یەشار کەمال - ڕۆماننوسی تورکی - ١٩٢٣ - ٢٠١٥

یەشار کەمال لە نێوان کوردبوون  و  تورکبوونی دا


Loading

ئیدریس موستەفایەشار کەمال لە نێوان کوردبوون  و  تورکبوونی دا

 نوسینی: ئیدریس مستەفا

ڕەشەمێی ٢٠٢٢

وتەیەکی پێویست: کەس ناتوانێ نکوڵی لە گەورەیی یەشار کەمال بکات وەک ڕۆماننوسێکی تورکینوس و ئەدیبێکی گەورەی تورکیا، بەڵام کاتێک بەهۆی رەچەڵەکی کوردبوونیەوە دەکرێت بە نوسەر و ڕۆماننوسێکی دیاری کورد و بەرهەمەکانی باسی کورد و دۆزی کورد دەکات، ئەوا ئێمە غەدر لە خۆمان و یەشار کەمالیش دەکەین. غەدر لەو دەکەین گەر بیکەین بە رۆمانوسێکی کورد و غەدر لە خۆشمان دەکەین گەر دڵمان بە کوردبوونی ئەو خۆش بکەین. ئەو وەک خۆی چۆنە با ئاوها سەیر بکرێت دوور لەهەر هەست و سۆزێکی کوردانە؛ ئەو نەهی لەوە ناکات کە بە رەچەڵەک کوردە بەڵام وەک خۆی دەلێت “من نوسەریکی تورکم و هەموو ژیانم لە پێیناو زمان و فەرهەنگی توکیدا داناوە.” (س١) هەر بۆیە هیچ یەکێک لە بەرهەمەکانیشی باس لە کورد و دۆزی کورد ناکات. گەر لە بەرهەمێکدا ناوی کوردی هێنابێت یاخود باس لە ناوچەیەکی کورد نشین بکات ئەوە هەرگیز بە مانای ئەوە نییە بەرهەمەکانی لەسەر کورد و مرۆڤی کورد و پرسەکەی بیت. ئەمە خاڵی جەوهەری منە کە لەم باسەدا دەچمە سەری بە وردی. دیارە لەم نوسینەدا لە چەند شوێنێک ئەم ئایدیا سەرەکیە و هەندێ دیدی ترم دووبارە نوسیوەتەوە، ئەویش بە خاتری ئەوەی هەر بەشە ئەوە دەخوازێ کە بیڵێـمەوە.    

وشەیەک بۆ باسەکە: ئاستی وێژەیی رۆمان وەک زمان و تەکنیکی نوسین، ڕەگەزێکی گرنگە بەڵام لەوانە گرنگتر بابەتەکانی ناو ڕۆمانە. ئەوەی نەمری رۆمان دەهێڵێتەوە بابەت و رەهەندی چیرۆک و رووداوەکانی ناویەتی نەک ئاستە وێژەییەکەی. رۆماننوسێک کە وڵاتەکەی هەمێشە پڕ لە کارەساتی مرۆیی بێ و میللەتەکەی لە ژیانێکی پڕ مەینەتیدا بێ جیاوازە لەو رۆماننوسەی لە وڵاتێکی ئارام و دوور لە پشێوی سیاسی و کۆمەڵایەتی و شەڕی فەرهەنگیدا بژی. رۆماننوسی تەرزی یەکەم ئەوەی لێ داوا دەکرێ یاخود هەر بە سروشت بەرهەمەکانی مەرگەسات و مەینەتیەکانی وڵاتەکەیی و میللەتەکەی خۆی دەنوسێتەوە بەڵام گەر ئەمەی نەکرد و لە هیچ یەکێک لە بەرهەمەکانیدا رەنگی نەدایەوە ئەوا دەکەوێتە بەردەم پرسیارێکی گەورەی مێژووییەوە. یەشار کەمال بە ئاشکرا و ڕاستەوخۆ مەینەتیەکانی تورک و یۆنانیەکانی ناو تورکیای نوسیوەتەوە بەڵام بە هیچ کلۆجێک ناوی کوردی نەهێناوە لە هیچ یەکێک لە بەرهەمەکانیدا چ بە ڕاستەوخۆ یا ناراستەوخۆ. بەڵی بەرهەمی هەن کە ئێمەی کورد دەزانین لە ناوچە کوردیەکاندا روودەدەن بەڵام دوور و نزیک بە لای کورد و پرسەکەیدا ناچێت و بە جێگەی کورد و ماکی مرۆی کورد لای ئەو تۆمار نەکراوە. چەندان رۆماننوس هەن باس لە جوگرافیایەک دەکەن بێ ئەوەی خەڵکی ئەو شوێنەش بن. پیشاندانی جوگرافیا لە رۆماندا مانایەکی ئەبستراکت دەبەخشێ گەر ڕەگەزە مێژووییەکان و رەچەڵەکە مرۆییەکانی وەک ئەوەی هەن تێیدا نەنوسرێتەوە. بۆیە هیچ بەهانەیەک ناتوانێ یەشار کەمال لەو حوکمی مێژووییە قورتار بکات گەر بێتو ئێمە سووربین لەسەر پرۆژەی بە کوردی کردنی ئەو.

 

 

ناسینی یەشار کەمال لە ناو ئێمەدا

لە مێژە باس و خواسی کورد بوونی یەشار کەمال هەواڵێکی گرنگ و دڵخۆشکەرەیە لە ناو ئێمەی کورددا بە تایبەت کوردانی باشوردا. ‌چەند هۆکارێک هەن کە یەشار کەمالیان لەسەر هەر دوو ئاستی جیهانی و کوردستانی ناساندووە. ئەوەی بە لای منەوە گرنگە لایەنە کوردستانیەکەیەتی کە لێرەدا دەمەوێ ئاماژەی پێ بدەم، بەڵام لایەنە جیهانیەکەیشی بۆخۆی تەواوکەرە لەگەڵ کوردستانیەکەیدا بۆیە دەبێ ئاماژەیەکی کورتی پێ بدرێ پێش کوردستانیەکەی. وەرگێڕان دەورێکی سەرەکی دەگێڕێ لە ناساندنی هەر بەرهەمێکی ئەدەبیدا. هاوسەری یەکەمی یەشار کەمال کە خاتوونێکی بە ئاین جوو بوو بە ناوی “تیڵدا سەرێرۆ ١٩٢٣-٢٠٠١” (س١)  تیڵدا خانم بەو پێیەی لە بنەماڵەیەکی ناوداری جووی دەوڵەمەندی شاری ئیستەنبوڵ بووە، لە هەردوو بواری زانستی و ئابوری، ئینگلزیەکی باشی زانیوە. دوای ئەوەی لەگەڵ یەشار کەمالدا ژیانی خێزانی پێکەوە دەنێن لە ساڵی ١٩٥٢، توانیوێتی حەڤدە بەرهەمی گەورەی یەشار کەمال لە زمانی تورکیەوە وەربگێڕێتە سەر زمانی ئینگلیزی لەوانە حەمەدۆک ساڵی ١٩٦١. هەر ئەو وەرگێڕانانەش بووە هۆی ناساندنی یەشار کەمال لە سەر ئاستی جیهانی و چەندان خەڵاتی جیهانی وەربگرێ و ناویشی هەڵبژێردرێ بۆ خەڵاتی نۆبڵ. کەچی، یەشار کەمال بە هیچ شێوەیەک باسی نەهامەتی و قات و قڕی یەهودیەکان ناکات کە لە تورکیادا بەسەریاندا هات. جگە لە سەدەکانی هەژدە و نۆزدە کە چەندان جار کوشتاری جووەکان کراوە لە هاوینی ساڵی ١٩٣٤ کوشتارگەی جووەکان بە ناوی، بوگروم تراکیا ١٩٣٤، کە تێیدا هێرش و پەلامار بۆ سەر ماڵ و حاڵ و دوکانی جووەکان دەستی پێکرد رووداوێکی دیار و بە ئازارە. زیاتر لە پانزە هەزار جوو گوند و ماڵەکانیان بە جێ هێشتن ئەمە جگە لەوەی چەندانیان لێ کوژرا و بریندارکرا. رسوایی پێکردنی حاخام بە رووتکردنەوەی خۆی و لاقە کردنی کچەکەی لەسەر جادە رووداوێکی ئێجگار شەرمهێنەر و نامرۆییانەیە.(س١١)

لەسەر ئاستی کورستانیش بە تایبەت باشور، وەرگێڕانی بەرهەمەکانی یەشار کەمال بە تایبەت لەسەر دەستی عەبدوڵڵای حەسەن زادە و شکور مستەفا دەورێکی گەورەی گێڕا لە ناساندنی یەشار کەمال بە خوێنەری کورد. دواتر، کۆچی بە کۆمەڵی کوردان بەتایبەت کوردستانی باشور بۆ ئەوروپا لە ڕێگەی تورکیاوە ئەو دەرفەتەی بە کۆمەڵی خەڵک بەخشی کە ئاشنابن بە دونیای ئەدەبی و هونەری و تەنانەت سیاسی تورک بەتایبەت ئەوانەی بە رەچەڵەک کوردن وەک یەشار کەمال و ئەحمەد قایە و لەیلا زانا و  ئەحمەد تورک و ..هتد؛  ئینجا ئۆرهان پامۆک و ئیسماعیل بێشکچی و جەنگیز چاندار … هتد. مەسەلەی بە ئەندام بوونی تورکیا و ئەو فشارەی ئەوروپا لەسەر توکیا هەیەتی سەبارەت بە مافی مرۆڤ و ئازادیە فەرهەنگیەکان لەوانە کورد ئەو نوسەر و کەسانەی زیاتر ناساند بە کورد کە باسیان لە پێشێلکردنی مافەکانی کورد دەکرد.

هەر لەو دەمەدا، واتە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکان، یەشار کەمال دوای حەفتا و دوو سال لە تەمەنی خۆی وتارێکی نوسی لەمەڕ پەلاماری سوپای تورکیا بۆسەر گوند و ناوچە مەدەنیە کوردنشینەکان؛ و لێدوانەکانی ئۆرهان پامۆک سەبارەت بە جینۆسایدی ئەرمەنەکان و کوشتارگەی کوردان لە تورکیادا، بانگ کردنیان بۆ بەردەم دادگا و سەپاندنی چەندان مانگ زیندانی بەسەریاندا هەراوزەنایەکی بێ شوماری دروست کرد لە دونیای ڕۆژئاوادا. ئەم حاڵەتە هاوسۆزیەکی نەتەوەیی نوخبەیەک لە رۆشنبیری کوردی لە هەردوو بەشی باشور و رۆژهەڵات دروست کرد بەرامبەر یەشار کەمال و هەروەها هەڵوێستێکی مۆراڵیشی هێنایە پێش بۆ ئۆرهان پامۆک. تەرجەمەکردنی بێ شوماری بەرهەمەکانی هەردوو نوسەر لەم ساڵانەی دواییدا کتێبخانەی کوردیان پڕ کردووە.

  

 

دوو جۆر تێڕوانین لەسەر یەشار کەمال

لەم ساڵانەی دواییدا دوو جۆر لە تێڕوانین هاتەدەر بەرامبەر بە یەشار کەمال. یەکێکیان ڕەخنەی ئەوەی لێدەگرن کە “بە زمانی بێگانە نووسیوێتی و خزمەتی زمان و ئەدەبی تورکی کردووە.” کە لای من ئەم دیدە لەگەڵ ئەوەی حەقانیەتێکی تێدایە و نوسەر دەیتوانی فێری زمانی دایکی ببێت زۆر بە باشی بەڵام ئەمە زۆر گرنگ نیە چونکە بە ئاسانی ئەو هۆکارە مێژژووییە سیاسیانە فەرامۆش دەکات کە لە تورکیا و سوریا و ئێران کوردان ناتوانن بە زمانی خۆیان بنوسن و بخوێنن، بەڵام دەتوانن لە ڕێگەی زمانی میللەتی سەردەستەوە ناسنامە و مێژوو و ئێش و ئازارەکانی میللەتەکەی خۆی بنوسێتەوە هەر وەک چۆن سەلیم بەرەکات لە ڕێگەی زمانی عەرەبیەوە باسی کورد و مەینەتیەکانی و پرسەکەی دەکات. ئایا یەشار کەمال ئەمەی کردووە؟ ئەمە پرسیارە بنەڕەتیەکەی ئێمەیە کە هۆکاری نوسینی ئەم باتەیە. تێروانینی دووەمیان زۆرتر لەسەر هەست و سۆزێکی نەتەوەیی بونیادنراوە هەرچەندە کاری بۆ دیدەکەی خۆی کردووە بە وەرگیڕانی جەندان بەرهەمی یەشار کەمال و بەڕێخستنی پرۆژەیەک بۆ بە کوردی کردنی یەشار کەمال لە هەر دوو ئاستی زمان و کەسێتیدا، لەمەش زیاتر دەیانەوێ روحی کورد بوون بکەنەوە بە بەری یەشار کەمالدا. من لێرەدا بە دوای ئەوەوە نیم لە گرنگی و بایەخی یەشار کەمال وەک نوسەرێک کەم بکەمەوە بەڵکو دەمەوێ رەخنە بگرم لە تێزی گەڕانەوەی زمانی کوردی بۆ یەشار کەمال گوایە بەرهەمەکانی لەسەر کوردن وبە کوردی کرنی کەسێتی یەشار کەمال بە لەبەرچاوگرتنی فاکتە مێژووییەکان و بەرهەمەکانی خودی نوسەر. ئەوە شتێکی بەڵگەنەویستە کە یەشار کەمال وەک نوسەرێک چۆن دەینوسی و جەند خزمەتی بە دنیای ئەدەب و نوسین کردووە تەماشا بکەین ئەوە باسێکی ترە و ئەو لە جییەکی بڵندە؛ بەڵام، ئەگەر وەک نوسەرێکی کورد کە خۆی و بەرهەمەکانی لە سەر کورد و دۆزی کورد بێ ئەوا خودی یەشار کەمال و ئەوانەشی ئاوها لێی دەڕوانن دەکەونە بەردەم پرسیارگەلێکی گرنگەوە. ئەم نوسینەی من لێکۆڵینەوەیەکی ڕەخنەییە لەو ڕاستایەوە.

 

 

نوسینێک بۆ پرۆژەی بە کوردی کردنی یەشار کەمال

لە نێوەندی ڕۆشنبیری ئێمەدا بیر و بزاوتێک هەیە کە دەیانەوێ یەشار کەمال بکەن بە کورد. لەم راستایەدا وتارێک و پەرەگرافێکی فەیسبوکی لەبەرچاو دەگرم. یەکێکیان هی کاک بەکر شوانیە سەبارەت بە گەڕانەوەی زمانی کوردی بۆ یەشار کەمال. ئەوی تریش، پەرەگرافێکی نوسەر و شاعیری کوردستانی رۆژهەڵات کاک ناسری حسامیە کە لە فەیسبوکی خۆی دایگرتووە و کاک بەکر لە وتارەکەی خۆیدا دایگرتۆتەوە. لەوێدا کاک ناسر تیئۆری بە کەسێتی کوردی کردنی یەشار کەمال ئاماژە پێدەدات.

یەشار کەمال (١٩٢٣-٢٠١٥) وەک لای هەمووان ناسراوە یەکێک لە رۆماننوسسە بە تواناکانی تورکیا و جیهانە و بەرهەماکانی بۆ چەندان زمانی جیهانی وەرگێڕدراوە لەوانەش کوردی. باکگراوندی ڕەگەزی نەتەوەیی یەشار کەمال کە کوردە بۆتە جێگەی شانازیەکی گەورە بۆ ژمارەیەکی زۆر لە نوسەر و قەڵەم بەدەست و نێوەندی رۆشنبیری کوردی. پرۆژەی گەڕانەوەی زمانی کوردی بۆ یەشار کەمال مەبەست لێی وەرگێڕانی تەواوی بەرهەمەکانی یەشار کەمالە بۆ زمانی کوردی چونکە وەک کاک بەکر دەڵێ “بۆن و بەرامەی کوردی و کوردەواری لە بەشی زۆری ڕۆمان و چیرۆک و ڕیپۆرتاژ و وتارەکانی یەشار کەمالدا هەیە.” (س٢).

بەڵام، دەبێ پرسیار بکەین ئایا تا چەند یەشار کەمال کورد بووە و ژیان و بەرهەمەکانی تا چەند پەیوەندیان بە کورد و دۆزی کوردەوە هەیە؟!. 

