تابلۆی ئیزۆبی چیرۆکنوس وەک کۆیلەیەکی قەمبوورێکی - شەش سەدە پێش لەدایکبوونی مەسیح

هیومانیزم، ماسکێک لەدڕندەییەوە بۆ ژێرزەمینەکانی کولتور


Loading

هیومانیزم، ماسکێک لەدڕندەییەوە بۆ ژێرزەمینەکانی کولتور

 بەشی  یەکەم

ئیسماعیل حەمەئەمین

 

هیومانیزم وەک چەمک و دنیابینی، خەمێکی گەورەی مرۆڤە لەگەڕانیدا بەدووی جەوهەری ئینسانی خۆیدا، گەڕانێکی ئۆدیسۆسیانەیە بەدووی سوبێکتدا، بەدووی خودی خۆی لەنێو دنیادا. هومانیزم بوونە لەنێو دنیایدا. هومانیزم هەمیشە لەژێر زەمینەکانی کولتووری کۆمەڵگەکاندا بەدووی خۆیدا دەگەڕێت و لەسەر بنەما کولتووریەکان خۆی فۆرم دەکاتەوە. هومانیزم ئەو دۆزە ئاڵۆزەیە کە بوونی(زاین/ sein) لەسەر وەستاوە، بوونی ئێمە وەک ئینسان لەنێو دنیایەکی دڵڕەقدا، بوونی ئێمە لەنێو باخچەی ئاژەڵانی مرۆڤدا، ئەو مرۆڤانەی لەوەحشەتگەراییەوە بەرەو باخچەکانی مرۆڤ ڕامکراون و ژیانیان لەنێو باخچەی ئاژەڵانی مرۆڤەکاندا بەپێی یاساکانی باخچەکەیە، بەجۆرێک کە دەوڵەت و دەزگاکانی تەندروستی و ژمێریاری و فەرمانبەرەکانی کۆنترۆڵکراو بەڕێوەی دەبەن. مرۆڤ ئەو بوونەوەرە نامۆیەیە بەردەوام بەدووی خودی ئینسانی خۆیدا دەگەڕێت، جۆرێک گەڕانە بەدووی (خودێکی پەرتبوودا) لەنێوان حەزکردنێک بەوەی بازاڕیانە و وەحشیگەرانە پەلاماری دنیا بدەین، بۆئەوەی لەڕیزی بەهێزو سەرکەتووەکانی ژیاندا بین، لەنێوان ئەوەی مرۆڤبوونی خۆمان بدۆزینەوە. لەنێوان تەماع و چڵێسیدا لەسەر لیستی ونکردنی بوونی مرۆییمان و بوونمان وەک مرۆڤدۆستێک هەمیشە لەکێشەداین. ئێمەی مرۆڤ هەمیشە بەدەست مرۆڤبوونمانەوە دەناڵێنین. مرۆڤبوون بەدیوویکی تردا ئەو باجە قورسەیە کە سوکرات جارێک گووتوویەتی (باشترە زوڵم بچێژی وەک لەوەی زوڵم لەخەڵک بکەیت)، لەسوکراتەوە کە لەسەر زاری پلاتۆنەوە گێڕاویەتەوە، فێردەبین، باشتر وایە ئەو خودە بین کە پابەندین بەهومانبوونی خۆمانەوە وەک لەوەی دوور لەهومانیبوونی خۆمان پڕ بکەین بەدنیادا. سوکرات نموونەی ئەو کەسەیە کە هومانی بوونی خۆی پێش هەموو شتێک خستبوو، لەبازاڕەکانی ئەسینادا دەسوڕایەوە و ئەرکی خۆی لەوەدا دەبینیەوە خەڵکی هۆشیار بکاتەوە، لێرەوە هۆشمەندی بەڕای من بەشێکی گەورەی هومانیبوونمانە. ئەو هوشیارییە لەڕۆمدا شێوازێکی تری وەرگرت کە دوایی دێنەوە سەری. ئیدی دۆزینەوەی (ڕۆحێکی باڵا) بەشێکی تری ئەو گەڕانەیە بەدووی مرۆڤدا. مرۆڤ لێرەو مرۆڤبوون لەشوێنێکی تر، مرۆڤ لەنێو جەنگەکاندا و مرۆڤبوون لەنێو ئاشتیدا، مرۆڤ لەتیژکردنەوەی ململانێکان و مرۆڤبوون لەنێو لێبوردەییدا، مرۆڤ لەنێو تەماع و مرۆڤبوون لەنێو زوهدیەتدا. مرۆڤ لەنێو خودی خۆیدا وەک ئاژەڵێکی ڕامنەکراو، مرۆڤبوونیش وەک ڕامکراوێکی هۆشمەند…بەمشێوەیە لەنێوان مرۆڤ و مرۆڤبوونماندا دنیایەک لەگرفت و ئاڵۆزی خۆی ڕادەکێشێت.

