من هه‌میشه بیر ده‌كه‌مه‌وه، له هاوسه‌ری داهاتووم نا، له كچه‌كه‌ی دراوسێمان نا، له هه‌ڵوه‌رینی گه‌ڵای دره‌خته‌كان نا … ئه‌ی له چی؟ بیرده‌كه‌مه‌وه له شتێك كه‌خه‌ڵكی تر بیری لێناكه‌نه‌وه، شتێك كه خه‌ڵكی له‌به‌ر چاویاندایه و نایبینن.
من ئێستا بیر له‌و شۆفێرانه ده‌كه‌مه‌وه كه شۆفێری زیلن، ئه‌و زیلانه نا كه قوربانیانی ئه‌نفالیان گواسته‌وه، ئه‌و زیله‌ش نا كه هه‌ژده كچی كوردی پێدا ڕه‌وانه كرا بۆ فرۆشتن! نا ئه‌زیزان، من بیر له زیله‌كانی ئه‌مڕۆ ده‌كه‌مه‌وه ئه‌و زیلانه‌ی ئێوه نایانبینن، شۆفێری زیله‌كانی ئه‌مڕۆ زۆر مه‌ترسیدارترن له زیله‌كانی جاران، به‌چاوی خۆم بینیومن چۆن گوڵه سووره‌كانی عه‌شق ده‌گوازنه‌وه بۆ شوێنێكی نادیار، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ ڕێگرییه‌كیان لێ بكرێت. به‌كۆمه‌ڵ ته‌رمی گوڵ ده‌نێژن. گوێم له گوڵفرۆشێكه له ناوه‌ندی بازاڕ ڕاوه‌ستاوه و هاوارده‌كات (گوڵه‌كانم لێ مه‌به‌ن، گوڵه‌كانی من تازه له خونچه‌یی ده‌رچوون، تازه گه‌وره‌بوون، مه‌یانبه‌ن) به‌ڵام هیچ كه‌س گوێی له هاواری گوڵ فرۆشه‌كه نییه، هیچ كه‌س …
دوا نیوه‌ڕۆی یه‌كشه‌مه‌یه‌ك له چاوه‌ڕوانی هاوڕێیه‌كمدا، به‌رامبه‌ر په‌یكه‌ری دایك له (پاركی دایك)ی شاری سلێمانی دانیشتبووم، دره‌نگ هاتنی هاوڕێكه‌م هۆكاربوو بۆ ڕوودانی ڕووداوێكی سه‌یر كه هه‌رگیز بیرم ناچێته‌وه.
له چاوه‌كانی په‌یكه‌ره‌كه‌م ده‌ڕوانی، له‌ناكاو هه‌ستم به ترووكانی چاوی په‌یكه‌ره‌كه كرد، به‌ڵام گومانم له هه‌سته‌كه‌م هه‌بوو، ئاخر ناكرێت په‌یكه‌رێك چه‌ند ساڵه دروستكراوه، ئه‌مڕۆ وه‌ك مرۆڤێك چاو بتروكێنێت. بۆ دڵنیابوون له هه‌سته‌كه‌م، وردتر سه‌رنجی په‌یكه‌ره‌كه‌مدا، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان له‌بری چاو تروكاندن په‌یكه‌ره‌كه ده‌ستی به‌رزكرده‌وه و ئاماژه‌ی ئاوه‌ڕدانه‌وه‌ی بۆم كرد. گه‌ر بڵێم سه‌رسام و ترسا‌و نه‌بووم، ڕاست نییه، به‌ڵام هه‌میشه پێمباش بووه ئافره‌تێك دوامكه‌وێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر په‌یكه‌ریش بێت، بۆیه ئاو‌ڕی له دواوه‌ی خۆم دایه‌وه.
له‌گه‌ڵ ئاوڕدانه‌وه‌مدا چاوم به‌كچ و كوڕێك كه‌وت، له‌سه‌ر سه‌كۆكه‌ی دوای منه‌وه دانیشتبوون، ته‌مه‌نیان هه‌ژده تا بیستوپێنج ساڵان ده‌بوو. گوێم لێ‌بوو كوڕه‌كه خۆشه‌ویستی خۆی بۆ كچه‌كه ده‌رده‌بڕی و ده‌یگووت؛ ئازیزم هه‌رگیز بیرنه‌كه‌یته‌وه له‌وه‌ی من به‌جێتبهێڵم … من، بۆئه‌وه‌ی ئازادی ئه‌و دوو دڵداره تێكنه‌ده‌م و له ترسی جوڵه‌ی په‌یكه‌ره‌كه‌ش، زوو ڕووم وه‌رگێڕایه‌وه پێشه‌وه.
پاش هه‌ڵمژینی هه‌ناسه‌یه‌كی قووڵ، بیرم له‌وه كرده‌وه ئه‌م په‌یكه‌ره بۆ جوڵا؟ بۆچی ئاماژه‌ی كرد ئاو‌ڕی دواوه بده‌مه‌وه؟ سێ خوله‌ك به‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌مدا تێنه‌په‌ڕیبوو، په‌یكه‌ره‌كه دووباره ئاماژه‌ی دا ئاو‌ڕی دواوه بده‌مه‌وه!
دووباره ئاوڕم له دواوه دایه‌وه، ئه‌مجار دیمه‌نه‌كه گۆڕابوو، دوو پیاوی دی لای كچ و كوڕه‌كه وه‌ستابوون. كچه‌كه ده‌پاڕایه‌وه و ده‌یگووت؛ باوكه به‌خوا هیچمان نه‌كردووه، ته‌نها دانیشتبووین لێره … كچه به‌ده‌م تكاكردنه‌وه، ئاو‌ڕی به‌لای ده‌رگای پاڕكه‌كه‌دا دایه‌وه و بینی، ئه‌و كوڕه‌ی كه كه‌مێك پێش ئێستا خۆشه‌ویستی خۆی بۆ ده‌رده‌بڕی، وا سواری زیله مۆدێرنه‌كه‌ی ده‌بێت و ده‌ڕوات و ئه‌م بۆ چاره‌نووسی سه‌ختی خۆی جێده‌هێڵێت!
كچه‌كه ده‌گریا و هاواری ده‌كرد … باوكه‌كه ده‌ینه‌ڕاند و ده‌یگووت؛ بێ شه‌ره‌ف، بێ ئابڕو ده‌ی پێشمانكه‌وه …
من بینیم، بێ گوێدانه پاڕانه‌وه و شیوه‌نی كچه‌كه، پیاوه‌كان كچه‌كه‌یان به‌ره‌و ناو زیلێكی تری مۆدێرن برد بۆ ده‌ره‌وه‌ی پاركه‌كه …