
بەھجەت عومەر تەنیا ھونەرمەندی بە شداربووی ئەم پێشانگایەیە کە خۆی تیایدا ئامادە نەبووە ! کارەکەی ئەو ڤیدیۆ ئینستەلەیشنە، بە ناونیشانی (شوێنگەی نۆێی رەسەنی _ New place of origen ).
ھونەرمەند خۆی دەربارەی کارەکەی نوسیویهتی:
( ئەم کارەی من پێکھاتووە لە چەند ڤیدیۆ و فۆتۆگرافی کە لە ساڵی ٢٠٠٩ دا بۆ ڤیسیڤاڵی سالانەی ( Open Oslo ) لە (ئۆسلۆ) ی پایتەختی نەرویج ، ئامادەکراوە. سەرەتای دروستبوونی کارەکە دەگەڕێتەوە بۆ بەرەنگار بوونەوەی حاڵەتێکی بێزارکەری چاوەرواننەکراو ،ڕەنگدانەوە و تیشکخستنە سەر ئەزمونێکی خۆمە، کە بۆ ماوەی ده ساڵ لە چاوەروانی وەرگرتنی ناسنامەیەکی متمانەپێکراو و مافی پەنابەرێتی دابووم ! ئەم کارە بەکارھێنانی ڕەگەزی ڤیدیۆ و وێنەیە بۆ وێناکردن و بەرەنگاربوونەوە و دروستکردنی پرسیار لەسەر“ناسنامە“ پاش جێھێشتنی وڵات، كه پەنابەران ڕووبەڕووی دەبنەوە)
یەکێك لەخەسڵهتە ھونەرییەکانی کارەکەی (بەھجەت عومەر ) ئە وەیە، کە ئەو ئیشی لەسەر بابەتێک کردووە، خۆی تێدا ژیاوە و نزیکە لێوەی. ئەمەش پەیوەندییەکەی ئاسانکردۆتەوە لەنێوان (خۆی) و (کارەکەی) ئهمهش ڕەھەندێکی سیاسی – کۆمەڵایەتی بەکارەکە بهخشیووه، بهبێ قوربانیدان بە (ناوەڕۆک) و (تەکنیک) ی ھونەری کارەکە.
بەھجەت عومەر بۆ ئەم کارەی ھەندێ ڤیدیۆی بچوک بچوکی بەکارھێناوە، کە دائەگیرسێن وبەپەلە دەکوژێنەوە . ڤیدیۆکان وینەی مرۆڤ نیشانئەدەن و لەبەر ئەوەی کاتی نیشاندانەکەیان چەند چرکەیێکە بۆیە ئەستەمە ناسنامەی کەسەکان ئاشکرابکرێن، ئەمە بەشێکە لە ناوەڕۆکی کارەکە.
بەڕای (ڕەنج حیکمەت) هونهرمهند: ڕوناکیەکە لەچرکەی فلاشی کامیراکە دروستبووە…(ڕە نج حیکمەت) زیاتر زانیاری دەربارەی ئەم کارەی بههجهت دەدات و دەڵیت: ھونە رمە ند بەھجەت عومە ر خۆی وێنەی کەسەکانی گرتووە کە لە کارەکەدا دەرکەوتوون. ئەم کەسانە دەکرێت لەههر چرکەیهکدا نامەیهکیان بۆبێت و شوناسیان لێوه بسێنرێتەوە و ناسنامەیان بگۆردرێت!