 

 

تابلۆی ئیزۆبی چیرۆکنوس وەک کۆیلەیەکی قەمبوور – شەش سەدە پێش لەدایکبوونی مەسیح

لەم پەرەگرافەی سەرەوە ئەوەندە لەهومانیزم تێدەگەین، کە گرفتێکی گەوەرە و ئیشکالیەتێکە تا لەناوچوونی جەستە و ژیانی ڕۆحیمان هەڵدەسوڕێنێت. لەوەش تێدەگەین مرۆڤبوون و هومانیزبوون وەک ئازادی وەهایە پڕ ئازار و کێشەیە. بەڵام پێش ئەوەی بچینە نێو گرفتەکانی هومانیزم باشتر وەهایە سەرەتایەک بۆ ئەم نووسینە دابنێین لەپێناسەکردنی چەمکی هومانیزمەوە دەستپێبکەین، کە وەک چەمکێکی ڕۆژئاوایی و لەئانتیکاوە (گریکی کۆن) ئاماژە بۆ بوونی مرۆڤ دەکات وەک بوونێک نەک تەنها بوونەوەرێک.وەک بوونێک و لێرەبوونێک (دازاین/Dasein) کە کردەی بوونی خۆی لەئینسانیبوونی خۆیدا دەدۆزێتەوە. گرنگترین توخمی هومانبوومان بەختەوەرییە، کە دەبێت مرۆڤەکان بەختەوەربن و بەختەوەری بۆ هەمووان بخوازین، کەرامەت پارێزراو و لوتبەرزی مرۆڤدۆستانەمان پەیوەندی ئێمە بێت بەدنیای دەرەوە. هومانیەت لەوشەی لاتینی (Human) بەمانای مرۆڤ دەگەیەنێت، هاتووە. هومانیزم ئامانجی دۆزینەوەی وجودی مرۆڤە لەمرۆڤبوونیدا، ئەم کردەیە پێی دەگوترێت (هومانیزم/هومانیتێت). ئەم ئەرکە چیرۆکی مرۆڤە لەهەموو پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ دنیای دەرەوەی خۆیدا، هومانیزم لەجەوهەردا گەڕانێکی وجودیانەیە بەدووی خودێکی مرۆڤدۆستانەدا، کە هەروا بەئاسانی مرۆڤەکان ناگەنە بەردەم سنوورەکانی، هومانیزم کولتوورێکی باڵای ڕۆحێکی ئینسانی گەورەیە، مرۆڤ لەنێوان وەحشیگەرایی و دەسەڵاتخوازی و تەماع و چڵێسیدا، لەنێوان ئاژەڵێکی وەحشی و مرۆبووندا بەدووی خودی خۆیدا دەگەڕێت، پرسیاری سەرەکی ئەبەدی هومانیزم ئەوەیە: مرۆڤ کێیە؟ مرۆڤبوون چییە و چۆن دەگەینە جەوهەری مرۆڤبوونمان؟ بەگەڕانەوە بۆ فەلسەفەی گریکی، فەیلەسوفێکی وەک (پڕۆتاگۆراس) ئەو فەیلەسوفەیە کە بڕوایەکی بەهێزی بەمرۆڤ هەبووە، مرۆڤی وەک پێوانەیەکی دنیا سەیرکردووە، بۆ ئەو وەک فەیلەسوفێکی یۆنانی پێش سوکرات، لەو بڕوایەدا بوو کە مرۆڤ پێوانەی دنیایە، ڕستە بەناوبانگەکەی کە بەهۆمۆ مەنسورا Homo- Mensuraناسراوە دەڵێت: مرۆڤ پێوانەی هەموو شتەکانە، ئەوانەی هەن وەک بوون و ئەوانەشی نین وەک بوون.

لێرەوە هیومانیزم لەپێش سوکراتەوە مرۆڤ دەکات بەپێوانەکاری دنیای دەرەوەی خۆی، پرۆتاگۆراس خودی مرۆڤ وەها دەبینێت کەدروستکردنی مەعریفە و زانینە، لەبەرئەوە دنیای دەرەوەی دەرەوە بەپێوانەی مرۆڤ پێوانە دەکات. ئەم ڕستە بەناوبانگەی ئیشکالیەتی شتەکان و دەرکەوتنیان، بەمانای شتەکان دەرکەوتنیان لەڕووی بینینی منەوە دیاریدەکرێت نەک وەک ئەوەی لەدەرەوەی خۆی هەیە. بەجۆرێکی تر ئەم ڕستەیە لێکبدەینەوە دەتوانین بڵێین (جیهانی ئێمە جیهانی پێوانەکاریەکانی مرۆڤە…پڕۆتاگۆراس لەوبڕوایەدایە کە دنیای دەرەوە پێوانەکاری مەعریفی و زانینی ئێمە نییە، بەڵکو ئێمە، بیروڕای ئێمەی مرۆڤ پێوانەیە)

 بڕوانە:

Ein Vortrag von Dr. Philip Florian Roth, Protagoras, Der Mensch alle Maß der Dinge، S5′