ئەگەر بێتوو یەشار کەمال وەک نوسەرێک چۆن دەینوسی و چەند خزمەتی بە دنیای ئەدەب و نوسین کردووە تەماشا بکەین ئەوە باسێکی ترە؛ بەڵام، ئەگەر وەک مرۆڤێکی کورد و نوسەرێکی کورد کە خۆی و بەرهەمەکانی لە سەر کورد و دۆزی کورد بێ ئەوا خودی یەشار کەمال و ئەوانەشی ئاوها لێی دەڕوانن دەکەونە بەردەم پرسیارگەلێکی گرنگەوە.

 

 

“نوسەر دەبێ قسەی هەبێ لەسەر ڕووداوەکان” (یەشار کەمال)

نوسەر ئەو نوسەرەیە بەرهەمەکانی ڕەنگدانەوەی رووداوەکانی وڵاتەکەی و میللەتەکەی بێت. واتە دەبێ قسە و هەڵویستی لەسەر ڕووداوە گرنگەکانی وڵات هەبێ. ئەمە ئەو تێگەیشتنە بنەرەتی و سادەیەیە کە هەر ئەدیبێک و لێکۆڵەرێک و ڕۆشنبیرێک دەیزانێ کە نوسەر دەبێ وابێ بۆیە کە یەشار کەمال خۆی لە چاوپێکەوتنێکیدا سەبارەت بە پێشێلکاریەکانی تورکیا دژ بە کورد دەڵێ: “بە چەندان شەو خەو نەدەچووە چاوم. ویژدانم ئەزیەتی دەدام. بە خۆمم دەگوت تۆ نوسەری، تۆ هەر دەبێ قسەت هەبێ.” (س١)

 بەڵام، ئایا یەشار کەمال وابوو؟ گەر وابوو  بۆچی تاکو تەمەنی حەفتاودوو ساڵی نەهاتە دەنگ لەسەر کێشەیەک کە لەو وڵاتەدا بە درێژایی تەمەنی خۆی تا ئەو ڕۆژەی کۆچی هەتاهەتایی کرد بوونی هەبووە و هەیە. ئەو ڕووداوە گرنگ و هەستیارانەی لە تورکیا بەرامبەر بە گەلانی غەیرە تورک کرا، بە تایبەت کورد لە تورکیای نوێدا، چارەنوسیانی بۆ چەندان سەدە و بگرە هەتا هەتایە دیاری کرد، ئایا نەدەبوو رەنگدانەوەی هەبوایە لەسەر کاروبەرهەمەکانی؟ نەدەکرا، بەلای کەمەوە، یەکێک لە رۆمانەکانی ڕاستەوخۆ لەسەر کورد و پرسەکەی بوایە؟ مەخابن هیچ یەکێک لە رۆمانەکانی ناچن بەلای ئەو رووداوانەی سیمای تورکیای نوێی پێ نەخشێنرا لە سەدەی رابردوودا. لەو سەدەیەی یەشار کەمال حزوری هەبوو تێیاندا.

گەر لەسەردەمی عوسمانیدا بەشی زۆری کوشتارگەی مرۆڤە غەیرە تورکەکان بەر ئەرمەنیەکان کەوتبێ ئەوا لە سەردەمی نوێی تورکیادا کورد ئەو بەشە زۆرەی بەردەکەوێت و بگرە گەر مەرگەساتی ئەرمەنەکان لە قۆناغێکی دیاریکراودا پیادەکرا و تەوابوو ئەوا مەرگەساتی کورد نەبڕاوەتەوە و لەوساوە بەردەوامە تاکو ئێستا.

نوسەر چییە گەر بەرهەمەکانی ڕەنگدانەوەی ئەو مێژووە نەبێت کە خۆی تێیدا ژیاوە بەتایبەت ئەو مێژووە مێژووی میللەتەکەی خۆی بێت. ناکرێ ئەو چەندان شؤڕش و کوشتارگە و دەرەبەدەریەی بەسەر کورددا، کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا وێنەی کەمە نەبن بە باسی بەرهەمێکت لە کاتێکدا کەمینەیەکی تورکی یۆنانی دەبن بە کەرەسەی ڕۆمان.

 لە ژیر هەر بیانوویەکدا بێت ئەو ڕەنگدانەوەیە نەبێتە توێشووی بەرهەمەکانت ئەوا لە بەردەم مێژوودا بەرپرسیار دەبیت. ئەوە دروستە تورکیا سەرکوتترین ڕژێمی ناوچەکەیە دژ بە کورد، بەڵام ئایا ئەمە دەبێ وا لە نوسەرێکی گەورە بکات کە بە درێژایی نەوەد و دوو ساڵ لە تەمەن هیچ یەکێک لە بەرهەمەکانی رەنگدانەوەی کارەسات و مەرگەساتە بەردەوامەکانی میللەتەکەی نەبێت. نوسین بە زمانی میللەتی سەردەست دەرفەتێکی ئاڵتونییە کە مێژوو بۆ خۆت و خەڵکەکەت بنوسیتەوە.

یەشار کەمال لە پێناو بیروباوەڕی چەپ بوونی خۆیدا و لە ترسی دەستگیرکردنی، تورکیا بەجێدەهێڵێ و دەچێتە هەندەران و نزیکە دوو ساڵێک دەمێنیتەوە لەوێ، ئایا نەیدەتوانی لەو مێژووە دەوڵەمەندە بە کارەساتباراویەی کورد ڕۆمانیک بنوسێ و لە پێناویدا تورکیا بەجێبهێڵێ ڕوو لە هەندەران بکات؟ یاخود لە ناوەوەی وڵات بمێنێتەوە، و وەک ئیسماعێل بێشکچی و پامۆک و ئەحمەد قایا و  تەنانەت موحسن قرمزگول و …هتد بەرەو ڕووی داداگا و زیندانی ببێتەوە.

 

 

ئەحمەد قایا لە بەرامبەر یەشار کەمالدا

ئەحمەد قایە و یەشار کەمال هەر دوو بە ڕەچەڵەک کوردن، لە هەمان وڵاتی تورکیا دەژین و هەمان ژینگەی سیاسی و فەرهەنگیان هەبوو بەڵام ئەحمەد قایە توانیی جەسارەتی خۆی نیشاندا لەوەی لە دوا ساڵەکانی ژیانی خۆیدا دانی پێدا نا کە چ هەڵەیەکی گەورەی کردووە لەوەی خزمەتی بە هونەری تورکی کردووە. خۆزگە یەشار کەمالیش نەک لە دوا سالەکانی خۆیدا بەڵکو لە دوا ساتەکانی خۆیدا دانپێدانانیکی ویژدانی وەک ئەحمەد قایەی دەبوو بەڵام کە نەیبوو ئەوا ئەو ڕاستگۆ بوو لەگەڵ خۆی چونکە ئەو بە عالەمی ئاشکرا رایدەگەێنێ کە ئەو نوسەریکی تورکە و هەموو ژیانی خۆیشی بۆ زمان و فەرهەنگی تورکی تەرخان کردووە. لە دایکبوونی زگماکی شتێکی ئەوەندە گەورە نیە بەڵکو ئەوە گەورەیە کە تۆ بە گەورەیی ناسنامە و کار و بەرهەم و هەڵوێستی خۆت بەیان بکەی و یەشار کەمال بەو پەڕی کەماڵی عەقڵ و مۆراڵ و بیر و ویژدانی خۆیەوە ئەوەی کرد کە خۆی هەڵیبژارد بەڵام ئەوە ئێمەین ئیخەی بەرنادەین. ئەو راستگۆبوو لەوەی کە نوسەرێکی تورکە و تەواوی ژیانی خۆیشی لە پێناو نوسین و فەرهەنگ و زمانی تورکیدا سەرف کرد.

لێرەدا بە پێویستی دەزانم کە  چەند دێڕێکی ئەحمەد قایە بهێنمە بەر دیدەی خوێنەر و ئەو حوکمەی سەر یەشار کەمال بۆ خوێنەر بە جێدەهێڵم. قایە دەڵێت: “هەموان دەیانزانی کوردم بەڵام کاتێک لەزاری خۆمەوە بیستیان هەمووشتێکی سەر مێزەکانیان تێگرتم لەوکاتەدا دڵم زۆر توندبوو لەناخەوە بۆ بێکەسی خۆم دەگریام کە نەمدەزانی چۆن بە دوو دەست بەرگری لەخۆم بکەم لەوشتانەی پێیاندا دەدام، بەخۆمم دەوت ئەوە باجی چل ساڵ خزمەتکردنتە بەهونەرو ئەدەبیاتی تورک، بەڵام ئەو سوکایەتی پێکردنە حاڵی کردم خزمەتکردنم بەتورک کارێکی بێ مێشکانەبوو.”

بەرپرسیارێتی مێژوویی یەشار کەمال لەوەدا دەچێتە گەردنی کە کوردە و ئێمە دەیکەین بە کورد بەڵام ئەو کە خوی دەڵێت “من نوسەریکی تورکم و هەموو ژیانم لە پێیناو زمان و فەرهەنگی توکیدا داناوە” کەواتە با واز لە کوردبوونی بهێنین و نە ئەو و نە خۆشمان توشی سەرەگێژە نەکەین و ئەو نرخەی بدەینێ کە خۆی هەیەتی؛ ئەگەرنا، لەمەزیاتر ئێمە خۆمان ماندوو دەکەین و ئەویش دەخەینە ژێر پرسیارەوە. داواکردنی ئەو کە بەرهەمەکانی بکرێ بە کوردی هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێ و ناتوانرێ بەرگی کوردبوون بکرێتەوە بە بەری یەشار کەمالدا. وەرگێڕانی هەموو بەرهەمەکانی ئەو بۆ سەر زمانی کوردی وەک هەموو ئەو زمانانەی تر وایە کە بەرهەمەکانی ئەوی تێدا وەرگێردراوە. ئەو بە ڕێکەوتێکی مێژوویی لە خێزانێکیی کورد لەدایکبوو کە هەڵبژاردەی خۆی نەبووە؛ بەڵام، بوون بە نوسەریکی تورک زوبان و تەرخان کردنی هەموو ژیانی خۆی لە پێناوی زمان و فەرهەنگی تورکیدا ئەوە هەڵبژاردەی خۆی بووە کە بەوپەڕی کەماڵی عەقڵی خۆیەوە ئەو رێچکەیەی هەڵبژاردووە و دەبێ ریزی لێ بگرین و نەیکەن بە شتێکی تر. من دڵنیام گەر سەردانی بەردەوام و پەیوەندی بەردەوام نەبوایە یەشار کەمال بۆخۆی ئەم بابەتی کوردبوون و پرۆژەی کوردبوونەی بۆ قەزیە نەبووە. گەر وابوایە ئەوا ئەزعەفولئیمان دەیتوانی گەر بە نهێنێیش بێت بابەتێکی لەسەر کورد و پرسەکەی هەبوایە.

یەشار کەمال و سیاقی مێژوویی

“هەڵسەنگاندن و تێگەیشتنی بابەتیانە لەهەر بەرهەمێکی ئەدەبی لە کۆنتێکستە مێژووییەکەیدایە.” چونکە ” کۆنتێکستی مێژوویی بەشێکی ئێجگار گرنگە لە ژیان و کاری ئەدەبیدا و بێ ئەو هەر کاراکتەر و یادەوەری و چیرۆکێک کورت دەهێنێ.” (س٨) گەر بێتوو رۆمانەکانی یەشار کەمال بدەینە بەر ڕێژنەی ئەو سیاقە  مێژووییەی کە خۆی و میللەتەکەی تێیدا ژیاون ئەوا گشت بەرهەمەکانی دەکەونە بەر تیغی رەخنەی جدیەوە لەوەی هیچ بەرهەمێکی باسی کورد و دۆزی کورد ناکات تەنها لە هەندێکیدا باس لەو جوگرافیایەی دەمانی منداڵی دەکات بێ ئەوەی رەنگدانەوەیەکی سیاسی و ئینسانی تیدابێ لەسەر کورد و مەسەلەی کورد. زمان و داڕشتن و ئاستی وێژەیی ڕەگەزگەلێی گرنگن بەڵام رەگەزێک کە لەسەرووی هەموویانەوەیە بابەتەکانی ناو رۆمانە، ئەو رووداوانەی لە چوارچێوەیەکی مێژووییدا روودەدەن و رۆمانەکەی تێدا دێتە بەرهەم ئەوە ڕەگەزی سەرەکیە. ڕۆمان چییە گەر ڕووداوە دڵتەزێن و مەرگەساتباریەکانی میللەت و وڵاتەکەی خۆت و ژیانی پڕمەینەتی و ڕۆژانەی ژیانی مرۆڤەکانی نەنوسێتەوە. گەر لە دەمانی کۆن داستانەکان هەبوون هەموو چیرۆکە خۆش و ناخۆشەکانیان بە زارەکی دەگێرایەوە ئەوا ڕۆمان لە سەردەمی نوێدا هەمان ئەرک دەگرێتە ئەستۆ، بەڵام بە نوسراوەیی. هیگڵ لە خۆڕا ئەو دەستەواژەیەی نەهێنایە ناوەوە کە دەڵێ: ڕۆمان داستانی سەردەمی بۆرجوازیە. (س١٢)

یەکێک لە ڕەگەزە پایەییەکانی ڕۆمان مێژووە. رۆمان بۆخۆی وەک داستانێکی سەردەمی بورژوازی لە دایک بوو کە چیرۆک و ڕووداو و داستانە سیاسی و کۆمەڵایەتی و مرۆییەکان تۆماردەکات بەڵام لە ژانرێکی ئەدەبی جیاوازدا. دیارە گێرانەوەی هەر چیرۆکێک بۆخۆی باسی مێژوویەکە، بەڵام مێژوو هەیە لە ناو مێژوودا. ڕۆمان وەک نوێنەرایەتی کردنی ژانرێکی ئەدەبی دیاریکراو ئەو مێژووە دەگیڕێتەوە کە مێژووی دروست کردووە. بۆ نموونە لە وڵاتێکی وەک تورکیادا ئەو ڕووداوانەی لە مێژووەکەیدا ڕوویانداوە مێژوویەکی دروستکردووە کە ئەستەمە چیرۆکنوس بیت ونەتوانی نەیانووسیتەوە. مێژووی داگیرکردنی خاکێک، کوشتنی ملیۆنان مرۆڤ تێیدا، پاکتاوکردنی رەگەزی سیستماتیکی بەردەوام و راگواستنی هەزار بە هەزار  نەتوانێ ببێتە بەرهەمێکی ئەدەبی نوسەریک کە خودی نەتەوەکەی یەکەمین قوربانی ئەو مێژووە بێ ئاخۆ دەبێ چ پرسیارگەلێک بەرەوو رووی ببێتەوە.  مێژووی کورد لە رۆمانەکانی یەشار کەمالدا بەو ئاستە کارەساتباری و مەرگەساتباری بەسەر کوردا هاتووە هیچ بوونی نیە. ئەو بەرهەمانەی گوایە بۆن و بەرامەی کوردەواری لێ دێت ناسنامە و ڕەگەزی نەتەوەیی کوردی تێدا نیە. ئەوە ئێمەین دەزانین (چوکوراوا) ناوجەیەکی کوردنشین بووە و دڵمانی پێ خۆش دەکەین ئەگەرنا خوێنەری زمانەکانی دی هەر نازانن چوکوراوا کوردیە جا ئیتر چۆن بۆن و بەرامەی کوردەواری لی بێت.

من دەزانم ئە هزرە سۆزداریە بروبیانوو بۆ یەشار کەمال دەهێننەوە گوایە ستەم و زەبری تورک وای لێکردووە نەتوانێ باسی کورد بکات و چی و چی…هتد، باشە هەر بەم لۆجیکە گەر ئەو بەرهەمانەی وەک دەڵێن باسی کورد و کوردەواری دەکات چۆن دەتوانرا لە تورکیا چاپ و بڵاوببێتەوە! تۆ بڵێی خوێنەری تورک ئەوەندە گێل بن نەزانن ئەو رۆمانانەی یەشار کەمال گەر باسی کورد و کوردەواریان بکردایە بیانهێشتایە ئاوها بە ئاسانی ئەو هەموو ساڵە بۆی بچێتە سەر؟! گەر وابوایە لە مێژ بوو یەشار کەمال بە دەردی موسا عەنتەر و بێشكچی و قایە و قرمزەگول …هتد دەچوو. ئەو جارەشی کە لە تورکیا ڕایکرد و چوو بۆ سوید ئەوە هیچ پەیوەندی بە کورد بوونیەوە نەبوو، بەڵکو بەهۆی بیری سیاسی و کاری حزبیەوە بوو کە ئەندامی بزوتنەوەی چەپی مارکسی بوو لە تورکیا.

