سایکۆدراما
نووسینی: زاهیر عەبەڕەش
جاکۆب لیڤی مۆرینۆ
دامەزرێنەری سایکۆدراما ( جاکۆب لیڤی مۆرینۆ ) Jacob Moreno بوو ( 1889 – 1974 ) لە بوخارێست لە خێزانێکی بەڕەچەڵەک جولەکەی زەنگینی پڕنازو نیعمەت لە دایک بووە، شارەزایی زۆری لە هەردوو بیری لاهوتی جولەکە و فەلەسەی یۆنانیدا هەبووە، خوێندنی ده رونناسی، ئایناسی، فه لسه فه و زانستی پزیشکی لە ڤییەنا تەواوکردوەو بڕوانامەی دکتۆرای وەرگرتووە. پاشان ڕوودەکاتە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و لەوێ نیشتەجێ دەبێت. مۆرینۆ وەک پزیشکی دەروونی حەزی لە کردەوەی ڕۆژانەی مرۆڤ و توانای پێکەوە ژیان هەبوو. سەرنجی زۆر دەخستە سەر ئەو کەسانەی کە نەیاندەتوانی ژیانی سادەی ڕۆژانەی خۆیان ببەن بەڕێوە و لەگەڵ ژیانی سادەی خۆیاندا هەڵبکەن. ئەو پابەندیەکی کۆمەڵایەتی بەهێزی هەبوو، هەروەها کارکردن لەگەڵ لەشفرۆش و پەناهەندەکان ئیلهام بەخشی جۆری کارکردنی( چارەسەرکردنی دەروونی بەکۆمەڵ) بوو، لەپاشاندا بایەخی بە داینامیکی گروپی دا لەبواری دەروونزانیدا. مۆرینۆ زۆر جار لە باخچەکانی ڤییەنا لەگەڵ منداڵان کۆدەبووە و چیرۆکی بۆ دەخوێندنەوە، بەدەم چیرۆک خوێندنەوەوە نمایشی بۆدەکردن ڕۆڵی کارەکتەرانی حیکایەتەکەی بۆ بەرجەستە دەکردن. ئەم چیرۆک خوێندنەوەیە و نمایشکردنە، تۆو و سەرچاوەی دروستبوونی میتۆدی سایکۆدرامایە. جیاواز لەوجۆری چیرۆک گێڕانەوەکە و شێوازی زارەکی دەڕبڕین، مۆرینی فۆکەسی دەخستە سەڕ ڕووداوی ناو چیرۆکەکە، واتە ئەو زیاتر سەرنجی لەسەر ڕووداوەکان بوو نەک گێڕنەوە بەزارەکیی وەک گیڕانەوەیەکی ئاسایی. باکگراوندو و ئەزموونەکانی کارکردنی مۆرینۆ لە شانۆدا لە شاری ڤییەنا، پەیوەندی و یاریکردنی لەگەڵ منداڵاندا و کارکردن لەگەڵ لەشفرۆشەکانی ڤیەنا کۆڵەکە بنەڕەتەتیەکانی ئەو شتەن کە پێی دەڵێین Psychodrama سایکۆدراما .
یاریکردن و خۆبەخۆی (العفویة ــSpontaneity ) داهێنان و پێکەوە بوون لەگەڵ کرداردا ڕێگەی گۆڕانن. مەبەستی ئەوەیە کە ڕوداو و کردار پێش گەشەکردنی زمان دەکەوێت. لە ڕێگەی میتۆدی سایکۆدراماتیکەوە، مرۆڤ دەتوانێت لە ڕەهەندی دەرووناسیەوە، لەبری ئەوەی تەنها قسەیان لەبارەوە بکات، توێژینەوە لە کێشەکانی خۆی بکات و بیاندۆزێتەوە و یارمەتی بدات کە کێشەکانی خۆی وێنا بکات. ڕیشەی کایەبازی، تێبینی و دیقەتی ئەو بۆ یاری منداڵان، کە چۆن بە شێوەیەکی خۆبەخۆیی و داهێنان ” گەمەی خۆیان دەکەن لێرە و لە ئێستادا” ئەوەش ئامرازێکی گرنگی سایکۆدرامایە. مۆرینۆ لەشاری ڤییەنا شانۆی خۆبەخۆیی ( the spontaneity theater) دامەزراند لە پاشاندا گەشەی کرد بوو شانۆی چارەسەری دەروونی واتە سایکۆدراما، هەرخۆشی پێشەنگ بوو لە دانانی گروپی چارەسەری دەرونی بەکۆمەڵ، هەروەها سۆسیۆمێتری دامەزراند sociometrin کە بەمانای رێگەیەکە بۆ لێکۆڵینەوە لە مەوداو پەیوەندی گروپ لە نێو خۆیاندا. لە سۆسیۆدراما لێکۆڵینەوە لە ڕەفتاری گروپەکان دەکات.
مۆرینۆ و چارەسەرکردنی بەکۆمەڵ
ڤیەنا ئەو کاتە پایتەختی ڕۆشنبیری بوو، مۆرینۆ خۆی لە نێو کافێتریا و هۆڵەکان دەبینیەوە، ئەندامێکی چالاکی بزاوتی ژیانی ڕۆشببیری بوو، هەم بەنووسین و هەم بە گوتار و بیرۆکەکانی، خۆی تاقی دەکردەوە. مۆرینۆ سەرەتا فەلسەفەی خوێند پاش ساڵێک لە خوێندنی فەلسەفە چووە بەشی دەرمانسازی. مۆرینۆ شێتانە منداڵی خۆش دەویست، دەچووە باخچە و پارکەکانی ڤیەنا و لەژێر دارێکدا دادەنیشت و بەشێوەیەکی دراماتیکی و بەجوڵەوە چیرۆکی بۆ منداڵان دەخوێندەوە، منداڵەکانیش بە لێشاو دەهاتن بۆ لای مۆرینۆ و بەدەوریدا دادەنیشتن و گوێیان لێدەگرت. لەکاتی خوێندنەوەی چیرۆکەکاندا هەڵدەستایە سەرپێ یان بەدارەکەدا هەڵدەزنا، یاخود لەسەر لقێکی دارەکە دادەنیشت و ناوەڕۆکی چیرۆکەکەی دەکرد بە ڕووداو و شانۆ، بۆ منداڵان. دەبێت ئەوەش بڵێین کە مۆرینۆ لە ساڵەکانی 1908 تا 1918 چەندین دەقی ئەدەبی و هونەری شێعری نووسیوە.
لەگەڵ هەندێ خوێندکاری تردا ماڵی دیدار(House of Encounter) دامەزراند، کە هاوکاری ئەو کەسانەی دەکرد، تازە هاتبوون بۆ ڤیەنا و دەیانەویت لە ڤێنا بژین. مۆرینۆ و خوێندکارانی کۆمەکی ئەم کۆچبەرانەی دەکرد بۆ وەرگرتنی مافی مانەوە. ماڵی دیدار لەهەمانکاتیشدا یارمەتی ئەوانەی دەدا کە بێکار بوون، هاوکاری بێکارانیان دەکرد و کاریان بۆ دەدۆزینەوە. ماڵەکەی مۆرینۆو خوێندکارانی بەشێوەیەکی کردەیی هاوکاری ئەوکەسانەیەن دەکرد کە پێویستیان بە یارمەتیە، ماڵێک بوو بۆ هاوکاری خەڵک.
