توندوتیژی خێزانی

   ئه‌م شیشه‌ی ده‌ستم فریادڕه‌سی شه‌ره‌فی كچانه‌


Loading

لەو چرکە ساتەی تەمەنم گەیشتۆتە قۆناغێک و ویستومە وەک ئافرەتێک کاربکەم و سەربەخۆبم لە بڕیاری هەڵبژاردنی کاردا، هەوڵمداوە بەپێی بڕوانامە یان خواستی خۆم کاربکەم، هەرئەو بڕیارەشم گەیاندە

ناسك سه‌عید

ئامانج و بەردەوامیم پێداوە…ساڵی  دووهه‌زار بوو،  کاتێک قوتابی قۆناغی یەکەمی زانکۆ بووم دەستمکرد بەکاری ڕۆژنامەوانی. سەرەتا لە وەرگێڕانی تێكستە سادەکانەوە دەستمپێکرد و دواتر ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانیشیم ئامادە دەکرد. من له‌ کۆلیژی ئاداب بەشی زمان و ئەدەبی فارسیم تەواوکرد،  بەڵام لەگەڵ کاری وەرگێرانیشدا بەردەوام  بووم لەکاری ڕۆژنامەوانی. ئەم خواستەم بۆ کاری ڕاگەیاندن هاندەرم بوو کە ماستەر لە ڕاگەیاندن و کولتوردا بەدەستبهێنم. بۆیە لەدوای دەرچوونم لەزانکۆ لەزۆر ڕۆژنامەو گۆڤار کارمکرد و زیاتر تیشکم دەخستە سەر پرسەکانی ئافرەتان و کێشە کۆمەڵایەتیەکان. بۆ ماوەی حه‌وت ساڵ لە فایلی کۆمەڵایەتی گۆڤاری گوڵان کارمدەکرد و بەدواداچوونم بۆ کێشەی ئافرەتان دەکرد.  زۆر کات چیرۆکە تراژیدیاکانم بڵاودەکردنەوە، کە هەموویان هەتا ئەم ساتەش لە یاده‌وه‌ری مندا ماون. زۆر کات وەک یادەوەرییەکی تاڵ بیرمدێته‌وه‌، چونکە دەزانم ژیان و گوزەرانی ئافرەتانی کۆمەڵگەی کوردی لە چ ئاستێکدایە و چ نهێنییەکی تاڵ لە دەرونی خۆیاندا شاردۆتەوە. یەکێک لەو کارە ڕۆژنامەنوسیانەم کە لەسەرەتای کارکردنمەوە ئەنجاممداوە و هەتا ئێستاش لەدوای کارکردنم بۆ ماوەیەکی زۆر لەبواری ڕاگەیاندن و ئەنجامدانی چەندین توێژینەوە ناتوانم لەبیری بکەم، یان بڵێم ناتوانم  شیكارییەکی بۆ بکەم، ئه‌و ڕووداوه‌ بوو، كه‌ ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامه‌وانی و به‌دواداچوونێكم له‌مه‌ڕ نوسی.

لەهاوینی ساڵی ٢٠٠٦ لەخولێکی ڕۆژنامەنوسی پەیمانگای ڕۆژنامەوانی جەنگ و ئاشتی بەشداریمکرد و دواتر وەک کارێکی مەیدانی و  بۆ  نیشاندانی ئاستی ڕۆژنامەنوسەکان دەبوو هەریەکەمان کارێک ئامادە بکەین، کە پێشتر کەمترین کاری لەسەر کراوە یاخود یان بەشاراوەی ئەنجام ئەدرێت. هەر لەسەرەتای کارەکەمانەوە ئەوەمان پێڕاگەیاندرا هەر کارێک بنکۆڵی بۆ ئەکەن و کاری لەسەردەکەن، دەبێت پابەندی بنەماکانی ڕۆژنامەنوسی بن و ئیتیکی ڕۆژنامەنوسی لە پێش هەموو هەنگاوەکانەوە لەبەرچاو بگرن.

