شیرازنامە (٥)

Loading

پاش بڵاوبوونەوەی بەشی یەکەم، بەشی دووەم، بەشی سێیەم و بەشی چوارەم

بەشی پێنجەم

بۆ فەتانەی خادم فارس

peshawakakayy
پێشەوا کاکەیی

وەک هەمیشە سڵاو … لێ ئەم جارەیان، نیگەران مەبن، لە دامرکانەوەی ئەم وشانەی کە وشە نین و، دونیایەک ڕستە بە دوای خۆیاندا پەلکێش دەکەن؛ چ ڕستەیەک، کە تەنیا دوو وشەی باریکەڵە و کز و داماون، لە هەناویدا، قەڵەوی چوارشانن. نا، ببوورن … نە کزن و نە قەڵەون، دەزانم ئەم وشە باریکەڵە و قەڵەوانە، سەرلەبەری ڕستەکان دەکاتەوە خووریی و، بە کوفریی شیرینیشی ناخوێننەوە. جا بۆ وەی بڵێین: ئەم وشانە لە کوێوە لە دایک دەبن، چۆن ڕستە دروست دەکەن، یان بڵێین: ئەم ڕستانە لە کوێوە ئەم وشانەی بەرهەم هێناوە، ئێ کە فیزیایی و میتافیزیکییش نەبن؛ خۆ دەبێت ڕۆبچینە قووڵاییی ماناکانی وشە. جا کێ ناڵێت: لە ڕوانگەی “با”وە، میتافیزیکیی نینە و، وە کێ ناشڵێت: فیزیکیی نین و، دەگەڵیدا “با”شی بۆ دونیای ئێمە نەهێناوە و، چەند ناوێکی لێ داتاشیوە؛ لەوانە: “با”ی پشوو، “با”ی مردوو. ڕەنگە ئێوەش دەبەر خۆتانەوە، چرپەچرپێک بکەن و، ببێژن: ئێ جا هەر ئەوەمان مابوو، نێوی “پشوو، مردوو” بۆ “با”ش داتاشن؛ خودا پەنامان بدات. منیش، گوێم لەم چرپەچرپەیەت بێت و، بڵێم: بەڵێ خودا پەنامان بدات، بەس بۆ مەگەر نابێت لێی ورد ببینەوە، ئێ “با”ش، لەوەیە بمرێت؛ بەشکایەکوو لە ڕۆح بێزار بێت و ئێوارەیەک لە نێو کەند و شیو و دۆڵێکدا، بۆ هەمیشە بخەوێت، خەوێکی سەرمەدیی. کچی سەید زادەی ڕۆحبەر… ئەم دونیایە بێ غەوش نییە، وەک چۆن مرۆڤ لە دوای خۆی، بێ غەوش نییە. دونیا، شتێکی غەیبییە و مرۆڤ لە غەیبییدا دەریدێنێت و دەیکاتەوە بە دونیایی؛ کە ئەویش، مرۆڤ بە دونیابوونیەتی. ڕەنگە دیسانەکێ، بڵێن: مەگەر دونیا و زەمین یەک شت نین، منیش بڵێم: نا؛ دونیا، هەم زەمین و هەم مرۆڤ وابەستەبوونیەتی پێیەوە. زەمین و مرۆڤ، غەیبی نین، نا دونیا غەیبییە، بەس مرۆڤ لە غەیببوون و ناغەیببوونی، یان ئەوەتا ڕزگاری دەکات و یان لەوەیە لە قووڵایی ئەم نەخۆشییەیدا نەتوانێت دەریبهێنێت واتە: مرۆڤ، لە زەمین دەربکەیت، شتێک نامێنێتەوە بۆ دونیا و، زەمین: بە زەمینی دەمێنێتەوە. وەک چۆن، زەمین: لە مرۆڤ بستێندرێتەوە، شتێک نامێنێتەوە بۆ بە دونیابوون. ئیدی ئاوایە کە هیچیان بێ یەکدی، نێوەڕۆکی یەکدی تەواو ناکەن، با لە وەختتان نەگرم و دەمەوێت دوو شتتان بۆ ڕوون بکەمەوە، کە نەبمە مایەی سەرهێشەی ئێوەی ڕۆحزادە، لە میهرەبانیتان… دەڵێم: حزوورخودایی دەهێنمەوە و، ئەم نامەیەی من بخوێننەوە، دوای دونیایەک سوپاس.

