم بتوانم ببمە باڵندە.
“سوهراب سپهێری”

 

 

” عیشق و ڕاڤەكردنی لەگەڵ شتەكاندا “

 

عیشق دەستپێكی وشەكانە.
عیشق یانی هەموو شتێك… كەنا،
عە شق یانی خوو…
یانی كرمی ژیان.

عیشق وەختێك سەرهەڵدەدات/ دەمارەكانی مێشكمان خەوتوون/ وەختێك لە نێوی دەبەین/ چاوەكانمان شەرمەزار دەبێت/ وەختێك كە زیندووی بكەینەوە/ دەمارەكانی مێشكمان لەق دەبێت/ عیشق دەستپێكی نیگایێكە/ كە دێت… ئاوڕ لە ڕابردوو ناداتەوە.
ڕابردوو هەندێك جار لقێكە بۆ بەستنەوەی عیشق
ڕابردوو بڕێك جار لقێكە بۆ گرێفچكەی عەقڵ
ڕابردوو نەختێك جار عیشق و عەقڵ تێكگیر دەكات.

***

عیشق شتێكە لە تۆزی سەر گەڵا دەچێت/ گەر بمانەوێت دەستی لێ بدەین… توولی گەڵاكە دەشكێت/ گەر بمانەوێت گەڵاكەی لێ بكەینەوە… تۆزەكەی هەڵدەوەرێت/ گەر بمانەوێت تۆزەكەی كۆ بكەینەوە… كەمێكمان لە بیر دەچێت.
عیشق چ جۆرێكە… ئای… كە،
“ئێمە لە دیوێكیڕا بە وشكی دێینە نێو دونیاوە
لەو سەریشڕا بە تەڕی دەچینە دەرەوە”

خوداش كە عیشقی بە ئێمە بەخشی/ بۆ ئەوە بوو كە لە ڕەهای خۆیدا شتەكان نیشانی ئێمە بدات…/ تا ئێمەش لە دەوری كۆ ببینەوە و لاسایی بكەینەوە.
خودا هەر بە عیشق تاقیمان دەكاتەوە/ بۆ ئەوەی كە ئێمەش عاشق بووین/ تا مردن لەگەڵ عیشقی ئەودا بجەنگێین.

***

عیشق سێبەرە…
گەر بمانەوێت لە ژێریدا وەربكەوین… خۆی دەبێتە خۆرەتاو

گراس و ژن و کوندەپەپوو
گرافیک ؛  گراس و ژن و کوندەپەپوو

گەر بمانەوێت لە ژێریدا ڕابوەستین… خۆی دەبێتە سێڵاو
گەر بمانەوێت تا ملمان بێت… تێیدا دەخنكێین
گەر بمانەوێت نەخنكێین… یانی عیشق جۆلاو
لە سەرەتادا:
عیشق پیرۆزە/ وەی كە ڕێزی لێ بگرین… چەندە لاسارە؟
عیشق لاسارە/ وەی كە دەستی بەسەردا بێنین… چەندە لاوازە؟
عیشق لاوازە/ وەی كە بەزییمان پێیدا بێتەوە… چەندە تاوانبارە؟
عیشق تاوانبارە/ وەی كە سزای بدەین… كێ‌ لێی بەرپرسیارە؟
كێ‌ دەڵێت عیشق تاوانبارە…؟/ كێ‌ دەڵێت عیشق لاسارە…؟
ئای… دەبێت خودا چیمان پێ بڵێت
لەسەر ئەو پرسیارانە…
***

عیشق درەختێكە…
گەر بمانەوێت زیادی بكەین/ بە دەستی خۆمان دەیڕوێنین/ گەر بمانەوێت كەمی بكەین/ بە دەستی خۆمان هەڵیدەپەردێوین/ یان بە ڕەگوڕیشەوە دەریدێنین.
كە ڕەگوڕیشەی خۆشی دادەكوتێت/ ڕێگای نییە/ كە سەر دەردەهێنێت لە خاكدا/ هەموو ڕێگاكان لە قەدێكدا كۆ دەبنەوە/ لە دواجاردا دەبێتە بە چەند لقێك و پەل دەهاوێژێت/ تا گەڵا و گۆپك دەربكات و بەرهەم دابنێت.
“دیسانەوە نازانین، عیشق…
چۆن ڕەگوڕیشەی داكوتاوە”