مۆرینۆ لە هۆنراوەیەکدا، چەمکی دیدار دەکات بە ناوەندی هۆنراوەکەی، پاشان دەبێتە یەکێک لە مەشقەکانی بەناوی ڕۆڵ گۆڕین، کە کڕۆکی سایکۆدرامایە.
Then I will look at you with your eyes
And you will look at me with mine
ئەوکاتە من بە چاوی تۆ لێت دەڕوانم
تۆش بە چاوی من لێم دەڕوانیت.
هەرچەندە کۆپلەیەکی تەواو ڕۆمانسیانە دەردەکەوێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو مەبەستێکی تەواو دەروونزانی و درامیانەی هەبوو. لەو زەمەنەدا ڤێنا پڕ بوو ژنانی لەشفرۆش، مۆرینۆش حەزیدەکرد لە بارودۆخ و هەلومەرجی ژیانی ئەوان بکۆڵێتەوە. ئەوانە لە خواری خوارەی چینە کۆمەڵایەتیەکان بوون، لە دەوروبەری قەراخ شاردا لە شوێنە هەرە هەژارنشینەکاندا دەژیان، کەس حەزی بە تێکەڵاوبونیان نەبوو. کەس نەیدەویست لەوشوێنانە بژی، کەسانێكی نەفرەت لێکراو بوون لە چاوی کۆمەڵگەوە، بەڵام مۆرینۆ لەگەڵ پزیشکێک و ڕۆژنامەنوسێکدا بۆ ئەوێ ڕۆیشت و پاش ماوەیەک لەوێ مانەوە مۆرینۆ توانی باوەڕ و متمانەی ئەو ژنانە بەدەست بهێنیت. ئەوان سەرسام بوون بە ڕۆیشتنی مۆرینۆ بۆ ئەوێ، چونکە ئەو ژنانە ڕاهاتن کە بەوەی یارمەتی دەدرێن. مۆرینۆ هەفتەی سێ ڕۆژ هەموو عەسرێک کاتژمێر چواری پاش نیوەڕۆ دەچوو بۆلایان، ژنان هاوکاری دەکران و پشکنینی ژینۆكۆلۆگیان بۆدەکرا (gynecological – ژینۆكۆلۆگ ،ئهو نهخۆشی و ناڕهحهتیانهی كه پێوهندیان به ئامرازی زاووزێ و منداڵدانهوه ههبێت) هەروەها پارێزەری بۆ کێشەکانیان دەگرت، پێکەوە لەگەڵ ئەواندا گروپێکی دروست کرد بەناوی خۆیارمەتی – (en själv-hjälp) المساعدة الذاتية – کە ئامانجیان ئەوەبوو ئەو ڕەوشەی کە تێیکەوتبوون بە شێوەیەکی بنجبڕ بگۆڕدرێ.ئەمەش بووە بەردی بناغەی چارەسەری بەکۆمەڵ و سۆسیۆدرامی کە مۆرینۆ چەندین ساڵ دواتر پەرەی پێدا.
کۆمەڵە خەڵکێک دەتوانێت کە هێزی خۆیان هەبێت و پیکەوە کاربکەن و خۆیان ڕێکبخەن، ئەوەش پێویستی بە ستروکتورێک هەیە، پێویستی بەوە هەیە شتێک دەربارەی ئەویتر وەک هاومرۆڤی و هاوهەستی بزانێت، پاشخانی کۆمەڵایەتی، پاشخانی خێزانی و ڕوداوەکانی ژیان و هتد. بە هەمان شێوە مۆرینۆ هاوکاری زیندانیەکانی جەنگی جیهانی یەکەمی کرد لە کەمپی میتندۆرف، مۆرینۆ لە ساڵی ١٩١٧ دا بڕوانامەی دکتۆرای وەرگرت و پاشان لە وەک پزیشک لە شارەوانی (Bad Vöslau) دەستبەکاربوو.
سنوورەکانی شانۆ
بەدرێژای مێژوو، ڕۆژگار لە پێشکەوتنێکی خێرادا بووە، ئەم پێشکەوتنەش هەموو بوارەکانی ژیان، زانست، ئابووری، ئەدەب، هونەر، فەلسەفە و کۆمەڵناسی و پەیوەندیەکانی مرۆڤیشی گرتۆتەوە. هیچ زانستێکش سەربەخۆ نەماوەتەوە و سنووری هەموویان تێکەڵ بەیەکتری بوون. ئەو دوو زانستەی کە دەمەوێت لێرەدا باسی لێوە بکەم شانۆ و بواری پزیشکی (دەروونزانی) یەکە ئەم دووانە تێکڵ بوون لە ژێر ناوی (سایکۆ دراما) کە زانستێکی تری پێکهێناوە. ئێستا لە دونیادا چەندەها ناوەند و خوێندنگا هەیە توێژینەوە لەم زانستە نوێیە دەکەن، بابەتێکی سەرەکی و گرنگی بواری پەروەردەشە، لە پەیمانگا وکۆلیژەکانی پێگەیاندنی مامۆستیان وانەیەکی گرنگ و سەرەکییە و سەرچاوەی کارکردنیشیان کۆمەڵناسیە.
جا بە چەند پرسیارێک دەست پێدەکەین سایکۆ دراما چییە؟ لە کوێوە سەرچاوەی هەڵگرتووە؟ سایکۆ دراما چۆن دەتوانێت هاوکاری خەڵک بکات؟ میتۆد و ئامڕازەکانی کارکردنی چین؟ چۆن بەکار دێت؟
مۆرینۆ لە ساڵی 1974 دەمرێت و بەڵام زێرکا مۆرینۆ Moreno Zerka هاوژینی لەدوای مردنی مۆرینۆی هاوژینی بەردەوامی بەم میتۆدە دەدا. زێرکا دەستیکرد بە وانەگووتنەوە لەبارەی سایکۆدراما، هەروەها گەشتێکی زۆری بە وڵاتاندا کرد بۆ ناساندنی سایکۆ دراما و ڕێچکەی مۆرینۆی بەرنەداو بەردوامی بە کارەکانی مۆرینۆی مێردی دا. لە چاوپێکەوتنەکەیدا ئەم چیرۆکەدەگێڕێتەوە کە هەرخۆشی جاکۆب لێڤی مۆرینۆ لە یاداشتەکانیداباسی دەکات دەڵێت:
“ساڵی 1912 مۆرینۆ چاوی بە فرۆید دەکەوێت، فرۆید ئەو کات تەمەنی 56 ساڵان بوو، کە لەبواری دەروونزانیدا ناوبانگێکی زۆر و درەوشاوەی هەبوو، مۆرینۆش ئەودەمە تەنها 23 ساڵ دەبوو دوای پێنج ساڵ لەو بەروارە بڕوانامەی پزیشکی وەرگرت. ئەوکات مۆرینۆ خوێندکار بوو، دەڵێت؛ جارێک لە یەکێک لە وانەکانی فرۆید ئامادەبووم و دوای تەواوبوونی وانەکە لە ڕووبەڕوبونەوەیەکدا فرۆید بەدەر لە قوتابیەكانی تر جیایکردمەوەو ليی پرسیم چ كارەیت ؟ منیش لەوەڵامدا بە فرۆیدم گووت؛ دکتۆر فرۆید من بۆ ئەو شوێنە دەرۆم کە تۆ تێیدا دەوەستیت، چونکە تۆ لەکەشوهەوایەکی ناسروشتی نوسینگەدا چاوت بەخەڵک دەکەوێت، بەڵام من لە سەر جادەو کۆڵانەکان لە ماڵەکانیان لە ژینگە سروشتیەکی خۆیاندا دەیانبینم. (تۆ شیكاری بۆ خەونی خەڵكی دەكەیت و منیش هانیان دەدەم سەرلە نوێ خەو ببینن. تۆ شییاندەكەیتەوە و دەیانكەیت بە چەندین وردە كەرتی دەروونی منیش یارمەتیان دەدەم ئەو كەرتانە سەر لە نۆێ پێكەوە بلكێننەوە،. فێریان دەکەم چۆن رۆڵی خودا ببین و گەمەی خودا بکەن “
فرۆید زۆر بەسەرسوڕمانەوە سەیری ئەو لاوە دەکات، وەڵامەکەی بەلاوە سەیر دەبێت، بۆیە ئەگەر باس لە مێژووی زانستی دەرونزانی بکەیت ناتوانیت باسی مۆرینۆ نەکەیت، ئەگەر باسی شانۆ بکەیت هەروەها ناتوانیت ناتوانیت ئاماژە بە مۆرینۆ نەکەیت، ئەگەر باسی شیعر بکەیت ئەو بەشێکی زۆر دنیای شیعری ئەمریکی داگیرکردووە. مۆرینۆ (سایکۆدراما) بە هەنگاوێکی لۆژیکی دەبینێت دوای لێکدانەوەی دەروونی. کارکردن لەم نۆرینگەیەدا بەوشێوەیە هەلێک بوو بۆ بەکردارکردن لەبری قسەکردن.
