هه‌ڵدانه‌وه‌ى‌ نامه‌كه‌ى “سه‌رده‌شت عوسمان”

Loading

 

ده‌توانين ئه‌و نامه‌يه‌ى سه‌رده‌شت و هه‌ر نامه‌يه‌كى تريش وه‌ك ده‌ق(تێكست) وه‌ربگرين و بيخوێنينه‌وه‌. ده‌ق له‌ سه‌ره‌تاييترين ئاستدا، كۆمه‌ڵێك دال و ڕسته‌ و كۆدى ئاگايانه‌ و نائاگايانه‌يه‌ كه‌ له‌ڕێگه‌ى بكه‌رێكى تاك يان كۆوه‌ داده‌ڕێژرێت. به‌م پێيه‌، ده‌ق هه‌ر نوسراو ناگرێته‌وه‌، به‌ڵكو هه‌ر ڕووبه‌رێكى كۆمه‌ڵايه‌تيى تريش پێگه‌ى ده‌قى هه‌يه‌: ديارده‌، شار، گۆرانى، تابلۆ، وه‌سيه‌تنامه‌، به‌ياننامه‌، لافيته‌، هتد.

شەهیدی قەڵەم؛ سەردەشت عوسمان
شەهیدی قەڵەم؛ سەردەشت عوسمان

ناونيشان، هه‌م نوێنه‌ر و ناونيشانى ده‌قه‌ و هه‌م چه‌واشه‌كارى ده‌قيش. له‌م نامه‌يه‌دا، ناونيشانه‌كه‌ به‌بێ ده‌قه‌كه‌ ناتوانێت خۆى ڕوونبكاته‌وه‌. له‌ ناونيشانه‌كه‌دا كه‌ ده‌ڵێت(من عاشقى كچه‌كه‌ى بارزانيم)، ڕسته‌يه‌كى به‌ڕواڵه‌ت ڕۆمانسى ده‌بينين. به‌ڵام هه‌موو خوێنه‌رێكى كورد ده‌زانێت په‌يوه‌نديى به‌ ڕۆمانسيه‌ته‌وه‌ نيه‌. كه‌ ڕۆمانسى نه‌بێت چيه‌؟ زۆرێك له‌وانه‌ى نامه‌كه‌يان خوێندۆته‌وه‌، ده‌ڵێن ئه‌مه‌ زمانى ته‌وس و ته‌نزه‌. دياره‌ ئه‌مه‌ وه‌كو فۆرم، به‌ڵام وه‌كو ناوه‌ڕۆك ڕسته‌كه‌ په‌يوه‌نديى به‌ جياوازيى چينايه‌تييه‌وه‌ هه‌يه‌. دياره‌ هێشتاش پێناچێت ته‌نز بێت. له‌ ته‌نزدا پێكه‌نين ئامرازه‌ و كاره‌سات و تاڵى، ئامانجه‌. به‌ڵام له‌م نامه‌يه‌دا پێكه‌نينێك له‌ئارادا نيه‌. هه‌روه‌ها ئه‌و به‌راوردانه‌ى كه‌ سه‌رده‌شت له‌نێوان خۆى و بنه‌ماڵه‌ى بارزانيدا له‌ نوسينه‌كه‌دا كردوويه‌تى، تێكڕا سيماكانى ژيانى چينايه‌تين. سه‌رده‌شت مناڵى چينى خواره‌وه‌ و زه‌حمه‌تكێشانه‌ و، كچه‌كه‌ى بارزانييش مناڵى چينى بۆرژوا/ده‌ره‌به‌گى كورد. چينێك كه‌ وه‌ك هه‌ميشه‌ كه‌مينه‌ن و گه‌رچى شێوازى به‌رهه‌مهێنانى بۆرژوازى/ده‌ربه‌گايه‌تييان له‌به‌رده‌ستدا نيه‌، به‌ڵام نه‌وت و سامانى سرووشتى و په‌يوه‌ندييان له‌گه‌ڵ سه‌رمايه‌داريى ده‌ره‌وه‌دا كردوونى به‌ چينى باڵاده‌ست. بۆرژوازى تێكڕا له‌مڕۆدا له‌وڕووه‌وه‌ بردوويه‌تيه‌وه‌ كه‌ چينى خواره‌وه‌، هه‌وڵبده‌ن وه‌ك ئه‌وان بژين و به‌و خه‌ونه‌وه‌ سه‌ربنێنه‌وه‌. خه‌ونێك كه‌ بۆرژوازى ده‌زانێت مه‌حاڵه‌ و گه‌ره‌نتيى مانه‌وه‌ى خۆيشى ده‌كات. نامه‌كه‌ى سه‌رده‌شت، له‌م جۆره‌ خه‌ونه‌يه‌ كه‌ بۆرژوازى له‌ دونيادا خه‌ڵكى چه‌وساوه‌ى ناچاركردووه‌ خۆيان وه‌ك كۆپييه‌كى وه‌هميى ئه‌وان پيشانبده‌ن. به‌كورتى، زۆرێك له‌ ڕسته‌كانى نامه‌كه‌، به‌راورده‌: به‌راوردى چينايه‌تى(نه‌ك به‌راورد و جياوازيى نێوان دوو نه‌وه‌ى گه‌نج و پير). سه‌رده‌شت له‌نامه‌كه‌دا، ئاماژه‌ به‌وه‌ش‌ ده‌كات كه‌ هه‌ندێ گۆرانيبێژى وه‌ك (ده‌شنێ) ده‌توانن به‌ئاسانى بارزانى و چوارده‌ورى ببينن. ئه‌مه‌ به‌ر له‌ هه‌ر شتێك ئاماژه‌يه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ هونه‌ر و ميديا چۆته‌ خزمه‌تى چينى باڵاده‌سته‌وه‌ و جارێكى تر پێويست به‌وه‌ ده‌كات هونه‌ر بخرێته‌وه‌ ناو دابه‌شكاريى چينايه‌يتييه‌وه‌.

