بۆ بینینی فۆتۆ گهلهرییهكه، تكایه كرته بكهره سهر فۆتۆكه.
هیوا. ك: من زیاتر سەرەتا فۆرمم هەیە و دواتر ناوەڕۆک خۆی پێک دەهێنێت. کۆمەڵێک بۆشایی لەئارادایە من خۆمی تێفڕێ دەدەم دوایی مانا بە کارەکەم دەدەم. ئیشی هونەریش وا دەبینم کە دەبێت سەرەتا ئەو تاکڕەهەند و دووراییە ببینیت دواتر مانای پێ ببەخشیت. واتە بەجۆرێک لەجۆرەکان فۆرمەکە لای من لەخودی خۆیدا بریتییە لە ناوەڕۆکەکە. لێرەوەیە هەمیشە کاری هونەری من لەوێدا خۆی بەرجەستە دەبێت کە چۆن ڕووبەڕووی شتەکان و کێشەکان دەبێتەوە، واتە چۆن بەرەوڕووی دەرەوە دەچێت، چۆن بەپیر ئەو شتەوە دەچێت کەلەوێدا لەئارادیە.
کارەکەی (کاسل) پیشانیدەدات، کە من خۆم هیچ پابەندی هیچ فیکرە و ناوڕۆکیک نەکردووە، بهڵکو یەکسەر خۆم فڕێدایە ناوی و دواتر ئەو خۆفڕێدانە، ئەو بەرەوچوونە لای من دەبێتە فیکرە و بیرۆکە.
بەکر عەلی: من شتەکانی تۆ لەڕوانگەیەکی ترەوە دەبینم، چاوی من جۆرێکی تری ڕاڤە دەبینێت. لای تۆ ئەو تاکڕەهەندییە نابینم کە باسی لێوە دەکەیت، بەڵکو هیچڕەهەندییەک دەبینم، مادامەکی خۆت دەلییت فیکرە لای من بوونی نییە، واتە تۆ پێشتر هەڵگری چ پشتخان و چ گوتارێکی دیاریکراو نیت، تۆ لە شوێنگەی سفرەوە، بەبێ هیچ دوورایی و دیمەنزیۆنێک خۆت بەرخورد لەگەڵ شتەکان دا دەکەیت، بەرخوردەکەش خۆفڕێدانە ناوییەوە نییە، بەڵکو زیاتر هەڵگرتنەوەی ڕووداوەکەیە و تۆ دەیخەیتە کۆنتێکستێکی هونەرییەوە، بهنمونە، ڕووداوەکانی حەڤدەی شوبات لەوێدا هەبوون تۆ هاتیت هەڵتگرتنەوە و کارێکی هونەریت لێ سازدا بەناوی: ئەم لیمۆیە تامی سێو دەدات! بەبێئەوەی پێشتر هەڵگری حیکایەتێکی تایبەت بەو ڕووداوە بوو بیت. واتە تۆ لەهیچ بیرۆکەوە و لە هیچ دیمەنزیۆنەوە دەردەچیت و بە سادەیی شتەکان هەڵدەگریتەوە. لێرەدا ئیدی کارەکەی تۆ گوتار و پەیام دەخوڵقێنێت. واتە کارەکەی تۆ زیات جۆرێکە لە گواستنەوە لە ناتورەوە بۆ کولتور، تۆ سروشتی ڕووداوەکە هەڵدەگریتەوە و دەیگوێزیتەوە بۆ ناو کۆنتێکستێکی کولتوری.
هیوا: بەلای منەوە ئەو کوێرێتییە زۆر گرنگە کە چۆن چاو دوا دەستلێدانی خۆی، دوا بەرکەوتنی خۆی لە سروشت دەدات. چونکە مرۆ بەچاو شتەکان دەپێوێت. لێرەدایە جۆرە ڕەفتارێکی ئۆرگانییانە لەناو کارەکانمدایە، هونەرمەندیش دەبێت وەکو ئۆرگانیزاتۆرێک ڕەفتار بکات. واتە جۆرێک مامانی بکات کە تەنیا کۆمەکی هاتنەدنیای بوونەوەرەکان بکات، نەک سکیان پڕ بکات.
