خۆكوشتن لەسەر باڵی فلامینگۆ

Loading

گوێزانێك وا لە سەرمدا.. هەر ڕاچڵەكێم، شوێنێكی خۆم بڕیووە. ئەم گوێزانە خۆم دروستم كردووە.. شەوێك نەنوستوویت ‌و بەیانی لە مێشكتدا هەڵتۆقیبێت. نـــا (29) ساڵی ڕەبەقە من خەریكی دروستكردنی ئەم نەشتەرەم؛ بیرم كردەوە هەندێك تەلی تێڕامانی زیادەڕەوم بپچڕێنم، ئیدی ئەم گوێزانەم لە مێشكی خۆمدا دروست كرد.

كەسێك بە قادرمەكاندا سەنگین سەنگین.. تەپ تەپ.. دێتە خوارێ‌ ‌و من هاوڕیتمی ئەو لە خوارەوە هێواش هێواش بۆ سەرەوە دەفڕم. دەزانم دێن قفڵەكەم دەكەنەوە، یان ڕاستتر قفڵم دەكەن، ئاخر من تا ئێستا دەست ‌و پێم نەبەسترابوو، تەنیا قفڵی ڕوو لە دیوار بووم. هەمیشە كە دێن، من خۆم بە دۆزینەوەی مانای ئەو میتافۆرەوە دەخڵافێنم، كە بەڕاست ئەوان لە هاتنیاندا دەمكەنەوە، یان قفڵم دەكەن؟!

فەرمانت پێ دەدەن ڕوویان تێ بكەیت، هەردوو دەستت پێكەوە جووت دەكەن ‌و تاڵێك نایلۆنی ڕەشی گرنج‌گرنجی تێهەڵدەكێشن ‌و بە ڕاكێشانێك، دەستت قفڵ دەبێت. وەلـێ‌ خەیاڵت ڕەحەت بكە، خۆت كراویتەتەوە. ئەم كەلەپچە ئەمریكییانە، لە كەلەپچە ئاسنەكان سووك ترن، بەڵام لەوانیش مەحكەم ‌و پێوەند ترن. بیرت دەكەوێتەوە مرۆڤ چەند لە ئامراز ‌و هۆكاری دەست بەسەرداگرتندا كارامە ‌و كەماڵە.. لە ناخی دڵەوە قەشمەریم بەزانست دێت.

دەستم مرەكەباوی دەبێت ‌و بیرم دەكەوێتەوە ئەم چیرۆكە هی نوسینەوە نییە، هەروەك چۆن بە جارێ‌ خوێندنەوە لێی تێ ناگەیت، بە دوو جاریش.. كە لەسێ‌ جار زیاتریش خوێندتەوە، ئیتر دەچیتە ناوی ‌و ناتوانیت بێیتە دەرەوە، ڕەنگە لە حاڵ ‌و ماڵت بكات، سەرقاڵت بكات بەخۆیەوە، ئیشەكەت لەدەست دەربهێنێت، سەرت لـێ‌ بشێوێنێت ‌و ژیانت تاڵ بكات. من پێشنیار دەكەم ئەگەر تا ئێرە هاتوویت، بووەستە ‌و مەیخوێنەرەوە.

ئەم چیرۆكە ژیانی تۆیە، ژیانی ڕاستەقینەی تۆ. ئەوانیش لەگەڵ نووسینەوەیدا نین، ئەوەتا پێتدەڵێن: “سەرت بكەرەوە بە كۆشی دایكتدا ‌و ئەو حیكایەتە سەجل مەكە، چما لە ڕووت هەڵدێت ئەو خوێنە ڕژاوانە بنووسیتەوە؟”. من سەرم دەدا بە دارودیواردا.. ئــا.. دەزانیت چۆن هاتمە ئێرە؟ لەسەر سیلەی كۆڵانە تەسكەكەوە دەستم گرت بە دیوارە بەردینەكانەوە ‌و خۆش خۆش هاتم، بۆ ناو ئەم چیرۆكە هاتم، من پێشتر هەڵاتبووم.