یەکێک لەو پرسانەی لەکۆمەڵگەی کوردی ئەو کات کەمتر کاری لەسەر کرابوو، پرسی دوورینەوە و دروستکردنەوەی (پەردەی کچێنی) بوو. کاتێک پێشنیاری چەند پرسێكم  له‌گه‌ڵ  مامۆستای کۆرسەکەم  تاوتوێ ده‌كرد، ئه‌و دەستبەجێ گووتی؛ ئەو بابەتە هەڵبژێرە، تا ئێستا کەمترین زانیاری لەسەری  کۆکراوەتەوە.

منیش بۆ ڕۆژی دوایی بۆ دەستخستنی زانیاری پەیوەندیمکرد بەچەند هاوڕێیەکی ڕۆژنامەنوسمەوە، کە ئەوان پێش من ڕۆژنامەنوس بوون و لەفایلی کۆمه‌ڵایەتی و ئافرەتاندا کاریاندەکرد. یەکێك  لەو هاوڕێیانەم زۆر لەخۆبووردوانە بڕیاری هاوکاریکردنی پێدام تاوه‌كو تەواو کردنی کارەکەم. له‌ ڕاستیدا بێت خۆم کەمێک شەرمم دەکرد بۆ بەدواداچونی ئەو پرسە، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەو زۆر ڕێنمایی کردم و هۆکاربوو بۆ سەرکەوتنی کارەکەم. هه‌ر بۆیه‌ به‌دووی چه‌ند سه‌ره‌داوێكدا ده‌گه‌ڕاین  لەسەر ئەوەی کەسێک هەبێت لە سلێمانی ئەو کارە بکات و لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار نەبێت! بێگومان کاتێک ئێمە گەڕاین چەند ناونیشانێکیان په‌یدابكه‌ین، بەڵام هەموویان دەیانگووت؛ تکایە ناوی ئێمە مه‌هێنن، چونکە بزانن ڕەنگە تووشی کێشەمان بکەن…هەرلەبەر ئەو فاکتەرەش بوو کەس ناونیشان و زانیاریان پێنەئەداین.

دوایی چەند ڕۆژێک من و هاوڕێ کچە ڕۆژنامەنوسەکەم دەستمان بەکارەکەمان کرد و بەپێی ئەو ناونیشان و زانیاریەی وەرمانگرتبوو ماڵێكمان دۆزیەوە…بەترسێکەوە چووین لەدەرگای ماڵەکەماندا، کە خانوویەکی نیمچە کۆن و ڕۆژهه‌ڵاتی بوو، لەیەکێک لە گەڕەکە مام ناوەندەکانی شاری سلێمانی بوو. ژنێکی تەمەنی نزیک چل و پێنج ساڵ دەبوو دەرگاکەی لێکردینەوە، لەدوای سڵاوکردن خۆمان پێناساند و پێمانڕاگەیاند، کە بۆ کارێکی ڕۆژنامەنوسی هاتووین! سەرەتا داواکەی پەسەندنەکردین، بەڵام دوای گفتوگۆیەکی زۆر بەهەندێک مەرجەوە ڕازی بوو کارەکەمان بکەین. ئێمه‌ دڵنیایمان كرده‌وه‌، كه ‌ته‌نها زانیاری گشتی بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌ نه‌ك وورده‌كاری و ناوی كه‌سه‌كان و شوێنه‌كان.

 

سەرەتا ئه‌م ژنه‌  له‌قسه‌كانیدا  ئاماژەی بۆ (پاراستنی شەرەفی بنەماڵەی کچەکان) کرد بەو مانایەی ئەو فریادرەسی گەڕاندنەوەی شەرەفە بۆ کچ و بنەماڵەکەی. بەقسەی خۆی؛ توانیویەتی چەنده‌ها کچ لە کوشتن ڕزگاربکات، بەبێئەوەی تووشی هیچ کێشەیەک بن.