بەکر عەلی: لێرەدا دەبێت ئێمە جیاوزی بکەین لەنێوان هونەرمەند و لەنێوان کوراتۆردا. کوراتۆر ئەو کەسەیە کە ئۆبیەکتەکانی لەبەردەستدایە و ئەو تەنیا هەڵدەستێت بە خستنەپاڵ یەکی ئەو بابەت و شتانەی لەوێدا هەن و لێوەی کارێکی هونەری لێ ساز دەکات، ڕێک تۆ دەبیتە مامانی هاتنەدنیای ئەو پەیکەرە، لەکاتێکدا وەزیفەی هونەرمەند شتێکی ترە، هونەرمەند ئەفرێنەری کارەکانە، لەکاتێکدا کوراتۆر تەنیا پێکهێنەری شتەکانە، تۆش وەکو کوراتۆرێک دێیت وئۆبیەکتەکان کۆ دەکەیتەوە و لە سروشتی خۆیانی دادەماڵیت و لەناو دیزاینێکی نوێدا هەموویان دەخیتە پاڵ یەکتری و شتێکی نوێی لێ پێک دەهێنیت.
واتە تۆ وا دەکەیت پەرەسەندنێکی ئۆبیەکتیڤی دەدەیت بەو ماتریالانەی لەوێدا هەن، بەنمونە کاری ئاوێنەکانت، بریتییە لە کۆکردنەوەی چەند ئاوێنەیەکی ئۆتۆمبیل و خستووتنە پاڵ یەکتری و بە دیزانیکی نوێ توانیوتە وەزیفەیەکی تر بدەی بەو ئاوێنانە.
هیوا: ڕێک وایە، تەنانەت لە کارە ئەکتیڤیستییەکانیشمدا، بەنموونە شیکاگۆ بۆیز، هەندێک کەس ڕەخنەی ئەوەم لێدەگرن گوایا لەوێدا من ڕەخنە لەکاپیتالیزم ناگرم، بەڵکو لە نیولیبرالیزم. من لەوێدا نەمویستووە ڕێک لە دەستی کاپیتالیزم بدەم، بەڵکو لەو جومگانەی بدەم کە مایەی پەلهاویشتنی ئەون. هونەرمەند بەردی گەورە ناهاویژێت، بەڵکو ئەو لەسەر جومگەکان ئیش دەکات. هونەرمەندیش کەسێکە لە کایەیەکی تایبەتدا کار دەکات، بەڵام کوراتۆر لە بوارێکی گشتیتردا کار دەکات.
بەکرعەلی: لێرەدا ئاماژەیەکی خێرا با بەوە بدەم، کە کوراتۆر لەماوەیەکی ڕابوردوودا ڕۆڵی زۆرفەرامۆش کرابوو، هەمووی وا چەند ساڵیکە وەکو فیگورێکی هونەری هاتۆتەوە ئارا. سەدەی بیست سەدەیەکی درێژکراوەی سەدەی نۆزدە بوو کە لێوەی باڵادەستی هونەر تا دەهات خۆی زیاتر دەسەپاند بەسەر هەموو بوارەکاندا، چونکە تا ناوەڕاست ساڵانی سەدەی بیستەمیش هونەر فاکتۆرێکی گرنگی پرۆسێسی مۆدێرنە بووە، بەڵام کاتێک لەناوەڕاستەکانی سەدەی بیستەمەوە، ئیتر سەردەمی پۆستمۆدێرنە لەدایک دەبێت، بەمەش هونەر وەک کەرتێکی گرنگی مۆدێرنە چیتر پاسیڤ دەبێت و کارەکتەرە شۆڕشگێڕییە ڕادیکالەکەی پاشەکشە دەکات و ئیتر خۆی دەگەیەنێتە بواری تر و فۆرم و فیگوری تری هونەر دێتە ئاراوە، بەنموونە وا چەند دەیەیەکە فیگوری کوراتۆر پەیدا بۆتەوە، دوای ئەوەی کاری هونەری خۆی خستە ناو کۆنسێپت و کۆنتێکستی جیاوازترەوە لە بوارە ترادیسیۆنییەکەی خۆی. ئیتر کوروتۆر وەکوفیگورێکی شۆڕشگێرانە خۆی نمایش دەکات، چونکە دێت دەستکاری شتە باوەکان دەکات و لەمانا باوەکانیان دەخات. ئەمەش دیاردەیەکە ئێمە نابێت نابینای بکەین، چونکە پێدەچێت بریتی