دیالۆگ له‌گه‌ڵ ڕێژیس دوبرێ؛ تافی لاویی پیرۆزکراو


Loading

لە عەرەبییەوە* بڕوا عه‌لادین

به‌كتێبه‌ تازه‌كه‌ی (تافی لاویی موقه‌ده‌س) كه‌ به‌م دواییانه‌ له‌ خانه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی (گالیمار) ده‌رچوو، ڕێژیس دۆبرێ ده‌یه‌وێت توێ توێ، توێژاڵی سروته‌ ئایینیه‌ هاوچه‌رخه‌كان هه‌ڵبداته‌وه‌!

له‌م كاره‌یدا (دۆبرێی) شاره‌زا  له‌كایه‌ی توێژینه‌وه‌ له‌ سیستمی ئامرازه‌كانی ڕاگه‌یاندن و ده‌زگا كولتوریه‌كان، هه‌وڵده‌دات سوود له‌و دراوانه‌ وه‌ربگرێت كه‌ زاده‌ی خۆشباوه‌ڕیی و ساویلكه‌یی ئێمه‌ن. مرۆڤی هاوچه‌رخ پێی وایه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ كه‌ (نیتچە) و (ئینته‌رنێت‌) سنووره‌كانی شوێنیان به‌زاندووه‌، ئیدی ته‌واو، دژ به‌ هه‌موو سرووته‌كانه‌ و له ‌هه‌ر چه‌شنه‌ به‌رز و پیرۆزڕاگرتنێكی موقه‌ده‌س ڕزگاری بووه‌. هه‌ر بۆیه‌ له‌ توێژینه‌وه‌ نوێیه‌كه‌یدا به‌ ناونیشانی (تافی لاویی موقه‌ده‌س)، دۆبرێ بانگهێشتمان ده‌كات تا جارێکی تر، لە کۆی‌ دیمه‌نه‌كه‌ ڕابمێنینه‌وه‌. به‌پێی ئه‌و زانیاریه‌ كه‌مه‌ی كه‌ ئێمه‌ له‌باره‌ی موقه‌ده‌س و‌ جیاكردنه‌وه‌ی له‌‌ یه‌زدانیی هه‌مانه‌، پیرۆزی هیچ نیه‌ جگه‌ له‌و خه‌یاڵه‌ كه‌له‌ڕه‌ق و سه‌ركێشەی كه‌ هه‌موو شتێك ده‌گرێته‌وه‌.

تافی لاوی پیرۆزکراو - ریجي دۆبري
تافی لاوی پیرۆزکراو – ریجی دۆبرێ –

موقه‌ده‌س چیه‌؟ دۆبرێ نوسیویه‌تی: موقه‌ده‌س بریتیه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه‌ پاساو بۆ قوربانیدان ده‌هێننه‌وه‌ و چه‌په‌ڵاندن و شكۆشكاندن ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه‌!‌

دیاره‌ هه‌ر یەک لە ئێوە زۆری له‌باره‌ی گۆڕه‌ ڕه‌ونه‌قدار و نه‌خشێنراوه‌كانی ستالینیزمه‌وه‌ بیستووه‌،‌ مه‌شخه‌ڵی سه‌ربازی ون، گرد و ناشتنگه‌ مه‌زنەکانی نه‌ته‌وه‌، یاده‌په‌یكه‌ر و میمۆریاڵه‌كانی ده‌زگای (یادفاشیم) له‌ قودس یان سەقف و بنمیچی ناوه‌وه‌ی كه‌نیسه‌یه‌ك كه‌ یادی به‌رگری فه‌ره‌نسیه‌كان به‌رز ڕادەگرێت و نه‌مریان دەکات. ئایا ده‌زانن بەتەنها ژێرزه‌مینە تازەکەی بێزه‌نتیه‌كان له‌ په‌یمانگای باستور، لەناو خۆیدا ته‌واوی جه‌سته‌ی جیهانی له‌خۆ‌گرتووه‌؟ هیچ ‌گومانێك له‌وه‌دا نیە کە ئەم مەزارانە خوڵقێنەری وێنەگەلێکن، به‌ڵام وێنه‌كان ڕوون و ئاشکرا نین.