ئێمەش هەموو ئامانجێكمان لە عیشقدا/ عیشقێكی كۆتاییە/ گەرچی عیشقی كۆتایی/ لە دوایدا دەبێتە كۆیلەی شتەكان

***

خودا بە ستوونی عیشق دەبەخشێت بە ئێمە / گەرچی ئێمە بە ئاسۆیی عاشق دەبین و بە تیشكێكی كاڵ دەیبەخشینەوە.
عیشق لە شوێنە دوورەكانەوە/ وای… كە دەستمان نایگەنێ‌/ عیشق لە شوێنە نزیكەكانە/ كە تاریكن و چاومان نایبینێ‌/ عیشق خامۆشە/ بە زیندوویی بە دوایدا ڕادەكەین/ تا ڕۆشنی بكەین/ كە ڕۆشن دەبێت/ دەگەڕێینەوە بۆ هەوەڵین جار/ تا دەروونی خۆمان بكوژین.

عیشق ئامانج نییە/ گەرچی ئامانج لە هەموو شتێكدا عیشقە
عیشق لە پاییزدا نییە/ گەرچی ڕێگای هەموومان هەر پاییزە
دەی كەوایە پاییز… كە خۆی ڕووت دەكاتەوە/ ئێمەش سەر بە وەرزی پاییزین/ هەر بۆیەش لە دواڕۆژدا… لە بەردەم وەرزی پاییزدا ڕووت دەبینەوە.

 

***

عیشق یانی گرێ‌… لە نێو دارێكی ڕەبەندا
داری ڕەبەنیش یانی ڕستەیێكی لقدار… لە سێ‌ گرووپدا:
گرووپی هەوەڵ ــ یانی ڕەگوڕیشەی پیسدار… لە قووڵایی زەویدا
گرووپی دووهەم ــ یانی قەدێكی سەرلێشێواوی بایەخدار… لەو دیوی شتەكاندا
دواهەمین گرووپیش ــ یانی كۆتا بڵندایی ڕۆشندار… لە ئەزمونێكی نادیاردا.
لە گشت ئەوانەش دواجار دەچینەوە هەمان گرێ‌… وەلێ گرێیەك لە سەختیدا.
گرێیەك لە سەختی هەناسەكانمان… بەبێ‌ ئارەزوومان
گرێیەك لە سەختی حەزەكانمان… بەبێ‌ ئامانجمان
گرێیەك لە سەختی هەبوونمان… بەبێ‌ زانینمان
لە گشت ئەوانەش كە لە ئەزەلدان… دەمانبەنەوە بۆ هەمان برین.

 

***

عیشق یانی غەم…
غەم قووڵترە لە خەون/ قووڵترە لە خەیاڵ/ لە واقیع
قووڵترە لە جوانی/ لە خامۆشی/ لە تۆ…
قووڵترە لە تەنیایی هەستی شەمشەمەكوێرە.

“من غەمگینم وەك عیشق…
عیشق غەمگینترە لە من…”

عیشق غەمگینە وەك خۆی/ غەمۆكم وەك ئەو/ دڵگیرە وەك گوڵ بەدیار باغەوانەوە/ غەمناكم وەك گیای زەرد/ وەك پاییز بەدیار گەڵایەوە.
غەمگینی ئێمە لەوێوەڕا دەست پێ دەكات/ كە نەمانزانی لە ئەزەلدا غەمگین كێیە؟

***

عیشق غەریبترە لە ئاشنابوونمان بە ژیانی غەریبیمان
غەریبترە لە دەنگی ئاوازی شمشاڵی گۆڕستانەكان

گرافیک؛  گونتەر گراس / ماسی بووت و ژن
گرافیک؛ گونتەر گراس / ماسی بووت و ژن

غەریبترە لە دەنگی كوكوختی نێو جەنگەڵەكان
غەریبترە لە گوڵەهەڵاڵە… لە بۆنی ڕێحانە
غەریبترە لە تەواوی شتە ونبووەكان
لە گشت نابەرجەستەكان غەریبترە… كە لە غەریبیماندان.