 لێرەوە (سوبێکت/ خود / سوژە) پێوانەی دنیایە، واتە لەپێش سوکراتەوە ڕستە بەناوبانگەکەی پرۆتاگۆراس بەردی بناغەی هومانیزم دادەنێت، بەوەی کە گەڕانەوە بۆ پێوانەکاری مرۆییانە، مانای ناسینی ڕاستەقینەیی دنیای دەرەوە دەگەیەنێت. بەشێوەیەکی تر ئەم ڕستەیەی پرۆتاگۆراس لێکبدەینەوە، لەوە تێدەگەین مرۆڤ لەچەقی دنیادا وەستاوە، خودی مرۆڤ لەنێو خودی خۆیدا و بۆ خۆی، دنیای دەرەوە تەفسیر دەکات. من هەمیشە گوتوومە؛ دنیا ئەوکاتە هەیە کە من بیری لێدەکەمەوە. کەواتە بوونی جیهان بەبوونی منەوە بەندە. پڕۆتاگۆراس ئەو ئیشکالیەتە هیومانیەی لەمێژووی فکری فەلسەفیدا وروژاند، بەجیاوازی ڕاڤەکردنی ئەم ڕستە بەناوبانگەی پڕۆتاگۆراس، ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە کە مرۆڤ وەک چەقی دنیا و شتەکان سەیربکەین. هومانیزم لەئانتیکاوە باس لەمرۆڤ دەکات وەک چەقی دنیا لەبەرامبەر خواوەندەکان و جیهان. لێرەوە مرۆڤ وەک سەرچاوەی زانین، مرۆڤ وەک چەقی دنیا، مرۆڤ وەک خودێکی سەربەست، نەک هەر لەنێو گوتارێکی فەلسەفیدا دەمێنێتەوە، بەڵکو پەیوەندی مرۆڤ بەدەسەڵات و دەسەڵاتخوازی و دەستبەسەراگرتن و دوژمنکاری لەچوارچێوەی هومانیزمیدا تاوتوێدەکرێت، ئەوەی هومان نەبێت، ئەوەی ئینسانی نەبێت پێوانەکاری ڕاستەقینەی خۆی لەدەستدەدات، ئەمەش یەکێکە لەدۆزەکانی قسەکردن لەدەسەڵات وەک فۆرمێکی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە مرۆییەکان.

لەم سەرەتایەوە نێزیکدەبینەوە لەکتێبەکەی فەیلەسوفی ئەڵمانی (پیتەر سلۆتەردایک) دەربارەی هومانیزم لەم کتێبەدا لەگەڵ هایدیگەردا گفتوگۆ دەکات. ئەم کتێبە یەکێکە لەنووسینە گرنگەکانی سلۆتەردایک، ئەم کتێبە لەبنەڕەتدا نووسینیک بووە کە لەشاری (بازل) سویسری لەلایەن سلۆتەردایک لە15.06.1997 خوێندراوەتەوە، کۆنگرەیەک بووە دەربارەی گرفت و فۆرمە(هەنووکەییەکانی هومانیزم) لەئێستادا. بەڵام ئەم نووسینە جارێکی تر لە ڕۆژنامەی زەمەن (Die Zeit)ی ئەڵمانی لە 23.09.2011 بڵاو دەبێتەوە، لەدوایدا لەبەر گرنگی بابەتەکە جارێکیتر لەفۆرمی کتێبێکدا بڵاودەبێتەوە. کتێبەکە لەژێر ناونیشانی گوتارەکەیە کە لەلایەن دەزگای بڵاوکردنەوەی سورکامپ بەناوی (ڕێسایەک بۆ باخچەی مرۆئاژەڵییەکان، وەڵامدانەوەی نامەیەکی هایدیگەر دەربارەی هومانیزم) لە 1999بڵاودەبێتەوە.

بڕوانە:

Peter Sloterdijk, Regeln für den Menschenpark: Ein Antwortschreiben zu Heideggers Brief über den Humanismus (edition suhrkamp)

لەم نووسینەدا هەوڵدەدەین خوێندنەوەیەک بۆ هومانیزم لەڕوانگەی خوێندنەوەی کتێبەکەی سڵوتەردایکەوە بکەین.

 

 

