نووسه‌ر: داستان به‌رزان

ئەستێرەکان برینى مرۆڤن


Loading

باوکە چاوەکانت بکەرەوە
سەیربکە مرۆڤ چیکرد
چاوەکانت بکەرەوە
سەیربکە باوکە سەیر.
سەیری مرۆڤ.

مرۆڤ فیلەکانى ڕاونا
باڵندەکانى فێری کۆچ کرد
گیا و گەڵاکانى خوارد
کانیاوەکانى هەڵقوڕاند
قاز و کۆتر و ئاسکەکانى ڕاوکرد
شاخەکانى کرد بە هاوینە هەوار
دۆڵەکان بە دەریاچەى دەستکرد
ئەشکەوتەکان بە سۆپەرماکێت
داینەسۆرەکان بە یاریی منداڵان
پڵنگ و مەیمون و گورگەکان بە لێبوک
ماسیی و بۆق و کیسەڵەکان بە مەدالیا
هەر بۆ ئەوەى بژی
بژی مرۆڤ.

مرۆڤ، چاڵى بۆ مرۆڤ هەڵکەند
مێخى بە جەستەى مرۆڤدا داکوتى
سەری مرۆڤى بڕى
مرۆڤى ژەهرخواردکرد
مرۆڤى گوللەبارانکرد
دڵی مرۆڤى شکاند
پێستى مرۆڤى داماڵی
هەر بۆ ئەوەى بژی
بژی مرۆڤ.

مرۆڤ ناسروشتى عەشقی کرد
ناسروشتى سێکسی کرد
ناسروشتى دەستەکانى خوێناوی کرد
ناسروشتى بیری لە گەردوون کردەوە
ناسروشتى منداڵی خستەوە
هەر بۆ ئەوەى بژی
ژیانێکى پۆخڵ.

مرۆڤ بە تاریکییدا ڕۆیشت
بە ناو ئاگردا ڕایکرد
بەرگەى سەرمای زۆر و
شەڕى زۆر و
خەمى زۆر و
گریانى زۆری گرت
هەر بۆ ئەوەى بژی
ژیانێکى بێباک.
مرۆڤ بوو بە کۆیلە
کۆیلەى خەیاڵى ئەفسانە
کۆیلەى خەونى ئایین
کۆیلەى پێشبینیی زانست
کۆیلەى ژیانى سەرمایە
کۆیلەى مرۆڤى کۆیلە
هەر بۆ ئەوەى بژی
ژیانێکى سەرشۆڕانە.

مرۆڤ نواندنى کرد
فێرى موزیک بوو
وێنەى کێشا
شتى نووسى
قسەى کرد
گوتاریدا
هەر بۆ ئەوەى بژی
ژیانێکى حیزانە.

ژیانى پۆخڵ
ژیانى بێباک
ژیانى سەرشۆڕانە
ژیانى حیزانەى مرۆڤ
درێژەى هەیە و
مرۆڤ دەژی
بژی مرۆڤ.

مرۆڤ لەسەر شاخەکان هاواری کرد
دەنگى لە جەستەى مردووى پڵنگێکدا بیسترا
مرۆڤ لە ناو دۆڵەکانەوە هاواری کرد
دەنگى لە دڵی وەستاوى سێوێکدا بیسترا
مرۆڤ لە کەنار دەریاکاندا هاواری کرد
دەنگى لە ناو شەپۆلێکى بەستوودا بیسترا
مرۆڤ لەسەر درەختەکان هاواری کرد
دەنگى لە ژێر باڵی چۆلەکەیەکى سپیدا بیسترا
مرۆڤ لەسەر زەوى هاوارى کرد
خودا ڕاچڵەکى، بەو چەشنەى ئێستا دیار نەما
مرۆڤ لە بۆشایی ئاسماندا هاواری کرد
ئەستێرە شکا، بەو چەشنەى ئێستا بە فەزادا بڵاوبۆوە
مرۆڤ لەسەر هەورەکانەوە هاواری کرد
مانگ سپی هەڵگەڕا، بەو چەشنەى ئێستا غەمگین بوو.

مرۆڤ زیاد لە پێویست هەواى هەڵمژی
زیاد لە پێویست ئاو و ئاگری بەکارهێنا
زیاد لە پێویست لە خودا نزیکبووەوە
زیاد لە پێویست شەیتانى بەفرەت کرد
زیاد لە پێویست ژیانیکرد
زیاد لە پێویست مرد
هەر بۆ ئەوەى بژى
بژی مرۆڤ

مرۆڤ ماچی مرۆڤى کرد
مرۆڤ بانگى مرۆڤى کرد
مرۆڤ نیگەرانى مرۆڤ بوو
مرۆڤ خوێنى لە مرۆڤ هێنا
مرۆڤ خۆی لە مرۆڤ داماڵی
مرۆڤ گۆشتى مرۆڤى خوارد
مرۆڤ هاناى بۆ مرۆڤ برد
هەر بۆ ئەوەى بژی
بژی مرۆڤ.

بۆچی نەتانهێشت درەختەکان تەنیا درەخت بن؟
بۆچى نەتانهێشت مانگ تەنیا مانگ بێت؟
بۆچی نەتانهێشت خۆر تەنیا خۆر بێت؟
دۆڵ و شاخەکان تەنیا دۆڵ و شاخ
ئەستێرەکان تەنیا ئەستێرە
مرۆڤ تەنیا مرۆڤ
خودا تەنیا خودا.

باوکە چاوەکانت بکەرەوە
سەیربکە مرۆڤ چیکرد
چاوەکانت بکەرەوە
سەیربکە باوکە سەیر.
سەیری مرۆڤ.

چاوەکانت بکەرەوە
مەنوو باوکە مەنوو.

چاوەکانت بکەرەوە
مەمرە، باوکە، مەمرە.


مارس و ئەپڕیلى 2013
سلێمانى/ هەولێر
ئەم شیعرە لە ژمارە (6)ى گۆڤارى ئەدەبی سەردەم بڵاوبۆتەوە.


 

سه‌رچاوه: http://www.chrakan.com/?p=2168