هێشتا لەلام ڕوون نییە، من چۆن ئەم ڕۆحە بەدەی ترم دۆزییەوە، نــا.. هەر گومانیشم هەیە بەڕاستی دۆزیبێتمەوە. هەندێك كەس لە واقیعدا ون دەبن، دەبێت لە خەیاڵدا بۆیان بگەڕێیت، كەچی من لە خەیاڵدا ونبووم ‌و وا لەسەر جادە سۆراخی خۆم دەكەم.. بۆنی ڕازییانە لە خەیاڵم دێت، هەر وا خەریكم لاژەلاژ ڕێ دەكەم، قاچە درێژەكانم لەگەڵم نایەن، ئەوە خۆمم بەزۆر بەشوێن خۆمدا كێشیان دەكەم.

هەموو جەریانەكە لەوێوە دەستی پێ كرد؛ كە تۆ وێنەیەكی فۆتۆگرافی ڕەش‌وسپیی نیوپۆسكارتی ئەوت؛ لە كۆنترین مقەبای ماڵەكەدا، لەو سەردابە شێدار ‌و تاریكەت دا، لەژێر شووشەی شكاو ‌و تاڵی لەحیم ‌و گڵۆپی سووتا ‌و ‌و نینۆکكەری كولدا، دیتەوە. تۆزی (29) ساڵی لەسەر خۆی هەڵگرتبوو. كە ئاوا لێت دەڕوانی، دەتوت لە ئەرشیفی كۆنە ڕەسمچییەكی ئەم شارەوە دەرتهێناوە. ئەو چاوە زەق ‌و لوتە درێژ ‌و سمێڵە پڕەی، چەند لە ئێستای من دەچێت. غەریب..! وای خۆمی پێش (29) ساڵ چەند لە ئێستام دەچم.

لە ترافیكێكدا هەر وا وڕ‌وگێژ لە خۆمەوە وەستاوم؛ گڵۆپ قرمزییە ‌و ترافیك شلۆغە، بۆ چركەیەك لە جامی پڕ شەپۆلی ئەمبوڵانسێكدا خۆم دەبینم، ژاكاو ‌و مەلول دەستم بۆ ڕا دەوەشێنێت.. فریا ناكەویت جوابی بدەیتەوە، گڵۆپ كەسك بووە.

ڕادەكەیت.. خاو دەبیتەوە.. بە هەڵوەرە دەڕۆم.. لەسەر شۆستەیەك دانیشتووم ‌و بیردەکەمەوە؛ بە ‌و چاڵاییەی ڕۆحمدا بە میسلی پاژنە هەڵكێشێك دەچم ‌و بە ‌و خیسییەی زارم، لە سانتییەكی پیس.. بەهای هیچم نییە، میزەڵانێكی بۆشم، نە لە زەوی ‌و نە لە ئاسمان، من لە فەزادا وەستاوم.

سەیرە! لە شارێكدا خۆكوشتن پێویستی بە بڕێك پارە ببێت، من سڵ لەخۆخنكاندن یان خۆهەڵواسین یان خۆكوشتن بە چەقۆ ‌و ئاگر ناكەمەوە؛ هەر لەبەرئەوە نا كە ترسنۆكم، یان ئەوانەم پێ‌ سونەتییە ‌و وەك كاراكتەری چیرۆكێكی نوێ‌، حەزدەكەم بە ڕێگایەكی تر خۆم لەناو ببەم.. نــا. بەڵكو حەزدەكەم ئەگەر ئەو ژیانەی دەمەوێت، ناتوانم هەڵی بژێرم، با لانیكەم وەك نووسەرەكەم، مەرگم بە دڵخوازی خۆم ببێت. من حەزم لە خۆكوشتن بە دەمانچەیە.. یەك زرمە ‌و تەواو.. نیوەشەوێكی هاوین، نە خوڕەی چەم بێ دەنگ بكات ‌و نە ڕیتمی دونیا بشێوێنێت.. زرمەیەك تەنیا وەنەوزی چەند مەلێكی لانەواز ‌و پەڕاگەندەی سەر درەختێكی كالیپتۆس بپچڕێنێت، كە خوداش نازانێت كێ‌ ڕوواندوویەتی… ئەوەتا گوێم لە شەقەشەقی باڵیانە هەڵدەفڕن. تۆ گوێت لێ نییە..؟ سەیرە..!