 ئایا سەرکوتی تورکیا بۆ سەر کورد و ئەوانی تر دەکرێ وەک بڕوبیانویەکی مێژوویی تەماشا بکرێ بۆ ئەو بێدەنگ بوون و بێ هەڵوێستیە و شاردنەوەی بەرپرسیارێتی مێژوویی نوسەر؟ ئایا چوارچێوەی مێژوویی چییە کە نوسەری تێدا دەژی و تێیدا هەڵدەکەوێت؟ ئایا جیاوازی چییە لە نێوان ئەو چوارچێوە مێژووییەی یەشار کەمالی تێدا بووە و ئەوانیتری تێدا ژیاوە لە هەمان زەمان و مەکاندا کە لەسەر کورد و پرسی کورد هاتوونەتە دەنگ بەڵام ئەم هیچ دەنگێکی نەبووە؟ خۆ محمد ئۆزۆنیش خەڵکی هەمان شوێنە وەک یەشار کەمال بەڵام ئەو نەک هەر ئەوەی نەکرد کە باس لە کورد و کوردبوون وجودی نەبێ بەڵکو بەرهەمەکانی بە زمانی دایکی خۆی نوسی. ئەو هات خۆی فێری زمانی کوردی کرد و بەرهەمەکانی بە زمانی کورد هاتە نوسین و وەشاندن. دیارە من لێرەدا نامەوێ بچمە سەر ئەو بابەتی زمانە بەلام گەر یەشار کەمالێک هێندە بە توانا بێ لە زماندا و بتوانێ نەک داهێنان بەڵکو ئەفراندن بکات لە زمانی تورکیدا بەوەی کە فەرهەنگی تایبەتی بە ناوەوە دادەنرێت ئاخۆ نەیدەتوانی خۆی فێری زمانی کوردی بکات چ ئاخاوتن و چ نوسین؟ زانستی نوێی زمان ئەوەمان پێدەڵێت کە فێر بوونی زمان هیچ پەیوەندی بە تەمەنەوە نیە بەڵکو پەیوەندی بە شەیدابوون و هەوڵدانەوە هەیە. ئەو وەک مرۆڤێکی کورد گەر ئەو هەستی کوردەواری و کوردبوونەی تیدا هەبوایە وەک هەر کورمانجیەکی ئاسایی کە توانیان بەهۆی ئاخاوتنی کوردیەوە ناسنامەی رەگەزی خۆیان لە تورکیا بپارێزن بە درێژایی زیاتر لە سەدەیەک، ئەوا ئاسانترین کار ئەوە بوو کە خۆی فێری زمانی کوردی بکات، بەڵام لە بری ئەمە هات ئەفراندن و داهێنانی کرد لە زمانی تورکیدا.

 

 

یەشار کەمال و سیاسەت

یەشار کەمال کەسێکی سیاسی و ئەندامێکی حزبی و چالاکوانێکی سیاسی دەرکەوتوو بووە و لە خۆپیشاندانەکانی پارتی کرێکارانی تورکیای ساڵانی شەستەکاندا بەشداری سەرەکی هەبووە. کاتێک ئاڵوگۆڕی سیاسی لە تورکیادا ڕوودەدات لە ساڵانی کۆتایی شەستەکاندا بەتایبەت کودەتای سەربازی لە ساڵی ١٩٧١ کە کەمپینی گرتن و تیرۆکردنی نەیاران و چالاکوانانی رەوتی چەپگەرایی سیاسی تەشەنە دەکات، یەشار کەمال لە تورکیا هەڵدێ بەرەو هەندەران و دوای نێزیک بە دوو ساڵ دەگەڕێتەوە تورکیا. ئەوەی دەمەوێ ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە کە هیچ یەکێک لە وێستگە و کار و چالاکیە سیاسیەکانی یەشار کەمال پەیوەندی بە کورد و کوردبوونیەوە نەبووە دوور یا نزیک. بەشداری کردنی یەشار کەمال لە دونیای سیاسەتدا ئەوەی بە روونی دەرخست کە یەشار کەمال رۆشنبیرێکی سیاسیە و ئاگای لە خشپەی مار و مێرووی ئەو وڵاتە هەیە و وەک خۆی دەڵێ باوەڕی یەقینی بەوە هەیە کە “نوسین کردەیەکی سیاسیە بە مانای فراوانی وشەکە و کاریگەری راستەقینەی خۆیشی هەیە.” (س٩)

پرسیارگەل هەن لەم بارەیەوە بکرێ، بەڵام یەک پرسیار بەسە بکرێ: ئایا لە کورد و دۆزی کورد سیاسی تر هەیە نەک هەر لە تورکیا بەڵکو لە جیهانیشدا کە هیچ یەکێک نەک هەر لە بەرهەمەکانی یەشار کەمال بەڵکو هیچ یەکێک لە بیر و کردە و هەڵوێستە  سیاسیەکانی لەسەر مرۆی کورد و پرسەکەی نیە و بگرە تاکو تەمەنی حەفتاودوو ساڵیش هیچ هەڵوێست و دەنگێکی لێوە نەهات لەسەر کورد نەک هەر لە تورکیادا بەڵکو لە هەر پارچەیەکی تری کوردستاندا لە کاتێکدا نوسەر و ئەدیبی تورک هەبوون لەسەر کورد و دۆزەکەی سزای سیاسی و ماڵی و زیندانی دەکران؟ با حەمەدۆک، بۆ نموونە، لەسەر زەوی وڵاتی کوردان بێت کاتێک بابەتەکە هیچ پەیوەندی بە جەور و ستەمی نەتەوەیی کورد و بەشمەینەتی و چەوسانەوەی کورد نەبێت. گەر بیروباوەڕی چەپ بوون گوزارشت لە کێشەیەکی چینایەتی پڕ چەوسانەوەی ئاغایەک و زەحمەتکێشێک بکات، باشە بۆچی ئەو بیروباوەڕە نەتوانی نوسینێک بەرهەم بهێنێ باس لە چەوسانەوەی میللی و جینۆسایدی جەستەیی و روحی و فەرهەنگی نەتەوەیەکی گەورەی وڵاتەکە بکات لە کاتێکیشدا خۆی بە رەچەڵەک ئەندامێکی ئەو نەتەوەیە بێت. 

ئەوەی من لێرەدا دەمەوێ بیڵیم؛ هەرگیز بەو مانایە نیە کە لە کوردستان داوا لە ڕۆشنبیران و نوسەران دەکرێت هەڵوێستی سیاسیان هەبێت سەبارەت بە کێشە و ململانێی حزبەکان یاخود وەک ئەوەش نییە کە “پیەر بۆردیۆ” دەیڵیت گوایە هەڵوێستی سیاسی نوسەر لە کێڵگەی ڕۆشنبیری دەردەهێنێت؛ بەڵکو بەو مانایەیە ئەدەب چیە گەر گوزارشتکەری واقعی وڵات و خەڵکەکەی خۆی نەبێت. چەوسانەوە و ژێر دەستەیی و سەرکوت و کوشتارگەکان کە بە بەرچاوی خۆیەوە روویان دابێت نەتوانێ زگی نوسەرێک پڕ بکات بە بەرهەمێک یاخود ویژدانی نەجوڵێنێ یان جەسارەتێکی مرۆیی پێ نەدات ئاخۆ چیتر هەیە ئەو نوسەرە نەخاتە ژێر پرسیارەوە. کاتێک لایەک لە وڵات خاپوردەکرێ و داروپەردووی بەسەر یەکدا دەسوتێ و ژن و کچ لاقە دەکرێ و مەمکیان دەبڕدرێ و بە کۆمەڵ دەکوژرێن و دەسوتێنرێن و ئەوەشی ماوە لە ئاژەڵ خراپتر مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێ و سەرکردەکەیان لە سەر خوانی میوانی و گفتوگۆ بە داردا دەکرێ و دواتر دەیکەن بە عیبرەت بۆ خەڵکەکەی و مێژووەکەی تەنها بە خاتری ئەوەی دەیانەوێ ناسنامەی رەگەزی و فەرهەنگی و مافی سەربەستی بوونی وڵاتی خۆیان داوابکەن؛ بەڵام نوسەر لەولاوە خەریکی نوسینی ڕۆمانێک بێت کە دوور و نزیک پەیوەندی بەو واقع و رووداو و  ژیانی رۆژانەیەوە نیە کە خۆی تێیدا ژیاوە.

ئەم هەڵوێستەی یەشار کەمال یادەوەریەکی نازم حیکمەتم دینێتەوە یاد کە حلمی عەلی شەریف ساڵی ١٩٨٩ لە ڕۆژنامەی هاوکاریدا دەربارەی ئەو دەمی پێرۆیستروێکا و ڕووداوە نوێیەکانی جیهان دەینوسی. دەڵێت: کاتێک خەڵکان و نوسەران و چالاکوانانی چەپ و ئازادیخواز لە تورکیا لە ژوورەکانی زینداندابوون، نازم حیکمەت خەریکی شعر نووسین بوو بۆ ڕەش پێستەکانی ئەفریقیا لە کاتێکدا کوردەکانی ژوورەکەی ئەو دیو فەلاقە دەکران و لە سێدارە دەدران.

بیروباوەڕی چەپێتی بوون بۆ یەشار کەمال پڕبەهانەترین رێگە بوو کە ناسنامەی رەگەزی خۆی و کێشەکەی بدۆزێتەوە تێیدا کەچی بووە بەهانەیەک خۆی بدزێتەوە لە کوردبوونی بگرە، چووە ئەوپەڕی کە خۆی لە ژیان و کەسێتی تورکیدا بەرجەستە بکات. كەسێتی و پارت و جوڵانەوە چەپەکانی ئەو دەورانانە کەم نین کە بە بیانووی بیورباوەڕی چینایەتیەوە خۆیان لە مەسەلەی نەتەوەیی میللەتانی ژێر دەستە دەدزیەوە بەو بیانووەی گوایە مەسەلەی چینایەتی لە پێشترە وەک لە مەسەلەی نەتەوایەتی. دەکرێ لە باری تیئۆریەوە ئەو بابەتە ڕاست بێت بەڵام ئەوە کۆمەڵی حوکم و ژینگەی خۆی هەیە و هەمووشیان جەخت لەسەر مافی نەتەوەیی میللەتەکان دەکەن و بگرە مافی جارەی خۆنوسینی میللەتان یەکێک بووە لە پایە سەرەکیەکانی مارکسیزم-لینینزم و جوڵانەوە مارکسیەکانی ئەو کاتە.

ئەو دەمەی یەشار کەمال (حەمە دۆک) دەنوسێ کە تێیدا کێشەیەکی چینایەتی دەخاتە ڕوو، شۆڕشەکەی (سەید ڕەزا) هەڵدەگیرسێ کە تێیدا دوو پەیام هەم تیۆری و هەم  سیاسی تێدا بەرجەستە بووە ئەوانیش: ئەو شۆڕشە هەڵایسانێکی میللی نەتەوەیەکە کە داکۆکی لە مانەوەی ناسنامە و فەرهەنگیان دەکەن، هەروەها کێشەیەکی چینایەتی بەرهەقی سیاسیە کە میللەتێک دەچەوسێنرێتەوە لە لایەن میللەتێکی ترەوە. ئەفسوس یەشار کەمال ئەمانە هیچی نابینێ و ئیمەش ئیستا دەمانەوێ بە زۆر بیکەین بە رۆمانوسێکی کورد و  پیایدا هەڵبدەین و سۆزی نەتەوەیی بۆ دەرببڕین گوایە ڕۆمانەکانی هەمووی بۆن و بەرامەی کوردەواری لێ دێت!

 

فۆتۆیکی سەید ڕەزای دەرسیم لە کاتی پەلکێش کردنی بۆ لە سیدارەدان ساڵی ١٩٣٧

 

تورکیا شانۆی کوشتارگەکان

یەشار کەمال لە وڵاتێکدا ژیا کە جگە لەوەی سەرلەبەری رووداوی سیاسی و کارەساتی مرۆیی و ناهەقی و ناعەدالەتی و چەوسانەوەی میللی و فەرهەنگی نەتەوە و کەمینەکانی تری ناو تورکیا بوو، لانکەی جینۆساید و کۆشتارگەی نەتەوە و پاکتاوی نەژادی کەمینە غەیرە تورک و ئاینیەکان بوو. تەنها لە ماوەی بیست و سێ ساڵدا واتە بیست و سێ ساڵ پێش لە دایکبوونی یەشار کەمال “لە نێوان ساڵانی ١٩٠٠-١٩٢٣ ڕژێمەکانی تورکیا سێ ملیۆن و نیو بۆ چوار ملیۆن و سێ سەد هەزار ئەرمەنی و یۆنانی و مەسیحیە رۆژهەڵاتیە نەستوریەکان و کریستیانەکانی تریان کوشتووە. (س٣) ئەمە جگە لە قەتڵ و عامی یەزیدیەکان و عەلەویەکان.  لەو ساڵەوەی یەشار کەمال لە دایک بوو تا رۆژی مردنەکەی (١٩٢٣-٢٠١٥) واتە لە ماوەی نەوەد و دوو ساڵدا، سی و حەوت کوشتارگەی جۆراوجۆر لە کۆمەڵکوژی و سەرکوتی شۆڕش و راپەڕینەکانی کورد و قەڵاچۆپێکردن و راوەدوونان و تیرۆرکردن و کوشتن و مردنی ناو زیندانەکانەوە لەو وڵاتەدا لەسەر دەستی دەوڵەتی تورکیا دژ بە کورد و کەمینە نەتەوەیی و ئاینیەکانی تر وەک ئەرمەن و شەرکەس و یۆنانی و جوو و مەسیحی و عەلەوی ئەنجام دراوە کە تێیدا هەزاران مرۆڤ بە منداڵ و ژن و پیر و لاوەوە تێیدا بوونە قوربانی. گەر تەنها کارەساتەکانی کە بەسەر کورد هاتوون باس بکەین ئەوا بەرهەمی چەندان رۆمانی سێینە و گەورەی لێ دەردەچێ. بۆ نموونە، کوشتارگەی دیاربەکر یاخود شۆڕشەکەی شێخ سەعیدی پیران لە ناوەراستی ساڵی ١٩٢٥ زیاتر لە پانزە هەزار کوردی تێدا کوژرا و زیاتر لە ٢٠٦ گوند سووتان و وێرانکران ئەمە جگە لە ئەتککردنەکان و لاقەکردنەکان و ئاوارەیی و دەربەدەریەکان.

سەرهەڵدان و سەرکوتکردنی شۆڕشەکانی کورد کە بە دوای خۆیدا چەندان مەرگەساتی تۆقێنەری بە دوایخۆیدا هێنا کە لەمێژوودا وێنەی کەمە.

لە کوشتارگەی دەرسیمدا، وەک دەیڤد ماکدواڵ دەڵێ “زیاتر لە چل هەزار کەس کوژران.” (س٥) ژن و منداڵ بە زیندوویەتی ئاگریان تێبەردرا. بە قەمەی دەستیان گۆی مەمکی کچ و ژنیان بڕی. کچێکی تازە هەڵکەوتووی کورد لە کوشتارگەی کوردانی دەرسیم، ساڵی ١٩٣٨، لە لایەن سەربازە تورکەکانەوە گۆی مەمکەکانی دەبڕدرێن بەو نیازەی گەر منداڵی کوردی بوو لە ئایندەدا ئەوا نەتوانێ شیری پێ بدات. ئەو کچە ئیستا بۆتە دایەپیرەیەک و تەمەنی سەروو نەوەدەکانە. دەوروبەری چل پەنجا ساڵێک دوای ئەو رووداوە، لە یەکێک لەو جارانەی یەشار کەمال دێتە ئەوروپا، دەچێ بۆ لای و هەموو چیرۆکی کارەساتەکە و خۆیشی بۆ دەگێڕێتەوە بەو هیوایەی یەشار کەمال بیکاتە هەوێنی یەکێک لە بەرهەمەکانی کەچی یەشار کەمال هەر وێڵی کرد و هەرگیز نە ئەو ژنە و نە منداڵانی ئاگرتێبەردراو و مەمک بڕاو و سکپڕی ژنی کورد و کوشتنی سەدان دیل هیچ ویژدانی یەشار کەمالی نەبزواند و  نە هیچی لە بارەوە گووتن و نە هیچی لە بارەوە نوسین. (سەرچآوەی ئەم باسە تایبەتە و جارێ مۆڵەتی ئەوەم پێ نیە ناوەکەی بڵاو بکەمەوە بەڵام مۆڵەتی باسکردنی ڕووداوەکەم وەرگرتووە ).

