پێشینه‌یه‌ك له‌سه‌ر دۆخی ژنانی خۆرئاوا و سێكولار بوونی فێمینیزم
پێگه و نوێنه‌رایه‌تیكردنی ژن وه‌ك ژێرده‌سته، چه‌وساوه و ملكه‌چكردنی به‌كۆمه‌ڵێك ڕۆڵی جێنده‌ریه‌وه بۆته‌هۆی دروستبوونی فێمینیزم. مێژوونوسانی فێمینیست له ڕێگای پرۆژه‌ی دۆزینه‌وه و زیندووكردنه‌وه‌ی كار‌و چالاكی و ڕۆڵی ژن له‌هه‌موو بواره‌كانی سیاسه‌ت، شۆڕشه‌كان،ئابووری، به‌رهه‌مهێنانی هونه‌ر، ئه‌ده‌ب، زانست و كو‌لتوردا توانیویانه ژن بهێننه‌وه ناو مێژوو. لێره‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه سه‌ره‌ڕای چه‌وسانه‌وه و ڕێگری و په‌راوێزخستنه‌كان به‌ڵام ژن ڕۆڵی گه‌وره‌ی هه‌بووه له‌به‌ده‌ستهێنانی مافی خۆیدا و دروستكردنی مێژوودا.
گه‌شه‌ی چینه‌كان ، سیستمی پاتریاركیه‌ت و كۆنترۆلكردنی هه‌ڵسوكه و‌ت و دانانی سنوور بۆ ژنان، فۆرمی جیاوازی به‌خۆیوه دیووه. بۆنمونه ژن له‌ده‌ره‌وه‌ی هاوسه‌رگیری بۆی نه‌بووه په‌یوه‌ندی سۆزداری هه‌بێت، یان منداڵێك له‌ده‌ره‌وه‌ی هاوسه‌رگیری بهاته‌یه بوون پێیده‌گوترا زۆڵ و به هیچ جۆرێك نه ژنه‌كه و نه منداڵه‌كه‌ی له‌خۆ نه‌ده‌گیران و نه‌ده‌بوونه میراتگیر. جیاواز له‌وه‌ی ژن بۆی نه‌بووه له‌سیاسه‌ت و زۆر بواری كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوریدا به‌شدار بێت.
هه‌ڵبه‌ت له سه‌ده‌ی پانزده‌وه – سه‌رده‌می ڕێنیسانسه‌وه تا سه‌ده‌ی هه‌ژده واته سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ری ، ژنان به‌گشتی خاوه‌نی مافێكی به‌رچاونه‌بوون و وه‌ك نزمتر له پیاو مامه‌ڵه‌ده‌كران و ڕۆڵیان زیاتر ناوماڵ و كاری به‌خێوكردن و منداڵ خستنه‌وه بووه. ته‌نانه‌ت له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی شازده بۆ حه‌ڤده له ئه‌وروپا و باكوری ئه‌مریكا هه‌ڵمه‌تی ژن سوتاندن ژیانی هه‌زاران ژنی كرده قوربانی. ئه‌مه‌ش له كاتێكدا بوو كه ناله‌باری دۆخی سیاسی و دینی و كولتوری بوه هۆكاری له سێداره‌دانی سه‌دان و هه‌زاران ژن به بیانوی ئه‌وه‌ی ئه‌مانه (جادوگه‌رن) و ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌یان ناونابوو (ڕاوه جادوگه‌ر – Whitch hunt) . له كاتێكدا هه‌ندێك له لێكۆڵه‌رانی فێمینیست له‌و باوه‌ڕه‌دان كه تاوانی ئه‌م ژنانه ئه‌وه بووه كه باوه‌ڕیان به ئاین و كڵێسا نه‌بووه. هه‌ربۆیه ده‌ستیان داوه‌ته ئه‌م كاره كه كڵیسای پێ سه‌غڵه‌ت كراوه.
له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌دا پڕۆسه‌ی ڕۆشنگه‌ری دێته كایه‌وه وه‌ك بزوتنه‌وه‌یه‌ك ، ڕه‌وتێكی ڕۆشنگه‌ری كولتوری و فیكری، كه‌پێشكه‌وتنی زانستی و زانیاری و خوێندنی كردبووه پرۆژه‌ی خۆی. فه‌یله‌سوف و ڕۆشنگه‌رانی ئه‌م سه‌ده‌یه وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك به‌رامبه‌ر سه‌ركوتی ئاینی و ڕۆڵی نه‌رێنی كڵێسا بانگه‌شه‌ی ئه‌قڵانیه‌ت و زانستیان كرد به‌سه‌ر هه‌یمه‌نه‌ی كڵێسا و خورافه‌ی دینیدا. به تایبه‌ت له فه‌ره‌نسا كه فه‌یله‌سوفه‌كانی به‌تایبه‌ت له دژی كاتۆلیكه‌كان و مه‌ترسی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مانه كاریان ده‌كرد. له‌و باوه‌ڕه‌دا بوون كه‌هه‌ر جۆرێك له (ئاینی ڕێكخراو-Organised Religion) خه‌ته‌ره و مه‌كینه‌یه‌كه بۆ قبوڵنه‌كردنی ئه‌وی تر.