بێت لەو فیگورەی بتوانێت دەربڕی ڕۆحی سەردەمەکەمان بێت. تۆ وەکو کوراتۆرێک بەرەنگاری کاپیتالیزم وەکو شتە قەبەکە، وەکو تیتانێک، ڕاستەوخۆ نابیتەوە، بەڵکو دێیت و لە وەچەکانی ئەم دێوە زەبەلاحە دەدەیت. بەنمونە لە کاری بۆرییەکان دا دەتەوێت ئەوە پیشان بدەیت کاتێک خۆرئاوا ڕووبەڕووی شەپۆلی پەنابەران بۆتەوە، ئەمە لەخۆیدا خودی خۆرئاوا و سیستەمە کاپیتالیزمییەکەی لێی بەرپرسیارە، خۆرئاوا تووشی کێشەیەک بۆتەوە، کە خودی خۆی لێی بەرپرسیارە، ڕووبەڕووی دیاردەیەک بۆتەوە کە خۆی بەرهەمهێنەرێتی. واتە کاری بۆرییەکانی تۆ بریتییە لە بەگژداچوونەوەی یەکێک لە وەچەکانی کاپیتالیزم، کە بریتییە نیولیبرالیزم.
تۆ ئەوە دەخوازی بڵێیت نەک هەر کاپیتالیزم وەکو مێگاهۆکارێک بەرپرسە لە نەهامەتییەکانی دنیا، بەڵکو وەچە بچووکەکانیشی دەستی کاریگەر و باڵایان هەیە لە هەموو ئەو نەهامەتییانەدا. بۆیە سەرەتا گەر بەگژ ئەو وەچەیەدا بچینەوە ئەمە بە ستراتیژێکی کاریگەر دەبینیت.
هیوا: ئەوە بە بینینێکی جوان بۆ ئەو ئیشە دەبینم، من جارێکا هەرگیز خۆم بە خاوەنی ئیشی خۆم نازانم، بۆیە زیاتر دەمەوێت وەکو سەیرکەرێک تەماشای کارەکانم بکەم. کاری بۆرییەکان کە پێکهاتووە لە بیست بۆریی و هەر بۆرییەک پەنابەرێک ماڵی خۆی تیا ڕێکخستووە، ئەمە دوو ڕيهەندمان پێ دەبەخشێت، یەکەمیان ئاماژەیە لەسەر ئەو کەڵەکەبوونگەراییەی کاپیتالیزم ئەمڕۆ لەجیهاندا هەیەتی، کەڵەکەبوونیش دۆخیکە هەمیشە هەڵکشان و ئیرەکسیۆنێکی بۆ سەرەوە هەیە، واتە کارەکتەرێکی نێرینانەی هەیە. لەکاتێکدا ئاماژەی دووەم بریتییە لە خستنی ئەو وێنە ڤێرتیکالییە و پاڵخستنی بەشێوەیەکی ئاسۆیی. لەمەشدا جۆرە پەیوەندییەک دەبینمەوە لەنێوان نارسیسیزم و ئیگۆیزم دا. نارسیست کەسێکە هەمیشە بەرەو سەرەوە دەچێت، ڕێک وەک موزیکی خۆرئاوایی، کە هەر لە کۆدەکانەوە دروست دەبێت. لەو موزیکەدا کۆدەکان پەیوەندییان بەیەکترییەوە پەیوەندییەکی ڤێرتیکالییە. لەکاتێکدا لای ئێمە موزیک هۆریزۆنتالانە دەجووڵیتەوە، واتە لەتۆنێکەوە بۆ تۆنێکیتر هەڵناکشێیت بۆ سەرەوە بەڵکو لەسەر هەمان ئاستی ئاسۆییدا دەجووڵێتەوە.ئەم فۆرماتەم گواستۆتەوە بۆ بواری ئارشیتێکتۆر لە بۆرییەکان دا. بۆرییەکان، لێرەدا وەک ئەو ستوونانە وان بەس کەوتوون. لەبەرئەوەش بەنیازم ئەم کارە لە دۆکۆمێنتی چواردەی ئەسینادا نمایش بکەم، تاوەکو بڵێم کۆچبەران هەڵگری توانستی زۆرترن لەوەی باس دەکرێت. لەڕێی ئەوانە لەوە تێدەگەین کە چؤن جارێکی تر بیری خۆرئاوا بخەینەوە کە چۆن ئەوان لەڕێی کارە وەرگێڕانەکانی گریک لە سەدەکانی نۆ و دەی دا و دواتر لەوێوە هاتەوە ناو ئەوروپاوە.