 ئایا ئەم ڕووداوانە هی ئەوە نەبوون ببن بە هەوێنی بەرهەمێکی جا چ نویسینی رۆمانێک یاخود تەنانەت وتارێکیش بێت. دیارە تاکو تەمەنی حەفتاودوو ساڵی یەشار کەمال بێ دەنگ دەبێت و بەڵام دوای ئەوە قسەیەکی دەبێت و لەم نوسینەدا دێمەوە سەری. گەر ئەو هەموو کارەسات و ڕووداوانەی کوردستان دەماری رەچەلەکی کوردبوونی یەشار کەمال یاخود وەک خۆی دەلێ (ویژدان)ی نەجوڵێنێ ئەی چیتر دەیکات.

یەشار کەمال لە چاوپێکەوتنێکیدا دەڵێ “من لەسەر کێشەکان نانوسم. بۆ جەماوەرێکی تایبەت شت نانوسم. تەنانەت دەربارەی خۆشم نانوسم. بەڵێ یاخی بوون هەیە لە ڕۆمانەکانی مندا بەڵام یاخی بوونە دژی فەنابوون. جیاوازی من لەگەل ئەوانی تردا من ئەوە دەنووسم کە لە مێشکی خۆمدایە.” (س١)

جا بۆیە تا ئەوەندەی بە کورد و دۆزەکەیەوە بگەرێتەوە ئەوا شتێک نییە لەو نێوەدا کە شایانی ئەوەبێت پرۆژەیەکی بۆ بەرێبخرێ بە ناوی گەڕانەوەی زمانی کوردی بۆ یەشار کەمال. ئایا بۆن و بەرامەی کوردەواری یاخود ناوهێنانی کورد لە شوێنێکدا و کردنی شوێن لە رۆمانەکانی ئەودا دەکرێ ببێ بەو ئاستە لە بینین و تێگەیشتن گوایە بەرهەمەکانی یەشار کەمال لەسەر کورد و دۆزی کورد بووبێ. بێگومان نەخیر، چونکە گەر وابوایە ئەوا یەشار کەمال لە مێژبوو نەما بوو وەک موسا عەنتەر یاخود بە دەردی ئیسماعیل بیشکچی و ئەوانی تر دەچوو. گەر یەشار کەمال خۆی بە کورد پیشان بدایە و بەرهەمەکانی باسی کورد و دۆزی کوردی بکردایە یاخود بۆن و بەرامەی وڵاتی کوردەواری بکردایە ئەوا سەرکردە تورکەکانی تورکیا بەتایبەت ئیخوانچیەکانی تورکیا وەک داود ئۆغڵۆ و عەبدوڵڵا گوڵ ستایشیان نەدەکرد لە ڕۆژانی پرسەکەیدا.

ئاستی وێژەیی ڕۆمان وەک زمان و تەکنیکی نوسین گرنگە بەڵام لەو گرنگتر بابەتەکانی ناو ڕۆمانە، ئەو بابەتانەی کرۆکی مرۆیی نوسەری پێ لە تەتەڵە بێژنگ دەدرێ. ئەوانەی کە لایەنی تەکنیکی ڕۆمان بە گرنگتر دەزانن وەک لە بابەتەکانی ناوی وەک ئەو مەسەلە چینیەیەکە دەڵێ: ‘من بە پەنجەکانم ئاماژەی مانگ دەکەم بەڵام بێ مێشک سەیری سەیری پەنجەکانم دەکات نەک مانگەکە’. (س١٣)

هەندێ دید هەن گوایە نابێ داوا لە نوسەر بکرێ چی بنوسێ و چی بڵێ و چی نەنوسێ چونکە نوسەر خۆی خاوەن خەیاڵ و پابەندی هیچ ڕا و بۆغوونێک نییە، بەڵام ئەوە دەکری بۆ هەندێ ڕۆماننوس لە جوگرافیایەکی دیاریکراو و وڵاتێک و مێژوویەیکی تردا بژی کە جیای دەکاتەوە لەو نوسەرانەی خاوەن مێژوویەکی تەواو جیاوازتر و بارودۆخێکی سیاسی پڕ کێشەتر و پرسی قوڵی نەتەوەیی. لەمی دووەمیاندا؛ ڕۆمان چیە گەر کێشە و رووداوە کارەساتباری و مەرگەساتەکانی میللەتەکەی خۆت پێ نەنووسێتەوە. دیارە لەوی یەکەمیشدا رۆمانەکە هەر دەربارەی مرۆڤ و ژیانی کۆمەڵگەکەی خۆیەتی.

 

ڕۆمانی سوڵتانی فیلەکان

یەشار کەمال بە کاک بەکر شوانی گوتووە “ئەوانەی پێم دەڵێن هیچم بۆ دۆزی کورد نەکردووە، با بچن (سوڵتانی فیلەکان و مێرووە شەلەی ڕیشسوور) بخوێننەوە!” (س١)

ئەم ڕۆمانە گەر، وەک کاک بەکر دەڵێ، “کتومت وێنای پەیوەندیی نێوان سیستەمی سیاسیی تورک و خەباتی گەلی کورد دەکات” ئەوا لە مێژبوو قەدەغە دەکرا و بگرە نەیاندەهێشت هەر چاپ بکرێ، ئەمە لە لایەک; لە لایەکی ترەوە، گەر دۆزی کورد ئەو دۆزەی بێ وێنەترین و تاقانەترین دۆزی سیاسی و نەتەوەیی و نیشتمانیە لە جیهاندا و بە تایبەت لە تورکیادا گرنگترین و هەستیارترین و گەورەترین دۆزە چ بۆ کورد و چ بۆ تورکیا و ناوچەکە و جیهانیش ئەوا شایەنی ئەوەی هەیە چەندان ڕۆمانی سێینەی وەک  وەک حەمەدۆکی لەسەر بنوسرێ، نەک کتێبێکی وەک کلیلە و دمنە. ئایا ئەو پرسە مێژووییە گەورەیەی کورد هی ئەوەیە تۆ بە چیرۆکی ئاژەڵگەلی وەک کلیلە و دمنە بەڕێی بکەی و شانی خۆتی بە تەواوی لێ بتەکێنی!

سوڵتانی فیلەکان لەگەڵ ئەوەی وەک چیرۆکی ئاژەڵان و دارستانەکان تام وچێژی خۆی هەیە، بەڵام بێ دەسەلاتترین هەوڵە کە یەشار کەمال دابێتی گەر بیەوێ ڕۆمانێکی لەسەر دۆزی کورد نوسیبێ. لە شێوازی نوسینی کلیلە و دمنەییدا دەکرێ هەر ئاژەڵ و پەلەوەر و تەیروتورێک بکرێ بە ڕەمزێک بۆ شتێک بە مەودا دووربینی و مانا گشتیەکەی بەڵام دۆزێکی وەک کورد کە خۆت ئەندامێکی ئەو دۆزەبیت و بە بەرچاوتەوە کارەساتبارترین و مەرگەساتترین رووداو بەسەر میللەتەکەتدا هاتبێ و لە جیاتی ئەوەی ڕاستەوخۆ بیکەی بە هەوێنی رۆمانێک کەچی دێیت و ئەو کێشە بەرهەقە مێژووییە بەردەوامە بە فیل و مێروولە بچوێنیت. ئەو نووسەرانە زۆرن کە کێشە گەورەکانی میللەتەکانی خۆیان چ سیاسی یان کۆمەڵایەتی کردووە بە هەوێنی کتێبێک و چ ویژدانی خۆیان و چ سەربەرزی خەڵکەکی خۆشی پێ تۆمارکردووە و بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆیان بە ئەنجام گەیاندووە بەڵام هیچ یەکێک لە ڕۆمانەکانی یەشار کەمال باسی کورد و دۆزەکەی نین.

“ئالی وایزەڵ” جولەکەی ڕزگار بوو لە `کەمپی ئاوشڤیتز` سووتاندنی جووەکان لە جەنگی جیهانی دووەمدا، یەک شەو توشی کارەساتێکی گەورە بوو کە چەوسانەوە و کوشتنی خۆی و میللەتەکەی دیت، هات کردی بە کتێبێکی نایاب بە ناوی (شەو) کە هەرگیز لە یاد نەچێت.

یەشار کەمال خۆی شاهیدی هەموو ئەو چەوسانەوە و کوشتارگایانە بووە دژ بە کورد بەڵام هیچی نەگووت لە بارەوە. دەزانم، لەوانەبێ لێرەدا پرسیارگەلی ئەوە بێتە پێش گوایە ئەو ڕۆژگارانە ڕۆژگاری ڕەش بوون و کەس نەیتوانیوە فزەبکات ….هتد. بەڵام من ئەمانە بە بیانویەک دەبینم لەگەڵ ڕێزمدا.

با داوای ڕۆمانێک نەکەین، خۆ ئەو هەر هیچ نەبوایە دەیتوانی یادگاریەکانی لەو ڕۆژانەدا بنوسێتەوە، وەک خەم و هەست و عەزابخواردنی ناوەوەی دڵی خۆی کە چی بەسەر کورد و دۆزەکەیدا هاتووە وەک `موسا عەنتەر` و `جەنگیز چاندار` و دەیانی تریش کردیان. گەر شتێکی ئاوهاشی بکردایە دڵمان پێی خۆش دەبوو و دەمانتوانی  ئێستا وەک بەڵگەیەک بەدەستمانەوە بێ تاکو بڵێین؛ یەشار کەمال لە خەمی کورد و دۆزەکەیدا بووە. دیارە من ئەمە وەک ئەزعەفولئیمان دەڵێم دەنا ئەو بەو پێودانگەی کە باس دەکرێ، گوایە کورد بوونی ئەو زۆر تۆخ بووە دەیتوانی بەرهەمێکی ڕاستەوخۆی هەبێ لەسەر کورد و دۆزەکەی یان مەرگەسات و کارەساتە بەردەوامەکانی بەسەریدا هاتوون. لە بەشەکانی دادێی ئەم نوسینەدا هەندێ خاڵ باس دەکەم بۆچی ئەوەی نەکردووە.

ئەو وێنە و کەسێتی و هەندێ جار وشە و ڕستە کوردیانەی لە نێو ڕۆمانەکانی یەشار کەمالدا هەیە بە هیچ کلۆجێک ڕەنگدانەوەی دۆزەکەی نیە: لە لایەک ئاساییە نوسەر گوزارشت لە جێگە و رێگەی زیدی خۆی باو و باپیرانی بکات؛ لە لایەکی ترەوە، وەک هەر کەسێتی و ناوچەیەکی تری تورکیا سەیرکراوە بۆیە ڕۆمانەکانی نەبوونەتە جێگەی نارەزایی عامەی خوێنەری تورک و حکومەت و دەوڵەتەکەی. گەر شوێنگەی رۆمانەکانی یەشار کەمال ناوچە کوردیەکانە ئەوا لە تورکیادا جوگرافیا دەور ناگێڕی لەو بارەیەوە. تەنها لە دوو ساڵی دوایی دەیەی نەوەدەکاندا کە `عەبدوڵلا ئۆج ئالان`ی تێدا گیرا، سەرۆک وەزیران (بوڵند ئەجەوید)، وەزیری ناوخۆ و سەرۆکی پەرلەمان (حیمکەت چەتین) و سەرۆکی کاتی تورکیا بۆ ماوەیەک (ئارێز) کوردبوون و خەڵکانی شارە کوردیەکان یاخود ئەسڵ و فەسڵیان لەوێوە هاتوون. بەڵام ئەمە هیچ لە کێشەکە ناگۆڕێت چونکە تورکیا هەر تورکیایە جا ئەو هاوڵاتیە لەهەر کوێیەکەوە هاتبێ، چونکە ناسنامە هەر یەک ناسنامەیە. کوردێک کە ناسنامەکەی تورکیە، دەتوانێ ببێ بە سەرەک وەزیران و سەرۆک کۆماریش. بۆ؟ چونکە تۆ هەر تورکی و بە تورکی قسەدەکەی و لە خزمەت سیاسەت و دەوڵەتی تورکیا دایت.

 خاڵێکی ڕەمزی تر، لە ڕۆمانی سوڵتانی فیلەکاندا، کە دێتە پێش پەپولە سولەیمانەکەیە. ئایا پەپولە سولیمانەکە ئاماژەیە بۆ پەپولە سولەیمانەکەی داودی پەیامبەری جووەکان وەک ئاماژەپیدانێک بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل و سیاسەتی ئیسرائیلی لە ناوچەکەدا ئەوا زۆر قسەوباس هەڵدەگرێ کە ئەو رۆمانە زیاتر دەخاتە بازنەی گوماناوی ئەوەی کتومت بۆ کورد و دۆزەکەی نوسرابێ. من لێرەدا ناچمە سەری و دووبارە هەر دەڵێمەوە کە ئەو ڕۆمانە ناتوانرێ کت و مت بچوێندرێ بە کورد و کێشەکەی لە تورکیا، ئەمە جگە لەوەی لاوازیەکی ئێجگارە گەورەیە کە رۆماننوسێکی وەک یەشار کەمال بەو ئەزعەفولئیمانیە باس لە نەتەوە رەچەڵەکیەکەی بکات کەچی بۆ میللەتەکانی وەک تورک و یۆنانی بە ئاشكرا رۆمانیان لەسەر بنوسێت.

گەر سەیری لایەنی تەکنیکی ڕەمزی سوڵتانی فیلەکان بکەین کە ئایا ئەو ڕۆمانە تا چەند تەوزیفی ئاژەڵەکانی کردووە لە جێی خۆیدا بۆ لێکچواندنی ململانێی نێوان کورد و دەسەڵاتی تورک، ئەوا پرسیارگەلی مێژوو و ژمارە و قەبارە و شێوە و شێوازی رەمز دێنە پێش کە بە ئاسانی ئەو دیدە رەت دەکەنەوە گوایە ئەو ڕۆمانە کتومت وێنای کێشەی کورد و دەسەڵاتی تورک بکات لە تورکیادا. بۆیە “خوێندنەوەی وردتر و ڕاستتر لەسەر ئەو ڕۆمانە ئەوەیە، کۆمەڵگەی مێروولەکان تێگەیشتنە لە چینە جیاوازەکانی گەل کە کاردەکەن و بەرهەم دەهێنن و بە گوێرەی ئەدەبیاتی سوسیالیستی ناوەراستی سەدەی بیستەم هەر ئەوانیشن چینی زەحمەتکێش.” (س٦)

یەشار کەمال و خەمی تورکە سەربەسەرەکان

لە ساڵانی دوای جەنگی جیهانی یەکەم و بە دیاریکراوی ساڵی ١٩٢٣ بەسەرپەرشتی (عصبة الأمم) کە دواتر بوو بە (نەتەوە یەکگرتووەکان)ی ئێستا، ئاڵوگۆڕێک لە نێوان تورکیا و یۆنانستان بەڕێووە چوو کە هەرچی یۆنانی هەیە لە تورکیا بنێردرێن بۆ یۆنان و تورکە نیشتەجێبووەکانی یۆنانیش بگەڕێندرێنەوە بۆ تورکیا. ئەو تورکانە پێیان دەوترا `تورکە سەربەسەرپێکراوەکان`.

بەشێک لەو تورکە گوندیە سەربەسەرپێکراوانە نیشتەجێ دەکرێن لەو گوند و ناوچەیەی، وەک چوکورئاوا کە یەشار کەمال ژیانی مێرد منداڵی و هەرزەکاری تێدا بەسەر دەبات. شێوەی ژیانی ئەو گوندیانە وەک لەوەی خانوی جوان جوانیان دروست کردبوو، لەوەدەچوو شێوازی ژیانیان و ئەو شوێنانەی لێی نیشتەجێ ببوون، ببووە جێگەی ئیرەیی و ناحەزی گوندیە ڕەسەنەکانی ناوچەکە، بۆیە ئەو شوێنە بە جێدەهێڵن و کۆچ دەکەن. ئەو ڕووداوە کاریگەری لەسەر یادەوەریەکانی یەشار کەمال دادەنێ و دەیکات بە ڕۆمانێکی چەند بەش بە ناوی “بەسەرهاتی دوورگەیەک.”