بۆ گەیشتن بەو خەونەم، من ناتوانم دەمانچەیەك بكڕم، دەمانچەیەك كە لە لاجانگی ڕاستمەوە سەرم هەڵبگرێت ‌و (25) سانتیمەتر ئێسقانی كەللەسەرم هەڵبتەكێنێت. من دەمرم، بەڵام دەزانم هیچ شتێك ناوەستێت، خۆم نەبم، كەواتە بوونی من هیچ نەبووە، ئەمە داخم دەداتـێ‌.

هەنگاوەكانم زۆر گەورەن، دەبێت پەلە نەكەم.. هێندە گەورە، خەریكم هەڵدەتڵیشێم. ئەم قاچە شل‌‌وشەوێرانەت دەرەقەت نایەن، ئەگینا لەوە زیاتر فڕێیان دەدەیت.. ئەمە ئەو هەنگاوانە نین كە من لە زەینمدا دەیاننێم.

نایەن.. بەدوامدا نایەن.. دەبێت تیماریان بكەم، ئەم برینانە لە ناوەوە خواردوویانم، پێویستیان بە ساڕێژە. تۆ بڕۆ، من ئێستا نایەم.. خۆم ناهێڵم بمرم؛ خۆ هیچم پێنەكرێت، دەتوانم كەمێك چاودێریی خۆم بكەم.. وەك ئەوەی لە ئاو نزیك نەبمەوە، ساڵێك لەبەر چرا دانیشم ‌و فیوزێك چاك نەكەم، یا خۆم نەهاوێمە بەر ماشێنە شێتەكانی ئەم شارە.. نــا، من پیادەگەڕێكم وێڵ، بەیانی تا ئێوارێ بەم جادانەوەم، هەر سواری ماشێن نابم.. نـــا بەو شێوەیەش مرۆڤ بێ دەسەڵات نییە؛ بونیام هیچی پێ نەكرێت، دەتوانێت كەمێك مردنی خۆی ماتڵ بكات.

تۆ دەبێت مۆڵەت لە مردن درێژ بكەیتەوە تا ئەم قاچانەت چاك دەبنەوە، هەرچییەكت كردووە، بگەرە دەرەوە.. ئەم قاچانەی تۆ لەلای سستەری ڕووخۆش ‌و دكتۆری بەویقار نەبێت، نەشتەركاری ناكرێت.. بۆ چاكبوونەوەیان من كاتێكم پێویستە؛ ئاخر لەم مەملەكەتەدا، قاچ لە هەموو شتێك پێویست ترە. بۆ ڕۆیشتن نــا، بۆ هەڵاتن لێی. كەچی من ئەو قاچانەم بۆ هەڵاتن ناوێت! نــا.. ڕێك ‌و ڕاست دەمەوێت بە خۆمەوە بن، بەم جەستە شێواو ‌و كۆتەرەئاسایەوەم.. ئاهــ.. ئەگەر بتزانیبا چەندم ئیش بەو قاچانەمە.. ئاهـ..!

ماوەیەكە ئەمبوڵانس زۆر دەبینم، جاران وا نەبوو، یان هی ئەوەیە من چاو لەسەرشت زۆر ورد دەكەمەوە، یان بە جادەدا زۆر دەڕۆم، یان نــا.. هەر بەڕاست من لە شارێكدا دەژیم، ماشێنی تێد نییە، ئەمبوڵانس نەبێت.. دەڵێیت خەڵكی ئەم شارە یەكپارچە بیمارن.. ئەمبوڵانسێك بەلاتدا فرتە دەكات، بڕوانە بزانە خودا ڕێگەی دانەناوە، بن دەستی من نەبێت. باوەڕ ناكەیت كەس هێندەی تۆ ئەمبوڵانس بەلایدا تێپەڕیبێت.. جارێكیان كەژاوەیەك ئەمبوڵانس لە بەردەممەوە ڕێیان بەستبوو، ئەوەی پێشەوەیان تەرمی گۆرانییەكی تاقانەی تیابوو، فیشەكێكیان نابوو بەسەریەوە، فەقیرە دایكی بۆی دەگریا، كارێكی بۆ دەكرد، هەر مەپرسە.. ڕۆژێك دانەیەكی دی بەلامدا ڕۆیشت، ئاسكێكی كوژراوی تێدا بوو.. شەبەقییەكیان ئەمبوڵانسێك بەلاتدا لوراندی، بزنەكێوییەكی تێدا بوو، پاوانە لە قاچیدا بوو..! من سوتفەی ئەو ئاژەڵە بیمارانە زۆر دەكەم؛ چۆلەكەیەكت لەسەر دەستەبەرەیەكی سپی بینی، سەریان پێچا بوو، گوایە منداڵێكی چەتوون سەری شكاندووە.. تەریق دەبوومەوە، ئەم شارە چەند حورمەتی فڕندە ‌و ئاژەڵ دەگرێت.