بەکر عەلی: وا هەست دەکەم لەم کارەدا جۆرێک نەراتیڤ ( گێڕانهوه) بەکاردەهێنێت.
هیوا: ڕاستە خۆی من نەراتیڤ زۆر بەکار دەهێنم.
بەکر عەلی: واتە تۆ لەو ململانێ شارستانییەی ئەمڕۆ لەئارادیە سەرجەمی کێشەکان دەبینیتەوە، بەڵام بەو مانایەی نا کە کۆنفلیکتەکان ئاڵۆزترکەیت کاتێک ئەو ڕەهەندە مێژووییەی پێ دەبەخشیت، بەڵکو دەتەوێت ئاوێنەیەک پیشانی نارسیستی خۆرئاوا بدەیت تا تەماشای خۆی بکات لەکوێوە هاتووە.
هیوا: ڕێک وایە، من لەو کارەدا دەمەوێت ئەوەش بڵێم کە تەنیا کەسی کۆچبەر، کەسێک بە پێ بەرەو خۆرئاوا سنوورەکان دەبڕێت دەتوانێت ستوونێتی نارسیست بشکێنێت. خۆرئاوا پێویستی بەو ئەتیتیودەیە، چونکە نارسیستی دوو ڕەهەندی هەیە، بینین و بیستن، نارسیست چاوی هەیە بۆ بینینی خۆی، بەڵام ئەو بۆرییانە دەنگن بۆ گوێچکەی.ئێمەش ئەسینا وەکو بارگەی دیدارەکان دەبینین، ئەسینا بەپێی جیۆگرافییەکەی ، وەکو دۆلۆز دەڵێت، هەمیشە ئەو سیفەتەی تیابووە کە لایەنەکانی بانگهێشت کردووە بۆ دروستکردنی پلاتفۆرمێک کە لەسەر ئاستێکی برادەرایەتی و دیموکراتیدا لایەنەکان بگەنە دیداری یەکتری. بەدیوێکدا گرێدراوی ئەو بیرۆکەیەیە و بەدیوەکەی تریشدا گرێدراوی ئەو بیرۆکەیەی تۆیشە کە دێیت و پەرە بە لایەنەی یەکەمی دەدەیت کاتێک دەڵێیت، ئەمە پیشاندنانی هەڵەکانی خۆرئاوا خۆیەتی بە خودی خۆی.
بەکر عەلی: لەئاستێکی تریشدا دەکرێت ئێمە ڕاڤەی نمایشی بۆرییەکان بکەین. مادامەکی هەردوو دەستەواژەی هۆریزۆنتال و ڤێرتیکالمان بەکار هێنا، ئەوا لەڕووی ئەنترۆپۆلۆژیشەوە دەشێت هەردوو ئەو ڕەهەندە لەو کارەدا بخوێنینەوە؛ مرۆڤ بوونەوەرێکە لەناو شوێندایە، وە هەلومەرجەکانی شوێن دواجار بوونی ئەو بەرجەستە دەکەن. مرۆڤ بوونەوەرێکی شوێندروستکەر و شوێنسازە. لەبەرئەوەی شوێن جۆرێکە لەو تەکنیکانەی لەڕێیەوە مرۆڤ ئیمون سیستەمی خۆی پێ دابین دەکات. شوێنەکان دەکرێن شوێنی میتافۆری بێت، وەکو خۆشەویستی و برادەرایەتی، وە دەکرێن شوێنی فیزیکی بن، وەک ماڵ، پەناگە، دەوڵەت. مرۆڤی ئاوارەش