شیرازنامە (٢)

Loading

پاش بڵاوبوونەوەی بەشی یەکەم

بەشی دووەم
بۆ فەتانەی خادم فارس

فەتانە، ىڕیاربوو نەگەڕێمەوە. لە تۆ وابوو کە بێمەوە: ڕەنگی دارستان، دەنگی بولبول، شیعرێکی مەحوی لەگەڵ خۆمدا بهێنمەوە و لێرە لای سەعدی بیخەینە بەر نەشتەری دڵمان. ویستم بەرواوردی شیعرێکی مەولانا و هێمن بکەم، کە چلۆن تاراوگەیان بەکارهێناوە. هاتوومەتەوە مەحویانە بە دوو دێڕ بڵێم:

شه‌و كه‌سێ پرسى له‌ خۆده‌رخستنى په‌روانه‌ شه‌و

ئه‌و وتى: ناتێگه‌يشتوو!ته‌جره‌به‌ى مـــــــه‌ردانه‌ شه‌و”

 

ئاخ فەتانە، هاتوومەتەوە، نەك بە چەپکێك نێرگز و کۆمەڵێك بەیتی جوانی سەردەمی نوێ و بالۆرەی ژنە جوانەکانی ناو کاتی دروێنە و مەقامی گەرمیان و حەیرانی کاوێساغا. هاتوومەتەوە، وەڵڵا شەرمەزارم خۆت نیشان بدەم، هێندە بگیرم بە دەم پرسیارە شکستخواردووە ناسیاسییەکانی هەرێمە زۆنگاوەکەم. فەتانە، موقەدەسم بۆ شی کردیتەوە، نەتەوەم بۆ شی کردیتەوە، سەرۆکم بۆ شی کردیتەوە. هەموو شتێ گۆڕانی بەسەردا دێت، تەنیا سەرۆك. تۆ دەزانی لە هەرێمە زۆنگاوەکاندا، هێندەی چەقەڵ و گوورگ و شێر و پڵینگ کۆبوونەوە بکەن، ڕێوی لێیان دەکەوێتە فێڵ. لەم هەرێمەی من، لەم زەلکاوەدا، شێر و پڵینگ و چەقەڵ و گوورگ و ڕێوی دانیان لێك تیژ کردووە، نەك بۆ سەماکردنی جوانی سیفاتی ئاژەڵیان، نەك بۆ شێوەی سروشتیان، بەڵکوو بۆ زیاتر پچڕانی گۆشتی یەکدی، تیژکردنی دان لە یەکدی، هاڕینی ئێسقی یەکدی، نەك لە جەستەی خۆیان، لە جەستەی مرۆڤی داماوی ئێمە. ئاخر دەزانی هەندێ جار مرۆڤ، مرۆڤ دەکاتە ئاژەڵ. لە سروشتی خۆی زیاتر کاری بۆ دەکات، کە شێوەی بگۆڕێت. وەختێك بیهەوێت بەگەڕێتەوە و دەستەمۆی بکاتەوە، نەك ناتوانێ لێی نزیك بێتەوە، بەڵکوو پڕیشی دەداتێ بکەوێتەوە ژێر چنگی خۆی. سەیرکە فەتانە، من لە شوێنێکەوە ئەو نامەیەت بۆ دەنووسم، تاقەتم چوو گوێبیستی کۆبوونەوە پەلامارەکانی یەکدی ببم.

حافز ؛ محمود فرشجیان
حافز ؛ محمود فرشجیان

من هاتووم لای ڕۆحی سوهرابەوە، باسی دار دەکەین، باسی سێبەر دەکەین، سیاسییەکان بە تەنیشتماندا نەیەن، سێبەرمان لە نێو بەرن. نەمتوانی زیاتر بێمە نزیکەوە و ئەو نامەیەت بۆ شی بکەمەوە و سەعدی شاهیدمان بێت. بەس ئەوەتا بە ڕۆحی سوهرابدا بۆتی دەنێرم. دەزانی هەرچەند بفڕم، هەر دێمەوە هەمان لقی دار.