هەندێک کەس لە ژیانماندا گرنگن بۆ ئێمە بەڵام دووچاری حاڵەتی ناجۆر و دەروونی هاتوون، جا بۆ ئەوەی بتوانین ڕۆڵی ئەو کەسە گرنگ و نزیکانەی کە لە ژیانماندان لە ژینگەیەکی پڕ دڵنیای بیانبینین و لێان تێبگەین، چۆن ئەو کەسانە بگەڕێنەوە ناو کۆمەڵ؟ چۆن بتوانین هاوڕێکانمان لەدەست نەدەین؟ چۆن بتوانین لە خوێندگەدا کەشێکی ئارام دروست بکەین؟ ئێمە کورد بە درێژی مێژوومان لە حاڵەت و دۆخێکی تراومادا دەژین، لەم بەشەدا داوادەکەم هەموو ئەو ژنە ڕزگاربوانەی دەستی داعش هاوکاریان بکرێت بە میتۆدی سایکۆدراما جارێکی دی بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ناو ژیان… جا بۆئەوەی لەو کابوسە ڕزگارمان بێت چی بکەین؟ باشترین میتۆد سایکۆ درامایە هاوکارمانە ئەو کەشە هێمن و دڵنیایەمان بۆ دەخوڵقێنێت. لەوەش گرنگتر ئەو کەسانە دەتوانن بگەڕێنەوە کۆمەڵگە و ببنە کەسانێکی بەهرەمەند و خۆبەخۆ و داهێنەر.
سیکۆ دراما یان چارەسەری دەروونی بەدراما، جۆرێکە لە چارەسەری دەروونی، بەڵام جیاوازە لە چارەسەری دەروونی کە زۆر کەس وە لە سەرجەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێی ئاشنان. زۆربەی خەڵک و دەروونزانەکان تەنها بەو ڕێگەیە ئاشنان کە نەخۆش قسە بکات و دەروونزان گوێبگرێت، بەڵام سایکۆدراما تەنها قسەکردن و گفتوگۆی نێوان سایکۆلۆژیستێک(دەروونزانێک) و نەخۆشێک نییە کە تەنها وشە بەکاربهێن، نەخۆش قسە بکات و دەروونزان گوێی لێبگرێت، ئەوەی ڕووبدات لە نێوانیان تەنها قسەبێت. بۆ چارەسەری دەروونی قسەکردن لەگەڵ نەخۆشێک بەکاربهێنرێت، ڕەنگە تەنها قسەکردن، ڕێژەیەکی کەم لە نەخۆش کەڵکی لێببینێت. دەشێت بۆ گشت نەخۆشیە دەروونیەکان تەنها قسە کەڵکی نەبێت، بەڵکو مرۆڤ بۆ چارەسەرکردن پێویستی بە داهێنانی میتۆدی ترە. لەم حاڵەتدا دەکرێت سایکۆدراما بژاردەیەکی تربێت، فۆرمێکی تری چارەسەری دەروونی بێت کە جەستە، هەناسە، دەنگ، ڕۆڵ بینین، ئازار و فشاری دەروونی دەورێکی کاریگەر دەگێڕێت. بۆ ئەوەی مرۆڤ تێگەیشتینی لەخۆی هەبێت و خۆی باشتر بناسێت دەتوانێت لە سایکۆدرامادا، خۆبەخۆی (عفويةــــ spontaneity)و ، گەمەکردن، ڕۆڵ بینین و خۆنمایشکردن هەموو ئەمانە بەکاری بهێنێت. ئەوەش ڕێگایەکە بەکاردەهێنرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە نەخۆشیەکان. سیکۆدراما جۆرێکە لە چارەسەری دەروونی کە ناوەڕۆکەکەی بریتیە لە بەرکارهێنانی شانۆ. واتە شانۆ بەشێکە لەچارەسەری دەروونی. بێگومان ئەمەش لەسەر تەختەی شانۆ یان شوێنێک کە بەشێوەی شانۆ بچێت، کە هەموو ئێکسسوار و دیکۆر و ڕووناکی و موزیک بەکاردێت. سایکۆدراما جۆرێکی چارەسەری دەروونیە کە کە نەک تەنها وشە، بەڵکو، جەستە، هەناسەدان، مەشق، هەڵسەنگاندن دەنگ و ڕۆڵبینین بەکاردێت و ڕێگایەکە بۆ زاڵبوون بەسەر سنوورداریاکانی دنیای زمانەوانیدا خۆی لە هەموو کۆت و بەندەکانی زمان ڕزگار دەکات دەکەوینە ناو ئەو هەست و سۆزە ڕاست و دروستەی کە نەخۆش لەو حاڵەتەی کە بەسەریدا هاتووە، زمانێک دەدۆزێتەوە گوزارشت لە دۆخی ڕاستەقینەی خۆی دەکات.
مۆرینۆ و شانۆ
مۆرینۆ ڕکابەرێکی سەرەکی هونەری شانۆی نەریتی بوو، پێی وابوو شانۆی سونەتی شانۆیەکی کۆن، نامۆدرێن و کۆنسەرڤاتیفە، لە گیانەڵادایە و خەریکە دەمرێت. ئەو دەیگووت؛ من تێناگەم و چ مانایەکی هەیە کە تێکستێک سەدەها ساڵە نوسراوە، پاش چەندەها مانگ پرۆڤە، نمایشی دەکەن، بەڵام ئێوارە دوای ئێوارە هەمان شت دووبارە دەکەنەوە. بۆچی تێکستێکی خەیاڵی نمایش بکرێت ئەی بۆ ئەکتەرەکە ژیانی خۆی نەبێت بە تێکستەکە ؟. لەبەر ئەوە بڕیاری دا کە لە ساڵی 1921 بە ئامانجی شۆرشکردن لە ڤیەنا (شانۆی خۆبەخۆیی – مسرح العفوية -The theater of spontaneity) ی دەمەزراند
کارەکەش بەمجۆرە دەکرێت:
-
وەلانانی دەقی شانۆ و نووسەر
-
بینەر وەک بەشداربوو. شانۆیەک بێ بینەر، هەموو بەشداری دەکەن، هەموو ئەکتەرن.