ئەو زۆر بە وریاییەوە دەروازەکانی موقەدەسی هاوچەرخمان بۆ شیکاردەکات. ئایا بەندی دووەمی پەیماننامەی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ خۆی، داوامان لێ ناكات ڕێز لە (تایبەتمەندێتی پیرۆز و موقه‌ده‌سی ژیان) خۆی بگرین؟ ئایا هەموو ئەو گوڵانەی کە لەسەر گۆڕی گۆرانیبێژ (جیم مۆریسۆن) دانران، بەشێک و سوچێکی ئەو مەزارەیان نەکردە پەیکەرێکی گرنگی ئەوتۆ کە ببێتە جێی بایەخی هەمووان؟ ئه‌ی داخۆ خودی ده‌ركه‌وتنه‌كه‌ی ڤاگنەر جۆرێك له‌ نمایش و نواندنی پیرۆزیی نه‌بوو كاتێك قسەی لەسەر فیستیڤاڵێکی نواندن دەکرد؟

دۆبرێ بۆمان ڕووندەکاتەوە کە تەنانەت چۆن موقەدەسێکی دونیایی دەتوانێت دزەبکاتە ناو سرووتە سێکیولارەکانیشمانەوە. بۆ نمونە ئاهەنگی ڕێزلێنان و پۆست بەخشینەکانی ناو ئەلیزێیش هەر جۆرێک لە پیرۆزی خۆیانیان هەیە و بازاڕگەرمی بۆ دەکەن.

پیرۆزکردن بریتیە لە چەندین ناوی جۆراوجۆر و جیاوازجیاواز: مافی مانگرتن، کەلەپوور، پشووەکان، ئەرکی یادەوەری، ئەمانە هەموویان بوونەتە جۆرێک لە پیرۆزیی و موقەدەسی پەرستراو کە ناکرێت دەستیان بۆ ببردرێت. ئایا ئەوە هەر خودی یاسای كات خۆی نییە کە وامان لێدەکات بێ هیچ چەندوچوونێک، قوربانیەکان پیرۆزبکەین؟ بێگومان بەبێ باسکردنی ئیکۆلۆژیست و ژینگەپارێزەکانمان کە وه‌ك خانم و خاتوونێكی نازدار، جۆرە سروتێکی ڕەها دەبەخشنە سروشت.

وەک لە کتێبی (سەرهەڵدانی سیاسەت) یشدا ڕوونیکردۆتەوە، دۆبرێ پێی وایه‌: مرۆڤه‌كان پێویستیان بە سرووتە، چونکە بەهۆ و لە ڕێگەی سروت و ڕیتواڵەوەیە کە یەکدەگرن و کۆدەنگی دروستده‌كه‌ن.

دۆبرێ دوو چەشن لە موقەدەس – پیرۆزیی لێکجیادەکاتەوە: یەکەمیان موقەدەسی سیستەمە (وەک ئەوەی لە پرسە و تەعزێ نیشتیمانیەکاندا دەیبینین)،  دووەمیشیان موقەدەسی یەکێتی هەستوسۆزە (کە پرسەکەی سارتەر زۆر بە باشی گوزارشتی لێکرد).

ئێمە بە ویستی خۆمان و لەسەر بنەمای پیرۆزییەک، گروپێک دروستدەکەین، بۆ ئەو پیرۆزییەش چەندین نمایش، کەژاوە، ڕێپێوان و ئاهەنگی یادکەرەوە ڕێکدەخەین. واتە چەشنێک ڕێزلێنانی نهێنی کە دەیکەینە یاسا، هەر لەبەرئەوەیشە کە ناتوانین بەبێ بانگهێشتنامە یا بێئەوەی داوەت بکرێین، بچینە ناو پەرستگایەکی ماسۆنیزمەوە. لەکاتێکدا سێکیولاریزەکردنی موقەدەس بەرەو پارادۆکسمان دەبات: گەر هاتوو بەراوردێک بکەین لە نێوان دوو چەشن کۆمەڵە خەڵکدا: لە نێوان جەماوەرێکی پابەند بە ئەتەکێتی یاساوە کە لە هۆڵێکی دادگادا دانیشتوون و نێوانی کۆمەڵێک گەشتیار کە بە شۆرتی كورتەوە سەردانی کەنیسەیەکی پیرۆز دەکەن، ئا لێرەدا دەبینین ئەوەی کە زیاتر موقەدەسە، ئەوەی کە پیرۆزتر ڕادەگیرێت و مرۆڤ پێوەی پابەندە موقەدەسە دونیاییەکەیە نەوەک موقەدەسە ئایینییەکە!

کە ئەم کتێبە (تافی لاویی موقەدەس) دەخوێنینەوە، به‌ ئاشكرا  تێبینی ئه‌وه‌ دەکەین كه‌ چۆن هاوەڵە دێرینەکەی گیڤارا بووە بە ڕکابەری مالرۆی خاوەن کتێبی (دەنگی بێدەنگی)، به‌چاوپۆشین له‌ گاڵتەوگەپه‌كه‌ی. ئایا دۆبرێ کەسانی وەک ژولیان گراک، کۆرتۆمالتیسی و ژۆن پیزیشی نەخستۆتە ناو لیستی ئەو ناوە مەزنانەی کە ته‌نها و ته‌نها تایبەتن بە گۆڕستانه‌ تایبه‌تیەکەی خۆی؟