خوێنەری نادیار

(لەڕاستیدا دەبێت وەها لەجەوهەری هومانیزم تێبگەین، سێکتێکە، جڤاتێکە، یان یانەیەکی فانتازیایە، کۆمەڵێک خەوبینەرن، کەقەدەرێکی سۆلیداریتێی کۆیاندەکاتەوە. سۆڵیدارێتی ئەوانەیە کە نوخبەیەکن لەخوێنەران و ئەوانەن توانای خوێندەواریان هەیە..ه.س.پ. ل١٠) سلۆتەردایک لەو بڕوایەدایە کە خوێنەری نادیار ئەو بەشە گرنگەی گەمەی نووسینە کە هەمیشە تێکستەکان بۆ ئەوان ئاڕاستەکراوە، دەقەکان بۆ ئەو خوێنەرە نادیارەیە کە لەهەر شوێنێکی دنیادا بێت تێکست دەخوێنێتەوە و تەفسیری دەکات، خوێنەری نادیار بەم پێیە وەرگری ئەو نامە نێردراوەن، کە نووسەرەکانیان نازانن وەرگرەکەی کێیە. کولتوری ڕۆژئاوایی لەسەر ئەو دەقانە دامەزراوە کە فەیلەسوفە یۆناییەکان لەڕێگەی نامەبەر و کاتیبەکانەوە دەیاناردە رۆما، لەئیتاڵیا ئیمپراتۆریەتی ڕۆما وەرگری ئەو نامە نێردراوانە بوون کە لەفەیلەسوفە گریگەکانەوە دەنێردرا. ئەو تێکستە فەلسەفیانەی دەهاتن دنیایان تەفسیر دەکرد، بێگومان بۆ خوێنەرە نادیارەکان نێردرابوو، لێرەوە گەمەی ئەبەدی نێوان تێکست و خوێنەر، گەمەی نووسەرە لەگەڵ خوێنەرە نادیارەکانیدا. لەم سەرەتایەوە سلۆتەردایک لەو بڕوایەدایە پڕۆسەی خوێندنەوە، سەرەتای ئەو بڕوایە بوو، کە ئەلفاباتیزەی، یان بەمانایەکی تر خوێندەواریکردن، مانای هومانیزمی دەگەیەنێت، مادامەکی هومانیزم مانای هاوڕێیەتیە لەگەڵ وشە و تێکستەکان، (لەزەمەنی سیسرۆ Cicro  هومانیزم بەمانا فراون و دیاریکراوەکەیەوە پابەندە بەئەلفاوباکردن) ه.س.پ. ل٧

هیومانیست لەم ڕوانگەیەوە لەگریکەوە بۆ ڕۆم ئەو کەسانەن کە خوێندەوارن، ئەوانەن کە خوێنەری نادیاری تێکستە فه‌لسه‌فییه‌کانین، ئەوانەن دەتوانن دەقەکان بخوێننەوە. ئەم ڕایە تائێستا ڕوانینی گشتی بەشێکی زۆری کۆمەڵگەکانە، بەوەی ئەو کۆمەڵگەیانەی ئاستی خوێندەواریان تێدا نزمە، توندووتیژی دەرگاکانی خۆی لەسەر واڵاکردوون، ئەم تێزە هەمیشە لەوبڕوایەدا بووە کە ئەلفابکردنی کۆمەڵگەکان پابەندە بەهومانیزەکردنی کۆی کۆمەڵگە، کۆمەڵگە لەم تێزەدا پابەندە بە خوێندەواری وەک بەشێکی گرنگ لەدروستکردنی قەوارەیەکی هومانی، ژیاریەک لەڕوونمای خوێندەواریەوە، مرۆڤدۆستی تێدا لەئاستێکی باڵادایە. ئەم ڕوانینە کلاسیکیە قسە زۆر هەڵدەگرێت و یەکێکە لەو پارادۆکسانەی ناتوانێت بەئاسانی قەناعەتمان پێ بکات و لەدوایدا دێینەوە سەری.

خوێنەرە نادیارەکانی تێکستەکانی فەیلەسوفە یۆنانیەکانی وەک پلاتۆن و سوکرات و پرۆتاگۆراس و ئەرستۆ و ئەوانیتر، شانۆکانی هۆمێر و سۆفۆکلیس و چیرۆکی خواوەندەکان، تەواوی تێکستەکانی پلاتۆن لەمەڕ دەوڵەت و مرۆڤ و ئەخلاق و کارکردن لەلایەن خوێنەرە نادیارەکانی ڕۆماوە جێگەی گفتوگۆ و تەفسیرکردن بوون، لێرەوە خوێنەوارەکانی ڕۆما، ئەو نوخبەیەن توانای خوێندنەوەیان هەیە، وەک خوێنەری نادیار تەواوی شارستانیەتی ڕۆمانیان لەسەر ئەو بنەمایە داڕێژا، کە لەدواتردا فەلسەفەی یۆنانی لەلایەن خوێنەرە نادیارەکانی ڕۆماوە دەبێتە بنەمای ئەقڵی دەوڵەتی و فەلسەفەی گشتی هەموو ڕۆژئاوا. من پێموایە ئەو بیرۆکەیەی لەپشت ئەم تێزەی سلۆتەردایکەوەیە ئەوەیە، کە تێزی هیومانیزم و دامەزراندنی ژیاری ڕۆژئاوایی و پێکەوە گرێدراون، بەوەی تێکستی یۆنانیەکان و خواوەندەکانیان پێش مەسیحیەت و دوایش تێکستەکانی کتێبی پیرۆز ئەو تێکستانەن دەموچاوی دەسەڵاتی کولتووری ڕۆژئاواییان دیاریکردووە. لێرەوە قسەکردن لەسەر نوخبەیەکی خوێندەوار قسەیەکە لەسەر نوخبەیەکی دەسەڵاتخواز بەمانا فۆکۆییەکەی، سلۆتەردایک لەم تێزەدا بە فۆکۆ کاریگەرە بێئەوەی بە یەک وشە ئاماژەی پێبدات، یاخود لەوانەیە ئەم تێزە پشتە وێنەی تێزی هومانیزم بێت وەک نوخبەیەکی خوێنەوار کە بەردەوام لەژێر ماسکی هومانیزمیدا دەسەڵاتێکی کولتووری فراوندەکەن کەلەدواجاردا دەبێتە بەشێک لەدەسەڵاتێکی سیاسی و میلیتاریستی.

