Menstruation period

سووڕی سوور


Loading

بیرمە لە تەمەنی هەرزەکاریدا زۆر زوو بەر نیشانەکانی باڵغبوون کەوتم، ترسم لەو گۆڕانکارییانە هەبوو کە بەسەر جەستەمدا دەهات. زۆر زوو سنگم بەرزبۆوە، کە وەک زۆرینەی کچان لەو تەمەنەدا بلوزی زۆر گەورەم لەبەردەکرد بۆ ئەوەی بتوانم بیشارمەوە، یاخود بلوزم دەدڕاند و زۆر بەتوندی سنگمم پێدەبەست، چونکە لە ڕاستیدا هیچ کەسێک نەبوو پێم بڵێ ئەمە ئاسایی و سروشتییە پێویست ناکات بەو جۆرە خۆت ئازار بدەی یاخود ستیانێکم بۆ بکڕێ بۆ ئەوەی بتوانم بەکاریبێنم. دواتر دوو خوشکە گەورەکەم بینیان و هەستیان پێم کرد کە پێویستم بە ستیانە، ستیانێکی خۆیان پێدام کە بۆ ماوەی چەند ساڵێک بەکارم هێنا.

Period

لە کۆمەڵگای ئێمەدا نە لە ماڵ و نە لە فێرگە هیچ ڕێنمایی و هۆشیارییەک بەو کچانە نادرێ کە نزیکی ئەو گۆڕانە سروشتییانە دەبنەوە. هیچ وانەیەکی پەروەردەیی و فێرکاری نییە بۆ ئەوەی زانیاریت لەو بارەوە پی بڵێ و ئامادەت بکات؛ بۆ ئەوەی توشی ئەو شۆکە نەبیت. لە پۆلی نۆ کە دەکاتە سێی ناوەندی جاران، لە وانەی زیندەوەرزانی ئەو بەشەی پەیوەست بوو بە(genital) ئۆرگانە سێکسییەکان؛ کە ئەم بەشە لە کتێبەکەدا بەناوی ”کۆئەندامی زاوزێ” بوو، ئەم بەشە تەرک دەکراو و مامۆستاکان دەیان گوت بۆ خۆتان بیخوێننەوە. ئەمەش بەشێکە لەو تابۆبوونەی بەرانبەر بە(genital) ، سووڕی مانگانە، گۆڕانە سروشتی و بایۆلۆژییەکانی جەستەی ژن هەیە. هەربۆیە زۆرینەی کچان جۆرێک لە بیرکردنەوەی کۆمیدی و تراژیدیان بەرانبەر بەو گۆڕانکارییانە هەیە. من خۆم کاتێک بەر نیشانە سەرەتاییەکانی سووڕی مانگانە کەوتم منداڵ بووم لە کۆڵان یاریم دەکرد، کاتێ هەستم کرد شتێک وەک گرێیەک لەناو زێمدایە، ڕام کردە توالێت، کاتێک کڵۆ خوێنی گرێدار و تۆخم دەبینی لێم دەهاتە خوارەوە، پێم وابوو نەخۆشییەکی زۆر ترسناکم هەیە. بۆیە ماوەیەکی زۆر هەوڵم دەدا لە هەمووانی بشارمەوە، هەندێ کات بە خۆمم دەگوت ڕەنگە هێندە نەخۆشبم ئەوە جەرگم بێت پارچەپارچە بووبێت و بێتە خوارەوە! من لەسەر ئەو بیرکردنەوە بێبنەمایانەی خۆم بەردەوامبووم تا ماوەیەکی زۆر، دواتر زۆر بەترسەوە بە خوشکە گەورەکانم گوت، ئەوانیش پێکەنین! لەوانەیە خۆشیان بە جۆرێک لە جۆرەکان ترس و چیرۆکی خۆیان لەگەڵ ئەم دۆخەدا هەبوو بێت، لەبەرئەوەی گوتیان ئێمەش واین تۆ پێویستە دوو شۆرت لەپێ بکەیت یان پەرۆ بەکاربێنی. هەرچەندە زانیارییەکی وایان نەبوو، بەڵام ئەو ترسەم ڕەوییەوە کە من تاقە کچ نیم لەسەر ئەم گۆی زەوییە بەر ئەو قۆناغە هەستیارە کەوتبم، کە پێشتر خۆم وا دەبینی! دایکم زۆر درەنگ زانی کە ئیدی منیش وەک زۆرینەی کچان عادەدەبم، چەند ساڵێک دوای عادەبوونم هەستی کرد، بۆیە لە دوای ئەوەوە هەوڵی دەدا و پێی دەگوتم کە نابێ چیتر یاری بکەم بەتایبەت لەگەڵ کوڕان، دەی گوت تۆ گەورەبووی و ئیتر عادەدەبی بۆیە نابێ هیچی دیکە یاری بکەی. دایکم بێئاگابوو لەوەی کە من چەند ساڵێکە دەکەومە ئەو سوڕە بایۆلۆژیەوە، ئەوەی بۆ من یەکی نەدەگرتەوە ئەوەبوو کەوتنە سوڕی مانگانە پەیوەندی بە قەدەغەکردنی یارییەوە چییە؟! لەوەوە من زۆر شکامەوە پێم وابوو ئەوە دۆخێکە کە لە زۆر شت دوورم دەخاتەوە. بەڵام ئێستا دەزانم کە سوڕی مانگانە ئەوپەڕی نوێبوونەوە و ژیانەوەیە، چونکە ژنان هەموو مانگێک لە ڕێگەی خوێنی عادەوە ئومێد و خوێنێکی نوێ بە ژیان دەبەخشنەوە. هەربۆیە ئەو تەمەنەی کە ژنان چیتر عادە نابن بە تەمەنی بێئومێدی ناودەبرێت، تەنانەت لە ڕووی تەندروستیشەوە تووشی کێشەدەبن.

