“سێبەری لێ بارە هەرکەس مەیلی تەنیایی دەکا”
مەحوی
ئەگەر تەنیایی وەک بارێکی ڕۆحیی؛ جارێک پرسیار بووبێ لە کۆی بوون بە مانا کۆسمۆپۆلۆتییەکەی، ئەو دەیان جار پرسیارە لە شوێن، وەک بۆشایی، وەک فەزای دەرەوەی جوگرافیا.. بەجۆرێک یەکەمین سێنتراڵیزەکردنێک لە تەنیایدا شوێنە.. یەکەمین بەرکەوتنی تەنیایی لەدەرەوەی خۆی؛ بەرکەوتنێتی لەگەڵ شوێندا.. شوێن؛ وەک کۆی ئەو جێگایانەی تیایانداین و تیاماندان.. خۆ ئێمە تەنیا لە شوێندا ھەین، لەژێر شوێن و لەناو شوێن و لەسەر شوێنین..! من ئاوها جارجار بیر لە شتی سەیر سەیر دەکەمەوە؛ کە لە کوردستان بووم، لەو باوەڕەدابووم؛ هەموومان دەبێت لەو شارە تەنگانەدا شتێك هەبێت بمانخڵافێنێت، بە خۆیەوە سەرقاڵمان بكات، ئەگەر نا ڕۆژێك لەپڕ زرمە دەكەین و سێ چوار نەفەری گێژووێژی دەوروبەری خۆمان دەبەین بە ئاسماندا..
ئێستاش بۆ من؛ لەگەڵ ژیانی تەنیایی، شتێكە لەو بابەتە؛ بازیچەیەكە لە وێنەی تۆپێكی فشەوەبوو، بووكێكی بێ ڕۆح، سەیارەیەكی باغە، یاریی پێ دەكەم.. كە تاقەتیشم لێی دەچێ، لە دوورەوە سەیری ئەو و خۆیشم دەكەم.. تەنیاییم، دروست وەكو ئەو وەرەقەی (بیستویەك)ـە دێتە پێش چاو، كە نازانیت خاوەنەكەی یاریی بەو دەكات، یان ئەو بە خاوەنەكەی..!
من تەنیاییم نەدیوە پێبکەنێت، ئەگەر پێبکەنێت بە دونیا پێدەکەنێ، تەنیایی برای شیریی (غەمگینی)یە.. دۆستەکانم جارجارە، گلەییەك وەك بزمار بە سەرمدا دەچەقێنن؛ “ئەو هەموو ڕەشبینییە چییە، کاکە..؟!” من سەرم سووڕدەمێنێت، پرسیاری سادە دەكەم و وەڵامی گەورە قایلم دەكات؛ ئینسان چۆن دەتوانێت ئەو هەموو ناعەدالەتییە لەسەر ئەم
زەمینی خوایە ببینێ و (گەشبین!)یش بێت، چۆن دەتوانێت مردنی منداڵێك بە دەم ئازارەوە، گیان دەرچوونی ببینێ و (گەشبین!)یش بێت، چۆن دەتوانێت دوا ئیفادەی كچێكی سووتاو ببیستێت، كە دەڵێت “ئەگەر ئەمجارەش چاكبمەوە و هەستێمەوە، خۆم دەكەمەوە بە قەرەبرووت…!” هێشتا(گەشبین!)یش بێت، چۆن دەتوانێت هەڕەشەی شەڕی (ئەتۆم) بەسەریدا بێ و بڕوات و (گەشبین!)یش بێت، چۆن دەتوانێ برا مرۆڤەکەی ببینێ کە سەراسیمە و حەپەساو لە قەفەسێکدا چاوەڕێیە ئاگر بگاتە قاتە پرتەقاڵییە بەنزیناویکەی و (گەشبین!)یش بێت.. بونیام چۆن دەتوانێت بەرگەی ئەو هەموو ئەحمەقییەی دونیا بگرێت و (گەشبین!)یش بێت، چۆن دەتوانێت بە بەرچاوی خۆیەوە؛ شیرینترین، ئازیزترین، نزیكترین دۆستەكانی بمرن و ئەم نەتوانێت هیچیان بۆ بكات و هێشتا (گەشبین!)یش بێت.