پێشباس:

لای دەمەو ئێوارە نەبوو، نا، بەس خۆر دەمەتەقێی کاتی هەبوو؛ دەگەڵ خودی گەردووندا. گرفتی “با”، گرفتێکە: هەمیشە دەگەڵ خۆیدا، خۆی بە غەریبیی و قەرەج نیشان دەدات. “با” گرفتی شوێن و کات و ڕوودانی هەیە. “با” دەڵێت: کە “کات” لە دەستی خۆمدا نەبێت و، “ڕووداو” لە دەستی خۆمدا نەبێت و، “شوێن” چ ناچارییەکە بۆ من، کە خۆی پێدا دەکەم!. بەردیش، پێچەوانەی “با” دەڵێت: گەر شوێنم هەبێت و، “کات”م هەبێت و، “ڕووداو”یش لە دەست خۆمدا نەبێت و، نەزانم چیم بەسەر دێنێت، چ لە “بە حزووربوونی بەرد”م دەگوزەرێت. بەرد و با، دوو وشەی پێچەوانەی نێو گەردوونن؛ وەک بەرد و ئاو نییە، بەرد و ئاو، لە مهیرەبانیی یەکیدا، “بەرد” بە مهیرەوە دەچێت و، لە ڕاڤەی دڵەئاسنینەکانەوە بە هانایەوە ناچێت. “با” هەموو هەسارەکان بە ئاڕاستەیەکدا دەبات و، نێوی خولانەوەشی بۆ دادەنێت؛ کەچی نێوی مردووە. “با” وەختێک سەر بە “شوێن”دا دەکات، پشوویەکی ناچارییە. “با” هەمیشە بە دوای شووناشی ونبوونی ڕۆحیدا دەگەڕێت، کە دەچێتە “شوێن”، مرۆڤ ترسی لێ دەنیشێت. “با”ی مردوو، ئەو وەختەیە کە خۆی، کات و ڕوودانی نازانێت و، هەموو دونیابوونی ڕۆح و بە دونیانەبوونی شوێن، وەک “ڕۆح” لە سیتاییشیدا دەبن و، وەک “شوێنیش”یش لە ژێر سایەی ئەودا دەبن. کچی سەید زادەی ڕۆحبەر… دونیا بە ئاڕاستەی من و تۆ ناجووڵێت، بە ئاڕاستەی بوون و شوێن دەجووڵێت. دروستە، ئێمەی مرۆڤ بەشێکین لە بوون، بەس بەشێک نین لە شوێن؛ بەڵکوو بوونێکین لەسەر شوێن. بۆ وەی قسە لەسەر بوون و شوێن بکەم لەم نامەیەدا، لەمەڕ عاریفێک دەدوێم، کە لە نامەی پێشوو، گوتم: لەمەڕ شاعیرێک قسە دەکەم. گەر کات نەگرم لە زیکری ئێوە و، بتوانن بیخوێننەوە، سوپاسکارم.

