میران ئەبراهام ‘ئێمەی نووسەر بە‌ردەوام خۆمان، یان ئەوانی تر دەنووسینەوە’

Loading

میران ئەبراهام: یەکێکە لە نوسەرە دیارەانی نێو دنیاى ئەدەبى کوردى و لەماوەى ڕابردوودا ڕۆمانى (شەوگەڕەکان)ى چاپ و بڵاوکردەوە، و ئێستا دانیشتوى وڵاتى هۆڵاندایە، بۆ زیاتر ئاشنابوون بەدنیابینى ئەم نوسەرە، ئەم دیدارەمان لەگەڵ سازدا.

ئا/ شاخەوان سدیق

پ١/  زۆر جار دەوترێت گرنگترین و سەخترین بڕیار بۆ نوسەر، بڕیاری دانیشتنە بەرامبەر بە مێزی نوسینەکەی، ئەمە بەلای بەڕێزتانەوە چۆنە؟ بۆ ئەم بڕیارە قورسە بۆ نوسەر؟

پێم وایە بەگشتی مرۆڤ بونەوەرێکی سست و تەمەڵە، ئەگەر لەخۆی نەپرسێتەوە و دیسپلینی نەبێت.
لە سەرەتاوە جیاواز لە ئێستام دەمنووسی و کارم دەکرد، کەی تاقەتم هەبوایە لێرە و لەوێ شیعرێک یان چیرۆکێکم بە نیوە ناچڵی دەنووسی، ئەوکات پڕۆژەی نووسینم وەکو هیوایەتێک سەیر دەکرد، بەردەوام لە بیانوو دەگەڕام و ڕۆژانە خۆم لە نووسین دەدزییەوە، یانی من ئەو دەم بە واتا کلاسیکییەکەی نووسەر بووم، کە دەڵێت نووسەر کەی ئیلهامی بۆ هات ئەوکات دەنووسێت، بەڵام ئێستا بە پێچەوانەوە، نووسین بۆ من بۆتە پیشەیەکی ڕۆژانەم و هەموو ڕۆژێک لە کاتژمێر هەشتی بەیانییەوە لە کتێبخانەکەمم تاکو چوار یان پێنجی ئێوارە، ڕۆژانە لە پێج سەد تاکو هەزار وشە دەنووسم، لەسەرەتاوە تاکو بەم ڕیتمی کارکردن و نووسینە ڕاهاتم زۆر ماندووی دەکردم، بەردەوام لە بیانوو دەگەڕام، بەبیرم دێت ئەوسا وام بەخۆم دەگوت، ‘ئەگەر بتوانم بە ڕۆژێک هەزار وشە بنووسم، ئەوا ئێوارەی ئەو ڕۆژە پەرداخێک شەراب و پارچەیەک پەنیری فەرەنسی پاداشتم دەبێت.’

نووسین خۆی پیشەیەکی گرانە، کاتێک نووسەر سەرقاڵی نووسینە، یانی دابڕانی بە جەستە و بەخەیاڵ لە چواردە‌ور و ڕاگرتنی هەستەکانی لەسەر دیمەنێک کە بە توانای خەیاڵی خوڵقاندوویەتی یان ڕووداوێک لە ڕابووردووی خۆی یان هی ئەوانی تر.

پ٢/ (سیرڤانتس) لە نوسینێکدا دەربارەی ڕۆمان دەڵێت: ڕۆمان جگە لە کەشفکردنی دەر‌ەنجامی ئەو وجودە فەرامۆشکراوەی و لە بیرکراو چەپێنراوەی نێو ناخ نەبا زیاتر شتێکی تر نییە. تۆ پێتوایە نوسین هەوڵێکە بۆ بەتاڵبوونەوەی نوسەر لە دنیابینیەکانی یان چی؟  نوسەر بۆ دەیەوێت بنوسێت؟

