ئه‌ترسم بڕۆیت،
ئه‌ترسم که ئه‌مرم تۆ نه‌یه‌یت.
ئه‌ترسم بێیت و بڕۆیت، بێ ئه‌وه‌ی بێیته لام،
ئه‌ترسم که مردم لهپاڵتا وه‌ک تۆ خه‌مبار بوه‌ستم و که‌چی تۆ نه‌مبینی.
ئه‌ترسم، له ژیان به‌بێ تۆ،
ئه‌ترسم له مردن به‌بێ جوانی یادوه‌ری،
ئه‌ترسم، له هه‌موو شتێک،
جوانی گوڵێک ئهمترسنێ گه‌ر هه‌ستبکه‌م ئاشق نیم.
من ئاگر ئه‌مترسێنێ که هه‌ست بکه‌م خۆم سارد بوومه‌ته‌وه.
ئاو ئه‌مترسێنێت گه‌ر هه‌موو ڕۆژێک وێردێکی له‌سه‌ر نه‌خوێنم.
شه‌ماڵ ئه‌مترسێنێت گه‌ر هه‌ڵکات و من نامه‌یه‌کم به ده‌سته‌وه نه‌بێت بۆ تۆ.
من له هه‌موو شتێک ئه‌ترسم
به‌بێ تۆ.
به‌بێ تۆ من له وه‌ڕه‌ی سه‌گ ئه‌ترسم،
له قوقه‌ی که‌ڵه‌شێری به‌یانیان گه‌ر تۆ له پاڵما نه‌بیت،
که باران ئه‌بارێ
چه‌ترێکی سوورم به‌سه‌ره‌وه نه‌بێت ئه‌وا تۆم له‌گه‌ڵ نیت.
ئه‌ترسم لافاو وه‌ک به‌له‌مێکی کاغه‌ز بمبات گه‌ر تۆ نهمگریتهوه.
ئه‌ترسم، من ئه‌ترسم
له‌ترپه‌ی دڵی خۆم، له خه‌ونی پڕ له مارو مووری شه‌وان،
لهڕاچڵهکین به‌ده‌م هاواره‌وه،
له خه‌ونێکدا که به‌فر ئه‌بارێ و ته‌نها خرمه‌ی پێڵاوه‌کانی تۆ به‌دوامه‌وه‌یه.
له کۆڵانێکدا که دیواره‌کانی پڕه له جنێوی نووسراو
تۆ خه‌ت خه‌تێنی تیا نه‌که‌یت من ئه‌ترسم،
من ئه‌ترسم، له خۆم که چه‌ند ته‌نهام
که چه‌ند ته‌نهام و که‌چی تۆ لێره‌نیت.
تۆ لێره نیت و من خۆم داوه به‌ده‌م ته‌نهاییه‌وه
ته‌نهایی باسی تۆم بۆ ئه‌کات و من ئه‌بم به‌ته‌نها دره‌ختی سه‌ر گردێک.
هه‌ر چاوه‌ڕێم و تۆ نایه‌یت
تۆ نایه‌یت و من هه‌ر ئه‌وه‌ستم،
من ئه‌ترسم و به‌ته‌نها بێ تۆ ئه‌ستێره کزه‌کان ئه‌ژمێرم،
ڕۆژه‌کانی دووری تۆ، ته‌مه‌نی نوح، سه‌بری ئه‌یووب
هه‌مووی ته‌واوئه‌بێت و هه‌واڵی تۆ ئه‌بێت به تۆزی هه‌ستاوی دوای سوارێک
که له شه‌ڕ په‌شیمان ئه‌بێته‌وه‌و نایه‌ت.
من ئه‌ترسم بێ تۆ بژیم،
من هه‌ر چاوه‌ڕێم و تۆ نایه‌یت،
زڕه‌ی پێکه‌کان وه‌ک زه‌نگی کڵێسا لێئه‌دات و تۆ دیار نیت،
شانم ئه‌خه‌مه ژێر داره مه‌یته‌که‌ی خۆمه‌وه‌و ئاوڕ بۆ دواوه ئه‌ده‌مه‌وه‌و
تۆ به‌دوامه‌وه نیت.
ئه‌ترسم، من زۆر ئه‌ترسم، کاتێک بێیت، به‌یه‌کجاری ترس تۆی له‌بیر بردبێتمهوه.