تۆ سەیر بکە: پەپوولە دەتوانێ بە وەرزێك گشت کاری خۆی بکات. بۆ نموونە: سەمای جوانی و دڵخۆشکردنی مرۆڤێك وەختێك دەنیشێتە سەر دەستی یان شانی، یان گشت شیلەی گوڵ دەمژێ و باغەوانیش دڵی ناڕەنجێ. پەپوولە کاری ئەوەیە جوانی خۆی و گفتوگۆی لەگەڵ گوڵەکان لە کاتی خۆیدا تەواو بکات و ڕۆحی خۆی شاد بکاتەوە. تۆ سەیر بکە: نەعامە، کاری ئەوەیە قەڵغی خۆی نیشان بدات، پۆز بەسەر کەرغەڵ و زەڕافەدا لێ بدات، کە باڵاشی نێو هێندەی زەڕافە نییە. بەس وەختێك بوونەوەرێکی دی بە گژیدا دەچێت، سەری دە عەرز دەنێت، لەوی وەهایە کە نەیبینێ، تووخنی ناکەوێ. من سەرۆك ئاوها دەبینم لە زۆنگاوەکاندا. وەکوو پەپوولە سەیری ناکەم، لای من نەعامەیە. نەعامەیەك بە مانا فەقیرەکەی نا، نەعامەیەکە، بە مانای ئەوەی کەرغەڵ و زەڕافە هەڵدەخەڵەتێنێت.
نا فەتانە، ئیدی تاقەتم چوو باسی مۆسیقات بۆ بکەم،سەبرم چوو باسی گۆرانیت بۆ بکەم. دڵم پڕیێتی لە هاوار. هاوار لە قەپاڵی یەکدی، چڕنۆك لە چاومان دەدەن و گەرچی ئەژنۆمان لە خوێن دێت. لاقمان دەشکێنن، گەرچی پەنجەمان دەوەستێت. زمانمان دەبڕن، گەرچی عەقڵمان لەکار دەکەوێت. تۆ نێوی خودا کەمێك وەرە سەر نەخشەی هەرێمی من زۆر دوور نیم لێتەوە، ئەو شوێنانەی ڕەشن، ئاڵای ڕەشی لێ هەڵدراون، خۆت دەزانی داعشن، با نەچینە سەر کولتووری بڕین و کوشتن، چیمان بەسەر هاتووە و لە شەنگار چی گوزەراوە و ڕۆحیان چلۆن هەپروون هەپروون بووە. گەر سەعدی و حافز و مەولانای ئێوە، ئێستا لەم سەرزەمینە بن، شیعر چلۆن دەنووسن. ئایا دەچنە خانەقا. من دڵنیاشم مەحوی تاقەتی شیعری دەچوو، نالی بە دوای چاوی حەبیبەدا نەدەگەڕا. گشتیان دەبوونە شێخ ڕەزا بە سەردەمی ئەمڕۆ دەیانخستە دوو تا تەرازووی گونییانەوە.
نا فەتانە، من شەرمەزارم کە نەمتوانی باسی دارستانت بۆ بکەم. دەبێت باسی کەشناسیت لەگەڵ بکەم، کەی خۆڵ لێقەی هەوا دەبێتەوە. باسی مانگت بۆ ناکەم کەی زەوی دەکەوێتە ژێر خۆرەوە و مانگرتن ڕوو بدات، باسی مانگرتنی خەڵکت بۆ دەکەم کە چلۆن مووچە وەرزاووەرز وەردەگن. باسی سەرۆکت بۆ ناکەمەوە، سەرۆك لەم هەرێمەی مندا وەکوو دووپشکە وایە، یان دەبێت چواردەوری لێ بکەینە ئاگر و بە خۆیەوە بدات، یان دەبێت چاوەڕێی قەدەر بکەین، کەی ئەم دووپشکەیە دەزێت و دەمرێت. بەس داخەکەم فەتانە، بە نەمانی دووپشکەش چل دووپشکەی دی دێنە دونیاوە. دەی باسی چیت بۆ بکەم هەر دیکتاتۆرێك کار بۆ ئەوە دەکات چەندان دیکتاتۆر لە دوای خۆی بخوڵقێنێ. نا فەتانە، ئەوجارە نەمتوانی بێم بە ڕوویێکی خۆشەوە ژوانگەیێکی شیعر دروست بکەین، سوهراب شاهیدە، دار چۆن غەیبەتی کورسی بۆ کردم، کە چوار پێچکەکە لخی ئەوە بۆ سێبەری مرۆڤ، نەك بۆ سەرکردەی دیکتاتۆر.

٧ / ٩ /٢٠١٥ /
کاشان

مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە! ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.
مافی بڵاوکردنەوە بۆ نوسەر و کولتور مەگەزین پارێزراوە!
ڕێنوس و خاڵبەندی تایبەتە بەنوسەر خۆی.