بێگومان، پڕۆژەی نووسین ئاشکراکردنی ئەو وجودە فەرامۆشکراو و لە بیرکراو و چەپێنراوەی نێو ناخمانە، ئێمەی نووسەر بە‌ردەوام خۆمان یان ئەوانی تر دەنووسینەوە، من خۆم ئەوەی نووسیومە و لەمەولا دەینووسم لەبەر خاتری ڕۆحی خۆمن و پاشان بەشی دەکەم لەگەڵ ئەوانی تردا کە مەبەستم لە خوێنەرە، پێم وایە هونەرمەندەکان بەگشتی، ئیدی مەبەستم لە هونەرە بە هەموو فۆرم و شێوازەکانییەوە، بونەوەرێکی ناوازەن و هەر پێنج هەستەکانیان لە مرۆڤی ئاسایی باشتر کاردەکات، من بەدرێژایی تەمەنم دەبیستم، دەبینم، تامدەکەم، بەردەکەوم و هەست بەشتەکان دەکەم، لە سەرەنجامدا منێک کە ئێستا هەم کەرەستەی ڕابووردووی خۆمم، ڕابووردوویشم بۆ ئێستام بونەتە کەرەستەی نووسینەکانم، بۆ خوڵقاندنی کەراکتەر و شوێن و کات و وێنە کردنی دیمەنی ڕوداوێکی ناو چیرۆکێک، هەردەم لە گەڕانەوەدام بۆ ناو خۆم و سەرقاڵی هێنانی پارچە و دیمەن و فیگورم بۆ بەرهەمەکانی ئێستام، کە بە توانای خەیاڵی هونەریم و هێزی زمان بەرگێکی تریان بە بەردا دەکەم و بە ڕەنگێکی تر دیسان دەیان خوڵقێنمەوە و لە فەزای جیهانی ناو ڕۆمانێکدا دووبارە دەبنەوە.

پ٣/ماوەیەک پێش ئیستا تۆ ڕۆمانی (شەوگەڕەکان)ت بڵاوکردەوە، تا چەند لەم ڕۆمانەیا دەتەوێت لە کێشە زاتیەکانی خۆت دورکەوتەوەو باسی کێشەکانی ئەوانی تر بکەیت، ئایا بۆ تۆ ئەوانی تر گرنگن یان دۆزەخن، وەک ئەوەی کە سارتر ئەیوت.

من لەگەڵ ئەم دێڕەی (کارڵ چاپەکی)دا هاوڕانیم، بەپیویستم زانی لێرەدا ڕای خۆم بڵێم و سنووری پرسیارەکەت ببەزێنم، (لە شیعردا شاعیر تەنها باسی خۆی دەکات) من ئەوەم هەست پێکردوە کە شاعیری کورد بەگشتی سەرقاڵی خۆ نووسینەوەن و زۆرینەی شیعری کوردی بە (ڕاوی) کەسی یەکەمی تاک نووسراوە، هەر ئەوەیش هۆکارە کە لە زۆرینەی شیعری شاعیرانماندا ئەگەر لوتت نەبێت بە لوتی شاعیر خۆیەوە ئەوە بۆن و بەرامی کەسایەتی شاعیرەکە دێت بەسەرتا، کە شیعریش وەکو ژانرەکانی تری هونەر پێویستە لە باسی خودی هونەرمەند خۆی دەرچێت. ئایا ئێمە دەبێت پێمان وابێت کە ڕۆمان نووسەکانمان بەگشتی باسی ئەوانی تر دەکەن یان کەراکتەری نێو ڕۆمانەکانیان نموونەی کەسانی ترن؟ لە چەندین ڕۆمانی کوردیدا هەستم بە نووسەرەکە خۆی کردووە و لە بەرگی زۆرینەی کەراکتەرە‌کانیاندا بەئاشکرا دیارن، من کاتێک ڕۆمانێک دەخوێنمەوە، مەبەستی من لە خوێندنەوەی ئەو ڕۆمانە ئەوەنییە کە گوێ بیستی ئەو وتارە لاوەکیانە بم، که نووسەر لە دەمی یەکێک لە کەراکتەرەکانییەوە پێم دەبەخشێت! کاراکتەری قسەکەر یان گێڕەرەوە لە لایەن خودی نووسەر خۆیەوە داگیرکراوە یان بەکار دەهێنرێت بۆ مەبەست‌ و خواستی نوسەرەکە خۆی ‌و بۆ تۆمارکردنی وتاری نووسەر، لێدوانی زۆرێک لە کاراکتەرەکانی ناو ڕۆمانەکان لە وتار‌ و لێدوانی ڕۆژانەی نووسەرەکانیان دەچن، کە لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاویان دەکەنەوە! پێشتر ئەم چەند دێڕەم لەسەر کەراکتەری نێو ڕۆمان نووسیبوو: ‘توانای بیرکردنەوە‌ی کەراکتەر پێویستە لەگەڵ وتاریدا یەکانگیر یان لە ئاستێکدا بێت‌ و لەگەڵ جیهانی خوڵقینراوی ناو ڕۆمانەکەدا هاوسەنگ بێت، چونکە هەر کەراکتەرە دەبێتە هۆی خوڵقاندنی ڕووداو و (پلۆت)، کەواتە گرنگە کاراکتەر خاوەنی دەنگ‌ و ڕەنگ و شێوازی دەربڕین و وتاری تایبەت بە خۆی بێت.’