بوون و شوێن، لە دونیای عاریفێکدا:

هەڵبەت “بوون و شوێن”، وەک دونیابوونێکی بە یەکەوە بەستراو دێتە هەژمار، کە لە هەژمار نایەت؛ کە عاریفێکی وەکوو حەللاج، بە بوونێکی دییەوە بەستراوە. ئەو، لە “شوێن”ێکەوە دێت و دەجووڵێت و بە دوای بوونێکی دیکەی باڵادا دەگەڕێت، کە لەسەرووی بوونی خۆیەوەتی. حەللاج، شیعر دەنووسێت، لە دۆخی عیرفانیاندا، بۆ وەی بە “شوێن”ێکی دیدا تێپەڕێت و، بفڕێت، فڕێنێک لە باڵادا بێت. ئەو، لە “شوێن”ەوە، دەیەوێت بە خودا بگات، دواجار “شوێن” فڕێ دەدات و، ئەو کات و ڕووداو دەگەل خۆیدا هەڵدەگرێت و، دەڵێت: من دەفڕم و خودا لە سرووی شوێنەوەیە. ئێدی خودا لێرە نییە. بۆیە هەمیشە “شوێن” وەک غەیبی دەردەکەوێت بە تایبەت لای ئەو، بۆیە ئیدی لە شوێن دوور دەکەوێتەوە و، هەڵناکات دەگەڵ شوێندا و، هەمیشە هەست دەکات ژیان لە سەرووترە و، دەگەڵ “خودا”دایە، کە بەم دوو دێڕە شیعرە، حەللاج، وەک عاریفێک هەست بە نزیکی لە خودا دەکات و، دەڵێت:-

“ئەرێ، ئەرێ، ئەی ڕاز و چپەکەم                                ئەرێ، ئەرێ، ئەی مەبەست و ماناکەم
بانگت دەکەم، بەڵکوو تۆ بانگم دەکەیت                        ئایا من بانگم کردیت، یان تۆ بانگت کردم!”

ئیدی کچی سەید زادەی ڕۆحبەر… حەللاج، وەهای نابینێت کە خودا، لە دەرەوەی مە بێت، گەر لە دەرەوە بێت، خودا دەبێتەوە شوێن؛ دەبێت بە دواییدا بگەڕێین. خودا، لە نێوماندایە. وەلێ بە مانای نێوەوە و شوێن نا، وەک خودی خۆمان لە نێوماندایە و پێویست ناکات دوور بڕۆین بۆی. بۆ وەی سەرنجتان ڕابکێشم بۆ موناجات لە دیدی خۆمەوە، ئەوەیە کە پێتان بڵێم: مرۆڤ، کوێ و شوێنی نییە وەک خود، بۆ خوداناسیی؛ بەڵکوو لە نێوەوەی خۆماندایە. ئەوەتان وە بیر ئێوەی ڕۆحزادە دەخەمەوە، کە مرۆڤ لە کوێدا خودایەکی بچووکە، لەم شوێنەدا کە بۆ هەمیشە موناجاتی دەگەڵ خودادا هەیە. ئیدی ئەم موناجاتە، نە شوێنە و نە کوێ، بەڵکوو وەک خودە. بەدەر لەمە، مرۆڤ خاوەن ڕۆحێکە، بچووکیی و گەورەیی لە کردەییدایە؛ شوێن و کوێ، لە دەست خۆیدایە. هەرچەندە لە دەرەوەی دونیای عارفی، سەرنجم لەسەر وشەی “قوربان/ گیانبەخت” هەیە، مادەم “خودا” نەمرە، مرۆڤ گیانبەختی ناوێت، لە پێناویدا، مرۆڤ هەر دەبێت گیان بسپێرێتەوە. بەس “گیانتێکەڵ”م پێ دروستترە. لە موناجاتدا، گیان تێکەڵ دەبێت، نەک دۆخی مەرگی پێبدرێت. حەللاج، گیانی تێکەڵ بە خودا کردووە نەك بە فیدابوون، کە هەندێکیان بە فیدابوون ڕۆچوونەتە نێوی. ئەمڕۆکە، لێرە ماڵاواییتان لێ دەکەم و، لە نامەی داهاتوودا، حەللاج، دەبێتەوە میوانی ئەم خوانە، لە خودا داوا دەکەم، ڕۆحەتان هەر گەشاوە بێت.

٢٤/ ١٠ / ٢٠١٦ قەڵادزێ

 

مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە! ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.
مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.