-
هەموو شتێک لەپڕداکردنە،ڕاگوزەرە، ئیرتیجالە ( ئیمپرۆڤیسیونە). هەموو پێکەوە، تێکست، ڕووداو، وەڵام، بینین و بەیەکگەیشتن و ناکۆکیەکان دروست دەکەن .
شانۆی کۆنی گۆڕدراوە بە شانۆیەکی کراوە، شوێنی کراوە، دیمەنێکی کراوە، ژیانێکی کراوە. لەو دەمەدا کە مۆرینۆ جاڕی ئەو جۆرە تەکنیکەی لە شانۆدا، لەو کاتەدا هەم خەڵک وبینەران هەم رۆژنامەکان بەچاوێکی و گومانەوە ڕوانیانە مۆرینۆ، چونکە ئەوان چاویان، بیستنیان، بینینان و تێگەیشتنیان بەو کولتورە نەریتی کۆنەپارێزی و لە قوتونراوە ڕاهاتبوو، باوەڕیان بە داهینانە خۆبەخۆیە (العفویة) نەبوو.
مۆرینۆ بۆ بەرێوەبردنی شانۆ نوێیەکەی، تووشی قەیرانی دارایی دێت کاتێک کە یەکێک لە ئەکتەرە نزیکەکانی بۆ کارکردن لە شانۆی نەریتیدا مۆرینۆ بەجێدەهێڵێت لە شوێنێکی تردا کاردەکات. مۆرینۆش توشی قەیرانێکی دارایی دەبێت، لە سەروەختی ئەوەدا دەبێت کە شانۆکەی مایە پوچ بێت، بەڵام مۆرینۆ بیر لە دەرکردنی ڕۆژنامەیەکی ڕۆژانە دەردەکات بە ناوی (ڕۆژنامەی زیندوو) کە ڕووداوەکانی ڕۆژانەی لەسەر شانۆ نمایش دەکرد، ڕوەداو هەواڵەکانی ڕۆژنامەکە دەبوونە بابەت و ناوەڕۆکی نمایشەکەی هەڵبەت، شانۆیەکەی تەکنیکێکی جیاوازتری هەبوو، وەک ئەوە نەبوو کە پێشتر خەڵک پێی ئاشنابوون.
(ڕۆژنامەی زیندو) هەنگاوێک بوو، بۆ پێشەوە بەڵام مۆرینۆ پێی وابوو کە ڕۆژنامەکە ئەو کاریزما و مانا قووڵەی نییە کە ئەو دەیویست. هەستیکرد شتێکی نوقسانە، بیریکردەوە و ڕێچکەیەکی تری دۆزیەوە و شانۆ وەک ئامڕازێک بۆ چارەسەر بەکاربهێێنێ. هەواڵەکانی ناو ڕۆژنامەکەی وەربگێڕیتە سەر ئاکت و ڕووداو لەسەر شانۆ پیشانی بدات، لەبەرئەوە بینی کە شانۆی خۆبەخۆی – سپۆنتانیتیەت – سەد دەر سەد ئەو شتەیە کە پێی بگات. ئەوەش بە قازانجی مۆرینۆ گەرایەوە کاتێک دامزراندنی شانۆ نوێیەکەی بوو بەهەواڵی ڕۆژنامەکان.
ڕەخنەگرەکان بەم شێوەیە لەسەریان نووسی:
“ئەوان شانۆ وەک ڕۆژنامە بەکاردێنن! ڤێنا گروپێکی شانۆی بەسەرپەرشتی مـۆرینۆ هەیە، لەبری ئەوەی ئەوان دووبارە خەریکی بەرهەم هێنانەوەی ووشە نووسراوەکان بن، لەوشوێنەدا خەریکی ڕاگوزەرین (ئیمپرۆڤیسەسیونن)، دڵنیاتان دەکەم کە ئەمە دەتوانرێت، جێی کەیف خۆشی، سەرنج ڕاکێشترو کاریگەرتربێت لە بەرهەمە کلاسیکیەکانی وەک ستریندبێرگ و پاوڵ ستێفان،“ ڤیێنا 24 ی مایسی 1924.
(Giacomo Boni, Il Sereno, Rome, Nov 26, 1924
“ئەوە چ دیمەنێکی سەرنج ڕاکێشە خوێنەری ئازیز بیهێنە پێش چاوی خۆت کە بینەران پێشنیار بۆ ئەکتەر دەکات، بینەر دەتوانێت نمایش بکات“
Haagsche Courant, The Hague, February 27, 1925..
بەهۆی ئەم نووسینانە لەسەر شانۆکەی مۆرینۆ تیشکخرایە سەر جۆری شانۆکە و جۆری کارکردنی، بەهۆی ئەو دوو نووسینە کورتەی کە لەسەر مۆرینۆ نووسراوە، ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەبێت کە شانۆی ئیمرۆ بەو کامڵیی و تەکنیکەی کە ئێستا هەیە کە بۆ خاوەندارێتی بۆ مۆرینۆ دەگەڕێتەوە، بەر ڤیۆلا سپۆلین و کتیس جۆنستۆن، ئەو بەو شێوازە کاری کردووە.
ڕەنگە کارێکی دژوار بێت کە چاو بپۆشین لە جوانی، دەنگ ڕەنگ، هەروەها ڕەهەندە دەروونی و دەرەکییەکانی ئەکتەرێکی ئاسایی، لە شانۆیەکی نەریتی یاخود هەر پێرفۆرمانسێک دەرهێنەر کۆمەڵێک مەرجی جواناسی و دەروونی بۆ هەڵبژاردنی ئەکتەر هەیە. بەڵام لە شانۆکەی مۆرینۆ (شانۆی خۆبەخۆی – سپۆناتیتی) سایکۆدرامادا، یاخود وەک دکتۆرێک بۆ چارەسەرکردنی دەروونی نەخۆش تۆ ئەو مەرجانەت نییە، بەڵکو تۆ تەواو نەخۆشەکە یان کەسەکەت قبوڵە وەک ئەوەی خۆی کە هەیە. سەرجەم ئەو ئەکتەرانەی تر بەشداری دەکەن وەک هاوکارێک بۆ یارمەتی دانای پاڵەوانەکە و کەشو هەویەکی بۆ دەخوڵقێنن بۆ چارەسەرکردنی. مۆرینۆ فۆرمێکی تری لە بناغەی شانۆی سپۆنتانیتێت العفویة پەرەپێدا بە نێوی شانۆی کاتاریسیس ( .Theatre of catharsis) سایکۆدراما.