بۆ من ئەوانی تر ماڵ و نیشتیمانن، لای من شوێن گرنگییەکی ئەوتۆی نییە، بەڵکو ئەوەی گرنگە لای من ئەوانی ترن و ژیان بێ ئەوانی تر بۆ من دۆزەخێکە، ئەو مۆدێل و سکێچی نووسەرەی کە سەد ساڵێک پێش ئەمڕۆ باو بوو، گوایا ئەگەر تۆ نووسەر بیت دەبێت هاوشێوەی فڵان و فیسار بیت، بۆ نموونە: (گۆشەگیر، یاخی، بەدمەست، داوێن پیس، دژی هەموو یاسا و ڕێسایەکی ناو کۆمەڵگا… هتد) ئەوە مۆدێلی هونەرمەندی سەدەیەک پێش ئێستا بوو نەک ئێستا.

لە ڕۆمانی شەوگەڕەکاندا تاکو چەند توانیومە خۆم دوورەپەرێز بگرم و تاکو چەند کێشه تایبەتییەکانی خۆم تێدا تۆمار کردووه، ئایا بە نهێنی بێت یان بە ئاشکرا، یان تاکو چەند مافم بە کەراکتەری ناو فەزای ڕۆمانەکە دابێت بە دەنگ و ڕەنگی تایبەت بە خۆیان دەربکەون، ئەوە بەجێدێڵم بۆ خوێنەر یان ئەوانەی کە لەسەر شەوگەڕەکان دەنووسن یان دەدوێن.

پ٤/ دەڵێن زمان یەکێکە لە بنەما سەرەکیەکانی نوسینی ڕۆمان، یان دەڵێن ڕۆمان لە شیعر کەوتۆتەوە. بەبڕوای ئێوە تاچەند زمان بە تایبەت زمانی شیعری بۆ نوسینی ڕۆمان پێویستە؟ تۆ تا چەند شیعریانە ڕۆمانی (شەو گەڕەکان)ت نوسیوە؟

وەکو موزیککارێک چۆن ئالەتی موزیک پێویستە و چۆن بەکاری دێنێت، نووسەریش بەگشتی بە هەمان شێوە، زمان لێرەدا دەبێتە ئەو ئالەتە یان کەرەستەیەی کە بەرهەمی خەیاڵی نووسەر یان ڕووداوەکان تۆمار دەکات، ڕۆمان شێوازێکی ترە لە هونەری گێرانەوەدا، هەرچەندە لە شیعر و ڕۆماندا بەردەوام نووسەر دەگێڕێتەوە، من پێموایە ڕۆمان ژانرەکانی تری قوتداوە و ئەگەر سەرنج بدەین لەناو فەزای ڕۆمانێکدا دەکرێت نەک هەر تەنها لەڕووی زمانەوانییەوە ستایڵێکی شیعری هەبێت، بەڵکو چەندین شیعریش لەخۆ بگرێت، کاتێک نووسەرەکان لە ڕابووردوودا بیریان لەوە کردەوە کە ڕۆمان بنووسن، ئەوان هەستیان بەوە کردبوو که ئیدی شیعر جێگای ئازار و هەست و نەستی ئەوانی تێدا نابێتەوە و ئیدی ڕۆمان پێویستە بۆ هونەری گێڕانەوە و تۆمار کردنی بەرهەمی خەیاڵ و دنیای ڕیاڵ.