هه‌رچه‌ند له سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ریدا ئایدیای وه‌كو (تاكگه‌رایی-Individualism) و ئه‌قڵانیه‌ت بونه سه‌ره‌تایه‌ك بۆ پرسیار خستنه سه‌ر ڕۆڵی ژێرده‌سته‌یی ژنان. به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا فه‌یله‌سوفێكی وه‌ك (جان جاك ڕۆسۆ) كه بانگه‌شه‌ی ئه‌م ئایدیالانه‌ی ده‌كرد ژنی جیا ده‌كرده‌وه ، له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو كه ژن ڕۆڵی جیاوازیان هه‌یه له كۆمه‌ڵگه‌دا وه‌ك دایك و هاوسه‌ر. ئه‌و ئازادییه‌ی ئه‌و بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرد، ژنانی نه‌ده‌گرته‌وه. ڕۆسۆ له‌باره‌ی خوێنده‌واری ژنه‌وه ده‌ڵێت: ژن پێویسته خوێنده‌وار په‌روه‌رده بکرێت ته‌نها بۆ چێژی پیاو… به‌ڵام ئه‌م دونیابینیه پیاوانه‌یه بێ وه‌ڵام نه‌بووه، هه‌ربۆیه‌ش نوسه‌ر و فه‌یله‌سوفی به‌ریتانی خاتوو (ماری ویڵستۆنکرافت) ڕه‌خنه‌ی توند له‌م بیرکردنه‌وه‌یه‌ی ڕۆسۆ ده‌گرێت و له به‌رامبه‌ردا خوازیاری خوێندن و ئازادی و کۆمه‌ڵێک مافی ترده‌بێت بۆ ژنان. هه‌ربۆیه‌ش نوسینه‌کانی ئه‌م خانمه وه‌ک بنه‌مایه‌ک بۆ شه‌پۆلی یه‌که‌می فێمینیستی داده‌نرێت له به‌ریتانیا كه هه‌ڵقوڵاوی فیكری لیبرالیزمه.
له‌فه‌ره‌نسا ژنان هه‌وڵیاندا سوود له‌و فه‌زایه وه‌رگرن كه شۆڕشی فه‌ره‌نسی دروستیكردبوو له دیباتی فیكری و سیاسی و فه‌لسه‌فیه‌كاندا. وه‌كو نه‌ریتێكی باو بۆ دیبات و قسه و گفتوگۆ نوسه‌ره‌كان، فه‌یله‌سوفه‌كان و چالاكانی سیاسی و خه‌ڵكی تر پێكه‌وه كۆده‌بونه‌وه و به‌م شوێنه ده‌وترا (ساڵۆن). هه‌ڵبه‌ت ژنان ڕێكخه‌ری سه‌ره‌كی ئه‌م ساڵۆنانه بوون بۆ قسه‌كردنی پیاوان، به‌ڵام خۆیان به‌شدارنه‌بوون له دیباته‌كاندا. لێكۆڵه‌ران ده‌ڵێن كه ژنان له‌م ساڵۆنانه دا له ڕێگه‌ی گوێگرتن و پێشنیاركردنی بابه‌ت بۆ دیباته‌كانه‌وه سودیان وه‌رده‌گرت و توانای فیكری خۆیان ده‌برده سه‌ر.
هه‌رچه‌ند ژنان خۆیان به‌شێكی گه‌وره‌ی شۆڕشی فه‌ره‌نسیان پێكهێنا، به‌ڵام رابه‌رانی شۆڕشه‌كه و ته‌نانه‌ت ئه‌و خواست و دروشمانه‌ی كرابونه لۆگۆی ئه‌م شۆڕشه وه‌كو ( ئازادی، یه‌كسانی و ئیگالیتێت) هیچ كام له‌م دروشمانه ژنی نه‌ده‌گرته‌وه. ئه‌و مافه یونیڤێرساڵانه ژنی نه‌ده‌گرته‌وه، ڕۆشنگه‌ری كه كۆمه‌ڵێك به‌های وه‌كو ئه‌قڵانیه‌ت، زانست، و فه‌لسه‌فه بنه‌مای بوون ژنی هه‌ڵدابووه ده‌ره‌وه‌ی خۆی. كۆمه‌ڵێك سیفاتی وه‌كو سۆزدار، ناعه‌قڵانی و هه‌ڵه‌شه‌یان خستبوه پاڵ ژن. ته‌نانه‌ت له‌ڕێگه‌ی زانستی پزیشكی ئه‌و سه‌رده‌مه‌وه ده‌یانوت كه به شێوه‌یه‌كی زانستی سه‌لمێندراوه كه ژن سۆزداره و هه‌ڵه‌شه‌یه‌و ناتوانێت خاوه‌نی بڕیاربێت، هه‌ربۆیه‌ش له دروستكردنی كو‌لتور و فه‌زای گشتیدا بواری نه‌ده‌درا.
خانمه نوسه‌رو سیاسی به‌ناوبانگی فه‌ره‌نسی (ئۆلامپ دوگۆژ) ناسراو به (ماری گۆزێ- (Olympe de Gouges 1748 -1793)) به یه‌كێیك له‌و ژنانه داده‌نرێ كه نوسینه‌كانی كاریگه‌ری گه‌وره‌یان هه‌بووه له‌سه‌رده‌می خۆیدا. ئه‌م خانمه نوسینێكی گرنگی له ژێر ( مافی ژنان و ڕه‌گه‌زی مێی هاوڵاتی ) له ساڵی ١٧٩١دا بڵاو كرده‌وه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌زۆر شوێن دژایه‌تی ده‌كراو ئایدیاكانی به‌ترسناك و توندڕه‌و هه‌ژمارده‌كران، به‌ڵام به‌رده‌وام بوو له داكۆكیكردن له ماف و ئازادی و خۆشگوزه‌رانی و دژایه‌تیكردنی كۆیلایه‌تی و لابردنی سزای له سێداره‌دان و زۆر مافی تر. له‌به‌رئه‌وه‌ی بێده‌نگ نه‌بوو له ئاست هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و سه‌رده‌مه، ئه‌وه بوو له ساڵی ١٧٩٣دا له شاری پاریس به (گیلۆتین) سه‌ری ده‌په‌ڕێنن.
ژنانی چالاك له‌و سه‌رده‌مه‌دا زیاتر باسیان له ئازادی كۆیله ڕه‌ش پێسته‌كانیش ده‌كرد، چونكه له بنه‌ڕه‌تدا زۆرێك له‌م ژنانه خۆیان وه‌ك كۆیله ده‌هاته پێشچاو ، به‌و واتایه‌ی كه به‌رده‌وام له ماڵن و به كاری ناوماڵ و منداڵداریه‌وه سه‌رقاڵن. هه‌ربۆیه‌ش ئه‌زمونی خۆیان و كۆیله‌كانیان ده‌شوبهاند و هه‌ندێك له ژنانی چالاك ئاشكراتر له پیاوانی فه‌یله‌سوف و ڕۆشنگه‌ره‌كان بانگه‌شه‌ی ئازادكردنی كۆیله‌كانیان ده‌كرد.