عیشق بە سامترە لە خامۆشی ئەشكەوتەكان
بە سامترە لە ڕِۆحكێشان
بە سامترە لە سووتانی قەقنەس… لە خشكەی مار
بە سامترە لە مەرقەدی موقەدەسی مەلا و شێخەكان
لە گشت ئەوانەی هەرگیز ناتوانن… شكست بێنن.
عیشق وشەیەكە ئەبەدییە و دەسووتێت
وشەیەكە خۆڵەمێش لەسەر دڵمان بەجێدێڵێت
وشەیەكە دەمانبات بۆ تێگەیشتن لە پڕشكی ئاگر
وشەیەكە تا قیامەت تینی جەهەندەمان بۆ دێنێت.

***

عیشق غەمگینە بەدیار من و تۆوە… خۆشەویستم
گەر لە سەرێكەوە خودا من و تۆ… بە یەكدی بگەێنێ
لەو سەریڕا ئەهریمەن لە یەكدی جـیامان دەكاتەوە
گەر لە سەرێكیشەوە ئەهریمەن بە یەكەوەمان بگونجێنێ
لەو سەریڕا خودا لە یەكدی جـیامان دەكاتەوە
خودایە تۆ هەستمان پێ دەبەخشی و،
ئەهریمەن بە شەڕمان دێنێ.
ئەی خودا و ئەهریمەن لێمانگەڕێن… با بزانین:
خۆمان یەكدی دەپەرستین،
یان دەمانەوێت جەنگێك هەڵبگیرسێ.
“خودایە لە تەواوی بازنەكاندا ئازادیم دەوێت…
گەر ئازادیشت دامێ‌، نەمكەی بە كۆیلەی شەیتان.”

دەی كەوایە خۆشەویستم…
عیشق بە سامترە لە پێكەوەبوونی من و تۆ
دژوارترە لە جـیابوونەوەمان
تیژترە لە بیركردنەوەمان
غەریبترە لە یادچوونەوەمان
خامۆشترە لە تەنیاییمان
دەی خودایە گەمەی عیشقی تۆ و ئێمە/ لە كوێڕا دەست پێ دەكات و لە كوێوە كۆتایی دێت…؟

***

خودایە كە عیشقت بە ئێمە دەبەخشی… تەڵە دامەنێ و ڕاویشمان مەكە
لەمێژە ئافرەت عیشقی ئێمەی ڕاو كردووە.
ئافرەت تۆش… كە بە سیحر عەقڵی ئێمەت داگیركردووە
لەمێژە خودا گەمەی بە پیشەی سیحری تۆی كردووە.

دەی خودایە گەر چارەنووسی من و هاوغەزەلمت دیاری كردووە
عەقڵ ئیشی چییە گەر بۆ یەك نەبین؟
خودایە گەر عەقڵمان بەرەنگاری تۆ دەبێتەوە
گوناهی ئێمە چییە گەر مرۆڤێكی بێكەڵكین؟
گەر دڵمان لە تۆ سەندۆتەوە و داومانەتەوە بە یەكدی
غەزەبمان لی َمەگرە و لە گەورەیت كەم نابێتەوە.
گەر هەردووكمان ببینە كۆیلەی عیشقی تۆ
هیچ عیشقێكی وەهاش… بۆ ئێمە نامێنێتەوە.

 

تەواو
هاوین و پاییزی 2008 / ئیسفەهان – فەروخشار – قەڵادزێ – سلێمانی
سەرنج:
لە کتێبی ” منم دیدەوانی گوڵ دەکەم” دا، ٢٠١١ بە چاپ گەیەندراوە.