لە ڕۆمانی شەوگەڕەکاندا، لە سەرەتاوە تاکو کۆتایی هەوڵمداوە زیاتر خۆم لە (وەسف)بپارێزم و خوێنەر دانەبڕم لە گێڕانەوە، لە هونەری گێڕانەوەدا، ‘کاتێک وەسف دەستپێدەکات گێڕانەوە دەوەستێت.’ چونکە لە ڕۆماندا زمانی شیعری زیاتر لە وەسفەکاندایە، هەڵبەتە لە شەوگەڕەکانیشدا لە چەندین جێگا ئەو زمانە شیعر ئامێزە هەست پێ دەکرێت، کە لە شوێن و کاتی خۆیدا لەزەتێکی تایبەتی دەبەخشێتە خوێنەر.

Shawgarakan
به‌رگی ڕۆمانی شه‌وگه‌ڕه‌کان

پ٥/ (چارلس دیکنز) دەڵێت: “زۆر کتێب هەن باشترین شت تیایاندا تەنیا بەرگەکانیانە” ڕۆمانی (شەوگەڕەکان) وەک ئەزمونی یەکەم تاچەند بە سەرکەوتوو دەزانی و لە کوردستان چۆن پێشوازی لێکرا؟ دوای ئەم ڕۆمانە بیرۆکەی تری نوسینت هەیە کە بەم زوانە بڵاوی بکەیتەوە؟

ڕۆمانی شەوگەڕەکان، زۆر خێرا و بە پەلە ئامادە کرا و بە چاپ گەیەنرا، جا من پێم وایە دیزاینی بەرگەکەی لە ئاستی ناوەڕۆکەکەیدا نەبوو، بەڵام مادام چاپکراوە و لەبەردەستی خوێنەردایە گلەییم نییە و پێی ڕازیم. پێشوازی کردنی خوێنەر لە ڕۆمانی شەوگەڕەکان زۆر چاوەڕوان نەکراو بوو، هەرچەندە ئەم ڕۆمانە بە ستایڵێکی جیاواز لە نووسەرەکانی تری کورد نووسراوە و فەزای ناو ڕۆمانەکەیش پەیوەندییەکی ئەوتۆی بە کوردستانەوە نییە… بێجگە لە دوو کەراکتەری لاوەکی نەبێت کە کوردن، من دەمزانی کە ساڵی ٢٠١٥ ساڵی بڵاو بوونەوەی تاعون بوو لەو هەرێمەی لە‌مەڕ ئێمە و خوێنەری باش تەنها نووسەرەکان خۆیانن و لەگەڵ کۆمەڵێکی کەمی لاوی تازە پێگەیشتوو کە جێگای هیوان، ئێستا ژانری چاپی کتێب لە ئاستێکی زۆر نزمدایە، سەرەڕای ئەو هەموو نەهامەتیانە، ڕۆمانی شەوگەڕەکان کە ڕەنج و ماندوو بوونی دوو ساڵی منە، سەدان خوێنەری لاو خوێندیانەوە.

ئەمساڵ هەر لە دەزگای ڕۆشنبیری ئەندێشە، کۆمەڵە چیرۆکێک و ڕۆمانێک بڵاو دەکەمەوە ، چیرۆکەکان پێشتر به زمانی هۆڵەندی بڵاوم کردوونەتەوە و لە ئێستادا سەرقاڵی سەرلەنوێ نووسینەوەیانم بە زمانی کوردی، ڕۆمانێکیش کە گوزارشت لە چەندین ڕووداوی ڕاستەوینەی مێژووی شاری سلێمانی دەکات و تەواو بووە و ئێستا تەنها هەندێک بەراورد و هەڵەچنی ماوە.