له به‌ریتانیا له سه‌ده‌ی نۆزده‌دا بزوتنه‌وه‌ی سیكۆلاریستی به‌شێوه‌یه‌كی (تاڕاده‌یه‌ك) میلیتانت له‌مه‌یداندا بوون و ڕۆڵی مه‌سیحیه‌ت و كڵێسایان هێنابووه ژێر پرسیار. ئه‌مانه كه به خۆیان ده‌گووت بزوتنه‌وه‌ی )بیرئازاده‌كان-Free thinkers) ژماره‌یه‌كی زۆر ژنیان له‌گه‌ڵ بوو، له‌هه‌موویان به‌ناوبانگتر (ئێما مارتین) بوو به‌وه ناسرابوو، كه هێرشی ده‌كرده سه‌ر كڵێساكان و قه‌شه‌كان، پیاوانی ئاینی به‌درۆده‌خسته‌وه و كۆبوونه‌وه‌كانی تێكده‌دان. زۆرێك له‌م ژن و پیاوانه‌ی كه‌سه‌ر به‌م ڕه‌وته بوون له په‌یوه‌ندیه تایبه‌ت و كه‌سیه‌كانی ژیانی خۆیاندا، به‌ته‌واوی هه‌ژموونی ئاین و كڵێسایان ڕه‌تكردبۆوه، هه‌ربۆیه‌ش له په‌یوه‌ندی ئازادانه‌دا ده‌ژیان و نه‌ده‌چوونه ژێر باری هاوسه‌رگیری ئاینییه‌وه، بێگومان سه‌ره‌ڕای نه‌فره‌تی ده‌وروبه‌ریان. هه‌ندێك له‌م ژنه ئازادانه ڕۆڵی گه‌وره‌یان هه‌بوو له بزوتنه‌وه سیكۆلاریستیه‌كاندا چ وه‌ك نوسه‌ر، وانه‌بێژ، ڕۆژنامه‌نوس و له‌سه‌ر ئاینده و ستراتیژی ئه‌م بزوتنه‌وه قسه و ڕۆڵیان هه‌بوو كه له‌لایه‌ن هاوڕێ پیاوه‌كانیانه‌وه به‌هه‌ند وه‌رده‌گیران.
پرسی ئازادی، هاوسه‌رگیری و ئاین
ئاینه‌كان به گشتی و له‌م كه‌یسه‌دا ئاینی مه‌سیحی ڕێگری په‌یوه‌ندی ئازاد و نایه‌كسانی له هاوسه‌رگیری و كێشه‌ی جیابونه‌وه‌و خاوه‌ندارێتی منداڵ و كۆمه‌ڵێك پرسی تری په‌یوه‌ست به سێكوالیتی مرۆڤه‌وه، به پێی تێكست و حوكمی كلیسا بڕیاری له‌سه‌رده‌درا، هه‌ربۆیه‌ش له‌لایه‌ن سیكۆلاریسته‌كانه‌وه خرایه ژێر پرسیاره‌وه، به‌تایبه‌ت له لایه‌ن ژنانه‌وه.
پرسیار له‌باره‌ی سێكس و هاوسه‌رگیریه‌وه له ده‌یه‌كانی سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده‌دا سه‌ریهه‌ڵدا. بۆ نمونه چه‌مكی بیری ئازاد و خۆشه‌ویستی ئازاد زۆر ئاشكراتر باسكرا. له ساڵی ١٨٢٦دا (ڕیچارد كارلایل) كه ڕابه‌ری بیرئازاده‌كان-سیكۆلاریسته‌كان بوو له نوسینێكیدا به ناوی خۆشه‌ویستی چیه؟ (? What is Love) مۆدێلی كریستیانی هاوسه‌رگیری دێنێته ژێر پرسیاری گه‌وره و پێشنیاری پێكه‌وه‌ژیانی ئازادانه‌ی ژن و پیاو ده‌كات له‌ده‌ره‌وه‌ی هاوسه‌رگیری ئاینی كه ته‌نها له‌سه‌ر بنه‌مای خۆشه‌ویستی و حه‌ز پێكهاتبێت.
ئه‌م پرسیارانه هه‌واداران و ڕه‌دووكه‌وتوانی سیكۆلاریستی وه‌ها لێ‌كرد، كه هاوسه‌رگیری له‌ژێر ده‌ستی قه‌شه‌دا ڕه‌تبكه‌نه‌وه چونكه له‌وباوه‌ڕه‌دا بوون؛ ژن ده‌كاته موڵكی پیاو و له گرێبه‌ستێكی بازرگانی زیاترنییه ، نزیكه له له‌شفرۆشیه‌وه. هه‌ربۆیه‌ش داوای مافی جیابوونه‌وه‌ی ئازاد و هاوسه‌رگیری و پێكه‌وه‌ژیانی دووڕه‌گه‌زیان كرد، له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌ژموونی كڵیسا و ده‌وڵه‌ت. هه‌رچه‌ند ئه‌م داواكاریانه له‌وسه‌رده‌مه‌دا شۆكی گه‌وره و ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵك و كڵیسا و ده‌وڵه‌تی به‌دوای خۆیدا هێنا. سه‌ره‌ڕای شكست و دووباره دروستبونه‌وه و سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م بزوتنه‌وانه سه‌رئه‌نجام هه‌موو ئه‌و مافانه‌ی هێنایه‌دی كه ئه‌مڕۆ خه‌ڵكانێكی زۆر به ئاسانی و خۆشیه‌وه چێژ له‌م ئازادیه كه‌سیانه وه‌رده‌گرن.
ڕه‌تكردنه‌وه‌ی مۆڕاڵیتی مه‌سیحیه‌ت له‌لایه‌ن سیكۆلاریسته‌كانه‌وه، بووه هۆی ئه‌وه‌ی ئایدیای
تازه بێننه كایه‌وه له په‌یوه‌ند به‌پرسی سێكسوالیتی، هاوسه‌رگیری، پێكه‌وه ژیانی ئازادانه، خوێندن و میراتی و زۆر پرسی تری گرنگ.