***
لە ڕاستیدا، دیدی غەمگینان بۆ دونیا، دیدێكی هەڵبژاردە نییە، كەس ئەم هەموو مەلوولییە لە كۆڵ خۆی نانێت، شۆپنهاوێر گوتبوی: “ئهمه خراپترین دونیایهکه که دهبێ ههبێ”.. له دونیایهکی ئاوهادا غەمگینی شتێكە لەنێو ئینساندا، دەنگێكە لە وجودیدا… ئەم منە بچکۆلەیە لە وتارێكی كورتی ئەم ساڵانەدا نووسیبووی: غەمگینی تاریكیی نییە، نـــا، تەواو بە پێچەوانەوە، غەمگینی شتێكە لە ئیشراق، تێكەڵەیەكە لە نوور، مەقامێكی ڕۆحییە، كە پێگەیشتنی ئاسان نییە، ئینسان دەبێ عومرێك ڕەنج و زەحمەت خەرج بکات، تا دەتوانێت لەم پاژە گەورە و قووڵەی ناو وجودی خۆی كۆمەك وەرگرێت.
غەمگینیی قووڵ، هەمیشە خوشکی تەنیاییە، تەنیایی؛ پەنجەرەیەکی گەورە، چاوێکی گەشە بۆ ڕوانین لە دونیا.. نووسەرەکان ئەو لابۆرەن کە تیایاندا؛ تەنیایی لە دۆخی نەرمیی ڕۆحییەوە دەگۆڕدرێ بۆ دۆخی ڕەقیی کتێب.. ئەم ئۆکساندنەی تەنیایی، شتێك نییە لەژێر دەسەڵاتی نووسەر خۆیدابێت، بەڵكو شتێكە جەبرێك فەرزی دەكات؛ جەبری زبریی دونیا.. نووسین خۆی هەوڵی هەڵاتنە لەو بارە، بەڵام هەوڵێكی شكستە، وێنەی بە داوەبوونی مێروویەك لە تەونی جاڵجاڵۆكەدا، ئەو چەند خۆی ڕاپسكێنێت و خەیاڵی دەربازبوون لنگەفرتێی پێ بكات، ئەوەندە زیاتر تاڵی تەونەكە لە خۆیەوە دەپێچێت.. نووسینیش هەر وایە؛ شتێكە وەك قووم.. وەك لیتەیەكی خەست.. تۆ چەند كاتی تێدا بەفیڕۆبدەیت، ئەو هێندە زیاتر تۆ هەڵدەلوشێت.. چاری ئەوەڵ و ئاخیرت ئەوەیە؛ لێی بێیتە دەرێ.. بەڵام تازە كێ ئەمەلی هاتنەدەرەوەی لە لیتەیەك لێ دەكرێت، كە هاتبێتە قوڕقوڕاگەی..!
***
لە نووسینی ئەو نەوە نوێیە و منیشدا؛ (تەنیایی) تێمایەکی سێنتراڵه.. تەنیایی هەوێنی نانێکە کە مەسیح بە شەرابی خوێنی خۆیەوە له (دواشێو)دا بەسەرماندا دابەشی دەکات، نانێک دوای ئەو هەموو ساڵە، تامەکەی هەروا لە زارماندا.. لە ڕاستیدا ئهوهی ئەم مهسیحـە لهسهر خاچهکهی وتبوی؛ “باوکه.. بۆ بهجێتهێشتم..؟” شتێکی تازه نهبوو، بهڵام ئهوهی هێزێک لهسهرهوه ناچار بکات گوێی لێ بگرێ و حهیقهتێکی تاڵ و قورس بدات بهڕوویدا، ئهوه (دووڕی یهتیم)ی ڕستهکه بوو، که ئێستاش دوای دووههزار ساڵ، مرۆڤ نازانێ سهر بۆ ئاسمان بەرز یا بۆ زهوی شۆڕ بکاتەوە و با کامه شت و کامه هێز بڵی: ئـــــــاخر بــــــــۆ بهجێتهێشتم…؟!
بە باوەڕی چكۆلانەی من، تەنیایی تۆ، وەڵامی تۆیە بۆ ژیان. ئیدی تۆ دەیكەیت بە نووسین، یەكێكی دی دەیكات بە خۆتەقاندنەوە.. بەڵام هەردووكتان لەوەدا هاوبەشن، كە تووڕەن لە دونیا، كە غەمگینن.. مێژووی فەلسەفە لە سۆفیستاییەكانەوە تا سەر (ڤاتیمۆ) و (ژیژەك) بخوێنەرەوە، تێدەگەی كە مرۆڤایەتیی قەرزاری پیاوە غەمگینەكانی خۆیەتی..