زۆر بۆم گرنگە کە خوێنەر گێڕانەوەکەی یەشار کەمال کە لە چەند دێڕێکدا ئەم بابەتە باس دەکات وەک خۆی دابگرم تا خوێنەر باشتر بزانێ بۆچی من ڕەخنە لە یەشار کەمال و ئەو دیدانەشی دەیانەوێ یەشار کەمال بکەن بە کورد دەگرم. فەرموون ئەمە پەرەگرافەکەیە:

(لە گوندی ئێمە قوتابخانە نەبوو بەمەبەستی خوێندن لە قوتابخانە چوومە ماڵی خزمێکمان لە (کادیرلی) ماوەیەک لەوێ مامەوە  بەڵام لەبەرئەوەی نەمویست لەو ماڵە بمێنمەوە لە نێوان ماڵ و قوتابخانەدا دەستم بە هاتوچۆ کرد  هەموو ڕۆژێک بەلای گوندێکدا تێدەپەڕیم کە پێشتر چەند شتێکم لەبارەیەوە بیستبوو  دەگووترا خەڵکانێکی بیانی هاتوون و لەو گوندە نیشتەجێ بوون، دواتر بەشی زۆریان بە نەخۆشی مەلاریا مردوون و هەڵسوکەوتی خەڵکی دەوروبەریش لەگەڵیاندا زۆر خراپ بووە، تا قۆناخی خوێندنی سەرەتاییم تەواو کرد بەردەوام بەلای ئەو گوندەدا تێپەڕیم و بەردەوام گوێبیستی بەسەرهاتیان بووم، کەمێک گەورە بووم و خوێندنی سەرەتاییم تەواو کرد دیسان بەلای ئەو گوندەدا تێپەڕیم ڕۆژێک دووکەڵکێشێکی گەورەم بەدی کرد  دووکەڵکێشێکی ئەستوور و بەرز بوو، کاتێک گەیشتمە قۆناخی ناوەندی، لە گوندی `هەمیتە` ژنێکی خزمی باوکم و دەستەخوشکی دایکم چیرۆک و بەسەرهاتی ئەو گوندەی بۆم گێڕایەوە، پێکەوە چووین بۆ پیاسەی ناو دارستان لەوێ گووتی؛ سەیر بکە کوڕەکەم  لەو گوندە کۆچبەرە سەربەسەر پێکراوەکان دەژیان، ئەوانە ئەو تورکانە بوون کە لە یۆنانستانەوە هاتبوون و بەو یۆنانییانە گۆڕدرابوونەوە کە لێرە دەرکرابوون، لە نزیک (ئاناڤارز) سێ گوندی لەو جۆرە هەبوون سێ گوندی زۆر جوان بوون، بەوجۆرە بەسەرهاتی ئەو گوندەم بۆ ئاشکرا بوو کۆچبەرەکان لەو گوندانە خانووی جوانتریان بنیات نابوو بەڵام لە دەست ستەم و زۆرداریی خەڵکی گوندەکانی دەوروبەر ڕزگاریان نەبوو، بۆیە سەری خۆیان هەڵگرتبوو و ڕۆیشتبوون، کاتێک بووم بە ١٥ و ١٦ ساڵان  کەوتمە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی ئەو خەڵکانە نەمتوانی بیاندۆزمەوە و زۆر خەفەتم خوارد، چیرۆکی ئەو گوندەی چوکورئۆڤام بۆ ئابیدین دینۆ گێڕایەوە. ئەویش گووتی؛ ئەوە جوانترین بابەتە تا ئێستا کەس شتێکی جوان و بەکەڵکی لەو بارەیەوە نەنووسیوە، بەو جۆرە بەسەرهاتی کۆچبەرە سەربەسەر پێکراوەکان بوون بە بابەتی زنجیرە ڕۆمانی “بەسەرهاتی دوورگەیەک.”) (س١٠)

پرسیار کە لێرەدا دروست دەبێ و دەبێت بە ڕەخنەیەک لە یەشار کەمال: ئاخۆ بۆ ڕووداوێکی ئاوهای ئەو تورکە سەربەسەر پێکراوانە دەبن بە خولیای نوسین و بە شوێنی دەکەوێ و دەیکات بە ڕۆمانێکی گەورە؟  ئەمە ڕێک هەر لەو دەمانەدا بووە کە ڕووداوی کوشتارگە و خاپورکردنی دێیەکانی کوردستان و کوشتنی منداڵ و ژن و پیر و پیرێژنی کوردان وەک فیلم نمایش دەکرێ لەسەر ئەرزی واقع  لە تورکیا، کەچی نابن بە خولیای نوسینێک و بابەتێک بۆی، بەڵام کۆمەڵێ دێهاتی تورک دەبن بە خولیای بەرهەمێکی گەورەی؟ لەو ڕۆمانانەی کە هەندێ ڕۆشنبیر دڵیان پێخۆشە گوایە یەشار کەمال باسی کورد و وڵاتی کوردان دەکات لە هیچیاندا ناوی کورد وەک ئەم تورکانە نەهاتووە یاخود لە هیچیاندا باسی پرسی ئەو خەڵکە چەندان ملیۆنیە وجودی نییە لە بەرهەمەکانیدا بەڵام چەند گوندیەک ئەسەرێکی گەورەیان هەیە لەسەری؟

لە تورکیا، لە نێو خوێنەری تورک و لە سیستەمی دروستبوونی تاکی تورک باسکردنی ڕووداوەکان چ لە هەکاری و ماردین و ئامێدی بێت یان لە ئەنکەرە و ئیستانبوڵ بێت هیچ جیاوازیەکی نییە مادامەکی ناو و ناسنامەی جیاواز لە ناو و ناسنامەی تورک جودا نەبێت. خۆ گەر خوێنەری تورک و دەوڵەتی تورک بیاندیبایە یاخود بە ڕەمزیش هەستیان بەوە بکردایە کە یەشار کەمال باسی کورد و دۆزی کورد دەکات، ئەوا بەرهەمەکانی هەر لە بازاڕەکاندا دەسووتێنران. بەڵام ئەوە ڕوونە کە یەشار کەمال کەسێتیەکی تورکی بەرجەستە کردووە لەخۆیدا هەر ئەو بەرجەستەییەش مانەوە و بەردەوامیدانی بە یەشار کەمال و بەرهەمەکانی داوە لە تورکیادا و کاتێکیش دەمرێت ڕابەرانی حزبەکەی کەمال ئەتاتورک و سەرکردەکانی حزبەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی ئێستای تورکیا لە ناشتنی تەرمەکەی و پرسەکەیدا ئامادە دەبن و یەک لەد وای یەک ستایشی دەکەن.

هەر لە هەمان دیمانەدا لە خەمی تورکە سەربەسەرپێکراوەکان بەردەوامە و تەنانەت دەیانچوێنێ بە ژیانی بنەماڵەکەی خۆی کە چۆن ئەوانیش لە زێدی باو و باپیران و داپیرانی خۆیان دەرکراون و کۆچیان پێکراوە، بەڵام ئەو باسی تەنها یەک لایەن دەکات ئەویش ڕووسەکانن،

“ئەو کاتەی ڕووسەکان گەیشتوونەتە (وان) کەسوکاری من ئاوارە بوون، بە سەرانسەری ئەنادۆڵدا تێپەڕیون و لە گوندی هەمیتەی چوکورئۆڤا گیرساونەتەوە.” ( س١٠)

ئەو دیدە مێژووییە دروستە کە ڕووسەکان چیان کردووە بەو ناوچانە بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە یەشار کەمال هیچ ئاماژە بە دەوری تورکیا نادات لە دەربەدەرکردن و کۆچ پێکردنی کوردانی خۆیدا! بە هەموو ئاینزا و کەمینەکانیەوە کەچی باس لە دەوری مێژوویی ڕوسەکان دەکات. ئایا کەس هەیە لە ئێمە نەزانێ کە تورکیا دەوری ئەوەڵ و ئاخیری هەبووە لە کۆچپێکردنی کورد لە ناوچە رەسەنەکانی خۆیان؟

 

 

حەمەدۆک لەبەرامبەر سەید ڕەزادا

بە پێی ئەو دیدە سایکۆلۆجی و زانستە کۆمەڵایەتیانەی دەربارەی ئەو ڕۆژگارانەی دەمانی هەرزەکاری و مێردمنداڵی کە چۆن دەوریان هەیە لە پێگەیشتن و پێکهاتنی مرۆڤەکاندا، ڕۆژانی `سەید ڕەزا` و شۆڕشەکەی و کەسێتی سەید رەزا وەک سەرکردەیەکی زوڵملێکراوی نەتەوەیەک و ئەو قەتڵ و عام و ڕەشبگیریەی کەمال ئەتاتورک و سوپای تورک بەسەر ناوچەی دەرسیمدا هێنایان، دەبوو شتێکیان بەجێبهێشتایە لە ژیانی یەشار کەمالدا. دەبوو گەردیلەیەک لەو ڕووداوە گەورەیە ببوونایەتە بابەتێک و لە خامەکەیەوە بخرانایەتە سەر کاغەز هەر وەک چۆن یادەوەری گوندیە تورکە سەربەسەرپێکراوەکان ڕۆمانێکی چەند بەشی پێنوسی.

 

 

دەستپێکردن بە نوسینی حەمەدۆک ڕێک لەو ساڵەدایە کە `کوشتارگەی دەرسیم` و شۆڕشەکەی سەید رەزا ڕوودەدات. راپەڕینی دەرسیم و کەسێتی سەید رەزا و غەدرلێکردنی لە لایەن ئەتاتورکەوە و ئەو کارکردە مێژوویی و سیاسیەی دەرسیم لەو دەمەوە تاکو ئێستا لە ژیانی و مێژووی میللەتی کوردا جێگەیەکی ئێجگار گەورەی داگیر کردووە.  دەبوو هەرهیچ نەبێ بە هاوتای `حەمەدۆک` شوێنێکی بگرتایە لە ژیان و بەرهەمەکانی یەشار کەمالدا، بەڵام کە نەیگرتووە ئەوەیە کە یەشار کەمال بوونی نەتەوەیی و کێشەکەی بۆ گرنگ نەبووە. تەنانەت لەو هەڵوێستەی کە گوایە لەسەر کورد هاتۆتە دەنگ دوای حەفتاودوو ساڵ بەئاشکرا دیارە کە دەرسیم و سەید رەزا و کوشتارگەی کوردان لەو ڕووداوەدا مەسەلەیەکی مافی مرۆڤ و دیموکراسیە نەک قەزیەی میللەتێک و چارەونس سیاسی بیست ملیۆن مرۆڤی کورد لەو وڵاتەدا!

 بیروباوەڕی چەپی بوون وای لە یەشار کەمال کرد داستان و چیرۆک و حیکایەتەکانی دەوروبەری خۆی، یان دەمانی منداڵی خۆی لە دەقێکی چینایەتیدا بەرجەستە بکات وەک حەمەدۆک و تەنەکە بەڵام مەرگەساتەکانی میللەتەکەی هیچی پێ نانوسن.

 لە ڕاستیدا تاوەکو ڕووداوی مێژوویی هەبن چ جای وەک دەرسیم کە یەشار کەمال خۆی لە زەمەنەکەیدا ژیاوە، حیکایەتی مێژووی پلەیەکی خوارتری پێ دەدرێ چونکە ڕووداوی مێژوویی گەورەیە و هەڵوێستەی گەورە و قسەی گەورە و بەرهەمی گەورەی دەوێ.  ئایا نەدەکرا دەرسیمێک و سەید ڕەزایەک، بگرە هەڵەبجەیەکیش، وەک حەمەدۆک بەرجەستەیان بکات لە بەرهەمێکدا کە ڕەمزی زوڵملێکراو و بەشخوراوی میللەتێکن کە تا ئێستاش شەڕی مان و نەمانی ڕەگەزی و ناسنامەیی خۆیان دەکەن؟

سەری کورد بەدەست جەندرمەی تورکەوە – کۆمەڵکۆژی دەرسیم لە ماوەی ساڵانی ١٩٣٧ و ١٩٣٩ دا لە ناوچەی عەلەوی نشینی دەرسیم ڕووی داوە

 

بۆ بەرجەستە نەبوو لە بەرهەمێکیدا جا بەهەر ڕەمز و ڕاستەوخۆ و ناڕاسەتەوخۆییەک بێت. ئەو چیرۆکانەی لە کوشتارگەی دەرسیم دەبیسترێن و خودی یەشار کەمال لەو دەمەدا وەک مرۆڤێکی کورد لەو وڵاتەدا ژیاوە و تەنانەت ژنێکی ئەو مەرگەساتە دوای چل پەنجا ساڵ ڕوودەکاتە `یەشار کەمال` و چیرۆکی مەمکبڕینی خۆی بۆ باس دەکات لە لایەن سەربازە تورکەکانەوە؛ ئەو کوشتارگەیەی لە مێژووی نوێی تورکیادا لە وێنەی نییە لە تاوانکاریدا؛ کاتێک سەید رەزا فریودەخوات بە بەڵێنەکانی `کەمال ئەتاتورک` و دەستیگری دەکەن بە ئەتاتورک دەڵێت “من بە فێلەکانی ئێوە فریوم خوارد ئەوە با بۆ ئێمە ببێتە دەرس کە منیش لە بەرامبەر ئێوەدا چۆکم دانەدا با ئەوە ببێتە دەرس بۆ ئێوە.“ هەر ئەو گوتەیەی سەید ڕەزا لەبەرامبەر ئەتاتورکدا گوتویەتی دەیتوانی بیکاتە گوڵەوانەی بەرهەمێکی قوڵی نەتەوەیی ملیۆنان مرۆڤ کە پێیان دەگوترێت کورد؛ بەڵام سەد مەخابن ئەو دەرسیمەی کە ئێمە ئێستا لە ڕاگەیاندن و دۆکیومێنتاریەکانەوە دەیبیستین و دەیبینین جەرگمان بۆی دەسوتێ و وێژدانمان ئازار دەدات وەک وشەیەک و لاپەرەیەک و چیرۆکێک نەبوونە میوانی قەڵەمەکەی یەشار کەمال.

 من لێرەدا دەیڵێمەوە ئەم گلەیی و ڕەخنانە بەو شێوەیە لە یەشار کەمال دەگرم کاتێک دەیانەوێت بیکەن بە کورد و ڕوحی کوردبوونی بکەن بەبەردا لە کاتێکدا بە هەموو پێدانگە مرۆیی و نەتەوەیی و مۆراڵیەکان ئەو هیچ بەلای کورد و دۆزی کورددا نەچووە. ئایا داکۆکیکردن و هاتنە دەنگ لەسەر میللەتی داگیرکراو و سەرکوتکراو بەشێک نییە لە هەر بیروباوەڕێکی مرۆڤدۆستی و چەپیانە؟ ئایا سەید رەزا زیاتر لە حەمەدۆک دژی جەور و ستەمی دەسەڵاتکاران نەوەستایەوە؟ یەشار لە پێناو بیروباوەڕی چەپ بوونی خۆیدا تورکیای بەجێهێشت و بۆ نزیکەی دوو ساڵان لە سوید ژیا ئایا یەکێک لە پایە سەرەکیەکانی بیروباوەڕی چەپ بوون بەتایبەت لەو دەمەدا مافی چارەی خۆنوسین نەبوو؟ ئایا بۆ لە پێناو چارەی خۆنوسین و مافی کورددا بۆ تورکیای بەجێنەهێشت؟ وەڵامەکە زۆر ئاسانە. ئەویش ئەوەیە کە یەشار کەمال مرۆڤێک و نوسەرێکی تورک بووە و تەواو. بۆیە دەبێ وەک ئەو مرۆڤە و ئەو نوسەرە ڕیزی لێبگیرێ و با دەستبەرداری وەهم و سۆزی کوردانەی خۆمان ببین لەبەرامبەریدا.

 

 

تێڕوانینی سیاسی یەشار کەمال بۆ کورد و دۆزەکەی

لە تەمەنی حەفتا و دوو ساڵیدا بۆ یەکەم جار یەشار کەمال هاتە دەنگ لەسەر مەسەلەی کورد، بەڵام چۆن هاتنە دەنگ و بە کام نوسین و بەرهەم و کام جیهانبینیەوە هاتە گۆ. وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، تا ئەو ساتەی لە ژیاندا بوو هیچ بەرهەمێکی خۆی نەکردە بابەتێک لەسەر کورد، ئەوەی یەشار کەمال لەسەر کورد وتی و کردی نوسینی وتارێکی بوو لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا.  

یەشار کەمال هیچ کات نە هەڵویست و نە بابەتێکی هەیە لەسەر دۆزی سیاسی کورد. ئەو لە قسەکانی بەردەم دادگا و چاوپێكەوتنەکانی و نوسینەکانی کورد و کێشەکەی لە ڕوانگەیەکی سیاسیەوە سەیر ناکات بەڵکو وەک کێشەیەکی مرۆڤدۆستی و دیموکراسی دەیبینیت. ئەو دەڵێت:

 “من هەموو ژیانم بۆ زمانی تورکی و کەلتوری تورکی تەرخان کردووە، چۆن داوای جیابوونەوەی دەوڵەتی کوردی دەکەم لە تورکیا، کەس داوای ئەمە ناکات. من تەنها دەمەوێ کورد لە تورکیا مافەکانی هاوڵاتیی بوونی جیهانی هەبێت وەک مافی زمان و فەرهەنگی.” (٢)

 ئەم هەڵویست وەرگرتنەی دوای لە حەفتاودووساڵ ژیانی دەرکەوت ئەویش زۆرتر لەو ژینگە سیاسی جیهانیەوە لە دایک بوو کە تازە دنیای دوو قوتبی کۆتایی پێهاتبوو، دنیا بەرەو کرانەوەیەکی سیاسی هەنگاوی دەنا بەتایبەت لە دوای سیاسەتی بێرستروێکای گؤرباتچۆڤ. پیش ئەم ڕووداوە، یەشار کەمال هیچ هەڵویستێکی ئاوها و ئاشکرای نەبووە لەسەر مافە فەرهەنگی و دیموکراسیەکانی کورد.