ڕاسته (چاخی ئه‌قڵانیه‌ت) کۆمه‌ڵێک پیرۆزی خسته ژێر پرسیاره‌وه، له‌وانه (سه‌روه‌ری ئاین و کلێسا ) به‌ڵام ژنان له‌جه‌وهه‌ردا هه‌ر وه‌کو موڵکی تایبه‌تی پیاو مامه‌ڵه‌ده‌کران. بۆنمونه فه‌یله‌سوفی ئینگلیزی (جۆن لۆک) که به باوکی (لیبرالیزمی کلاسیک) ناوزه‌د ده‌کرێت، کۆنسێپتی ئازادی و مافێک که ئه‌و باسی لێوه ده‌کرد ژنی نه‌ده‌گرته خۆی. به‌ڕای (جۆن لۆک) پیاو نوێنه‌ری خانه‌واده‌یه و ئه‌و بۆی هه‌بوو به‌نوێنه‌رایه‌تی ژن قسه بکات. نابێت ئه‌وه‌شمان بیر‌چێت، کەزۆرێک له پیاوه ڕۆشنگه‌ره‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه دانیان به ماف وئازادی ژناندا نه‌ده‌نا. به هۆی ئه‌وه‌ی گۆڕانكاریه كۆمه‌ڵایه‌تی و فیكری و فه‌لسه‌فیه‌كان فه‌زایه‌كی وای نه‌خوڵقاند كه ژن وه‌كوو مرۆڤ مامه‌ڵه بكرێت، هه‌ربۆیه‌ش له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌وه بزوتنه‌وه‌ی ژنان هاتنه بوون. هه‌ر له‌و ژنانه‌ی كه خوازیاری مافی ده‌نگدان بوون، تا ئه‌مڕۆ كه فێیمینیزم سێ شه‌پۆلی گرنگی تێپه‌راندوه و هه‌رسه‌رده‌مه‌و كۆمه‌ڵێك ماف و گۆڕانكاری له‌گه‌ڵ خۆیدا چه‌سپاندوه.
سه‌ره‌ڕای كه‌مو كورتی، جیاوازی له بۆچوون و ستراتیژی فێمینیسته‌كان به‌درێژایی مێژویی خۆی، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئێمه گه‌واهی كۆمه‌ڵێك ده‌ستكه‌وتی گه‌وره‌ین، گه‌ر بزوتنه‌وه‌ی ژنانی فێمینیست نه‌بوایه ، ئه‌وا ژنان له‌كوردستاندا له‌هه‌موو بواره‌كاندا بوونیان نه‌ده‌بوو ، (بێگومان سه‌رنجی ڕه‌خنه‌یی توندمان هه‌یه له‌سه‌ر زۆر میكانیزم )، به‌ڵام ئه‌مه‌ش به‌كراوه‌یی گوتاری سیاسی كوردی تێناگه‌ین ، به‌قه‌د هێنده‌ی به‌به‌رهه‌می خه‌باتی فمێنسته‌كانی دونیا تێده‌گه‌ین، كه‌مافی ژنانیان كردۆته به‌هایه‌كی جیهانی له‌گوتاری سیاسی‌دا. ئێمه‌ش وه‌ك ژنانی كورد قه‌رزاری مێژووی ئه‌م خه‌باته‌ین، زۆر مافی وه‌كو ده‌نگدان، كاركردن، خوێندن، سه‌فه‌ر، جیابوونه‌وه و منداڵ له‌خۆگرتن و به‌شداری له سیاسه‌ت و هه‌موو پله و پۆستێكدا به‌شێكی كه‌می ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه‌ن.
فێمینیزمی ئیسلامی وه‌ك پرۆژه‌یه‌ك بۆ ئیسلامیزه‌كردنی فێمینیزم
(فێمینیزمی ئیسلامی) وه‌كو تێرم له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كانه‌وه له شوێنی جیاوازدا سه‌ریهه‌ڵدا. بۆ نمونه شه‌هلا شیركه‌ت كه ژنێكی ئێرانیه له هه‌ناوی جمهوری ئیسلامی‌دا جۆرناڵی ژنان (زنان) ی له ساڵی ١٩٩٢دا دامه‌زراند و له‌م ژۆرناڵه‌دا ژنانێك كه گوتاریان ده‌نوسی له ڕوانگه‌ی موسوڵمان بوون و مافی ژن له ئیسلامدا باسیان له پرسی ژن كردوه.. هه‌روه‌ها كه‌سانی تری وه‌ك ئه‌فسانه نه‌جم ئابادی و زیبا میرحوسه‌ینی و كۆمه‌ڵێكی تر كه له ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌ژین و ئه‌كادیمین له‌سه‌ر ئه‌م گوتاره كاریان كردوه. هه‌ندێك ژنی تری ئیسلامی له سعودیه و توركیا و جنوبی ئه‌فریقا كۆمه‌ڵێك كتێبیان له‌سه‌ر ئه‌م پرسه نوسیوه هه‌ر له نه‌وه‌ده‌كاندا.
له‌وانه‌یه ساده‌ترین پێناسه كه‌بۆ فیمینیزمی ئسلامی ده‌كرێت ئه‌وه‌یه كه‌جوڵه‌یه‌كه هه‌وڵده‌دات به‌هاكانی مافی مرۆڤ و ته‌نانه‌ت ئازادی ژن له‌نێو ئیسلامدا پراكتیزه بكات. (مارگۆت به‌دران( یه‌كێكه له فێمینیسته ئیسلامیه‌كان، ده‌لێت (فێمینیزمی ئیسلامی كه‌تێگه‌یشتنی خۆی له مانده‌یته‌كانی قورئانه‌وه وه‌رده‌گرێت، له هه‌وڵی به‌ده‌ست هێنانی ماف و عه‌داله‌تدایه بۆ ژن و پیاو له گشتی خۆیدا. به‌واتایه‌كی تر فێمینیزمی ئیسلامی جیاكراوه‌نییه له دین و له‌وه‌وه وئیلهامی خۆی وه‌رده‌گرێت).