میلیتاریزم لەزەمەنی سیسرۆوە، لەزەمەنێکدا کاتێک ئیمپراتۆری ڕۆما دەیویست دیموکراسیەتی سینات لەناو بەرێت بەوەی لەشتادێۆنە(یاریگا) گەورەکاندا پاڵەوانەکان دژی یەکتر دەچوونە بازنەی کوشتنەوە، ئەوەی دەیباتەوە جارێکی تر دەکوژێتەوە و جەماوەری تەماشاکاریش چەپڵەیان بۆ لێدەدەن و چێژی لێدەبینین، بەمەش لەجیاتی خوێندنەوەی کتێبەکان، لەجیاتی دەسەڵاتی خوێندەوارەکانی نێو سینات (پەرلەمان) کە داوای پاراستنی ڕۆمایان دەکرد لەڕێگەی حوکمێکی دیموکراسی نوخبەوی، ئاوەها ئیمپراتۆر شێوازێکی تر لە کولتووری جەماوەری، کولتووری مێگەلی کۆمەڵایەتی دەخاتە گەڕ لەدژی خوێندەوارەکان، بەم شێوەیە کولتووری جەماوەری هەڕەمەکی، لەدژی خوێنەری کتێبەکان لەکارادا بوو، کتێب لەدژی چێژی کاڵ و کرچی بازاڕی جەماوەری، لەم ڕوانگەیەوە (ئەوەی خوێندەوارەکانی ڕۆما بەهومانیزم ناویان دەبرد، نەدەتوانرا مەزندە بکرێت، بەبێ زوهدیەت و سکهەڵگوشین نەبێت لەدژی کولتووری جەماوەری کە لەو نمایشە خوێناویانەدا خۆی بەرجەستەدەکرد..‌ه.د.پ. ل١٨).

هیومانیزم بەم مانا کلاسیکیەی، دوورکەوتنەوەیە لە کولتووری جەماوەری کە چێژ لەئاستێکی نزمدایە، ئەمڕۆش هەمان کێشە لەئارادایە بەوەی میدیای جەماوەری کە تەنها بەدووی مێگەلی کۆمەڵایەتیەوەیە، ڕۆژنامەکان تەنها هەواڵی حەیاچوونە سیاسی و ئەخلاقیەکان بڵاودەکەنەوە، هەواڵی ئەستێرەکان و کلیپە جەماوەرییەکان، مۆبایلە شیعر و شیعری کاڵ و کرچ و ڕۆژانەیی بێ بەهای ئەدەبی و زۆر گۆڤار و بڵاوکراوەی تر، ڕووی گشتی میدیای جەماوەرییە. تەلەڤیزۆنەکان لەهەموو دنیادا بەدووی ڕاکێشانی بینەری زۆرن، بەجۆرێک دەتوانین وەک ئەو ستادیۆنە سەیری بکەین کە گلادیاتۆرەکانی (پاڵەوانبازەکان)ڕۆما لەگەڵ پڵنگ و دڕندەکاندا دەکەوتنە زۆرانبازیەوە، دیمەنی خوێناوی و کوشتن و چێژبینین لەزەمەنی ڕۆماوە تائێستا بەردەوامە، بەڵام شێوازەکان و فۆرمەکانی گۆڕاوە، ئێستا هەمان فۆیریسم و تەماشاو چێژە کە لەسەر ڕووبەری مۆبایل و یۆتۆب و تەنانەت فەیسبووک کە دیمەنە ناشرین و سەرسوڕهێنەرەکان دەبینین. لەئێستادا ئەوە زۆرانبازی نێوان کتێب و کولتووری جەماوەرەی بەردەوامی هەیە، لەپشتیەوە کۆمپانیا و سیاسەت و حکومەتەکان وەستاون، ئەوانە ئەو ئیمپراتۆرە نوێیانەن لەپشت بازنەکانی چێژی گشتیەوە وەستاون، بێگومان لەدژی کتێب و نوخبەی خوێندەواری جیدی، لەدژی ئەوانەی نامەی حەکیمانە دەنێرن بۆ خوێنەرە نادیارەکانیان. لەزەمەنی ڕۆمادا کاتێک یەکێک لەخوێندەوارەکان تەماشای زۆرانبازی وەهای بکردایە، لەدوایدا هەستیدەکرد لەهومانیەتی خۆی دوور کەوتووەوە، هیومانیزم بەم پێیە؛ قوتارکردنی مرۆڤە لەبەڕبەڕیەت.. ل١٦.