باوکم لەنێو پێنچ کچدا لەو دۆخە سروشتی و لەناکاوەی تێی دەکەوتین لای سەیربوو، دەکەوتە پرسیارکردن لە دایکم. دواتر وای لێهات باوکم بەو دۆخە ڕاهات، بۆیە هەندێ کات کە من لە سووڕی مانگانەدا دەبووم بەهۆی ئازار و بێتاقەتیمەوە پاڵدەکەوتم، کە بەلامدا تێدەپەڕی دەی گوت ”کچەکەم گوڵاڵە سوورە لێی داوە!” ئەم قسەیەی باوکم جوانترین و میهرەبانترین گوتنە کە بۆ هەمیشە لە یادەوەریمدا دەمێنێتەوە. دوای بیستنی ئەم قسەیە ئەو فشارە دەروونی و فیزیکییانەم هێورتر دەبۆوە، هەربۆیە لەنێو ئازاری خۆمەوە زەردەیەکم بۆ باوکم دەکردەوە وەک ئاماژەیەک بۆ سەلماندنی قسەکەی.

سووڕی مانگانە کردارێکی بایۆلۆژی جەستەی مرۆڤە، نەک نەخۆشی نییە بەڵکو سروشتییە و پێویستییەکی جەستەیی ژنانەیە، بۆیە تکانی خوێن لە جەستەیەکەوە شەرمهێن نییە. لە زۆربەی شوێن و کولتوورەکان وەک نەخۆشی لە سووڕی مانگانە دەڕوانرێت. تۆ حەزی پێبکەی یان ڕقت لێبێ و نەتەوێت گوێت لەوەبێ، سووڕی مانگانە ڕاستییەکی ئاشکرایە، لە هەمان کاتدا نزیکەی نیوە زیاتری ژنانی جیهان لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی دی مانگی جارێک بەبێ ئەوەی هیچ کەس بیزانێت عادە دەبن، ئایا ئەمە سەیر نییە؟ ئەمە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ژنان دەیشارنەوە و باسی ناکەن، چونکە گفتوگۆکردن لەم بارەیەوە تابۆیە.

بەگشتی قسەکردن لەبارەی سووڕی مانگانەوە تازەیە، نووسەری ئەمریکی جودی بلوم (Judy Blume) یەکەم ڕۆماننووسە کە لە ڕۆمانی ”خودایە تۆ لەوێی؟ منم مارگرێت” ساڵی ١٩٧٠ ئاماژەی بە سووڕی مانگانە داوە. (ئەم ڕۆمانە لەم ساڵانەدا کراوە بە کوردی.)