ئەو ڕۆژەی ئێمە له‌و ماڵه‌دا بووین، چەند کچێکی لەتەمەندا لەنێوان حه‌ڤده‌  بۆ  بیست ساڵی لێ بوو. یەکێک لەوانەی زۆر سەرنجی ڕاکێشاین کچێکی تەمەن نۆزده‌ ساڵانێك ده‌بوو، کە لەگەڵ دایکی هاتبوو بۆ لای ئەو ژنە، بۆئەوەی پەردەی کچێنی بۆ بدورێتەوە.

کچێکی جوانکیلە و ڕوح سووک بەڵام لەناخەوە بریندار و پڕ لە دڵەراوکێی و غەمبار بوو. کاتێک چوومە لایەوە دانیشتم و لێمپرسی؛ ئەتوانم کەمێک گفتوگۆت لەگەڵدا بکەم و بزانم بۆچی تۆ هاتووی بۆ ئێرە؟  یەکسەر گووتی؛ نەخێر ناتوانم چونکە تۆ لە ڕۆژنامەکەتدا باسمدەکەیت  و ئەو کاتە زیاتر قوڕ بۆ من ئەگریتەوە…پێمگووت؛  نا، مەترسە بەهیچ جۆرێک نە وێنەت دەگرم و نە لێتئەپرسم ناوت چییە، تەنها باسی هۆکاری هاتنەکەتم بۆ بکە؟

لەو کاتەیە دایکی ئاگای لە مشتومڕمان بوو، بەبێئەوەی پرسیاری لێ بکەم کەوتە وەڵامدانەوەی پرسیارەکەم و لەجیاتی کچەکەی هاتە قسەکردن و گووتی؛ دادە گیان ئەوەی بەسەر ئەمە کچە داماوه‌م هات هەمووی هەڵە و تاوانی من بوو، ئەم منداڵ بوو نەیدەزانی چاکە و خراپە چیە من هانمدا، یاخوا ڕووم ڕەش بێت.

  • خانم گیان بۆچی وا بەخۆت ئەڵێیت؟

  • چۆن وانەڵێـم بۆ ماڵی دنیا ئه‌م کارەساتەم بەسەر کچەکەمدا هێنا، بەخوا باوکی بزانێت هەردووکمان ئەکوژێت.

  • دەی باشە ئێستا بەتەمای چی بکەیت؟

  • ئەگەر ئەم ژنە نەتوانێت پەردەی کچینی بۆ کچەکەم بدورێته‌وه‌، ناچارم لای باوکی بڵێم بۆ نەخۆشی خۆم ئەچمە ئێران!

  • ئێران بۆ؟ وتی لەوێ دکتۆرەکان بە پارە ده‌یدرورنه‌وه‌، بەڕاست ئەمەت چۆن زانی؟

  • ناچارم هەزار پرسیارم کردوە، بەڵام پێیانگووتم؛ ئەم ژنە زۆر زیرەکە ئەتوانێت نەجاتتان بدات، ئێمەش هاتین بەڵکو وابێت و تووشی ئێران نەبین.

لەو کاتەی دایکی ئەو کچە قسەی بۆ ئەکردین لەپر گوێمان لە هاواری کچێک بوو، پرسیمان ئەوە چی بوو، دایکی کچەکە گووتی؛ دایکت کوێر بێت ڕۆڵە ئەو لەبەیانیەوە چەندین جار بوراوەتەوە لەبەر ئازاری ئەو شیشە گەرمەی بۆی بەکاردەهێنێت!

منیش تووشی شۆك بووم و موچركه‌یه‌ك هه‌موو له‌شمی گرته‌وه‌ و گووتم؛ چۆن، چۆن؟  شیشی گەرم و داخكراو بەکاردێت و بۆچی بەکاردێت؟!

