بارزانی و پارتی‌: دەوڵەتی کوردی یان دوو لەتیی کوردی

Loading

 

ماوەیەکە لەگەڵ زیادبوون‌و قوڵبوونەوەی قەیرانەکان لە کوردستان دەزگا ئیعلامییەکانی پارتی باس لە “هەوڵەکان”‌و “پڕۆژەکانی” مەسعود بارزانی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دەکەن. لەبەرابەریشدا میدیاو ئەندامان‌و لایەنگرانی گۆڕان‌و یەكێتیی‌و حزبە ئیسلامییەکان هەڵوێستی جیاوازیان لەسەر ئەم پرسە هەیە. هەندێکیان هەڵوێست‌و ڕەخنەی جدین‌ هەندێکی دیکەش بەهۆی ناکۆکی حیزبی نەک هەر ڕەخنە لە قسەوباسەکانی پارتییەکان دەگرن بەڵكو دژایەتی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانی دەکەن. گرنگە ئەم پرسە قسەی زیاتری لەسەر بکرێت‌و کەموکورتییەکانی هەردوولا دەربخرێن. ئەم بابەتە هەوڵێکە بەو ئاراستەیە.

“پڕۆژەکەی” بارزانی‌و دەوڵەتی کوردی

کوردستانیان لە هەر شوێنێک بن واچاکە پشتیوانی لە هەر هەوڵێک بکەن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردستانی، جا ئەم هەوڵ‌و پڕۆژەیە لەلایەن هەر کەس‌و لایەنێکەوە دەستپێشخەری بۆ کرابێت، بە بارزانی‌و پارتیشەوە.

کێشەی کورد لە عێراق لە سەد ساڵی ڕابردو لە ئاکامی لکاندنی باشوری کوردستان بە عێراق‌و پێشێلکردنی مافە کەلتوری‌و سیاسیی‌و نەتەوەیی‌و نیشتیمانییەکانییەوە سەریهەڵداوە. ئەگەر بارزانی‌و پارتی بتوانن ئەو بەزۆرلکاندنە هەڵوەشێننەوەو دەوڵەتێک بۆ کوردستانیان دامەزرێنن کە سنورەکەی لە خانەقینەوە دەستپێبکا‌ت‌و ئەو بەشەی پارێزگای کەرکوک لەخۆبگرێت کە ئێستا لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی پێشمەرگەدایەو سنورەکەی بەژێر مەخمورو شێخان‌و زومار تێپەڕێت‌ تا دەگاتە شەنگال، ئەوە بۆ دەبێت دژایەتی بکرێت؟ مەگەر ئەوە خەونی هەموو کوردستانییەک نییە؟

کەسانێک هەن دەڵێن دەوڵەتێکی دامەزراو لەسەر دەستی بارزانی، ئەو دەکات بە حاکمی ڕەهاو دەوڵەتێکی ستەمکاریشی لێدەردەچێت. دەکرێت بڵێین بەڵێ وایە، بەڵام مەگەر بارزانی هەر ئێستا حاکمی ڕەهای هەرێمێکی ستەمکارو گەندەڵ نییە؟ باشە بارزانی سەرۆکی هەرێمێکی لەو شێوە بێت باشترە یان دەوڵەتێکی لەو شێوە. ئەگەر ئەو کەسانە دەیانەوێت خەباتبکەن بۆ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی‌و یەکسانیی‌و ئازادی‌و دیموکراسی‌و بەگژ گەندەڵی‌ دابچنەوەو پڕۆژەی چاکسازی حکومەتێکی ڕەشید وەک بەدیل بۆ حکومەت‌و دەسەڵاتی بارزانی ڕاپیشبکەن، ئەوە بۆ لەناو دەوڵەتە کوردستانییەکە نایکەن بۆ لەناو هەرێمێکی لکێنراو بە عێراقدا دەیکەن؟ مەگەر ڕزگاربوون‌ لەو دەوڵەتەی کە هەشتا ساڵبوو دەوڵەتێکی قەومی-عەرەبی-سوننی ڕەگەزپەرست‌و دەمارگیرو کاولکەربوو و ئێستاش دە ساڵە دەوڵەتێکی دینیی-ئیسلامیی-شیعیی گەندەڵ‌و داتەپیوو و دابەشکراو داگیرکەرە ئەولەوییەتی زیاتر نییە؟ ئەوە چ لۆجیکێکە کە ئەم مانەوەیە قەبوڵدەکات؟

