ڤان کوخ

باخ و باخەوانەكان…


Loading

 

 

– 1 –

تا بە دەم بەیانییەوە،
گوڵ لە خەو هەڵنەستا ـ
باخەوان دەرگای جێژاوانی نەكردەوە.
كە گوڵ دەمی كردەوە،
پشمی و مرد ـ
باخەوان پەڕەی گوڵ و فرمێسكی جـیا نەكردەوە.

– 2 –

ڤان کوخ
ڤان کوخ / ئیمپریشینزم

باخەوان هەموو دەمەو بەیانییەك ـ
تۆزی سەر پەڕەی گوڵەكانی هەڵدەوەراند.
كاتێك تۆزی پێوە نەدەما ـ
گوڵ ڕۆشن و ناسكتر جوانی خۆی دەنواند.
– 3 –

تا باخەوان چووە پای دارێك:
سەرخەوێكی شكاند ـ
گوڵ پیربوو،
باغ كفنی زەردی نواند.

 

 

 

 

– 4 –

كە باخەوان خەوی لێ دەكەوێ،
فریزوو بانگی شێتێك دەكا ـ
بە دزییەوە شمشاڵی بۆ بژەنێ‌.
كە باخەوان وە ئاگا دێتەوە،
عەجایبی دێ‌ ـ
گوڵ گورانی بۆ فریزوو دەڵێ.
– 5 –

تكایە
ئەی گوڵ، ئەی گیا، ئەی درەخت.
ـ گوێ بگرن ـ
باخەوان، گوتەیەكی “زەردەشت”
بە نێوی: گوتەی باش،
كرداری باش،
بیری باش،
بۆ باخ خوێندەوە.
تا بزانن ئێوەش كە مردن ـ
چۆن زیندوو دەبنەوە!.
– 6 –

پێدەچێ خودا ـ
تۆز و خۆڵی سەر پەڕەی گوڵەكانی،
جوان تەكاندبێ.
لەگەڵ دڵۆپێك ئاونگی خودی خۆیدا ـ
پارچە قوڕێكی دروست كردبێ و،
ڕۆحی وەبەر نابێ.
ـ هەر بۆیەشە مرۆیەكان ـ
بە ڕەچەڵەك دەچنەوە سەر تۆز و خۆڵی پەڕەی گوڵەكان!.

– 7 –

كە باخ گوێی لە مۆسیقا دەبێ ـ
گیا سەما دەكا و،
باخەوانیش گۆرانییان بۆ دەڵێ!.

– 8 –

باخ هەڵگری غەمێكی سەوزە ـ
لە دواجاردا ڕیشی زەرد دەبێ.
گوڵیش منداڵێكی باخە ـ
لە دواجاردا منداڵێكی بێ پەروەردە دەردەچێ.

 

 

تەمووزی 2007 / قەڵادزێ‌