بروسكەیەك لەپشتتەوە دێت، چاوت ڕێشكە ‌و پێشكە دەكات، خەریكە هەناسەت بووەستێ ‌و دڵت لەسەرخۆ چووە.. هێور هێور گوێت لێیە، دەڵێیت لە زەمەنێكی ترەوە كەسێك جوێن بە تۆ دەدا.. هەر تاوێكە ‌و چوویتەوە ناو خۆت.. بیر لە شتی شێتانە دەكەیتەوە، شتی سەیر سەیر؛ بیر دەكەیتەوە ئیشی مرۆڤ ئەوە نییە دەستكاریی شتەكان نەكات.. نـــا.. ئەوە کاری مردووەكانە.. مرۆڤ دەبێت دەست بدات لە هەموو شتەكانەوە، شوێنگۆڕكێیان پێ بكات.. من ئێستا كە لەسەر ئەم كۆمپیوتەرە دانیشتووم ‌و ئەم چیرۆكە دەنووسم؛ دەڵێیت هێزێك دەستم دەجووڵێنێت، من ئەم پیتانە نانووسم، هەستێك لەسەر كیبۆردەكە پەنجەكانم دەجووڵێنێت، هەر لە خۆوە دەڵێیت ئەم نووسینە لە ئەسڵدا هەیە ‌و من ئێستا وا لەنێوان دوگمەكانی ئەم كیبۆردەدا وردە وردە دەیدۆزمەوە.. ئاخر وەك یارییەكی منداڵانە، كە ئێستا ناوەكەیم بیرچووەتەوە، ئەم شتانە لە شوێنی خۆیاندا نین، دەبێت دەستكارییان بكەیت.. بیانخەیتەوە شوێنی خۆیان.. نــا.. شوێنیان بۆ پەیدا بكەیت. من دەبێت دەست لە هەموو شتێك بدەم.. قورسەكان بجووڵێنە ‌و بچووكەكان بەشەق فڕێ بدە، تا لە جێگەكەیاندا ئەو كەنزە شاراوەیە بدۆزیتەوە.. ئەسڵی یارییەكەش كەنزەكە نییە، جووڵاندنەكەیە، بیرت نەچێت.

من هەر وام بیردەكردەوە، بۆیە دەستم بۆ كوشتنیش برد.. هەرچەند لە جاران غەمگین تری كردووم، بەڵام لێی پەشیمان نیم.. لێمگەڕێن دەست بۆ هەموو شتێك دەبەم؛ دەبێت شوێنی شتەكان بدۆزینەوە، ئەم ژیانە لە یاریی جوڵاندن ‌و دۆزینەوە بەولاوە، شتێكی تر نییە.

من پێویستم بە كەسێكە توند ڕامبتەكێنێت ‌و بمداتەوە دەست خۆم، من لە خۆم ونبووم.. تۆ كە شتێكت لـێ‌ ون دەبێت، دوای قەیرێ‌ سەرا ‌و بن كردن، لە شوێنێك دەیبینییەوە.. زۆر جاران ئەو شتانەی لێت ون دەبن، لەو شوێنانەدان كە هەر عەقڵت بۆیان ناچێت، دەڵێیت پەیوەندییەكی نهێنی لەنێوان شوێن ‌و ونبووندا هەیە، كەچی من ئێستا كە ونم، زەب ‌و زیندووش خۆم دەبینم، بەڵام بۆم نادۆزرێتەوە.

خەریكی بە شتی پڕ‌وپووچەوە خۆت مژۆڵ دەكەیت؛ كەم كەم تێدەگەم، مەرج نییە بینینەوە، دۆزینەوە بێت، كەچی ئەمە بۆ مەسەلەی كلیلەكە وا نەبوو.. ئــا.. ڕاست دەكەیت، ڕووخسەت بدە ئەوەیان بۆ بگێڕمەوە؛ من ژنێكم هەیە نیانتر لە سێبەری شۆڕەبیی سەر حەوز، كەچی لەگەڵ كلیلدا ناتوانێت بەو شێوەیەی خۆی بێت كە هەیە.. ئەویش وەك مێردەكەی، دەڵێیت دوو كەسە لەناو كەسێكدا، ڕەنگە سەبارەت بە كلیل، ئەو كەسەیان بێت كە كەمترین جار دەیبینم.. ئەویش خۆی نمایش ناكات، تۆ لە داوەكانی خۆتدا چاوت پێی دەكەوێت.

