شیرازنامە (١)

Loading

بۆ فەتانەی خادم فارس 

لێرە ئێوارە پڕ شەڕابی خۆرە، تك تك دەڕژێمە نێو شیعرەوە. فاڵی “حافز” دەگرمەوە، دەڵێم: تۆ بڵێیت بەختی کورد چی بێت. لە چی تەرازوویێکدا کێشی خۆی بدۆزێتەوە. 
سەرەتا دێمە سەر شیعرێکی “حافز” کە دەڵێت:

حافز ؛ محمود فرشجیان
حافز ؛ محمود فرشجیان

” ڕەنگە زوهرەش عودی سووتابێ، چریکەی نایە چاك
زەوقی مەستیت بۆ نەماوە، مەی گوزەران چوونە کوێ.
ئێره‌ خاکی شاری یار و میهره‌بانان بوو سه‌رێك
میهره‌بانی که‌ی به‌سه‌رچوو شاری یاران چوونه‌ کوێ؟ 
کانی ئێستا زۆر لەمێژە، لەعلی لێ هەڵناقوڵێ
تاو و تینی خۆر و پیتی با و باران چوونە کوێ
حافز ئەسراری خودا نازانێ کەس، دەنگێ مەکە
کێ هەیە لێی پرسێ، دەوری ڕۆژگاران چوونە کوێ”

غەمگینم وەك باڵندە، کە نەتوانم چیدی لە شەقەی باڵ بدەم و بفڕم و بزانم دەشت و کێو چییە، حافز ئەسراری چییە. فەتانە چلۆن بفڕم و بێمە نێو حەوزی کەوسەرەوە. لێرە سەرقاڵی ئایندەم، فاڵی “حافز “دەگرمەوە، سەرۆک چییە؟ نەتەوەیە چییە؟ موقەدەس چییە؟ نا فەتانە، من بیست و چوار ساڵە دەفڕم هەر دێمەوە نێو یەك قەفەزەوە، یەك دەرگام هەیە بۆ فڕین. یەك کەس هەیە دەرگا بکاتەوە و بڵێت: بفڕە بە قورسایی باڵەکانت، ئاگات لە لەنگەر بێت. وەختی دانوو خواردن وەرەوە نێو قەفەز. ئەگەر نەیەیتەوە نێو قەفەز، دارستانەکانت لێ دەشێوێنم. بە گورگ دەڵێت: بلوورێنە. بە چەقەڵ دەڵێت: وەك ڕێوی خۆ بنوێنە. جارجاریش بە کۆتر دەڵێت: وەك بولبول بخوێنە. نا فەتانە، ناىێت چیدی کۆتر موقەدەس بێت، نەعامە بڵێت چی؟.

نا فەتانە، دەبێت دارستان ئاوازی خۆی وەربگرێت، ئاسك چەند جوانە ئەو دەمەی پڵینگ بە دوایدا ڕا دەکات و قەپاڵی لە ملدا و بیکەوێنێت. جوانی ئاسك لەوەدایە لە ترسدا شل دەبێت و دەف بۆ مەرگ دەژەنێت. تۆ دەزانیت فەتانە، لە هەرێمی من دارستانێکی سوور و دەنگێکی زڕ و پڕ پڕ لە چاوی سوور هەیە. دەبێت ئاسك بگەڕێتەوە سەر سروشتی خۆی. شێر لە دەرەوەی قەفەز شێر بێت. دەبێت شێر لە نێو قەفەزی مندا لەگەڵ ئاسک وەك یەك بێت. دارستان ڕێگە نادات شێر بیست و چوار ساڵ بنەڕێنێت، چوونکی شێوەی دارستان دەشێوێت.

نا فەتانە، من پەیامێك بۆ دارستان دەنێرم، کە بۆق دەبێت لە وەرزی خۆیدا بخەوێت. کیسەڵ چیدی نابێت بە هۆی سەبر و تەپبوونییەوە بڵێت: دەمەوێت دارستان جیا بکەمەوە. دارستان هەر جیا دەبێتەوە، گەر شێر موقەدەس نەکرێت. هەر وەختێك شێر موقەدەس کرا، دارستان ناتوانێت جیا ببێتەوە لە بیابان. لە دارستاندا شتێك نییە بە نێوی موقەدەس، شتێك هەیە بە نێوی سووڕانەوە.

لێرە، لای زیندانی “کەریم خانی زەند”م، کەمێك شەرمەزاری دەنوێنم، باسی میرنشینەکان و دوو ڕەنگی کۆتر دەکەم. لە تەختی جەمشیدەوە، باس لە میزۆپۆتامیا دەکەم، باس لە سیرامیك و شارستانی گوندی چەرمۆ و شوێنەوارەکانم دەکەم. گەرچی فەتانە، لێرە شوێنەوار بۆتە شوێنی ناساندنی کولتوور و مێژووی شارستانی ئێوەی فارس.

لای منیش ئەشکەوتەکانی “قەزقاپان و جاسەنە و تا دوایی…” بوونەتە شوێنی پشووی شوان و مەڕدارەکان، شوێنی قشپل و تەرس و ڕیخی مانگا.
فەتانە، نازانم تۆ چۆن دەزانیت هەرێمی من دارستانێکە تەنیا یەك شێر چاوی سوور کردۆتەوە. فەلسەفەی دارستان لەوەدایە کە شێر پیر بوو، دەبێت پشوو بدات. گەر بولبول و ئاسک، ڕێوی و چەقەڵ، بهێڵن تا سەر شێر بنەڕێنێت، ئیدی دەبێت تا ئەبەد دارستان بە دوای موقەدەس بکەوێت.
فەتانە، ئەمجارە کە ڕۆشتمەوە هەرێمی خۆم و هاتمەوە بۆ ئێرە، نازانم نە ڕەنگی دارستان دێنمەوە، نە چاوی سووری ناو دارستان بە موقەدەسی دێنمەوە. گەر بە موقەدەسی هاتمەوە، ئەوە بزانە تا ئەبەد ئەو قەفەزە دەشکێنم و جێی دەهێڵم و قەفەزێك لێرە دروست دەکەم. من ئەو پەیامەم ناردووە بە قاژووەکانی لای گەرمیان، ئەوان ڕەش چوونەتەوە، دەزانن هەور کەی دەگرمێنێ. دەزانن، خۆڵ موقەدەسە نەوەك سەرۆك.

 

٩  /  ٣  /٢٠١٥
شیراز

مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە! ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.
مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.