دەنگ وەک ئەڵماسی شووشە، تەپڵی تەنەکەی گونتەرگراس بەکوردی

Loading

دەنگ وەک ئەڵماسی شووشە! یاداشتێکی کورت لەبارەی تەپڵی تەنەکەوە.

سێ هەفتەی پێشوو، هەلی خوێندنەوەی سێ ڕۆمانم پێکەوە هەبوو، یەکێک لەوان؛ ڕۆمانی (تەپڵی تەنەکە)ی گوینتەر گراس بوو، هەروەک ئێوەش دەزانن نووسەری ڕۆمانەکە لە مانگی پێنجی ئەمساڵدا کۆچی دوایی کرد و ١٦ ساڵ لەمەوپێشیش لەسەر کۆی کارەکانی و بەتایبەت ئەم ڕۆمانەی خەڵاتی نوبێڵی وەرگرت.

تەپڵی تەنەکەDie  Blechtrommel  ؛ ڕۆمانێکی ئاسان نییە، کارێکە بە قەبارە گەورە و زیاتر لە ٦٠٠ لاپەڕەیە، میناتۆر و وردەکارە، ئەم ڕۆمانە خۆی یەکێک لەسیانەیەک و لەناوخۆشیدا دابەشدەبێتەوە بەسەر سێ کتێبدا. من لە کاتی خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانەدا سەرنجم دا؛ لەم هەموو لاپەڕەیەدا هیچ شتێکی زیادەی تێدانییە!هەر پاراگرافێکی لێ بسڕیتەوە شتێک لە کێشە ڕاستەقینەکەی لەدەست دەدات.

کۆی کارەکە گیڕانەوەی کاراکتەرێکی دەروونماندووە لە نەخۆشخانەیەکی نوژداریی-دەروونییدا بە ناوی ئوسکار. ئۆسکار وڕێنە دەکات و وڕێنەکانی خۆی دەنووسێتەوە، لە ڕەگەکانی درەختی بنەماڵییەوە دەست پێ دەکات کە کولیایژەکی کورتەبنەی باپیرێتی…کاراکتەری سەرەکی ئەم ڕۆمانە لە سەرەتای تەمەنی منداڵیی خۆیدا، ڕۆژێک بڕیار دەدات لەڕێگەی دروستکردنی ڕووداوێکەوە لەژێرزەمینەکەی ماڵی خۆیان؛ گەشەی سروشتیی خۆی بووەستێنیت و لەوەشدا سەرکەوتوو دەبێ… بەم شێوەیە هەمووان وادەزانن ئەمە منداڵێکی نەبەکامە و فێری هیج نابێ جگە لە تەپڵلێدان، لە کاتێکدا ئەو لە ناوەوە گەشەی سەروسروشتیی خۆی پەرەپێدەدات و زیاتر لەوە دەبینێ کە لەبەرچاویدایە و هێجگار زۆر زیاتریش لەوە تێدەگات کە دەبێ مرڤێکی ئاسایی تێیبگات، بەمجۆرە لە وردە نهێنییەکانی ماڵەکەی خۆیانەوە، تا خیانەتەکانی دایکی.تاوەکو  جەنگی دووەمی جیهانی، هەموو شتێک بەووردودرشتییەوە -دەڵێم بەووردودرشتییەوە!- بۆ خوێنەر دەنووسێتەوە.

1979 لەکاتی کاری سینەمایی ڕۆمانەکەی گراس تەپڵی تەنەکە، منداڵەکە لە رۆڵی ئۆسکار ماتزەرات (David Bennent) هەروەها دەرهێنەر فۆلکەر شلوندۆرف (Volker Schlöndorff)
1979 لەکاتی کاری سینەمایی ڕۆمانەکەی گراس تەپڵی تەنەکە، منداڵەکە لە ڕۆڵی ئۆسکار ماتزەرات ( داڤید  بێنێینت David Bennent) هەروەها دەرهێنەر فۆلکەر شلوندۆرف (Volker Schlöndorff)

(ئۆسکار ماتزەرات)  توانایەکی سەرسوڕهێنەری هەیە کە دەتوانێت لە ڕێگەی دەنگییەوە شووشە بشکێنێ، ئەوەیش لە فەخفوری و تحوفاتی ماڵەکەی خۆیانەوە تا پەنجەرە بەرزەکانی کڵێسا و شوشەمەنییەکی دەوروبەری لە زۆر ماجەرادا وەک فریشتەی نەجات بەفریادی دەکەوێ. ئەم ڕۆمانە لەسەر شتی زۆر بچووک دەوەستێت؛ کە هەم خوێنەرەکەی سەرسام دەکات و هەم جەغد لەو مالیخۆلیا و پەشێوییە دەروونییە دەکاتەوە کە نووسەرەکەی تێدا دەژی، بۆ نمونە: بەراوردکردنی مۆنییەکەی بتهۆڤن بە هیتلەر، وێکچواندنی ڕوخساری ڕاسپۆتیین بە گۆتە..! جاری وا هەیە پەردە لەسەر ئەو شتانە هەڵدەداتەوە کە بوون بەژێر لوچی ماسکەکانمانەوە و نامانەوێ ئەوانی تر ئەو شتە تایبەتیانەی ئێمە بزانن، تەنانەت نامەنەوێ خۆشمان بیرمان بکەوێتەوە. بفەرموون لەم دوو دێڕەدا، بزانن چۆن باسی بوغز لای ئینسان دەکات، وەک شتێ کە جەوهەرەکەی دەگۆڕێ بەڵام ون نابێ: “من حەزم لە چارەی (گرێف) نەبوو، گریفیش حەزی لە چارەی من نەبوو، دواییتریش کاتێ گرێف مەکینەی تەپڵەکەی بۆ دامەزراندنم، هەر حەزم لە چارەی گرێف نەبوو، تەنانەت ئەمڕۆیش کە گرێف نەماوە، هەر حەزم لە چارەی گرێف نییە”.

ئەم ڕۆمانە لەلایەن مامۆستا (کەریم پەڕەنگ)ـەوە ڕاستەوخۆ لە ئەڵمانییەوە کراوە بە کوردی و هێشتا چاپ نەبووە. کوردی ئەم ڕۆمانە بۆ من هێجگار نوێ و جێی لەسەر وەستان و سەرنج بوو، ئەگەرچی زمانی کوردی زمانێکی لوس و ماسی ئاسا نییە، بەڵام هەموو زمانێکیش لە ڕووکاری دەرەوەیدا چەندێک توانای لە خۆیدا هەڵگرتبێ، هێندەشی لەناوخۆیدا بەجێهێشتووە بۆ ئەو ئاخێوەر و نووسەرەی زمانەکە دەئاژوێت… بەبڕوای بچوکی من؛ کەریم پەڕەنگ لە وەرگێڕانی ئەم ڕۆمانە قورسەدا ئەوەی سەلماندووە، کە زمانی کوردی دەتوانێ بۆ هەندێ کەلێن بچێ، کە پێشتر لە وەرگێڕاندا نەچووە. چاوەڕێی ئەم شاکارەبن بە زمانی کوردی.

گونتەر گراس؛ تەپڵی تەنەکە ، رۆمان
گونتەر گراس؛ تەپڵی تەنەکە، ڕۆمان
 مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!