هه‌ڵبه‌ت ئه‌م ئیسلامیزه‌كردنه‌ی فێمینیزم هه‌ڵگری كێشه‌ی زۆره و ته‌نانه‌ت ژنانی موسڵمان خۆیان له‌سه‌ر ئه‌م پرۆژه‌یه جیاوازی هه‌یه له تێڕوانینیاندا. بۆ نمونه دوكتۆره ئایشه هیدایه‌توڵا كه خۆی به فێمینیست و موسڵمان ناوزه‌د ده‌كات، له‌و باوه‌ڕه‌دایه كه ( بنه‌ماكانی فێمینیزم له‌گه‌ڵ قورعاندا یه‌ك ناگرنه‌وه، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی فێمینیزم پرۆژه‌یه‌كی خۆرئاواییه و هه‌ڵه‌یه و نامۆراڵه، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به داواكردنی فێمینیزم له‌چوارچێوه‌ی ئیسلامدا ئێمه داخوازیه‌ك و چاوه‌ڕوانیه‌كی ناواقیعیمان خسۆته‌سه‌ر قورئان. هه‌روه‌ها داخوازی عه‌داله‌تی جێنده‌ری له گوته‌كانی قورعان هه‌م له ڕووی مێژوویی و هه‌م له ڕووی تیۆریه‌وه نه‌گونجاوه).
له‌ڕاستیدا، چاوخشاندنێكی ساده به‌ئه‌ده‌بیاتی فێمینیزمی ئیسلامی ئه‌وه ده‌رده‌خات كه فیمینزمی ئیسلامی له‌خودی خۆیدا ئیشكالیه‌تی گه‌وره‌ی له‌خۆدا هه‌ڵگرتووه كه ده‌توانین له‌چوار خاڵدا كۆی بكه‌ینه‌وه:
یه‌كه‌م: فێمینیسته ئیسلامیه‌كان له ژێر به‌هانه‌ی ئه‌وه‌ی كه فێمینیزمی خۆرئاوایی له جوگرافیایه‌كدا سه‌ریهه‌ڵداوه، كه ده‌وڵه‌ته‌كانیان به‌رپرسیارن له كۆلۆنیالیزم و ئیمپریالیزم و وڵاتانی موسڵمانیان داگیركردوه. به‌و هۆیه‌وه فێمینیزمی خۆرئاواییه‌كان فێمینیزمی سه‌رده‌سته‌یه و ژنانی موسڵمان ناگرێته‌وه. ئه‌مه دووفاقیه‌كی ئێجگار گه‌وره‌ی ئه‌م ژنه موسڵمانانه‌یه كه خۆیان ژنانی خۆرئاوا به سه‌رده‌سته و وڵاته‌كانیان وه‌ك داگیركا‌ر له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، له كاتێكدا خۆیان وڵاته‌كانیان وه‌كو ئێران و توركیا و وڵاتانی تری عه‌ره‌بی، به درێژایی مێژووی خۆیان ئه‌وانی تری ناعه‌ره‌ب و نا موسڵمان، و غه‌یره فارس و غه‌یره توركیان له‌ناو بردوه. ئه‌م هه‌موو سته‌مه‌ی ده‌وڵه‌ته‌كانیان نابێته جێگای سه‌رنجیان ته‌نانه‌ت یه‌كجاریش ئاماده‌نین دانیپێدانێن. به‌ڵام له ئاست (ئه‌وانیتر) دا پێناسه‌ی خۆیان وه‌ك موسڵمان و فێمینیست ده‌كه‌ن و زۆرێك له چه‌مكه ئینسانی و عه‌لمانی و قوڵه‌كانی ئه‌وان ده‌دزن و ئیسلامیزه‌ی ده‌كه‌ن به‌بێ به‌شداری پێكردنی ئه‌وانی تری ناموسڵمان و غه‌یره عه‌ره‌ب و فارس و تورك.
دووهه‌م: فیمنیزمی ئیسلامی له‌ڕۆژئاوا زیاتر دیارده‌یه‌كی سێكۆلایزمی خۆرئاواییه ، خه‌یاڵێكی ڕۆمانسیانه‌ی هه‌یه بۆ ئیسلام، ده‌یه‌وێت مانایه‌كی دیكه بدات به‌ئیسلام كه‌بێگومان له‌گه‌ڵ كڕۆكی بنه‌ماكانی ئیسلام و پایه‌كانیدا ناكۆكه؛ وه‌ك ئازادی جلپۆشین ، ئازادی هاوسه‌رگیری و هاوتابوون له‌میراتیدا .. زۆریتر كه‌به‌هاكانی سێكۆلاریزمه و له‌گه‌ڵ قورئان و شه‌ریعه‌دا یه‌كناگرێته‌وه . لێره‌وه فیمنزمی ئیسلامی له‌ڕۆژئاوا جۆرێكه له (نۆستالژیا) و (قه‌یرانی شوناسی) ژنانی كۆچبه‌ره له‌به‌رامبه‌ر ناسنامه و پاشخانی خۆی كه‌خێزانه‌كه‌ی خۆیه‌تی و له‌وڵاتانی ئیسلامیه‌وه هاتووه.