بەگشتی کوردستانیان دوو ئامانجیان هەیە‌. یەکەمیان سەربەخۆیی کوردستانەو‌ دووەمیشیان دەوڵەتێکی مەدەنی دیموکراسییە کە تێیدا ئینسانەکان کەرامەتیان پارێزرابێت‌و فرەیی سیاسیی‌و نەتەوەیی‌و کەلتوری‌و دینیی فەراهەمکرابێت‌و چەمکی هاوڵاتییبوون جێگرکرابێت‌و یەکسانیی ژن‌و پیاو پارێزراوبێت. بەدامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردستانی ئەگەر بارزانیش بە ئەرکەکەی هەستابێت ئەوە خەونی یەکەم دێتەدی. نەبوونی دەوڵەت بووەتە هۆیەک بۆ درێژەدان بە گوتاری ناسیونالیستی ڕووت لەلایەن هەندێک لایەن، بەتایبەتی پارتی، کە بۆ چەواشەکردن‌و گەمژەکردنی جەماوەر تاوەکو تەرکیز لەسەر پرسەکانی چاکسازی‌و چاکترکردنی باروگوزەرانی خەڵک نەکرێن. هەتا پرسی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانی دوابکەوێت ئەم گوتارە ناسیونالیستییە ڕوتە موریدی دەبێت‌و شێوازی بەڕێوەبردنی حکومەتی ناڕەشید تەمەندرێژتردەبێت. واتە دامەزراندنی دەوڵەت دەبێت وەک هەنگاوێک‌و بەردەبازێک بۆ ئامانج‌و خەونی دووەم ببینرێت‌و مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت نەک پێچەوانەکەی، کە هەندێک کەس بەگرنگتری دەبینن.

“پڕۆژەکە”ی بارزانی‌و دوولەتیی کوردی

ئەوەی تۆزێک لە پرۆسەی دامەزراندنی دەوڵەت‌و ماناکانی پڕۆژە گەیشتبێت دەزانێت ئەوەی کە پارتییەکان‌و میدیاکەیان باسی دەکەن بە هیچ شێوەیەک پڕۆژە نییە بەڵکو موهاتەرات‌و موزایەداتێکی سیاسییەو زیاتر مەبەست لێی چەواشەکردنی ڕای گشتی‌و سەرقاڵکردنی خەڵکە بە پرسگەلێکی سیمبولیی تاوەکو پرس‌و قەیرانە جەوهەرییەکانی کوردستانیان لەبیربکرێن. ئەوەی پارتییەکان باسی لێوەدەکەن پڕۆژە نییە، چونکە:

یەکەم، بارزانی کە گوایە “ڕابەر”و دەستپێشخەری پڕۆژەیەکە تا ئێستا باسی لە ناوەڕۆکی “پڕۆژەکە”و میکانیزمەکان‌و هەوڵەکانی خۆی لەو بوارە بۆ خەڵکی کوردستان‌ نەکردوە. بارزانی گوایە لە ئەبوزەبی‌و ریازو ئەنقەرە خەریکی کۆکردنەوەی پشتیوانییە بۆ دەوڵەتی کوردی کەچی تا ئێستا سەردانێکی سلێمانی‌و هەڵەبجەو کەلارو کۆیەو کەرکوک‌‌و تەنانەت هەولێرو دهۆک‌و شێخانیشی نەکردوە بۆ ڕونکردنەوەی پڕۆژەکەی‌و وەگەڕخستن‌و مسۆگەرکردنی پشتیوانیی خەڵکی کوردستان لە “پڕۆژەکەی”.

دووەم، دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانی پێویستی بە کەمپینێکی سەرتاسەریی لەناوخۆو دەرەوەی هەرێم هەیە لەگەڵ گێڕانەوەی شەرعیەت بۆ دامودەزگا سیاسی‌و تەشریعی‌و میدیاییەکانی کوردستان، کەچی بارزانی پارتی لەوکاتەی کە هەڵمەتە حزبییەکەیان دەستپێکردوە دامەزراوە شەرعییەکانی هەرێمیان پەکخستوە، وەک پەرلەمان، یان کۆیلەکردوە وەک ئەنجومەنی شورا. دامەزراوە میدیاییەکانیش سەرکوتکراون، وەک ئێن ئاڕ تی‌و کەی ئێن ئێن. لەئاکامی سیاسەتە چەوتەکانی بارزانی‌و پارتی لەبری یەکڕیزیی کۆمەڵگەی کوردی دەیان هێندەی جاران پەرشوبڵاو پۆلەرایزکراوە.