ڕۆڵگۆڕین لە سایکۆدرامادا
وشەی سایکۆ دراما وشەیەکی لێکدراوە لە دوو وشەی یۆنانیەوە پێکهاتووە؛ یەکەمیان وشەی Psyche واتە دەروون یان ڕۆح و دووهەمیان وشەی دراما Drama مانای کردار دەگەیەنێت. لێرەوە سایکۆدراما میتۆدێکی کردارە کە بەسادەیی پێناسەی بکەین دەڵێین؛ میتۆدێکە بە وێناکردنی ئەو شتانە وەسفدەکرێت کە لە ژیانی مرۆڤدا جێگەیان بۆتەوە، شوێنێکیان داگیر کردووە. ڕەنگە بە تێفکرین نەتوانرێت ببینرێت، بە مانایاکی تر پرسیارکردن لەوبارەیەوە گەڕانە بەدوای زانیاریدا. میتۆدەکە لەسەر فەلسەفە و بیروباوەڕی مۆرینۆ لەنگەر دەگرێت، کە لە چەند مەشقێک پێک هاتووە، ڕووبەرێکی تاڕادەیەک گەورە دروستدەکات بۆ تێفکرین و ڕانگدانەوەی ناخ.
بە ئیلهام وەرگرتن لە درامای کۆنی یۆنانی بە ئەکتەری سەرەکی دەگوترا (پرۆتاگۆنیست، protagonist) وەک ڕێزلێنان یاخود ئازایەتی ئەوەی هەبوووبێت کەسی نەخۆش کە باسی کێشە دەروونی نیگەرانیەکانی خۆی بکات بۆیە لە کاری سایکۆدرامادا بەو کەسە دەوترێت پاڵەوان. سایکۆدراما ئامادەکردنێکە کە مرۆڤەکان خۆیان ڕووبەڕووی خۆیان دەبنەوە، واتە مرۆڤ لەخۆی نزیکدەبێتەوە و هەست و سۆزەکەی خۆی دەبینێت. هەروەها میتۆدێکیشە بۆ مەیلی ڕەگی گۆڕنکاری لە بنچینەوە، لە زانیاریەوە بۆ یەکانگیری و چاوپێکەوتن، تێکەڵبوون و پەیەستبوون لە تاکەکاندا. ئاڕاستەیەک لەزانیاری دەگۆڕێت بۆ تێکەڵبوون. سایکۆدراما هاوکارێکی گرنگە بۆ دۆزینەوە و ناسینەوەی خەڵک لە بازنە کۆمەڵایەتیەکاندا. ئەو کەسانەی کە زیاتر پێویستیان پاڵپشتی و هاوکارییە. هەروەها هاوکارمان دەبێت کە کەسانێک بدۆزینەوە کە ئەو کەسانە واتەیەکی گرنگیان هەبووە بۆ دەوروبەرو خزم و کەسیان. ئەوانەی گرنگە بۆ بۆیان. مرۆڤ ئەوەی بەخەیاڵدا دێت و لای بەرجەستە دەبێت کە باوەڕ بەوە بکات کە بە یارمەتی میتۆدی سایکۆدراماتیک دەتوانم هاوکاری خۆم و ئەو کەسەی چاوم پێیدەکەوێت بەشێوەیەکی ڕێکخراوەیی هاوکاری بکەم و بەشێوەیەکی داهێنەرانە دەتوانیت کێشەکان چارەسەر بکەن و چارەسەری کێشەکانی خۆت بکەیت و پرۆسەی دۆزینەوەی چارەسەری کێشەکە بگوازیتەوە بۆ یەکێکی دی. بەمشێوەیە دەتوانم پاڵپشتێکی داهێنەرانە بم بۆ ئەوی دیکە.
میتۆد، ئاکتین و سایکۆدراما: یەکێک لەو مەشق وکۆڵەکە گرنگانەی سایکۆدرامان، نەک تەنها سایکۆدراما بەڵکو مەشقێکە بۆ هونەری نواندن وانەیەکی گرنگە بۆ دروستبوونی ئەکتەری پرۆفیشوناڵ. لە هەمانکاتدا مەشقێکە لە ژیانی ڕۆژانەمان کە دەتوانین کەڵکی لێببینین بۆئەوەی ژیان جوانتربێت. مرۆڤ زیاتر مرۆڤانەتر بیربکاتەوە و هەست بە ئازارەکانی ئەویتر بکات، ئەویش ڕۆڵ گۆرینەوەیە ( هەندێک جار گوێمان لە دایکمان دەبێت یان لە کەسێک دەبێت کە بیەوێت کێشەیەک چارەسەر بکات دەڵێت؛ باشە تۆ خۆت لە شوێنی ئەو دابنێ) ڕێک ئەم مەشقە تەواو ئەو بیرکردنەوەیە چەقی کارکردنی بەشێکی زۆر سایکۆدرامایە بەڵام لە فۆرمێکی شانۆیانەدا.
لەنواندندا ڕۆڵگۆرینەوە واتە لە زەمەنێكی کورتی نواندندا بتوانیت ڕۆڵی چەند کارەکتەرێک ببینیت. ئەگەر تۆ وەک ئەکتەر ئەگەر لە نمایشێکدا ڕۆڵی چەند ئەکتەرێکی جیاواز ببینیت ، جیاوازیەکانی ئەو ڕۆڵەنەی کە دەیبنینی بەشێوەیەکی سروشتی ببینرێت واتە تۆ ئەکتەرێکی سەرکەوتوویت. تۆ وەک بەڕێوەبەرێک یان دەرهێنەرێک کە مەشق بە ئەکتەرەکانت دەکەیت، هەوڵبدە ئەو کاتەی کە ئەکتەرەکانت لە گەرمەی خوێندنەوەی کارەکتەرەکاندان داوایان لێبکە کە ڕۆڵکەن بگۆڕنەوە. بۆنموونە؛ ئەگەر کچێکی ئەکتەر ڕۆڵی ئۆفییلیا ببینێت و کوڕێک ڕۆڵی هاملێت، لە کاتی خوێندنەوە ڕۆڵەکانیاندا یان تەنانەت لەکاتی نواندنیاندا پێیان بڵێ کە ئەکتەری کچ دەوری هاملێت وازی بکات و کوڕەکەش دەوری ئۆفیلیا… واتە ئەمیان لەو بارە دەروونیەی کارەکتەری هاملێت تێبگات و ئەوتریشیان لە حاڵەتی دەروونی ئۆفلیلیا تێبگات. تۆ وەک دەرهێنەر ئەو قەناعەتەی لا دروست بکە ئەکتەرە کچەکە دەوری هاملێت دەبینێت و کوڕەکەش دەوری ئۆفیلیا. ئەم ڕۆڵ گۆڕینەوەیە ڕەنگە کارێکی سەیربێت، بەڵام تامو چێژی خۆی هەیە و هاوکاریمان دەکات کە وەک ئەکتەر هەموو هەست و سۆزەکان ئەزموون بکەین و لەو بارو دۆخە دەرونیانە بژین کە ئەکتەری بەرامبەر تێدا دەژی. دەشێت سەرەتا ئەکتەر تووشی شڵەژان بێت، بەڵام کاریگەری خۆی دەبێت. تۆ بەردەوامبە و قەناعەت بە ئەکتەرەکە بهێنە کە ئەو رۆڵە دەگێرت پاش ئەوەی کە ئەکتەرەکان خۆیان لەسەر ڕیتمێکی دەروونی و هەستی ڕاهێناوە ،کەچی لە پڕێکدا تەواو پێچەوانە دەبێتەوە. ڕاستە کارەکتەری هاملێتە بەڵام ئێستا هەستیکی تری هەیە، ئەو خەونەی نییە کە بینای کردبوو وەک هاملێت، با ئەکتەرە کوڕەکە بە هەموو وردەکاریەکانەوە، بە هەموو هەست و سۆز و خەم و ئازاری ژنانەی ئۆفیلیا بێت، کچکەش بە هەمەن شێوە تەواو نوقمی کەسایەتی هاملێت بێت بە وردوو درشتی بابەت و ڕەهەندە ڕۆحی و هەستیەکانەوە بە ئازاراکانیەوە.