 لە لایەکی تر، گەر لە باری فەلسەفی و زانستی کۆمەڵناسیشەوە لێکی بدەینەوە ئەو دوو چەمکەی یەشار کەمال ئاماژەی پێدەکات (زمان و کولتور)  ئەو دوو چەمکەن کە بونیادی نەتەوەیەکی پێ لەسەر دروست دەکرێ؛ زمان و کەلتور هەموو ئەو نیهادە سەرەکیانە لە خۆ دەگرێ کە بوونی پێگە نەتەوەییەکان بەهێزتر و چەسپاوتر و مەحکەمتر دەکات وەک بیروباوەڕ، داب و نەریت، هونەرە رەنگاڵەییەکان، ئاین و تقوسەکانی، خواردن، جلوبەرگ، پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان بە خێزان و خۆشەویستی و هاوسەری و ژینگەکانی لە پەیوەند بەوەوە، لێک تێگەیشتنی تەواوی مرۆڤەکان لە یەکتر لە ئاخاوتن و نوسیندا، جەنگ و ئاشتی، زەمینێک بۆ ژیان،… بە کورتی: زمان و کولتور کۆکردنەوە و یەکانگیرکردنی هەموو ئەو خاسیەت و تایبەتمەندیانەیە کە تەواوی کۆمەڵگەیەکی میللی و نەتەوەیی پێ دەناسرێتەوە. پرسیار لێرەدایە ئایا یەشار کەمال نابێتە بەشداریکەرێکی بێ وینە و کاراکتەرێکی چالاک و مێژوویی میللی تورک و کۆمەڵگەی تورکی نەک کوردی؟ ئەو زمان و کەلتورەی کە رەگەزنامەی مرۆی کورمانجی لە باکور پاراست و ئێستاش بۆتە ناسنامەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی

هۆکارێکی تر، مەسەلەی چەپ بوونی یەشار کەمال بووە. بیروباوەڕی چەپ بوون لە دەمانی دوای جەنگی جیهانیەوە لە تورکیا، وەک هەر جێگەیەکی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش، لە پەرەسەندندابوو. لەگەڵ ئەوەی زۆرێک لە ئەدەبیاتی سۆشیالیستی ئەو دەمە و مارکسیزم لەسەر مەسەلەی نەتەوایەتی و مافی چارەی خۆنوسینی میللەتان بوو، بەڵام چەپێک بوو کەمتر دانولەی لەگەڵ مەسەلە نەتەوایەتیەکاندا دەکوڵا و زۆرتر لە مەسەلە چینایەتیەکاندا قاڵ ببۆیەوە. حەمەدۆک نموونەی ئەو دیدەیە لە چەپ بەتایبەت چەپی ناو میللەتە سەردەستەکان. لەو دەمەدا یەشار کەمال لە بواری سیاسیدا چالاک بوو. ئەندامی پارتی کرێکارانی تورکیا بوو کە خاوەن ئایدیۆلۆجیایەکی چەپرەوێتی بوو. لە کۆتایی ساڵانی حەفتاکاندا بۆ ماوەی دوو ساڵێک لە ترسی گرتن هەڵات بۆ سوید و ماوەیەک لەوێ ژیا تاکو بارودۆخی تورکیا باش بوو ئینجا گەڕایەوە.  تەنها وەک پرسیار دەیکەم ئایا گەر یەشار کەمال ئەو نوسەرە بێت کە ژیان و بەرهەمەکانی بۆ دۆزی کورد بێت و ویژدانی عەزیەتی داوە بۆ ئەو پرسە و خەونی ئەوەی کە هەموو بەرهەمەکانی بکرێنە کوردی و خۆی هەر لە منداڵیەوە شاهیدی ئەو هەموو زوڵم و چەوسانەوە و کوشتارگە و سەرکوتکردن و تێکشکانەی شۆڕش و راپەڕینەکانی کورد و کاولکاریەکانی کوردەستان بوو لە تورکیا، ئایا دۆزێکی ئاوها نەدەکرا وای لێ بکات جارێ لە جاران لە پێناو ئەو دۆزەدا هەڵبێت و لە هەندەران بژی و قوربانی بە ژیانی تورکیا بدات وەک سەلیم بەرەکات (نوسەری کوردی ڕۆژئاڤای کوردستان) وڵات بەجێ بهێڵێ و لەوێ بە ئازادانە دڵی خۆی هەڵڕێژێ و ویژدانی خۆی ئاسودە بکات؟! ئایا ئەو هەموو داستانە پڕ ئێش و ئازار و چارەنوسسازانەی بەسەر کوردا هات نەدەکرا بیکاتە بەرهەمێک و هەڵبێ لەسەری وەک چۆن لە پێناوی ئایدیۆلۆجیاکەیدا ڕایکرد و دەستبەرداری تورکیا بوو گەر بۆ ماوەیەکیش بێت؟

 

فۆتۆی دوو کورد لە کۆمەڵکوژی دەرسیم – بە کامێرای سوپای تورکی کەمالیستی – کۆمەڵکوژی ١٩٣٧ – ١٩٩

دیدی یونیڤەرساڵی، جیهانگیری بۆ مافەکانی مرۆڤ و هاوڵاتی بوون بەشێکی ترە لە جیهانبینی سیاسی یەشار کەمال بە تایبەت کاتێک دەێێت “من تەنها دەمەوێ کورد لە تورکیا مافەکانی هاوڵاتیی بوونی جیهانی هەبێت وەک مافی زمان و فەرهەنگی.” گەر دەورانی پێش بیرستروێکای گۆرباتچۆڤ و دونیای سۆشیالیستی مەسەلەی نەتەوایەتی کاڵکردبێتەوە لە کار و بەرهەم و هەڵویستی یەشار کەمال ئەوا لە دوای دەرکەوتنی دونیای دیموکراسی رۆژئاواوە دیدی یونیڤەرساڵی کە مافی هاوڵاتی بوون لە زمان و کەلتور و ئایندا دەبینێتەوە زاڵ دەبێ بەسەر بیری یەشار کەمالدا و مەسەلەی نەتەوەیی جێگەیەکی گرنگی نابێ لە گوتار و بەرهەمەکانیدا. دیدی یونیڤێرساڵی لە قوتابخانەی لیبرال دیموکراسی رۆژئاوە سەری دەرهێناوە کە لە بنەڕەتدا کاڵکردنەوە و نەهێشتنی هەر ماکێکی نەتەوایەتی و میللیە چونکە رۆژئاوا بۆخۆی بە دەست چەندان کێشەی نەتەوە و میللەتە ژێردەستەکانی خۆیەوە دەناڵێنێ و سیستەمە سەرمایەداریەکەی ئەوەی لێ دەخوازێ کە هەر چەمکێک گەر بێتە سەر رێی گەشەکردنی ئەوا دەبێ کاڵ بکرێتەوە لە ژیر هەر ناوێک و مانایەک و بزاوتێکدابێت. ئەو هەڵوێستەی یەشار کەمال وەک هەر هەڵوێستێکی تری رۆشنبیرانی دنیای تورکە کە کوردبوون لە پەراوێزدا دەبینن نەک لە سەردێری هەواڵی سیاسی و فکری خۆیاندا وەک چۆن لە رۆمانەکانی ئۆرهان پامۆک و ئەلیف شەفەقدا دەبینین. دیارە خوێنەری کورد زۆر خۆشحاڵن کە ئەو نوسەرانە ناوی کورد دەهێنن بەڵام ناوهێنانی کورد لای ئەوان لە عەقڵیەتێکی پەراوێزخراویدایە کە ئەو کەمینە نەتەوەییانەی لە تورکیادا دەژین دەبێ لە پەراویزێکی ماقوڵدا جێگەیان بۆ بکرێتەوە نەک ئەوەی کە کاراکتەرێکی سەرەکی وڵات بن و دەوری ئەوەڵیان هەبێ لە ژیانی سیاسی دەوڵەتدا بە ناسنامەی میللی خۆیانەوە. گەر کەسێک پامۆک و شەفەق بخوێنێتەوە بە وردی دەزانێ کورد لە کوێی ئەو عەقڵیەتانەدا وەستاوە. دیارە رۆماننوسی تر هەن لە نەتەوەکانی عەرەب و فارس کە هەمان دیدیان هەیە بەڵام من لێرەدا تەنها ئاماژە بەم دوو نوسەرە تورکە دەدەم.

 یەشار کەمال وەک سیاسیەک ئاگای لە خشپەی مار و مێرووی ئەو وڵاتە هەبووە بەڵام کە بێدەنگ بووە بەرامبەر بە هەموو ئەو ناعەدالەتی و چەوسانەوە میللی و کوشتارگایانەی دەوڵەتی تورکیا دژ بە کورد. ئەمە ئەو پرسیارەیە کە دەبێ بکرێ و هیچ بیانویەکیش نیە ئەم حوکمە بەتاڵ بکاتەوە. مەسەلەی ژیانی شەخسی خۆی و چەپ بوونی و ناجەسارەتیەکەی ئەو بێ دەنگی و بێ هەڵوێستیەیان پێ بەخشی کە حەفتاودوو ساڵی کیشا تا بێتە گۆ لەسەر کورد ئەویش بە وتارێک کە زۆرتر گوزارشت نەبوو لە بارە سیاسیەکەی کورد بەلکو گوزارشت بوو لە بارە مرۆڤدۆستیەکەی، مافی مرۆڤ و فەرهەنگی و دیموکراسیەکەی ئەویش بە پاڵپشتە جیهانیەکەی. تەنانەت زۆربەی بەرهەمەکانی بە تایبەت حەمەدۆک کە بە ناوبانگترینیانە باس لە کێشەیەکی چینایەتی دەکات لە دەورانی فیوداڵیدا و دوورونزیک پەیوەندی بە کورد و دۆزەکەیەوە نیە گەر زەمینەی رووداوەکان چ لەمسەری یا ئەوسەری تورکیا بێ.

دەمەوێ لێرەدا ئەوە بڵێمەوە کە لێرەدا مەبەستی من ئەوە نیە بڵێم دەبوو یەشار کەمال وای بکردایە و وای نەکردایە، بەڵکو من دەڵێم گەر ئەو پڕوپاگەندانەی دەکرێ گوایە هەموو ژیان و بەرهەمەکانی بۆ کورد و دۆزی کورد تەرخان کردبێ ئەوا وامان لێدەکات ئەو پرسیار و باسانە بوروژێنرێن کە وای ل کەسێکی وەک من کردووە ئەم لێکۆڵینەوە رەخنەییەی لەسەر بکەم.

 

یەشار کەمالی کورد زوبان یان تورک زوبان

 ” بە ڕەچەڵەک کوردم، بەڵام  من نوسەرێکی تورکم.” (س٣). ئەمە قسەی یەشار کەمال خۆیەتی. کاتێکیش نوسەرێکی تورک دەبی ئەوا دەبێ لە زمانەکەدا ئێجگار شارەزابێ و یەشار کەمال لە زمانی تورکیدا هێندە شارەزایە فەرهەنگێکی بە ناوەوە کراوە بە ناوی فەرهەنگی تورکی یەشار کەمال.

 نەنگیەک لەوەدا نییە کە یەشار کەمال بۆچی بە زمانی تورکی نوسیویەتی، بەڵام نەنگیەکە لەوەدایە ئەو زمانی تورکی بەکارنەهێناوە چ “ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ وەک ئامرازێك بۆ گەیاندنی برین و تراژیدیاکانی گەلی کورد و چەوساوەکانی تورکیا.” بەڵکو ئەو کە بە زمانی تورکی نوسیوێتی لەبەر ئەو دەستورەیە کە لە تورکیادا هەیە و تەنها زمان زمانی تورکیە و لەوێشەوە کەسێتیەکی تورکی لە خۆیدا هەڵگرتووە و هەموو ژیانی بۆ زمان و کولتوری تورکی تەرخان کردووە وەک خۆی دەبێژێ.  

گەر مەسەلەکە بریتی بێ لە گەیاندنی ئێش و ئازارەکانی کورد بە تورکیا و جیهاندا ئەوا لە راستیدا هیچ یەکێک لە بەرهەمەکانی یەشار کەمال تایبەت نین بە کورد و دۆزەکەی، بەڵکو ڕۆمانەکانی ئەو بە شێوەیەکی هێندە ئەدەبی و تورکی نوسراون، هەر مرۆڤێکی تورک دەتوانێ بیخوێنێتەوە بێ ئەوەی بزانێ ئەم ڕۆمانە تایبەت بە ئەو و وڵاتەکەی ئەو نییە. گریمان “بۆن و بەرامەی کوردی و کوردەواری لە بەشی زۆری ڕۆمان و چیرۆک و ڕیپۆرتاژ و وتارەکانی یەشار کەمالدا هەیە” (١)، بەڵام هیچ بۆن و بەرامەیەک نابینی دەربارەی دۆزی کورد. دۆز واتە قەزیە، پرسی کورد، گەر هەبوایە ئەوا یەشار کەمال نەدەبووە جێگەی ستایش و ریزی بێ پایانی خوێنەری زۆری تورک بەتایبەت کەسانی سیاسی و دەوڵەتمەداری تورکیا، وەک ئەحمەد داودئۆغڵۆ کە ئەو دەم سەرۆک وەزیرانی حکومەتە ئیخوانیەکەی ئەردۆغان بوو کاتێک یەشار کەمال کۆچی دوایی کرد. ئەم رێز و ستایشە لەوەوەیە کە یەشار کەمال بە رەسمی و لە مینبەری جیهانیەوە دەڵێ من نوسەرێکی تورکم و هەموو ژیانی خۆم تەرخان کردووە بۆ زمان و فەرهەنگی تورکی. گەر یەشار کەمال لەمە زیاتر بوایە واتە بەرهەمەکانی ئیش و ئازاری کورد و دۆزەکەی بەیان بکردایە ئەوا یەشار کەمال تەمەنی نەدەگەیشتە نەوەت و دوو ساڵ یاخود دەبوو تورکیای بەجێهێشتایە بۆ هەتایە وەک چۆن بەسەر سەلیم بەرەکاتدا هات. من لێرەدا لە یەشار کەمال کەم ناکەمەوە وەک نوسەرێکی تورکی بە توانای ئەدەب، بەڵکو من وەک کەسێکی کورد و بەرهەمەکانی دەربارەی کورد و دۆزەکەی بێت رەت دەکەمەوە لەسەر بنەمای ئەو راستیە بابەتیانەی ئاماژەیان پێدەکەم، چونکە (دەیڵێمەوە):

یەشار کەمال خۆدی خۆی شاهیدی مەرگەسات و کارەساتەکانی میللەتەکەی خۆیەتی بگرە ئەو لەو دونیایەدا ئیشی کردووە، رۆژنامەنووس بووە، کە تەنانەت وەک هەواڵیش رۆژانە هاتۆتە بەردەمی کە لە بەشی باشوری وڵات چی گوزەراوە. تەنانەت یەشار کەمال هەندی لەو کەسانەی دیتووە کە بوونەتە قوربانی دەستی سەرباز و سوپا فاشیەکەی تورکیا. ئەو چیرۆکانەی دوای چەندان ساڵی ویژدانی ئەو تورکە سەربازانەی هەژاند کە ئەنجامیانداوە و بە ئاشکرا و دوور لەهەر ترس و عاقیبەتێک کە حکومەتی تورکیا بەسەریاندا بهێنێ، هاتن و دڵ و ویژدانی خۆیان خاڵی کردەوە لەو تاوانانەی ئەنجامیانداوە لە مێژووی خۆیاندا. یانیزی سەربازی دێرینی تورک و چالاکوانی سیاسی کە ئیستە لە یۆنان پەنابەرە و تەنها لەسەر ئەوە راونرا کە دەردە دڵی خۆی خاڵی کردەوە و ویژدانی ئازاری دابوو بە درێژایی ئەو چەند ساڵەی سەرباز بووە چۆن دەشت و لادێ کوردیەکانیان سوتاندووە و دێهاتیەکانیان چۆن کوشتوون و بەرووبوومەکانیان چۆن سوتاندوون. ئەو سەربازە ئێستە کە لە دەرەوەی تورکیاش دەژی یەکبینە هەڕەشەی کوشتن و گرتنی لەسەرە لەلایەن خەڵک و حکومەتی تورکیاوە، بەڵام ئەو پێی وایە کە ئەوەی کردویەتی راستە و لە پێناو حەق و ئازادی و مافخوراواندا قسەی هەبووە. دۆزی کورد و کوشتارگەی کوردان و بە قەرەبرووت کردنی ناوجەی کوردان ویژدانی چەندان تورکی ئاسایی و قەلەم بەدەست و نوسەر و رۆشنبیری تورکی هەژاند بەوەی هەڵوێستی ئاشکرا و نوسین و قسەی راستەوخۆیان لەسەر گوت بەڵام یەشار کەمال لە هیچ بەرهەمێکیدا نە هیچی گوت و نە هیچی نوسی.