دایکی کچەکە گووتی: بۆ دورینه‌وه‌! بڕوا بكه‌ ئەم کچەم زۆر نازدارە بەڵام کەوتە هەڵەی منەوە، ئەویش لەئاهەنگێکی خێزانیەوە چیرۆکەکە دەستیپێکرد…لەناو ئاهەنگەکە زۆر لەبەرچاو بوو، هەر لەوێ چەند داواکاریەکی هەبوو، یەک لەوانە کوڕێکی دەوڵەمەندبوو، کە لەڕێگەی پووریەوە چەند ڕۆژ دوای ئاهەنگەکە پێیگوتم، و  منیش بەکچەکەم گووت؛ سەرەتا ماوەیەک لەگەڵی بە بزانە چۆنە، دواتر بڕیاربدە. چونکە ئەو هەر لەسەرەتاوە ڕازی نەبووبە و تەمەنە شوو بکات، بەڵام من کە زانیم کوڕەکە دەوڵەمەندە نەمده‌ویست لەدەستمدەرچێت. بەکچەکەم گووت؛ ئەگەر داوای چوونە دەرەوەی کرد لەگەڵیدا بچۆ، بەڵام نەچیتە شوێنی چۆڵ و زۆرت پێنەچێت.  بەڵام بەداخەوە هەر ئەو چوونە دەرەوەیە  سەرەتای ئەم کێشەیە بوو. کچەکەم  هه‌ر ژووانی  لەگەڵ کوڕەکەدا هه‌بوایه‌، که ‌ده‌هاتەوە هەموو شتیکی بۆ باسده‌کردم. بەڵام ئەو ڕۆژەی کە گووتی؛ دایه‌، کوڕەکە پێمدەڵێت ئەمجارە وەرە لەگەڵم بۆ جەژنی لەدایکبوونی هاوڕێیەکم دەچین،  پێمخۆشە تۆش بێت، منیش گووتم؛ باشە کچم بچۆ بەس ئاگات لەخۆت بێت.

کوڕەکە درۆی لەگەڵ کچەکەم کردبوو بۆ شوێنێکی تری بردبوو، بۆ ماڵی هاوڕێیەکی بردبوو، دوای ئەوەی نیو کاتژمێر دائەنیشن، کچەکەم ئەڵێت بۆ کەسی لێ نییە ئەی تۆ نەتگووت؛ جەژنی لەدایکبوونی هاورێکەمە؟ کوڕەکەش پێیگووتبوو؛ با جەژنی من و تۆیە…ئیتر لەوێ بە زۆر کچەکەمی بردبووە ژووری نوستنەکەیان و دەستدرێژی کردبووە سەری،  بە زۆر سێکسی لەگەڵ کردبوو، ئەمەش بۆوە هۆی لەدەستدانی پەردەی کچینی کچەکەم!

بەدەم گریانەوە دەیگووت؛  چیم بەسه‌ر خۆم و کچەی داماوم هێنا، چونکە نەیتوانی بێتەوە، ئەو شەوە هەر لەو ماڵە مابۆوە، بەڵام کوڕەکە بەجێینەهێشتبوو هەرلای مابۆوە.. بەتەلەفۆن ئاگاداری کردمەوە کە تووشی کارێکی لەو جۆرە بوون، دەیزانی من کوڕەکەم زۆر خۆشدەوێت بۆیە گووتبوی دڵنیام لێمان تووڕەنابێت. ئەو شەوە منیش بۆ شاردنەوەی ئەو حاڵە لای باوکی گووتم؛ ئەمشەو لەماڵی خوشکەکەم ( پوری) دەمێنێتەوە نەخۆشە و  پێیگووتم؛ کە بینێرم بۆ لای…بەیانی هەر زوو کچەکەم بە شپرزەیی هاتەوە گووتی؛ دایە بمکوژە ئەوەی ئەمشەو بەسەرمندا هاتووە هەرگیز بیرمناچێتەوە، بۆچی تووشی ئەو کوڕەت کردم. بەڕاستی کچەکەم لەمن ژیر تربوو…

لەو کاته‌دا کچەکەی ڕوویکردە من و گووتی: ئەو کوڕە زۆر زمان لوس و فێڵباز بوو، نازانم بۆچی دایکم زۆری بەدڵ بوو؟  تەنها لەبەرئەوەی پارەی هەبوو منی دایە دەست ئەو کوڕە، هه‌تاوه‌كو بەم دەردەی بردم…کچەکە به‌رده‌وام بوو له‌قسه‌كردن و گووتی:  چەند جار ویستومە خۆم بکوژم، دایکم نەیهێشتووە و بەردەوام چاودێرێم دەکات و ناهێڵێت خۆم بکوژم، ئێستاش نازانم چیم بەسەر دێت لای ئەم ژنە!