سێهه‌م: فیمینزمی ئیسلامی یاخود (النسویه الاسلامیه) له‌وڵاته عه‌ره‌بی و ئیسلامیه‌كاندا له‌هه‌ناوی بزواته ئیسلامیه‌كانه‌وه هاتۆته ده‌ر و خاوه‌نی (گوتارێكی سیاسی\ئیسلامیه) ئامانجی زیاتر چه‌سپاندنی ڕۆڵی ژنه وه‌ك ئیسلامیه‌ك له‌نێو بزواته ئیسلامیه‌كاندا له‌پله و پایه‌و پۆست و شوێنای سیاسی، ده‌نا وه‌كیتر دووره له‌مانا فراوانه‌كانی گونجاندنی مافی ژنان له‌گه‌ڵ ئیسلامدا. ئه‌مان له بنه‌ڕه‌تدا بۆ له‌قاڵبدانی ژنانی خۆرهه‌ڵات و ماف و ناسنامه‌یان وه‌كو ژنی موسڵمان هه‌وڵ ده‌ده‌ن. ده‌یانه‌وێت به‌ر به‌دروستبونی بزوتنه‌وه‌ی تری فێمینیستی و چه‌پ و ڕادیكاڵ بگرن و خواسته‌كانی ژنان به‌رنه نێو قورعان و شه‌ریعه‌تی ئیسلام و بۆ سه‌دان ساڵی تر ژنانی ئه‌م ناوچه‌یه گیرۆده‌ی كۆمه‌ڵێك به‌ناو ماف بكه‌ن، كه له‌بنه‌ڕه‌تدا هیچ سودێكی بۆ كۆی ژنانی كۆمه‌ڵگه نییه. خواستی پێشنوێژی ژنان له مزگه‌وت و بونیان له په‌رله‌مانه‌كانی حكومه‌ته داعش ئاساكان چ سودێك به ژنانی چینی هه‌ژار و كه‌م ده‌رامه‌ت ده‌گه‌یه‌نێ كه زۆرینه‌ن له‌و وڵاتانه‌دا؟
چوارهه‌م: خودی فیمینزمی ئیسلامی له‌لایه‌ن توێژه‌رانی ژنانی ئیسلامیه‌وه به (ئیجتیهاد) و نادیار و (چوارچێوه‌ی گشتی) له‌قه‌ڵه‌مده‌رێت. وه‌ك هه‌وڵدانێك له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه هه‌ژمارده‌كرێت بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ندێك مافی ژنان له‌گه‌ڵ شه‌ریعه‌ته‌دا، كه‌واته شه‌رمنانه له‌چوارچێوه‌ی گوتاری فیقهی ماسكولێنیتی و پیاوگه‌راییدا وبه‌ڕه‌زامه‌ندی ئه‌وان هه‌وڵده‌دات شوێنای پله دووی بۆ بهێڵته‌وه.
فیمنزمی ئیسلامی به‌ده‌ر نییه له‌كاركردن بۆ (گوتاری ئیسلامی سیاسی) به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستێكی دیكه، ته‌واو وه‌ك (ئیسلامیه لیبرالیه‌كانی ئه‌وروپا) وه‌هان كه‌له‌زانكۆكاندا باس له (ئیسلامێكی تر) ده‌كه‌ن. هه‌ردووكیان ڕه‌خنه‌گرانی ڕاسته‌قینه‌ی گوتاری ئیسلامیزم و ئیسلام به (ئیسلامۆفۆبیا) تۆمه‌تبارده‌كه‌ن! به‌مانای كۆی فیمینیزمی ئیسلامی بیه‌وێت یان نا له‌خزمه‌ت (ئیسلامی سیاسی) دا كارده‌كات.
له‌هه‌مانكاتیشدا فیمنزمی ئیسلامی هه‌ڵگری دووفاقیه‌كی ناشرینه به‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ده‌یڵێن شتێكه و ئه‌وه‌ی خۆشیان له‌نێو خۆیاندا بڕوایان پێیه‌تی شتێكی تره. فێمینیسته ئیسلامیه‌كانی خۆرئاوا زۆربه‌یان ستایلی ژیانیان ته‌واو خۆرئاواییه و هیچ لێكچونێكی به ژیانی ئه‌و ژنانه تیا به‌دی ناكرێ كه‌له ژێر مه‌كینه‌ی ئیسلامی سیاسی‌دا هاڕدراون له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
فیمینیزمی ئیسلامی كاری یه‌كه‌می فراونكردن و له‌قه‌ڵه‌مدانی ڕه‌خنه‌ی جیدی له ئیسلام به (ئیسلامۆ فۆبیا) و هه‌وڵدانی به (ڕۆمانتیكردنی ئیسلامه) له‌گوتاری ڕۆژئاوادا، وه‌ك په‌رده‌پۆشكردنی نیه‌ته ڕاسته‌قینه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵه و جوڵه‌یه‌ی ژنانی ئیسلامی له‌ڕاستیدا ده‌یكه‌ن.
ده‌توانین بڵێین؛ فیمینیزمی ئیسلامی هه‌وڵده‌دات هه‌ناسه‌بدات به لاشه‌یه‌ك له‌دونیای مافی ژناندا كه‌ده‌مێكه مردووه، كه‌ئه‌ویش كۆی ئیسلامه. كۆی ئیسلامی ڕاسته‌قینه به‌هیچ جۆرێك له‌گه‌ڵ مافه‌كانی ژنان یه‌كناگرێته‌وه ، له‌هه‌مانكاتیشدا (فمینزمی ئیسلامی) فانتازیایه‌كه بۆ ئیسلامێك كه‌ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئیسلامی ڕاسته‌قینه‌یه..
فیمینیزمی ئیسلامی له‌لایه‌ن ژنه‌كانی بزواته ئیسلامیه‌كانه‌وه و بیرمه‌نده‌كانیانه‌وه دامه‌زراوه‌و هیچیتر نییه وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن؛ جگه له‌چه‌ند (ئیجتیهاداتێك) كه‌ده‌كرێت به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت و ده‌شكرێت وه‌لابنرێت… ئه‌مانه هیچ مه‌ترسیه‌ك له‌سه‌رهیچ ده‌سه‌ڵاتێك دروست ناكه‌ن، به‌ڵكو ئارایشتێكی ژنانه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته نێرسالار و ئیسلامیه سیاسیانه ده‌كه‌ن، كه ڕۆژانه ده‌یان كه‌س له مه‌یدانه‌كانی شاردا ملیان به‌داردا ده‌كرێت و سه‌ریان ده‌په‌ڕێندرێت وژن به‌رده‌باران ده‌كرێت له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی سێكسی.
هه‌موو هه‌وڵیان جه‌ختكردنه‌وه‌یه له‌مافی هه‌ڵبژاردن ، پێشنوێژی ژنان، هه‌ندێك مافی خوێندن و كاركردن و به‌شداری سیاسی ژنه ئیسلامیسته‌كان له‌دونیای سیاسه‌تدا. كه زیاتر خزمه‌ته به گوتارێكی ئیسلامی سیاسی وه‌ك له‌وه‌ی خزمه‌ت بێت به‌مافه‌كانی ژنان له‌دونیادا . ئه‌م گوتاره سه‌رجه‌م كه‌ده‌چێته سیاسه‌ته‌وه جگه له‌دیسپۆت و جیاكاری جێنده‌ری هیچیتری لێ به‌رهه‌منایه‌ت، له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه فیمنزمی ئیسلامی خزمه‌ت به‌م گوتاره ده‌كات.