هەمان سات و هەمان شت لە سایکۆدرامادا هەیە، ئەم مەشقە تەواو پراکتیزە دەکرێت لە دانیشتنەکانی چارەسەر بە سایکۆدراما، کە ڕۆڵ بینین بەشێکی سەرەکی پرۆسەی کارکردنەکەیە، ئەوە جەوهەری کارکردنەکەیە. ئەگەر ئەم مەشقە وەربگێڕینە سەر ژیانی ڕۆژانەمان و نموونەکان لە پاڵ ژیانی خۆمانەوە وەربگرین،کارێکی هەم ئاسان و هەم سەیر دەبێت. بیربکەرەوە و خۆت ببە پاڵەوانی سەرەکی ژیانت، خۆت ببە بەدەرهێنەرو بە شانۆکار، ئەم ئێوارەیە لەگەڵ ئەو کەسەی کە کێشە و ناکۆکیت هەیە یان ڕەنگە هەڵە تێگەیشتنێتک هەبێت دابنیشە و بانگی بکە و پێی بڵێ ئەمڕۆ ئێمە نمایشێك دەکەین. بە خێزانەکەت بڵێ ؛ با ئەم ئێوارەیە ژیانمان لە ێۆتین دەربچێت و نمایشێکی لەگەڵدا بکە، دەشێت زۆر کەس لە پەیوەندی خێزانیدا یان لەگەڵ کەسێک ناکۆکی هەبیت، ڕەنگە بەم شێوەیەی لێ بێت. دوای ئەوەی لەگەڵ خێزانەکەت قسەت کرد پێیی بڵێ کە ئەو ڕۆڵی تۆ ببینیت تۆش ڕۆڵی ئەو، دەشتوانن هەرخۆتان بن، یان ئەگەر حەزتان کرد منداڵەکانیان لەگەڵ بێت، بەو مەرجەی تەمەنی لە هەژەدە ساڵ بەرەو ژوور بێت… یاخود ئەگەر لەگەڵ هاوڕێیەکەت کیشەیەک وهەڵە تێگەیشتنێک هەبێت، بانگی بکەو ئەم مەشقەی لەگەڵ بکە. با تۆ خۆت لە جێگای ئەو دابنێیت و ئەویش لە بری تۆ، باسی کیشەکان بکەن ئەو شتانەی کە ناکۆن لەسەری. زۆر گرنگە شوێنێک دروست بکەن هەتا هەگەر لەماڵی خۆشتان بێت بە وەک دیمەنێکی شانۆیی، شوێن دروست بکەن کە وەک تەختەی شانۆ بێت، دەتوانیت بەتانییەک ڕابخەیت ئەو جوگرافیای بەتانییەکە ببێتە بە شانۆ. چونکێ زۆر گرنگە شوێن دروستبکەیت.
یەکێک لە خاڵە نێگەتیڤەکانی چارەسەری دەروونی لای دکتۆری دەروونی ئەوەیە تەنها لە کلینکەکەی دادەنیشێت و تۆ قسە دەکەیت و ئەویش گوێ دەگرێت، یان ئەو قسە دەکات وەک مەلایەکی مزگەوت تۆش گوێ دەگریت بێ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە هیچ ماکێکی کیشەکان بکەن. بێ ئەوەی هیچ هاوکاریەکت بکات، بێئەوەی ئەو لە ئازارەکان و دردۆنگیەکانت بگات. بەڵام ئەگەر بەو شێوەیەمان کرد کە خۆمان دەمانەوێت، ئەو دەمە هەموو تێرمی سۆسیۆمێتری تێدەگەیت، تێڕوانینێکی ترت بۆ کێشەکە دەبێت، هەستێکی ترت هەیە کە تۆ بەرگری لەو دەکەیت لەو کاتەدا ئەویش بە هەمان شێوە، بەڵام دەبێت تەواو بچنە ڕۆڵەکەی خۆتانەوە. کە ئەم کارەمان جێبەجێ کرد هەست بەم شتانە دەکەیت: خۆت دەبیت بە پاڵەوانی سەرەکی لەم نمایشەدا، هۆش زاڵ دەبێت بەسەرتۆدا، دەتوانیت دیالۆگ بکەیت. پرسیار لە خۆت دەکەیت؛ باشە شتەکان بۆ وا دەڕوات؟ خۆ ئەگەر کەسێک لە خێزانەکە یان هاوڕێیەکەت لەوێ بوو بۆ بینینت، داوای لێ بکە ئەو ڕۆڵی تۆ ببینێت لەم کێشەیەدا، بۆ ئەوەی کە مەشقی ئاوێنە بکەیت بزانیت چۆن خۆت دەبینیت لە دیدی ئەوانی تردا.
” ڤیتگنشتاینی فەیلەسوف دەڵێت، بۆ ئەوەی لە خۆت تێبگەیت یەک هەنگاو لە خۆت وەرەدەرەوە”. جا ئەگەر ئێمە ئەم مەشقەمان کرد زیاتر دەربارەی خۆت شت فێر دەبیت سەرنجدانێکە لە خودی خۆمان . کاتێک کە یەکێکی دی ڕۆڵی تۆ دەبینیت، وەک ئەوە وایە خۆت لە ئاوێنەدا بینیت و ڕەنگدانەوەی خۆت بێت، بێگومان هەست بە سەرسوڕمانیکی زۆر دەکەیت. هەندێک جار ڕەنگە ڕێکەوتی ئەوەت کردبێت لە کێشەیەکدا یان لە شوێنێکدا قسەدەکەیت کەسێک بۆی تۆمارکردوویت بەڵام بێ ئەوەی پێت بڵێت، پاشان چەند ساڵێک ئەو ڤیدۆیەت بۆ لێبدەنەوە تۆ سەیری خۆت دەکەیت. ڕەنگە بە پێکەنینەوە یان بە سەرسوڕمانەوە بەخۆت بڵێیت؛ باشە بۆم وامکرد؟ ئەم مەشقەش هەمان شتە سایکۆدراما هاوکاریت دەکات کە بەخۆت بڵێی باشە بۆ وامکرد. ئەگەر کێشەو ئاریشەت لەگەڵ هەرکەسێک هەبێت ئەوا تۆ بەشێکیت لەو کێشەیە، تۆ بەشێکی لەو وێنەیە کە تەواوی کێشە و ئاریشەکە پێکدەهێنێت. لە گەمەی سایکۆدرامادا تۆبەشی خۆت لە وێنە تەواوکراوەکەدا دەبینیت. لە سایکۆدرامدا تۆ خۆت هەنگاوێک هاتویتە دەرەوەو بەشەکەی خۆت لە وێنە تەواوکراوەکەدا دەبینیت، چونکێ ئاستەمە ئەگەر هەنگاوێک لەخۆی نەیەتەدەرێ و دیالۆگ نەبێت مرۆڤ ناتوانێت وێنە تەواوکراوەکە ببینێت، هەمیشە بە ڵێلێ وێنەکە دەبینیت یان هەر خۆت لە وێنەکەدا دەبینیت. ئەگەر هەر خۆشت لە وێنەکەدا بینی ئەودەمە یان دەبێت بە کەسێکی دیکتارۆر، عەنید، لوتبەرز و خۆویست.