دۆبرێ لهوسه‌ر چه‌پ و دووهه‌م كه‌س چی گیڤارا ...له‌كاتی سۆڕسی كوبادا
دۆبرێ له‌وسه‌ر چه‌پ و دووهه‌م كه‌س چی گیڤارا …له‌كاتی شۆڕشی كوبادا

لای دۆبرێ، مرۆڤ ((تەنها ئاژەڵێکی شیردەرە کە دەرک بە مەرگی خۆی دەکات))، هەر بۆیە دۆبرێ هەرگیز واز لەو خولیایەی ناو كه‌له‌سەری خۆی ناهێنێت کە دەیەوێت فەرەنسای پێ بگۆڕێت بۆ ((مۆزەخانەیەکی زەبەلا‌‌حی شتی کۆن و ئه‌نتیكه‌ و دێرین))، چەشنێک مۆزەخانەی ئەوتۆ کە لە ساڵی 1940 دا مارک بلوخیشی ڕاچڵه‌كاند.

……

دەقی دیالۆگەکە

ـ ئێوە نووسەر و فەیلەسوفن. پێم ناڵێن ئەم هەموو وێنەیە‌ لە کتێبەکەتاندا چی دەکات؟ چییە، هه‌ستده‌كه‌ن وشە دادتان نادات و به‌ته‌نها بەس نیه بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر موقه‌ده‌س‌؟

دۆبرێ: نەخێر، من ناچار بووم و بە پێویستم دەزانی ئەو وێنانە بۆ خوێنەر بگوێزمەوە، ئەمە جگە لەوەی دەمویست خۆم لە کڵيشەکان داببڕم. کاتێک ویستبێتمان قسە لەسەر موقەدەس بکەین، وەک دەرەنجامی جۆرێک لە تەمەڵیی فیکری، هەر بەوەوە وەستاوین کە لە ڕێی سیمبولە ئایینی و سۆفیگەریی و (بانسروشتیەکانەوە) تێیبگەین، واتە ویستوومانە موقەدەس لە هەر چەشنە زەخرەفەیەکی ناوپۆشییانە و نوشتەگەرا، پاکبکەینەوە.

بەوەی کە تیشک بخەمە سەر کۆشکەکانی دادپەروەری، گۆڕستانە گەورەکان، یاریگاکان، ئەم یان ئەو یاده‌پەیکەر (میمۆریاڵ)، مەبەستمە ئەو شتانە دیاربخەم کە پێمان باشە بیانشارینەوە، جا شاردنەوەکە بە باڵانماپێکردنیان بێت لە چوارچێوەی دۆخەکانی هۆشیاریدا یان بە گۆڕینیان بێت بۆ فۆلکلۆرێک کە سەر بە ڕابردووە.

موقەدەس ڕەهەندێکی ئاڵۆز و چەپێنراوە لە هەناوی مۆديرنەکەماندا. ئێمە زۆر نێگەتڤانە، تەنها لە کەنارەکاندا بەر موقەدەس دەکەوین: بەرکەوتنەکەیشمان تەنها و تەنها لەسەر بنەمای سنووربەزاندن و مافخواردن، جنیۆدان و ئابڕوچوونە. هەر بۆیە من پێشنیاری چەشنە بەدواداچوونێکی هاوچەرخانە بۆ ئەو شتانە دەکەم کە ڕۆژانەن. کتێبەکەم بانگهێشتێکە بۆ پەردەهەڵماڵین: موقەدەس لای من، بەرد و دەنگ، کەلەپور و پاشماوە و گۆرانیەکانیش دەگرێتەوە.

ـ بەڕای تۆ پاساو  و بیانووی ئەو شاردنەوەیە چیە؟

دۆبرێ: موقەدەس تا ڕادەیەک لە گەرمیپێوێک دەچێت لە قنگی کۆمەڵگەدا (داوای لێبوردن دەکەم بۆ بەکارهێنانی ئەم دەربڕینە )، ئێمەش ڕقمان لەوەیە تا و پلەی گەرمیەکەی بپێوین. ئێمە نامانەوێت بزانین ئەو جۆرە کرداری پێوانەکردنە چ هەستێکمان بۆ دەهێنێت، خۆمانی لێ لادەدەین. ئەمە جگە لەوەی کە بێزاریش دەبین بەو کارە، چونکە بۆ خۆی کایەیەکە پڕە لە ڕێکخستن و بەربەست. بۆ نمونە تۆ وەرە لەسەر ووردەکاریەکانی لاشەیەک و گۆڕێک کاربکە، دەبینیت ئەوانیش بۆ خۆیان بوون بە جێگەیەک بۆ بەرجەستەبوونی موقەدەس: دەمودەست یاسای تاوانکاری دەستوەردەداتە بابەتەکە. ئا بەو شێوەیە دەبینیت: چەندە ڕێگەمان پێدەدەن کە پارچە و ئۆرگانەکانی ئەو تەرمە بگوێزینەوە بۆ شوێنێکی تر، بەهەمان شێوەیەش ڕێگیری دەکەن، لەوەی کە بتوانین لەو پارچانە شتيک دروستبکەین. هەر کولتورێک چەندە هێڵە سوورەکانی خۆیشی بپارێزێت ـ بەبێئەوەی کە ئاشکرایشی بکات ـ ئەوا هێشتا ئه‌م قۆناغە هەر پێویستی بە تابوکردنی تابوەکانە. یەکەم تابوی ئێمە بریتیە لە چەمکی تابو خۆی.