هیومانیزم وەک خوێنەرێکی نادیاری تێکستە فه‌لسه‌فییه‌کان و وەک خوێندەواری ئەلف و باتیزەکردنی کۆمەڵگە لەدژی بەڕبەڕیەت، ئەو تێزە بوو کە لەسەدەی نۆزدەوە تاوەکو کۆتایی جەنگی جیهانی دووهەم بیروڕای باو بوو، بەوەی خوێندەوارەکان دەتوانن مرۆڤ لەبەڕبەڕیەت بپارێزن. مۆدێرنە لەترۆپکیدا لەسەدەی نۆزدەدا بڕوایەکی پتەوی هەبوو کە بەها ئەدەبییەکانی ڕۆمانتیک، خوێندەوارکردنی نەتەوەو پتەوکردنی پایەکانی هومانیزمە لەکۆمەڵگەدا، بەڵام زۆر نابات لەنێو ئەو نوخبە خوێندەوارەدا، کاتێک زانین و زانست پێدەگات، لەدوای ڕێنیسانس و پاشان ڕۆشنگەری و پاشان مۆدێرنە وەک بەختەوەریەکی گەورەی خوێندەوارەکان بەوەی ئەوان دنیایەکی بەختەوەر بینا دەکەن، (بەهەقەت وابوو لە١٨٧٩ تاوەکو ١٩٤٥ خوێنەرە بەختەوەرەکانی هومانیزمی نەتەوەیی لەترۆپکدا بوون..ل١٢)، ناسیۆنالیزم مۆدێلێکی هومانستی، وەک مۆدێلێکی ئەدەبی باڵا و چێژبینین لەتێکست و موزیک و بەهاکانی خوێندەوە، بەکورتی مۆدێلی خوێندەوارێک پێشکەش دەکات. بەڕای خۆی، دنیا لەبەڕبەڕیەت دەپارێزێت. بەڵام ئەوانەی داوای نەتەوەیەکی مرۆڤدۆستیان دەکرد لەڕێگەی خوێندەواریەوە، دوو جەنگی ترسناک بەرهەمدێنن، خوێندەوارەکان، ڕۆشنبیرە لوتبەرزەکان، بەمانایەکی تر هومانیستەکان، دوو جەنگی وەحشی بەرهەمدێنن. ئیدی خوێندەواری وەک مۆدێلی زانست و زانین و نوخبەی خوێندەوار، وەک دەسەڵاتێک گومانێکی گەورەی لێدەکرێت.. هومانیزم لەسەدەی نۆزدە و بیستدا لەڕێگەی دەوڵەتی نەتەوەییەوە، خۆی لەسەر مۆدێلێکی ئەدەبی خوێندەواری دامەزراندبوو، بەمانای نموزەجی هەڵمەتی خوێندەواری و ئەلفابتیزەکردنی نەتەوە بۆئەوەی لەژێر چەتری دەوڵەتی نەتەوەییدا خۆی ڕێکبخات یەکێک بوو لەئامانجە گەورەکانی هومانیزم. بەڵام هومانیەتی خوێندەوارەکان لەنێو سەنگەرە پڕ لاشەکانی هەردوو جەنگی جیهانیدا دەبێتە خەونێکی نەزۆک.. ئاوڕدانەوەیەکی کورت بۆ ئەدەبی کوردی لەسەدەی بیستدا، بەتایبەت شیعری کلاسیک و ڕۆمانسیەتی نەتەوەیی لەوەدا خۆی نمایشدەکرد کە ڕزگاری میللەتی کورد لەڕێگەی خوێندەواریەوەیە، بەجۆرێک کە جەهل و دواکەوتوویی و وەحشیەت هەمیشە پابەندبووە بەنەخوێندەواریەوە، ئەو وێنەیەی نەخوێندەوارەی کورد لەشیعردا دەیبینین، مرۆڤێکە پابەندە بەدواکەوتوویەوە. وێنەی جەهل و دواکەوتوویی وێنەی نەخوێندەوارە بەشێوەیەک لەشێوەکان. ئەم مرۆڤدۆستیە کوردییە کاڵوکرچە پابەندە بەدژایەتیکردنی وێنەی نەخوێندەوار لەکۆمەڵگەی کوردیدا، هیومانیزم لەشیعردا هەمیشە ڕزگاربوونی مرۆڤی کوردی لەخوێندەواریدا بینیوە. بەمەرجێک لەدوای کۆمەڵەی هیوا و دروستبوونی پارتی کوردی چاوەڕوانیەکان لەنوخبەی خوێنەوار لەو ئاستەدا نەبوو کە فەنتازیای شیعری نیگارکێشی کردبوو. نموونەیەکی تر لەساڵی ١٩٧٩ بوو، کاتێک حکومەتی ئێراقی و بەعس هەڵسا بەهەڵمەتی نەهێشتنی نەخوێندەواری، ئەو پڕۆگرامە پێنچ ساڵی خایاند و بەشێکی زۆری ئێراق بەکوردستانیشەوە بەر ئەو هەڵمەتە کەوتن. ئەو تێزەی بەعس دەیویست نیشانی دنیای بدات ئەوەبوو کەحکومەتێکی مرۆڤدۆستانەیە و دەیەوێت لەدژی وەحشەتگەری کۆمەڵگەی ئێراقی هەڵمەتێکی ژیاردۆستی و مرۆڤدۆستی دەستپێبکات، هەنگاوێک بوو بۆ ئەوەی مرۆڤی ئێراقی ببێت بەمرۆڤێکی ژیاری لەژێر سایەی زیاتر لەچەندەها دەزگای داپڵۆسێنەردا. بەمجۆرە دووفاقی ئەخلاقی بەعس لەم تێزەدا دەردەکەوێت، کە دەیویست ماسکێکی مرۆڤدۆستانە بەخۆی ببەخشێت، ماسکێک دەیویست دەموچاوی جەلادی خۆی پێ بشارێتەوە. بەڵام ئەوەی من دەمەوێت بیگەمێ ئەوەیە جۆرێک لەخوێندەواری لەم دەڤەرەدا پەیدابوو کە دەتوانم بە (خوێندەواری ماسکدار) ناوزەدی بکەم، جۆرێکە لەو مۆدێلەی کە بەعس خۆی لەپشتەوە دەشاردەوە، ئەویش ئەوەیە کە خوێندەوارەکان ڕوویەکی مرۆڤدۆستین.