به‌پێى ئه‌م نامه‌يه‌، سه‌رده‌شت به‌ته‌نيا هيچكام له‌مانه‌ نيه‌: ڕۆژنامه‌نوس، نه‌وه‌ى گه‌نج، خوێندكارێكى بێديفاع. هيچكام له‌مانه حه‌قى مردنه‌كه‌ى نادات و ترازاندنى خه‌ڵكيشه‌ له‌يه‌كتر به‌ بيانووى ناونانى جياجياوه‌. سه‌رده‌شت، به‌ر له‌وه‌ى كه‌سێك بێت، ساتێكه، ڕووداوێكه‌. «سات و ڕووداو»، زۆرجار له‌ سه‌رووى تاكه‌ كه‌سێكه‌وه‌يه‌. بۆنمونه‌، له‌شه‌ڕى داعشدا زياد له‌ هه‌زار پێشمه‌رگه‌ ده‌كوژرێن، به‌ڵام تاك و ته‌رايه‌كيان لێده‌رچێت به‌ لاى حيزبه‌وه‌، كه‌چى كه‌سيان نابنه‌ سه‌رده‌شت. سات و ڕووداو، گه‌رچى هۆكارى خۆى هه‌يه‌ و له‌ كاره‌ساتى تر ده‌چێت، به‌ڵام له‌ڕاستيدا به‌راورد ناكرێت. دواى تيرۆرى سه‌رده‌شت، لێكچواندنێكم بينى له‌ وێبسايتێكدا له‌نێوان سه‌رده‌شت و لۆركادا. ئه‌م لێكچواندنه‌ درووست و ده‌قيق نيه‌. چونكه‌ ڕووداو، تاك و تاقانه‌يه‌. به‌س له‌ خۆى ده‌چێت. گه‌رچى جياوازيى چينايه‌تى و كپكردنى ئازاديى ڕه‌خنه‌، له‌ هۆكاره‌ به‌رچاوه‌كانى كوشتنه‌كه‌ن؛ به‌ڵام كوشتنه‌كه‌ وه‌ك ساتێكى وجودى و ئۆنتۆلۆژى و بگره‌ سياسى و كۆمه‌ڵايه‌تييش، له‌ هيچ كوشتنێكى تر ناچێت له‌ مێژووى ئێمه‌دا. لێره‌وه‌يه‌ كه‌ ده‌توانين ناوه‌ڕۆكى نامه‌كه‌ ببه‌ستينه‌وه‌ به‌ تيرۆره‌كه‌وه‌. گه‌رنا ژۆرناڵيزمى بێ‌شه‌رم و ئه‌ده‌بى باو، تيرۆره‌كه‌ له‌ ئه‌كتێكى تيرۆريستيى باودا كورتده‌كه‌نه‌وه‌(ڕه‌نگه‌ پێشوه‌خت خه‌تاى سياسه‌تى باوى دونيا بێت تيرۆرى كردبێته‌ “دالێكى فراوان و لاستيكى” و هه‌موو تاوانه‌كانى پێ ناوبنێت: وشه‌كه‌ وه‌ها لاستيكى كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ زۆرجار دوو لايه‌نى ناكۆك، دژ به‌يه‌كترى به‌كاريدێنن).