ئێڤا کارلسۆن، یەکێکە لە نوسەرەکانی سوید باسی ژیانی خۆی دەکات و دەڵێت؛ “کاتێک من و هاوژینەکەم ئەگەر بمانویستایە باسی شتێک بکەین، عادەتەن من دەستمدەکرد بە پرسیارکردن، سەرەتا پرسیاری ئاسایی، سەرەتا شتەکان سروشتی دەڕۆیشت بەرێوە پاشان من مکوڕیم دەکرد، وردە وردە قسەکانمان بێزارکەر دەبوو، دەبوو بە چەلەحانێ، و کاریگەری کردبووە سەر پەیوەندیەکانمان. نزیک بوو لەوەی کە چیتر ناتوانین بە یەکەوە هەڵبکەین و هەرکەسێک بەڕێگەی خۆی. بەڵام کاتێک لەگەڵ هاوژینەکەم بڕیارماندا کە بەشداربین لە سایکۆدراما، ڕۆلێ پێچەوانەمان دەبنینی هەستمکرد کاریگەری زۆر هەیە و خۆمم دۆزیەوە. بەو شێوەیە دەچوومە ژوورەکەو خۆم بە شتێکەوە خەریک دەکرد کە چەند خولەکێکی نەدەخایاند، هاوژینەکەم پرسیاری دەکرد چی دەکەیت؟ ئێستا ئەو دەورەکەی منی دەبینی و پرسیار دەکرد، من چیدەکەم؟ ئێستا ئەوجڵەوی پرسیارەکان و دیالۆگەکانی گرتۆتە دەست و بە ئارەزووی خۆی پرسیار دەکات و بە پرسیار منی لە گۆشەیەکدا قەتیس کردووە. منیش حەز دەکەم وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەمەوە کە حەز دەکەم بیکات. جارێکی دی چاوم کرایەوە و خۆم دۆزیەوە، تەواو چارەسەرێکی دەرونی بوو بۆ من. ئەو ڕۆڵ گۆڕینەوە دەرگایەکی تری بۆ ژیانی من خستە سەر پشت و شێواز و ڕەفتاری منی گۆڕی. هۆشم کرایەوە. ئێستا هەندێک جار کە شتێک دەبینم کە شتەکان زیاد لە پێویست گەورە دەکرێت و دراماتیکی دەکرێت هەست بە بێزاری دەکەم، قسەکردنی زۆر هەیە کار لە ڕۆحت دەکات“
ساڵی 2003 ئەو دەمەی کە ئەمریکا هێرسێ کردە سەر ئێراق و نزیکەی دووسەد هەزار سەربازی لە ڕێگەی کوێتەوە ڕەوانەی عێراق، لەو سەروەختەدا ڕۆژنامەنوسێکی فەڕەنسی باس لەوەدەکات کە عێراق پێویستی بە دووسەد هەزار دکتۆری دەروونی هەیە لەبری ئەوەی دووسەد هەزار سەربازی بۆ ڕەوانە بکەیت. بەدیدی من ئەگەر زیاتر لە مۆرینۆی وردبینەوەو وەک فەیلەسوفێکی کۆمەڵناس کە خاوەنی میۆدی سۆسیۆمێتری (sociometry) یە کە باس لە پەیوەندی تاکەکان دەکات بە کۆمەڵگەوە، بەدوای دوو ئامانجی جیاوازدا دەگەڕێت: لەلایەکەوە ئامانجی پێوانی پەیوەندی تاکەکانە لە ناو گروپێکدا ( کە پێکهاتەی پەیوەندییە تاکە کەسییەکانی دێنێتە ئاراوە)، و لەلایەکی ترەوە ئامانجەکەی دەستکردنە بە بە تاقیکردنەوەو دروستکردنی گۆڕانکاری لە ناو گروپەکەدا. ئەو لەو باردۆخەدا خەڵکی ئێراق پێویستی بە دەیەها هەزار کەس بوو کە لە سایکۆدرامادا شارەزاییان هەیە بۆ ئەوەی، خەڵکە کە پێش هەموو شتێک لەگەڵ خۆیاندا ئاشبببنەوە و پاشان ئەو پەیوەندیە بریندارە تیمار بکەن کە لەگەڵ خەڵکیدا هەیانە. بێگومان پەیڕەوکردن و جێبەجێکردنی سایکۆدراما بە بێ شارەزایی لە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان، کۆمەڵناسی، مرۆڤناسی کارێکی تەواو لاسەنگ دەبێت.
جا ئەگەر ئێمە سەیری وێنەی ئێستای پەیوەندیە خێزانی، کۆمەڵایەتی، گروپ و ڕێکخراوەییەکانی ئێستای کوردستان بکەین. تەواو وێنەیەکی واقعیمان دێتەبەرچاو. بەدڵنیاییەوە هەموو ئەو پەیوەندیانەی کە خەڵک هەیەتی لەگەڵ یەکتریدا پێوسیتی بەوە هەیە کە بە پرۆسەی بەشداریکردن هەیە لە سایکۆدرامادا بۆئەوەی جارێکی دی خۆیان بینەوە هۆشیان بەسەر دونیای خۆیاندا بکرێتەوە. پەیوەندیاکانی گەلی کورد چ لە پەیوەندی خێزانیمان، هاوڕێەتیمان، پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانمان، پەیوەندی ئەندامانی حیزم لەگەڵ یەکتردا. پەیوەندی ئەندامەکاناین لەگەڵ سەرکردەکانیان، پەیوەندی دەسەڵات بەگەلەوە، پەیوەندی مەلای مزگەوتەکان، پەیوەندی خوێندکار و مامۆستا، کارمەند و بەڕێوەبەرەکەی، پەیوەندی خۆشک لەگەڵ براو باوکیدا، پەیوەندی ژن و مێردایەتی…هتد. ئێمە هەموومان کوڕی ئەم گەلەین کەم تا زۆر ئاشنای ڕەفتارو هەڵسوکەوتی یەکترین. ئەم مەشق و نمایشانە لە سەر خۆمان پیادە بکەین، چی دەبینین؟ تۆ بیهێنەرە پێش چاوی خۆت مەلایەکی مزگەوت ڕۆڵەکانیان گۆڕیوەتەوە لەگەڵ کەسێکی وەک فاروق هۆمەردا، بۆیە ئەم دووانەم بە نموونە هێنایەوە، مەلاکانی ئێمە قسە زۆر دەکەن بۆ هەموو شتێک قسەیان هەیە، دونیای ئێمە بەسەر حەڵا و حەرامدا دابەش دەکەن. هۆمەریش نوسەرێکی کەم دوو سەرقاڵە بەنووسینی خۆیەوە، قسەکانی ئەو بە نووسینە لە سەر دیاردەکان. وێنای ئەوە بکە کە فاروق هۆمەر و مەلای مزگەوتەکە ڕۆڵەکانیان گۆڕیوەتەوە، لە کارێکی سایکۆدرامادا بەشدارن ئەم دووکەسە، کە فاروق پەنجە ڕادەوەشێنێت دونیا بەسەر حەلال و حەرامدا دابەش دەکات، مەلاکەش بەو پەڕی هێمنیەوە لە شەرمدا زمانی دەیگرێت و پێیدەڵێت؛ ئاخر تۆ گوێبگرە ئێمە دەبێت بە ڕۆحێی کوردانەوە بۆ شتەکان بڕوانین، هەموو بەشێک لە جوانیمان تێدایەو بەشێک ڕاستی لای هەموان هەیە. هەرکاتێک مەلای مزگەوتەکە خۆی لە شوێنی فاروق داناو ئەو قسانەی کرد ئەودەمە مەلای مزگەوت فاروق وەک دڕندە تەماشا ناکات، کە باوەڕی بەوە هەیە ئەوەی نوێژیش ناکات دڕندە نییە. یاخود وێنای ئەوە بکە کە ئەردۆغان لە ئەو پەڕی تێڕاماندایەو لە بەردەم عەبدوڵا ئۆجەلاندایە و پێیدەڵێت؛ دەزانی نزیک چل ملیۆن کەس هەویەی خۆی هەیە کولتور و زمانی خۆی هەیە، دەبێت ببێت بە دەوڵەت چونکە ئەوە مافی سەرەتایی هەموو گەلێکە. یان مەسعود بەرزانی و لاهور لەگەڵ یەکتریدا لەسەر دۆشەکێک دانیشتوون و پاڵیان بەسەرینێکەوە ناوە و قاچیان ڕاکێشاوە و لەوپەڕی پشوودن و دەورەکانیان گۆڕیوەتە، لاهور دەوری مەسعود بارزانی دەبینێت و کارەکتەری ئەو یاری دەکات، مەسعود بارزانییش ڕۆڵی لاهور دەبینێت و دەڵێت: هەست بە تاوان دەکەم و ویژدانم ئازارم دەدات خوێنی ئەو هەموو پیشمەرگەیەم بە فیرۆدا کە لە کەرکوک خۆیان شەهید کرد، هەموو مەبەستێکم ئەوە بوو کا پشتی تۆ بشکێنم هەتا داوای هاوکاریم لە ئێران کرد. مەسعودیش کە لاهور دەورەکەی دەبینێت دەڵێت؛ منیش زۆر هەموو هەست بە تاوان دەکەم، ئەو شتانەم لە پێناوی خودی خۆمدا کرد، لە پێناوی بنەماڵەکەمدا کردم، دەستی تورکیام تا بینەقاقی گەلی کورد هێناوە….
ئەو کاتە لەم وێنانەدا چی دەبینین، بەڵێ لەم وێنانەدا ئەوە دەبینین کە هەموو ئەو فۆکەسە ڕۆشنایە لەسەر بیرکردنەوەو خودی پێشتری کەسەکە بەرەو شوێنێکی تر دەڕوات ئەوەیش چی ڕوودەدات لە ناو کەسەکەدا. زۆر گرنگە کەبۆنموونە خودی ئەو کەسانەی کە ناومان هێنا و هەموو ئەوکەسانەی تریش کە بگرە هەموو گەلی کورد، دەبێتە پرۆسەی چاکردنەوەی ڕۆح و دەرووندا تێپەڕن بۆئەوەی نەتەوەیەکی ساغلەم و بەهۆش دروست بکەین. خۆ ئەگەر ئەو دوو بەڕێزە ئامادەگیان تێدا هەبێت، من ئامادەم هاوکاریان بکەم بیانخەمە ژێر ئەو تاقیکردنەوەیەوە. ئەویش بەمەرجێک خۆیان باوەڕیان بەوە هەبێت کە پێویستە بە پرۆسەی چاکردنی ڕۆحدا تێپەڕن، چونکێ لەم سەروەختەدا (کاتی نوسینی ئەم گوتارە) هەموو خەڵک لە کوردستان سەرقاڵە بەوەی ئایا ئەم دوو بەڕێزە پێکەوە دادەنیشن یان نا. زۆرگرنگە کە تۆبەشداری ئەم پرۆسەیە دەبیت باوەڕی تەواوت پێی هەبێت بە کاری بهێنیت وەک ئامرازێک بۆ تیمارکردنی ڕۆحت. ئەوەش پەیوەندی بەوەوە نییە کە تۆ لەبەردەم پاڵەواندا بوەستیت، بەڵکو پەیوەندی بە دروستکردنی متمانەوە هەیە لەگەڵ یەکتریدا، دوای لێکۆڵینەوەی ڕێگاکان بکەویت. لە سایکۆدراما شتێک کە زۆر گرنگە ڕێت پێدەدات کە خوازیاری چی بووبیتایە کە ڕووبدات دەتوانیت بیڵێیت یان بیکەیت. کە تۆ ئەوەی خوازیاری بوویت بیکەیت ئەنجامەکەشی دەبینیت لای خۆتەوە لە دیمەنەکەدا. من کە ئەو کەسانەم بە نموونە هێنایەوە بۆ ئەوەی لە خۆمانەوە نزیک بێت، چونکە سایکۆدراما بەرجەستکردن و باسکردنی کێشەی ئێسامانە. هیچ مەبەستێک لە ناوهێنانی ئەوکەسانەدا نییە.
پرسیار: سایکۆدراما چییە؟
ئاسانترین ڕێگە بۆ تێگەیشتن لە سایکۆدراما ئەوەیە کە بیرکەرەوە هۆشت و ئەقڵت لە جوڵەدایە، لەبری ئەوەی بە قسە باس لە کێشەکانت بکەیت، پیشانمان بدە بۆمان باس مەکە،” نیشاندان ” واتە ڕەفتاربکە، نواندنی ناو ناخت بکە، بەوشێوەیە بجوڵێرەوە، لە چ شتێک نیگەرانیت بە هەڵسو کەوت پیشانمانبدە نەک بەقسە. کارکردنی پرۆسە دەروونیەکان خۆیان لە کاردانەوە جەستەیەکاندا بەرجەستەدەکەن.
دوا وتە
سایکۆدراما: جۆرێکە لە چارەسەری دەروونی کە تەنیا وشەی گوتراو بەکار ناهێنیت. لەوانەیە جەستە، هەناسەدان، مەشق، دەنگ و ڕۆڵ بینین بەکاردێت. چەرەسەری دەروونی درامی ڕێگەیەکە بۆ زاڵبوون بەسەر سنوورداریەکانی دنیای زمانی، کەوتنە نێو دنیای هەستەکان مامەڵەکردن لەگەڵیدا، گوزارشت کردن لەو هەستانە کە تۆی تێدا دەژی مامەڵەکردن لەگەڵیدا.
تەواو
نمونەیەک لە سایکۆ دراما
سەرچاوەکان
-
Nordisk Utbildning i Psykodrama och Sociodrama (2012). Teori-, övnings- och tentamensbok
-
Berglind, Hans (red), (1998). Skapande ögonblick. Psykodrama och sociodrama. Stockholm: Bokförlaget Cura AB
-
Blatner A H, (1984) Praktisk psykodrama. Natur och kultur: Stockholm
-
Berglind H (red), (1998) Skapande ögonblick, psykodrama och sociodrama. Cura: Falun
-
Psykodrama/svenskamorenoinstitutet.se-Psykodrama.pdf
chodrama