هەروەها واڵت دیزنی (Walt Disney) لە ساڵی ١٩٤٦دا بۆ یەکەم جار یەکەم فیلمی ئەنیمەیشنی پەروەردەیی بەناوی چیرۆکی سووڕی مانگانە (The story of menstruation) بەرهەمهێنا. ئەوە یەکەم فیلمە کە وشەی Vagina (قوز)ی تێدا بەکارهاتووە. هەرچەندە بەکارهێنانی وشەی قوز لە کاتی جنێوداندا زۆر ئاساییە و بەدەنگی بەرز دەگوترێتەوە، بەڵام کاتێک دەتەوێ باسی بابەتێکی زانستی یاخود لە نووسینێکدا یان لەکاتی سووڕی مانگانەدا بەکاری بێنی توشی کێشە و دڵەڕاکێ دەبیت بەجۆرێک هەوڵدەدەیت وشەیەکی تر لەبری بەکاربێنی. بەکارهێنانی وشەی قوز لە نووسین یان لە قسەکردن سەبارەت بە بابەتێکی زانستی و پەروەردەیی سامناکە و بە شەرم هەژمار دەکرێ، ئەم ترس و دڵەڕاوکێیەش نیشانەی ئەوەیە کە لەنێو زماندا بەکارنەهێنراوە، بەڵکو وشەکە پەیوەست کراوە بە جنێو و سوکایەتییەوە بۆیە ئاسایی نییە و هەوڵدەدری وشەی ناولەش یان ئەندامی زاوزێ بەکاربهێنرێ. لە فەرهەنگیشدا وشەی (واژەن و خەمشە) هەیە بەهۆی بەکارنەهێنانیانەوە لە هەر شوێنیک بەکاری بهێنرێ دەبێ ڕوونکردنەوەی بۆ بنووسرێت.

بەهۆی هاتنی سەتەلایت و بینینی ڕیکلامەکان، ئەوە بۆ من جێگەی سەڕسووڕمان و پرسیارێکی گەورەبوو بۆچی لەکاتی ڕیکلامکردن بۆ سانتییە جۆراوجۆرەکان ئەو شلە شینە بەکاردێت لەبری شلەیەکی سوور کە ڕەنگی خوێن بدات؟! ئەمە قسەی ئەو نووسەرە ژنەم بیردێنێتەوە میشێڵ هانسن Michele Hansonلە ڕۆژنامەی گاردیەندا دەنووسێت: ”پیشاندانی خوێن لە فیلمە ترسناکەکاندا شتێکی ئاساییە، بەڵام بەجۆرێک دەبێت بە تابۆ کاتێک خوێن لە سووڕی مانگانەدا لە ڕێگەی قوزەوە دێتە دەرەوە”. هەتا ساڵی ١٩٨٥ وشەی سووڕی مانگانە (پیرۆید period) لە ڕیکلامە تەلەڤیزیۆنییەکاندا بەکارنەهاتووە. لە ساڵی ٢٠١٠دا تۆڕی تەلەڤیزیۆنەکانی ئەمریکا وشەی ڤەجاینە (vagina) و خوارەوە (down there)ش لە ڕیکلامی تیڤییەکان بۆ سانتی قەدەغەکردووە. تاکو ئەمرۆش لە ڕیکلامەکاندا شلەیەکی شینی نادیار بەکاردەهێنرێ بۆ دەرخستنی ئەوەی کە سانتیەکە خوێن دانادات. هەروەها بۆ دایبی منداڵانیش هەمان شلە بەکاردێت، لە کاتێکدا زۆر ئاساییە ڕەنگی

زەرد بۆ میز و سوور بۆ خوێن بەکاربێت. لێرەدا سەرمایەداری ڕێگەدەدات ڕیکلام بۆ سانتی بکرێت لەپێناو زۆرترین فرۆش و قازانجدا بەڵام ڕێگەنادا وەک خۆی نیشانبدرێ، بۆیە پێویستە ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین: چی وا دەکات بینینی خوێن لە فیلمە ترسناکەکاندا شتێکی ئاسایی بێت، بەڵام لە ڕیکلام بۆ سانتیدا ئاسایی نەبێت؟ چی وادەکات خوێنی سووڕی مانگانە لە خوێنی برین یاخود