ـ بەڵام لە هەموو حاڵەتەکاندا ئێوە هیچ شتێک ناشارنەوە. وا بۆ چەندین ساڵ دەچێت کە موقەدەس یەکێکە لەو بابەتانەی کە زۆر بایەخی پێدەدەن. ئایا خه‌م بۆ دیارنه‌مانی ده‌خۆن یان ده‌خوازن زیاتر ببێته‌ بابه‌تی قسه‌كردن، چونكه‌ پێتان وایه‌ موقه‌ده‌س بنچینه‌ی گروپه. به‌ڵام پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئایا هێشتا باشیه‌كانی داماڵینی سیفه‌تی موقه‌ده‌ستان بۆ دەرنەکەوتووە؟

دۆبرێ: بێگومان نه‌خێر. من هه‌ستناكه‌م له‌ جاران سێكیولارتر بم. به‌ڵام وه‌ك هاوڕایی و لاساییه‌ك بۆ بۆچوونه‌كه‌ی ڤالێری ده‌ڵێم دوو دراوی سه‌ره‌كی هه‌ن كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له ‌بوونی هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك بكه‌ن كه‌ ئه‌وانیش بریتین له‌ پیرۆزكراو و چه‌په‌ڵكراو! ئه‌گه‌ر هه‌موو شتێك مۆركی پیرۆزیی له‌خۆگرت ئه‌و كات ته‌واو ئیفلیج ده‌بین، به‌پێچه‌وانه‌یشه‌وه‌ گه‌ر هه‌موو شتێك چه‌په‌ڵكرا ئیدی له‌به‌ریه‌كهه‌ڵوه‌شان و چه‌شنێك له‌ به‌دئاكاری ده‌ژیین. كه‌واته‌ نهێنیه‌كه‌ له‌ ڕاگرتنی باڵانسی بڕ و ڕاده‌ی هه‌ردووكیاندایه‌‌ (واته‌ دۆس و بڕی هیچ كامیان زۆر و‌ كه‌م نه‌بێت). پێشتر كۆماریه‌كان ده‌یانزانی چۆن ئه‌م باڵانسه‌ ڕابگرن، لێ ئێستا سه‌ریان لێ تێكچووه‌ و بۆیان ناكرێت. هه‌ر گروپێك موقه‌ده‌سی تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌ هیچ خاڵێكی هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵیان كۆك نیین و ته‌با نایه‌ینه‌وه‌.

 – به‌ڵام گرفته‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌‌ موقه‌ده‌سی سێكیولار لاوازه‌ و له‌به‌رده‌م موقه‌ده‌سی ئاینیدا هیچ كێش و قورساییه‌كی نییه‌؟!

دۆبرێ:  له‌ هه‌موو جێگه‌یه‌كدا، دیارنه‌مانی یه‌كه‌میان ده‌بێته‌ مایه‌ی سه‌رئێشه‌ بۆ دووه‌میان. له‌ ڕووی كردارییه‌وه‌، ئه‌مێستا مه‌زارگه‌ و گۆڕی پیاوه‌ مه‌زنه‌كان هه‌مان كاریگه‌ری جارانی خۆیانیان نییه‌، له‌كاتێكدا مزگه‌وت و كه‌نیسه‌كان له‌ دۆخێكی زۆر باشدان. ته‌نانه‌ت تایفه‌كانیش بیریان له‌ فێڵ و نازی مێژوو كردۆته‌وه‌: ته‌ریب و شانبه‌شانی دوا ڕۆژه‌كانی سیستمه‌ ماركسی لینینیه‌كان، گوڕ وتینی موقه‌ده‌س زیاتر بووه‌. ماوه‌ی یه‌كه‌می سه‌فه‌ره‌كانم بۆ یه‌كێتی سۆڤێت تۆقیم، تۆقیم كه‌ گۆڕێكی گه‌وره‌ی لینین و ئیكۆنی چه‌ندین سه‌ركردایه‌تی باڵای پارتی كۆمۆنیزمم بینی. ئێوه‌ سه‌ردانی گۆڕه‌كه‌ی ماوتان كردووه‌؟ موقه‌ده‌س تا بینه‌قاقای ئه‌و كۆمه‌ڵگانه‌یش هاتووه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی بێباوەڕ و بێخودان.‌ ‌