ژنی كورد و فێمینیزمی ئیسلامی
ئاینی ئیسلام ئاینێكه له ڕێگه‌ی داگیركاریه‌وه به ئێمه ناسێنراوه، به واتایه‌كی تر میمۆری ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌م ئاینه بریتیه له‌داگیركاری به حوكمی شمشێر و به‌زۆر به ئیسلامكردن. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه یه‌ك ئاین نییه، به‌ڵكو چه‌ندین ئاینی تری وه‌ك مه‌سیحیه‌ت، جوله‌كه، كاكه‌یی، یه‌زیدی و خه‌ڵكانی ئاته‌یستی تیایه. گه‌ر ژنێك یان پیاوێكی عه‌ره‌ب زمان، بوون و زمان و كو‌لتور و دینی خۆی له ئیسلامدا بدۆزێته‌وه ناكرێ لۆمه بكرێ، به‌ڵام من بۆ؟ په‌یوه‌ندی من وه‌ك ژنێكی كورد ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و ئاینه‌ی كه زۆرینه‌ی خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته تێیناگه‌ن چی بێت؟ بۆ ده‌بێت من له ڕێگه‌ی ئاینه‌وه باس له‌مافی خۆم بكه‌م؟ ژیانی كه‌سیم گرێ بده‌م به كۆمه‌ڵێك فه‌رموده و حه‌دیس و كتێبی به ناو ئاسمانیه‌وه كه بۆ ساتێك په‌یوه‌ندیان به ئه‌مڕۆوه نییه. من ئیشكالیه‌تێكی گه‌وره ده‌بینم له‌وه‌ی كه ژنێك به تایبه‌ت كورد بێت و باوه‌ڕی به‌شتێك هه‌بێت كه پێی ده‌وترێت فێمینیزمی ئیسلامی؟ ژنی كورد له سایه‌ی ئه‌م ئاینه‌دا له كۆیله‌یه‌كی سێكسی كه لاقه ده‌كرێت و ده‌فرۆشرێت و مامه‌ڵه‌ی پێوه ده‌كرێت له بازاڕه‌كانیاندا پێناسێكی تری نییه.
دیاره له ئێستادا فێمینیزمی ئیسلامی بازاڕی هه‌یه به‌تایبه‌ت له وڵاتانی خۆرئاوا، به‌ڵام پشتگیری كردنی نێوه‌نده خۆرئاوایه‌كان له ژنانی فێمینیستی ئیسلامی په‌یوه‌ندیه‌كی دێرینی به تێڕوانینه باڵاده‌سته سپیگراییه‌كه‌یانه‌وه هه‌یه، كه ئه‌وی تری نا سپی، مرۆڤی پله دوه و نائه‌قڵانیه. ئۆریانتالیسته خۆرئاوایه‌كان ژنی خۆرهه‌ڵاتی له ژنێكی ده‌سته‌مۆ و ملكه‌چی نێو ئاینی ئیسلام و ده‌وڵه‌ته ئیسلامیه‌كان زیاتر نابینن. ئه‌م وێنانه‌یه پڕاوپڕی خه‌یاڵی ئه‌وانه بۆ ژن. ئێدوارد سه‌عید ده‌ڵێت: (ئۆریانتالیزم دووباره ئه‌و پرسیاره دروست ده‌كات كه ئایا ئیمپریالیزم هیچ كات كۆتایی هاتووه، یان به‌رده‌وام بووه له و كاته‌ی كه ناپلیۆن دوو سه‌ده له‌وه‌به‌ر ده‌چێته ناوقاهیره) .. به‌واتایه‌كی تر ئۆریانتالیزم له به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی زانیاری و وێناكردنی ئه‌وی تری خۆرهه‌ڵاتی به‌رده‌ومه. په‌یوه‌ندی ئه‌م ڕستیه و ئه‌م دیده خۆرئاواییه بۆ ئه‌وی تری كورد ئه‌وه‌یه كه خه‌ڵكێكن ده‌بێت به‌رده‌وام داگیربكرێن و كۆلۆنیالیزه بكرێن له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی تری له خۆیان باشتره‌وه.
هه‌ڵبه‌ت ده‌توانم بڵێم ئه‌م تێڕوانینه‌ی خۆرئاوایه‌كان گۆڕا له‌وكاته‌ی داعش ویستی پێبنێته نێو خاكی كۆبانی و ژنانی كورد شكستی گه‌وره‌یان به‌سه‌ردا هێنان. كورد وه‌ك میلله‌تێكی بێ ده‌وڵه‌ت به‌رده‌وام له‌ده‌ره‌وه‌ی مۆدێرنه سه‌یرده‌كرێت، به‌ڵام خه‌باتی ژنانی كۆبانی نه‌ك ته‌نها له‌ڕووی چه‌كداریه‌وه، به‌ڵكو له ڕووی فیكری و هۆشیاری ژنانه‌یانه‌وه، كوردی هێنایه نێو هه‌ناوی مۆدێرنه‌وه . ئه‌مڕۆ له‌زۆربه‌ی زانكۆكان، ناوه‌نده فیكری و فێمینستی و میدیاكان له خه‌باتی ژنی كوردی ڕۆژئاوای كوردستان باس و لێكۆڵینه‌وه ده‌كرێت. هه‌ڵبه‌ت ئۆریانته‌لیسته‌كان هه‌وڵیانده‌دا سه‌رپۆشی موسڵمانێتی بده‌ن به‌سه‌ری ژنانی كۆبانی و خه‌باته‌كه‌یاندا، به‌ڵام كارێكی ئه‌سته‌م بوو، چونكه چه‌ك هه‌ڵگرتنی ئه‌م ژنانه پرۆسه‌یه‌كی به پیاوكردن و ماسكولین كردنی ژنان نییه وه‌ك هه‌ندێك كه‌س باسی لێوه ده‌كه‌ن، به‌ڵكو له بنه‌ڕه‌تدا خاوه‌نی پرۆژه‌ی خۆیانن بۆ پرسی ژن. ئێمه پێویسته له‌م جۆره ئه‌زمونه سود وه‌رگرین، نه‌ك په‌نا به‌رین بۆ جۆرێك له فێمینیزم كه له هه‌ناوی پیاوسالارانه‌ترین ئاینی به‌ناو ئاسمانیه‌وه هاتۆته‌ده‌ر. له بنه‌ڕه‌تدا ئیسلام كێشه و شه‌ڕی زۆر گه‌وره‌ی له‌سه‌ره و به درێژایی دروستبوونی خۆی ده‌سته و تاقمی جیاواز یه‌كتری له‌سه‌ر نابوتده‌كه‌ن و هه‌ركامه‌وه ده‌ڵێت من ئیسلامی ڕاسته‌قینه‌م و تۆ كۆپیت. تا ئێستاش ڕوون نه‌بۆته‌وه كامه تێكست، كامه حه‌دیس یان مه‌رجه‌عی شه‌رعی موسوڵمانان به‌هه‌ند وه‌رگرن؟