دیارە لەنێو ئەقڵی کۆمەڵایەتی کوردیدا، کاتێک خوێندەوارێک هەڵەیەک دەکات، توڕە دەبێت، شەڕدەکات، ئەوا سەرزەنشت دەکرێت بەوەی ڕۆشنبیر نابێت کاری وابکات، لێرەوە وشەی ڕۆشنبیر بەمانا گشتیەکەی کە بەکاردەهێنرێت مەبەستی خوێندەوارەکانە کە لەهەر پلەیەکی خوێندەواریدابن. ئەو بیرۆکەی لەپشت ئەم دەستەواژەیەوە ئەوەیە، کە خوێندەوارەکان ئۆتۆماتیکی مرۆڤدۆستن. دیوی دووهەمی ئەم تێزە ئەوەیە کە خوێندەوارەکانیش ئەو وێنەیە دەبەخشن بەخۆیان، مادامەکی خوێندەوارین کەواتە مرۆڤدۆستین. دیارە لێرەدا جیاوازی دەکەین لەنێوان ئەو وێنە ڕاستەقینەیەی خوێندەوارەکان و وەزیفەی ڕۆشبیردا، ئەوەی ئەم مۆدێلەی بەرهەمهێنا ئەو وێنە شیعرییە بوو کە ئەدەبی کوردی تەقلیدی بەخشی بەخوێندەوار وەک مرۆڤدۆستێک و ڕزگارکەرێکی نەتەوە و کۆمەڵگە لەدواکەوتوویی و وەحشەتگەری. لێرەوە خۆنمایشکردنی خوێندەوار و ئەفەندییەکان دەبینین بەوەی خاوەنی ڕۆحێکی باڵای مرۆڤدۆستی و ژیارین لەدەڤەرەکەدا، نوخبەیەک لە سیاسی بەرهەمدێنێت ڕەوایەتی مرۆڤدۆستی و باڵایی ئینسانی بەخۆی دەبەخشێت، وێنەی ئەوەی ئەوان دەتوانن لەکۆمەڵگەدا پرسە چارەنووسازیەکان بەدەست بگرن.

 

ئەفەندییەکان( خوێندەوارەکان) پیرەمێرد، سەید حوسێن حوزنی موکریانی،مامۆستا گۆران و فایەق بێکەس لەچاپخانەی ژیان ساڵانی (1934-1938)

لەم گۆشەنیگایەوە مەلاکان هەستیان دەکرد کە ڕکابەری گەورەیان بۆ دروستبووە، ئەوان پێش ئەوەی وێنەی خوێندەوار، یان منەوەر، یان ئەفەندییە، پەیدان بن، هەبوون و دەبوایە بەرگری لەوێنەی خۆیان بکەن. ئەم فیگوری خوێندەوارە لەگەڵ دروستبوونی (کۆمەڵەی هیوا) دا توێژێک لەخاوەن بڕوانامە دەکاتە دەمڕاستی کۆمەڵگەیەک، کە نەخوێندەواری تێدا لەئاستێکی ترسناکدایە و لەم هاوکێشەیەدا لەنێوان خوێندەوار و نەخوێندەواردا، لەنێوان ئەوانەی ئەلفاباتیزەنین، مافی قسەکردنیان بەناوی کۆمەڵگەو جڤاتەوە لێ زەوتدەکرێت. ئەوە خوێندەوارە بەمەلاو منەوەرەکانەوە مافی قسەکردنیان هەیە، ئەوانەن لەجیاتی هەمووان قسەدەکەن، لەجیاتی من و تۆو ئەوانی دیکە قسەدەکەن. لەجیاتی ئەوانەی کە بارودۆخێکی ناهەموار ڕێگەی نەداون ئەلفاوبا بخوێنینەوە و بنووسن، لەجیاتی ئەوانیتر قسەدەکەن و نوێنەرایتی دەکەن، کە کۆدەکانی ئەلفاوبا دەکەنەوە و دەخوێننەوە. لێرەوە مافی ئەلفاباتیزەکردن، دەبێتە مافی مرۆڤدۆستەکانی لەجیاتی جاهیل و وەحشیەکان قسەدەکەن.