گۆڕی ماو (ماو تسی تۆنگ) سەرۆکی ڕۆ‌‌حی چین
گۆڕی ماو (ماو تسی تۆنگ) سەرۆکی ڕۆ‌‌حی چین

ـ ڕه‌نگه‌ وا بێت، به‌ڵام له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا مۆركه‌ سێكیولاره‌كه‌ی موقه‌ده‌س كاڵبۆته‌وه‌. ئه‌مڕۆ كێ ده‌توانێت بڵێت من ئاماده‌م له‌ پێناوی نیشتماندا خۆم فیداكه‌م و بمرم. كێیه‌ ئه‌و سه‌رۆكه‌ی كه‌ ده‌توانێت ئه‌م جۆره‌ كه‌فوكوڵ و حه‌ماسه‌ته‌ بوروژێنێت؟ ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ كه‌ چاوێك به‌ كتێبه‌كه‌تدا بخشێنین و ئه‌م ڕسته‌یه‌ بخوێنینه‌وه‌: ((له‌ ماوه‌ی نیو سه‌ده‌دا گۆڕانكاریه‌كی گه‌وره‌ له‌ فه‌ره‌نسادا ڕوویدا: له‌ دیگۆله‌وه‌ گواستمانه‌وه‌ بۆ زه‌ینه‌دین زێدان)).

دۆبرێ: ڕاسته‌. موقه‌ده‌س شتێكی گۆڕاوه‌،‌ گه‌شه‌ده‌كات، سه‌رهه‌ڵده‌دات و به‌بێ وه‌ستان گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت. به‌دڵنیاییه‌وه‌ هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌كان سپه‌یس و بۆشاییه‌ پیرۆزه‌كانی خۆیان به‌رجه‌سته‌ ده‌كه‌ن، جا ئه‌و پیرۆزییه‌ كۆشكی ئیمپراتۆریه‌ت بێت له‌ ناوجه‌رگه‌ی په‌كینی پایته‌ختی چییندا، گۆڕی كه‌مال ئه‌تاتورك بێت له‌ ئه‌نقه‌ره‌ یا ئه‌و یاده‌په‌یكه‌ره‌ی بۆ قوربانیه‌كانی ١١ ی سێپته‌مبه‌ر دروستكراوه‌. ئه‌و ئه‌وروپایه‌ی كه‌ له‌ ئایدیای کرستیانیزم (مەسیحیەت) ڕزگاری بوو، وە بوو بە‌ كولتورێكی دنیایی، له‌سه‌ده‌ی بیسته‌مدا چه‌ندین چه‌كوشی پیرۆز و موقه‌ده‌سی به‌رهه‌مهێنا كه‌ ئایینه‌ دونیاییه‌كانی وه‌ك فاشیزم و كۆمۆنیزم به‌رجه‌سته‌یان كرد.

له‌ ئێستادا ئه‌و موقه‌ده‌سه‌ سۆسیۆسیاسیه‌ شوێنه‌كه‌ی خۆی بۆ ئه‌و ئایینانه‌ چۆڵده‌كات كه‌ خاوه‌ن سروشتێكی بەرلە-کرستیانیزمن، ئه‌و ئایینانه‌ی كه‌ سروشتیان كردۆته‌ بوونه‌وه‌رێكی زیندوو. ئه‌مه‌ كاریگه‌ریه‌كی زۆری له‌سه‌ر كه‌نیسه‌ی كاتۆلیكییش ده‌بێت، كه‌نیسه‌یه‌ك كه‌ به‌ناوی بوونی سیستمێكی سروشتی پیرۆز و باڵانماوه‌ نایه‌وێت دان به ته‌كنیكه‌ سروشتیه‌كان و ئامرازه‌كانی ڕێگیری له‌ مناڵبووندا، بنێت.