ئەو ژنەی من لە دونیادا هیچی لـێ‌ ون نابێت؛ بیری ناچێت ساڵی (1982) كرێچیی كێ‌ بووین.. لە پۆلی سێی سەرەتاییدا، پێڵاوی ژمارە چەندی دەكردە پێی.. ساڵی پار هۆدەی نوستنمان چەند تەبەق تەپەدۆر بووە.. وەستای بەلوعە چاككردنەكەی ساڵی دوای ڕاپەڕینەكە، سەعاتەكەی كۆیرتز بووە.. هەموو ئەو وەرەقەی كارەباییانەی لەدوای هاتنمان بۆ شار، بۆمان هاتبووە ‌و مانگی چەندمان بۆ هاتبووە، هەمووی لەبەربوو.. ڕۆژێك بۆ خۆشی پێتگوت: “مانگی یانزەی ساڵی (1992)، چەندمان بۆ هاتبووەوە؟” وتی: “مانگی یانزەی ساڵی (1992) وەرەقەی كارەبامان بۆ نەهاتەوە، بەڵام مانگی یانزەی ساڵی (1993) چوار دینار ‌و مانگی یانزەی ساڵی (1994) هەشت دینار ‌و مانگی یانزەی ساڵی (1995) هەژدە دینار ‌و سەد ‌و پەنجا فلس…”!

ئاوابوو.. نازانم بەو بیرتیژییەوە، چۆن چۆنی كلیلی ون دەكرد؟ وای لێهاتبوو تۆ بۆ دەرگای ژوورەكانی میوان ‌و نوستن ‌و ناندێن، یەكی دەستەیەك كلیلت دروست كرد بوو، دەستەیەك كە هەمیشە دواهەمین كلیلیان دەرگاکانی دەكردەوە. ئەوە هەورەبانەكە هیچ، لە ساڵی لافاوە زۆرەكەوە، كلیلەكەی ون بووە ‌و نەمان كردووەتەوە.. ئەو ژنەی تۆ لانیكەم هەفتەی دوو كلیل ون دەكات.. من بێ‌ چەند ‌وچوون بەشێكی مانگانەكەم لە دروستكردنەوەی كلیلدا تیادەچێت.

ئێستا ئیتر وەك ئاسنێكی بەر باران ژەنگ خواردوومی.. بە وێنەی مەسینەیەكی كۆن، بەڵغم كردووە.. ئەوەندەم توێخ لێ بووەتەوە، هــا ئێستا هـا تۆزێكی تر، ئەودیوم دەردەكەوێت.. بە هەموو تەمەنت هێندەی ئەم سێ‌ مانگەی دوایی، نەگۆڕاویت؛ گۆڕانێكی خێرا ‌و ناسروشتی.. خەریكە دەیكەیت بە خوو، لە کۆڕوکۆمەڵدا بەتەنیا ‌و لەگەڵ خۆم؛ ڕیپۆقی چاوی خومار ‌و چڵمی ئەو كونەلوتە درێژانە ‌و چڵكی گوێیە ڕەبەكانت دەخۆیت.. چێژ لە تامی تاڵ ‌و تفت ‌و سوێریان دەبینم.. بە پێچەوانەوە هێڵنج دەدەیت لە بەرامبەر خەڵكی تردا؛ قەشمەریت بە جوانی گوڵێك دێت.. من جاران وا نەبووم، نازانم بۆ چاوم بە كەس هەڵنایەت، بە منداڵە ساواكانیش، ئەوانەی كە هەموویان جوانن، ئاخر مرۆڤ لە ساوایەتیدا نەبێت، ئیتر بەدرێژایی تەمەنی جوان نییە.

ئێمە منداڵمان دەبێت ‌و من حەزم لێی نییە..

تۆ لە خۆتەوە بیر لە كوشتن ناكەیتەوە..!