خوێن لە جێگەیەکی ترەوە بێت جیاوازتر دەرکەوێ و مامەڵەی لەگەڵ بکرێ؟ یاخود بۆچی خوێن لە سووڕێکی بایەلۆژی و سروشتیدا تابۆ و سامناکە!؟ بۆچی خوێنی عادە دەشاردرێتەوە، لە کۆمەڵگەکاندا تاکە خوێنە کە دەشاردرێتەوە و هیچ کەس قسەی لەبارەوە ناکا هەرگیز نابیندرێت، جگە لە ژنەکە خۆی؟ لە کاتێکدا ئێمە لەو جەنگانەدا کە پیاوەکان هەڵی دەگیرسێنن لافاوی خوێن دەبینین، بەڵام بە بەراورد بە خوێنی سووڕی مانگانە، بینینی شتێکی ئاساییە. تۆ لەو نموونە سادانەوە هەست بەو ترس و تابۆیانە دەکەی کە بەرانبەر بە سووڕی مانگانە هەن، کەوایە ئەم ترس و شاردنەوانە هێشتاش تازەن و بەردەوامیان هەیە.

Rupi Kaur – Indian Canadians poet

نموونەیەکی تازە ژنە شاعیرێکی کەندی ڕوپی کاور (Rupi Kaur)ە، کە ساڵی ٢٠١٥ وێنەیەکی خۆی لە ئینستەگرام دادەنێت. هەرچەندە بەتەواوی جلی لەبەردایە، بەڵام لەبەرئەوەی پەڵە خوێنێک لەسەر پانتۆڵەکەیەتی ئەم وێنەیە دوو جار لەلایەن ئینستەگرامەوە بەبیانوی ئەوەی کە دژ بە ڕێنماییەکانی کۆمەڵگەیە لادەبردرێت و دەسڕدرێتەوە. لێرەدا پێویستە هەڵوێستە لەسەر ئەوە بکەین بۆچی ڕێنماییەکانی کۆمەڵگە هێندە دژی ژن و دژی کردارە سروشتییە بایەلۆژی و فسیۆلۆژییەکانی جەستەی ژنە؟!

لە کاتێکدا بەکارهێنانی سانتی پێویستییەکی ژنانەیە بۆ ئەم سووڕە، ناوهێنان و بینینی لەلایەن ئەوانی دییەوە بە شەرمێکی گەورە هەژمار دەکرێ. سانتیش وەک زۆرینەی پێداویستییەکانی ژنان لەکاتی کڕیندا خێرا دەشاردرێتەوە و دەخرێتە کیسەی ڕەشەوە بۆ ئەوەی نەبینرێت. ئەمە خۆدزینەوە و بێباکییە بەرانبەر بە شتێک کە بوونی هەیە و بەهەندوەرنەگرتنی ئەم پێویستییانەی ژنانە. پێم وایە ئەمە فۆبیایە لە خوێنی سووڕی مانگانە ئەم ترسەش ئاسایی نییە، بۆیە گەر باس لە شاردنەوە و تابۆبوونی سووڕی مانگانە بکەین پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ئەفسانە و ئاینەکان. کە چەندین تابۆ دەوری سووڕی مانگانەی داوە لە هەر ئاینێکدا بەشێوەیەکی جیاواز، ترسناک و قێزەون باسی لێوەکراوە، کە بەپێی شوێنەکان و ئەفسانەکان دەگۆڕێن. بۆ نموونە گریکییە کۆنەکان پێیان وابووە ئەگەر کچێک سووڕی مانگانەی دوا بکەوێت ئەوا خوێن لە دەوری دڵی کۆدەبێتەوە، منداڵدانیشی بەدەوری جەستەیدا دەسووڕێتەوە. ئەمەش دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی ڕەفتاری چاوەڕواننەکراو و نەشیاو. مەبەست لەوەش کردار و بەکارهێنانی زمانی توندنوتیژانەیە تاکو خۆکوشتنی کەئابەییانە. بۆیە لە سەدەی بیستەمدا هەر ڕەفتار و کردارێکی نەشیاو لە ژناندا بە هیستریا (hysteria) دادەنرا، ئەمەش لە وشەی گریکی ئوتریریس (uterus)ەوە هاتووە کە بە واتای منداڵدان دێت.