  • ئه‌ی بۆچی مه‌حاڵه‌ ئاماژە بە‌ بوونی موقه‌ده‌سێكی گه‌ردوونی بكه‌ین؟

دۆبرێ: هەوڵدەدەم لەڕێی هێنانەوەی نمونەی (مانگی سوور) ەوە، وەڵامتبدەمەوە. دامەزرێنەری ئەو ڕێکخراوە (هێنری دونانت) دەیویست بە چاوپۆشین لە فرەباوەڕی و بوونی هۆکارەکانی پشتی ناڵە و ئازارەکان، ئەو نیشانەیە هێمایەک بێت بۆ پیرۆزیی ناڵە و ئازاری مرۆیی بەچەشنێکی ئەوتۆ کە لە هەموو شوێنێک ڕێزی لێ بگیرێت. بەڵام کە (خاچی سوور) دادەمەزرێت، خاچێکی سوور لەناو پانتاییەکی سپییدا، ڕاستەوخۆ خاچێکی ترمان بۆ بەرهەمدەهێنێت: دوای ئەوە موسوڵمانەکان دەبینیت (مانگی سوور) ی ئیسلامی دروستدەکەن، یەهودیەکانیش ڕێکخراوی (ئەستێرەی سووری داود) دادەمەزرێنن… بەکورتی، ئەو کایەیەیش (کایەی بەدەنگەوەچوونی ئازار) دەبێتە ڕووبەرێک بۆ پێکدادانی موقەدەسەکان. لێرەدا مانای وایە کە ڕەنگە پیرۆزکردنی سروشت بەهۆی خەم و خولیای ئیکۆلۆژییەوە باشترین شانسی بەخشینی خاڵێکی هاوبەش بێت بە هەموو میللەتانی سەر زەوی، مەبەستم لە موقەدەسی بەهارە (بەهاری موقەدەس) وەک وەرزێکی ئیدیۆلۆژیزەنەکراو، خۆی هەر لەم وێستگەیەیشدایە کە گەشتەکەی من تەواو دەبێت.

  • باشە، بێئەوەی پێتان ببڕم، دەتوانیت پێم بڵێیت: موقەدەس چییە؟

دۆبرێ: موقەدەس ئەوەیە کە پیرۆزکردن دەسەپێنێت و چەپەڵاندن یاساغ و تابوو دەکات. بە مانایەکی تر، بەخشین و زیادکردنی پیرۆزییە بۆ شتێک کە خۆی وەک خەسڵەت لەناو خۆیدا نیەتی و هەڵگری نییە. موقەدەس شتێک نیە ڕەها و لەدەرەوەی کات کە بەتەنها هەندێک نهێنی تایبەت بە خۆی هەبێت و هەڵگری بێت، بەڵکو لە بنەڕەتدا پێکەوەبەستەرێکی تایبەتە بە گروپێک و شتەکانیان، پەیوەستێکی نێوانگر و لکێنەری نێوان هەندێک ڕووبەر و کەسەکانە. موقەدەس وەک ئەو شتە پێشوەختانە وایە کە بۆ تێپەڕاندنێکی سەرپێییانەی مەرگ یا هەڵاتن لێی، پێویستمان پێیانە تا لە پێش خۆمان و دوای خۆیشمانەوە هەر هەبن. موقەدەس کۆمەکێکی سەرەکیە بۆ هێشتنەوەی پێکهاتەی گروپ و کۆمەڵگەکان لە فۆرمێکی یەکگرتوودا. موقەدەس قەدەرێکی دژە و بەربەستێکە لەبەردەم ڕێگاماندا، گەر دروستتر بدوێین، ئایرۆنیەکەی موقەدەس ئەوەیە کە قەدەرێکە و ناتوانین تێی بپەڕێنین.

  • بەڵام ئایا ئەو هەڵمەتەی خێرایەی ئێوەیش بۆ ڕاوەدوونان و بەدواداچوونی موقەدەس لە هەموو سوچ و پەنایەکدا، بۆ خۆی مەترسی ئەوە دروستناکات کە بچوکی بکاتەوە و لە چەند خاڵێکی بچوکدا قەتیسی بکات؟

ڕیژی دۆبرێ ؛ نوسه‌ر و شوۆڕشگێڕ
ڕیژی دۆبرێ ؛ نوسه‌ر و بیرمه‌ند

دۆبرێ: بەپێچەوانەوە، من ئاماژە بەهەندێک سەلمێنراوی جێگیری کرداریی دەدەم کە لە واقیعدا تاقیکراونەتەوە. ئێ چەمکی (پەیژەکانی پیرۆزیی) یش تەواو دەستکراوەی کردووین لەوەی کە ئەو ناکۆکیە ئەکادیمیەی نێوان پیرۆزکراو و چەپەڵکراو تێبپەڕێنین. گەر کەمێک وردببیتەوە دەبینیت کە چۆن هەموو ئەفسانە پیرۆزەکانی ئێمە (وەک گەرمیپێوێک) پلەی بەرز و نزمی تایبەت بە خۆیانیان هەیە، باشە. گەر تێبینی بکەیت، لە کاتی قەیران و جەنگەکاندا کێرڤی گەرمیپێوەکە دەفڕێت و بەرز دەبێتەوە: بۆ نمونە ڕووداوی فوکوشیما لە ژاپۆن، ئیمپراتۆری ناچارکرد بێتە سەر تیڤی. هەندێک موقەدەس هەن بەهێزن، هەندێک موقەدەسیش لەکاتی دڵنیایی و دڵدانەوەدا لاوازن، وەک ئەوەی کە لە کۆندا بۆ خواوەند و نیمچەخواوەند یان پاڵەوانەکانیش هەر وا بووە. کەواتە هەرگیز مەسەلەکە بەو شێوەیە نیە کە بڵێیت: یان هەموو شتێک یان هیچ شتێک.