بەمجۆرە دەشێت ئەم کارەی بەھجەت عومەر لەڕووی ناوەڕۆکەوە وەکو دەربرینێک بۆ ترس و نائارامی ببینرێت، وەکو دەربرینێک بۆ ھەڕەشە لەسەر (بوونی مرۆڤەکان) ھەروەھا وەکو ڕەخنەیهک لە كۆمهڵگهی پیشەسازی ڕۆژئاواوه ببینرێت، کە بهبێ جیاوازی مامەڵە لەگەڵ ئەم کەسانە دەکات. بهواتای دوور لەو ئاستەی کە کۆمەڵگای پیشەسازی ڕۆژئاوا لەناوخۆیدا مامەڵە لهگهڵ هاوڵاتی خۆیدا دەکات، كه ئەویش جیاوازی مامهڵهیه لەسەر بنەمای تاکەکەسیهكان. بەڵام بۆ ئەم پەنابەرانە مامەڵەکە نەجیاوازییە و نە لەسەر بنەمای تاکەکەسییه! بەڵكو بهمێگهلكردن و بهكۆلكتیڤركردنی پهنابهره و تهماشاكردنیانه وهك كۆمهڵه مرۆڤێك كهههڵگری خهسڵهتی ئیندیڤیدوالی و جیاوزازی نین.
دەرکەوتنی وێنەی کەسەکان زۆر بەکورتی و دوبارە ونبونیان وەکو لە ڤیدیۆ انستلەیشنەکەدا دەبینرێ ئەکرێت لەڕووی ناوەرۆکەوە وەکو لاوازی بوونی کەسەکان تەفسیری بۆبکرێت، کە توانای مانەوەی زۆریان نییە بەرانبەر بینەر. ھەروەھا ئەشێت وەکو جۆرێ لە ھاوارکردن ھەستی پێبکرێت، ئەگەر بۆ چرکەیێکیش بێت وێنەی خۆیان بگەێنن بەبینەر پێشئەوەی ونبن.
لەڕووی تەکنیکی ھونەریشەوە بەکارھێنانی (بەھجەت عومەر ) بۆ ڤیدیۆ ئینستلەیشن، بۆ دەربڕینی بابهتێكی ھاوچەرخه، كه وههادهكات تهواوی کارهكه بگونجێت لەگەڵ ناوەڕۆکەکەیدا، بهتایبهت ئەو کاتەی کە پەنابەرەکان تێدا ژیاون.

بههجهت سوودی لەتەقالیدی ھونەری ڤیدیۆیی وەرگرتووە، کە لەشەستەکانی سەدەی ڕابوردوو لەکارەکانی ھونەرمەندی بەڕەچەڵەک کۆریای باشوور (نام جون پەیک Nam Jun Paik ) دەبینرا ، لەگەڵ ئەو جیاوازیەدا کە (بەھجەت عومەر ) نەھاتووە گشت وێنەکان بەیەکەوە لە شاشەی تەلەفزیۆنی نیشانبدات، وەکو ئەوکاتە باوبووه، بەڵکو وێنەکانی بەھجەت ئەشێت لەسەر دیوارێکیش نیشانبدرێن وەکو ئەم حاڵەتەی ئەم پیشانگایە. بێگومان ئەمەش ئازادی بە کارە ھونەرێکە بەخشیووە و نهریتی شەستەکانی ھونەری ڤیدیۆیی تێپەڕاندووە.
فهرموون بۆ خوێندنهوهی ؛ جەستەی بینراو – جەستەی نەبینراو – بهشی یهكهم (ڕهنج حیكمهت)
ماویهتی؛ بۆ بهشی سێههم

پێشانگای: جەستەی بینراو – جەستەی نەبینراو.
پرۆژەی ھونەری گرووپی کۆنسێپت ئارت.
خاوەنی بیرۆکە و رێکخەری پێشانگا: ئاڤان سدیق.
ھونەرمەندەکان : ئە حمەد نەبەز . ئاڤان سدیق . بەھجەت عومە ر . گەیلان عە بدوللە .
ڕە نج حیکمە ت . زاموئا داراغا.
جێگای پێشانگا : ژێرزەمینی ئە منە سوورەکە / سلیمانی.
کاتەکەی: لە ١٩ وە تاکو٢٥ ی مانگی ١١ی ٢٠١٦.