ئایا بۆ نەیکردووە ئەوە وەڵامەکەی لای هەر کەسێکە گەر بێتوو دوور لە هەستی سۆزداری بۆ یەشار کەمال و بابەتیانە رەخنەی لێ بگرێ بەوەی یان کەسێکی چاونەترس یا ئازا نەبووە یاخود مەسەلەی نەتەوەیی و ناسنامەی کوردبوونی وەک نەتەوەیەکی جیاواز بۆ گرنگ نەبووە و تەواو کەسێتیەکی تورکی لە خۆیدا بەرجەستە کردووە. ئەگەر قسە لەسەر ناوهێنان یاخود ناوچە زێدە کوردیەکەی بێ خۆ ئۆرهان پامۆک و ئەوانی دی زۆر لەو واوەتر و بگرە ئەم بە تۆزی هەڵویستی ئەواندا ناچێ کە باسی کورد و تراجیدیای کوردیان کردووە. رۆمانە بە ناوبانگەکانی حەمەدۆک و تەنەکە هەردوو باس لە ململانێی چینایەتی بەتایبەت لە پەراوێزی قۆناغی فیئوداڵی تورکیادا دەکەن بێ ئەوەی ناسنامەی رەگەزی خەڵکەکەی ئەو شوێنانە بەیان بکات. بە کوردی کردنی یەشار کەمال و گۆڕینی لە نوسەرێکی تورکەوە بۆ نوسەرێکی کورد هەڵەیەکی گەورەیە و دەبی خۆمانی لێ لابدەین. با یەشار کەمال وەک خۆی بناسین. وەک خۆی دەڵێ من نوسەریکی تورکم. ئەگەر مەسەلەکە کورد بوون بێ بەو رادەیەی پرۆژەی گەڕانەوەی زمانی کوردی بۆ یەشار کەمال بەڕێ بخرێت لە رێگەی وەرگێڕانی هەموو بەرهەمەکانیەوە، ئەوا ئەفزەڵیەت دەبوو بۆ سەلیم بەرەکات بێت. ئەو زۆربەی بەرهەمەکانی راستەوخۆ لەسەر کورد و دۆزەکەیەتی؛ زمانی دایکی خۆی نازانێ بەڵام بە عەرەبی توانیویەتی مێژوو و خەم و ئازار و ئێش و پرسی کورد گوزارشت لێ بکات. بەشێکی زۆر  لە رۆشنبیرانی باشووری کوردستان کە بەشێکە لە عێراق و زمانی عەرەبێش زمانی یەکەم و رەسمی وڵاتە و سەلیم بەرەکاتیش بە عەرەبی دەنوسێ و لە تەمەنی پەنجا ساڵیەوە لە سوید دەژی؛ بەڵام، کە بەلای سەلیم بەرەکاتدا نەهاتوون ئەوا ئاریشەیەکی تری هزر و ئەزمونی رۆشنبیری ئێمەیە کە ئەوەندەی سۆزدارانە و باوخوازیانە دەچن بۆ شتەکان ئەوەندە بابەتیانە و بەرەو راستیەکان هەنگاو نانێ.

 

خەڵاتی نۆبڵ و یەشار کەمال

 خەڵاتی نۆبڵ بە هیچ کلۆجێک پێوەر نییە بۆ ئەدەبی باش و نوسەری گەورە. پێم وابێ ئەم بابەتە وەک ئەلف و بێ وایە و هەر قەڵەم بەدەست و چاودێرێکیش ئەو راستیە دەزانێ کە نۆبڵ هەندێ پێوەری خۆی هەیە چ کەم یا زۆر پەیوەندی بە بەهێزی و لاوازی بەرهەمی ئەدەبیەوە نیە. من هەڵویستی ئەو نوسەر و ئەدیب و کەسانە بەرزدەنرخێنم کە رەخنە لە خەڵاتی نۆبڵ دەگرن بەتایبەی ئەو کەسانەی وەرگرتنی ئەو خەڵاتەیان ڕەتکردۆتەوە، وەک ژان پۆل سارتەر ساڵی ١٩٦٤ و شۆڕشگێڕ و سیاسەتمەداری ڤێتنامی لی دوک ثۆ ساڵی ١٩٧٤. خەڵاتی نوبڵ خەڵاتێکی سەر بە جیهانبینی ئیرۆسەنتریکە کە پڕە لە ناکۆکی و ناعەدالەتی و گەندەڵی. لە بارە سیاسیەکەیەوە زۆرتر بە خامە بەدەستی ئەو وڵاتانە دەدرێ کە لە بازنەی وڵات ناحەزەکانی رۆژئاوان یاخود ئە ووڵاتانەن کە رۆژئاوا گێچەڵیان پێدەگرێ لەسەر بنەما لیبراڵ دیموکراسیەکانی خۆیان کە جگە لە دوو روویی و درۆیەکی بریقەدار هیچی تر نین . دیارە لێرەدا گەندەڵی بە مانای ناشایستەیی و دوو ڕوویی بەکاردەهێنم. بەڵام، لەگەڵ هەموو ئەمانەدا و لە ئاست ئەو پێوەرانەی لیژنەی نۆبڵ خۆیان هەیانە بۆ هەر بەرهەمێک تاکو کەمێک ماقوڵیەت بە هەڵبژاردنەکانیان بدات، مەیلێکی سەرنج ڕاکێش هەیە لەو کەسە و لە بەرهەمەی هەڵدەبژێردرێ جا جێگەی ڕەخنەمان بیت یان نا، دروست بیت یان نادروست، جوان یان ناشیرین، ماقوڵ یا ناماقوڵ بێت. بۆ نموونە، کاتێک نۆبڵ دەدرێ بە `باراک ئۆباما` ئەو مەیلە سەیرەی تیدایە کە ڕەشپێستێک ببێت بە سەرۆکی ڕاسیسترین وڵات لە جیهاندا کە ڕاسیستیەکەی لەسەر مرۆڤی ڕەش پیست بونیاد نابوو. کاتێک `ئۆرهان پامۆک` نۆبڵی پیدەدرێ هەر لەبەر خاتری یەک بەرهەم نییە بەڵکو لەبەرئەوەیە کە ئەو بە ڕاشکاوی و چاونەترسیەوە قسەی کردووە لەسەر کێشە سیاسیەکانی ناو تورکیا لەوانە کێشەی کەمینەکان. هەڵویستی ئۆرهان پامۆک لەسەر جینۆسایدی ئەرمەن و کوشتارگەی کوردەکان دوو شتی گرنگ و سەرنج ڕاکێشن بۆ ڕای جیهانی کە لە وڵاتێکی وەک تورکیادا و هاوڵاتیەکی تورک بە وشەکانی لە بنی هەمانەکە بدات لە کاتێکدا یەشار کەمال کە خۆی کوڕی پرسەکەیە هیچ نەڵێ و نەنوسێ لەو بارەیەوە. لە بەرامبەردا یەشار کەمال نوسەرێکە پەنجەی بۆ هیچ حەرامکراوێکی ئەو وڵاتە نەبردووە لە کاتێکدا یەشار کەمال هەموو ڕەگەزەکانی ئەو بەهێزی و هێرشەی تێدا بووە کە دەیتوانی پەلاماری حەرامکراوەکانی بدات نەک هەر لەسەر کورد بەڵکو کەمینەکانی رەگەزی و ئاینیەکانی تریش. ئەگەر یەشار کەمال یەک رۆمان گەر بە نهێنیش بوایە لەسەر کورد هەبوایە ئەوا مێژووییەکی ئێجگار پڕ سەرەوەری لە ناو کورد و میللەتانی تردا تۆمار دەکرد. بە کوردی کردنی یەشار کەمال، نیشانەی پرسیاری گەورەی لەسەر دروست دەبێ لەهەر کونجێکی ئەم دونیایەدا وەک چۆن دروست بووە لە لای من و چەندانی تریش.  

جێگە و ڕێگەی یەشار کەمال گونجاوتر و بەهێتر بوو لە پامۆک گەر بهاتبایە ئەو بابەتە گەورە و لە مێژینەی کوردی بە راستەوخۆ لە رۆمانەکانیدا رەنگ پێ بدایەتەوە. کورد و دۆزەکەی و مێژووە پڕ جەسارەتی و خوێناویەکەی یەکێک بوو لە شتە گرنگ و سەرنج راکێشانەی کە دەیتوانی نەک هەر نۆبڵی سوێد و دەزگای نۆبڵی نەرویجی بەڵکو نۆبڵی هەموو دڵانی ئازادیخوازی کورد و جیهان وەربگرێ. من ناڵێم گەر ئەمەی بکردایە لە سەدا سەد نۆبڵی وەردەگرت و وەرنەگرتنی نۆبڵ هیچ لە بایەخی ئەو کەم ناکاتەوە بەڵام وەک گوتم شتێکی حەرامکراو نابینم یەشار کەمال دەستی لیدابێ تاکو لە لیستی پاڵێوراوەوە بۆ ناوی هەڵبژێردراو بچێ. بۆیە من باوەڕم وایە کە وەرنەگرتنی خەڵاتی نوبڵ بە یەشار کەمال کەمتر پەیوەندی بە رەچەڵەک کوردبوونی یەشار کەمالەوە هەیە، بەڵکو پەیوەندی بە شەمەندەنەفەری ژیانی و بەرهەمەکانیەوە هەیە. کاتێک رەخنەگری تورک سدیق ئاکبایر بەرواوردێک لە نیوان یەشار کەمال و ئۆرهان پامۆکدا دەکات و هیچ ئاماژەیەک بە کوردبوونی یەشار کەمال نادات لەبەر ئەوەیە کە یەشار کەمال نوسەرێکی کورد نیە. ئێمە غەدر لە یەشار کەمال و خۆشمان دەکەین گەر بێتوو یەشار کەمال بکەین بە کورد و نوسەرێکی کورد.

بۆیە، سەرباری بە توانایی نوسینی وێژەیی، نوسینەکانی یەشار تەقینەوەی قەزیەیەکی گەورەی تێدا نیە و بگرە دەیڵێم گەر یەکێک لە بەرهەمەکانی رەنگدانەوەی ئەو کوشتارگە و کارەساتانەی کورد بوایە ئەوا گەر نۆبڵی وەک خەڵاتە نەرویجیەکە پێ نەدرایە ئەوا نۆبڵی نەتەوە رەگەزیەکەی خۆی و تەواوی ئازادیخوازانی جیهانی وەردەگرت. ئەو بابەتانەی لە بەرهەمەکانی یەشار کەمالدا هەیە بابەتی گشتگیری زۆربەی کۆمەڵگەکانن. بەرامبەرکێی چینایەتی و مەسەلەی بێ دادی کۆمەڵایەتی ئەو کێشە و گرفتانەن و رۆژانە دووبارە دەبنەوە چونکە رەوڕەوەی کۆمەڵگەکان ئاوها دەڕواتە ڕێوە.  رۆمانی حەمەدۆک، گەر سەبارەت بە کورد بوایە و بۆن و بۆن و بەرامەی کوردەواری لێبهاتایە ئەوا لە تورکیا توشی تەنگ و چەڵەمە دەبوو، یا قەدەغە دەکرا یاخود هەرگیز لە تورکیا نەدەکرا بە فیلم. یاساغ کردنی فلیمی “رێگا”ی یەڵماس گونەی بەڵگەیەکە کە حەمەدۆک باس لە کورد و کۆمەڵگەی کوردەواری ناکات هەرچەندە باس لە جوگرافیایەک بکات کە دەکەوێتە ناوچە کوردیەکانی تورکیاوە کە ئەو ناوچانە بۆ خوێنەرێکی تورک و خوێنەرێکی بیانی تورکیان.

 

ئایا ئێمە حاشامان لە یەشار کەمال کردووە؟

ئەمە پەرەگرافێکی کاک ناسری حسامیە لەمەڕ کوردبوونی یەشار کەمال کە لە واڵی فەیسبوکەکەی خۆیدا دایگرتووە:

(ئێرانییەکان کتێبی نزیکەی هەزار نووسەریان لە ١٢٠٠ ساڵ لەوەپێشەوە بە میرات بۆ ماوەتەوە، بەوەشەوە کەسیان پێ زیاد نییە و نووسەری کتێبە عەرەبییەکانی “طب” و قانون” و سەدان کتێبی عەرەبیی دیکە بە هی خۆیان دەزانن. تورکەکان “مێڤلانا جێلالەتتین”ی کە ناوەکەشی بە تەواوی نازانن و لە یەک دێڕ شیعری ناگەن، بە هی خۆیان دەزانن. ئێمەی هەژاری بێ کتێبی بێ نووسەری بێ دەوڵەت کە کۆنترین کتێبمان هی سێسەد ساڵ لەوەپێشە و خۆمان پێ کۆنترین و دەوڵەمەندترین نەتەوەی جیهانە، یاشار کەمالمان لێ زیادە و هێشتا نەنێژراوە حاشای لێدەکەین.)

 وەک زانیاری تاوەکو ئێستا هیچ دەنگێک بەو رادەیە لە ناو کورددا پەیدا نەبووە کە یەشار کەمالیان پێ زیاد بێ یاخود حاشای لێ بکەن. پاشان، ئەوەی فارس دەیکەن تا سەر ئیسقان نەک هەر هەڵەیە بەڵکو نەتەوەپەرستیەکی کوێرانە و نەژادپەرستانەیە و گەر ئێمە بە هەمان رێڕەودا بڕۆین کەواتە ئێمەش دەبین بە یەکێک لەو میللەتە نەتەوەپەرست و ڕەگەزپەرستانە کە مێژویی درۆ و دزی و هەڵە بۆ خۆیان دروست دەکەن.

 ڕەخنەی ئەوەی تاکو چەند بەرهەمەکانی لەسەر کورد و کێشەکەی بووە ئەوا دەنگێکە دەبێ نەک هەموو کوردێک بەڵکو هەر ئازادیخوازێک بەرزی بکاتەوە و بپرسێت: نوسەرێک کە بە رەچەڵەک کوردە و هەر لەو تەمەنەی خۆی تێیدا ژیاوە چەندان کوشتارگە و کارەسات بەسەر خەڵکەکەیدا هاتووە و ناسنامەی نەتەوەیی و فەرهەنگی و کەلتوری میللەتەکەی یەکبینە لە ژێر سڕینەوەدا بووە، بۆچی هیچ نوسینێک یاخود بەرهەمێکی لەسەریان نەنوسیوە. فەیلەسوفی ئەلمانی تیودۆر ئادۆرنۆ (١٩٠٣-١٩٦٩) لە بارەی ئاتەشگەی ئاشڤێتز کە جووەکانی تێدا دەسوتێنرا بە زویندوویی و مردوویی دەڵێت: “نوسینی هۆنراوە دوای ئاشڤیتز باربەریەتە.” واتە کاتێک ئەو رووداوە روودەدات یاخود کاتێک باس لەو ڕووداوە دەکرێت دەبێ خامە بوەستێ.