  • بەڵام بەراستی بۆ من، موقەدەسی لاواز هەر زۆر لاواز دەردەکەوێت: ئایا ئەوە ئاسۆکانی لیبرالیزم نین کە چیمەنتۆی بناغەی کۆمەڵگەکانی ئێمەن؟

دۆبرێ: نا. ئەو موقەدەسەکان (پیرۆزکراوەکان) جیادەکاتەوە و لەناویان دەبات. با ئەو یاسایانە وەربگرین کە تایبەتن بە یادکردنەوە: با بە ئاشکرایش دانی پێدانەنین، تۆ لە یاسای جنێودان و سوککردن زیاتر، هیچی تریان تێدا دەبینیت؟ ئەمسەر بۆ ئەو سەری جیهان بگرە، دەبینیت ململانێکانی نێوان موقەدەسەکان یان پیرۆزکراوەکان دووئەوەندە بوون و تا دێت زیاتر هەڵدەکشێن، وەک چۆن خودی پارچەپارچەبوونە تایفیەکانیش هێندەی تر، بوونەتە مایەی زیادبوونیان. لە ئیسرائیل، یەهودیە ئەرتۆدۆکسە توندڕۆکان بەناوی موقەدەسە ئایینیەکەی خۆیانەوە، پاش خۆنیشاندانیان لە پۆشاکێکی ڕەنگاوڕەنگی جلی خەودا بە ئەستێرەی زەردەوە، حورمەتی پیرۆزی ئیسرائیلیان شکاند کە سیمبولەکەی بریتیە لە (سوتگەکانی هۆلۆکۆست). لەناو تورکیادا جۆرێک لە خۆکەڕکردن دەبینین لە نێوان دوو موقەدەسدا: موقەدەسێک کە تایبەتە بە نیشتمان و دەوڵەت و ئەتاتورک بەرجەستەی دەکات، هەروەها موقەدەسێکی تری ئیسلامیی عوسمانی. دەتوانین بێکۆتا لیستی ململانێکانی موقەدەس درێژبکەینەوە.

  • گەر بەم قسەیەی تۆ بێت، کەواتە (بەگشتی) هەر کەسە و خاوەنی  پیرۆزکراوی تایبەت بەخۆیەتی. گەر وا بێت، ئایا ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت کە موقەدەس پتر کار لەسەر پەرتپەرتکردن دەکات نەوەک یەکخستن، بەتایبەتی لە فەرەنسا؟

دۆبرێ: بەڵێ، ڕێک وایە. بەڵام ئەوەیش ڕاستە کە ئەگەر جیابوونەوە و پەرتپەرت بوون نەبێت، هەرگیز ناتوانین یەک بین. بۆ ماوەیەکی زۆر لەناو خۆیدا، فەرەنسا ململانێیەکی توندی لەسەر موقەدەس تێدابوو، لە لایەکەوە کەنیسە و دڵدارانی مەسیح، لە لایەکەی تریشەوە هەوادارانی میراتی ڕۆشنگەری و پاشماوەکانی ئیمیل زۆلا تا دەگات بە گۆڕستانی ناودارەکان. بەدڵنیاییەوە مەسەلەی (دریفوس) خاڵێکی وەرچەرخانی لەناکاوە لە مێژووی فەرەنسادا، بەڵام جەنگی 1914 زۆر زیاتر کاری کرد بۆ چارەسەرکردن و گونجاندنی ئەو دوو میراتە پێکەوە، بە چەشنێک کە هاوکات موقەدەسێکی کاتۆلیکی-بێباوەڕانە لەنێوان فێرکار و خوێندنگەدا، لە جۆلانێکردندا بوو، هەموو ئەوانەیش لەبەر ڕۆشنایی خۆشەویستی نیشتماندا کە سەرباز قوربانی بۆ داوە.

لە ئێستادا هەموو ئەم مەسەلانە لە ئارادان. بەڵام ئەو شتەی کە پێی دەوترێ خاڵی پێکەوەبەستەر و هاوبەشی نیشتمانی، بەرەو نەمان دەچێت. کەواتە گرنگترین و سەرەکیترین ئەرکی سیاسی لە ئێستادا کە دۆخێکی ناکاو  و بەپەلەیە بریتیە لە دانان و کردنەوەی زیاد لە جەمسەرێک بۆ پیرۆزی کە لە چوارچێوەی یەکێتیەکی فیدرالدا هەمووان لە خۆبگرێت، بەو مانایەی کە هەر یەک لە خودی خۆیدا لەوی تر جیاوازە. کەواتە تا ئەم چرکەساتەیش سیاسەت کارکردنێکی جیدییانەیە لەسەر ئەو گرفتە.