 

(خوێندەواری دەمامکدار) بەدەمامکی مرۆڤدۆستانە وەک فیگورێک هەموو هێڵەکان لەم دەڤەرەدا بەدەستەوە دەگرێت، هەموو شۆڕش و حکومەتەکان لەم دەڤەرە و تەنانەت لەبەشێکی زۆری جیهاندا مافی ئەلفابێتیزەکان بووە بەرامبەر ئەوانەی نەیانتوانیوە لەڕێگەی وشەی نووسراو تەعبیر لەخۆیان بکەن. لەم گۆشەنیگایەوە (خوێنەواری دەمامکداری هیومانی) لەنێو ئێمەدا تاوەکو ئەمڕۆ مافی سیاسەت و دەسەڵات و قسەکردنی بەخۆی داوە. لەشەڕی نێوان بارزانی و تاڵەبانیدا لەزەمەنی شەستەکاندا، زۆرانبازی نێوان دوو خوێنەوارە، یەکێکیان مەلایەکی ئاینییە لەخێزانێکەوە بەناوی موقەدەسی ئاینییەوە تاوەکو ئێستا حوکمدەکات، لەگەڵ خوێندەوارەکانی وەک ئیبراهیم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی و ئەوانیتردا دەکەوێتە زۆرانبازیەوە. لەگۆشەنیگای سلۆتەردایکەوە قسەبکەین هیومانیەت ڕزگارکردنی مرۆڤە لەبەڕبەڕیەت، بەمانای قوتارکردنی مرۆڤە بۆ ئەوەی نەبێت بەوەحشی ئەم پڕۆسەیەی ناوناوە لەوەحشیەتکردن(Entbestalisierung) بەمانای هیومانیزم ئەوەیە کە مرۆڤ نەبێت بەئاژەڵێکی دڕەندە، مادامەکی هیومانیزم قوتارکردنی مرۆڤە لەبەڕبەڕیەت، کەواتە لێرەوە ئەلفوباکردنی مرۆڤەکان دۆخێکە لەدۆخەکانی هیومانیزم. هیومانیزمی کوردی لەڕێگەی ماسکێکەوە خۆی نیشانداوە و خۆی نمایشکردووە، ماسکێک لەپشتیەوە ناشرینی و بەڕبەڕیەتی سیاسی خۆی شاردووەتەوە، ئەم خوێندەوارە دەمامکدارانە بەدەمامکی هیومانیزم بەشێک بوون، لە گەمەی سیاسەت لەژیانی کوردیدا، گەر بێگومان هەمووی نەبووبێتن. مۆدێلی بەعس لە هیومانیزم ئەوەیە، کە هەڵمەتی خوێندەواری پابەندکردبوو بەو ڕتوش و ماسکە هومانیەی کە خودی خۆی پێ نمایشدەکرد، میکانزمێکی بەرگری بوو بەزمانی شیکاری دەروونی قسەبکەین لەو بەڕبەڕیەتەی لەنێو هەناویدا مۆڵی خواردبوو، بەهەڵمەتی نەهێشتنی نەخوێندەواری نەک هەر کۆمەڵگەی ئێراقی و بەعس لەوەحشیەت ڕزرگاری نەبوو، بەڵکو دوو جەنگی گەورەی ماڵوێرانی بەسەر ناوچەکەدا هێنا کە دەمامکی هیومانیزمی دەوڵەتی کەخۆی لەبەخوێندەوارکردنی کۆمەڵگەی ئێراقیدا دەبینیەوە، پووچەڵکردەوە. لێرەوە مرۆڤ بەڕوانگەی هومانیزم (ئاژەڵێکە لەژێر کاریگەری) هومانیزم هەوڵدەدات ئەو دڕندەیە ڕامبکات.

 

ماویەتی … بۆ بەشی دووهەم 

هایدیگەر و زەمەنی ئاژەڵەمرۆییەکان

سەرچاوەی ئەم گوتارە؛ سلۆتەردایک لەنێزیکەوە – کتێبی یەکەم

سلۆته‌ردایك له‌نێزیكه‌وه‌ – ئیسماعیل حەمەئەمین – بەکر عەلی

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