گرنگ ئەوە نییە نوسەرێک بە رەچەڵەک سەر بە چ نەتەوەیەکە گرنگ ئەوەیە چی بۆ نەتەوەکەی خۆی کردووە بە نوسین. سۆزداری نەتەوەیی بەو شێوەیەی بۆ یەشار کەمال دەردەبڕدرێت ئێجگار نابینایانەیە، چونکە مێژوو سەلماندوویەتی کە نابینایی لە کوێدایە. بە کورد چی ئەحمەد شەوقی کورد بووبێ؛ سەلاحەدینی ئەیوبی کورد بووبێ؛ ئیبن خەلەکان کورد بووبێ؛ تەنانەت خێزانی ئەسەدیەکانی وەک حافز ئەسەدی یەکەم سەرۆکی سوریای کۆماری و باوکی بەشار ئەسەدی ئێستای سەرۆکی سوریا؛ یاخود بە رەشپێستێکی ئەمریکی چی باراک ئۆباما دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا کە جگە لە ئارایشپیدان بە دیموکراسی ئەمریکایی هیچی تر نەبوو چونکە هیچ شتێکی نەگۆڕی لە سیستەمی رەگەزپەرستی ئەمریکادا؛ و… چەندان نموونەی تری لەو جۆرە هیچ لە مەسەلەی رەچەڵەک ناگۆڕی. پەنابردنە بەر چەمکی رەچەڵەک بوون ئیشی کەسان و میللەتانی لاواز و خەفەکراوە. ڕەچەڵەک بوون لە دەرەوەی ئیرادەی ئەو کەسەدایە و ئەوەی لە نێو دەستی ئیرادەی کەسەکە خۆیدایە ئێستا و داهاتووەکەیەتی. ئیرادەی یەشار کەمال لە هەڵبژاردنی خۆیەتی بەوەی بە تورکی بنوسێ و خۆی بە نوسەرێکی تورکی لە قەڵەم بدات و هەموو ژیانی خۆیشی بە خزمەتکردنی زمان و فەرهەنگی تورکی تەرخان بکات.

 

 

سەلیم بەرەکات لە بەرامبەر یەشار کەمالدا

لە یەک چوون و لە یەک نەچوونەکانی یەشار کەمال و سەلیم بەرەکات لە دوو شتدایە؛ هەردووکیان بە ڕەچەڵەک کوردن بەڵام ناتوانن بە زمانی دایکی خۆیان بنوسن؛ هەروەها هەوردوکیان لەو زمانە غەیرە دایکیانەی خۆیان کە پێی دەنوسن ئاستی فەرهەنگی وشە و نوسینیان ئێجگار بەرزە؛ گەر یەشار کەمال فەرهەنگی تورکی یەشار کەمالی بە ناوەوە کرابێ ئەوا سەلیم بەرەکات بە یەکێک لەو نوسەر و شاعیرانە دادەنرێت کە داهێنانیان کردووە لە مێژووی زمانی عەرەبیدا.  ئەوەی کە لە یەک شتدا بە هیچ شێوەیەک لە یەک ناچن ئەوەیە؛ کە سەلیم بەرەکات گەر هەموو بەرهەمەکانی نەبێ ئەوا زۆربەی بەرهەمەکانی دەربارەی کورد و دۆزی کوردە بە ئاشکرا و ڕاستەوخۆ. سەلیم بەرەکات دەڵێ “لەوانەبوو خۆم فێری کوردی بکەم و بنوسم بەڵام چەندە خۆم فێربکردایە هەرگیز وەک عەرەبیەکە نەمدەتوانی گوزارشت لە ناسنامە و تایبەتمەندێتی کەسێتی کوردبوونی خۆم بکەم.” (س٧)

سەلیم بەرەکات – ڕۆماننوسی کوردی عەرەبی نوس – ١٩٥١ – ڕۆژئاوای کوردستان.

سەلیم بەرەکات (ساڵی ١٩٥١) لە دایک بووە و کوردێکی ڕۆژاڤای کوردستانە ئەو وڵاتەی پێیدەڵێن سوریا. لە هەمان زمان و هەمان چارەنوس و هەمان میللەتەوە هاتووە کە پێی دەڵێن کورد. سەلیم بەرەکات بە عەرەبی دەنوسێ بەڵام بە عەقڵ و ویژدانێکی کوردانەوە بۆ کوردەکەی خۆی و کەمینەکانی تری دراوسێی کوردان. سەلیم بەرەکات بێدەنگی و بێ هەڵوێستی هەڵنەبژارد بەڵکو ویژدانی زیندووییەکەی چاونەترسیەکی پێدا کە داستانی ئێش و ئازارەکانی خەڵکەکەی خۆی بنوسێتەوە و هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ چارەنوسی بێکەسی و نەهامەتیە مرۆیی و پرسە سیاسیەکانیاندا رێ بکا و تا بۆی کرابێ هەر نرکە و ناڵەیەکی خەڵکەکەی خۆی کردووە بە بەرهەمێک.

رۆمانی “کەنیزکەکانی شەنگال” ساڵی ٢٠١٦ نوسیویەتی، دەربارەی چەند کچێکی کوردانی ئێزیدین کاتێک بە دیلی دەگیرێن لە لایەن داعشەوە. تازەترین ڕۆمانی بە ناوی “دەربارەی خانم ڕاحیل ی جوو؟” کە سەربوردەی کەمینە نەتەوەیی و ئاینیەکانی کۆمەڵگەی کوردیە لە سوریا لە دەمانی رژێمی بەعسدا, وەک کەمینەی ئاینی جووە کوردەکان و مەسیحیەکان و کەمینەی نەتەوەیی ئەرمەن. ئەم بەرهەمانەی سەلیم بەرەکات ڕاستەوخۆ باسی ئەو دڵۆپە خوێنانە دەکات کە لە مرۆڤی کورد و کەمینەکانی تری کە پێکەوە دەژین دەتکێن؛ باسی زەوتکردنی مافی خوێندن و نوسین دەکات بە زمانی دایکی غەیرە عەرەب.

ئایا هیچ بەرهەمێکی یەشار کەمال ڕاستەوخۆ باسی مرۆڤی کورد و دۆزەکەی دەکات؟ دڵنیام گەر وابوایە ئەوا بەر نەفرەتی خوێنەری تورک و دەوڵەتی تورکیا دەکەوت گەر بە تەواوی لە تورکیا دەربەدەر نەکرایە. دیارە هەرگیز وانەبووە بۆیە یەشار کەمال بە هەموو ژیانی پەلامارێک نەدرواوە وەک ئەحمەد قایە، گێچەڵی پێنەکراوە وەک ئیسماعێل بێشکچی، دەربەدەر نەدەبوو وەک ئەو سەربازە تورکانەی ویژدانیان جوڵا و خۆیان پێ نەگیرا و باسی تاوانەکانی خۆیان و دەوڵەتەکەیان کرد، یاخود جارەنوسی وەک موسا عەنتەر دەبوو.

پرسیارێک لێرەدا دروست دەبێت باشە بۆچی بۆ سەلیم بەرەکات ئەو خەم و هەوڵی وەرگێڕان و سۆزداری و ستایشە نیە وەک بۆ یەشار کەمال هەیە، لە کاتێکدا، بەو پێودانگە سۆزداریە نەتەوەییە کوردییە بێت سەلیم بەرەکات دەبوو بە دەیان و سەدان هەنگاو لە پێش یەشار کەمالەوە بوایە؟ گەر خۆشەویستی بۆ یەشار کەمال کورد بوون بێ خۆ سەلیم بەرەکاتیش کوردە؛ ئەی ئەم بانێکە و دوو هەوایە بۆ؟ گەر بەرهەمەکانی یەشار کەمال بۆن و بەرامەی کوردەواری لێوەبێت خۆ بەرهەمەکانی سەلیم بەرەکات راستەوخۆ لەسەر کورد و دۆزی کورد و کۆمەڵگە ڕەنگاڵییەکەیەتی. ئەی بۆچی پرۆژەی ئاوها بۆ سەلیم بەرەکات بەڕێ ناخرێت؟ بگرە لە پاڵ دەستی ئەو رۆشنبیرانەدایە لە ئەوروپا و هەر دراوسێی خۆیانە و دەیانتوانی لەهەر کات و زەمانێکدا سەردانی بکەن بەڵام مەخابن سەلیم بەرەکات لە ئەجەندا و پرۆژەی ئەو هەست و سۆزە نەتەوەییە رۆشنبیرانەدا نیە؟ ئایا کەس دەتوانێ لە شان و شەوکەتی سەلیم بەرەکات کەمبکاتەوە گوایە ئەو لە یەشار کەمال کەمتر بێت یان نزمتر بێت؟ بێگومان، توانای نوسینی سەلیم بەرەکات لەهەر سێ ئاستەکەیدا وەک وێژە، زمان و بابەت لە ئاست یەشار کەمالدایە و بگرە گەر بێتە سەر مەسەلەی ئیلتیزام بوون و مۆراڵ و ناسنامەی نەتەوەیی و لە کۆڵ خەم هەڵگرتنی کورد و دۆزەکەی بێت ئەوا سەلیم بەرەکات زۆر باڵاترە لە یەشار کەمال و بگرە هەر شایەنی بەراورد کردن نین گەر کورد بوونیان بکەین بە پێوانە. پرسیارێک کە دروست دەبێ ئەوەیە: بۆچی ئەوەی بۆ یەشار کەمال دەکرێ بۆچی بۆ سەلیم بەرەکات ناکرێ؟ وەڵامی من لە ئارێشە رۆشنبیری کورددایە کە لێرەدا دەیخەمە روو لە پەیوەند بەم بابەتەوە.

 

 

ئاریشەی ڕۆشنبیری کورد لە پەیوەند بەم بابەتەوە

دیارە ئاریشەی رۆشنبیری کوردی باسێکی فراوانترە و دەکرێ لە جێگەیەکی تر باس و خواسی جدی لەسەر بکرێ بەڵام بۆ ئەم بابەتە تەنها ئاماژەم بەم دوو سێ خاڵە دەدەم لێرەدا. لەگەڵ ئەو هۆکارانەی لە بەشی ناسینی یەشار کەمال باسم کردووە، ئاماژە بە هەندێ شتی تر دەدەم کە تەواو ئەسەری خۆی داناوە لە نێو دونیای رۆشنبیران و خوێنەوارانی ئێمەدا لە باشور و ڕۆژهەڵات. دەستبردن بۆ یەشار کەمال و ئۆرهان پامۆک بەو ئاستە گەرم و گوڕەی لە کوردستان هەیە ئەوا لەو تەوژمە فەرهەنگیە عوسمانیەوە دێت کە تورکیا خەرمانەی پێداوە لەوەتەی ئۆردۆگانیزم لەسەر دەسەڵاتە لەو وڵاتەدا. تورکیا و سوریا دوو وڵاتن وەک ناو و شوێنەگی جوگرافییان بەڵام تورکیا قوتبێکە بۆخۆی کە پاوانخوازیە سیاسی و سەربازیەکانی و دەرکەوتە ئابوریەکەی لە ناوچەکە و جیهاندا ئەوەیان پێ بەخشیوە هەر بە تەنها وڵاتێک نەبێ وەک سوریا. پاوانخوازی و سیاسی و ئابوری لە ناوچەی بەڵکان و وڵاتانی عەرەبی و رۆژهەڵاتی ناوین بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی، پەلهاویشتنیێکی فراوانی فەرهەنگی و کەلتوری و هونەری بەدوای خۆیدا هیناوە. وڵات نییە لەو ناوچانەی ئاماژەم پێدان بەر قۆشەنی زنجیرە تەمسیلی تورکیەکان نەکەوتبێ. ناوەندی رۆشنبیری نیە بە نوسین و ڕۆماننوسە زمان تورکەکان مەست نەکرابن. کاریگەریەکەی بە ڕادەیەکە هەر ئەوەندەی، بۆ نموونە ئۆرهان پامۆک، لە نوسنی رۆمانێک دەبێتەوە هێشتا خامەکەی دەستی دانەناوە وەردەگێڕدرێتە سەر زمانی کوردی. کتیبخانەکانی کوردستان پڕن لە هەڵواسینی وێنەی پامۆک. کەم خوێنەری کورد هەیە رۆمانێکی پامۆکی نەخوێندبێتەوە. یەشار کەمال لە مێژە ئەو بایەخەی پی دەدرێ و تازەترینیان ئەم پرۆژەی بە کوردی کردنی زمانی یەشار کەمالەیە. ئەم بایەخدانانە بە بەرهەمی تورکی لەو پاوانخوازی و پەلهاویشتنەی تورکیاوەیە ئەگەرنا ڕۆمانەکانی سەلیم بەرەکات بۆ ئەو بایەخەی نیە لە کاتێکدا وەک وتم بە هەموو ماناکان و پێودانگەکانی کوردبوون و سۆزی کوردبوون ئەم لە پێشتر یەشار کەمالەوەیە.

ئەو بێ بایەخیەی سوریا وەک وڵاتێک لە ناوچەکەدا هەیەتی کە بەهەموو شتێک لێ کەوتووە، بایەخ نەدان بە سلیم بەرەکات لەوێوە سەرچآوە دەگرێ نەک گوایە بەهێزی بەرهەمی تورکی و لاوازی ئەوانی دی. بۆیە لێرەدا ئەو هەستە نەتەوەییە کوردیە بە نابینا دەبینم کە بایەخ بە یەشار کەمال دەدات گوایە کوردە و نەیتوانیوە بە کوردی بنوسێ و بەرهەمەکانی بۆنی کوردەواری لێ دێت، بەڵام سەلیم بەرەکات یاخود وردتر بڵێم سەلیم بەرەکاتەکان وێڵ و فەرامۆش دەکرێن، لە کاتێکدا دەست ڕاگەیشتن پێیان زۆر ئاسان ترە لە یەشار کەمالەکان و ئۆرهان پامۆکەکان.

دڵنیان گەر ئەو دەعوەتنامەیەی بۆ یەشار کەمال کرا لە ئاستێکی بەرز کە بیتە کوردستانی باشوور گەر بۆ سەلیم بەرەکات بکرایە ئەوا لەسەر ئەژنۆ دەهاتە کوردستان؛ بەڵام، چونکە ئارێشە ڕۆشنبیریەکە لە هەمان ئارێشەی سیاسیەکەی وڵاتەوە سەرچاوەی گرتووە بۆیە دەبینین سەلیم بەرەکات و سەلیم بەرەکاتەکان وەلا دەنرێن و کتێبەکانیان بەو شەوق و زەوقەوە سەیر ناکرێت و بایەخی پێ نادرێت.

لەم سۆنگەیەوە، نێوەندی ڕۆشنبیریی کوردی و ڕۆشنبیری کورد گەر پێ بزانن یا نەزانن دەچنە خزمەت ئەو خەونە زڕكاوەی عوسمانیەت کە تورکیای ئەردۆگانیزم بە هەموو ئاراستە و کەرەستەیەکی سەرەکی بە دواوەیەتی لەوانە تەوژمی رۆشنبیریی و هونەری تورکی.

سەرچاوەکان

س١:

https://apnews.com/article/28b918d892014bf68e41d8a6bf56d766 One of Turkey’s best-known novelists, Yasar Kemal, dies 

س٢:

بەکر شوانی لەسەر یەشار کەمال

س٣:

Taylor & Francis Group (2004). “KEMAL, Yashar”. In Elizabeth Sleeman (ed.). International Who’s Who of Authors and Writers. Routledge. p. 290.

س٤: 

https://www.hawaii.edu/powerkills/SOD.CHAP5.HTM

Statistics of Democide

س٥:

McDowall, David (2007). A Modern History of the Kurds. London: Tauris & Co.

س٦:

baran-4.pdf23.pdf (ideafoundation.co) یەشار کەمال لە سوڵتانی فیلدا.. ئازاد ئەحمەد عەلی

س٧:

https://daraj.com/35011/ سلیم برکات حولت اللغة العربیة الی هویة کردیة

س٨:

https://www.thoughtco.com/what-is-historical-context-185706

س٩:

https://alarab.co.uk/%D9%8A%D8%B4%D8%A7%D8%B1-%D9%83%D9%85%D8%A7%D9%84-%D8%B1%D8%A7%D9%88%D9%8A-%D8%AB%D9%88%D8%B1%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D8%B4%D8%B9%D9%88%D8%A8-%D9%81%D9%8A-%D9%87%D8%B6%D8%A7%D8%A8-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D9%86%D8%A7%D8%B6%D

9%88%D9%84

س١٠:

یەشار کەمال، کاشما جەلال ،  سەرچاوە (بیگێ ئوستام )، ( ڕۆژنامەی سەباحی تورکی) فەیسبوک واڵی گەلاوێژ: یەشار کەمال نوسەر و رۆماننوسێکی دیاری کوردە.

س١١

Green, David (5 June 2014). “1934: A Rare Kind of Pogrom Begins, in Turkey”. Haaretz. Retrieved 29 September 2019.

س١٢ الروایة کملحمة برخوازیة، جورج لوکاش، ترجمة جورج طرابیشی، لبنان ١٩٧٩

س١٣ ئەم وتەیە هەم وەک مەسەلەیەکی چینی دەگوترێ و هەم گوایە قسەی ماو زیدۆنگە

https://www.goodreads.com/quotes/1140627-when-you-point-a-finger-at-the-moon-to-indicate

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