ساده‌ترین پرسیار ئه‌وه‌یه ئاینێك كه‌هه‌ڵگری ئه‌م هه‌موو ئیشكالیه‌ته‌یه و هیچ تێكستێكی به ته‌واوی به‌ناو زانایانی موسڵمان یان ڕه‌وت و ته‌یاره ئیسلامیه‌كان له‌سه‌ری كۆك نین، ئیدی من له‌كوێ ئه‌م دینه‌دا فێمینیزم بدۆزمه‌وه؟
هه‌روه‌ك له‌سه‌ره‌وه كورته‌یه‌كم باسكرد له‌سه‌ر سیكۆلاربوونی ڕه‌وته فێمینسیتیه‌كان و گرنگی سیكۆلاریزم بۆ پرسی ژن، چۆن دینی ئیسلام ده‌توانێت گۆشه‌یه‌ك له‌ماڵه‌كه‌ی بدات به فێمینیسته‌كان؟ فێمینیزم له‌بنه‌ڕه‌تدا بۆ پرسی ماف و ئازادی و یه‌كسانی و هاوسه‌رگیری ده‌ره‌وه‌ی شه‌رع ، هێنانه دونیای منداڵ له ده‌ره‌وه‌ی هاوسه‌رگیری و به‌زۆڵ هه‌ژمارنه‌كردنی، ژیان به‌ته‌نها، سه‌فه‌ركردن، پێكه‌وه‌ژیان له‌ده‌ره‌وه‌ی هاوسه‌رگیری و نه‌هێشتنی سێكسیزم و جیاكاری هتد، خه‌باتده‌كات. فیمینزم یه‌ك دونیا پرسی تری په‌یوه‌ند به ئازادی تاكه‌وه هارووژاندووه…ئایا موسڵومانه‌كان كه دێن و ده‌م له فێمینیزمی ئیسلامی ده‌ده‌ن بیریان له‌م چه‌مكانه كردۆته‌وه؟
ناكۆك بوونی ئیسلام له‌گه‌ڵ خۆی و ژنانی به‌ناو فێمینیستی ئیسلامی له‌سه‌ر چه‌مكی فێمینیزم ناتوانێت پرۆژه‌یه‌ك بۆ ژنی كورد بدۆزێته‌وه. ئه‌زموونی ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌م دینه له كه‌نیزه‌ك و ده‌ستدرێژی و كڕین و فرۆشتن زیاتر نه‌بووه. ناكرێ وه‌كو ژنێكی كورد له‌چوارچێوه‌یه‌كی ئاینی و پرۆژه‌یه‌كی سیاسی ئیسلامی‌دا ماف و ئازادیه‌كانی خۆم پێناسه بكه‌م.
به‌گرنگی ده‌زانم ئه‌وه بڵێم كه ئه‌گه‌ر ئاینه‌كان بۆ نمونه مه‌سیحیه‌ت و كاتۆلیسیزم له خۆرئاوا له بنه‌مادا ڕێگه‌یان به مافی ژن بدایه ئه‌وه چ پێویست بوو ئه‌م هه‌موو ڕه‌وته سێكۆلاریستیه دروست بێت و باڵاده‌ستی كلێسا به‌سه‌ر ژیانی كه‌سی مرۆڤدا نه‌هێڵێت؟ گه‌ر فێمینیسته‌كانی خۆرئاوا هه‌ستیان به بوون و ماف و ئازادیه‌كانی خۆیان بكردایه چ پێویست بوو جه‌خت له‌سه‌ر ژیان و په‌یوه‌ندی و كار و خوێندنی خۆیان بكه‌نه‌وه له‌ده‌ره‌وه‌ی ئاینی مه‌سیحیه‌ت؟
پرسیاری كۆتایی بۆ ئێمه له كوردستان ئه‌وه‌یه، به‌درێژایی مێژوی ئیسلام ژن و پێگه‌ی ژن له كۆمه‌لگه‌و یاساكان و خێزان و شوێنی كاردا تا چه‌ند دان پێدانراوه تا ژنی كورد ڕه‌دووی ئه‌م ئاینه بكه‌وێت و فێمینیزمی تیا بدۆزێته‌وه؟
سه‌رچاوه‌كان
-Olympe de Gouges (1748—1793) http://www.iep.utm.edu/gouges/
-Mary Wollstonecraft:The Vindications: The Rights of Men and The Rights of Women- Published (1997)
-D. Goodman: Enlightenment Salons: The Convergence of Female and Philosophic Ambitions- Eighteenth-Century Studies-1989.
– Dr. Aysha Hidayatullah ( 2014): Feminist Edges of the Quran
-Dr. L. Shwartz: ‘Freethought, Free Love and Feminism: Secularist Debates on Marriage and Sexual Morality, England c.1850-1889
-Margto Badran (2002): Islamic Feminism: What’s in a Name?
-Said, Edward. (1994). Orientalism. New York: Vintage Books. )P 25, Intro)
تێبینی: كورته‌یه‌كی ئه‌م بابه‌ته له دووهه‌م كۆنفرانسی دابڕان‌دا پێشكه‌ش كراوه.