ئەو پرسیارەی ئاراستەی ئەو کەسانە دەکرێت کە خۆیان بۆ سەرۆکایەتی هەڵبژاردووە ئەمەیە: بۆچی ئێوە ئامادەن قوربانی بە ژیانی خۆتان بدەن؟ خولیاتان چیە؟ گومانی تیا نیە کە کایە تایبەتمەندە جۆراوجۆرەکانی پەیوەندیگرتن لە ئەوروپادا جۆرێک لە وەڵام بە هەریەک لەوانە دەداتەوە و چەشنێک لە زەمینەی هاوبەش دروستدەکات، بەڵام لەو نێوانەدا، ئێمە زۆر خێرا دەتوانین، ئەوەی کە ساختەیە جیایبکەینەوە لەوەی کە ڕاستەقینەیە.

  • سەرنجتان لەسەر ئەو کەسە ناودارانە چیە وەک ئەوەی کە لە کتێبەکەتاندا هاتووە؟ بۆ نمونە لە ناویاندا کۆرتۆمالتیز، سیمۆن سینیۆری، ئۆرسن وێلز، گیڤارا، کاسترۆ دەبینین؟

دۆبرێ: من زۆر بە ڕوونی کتێبەکەم (وەک کۆشکێکی خنجیلانەی گەرموگوڕ) دابەشکردووە بۆ دوانزە وێنە. لەو دوانزە پۆرتریت-کەسە بە تەنها جۆن پیز و فیدل کاسترۆ ماون (بێگومان چەند رۆژی ڕابردوو کاسترۆیش ماڵئاوایی لە ژیان کرد، و.ک). ئامانجی من ڕووتکردنەوەی کەسیان نەبووە لە خودی خۆیان، بەڵکو تەنها خواستم ئەوە بووە کە هانیان بدەم هەریەک لەوانە مۆزەخانە تایبەتە پاک و پوختەکەی خۆی دروستبکات. ئایا بەڕای تۆ بە بێ دایک و باوک و مناڵەکان، کێ دەتوانێت ڕووەو سەرچاوە و تیشکۆ ئاڕاستەت بکات؟ ئەوە مەشقێکە کە هەروا بەخۆڕایی نیە، جۆرێک لە مەشق کە گەر لەسەر نیشتمانەکان پراکسیسمان کرد ئەوسا هەنگاوی گەورەمان ناوە بۆ رەواندنەوەی تەمومژ و تێگەیشتنی هاوبەش لەیەکتری. موقەدەسی ئەڵمانی جیایە لە موقەدەسی فەرەنسی یا ئیتاڵی. من نازانم لیژنەی یەکێتی ئەوروپا چاوەڕێی چی دەکەن، چاوەڕێن لە یەکە بە یەکەی ئەندامەکانیان بپرسن کە داخۆ چ شتێک بە لایانەوە پیرۆزە؟! من دەمەوێت بڵێم: ئایا موقەدەس شتێک نیە شایستە بەدانوستان لەسەر کردن؟ هەستدەکەم هەوڵەکەیان زۆر کاڵ وکرچ و ساویلکانەیە، بەڵام هیچ شتێکی مەزنیش بەبێ ساویلکەیی دروست نابێت.

  • هەستدەکەم سۆز و نۆستالژیتان بۆ سەردەمی ئایدیا مەزنەکان هەیە. بەڵام بیرتان چۆتەوە کە ئەو ئایدیا مەزنانە ملیۆنەها مرۆڤیان کوشت و سوتاند.

دۆبرێ: بەداخەوە، بەڵام هەر وایە، موقەدەس (پیرۆزکراو) بە بەدبەختکردنی تاکەکەسەکان و لەسەر گیانی ئەوان، شادی بۆ گروپەکان دەهێنێت. مەسەلەکە خۆی ئەوەیە کە تاکەکەسەکانیش پێویستیان بەچوارچێوەیەکی کۆمەڵایەتی هەیە، دەبێت ئێمەیش هەرچیمان کردووە بیکەین تا خۆمان لە دەرەنجامە خراپەکان بە دوور بگرین، چونکە گەر کۆماریەکان بەردەوام بن لەوەی بەربەست بخەنە بەردەم پرنسیپە هاوبەشەکانمان، ئەوا چاوەڕێی خراپتر بکە.

تەواو

سەرچاوە: http://hekmah.org/10195-2/

لەبنەڕەتدا دەقی ئەم دیالۆگە لە ژمارە ٢٠٥٢ ی ساڵی ٢٠١٢ ی گۆڤاری لوبواندا بڵاوکراوەتەوە، من وەک ژێدەر لە ماڵپەڕی (حکمة) وەرمگرتووە کە لە وەرگێڕانی (سعید بوخلیط) ە.

مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە! ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.
لەجیاتی  چەمکی (مقدس )  کولتور مەگەزین  (پیرۆزکراو)  مان لەجیاتی داناوە. مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!