هەروەها لە سەدەکانی ناوەڕاستدا وا باوەڕ دەکرا، ئەگەر چوکی پیاو بە خوێنی سووڕی مانگانە ببێت ئەوا گڕدەگرێ. هەر منداڵێک لەکاتی سووڕی مانگانە دروست ببێت، ئەوا دەبێتە منداڵی شەیتان، جەستەی شێواو، نوقستان و قژ سوور دەبێت. دەکرێت ئەم بۆچوون و ئەفسانانە بەرانبەر بە سووڕێکی سروشتی ژنان هۆکاری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی شاردنەوە و ترس بوبێت لە سووڕی مانگانە. لە تەوراتدا هاتووە دەڵێ: ئەو ژنانەی کە لە سوڕی مانگانەدان خاوێن نین، بۆیە دەست لە هەر شتێک بدەن بە هاوسەرەکانیشیانەوە پیسی دەکەن. هەروەها کاسۆلیکەکان پێیان وایە کە حەوا بە دەرکردنی خۆی و ئادەم لە بەهەشت تاوانبارە، بۆیە سووڕی مانگانە و ئازارەکەی بەبیرهێنانەوەی تاوانەکەی حەوایە. تەنانەت ئەمرۆش ئەم سووڕە لەلایەن زۆربەی خەڵکییەوە پێی دەگوترێ نەفرەت.

هەڵبەتە لە ئاینی ئیسلامیش کە لە زۆر ڕووەوە ئاینێکی توندە، لەبەرئەوەی لەسەر بنەمایەکی خێڵەکی و پیاوسالاری بناغەی ڕێژراوە، لە ڕێگەی پیرۆزکردنی پیاوەوە و بردنەوەی ڕەوایەتی خوایەتی بۆ پیاو پێگەی پیاو پتر پتەو دەکات. لەبەرئەوە بۆ سووڕی مانگانە مەرج و سەپێنراوی خۆی هەیە. هەندێک کەس پێی دەڵێن بێنوێژی، ئەمە ڕێک لەوەوە هاتووە کە نابێ سرووتە ئاینییەکان جێبەجێ بکات. لەوانە نابێ نوێژ بکات، لە ڕەمەزاندا نابێ بەڕۆژوو بێت، نابێ دەست لە قورئان بدات و قورئان بخوێنێتەوە، نابێ بچێتە مزگەوتەوە و بچێتە حەج. هەموو ئەوانە دەرخەری ئەوەن کە بە شێوەیەکی زۆر پیس و قێزەون لە سووڕی مانگانە دەڕوانرێ. لە قورئاندا لە سورەتی بەقەرە لە ئایەتی ٢٢٢ باس لە سووڕی مانگانە دەکات و بەشتێکی زیان بەخش ناوی دەبات ”ئەوان پرسیارت لێدەکەن سەبارەت بە سووڕی مانگانە، بڵێ: سووڕی مانگانە زیان بەخشە بۆیە دووربکەونەوە لە سێکسکردن لەگەڵ ژنان لەو کاتەدا. لێیان نزیک مەبنەوە هەتاکو پاک دەبنەوە، کاتێک پاکبوونەوە دەتوانن لێیان نزیک ببنەوە و سێکسیان لەگەڵ بکەن” لە وڵاتە ئیسلامییەکاندا خەریکبوون بە جەستەی ژنانەوە شتێکی باوە و ئامادەیی تەواوی هەیە، لەبەرئەوە کاریگەرییەکانی ئەم جۆرە سەرقاڵبوونە هەمیشە دەرئەنجامی توندی لێدەکەوێتەوە. خومەینی لە کتێبی (تحریر الوسیلە Tahrir al-Wasilah)دا دەڵێ: باشترە بۆ کچ کە لە یەکەم عادەبوونەوە هاوسەرگیری بکات، لەوکاتەی عادە دەبێت لە ماڵی هاوسەرەکەی بێت باشترە وەک لەوەی لە ماڵی باوکی بێت، هەر باوکێک کچەکەی خۆی لەو تەمەنە منداڵییەوە بەشوو بدات ئەوا جێگەی بەهەشتی هەتاهەتایی دەبێت. کەوایە لێرەشدا ئاین و پیاوانی ئاینی عادەبوون لە بەرژەوەندی پیاوان بەکاردێنن و دەبێت لە خزمەتی خواستەکانی ئەواندا بێت، لە کاتێکدا کچ کە یەکەم جار عادە دەبێت منداڵە، کە من خۆم یەکێکم لەوانەی زۆر بەمنداڵی عادەبووم، بەڵام لە ئایندا دەبێتە کچێکی کامڵ و ئامادەیە بۆ هاوسەرگیری.