من ئیتر خەڵكم خۆش ناوێت، تەنها وەك خۆت لە بیری ئەوەدایت ئەم ژیانە بۆ مرۆڤ شایان نییە.. هەر لەبەر ئەوەیە ڕقم لە هەر لە دایكبوونێكە.. ئەمڕۆ پەستیت لەوەی كە خۆت دەبینیت خەریكیت ئەم هیچ و پووچێتییە درێژ دەكەیتەوە ‌و منداڵێك بۆ ئەم دونیا بێ مانایە، زیاد دەكەیت.. نـــا.. وا مەزانن من ڕقم لەخەڵكە ‌و لەخۆڕا دەیانكوژم! من پیاوكوژێكی دڵڕەق نیم.. تۆ ئەگەر لەبەر خۆشەویستی نەبایە، منداڵەكەی خۆتت دەكوشت ‌و كۆتاییت بەم ماجەرایە دەهێنا.. تۆ ترسنۆك نیت.. بە حاكمەكەشم وا وت، بە دكتۆرەكانیش، وتم: “من ئەگەر ترسنۆك بوومایە، هەموو ئەوانەی ئێوە پێی دەڵێن تاوان، بەشەو دەمكردن”.. تۆ هاوڕێكانی خۆت بە ڕۆژی ڕووناك دەكوشت.. لە كازیوەدا.. لە چێشتەنگاودا.. لە قرچەقرچی گەرمای بەر كوكوختییەكانی هاویندا.. لەعەسرە فێنكەكان ‌و ڕۆژانی زەمهەریر ‌و شەختەدا.. لە باراندا.. بەشێكی زۆری كچەكانم لە باراندا كوشتووە.. دەزانیت لە باراندا، كوشتن تامێكی تری هەیە..؟!

تۆ چوار ساڵە هەموو شەوێك لەسەریەك خەو بە فڕینەوە دەبینیت؛ سەرەتا وەختە بوو شاگەشكە ببم، خۆمم دەبینی لە لالەزرێكی سەوزدا، لە دامێنی گردێكدا؛ سەر بەرەوخوار نەرمە ڕاكردنێك ڕامدەكرد، باڵەكانم دەكردەوە. دەمدان بە یەكدا.. خێرا خێرا ڕامدەوەشاندن.. گوێت لە شەقە شەقیانە..؟ ئەوەندەم دەزانی لە عەرد بڕاوم ‌و لە ئاسمانم.. قەیرێك دەڕۆیشتیت ‌و دواتر بە پێچێكی نیوكەوانەیی، ئاڕاستەكەتت پێچەوانە دەكردەوە.. ئێستا چونكە سەربەرەوژێر بوو، باڵەكانم بە كەماڵی ئارەزوو دەكردەوە ‌و ڕەها ڕەها خۆمم دەدایە دەست نەسیمێكی فێنك.. بــا یاریی پێ دەكردم، بەرزی دەكردمەوە.. دای دەگرتم.. جار جار بۆ ئەوەی هاوسەنگیت تێكنەچێت، شەپۆلێكت دەخستە باڵەكانتەوە.. تۆ مەستی هەوای خۆت بوویت، كە زرمەیەك گەرماییەكی خێرای دەخستە ژێر باڵم ‌و چەند گەزێك لە شوێنی خۆم بەرزی دەكردمەوە، دواتر خول خول، وەك پەڕۆیەكی تەڕ لە ئاسمانە دەكەوتیتە خوارێ‌، بۆچڕووكی خۆمم دەهاتە لوت، ئەوە دوا شتە كە هەموو شەوێك من لە خەوەكەمدا هەستی پێ بكەم.