لەگەڕاندایە بۆ هەر شێوازێکی خۆپاراستن لە هەڕەشەکانی دەرەوەی. لای منیش مرۆڤی ئاوارە دوو پۆلن، پۆلێکیان ئەوانەن کە کۆچ دەکەن و لە شوێنێکدا بنە و بارەگایەکی یەکجارەکی داناکووتان، بەڵکو گەر بارەگاش دامەزرینن ئەوا هەر بۆ ماوەیەکی کاتییە. لێرەوەیە کەسی نۆماد و کۆچەر هەرگیز فۆرمێکی ڤێرتیکالی بەرجەستە ناکات، بەڵکو هەمیشە هۆریزۆنتالە، لێرەوەیە ئەو هیچ ڕیشە و بناغەیەیەک داناکوتێت تا لەسەری خۆی بۆ سەرەوە کەڵەکە بکات، ئەمە جگەلەوەی کەسی کۆچەر لە جووڵەیەکی بەردەوامدایە و نیشتمان هیچ کاتێک لەدوواوە نییە، بەڵکو لەپێشەوەیە و جارێ نەهاتووە، نیشتمان لای کەسی کۆچەر یۆتۆپیایە، لەکاتێکدا پۆلەکەی دوووەمیان کە پێیان دەڵێین پەنابەر، کە ئەو کەسانە دەگرێتەوە لەبەر هۆکاری ئابووری و سیاسی وڵاتی خۆی بەجێدەهێڵێت و بەدوای پەناگەیەکی ئارام دا دەگەڕێت، بۆئەمەش بناغەی خۆی دادەمەزرێنێت و خۆیشی بۆ سەرەوە هەڵدەکشێنێت و هەمیشەش گرێدراوی ڕیشە و ڕابوردووی خۆیەتی، واتە نیشتمان لای ئەو بریتییە لە گەڕانەوە بۆ ڕابوردوو. لەنێوان ئەم دوو فیگورە جیاواوزەی کەسی ئاوارەدا لەڕووی شوێنەوە بەرجەستەبوونێکی ئەرشیتێکتۆری هەیە، کەسی کۆچەر ئاسۆییانە خۆی دەجووڵیتەوە،لەکاتێکدا کەسی پەنابەر ڤێرتیکاڵییانە ماڵ دروست دەکات.
هیوا: ئەوە زۆر جوانە. کەسی پەنابەر کە لەشوێنێکەوە پەنا بۆ شوێنێکیتر دەبەن، ئەگەر بەئاگاییشەوە نەیکەن، ئەوا حاڵەتەکە خۆی لە خۆیدا ستەیتمێنتێکی تیایە. ئەو شوێنێکی دەوێت کە ئارام بژی تیایدا، داوای ئەوە لە خۆرئاواییەکان دەکات، مادامەکی ماڵت لێ تێکدام، ئەوا لێرە ماڵێکی ئارام و ژیانێکی ئازادم بەرێ. ستەیتمێنتی کەسی ئاوارە ئەوەش ڕادەگەیەنێت بە کۆمەڵگاکانی خۆرئاوا، کەوا ئەوەی ئێمە پەنامان بۆ ئێرە هێناوە، بەرەنجامی دەنگدانی ئێوەیە بەو حیزبانەی ئێوە هەڵتان بژاردووە و جەنگیان هەناردەی وڵاتانی ئێمە کردووە. واتە پەنابەر لەڕاستیدا خۆویستانە پەنای نەهێناوەتە بەر خۆرئاوا، بەڵکو خۆرئاوا پاڵی پێوەناوە ولاتی خۆی جێ بهێڵێت.