هەموو ئەوانە بەوەت دەگەیەنێ کە ئەم سووڕە سروشتییەی ژنان بە قێزەون و پیس نیشاندراوە و ناوی دەبرێت. لە زۆر حاڵەتدا بۆ ئەم سووڕە تووشبوون بەکاردەهێنرێ، هەروەها دەگوترێ توشی بێنوێژی بووە، ئەمە لەلایەکەوە ئەوە دەردەخات کە سووڕی مانگانە وەک نەخۆشیی لێی دەڕوانرێت، لەلایەکی ترەوە لایەنە ئاینییەکەی کە پەیوەستکراوە بە پیسی و قێزەونی و شەرم و ترسەوە. هەموو ئەمانە هۆکارەکەی تەنیا ئەوەیە، کە لە جەستەی ژنەوە دێتەوە دەرەوە. جا ئەوە خوێن بێت یان شیر یان ئارەقە، ئەمە تێروانینێکی گشتییە لە کاریگەری ئاینە سەرەکییەکانی جیهان. ژنە فێمێنست و نووسەر Gloria Steinem دەنووسێ ”بۆ نموونە چی ڕوودەدات ئەگەر لەپڕ و بەشێوەیەکی جادوویی پیاوان بکەونە سووڕی مانگانەوە و ژنان نەبن؟ وەڵامەکە ڕوونە- سووڕی مانگانە دەبێت بە ڕووداوێکی پیاوانەی پڕ شانازی: پیاوان شانازی دەکەن لەبارەی چەندێتی و چۆنیەتی عادەبوونیانەوە.” کەوایە ئەگەر پیاوان عادە ببن ئەوا کوڕەکان هەر لە سەرەتاوە دەست دەکەن بە قسەکردن لەبارەی عادەبوون، وەکو سەرەتا و دەسپێکی پیاوەتی خۆیان دەیبینن، عادەبوون وەک دیارییەک دەبینن، کە ڕەنگە لە ڕووی ئاینیشەوە سێرمۆنی ئاینی بۆ بکرێت و سانتیش دەبێتە خۆڕایی و فەند دەکرێ. ئەم بۆچوونەی ژنە فێمێنست گلۆریا لێرەدا وەک ڕەخنەیەکە لەو ترسەی ژنان کە بەوشێوەیەی پیاو شانازی بەوشتانەیەوە ناکات کە هەیەتی، هەربۆیە لەبارەی سووڕێکی سروشتی و بایەلۆژی بێدەنگن و قسەی لەبارەوە ناکەن. بەداخەوە هێشتاش لە سەرانسەری جیهاندا ملیۆنان ژن هەموو مانگێک بەهۆی سووڕی مانگانەوە ڕووبەڕووی کێشەی پراکتیکی، ئابووری و کولتووری دەبنەوە، بەتایبەت لە هیندستان ژنان پێویستە بە جیا لە خێزانەکانیان حەمام بکەن، ڕێگەیان نادرێ خواردن دروست بکەن، نابێ هاوڕێکانیان ببینن، هەروەها نابێ لەسەر هەمان جێخەو لەگەڵ هاوژینەکانیان بنوون.

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین.
.

;