نازانیت دوای ئەوە چی ڕوودەدات، بێ‌ ئەوەی خەوەكەت لـێ‌ بپەڕێت، وەك ئەوەی هیچ نەبووبێت، بەیانی بەخەبەر دێم.. ئەم خەوە بۆ شەوێك خۆشە، بەڵام وەختێك تۆ (1463) شەو لەسەر یەك هەمان خەو ببینیت، ئیتر ئەمە لە خەوەوە دەگۆڕێت بۆ مۆتەکە.. شەوانی سەرەتا بەلامەوە سەیربوو؛ هەموو شەوێك یەك خەو ببینم.! لە سەرێكیشەوە لە دڵەوە حەزم لێیبوو، خۆ ئەگەر كۆتاییەكەی لابەیت، ئەو خەوە خەوێكی ناخۆش نییە.. دواتر وردە وردە لەەڵی ڕاهاتی ، ئاسایی دەهاتە بەرچاوت، هەمان لالەزار، هەمان بەرەو ژوورەكە، هەمان فڕین، هەمان سەمای دەم با، هەمان زرمەی نادیار، هەمان كەوتنەخوارەوە بەسەردا ‌و دواجاریش هەمان بۆچڕووك.. من ئەوەندە ئەم خەوەم دیبوو، ئیتر وەك ئەكتەری شانۆییەكی بێ تام، كە دەزانێت دەبێ لەكوێدا دیالۆگی خۆی بڵێت، دەمزانی لە كوێدا دەبێت باڵ بكەمەوە ‌و لە كوێشدا بكەومە خوارێ‌.

تۆ لە خەوەكەتدا دەتزانی وات لێ دێت، كەچی هێشتا دەست بەرداری ئەو فڕینە نەدەبوویت. نەمدەكرد بچم بە لایەكی دیكەدا بفڕم، یان بفڕم ‌و خێرا بنیشێمەوە. یان ساتێك بەر لە تەقەكە، خۆت بخەیتە سەر لا.. یان هەر نەفڕم.. كەچی نازانم بۆ وام نەدەكرد!

ئێستا لەبەردەرگایەكی ئاسنی كەپس ڕایان گرتوویت، دەنگێكی بێزار ‌و قرغن، كە دیارە دوای شەوخەوێكی پچرپچڕ ‌و كابوساوی، لە خەویان كردووە ‌و ئەمە یەكەم پەیڤی ئەم ڕۆژە نوێیەتی؛ دەڵێت: “بیهێننە ژوورەوە..” گوێت لە جیڕەی وشكی دەرگاكەیە..؟ چاوت دادەخەیت، ناتەوێت ئەودیو ئەو دەرگایە ببینیت. شتێك لە تۆدا وەختە بۆ ئاسمان بفڕێت، سەرت بۆ ساپیتەی ژوورەکە بەرزدەكەیتەوە، هەر بە چاوی نوقاوەوە دەڵێیت لەگەڵ خوداتە؛ بە سرتەیەك لەبەر خۆتەوە دەڵێیت: “چەندت پێ خۆشە، ڕامكێشە.. ڕامكێشە با پچڕێم.. بە جەهەننەم..”!

ئێستا لەم ژووری تیشك ‌و سۆنارایە، لەژێر هەر تاڵێك ڕووناكیی ئەم ئامێرە کۆنەی ئەم فەرمانگە دێرینەی چاكسازی دەروونی دا؛ هەرچۆنێك وێنەی بگریت، بە ڕوونی دەیبینیت، گوێزانێك لەسەر لا، ئەو هەموو دەمارەی لە خۆیەوە ئاڵاندووە.. جارجار هەست دەكەم سەردەكات ‌و گورزەیەكیان دەبڕێت.. لـێ‌دەدەن لە چەقی كەللەمدا، هەست بە ترپەیان دەكەم.. هێواش هێواش سست دەبن.. دەمرن.. ئەوەتا شلەیەكی سوری تەڵخ، تەڵخێكی ڕەشبا ‌و دزەی كردووەتە نا ‌و ئەو زركە بۆشەی سەرت.. گەرم ‌و قەترە قەترە وا لە گوێمەوە خوێن دەدەڵێنێت.

2008


* فلامینگۆ: ئەم وشەیە نزیكییەكی زۆر هەیە لە وشەی (فلامینكۆ- Flamenco) كە هەردووكیان بیانین ‌و لە بنەڕەتدا یەكەمیان ئینگلیزی ‌و دووەمیان ئیسپانییە. فلامینكۆ ناوی جۆرە سەما ‌و دواتر جۆرە ئاوازێكی قەرەجانەی ئیسپانییە. بەڵام ئەم وشەیەی ئێمە بەكارمانهێناوە؛ (فلامینگۆ- Flamingo) مەلێكی سپی ‌و پەمەیی (قو)ئاسایە لە خێزانی قازوقوڵینگ، ملێكی درێژی جوان ‌و دوو بـاڵی گەورەی هەیە، هەر گەورەی باڵەکانی فڕینی لێ ئەستەم کردووە.