بەکر عەلی: شتێکی ئاشکرایە خۆشنوودی کۆمەڵگاکانی خۆرئاوا لەسەر تێچووی دراماتیکییانەی گەلانیتر بەدەست هاتووە. سلۆتەردایک بۆئەم جیهانە خۆشنوودییەی خۆرئاوا میتافەری بڵق بەکاردەهێنێت، کە پێیوایە خۆرئاواییەکان خۆیان خستۆتە نێو بڵقێکی خۆشگوزەرانییەوە و دەرەوەی بڵقەکەش هەموو نەهامەتییەکانن. ئەوەی ئەو بڵقەی دروستکردووە، هەمان ئەوەیە کە نەهامەتییەکانی دروستکردووە، پارادۆکسی مۆرالی لەمەداایە، ئەوروپییەکان لەنێو ماڵی خۆیاندا زۆر مرۆڤانە دەژین، بەڵام لەدەرەوە زۆر نامرۆڤانە ڕەفتار دەکەن. کۆمەڵگا خۆرئاواییەکان کە بە میدیاکانی دەسەڵات ئاراستە دەکرێن ئەو وەهمەیان تیا دروستبووە، ئەوەی ئەوان لەو دۆخە خۆشگوزەرانییەدان تەنیا بەڕەنج و مافی خۆیان بووە، واتە پێدەچێت دەرک بەوە نەکەن کە ئەو بڵقە خۆشنوودەی بۆ خۆیان دروستکردووە هی ئەوەیە کە لەگەلانی تریان زەوت کردووە. پێدانی ئەم وەهمە بەخۆیان، لەڕێی ڕووداوی دیاردەی پەنابەران چیتر بەتاڵ دەبێتەوە. ئەم دیاردەیە وەک زللەیەک وابوو درا لە ڕوومەتی خۆرئاواییەکان و ڕایچلەکاندن و لەخۆیان دەپرسن ئێمە چی دەکەین؟
لێرەوەیە هاتنە ناوەوەی ملیۆنەها کەسی پەنابەر بۆناو ئەم بڵقە خۆرئاواییە، دەبێتە مایەی فشارێکی گەورە و بڵقەکە تووشی تەقینەوە دەکات بۆ چەن بڵقێکی تر، واتە بەپیی تیۆرییەکەی سلۆتەردایک بڵقی تر دروست دەبن، بەنموونە دروستبوونی پارتی ڕاستڕەو و پۆپۆلیست و توندڕەو و کۆنزێرڤاتیڤ لەم ماوەیەی ڕابوردوودا ڕیك بریتی بوو لە تەقینەوەی بڵقەکە لەناوخۆیدا بۆ چەندین بڵقی تر. ئیتر قەیرانەکە بەرۆکی خودی ماڵی ئەورووپییەکانیشدەگرێتەوە. لێرەوەیە ئەوەی گووتمان شەپۆلی پەنابەران وەکو بەرەنجام و ڕیئەکسیۆنی کردەوە خۆرئاواییەکەیە، لێرەدا لەناو بڵقە ئەوروپییەکەدا خۆی شێوەگۆڕ دەکات بۆ جۆرێک لە ئەکتی سەربەخۆ و دینامیک، واتە چیتر ڕیئەکسیۆنەکە لەخۆیدا دەبێتە ئەکسیۆنێکی سەربەخۆ و خودی بڵقە ئەوروپییەکە دەتەقێنێتەوە و چەندەها بڵقی سەیر و سەمەرە دروست دەکات، بەنموونە سەرهەڵدانی پارتێکی کۆنزێرڤاتیڤی وەک ئا ئێف دێ لە ئەڵمانیا، وەیان بەهێزبوونی کۆنزێرڤاتیڤ و پۆپۆلپستەکان لە وڵاتانی تری ئەوروپی و تەنانەت سەرهەڵدانی ترامپ لە ولاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش بریتین لە ڕیئەکسیۆنێک بۆ ئەکسیۆنی پەنابەران . جیهاێکی شێتانە دەژین ئەمڕۆ، قەیرانە کلاسیکییەکانیشتەنانەت بەرۆکی کۆمەڵگا و شارستانیەتە باڵاکانیش بوونەتەوە، پێدەچێت تیۆری گەشەسەندنی شارستانی درۆیەکی ڕووت بێت، ئەگەرنا ڕۆحی ئێستای جیهان ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت کەوا مرۆڤایەتی هیچ گەشەی نەسەندووە و هیچیش لەمێژووەوە فێرنەبووە، بەڵکو وەک هیگڵ دەڵێت، جیهانی ئەمڕۆ ئەوەمان پێ دەڵێت، تاکە وانەیەک لەمێژووەوە فێربین، ئەوەیە کە ئێمە هیچ لەمێژووەوە فێرنەبووین.
ڤیدیۆی A 2235
تایبهت بهكولتور مهگهزین – مافی بڵاكردنهوه پارێزراوه
ئهم گفتوگۆیه كارێكی ڤیدۆیی هیوا ك. هونهرمهنده كهلهململانێیهكی دیالۆگیدایه لهگهڵ بهكر عهلی نوسهر.