سێیەم، بارزانی‌و پارتی دوای زیاتر لە ١٠ ساڵ لە سەرۆکایەتیکردنی هەرێم‌و حکومەتەکەی ئێستاش دەسەڵاتەکانیان لە دێگەڵە تێپەڕناکات. بارزانی‌و پارتی شکستیاننەهێناوە لە پرسی یەکگرتنەوەی دوو ئیدارەو یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگەو ئاسایش‌و یەکە هەواڵگرییەکان بەڵکو ئەوان ڕێگربوونە لەبەردەم هەر هەوڵێک ئەگەر هەشبووبێت.

چوارەم، گێڕانەوەی ناوچە دابڕاوەکان پێشمەرجێکی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانییە کەچی بارزانی‌و پارتی نەک هەر هەوڵێکیان نەداوە بۆ گێڕانەوەی ناوچە دابڕاوەکان بەڵکو لەدیدێکی تەسکی حزبییەوە تەماشای گێڕانەوەی ئەم ناوچانەیان کردوە، بەتایبەتی کەرکوک، چونکە وەک هەڕەشەیەک لەسەر تەرازوی هێزی خۆیان‌و بەقازانجی نەیارەکەیان، یەکێتیی، بینیویانەو مامەڵەیان لەگەڵدا کردوە.

پێنجەم، پارتی‌و میدیاکانی هەموو هەوڵێکیان خستۆتەگەڕ بۆ بەشەخسەنەکردن‌و بەحزبیکردنی پرسەکە. دەوڵەتی کوردستانیی پەیوەستە بە چارەنوس‌و خواستی خەڵکی کوردستان. ئەوەش بەشداریکردن‌و بەشداریپێکردنی زۆرینەی جەماوەری کوردستان دەخوازێت. پرسی دەوڵەتی کوردستانی کۆکبوونی هەموو هێزو لایەنەکانی کوردستانی دەوێت. بارزانی‌و پارتی نەک هەر نەهاتون لەسەر ئەم پرسە کۆدەنگییەک دروستبکەن بەڵکو هەموو لایەنەکانی دیکەیان لەم پرسە پشتگوێ‌و پەراوێزو زویرکردوە.

شەشەم، بارزانی بۆخۆی ماوەی شەش مانگە هیچ شەرعییەتێکی یاسایی‌و تەشریعی‌و جەماوەریی‌ نییە. کەسێک کە شەرعیەتی ناوخۆی نەبێت چۆن دەتوانێت شەرعیەتی دەرەکی بۆ پرسێکی ئاوا نێونەتەوەیی بەدەستبێنێت‌و ڕابەرایەتی جەماوەرێک بکات کە نیوەی زیاتری وەک دیکتاتۆرێکی خۆسەپێن تەماشایدەکەن.

هەر هەوڵێکی بارزانی‌و پارتی پێش یەکخستنەوەی ناوماڵی کوردی‌و هێزەکانی پێشمەرگەو ئاسایش‌و دروستکردنی کۆدەنگی‌و یەکڕیزییەکی حزبیی‌و جەماوەریی، ئەوە لەجیاتی ئەوەی دەوڵەتی کوردی بەرهەمبێنێت کوردستان دوولەت دەکات ئەگەر نەڵێین سێ لەت، لەتێکی زەردو لەتێکی کەسک‌و لەتێکی دابڕاو.

بۆیە دەکرێت بڵێین ئەو هەوڵانەی بارزانی‌و پارتی دەیدەن بۆ دەوڵەتی کوردی نین بەڵکو بۆ دوولەتی‌و سێلەتی کوردین. بارزانی‌و پارتی لەبەرئەوەی بەو قەناعەتە گەیشتون کە دەسەڵات‌و قەڵەمڕەویان لە دێگەڵە تێپەڕی نەکردوەو تێپەڕناکات بۆیە ساڵانێکە خەون بە دوولەتکردنی هەرێم دەبینن‌و دەیانەوێت بەدامەزراندنی “ئیمارەتێک”، هاوشێوەی قەتەرو سعودیە، لەتوپەتکردنی هەرێمی کوردستان پەردەپۆشبکەن.