ئه‌م زمانه‌ى كه‌ نامه‌كه‌ى پێ نوسراوه‌، داهێنانى سه‌رده‌شت نيه‌. بونياده‌كه‌ى هه‌ر ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ميدياى گۆڕان و كوردستانپۆست و لايه‌نگرانى قسه‌يان پێكردووه‌. به‌ڵام جياوازييه‌كه‌ ئه‌وه‌يه‌ سه‌رده‌شت دامه‌زراوه‌ نيه‌، بزووتنه‌وه‌ نيه‌، سه‌رده‌شت ساتى ته‌حه‌دايه‌. ته‌حه‌دايه‌ك كه‌ سه‌رده‌شت ده‌يكات و گۆڕان نايكات. سه‌رده‌شت له‌ هه‌ولێر تيرۆرده‌كرێت و گۆڕان جێى دێڵێت. له‌نێوان كوشتنى سه‌رده‌شت و پاشه‌كشه‌ى گۆڕاندا په‌يوه‌ندييه‌ك هه‌يه‌: ئه‌و خاڵه‌ى كه‌ سه‌رده‌شت له‌ نوسينێكى تردا دايده‌نێت، گۆڕان ناتوانێت بيخاته‌وه‌ سه‌ر دێڕى تازه‌. سياسه‌ت هه‌ميشه‌ پرۆسه‌يه‌كى عه‌قڵانى و ورد و چنراو نيه‌، به‌ڵكو پێويستى به‌ شێتى و ڕيسك و چاونوقاندنيشه‌. له‌ هه‌ندێ شوێندا ڕيسك ڕۆڵى عه‌قڵانيه‌ت ده‌گێڕێت. گه‌ر ڕيسك و خۆبه‌كوشتدانى ئاسان بۆ فه‌ردێكى وه‌ك سه‌رده‌شت قورس بێت، ئه‌وا بۆ بزووتنه‌وه‌ و حيزبێك هێنده‌ قورس وه‌رناگيرێت.

سه‌رده‌شت چيى هه‌بوو؟ به‌پێى وه‌ڵامى باو، سه‌رده‌شت ته‌نيا قه‌ڵه‌مێكى هه‌بوو. به‌پێى ماركس/ئه‌نگڵس له‌ مانيفێستى كۆمۆنيستدا، ئه‌و هيچى نه‌بووه‌ جگه‌ له‌ زنجيره‌كانى ده‌ست و پێى. واته‌ گه‌ر ئه‌م سيسته‌مه‌ بڕوات، ئه‌و هيچ له‌ده‌ستنادات جگه‌ له‌ زنجيره‌كانى ده‌ست و پێى خۆى‌. كه‌واته‌ “شه‌هيدى قه‌ڵه‌م”، پێناسه‌يه‌كى ده‌قيق نيه‌. قه‌ڵه‌م زياتر وه‌ك وه‌سيله‌يه‌كى بێوه‌ى ده‌رده‌كه‌وێت و دابڕانى سه‌رده‌شتيشه‌ له‌ چينه‌كه‌ى خۆى.