ئێمە دانیشتین تا بزانین چی بەسەر ئەم کچە جوانه‌دا دێت، کەبەبێ خواستی خۆی تووشی ئەم ئازار و مه‌ینه‌تیه‌ بووه‌…کچەکە گووتی؛ من دەمێکە مردوم، بەڵام بۆئەوەی نەکوژرێم دەبێت ئەم ئازارە بچێژم.

ئێمە چاوەڕێمانکرد، تاوه‌كو  سەرەی ئەمیش هات…بەڵام ئەوەی ئێمە بینیمان و گوێمان لێ بوو بەڕاستی کارەسات بوو. ژنێک هێندە بێبەزەیی بوو، بەناوی دروستکردنەوەی پەردەی کچینی شیشێکی باریکی بەدەستەوەبوو گووتی؛ ئەوە دەبێت گەرمی بکەم دوو پارچەی خوارەوەی لە کۆئەندامی زاوزێی پێکەوە بلكینمەوە، ڕاستە ئازاری زۆر بەڵام دەبێت خۆڕاگر بن ئەگەرنا دەبێت بکوژرێن!

ئەم قسانە مرۆڤ تووشی شۆک دەکات، نەریتی کۆمەڵگە چی بەسەر مرۆڤ دەهێنێت، ئەی بۆچی دەبێت ئەم کچانە ئەم ئازارە بچێژن بەڵام کوڕەکەش نەک هەر کەس لێی ناپرسێت، بەڵکو نابێت ناویشی نه‌هێنرێت لەبەرئەوەی دواجار هەر کچ تاوانبار دەبێت.

ئەو کچەی ئێمە چاوەرێماندەکرد، هەتا پەردەی کچینی بە حساب بۆ دروستکردەوە زیاد لە سێ جار لەژێر دەستی ئەو ژنە لەهۆش خۆی چوو، بەڵام لەدواجاردا وەک خۆی گووتی؛ دووپارچە گۆشتە تەنکەکەی بەیەکترەوە چەسپاند!

وای لەو بێ ویژدانی و نامرۆڤایەتیەی ئێمە بینیمان بەڕاستی تێگەیشتم (کچبوون) لەم کۆمەڵگەیە چەندە بەئازارە. لەدایکی کچەکەم پرسی ئەم کارەتان بەچەند بۆ دەکات؟  گووتی: بەخوا مامەڵەی زۆرمان لەگەڵ کردووە ئینجا بە سێ سه‌د دۆلار ڕازیبووە.

گووتم؛  ئەی کوڕەکە چی بەسەر هات؟

گووتی؛ جارێ نازانین چی بکەین لەگەڵیدا، چونکە لەدوای ئەو شەوە خۆی ونکردووە و ئێمەش لەترسی ئەوەی ئاشکرانەبین، ناچارین لای کەس قسە نەکەین و بێدەنگ بین. بەڵام بەخوا حەقی خۆمانی هەر لێدەکەمەوە.

دواجار ئەو ژنەی کارەکەی دەکرد دەیگووت؛ هەر ئەمرۆ بەچاوی خۆتان بینیتان، چەند کچم ڕزگارکرد!

ڕەنگە قسەکەشی ڕاست بێت، چونکە بەپێی دابونەریتی کوردی هەرکچێک یەکەم شەوی بووکێنی پەردەی کچێنی نەبێت چارەنوسی نادیار دەبێت،  ڕەنگە بەبێئەوەی لێی بپرسن هۆکار چییە و چۆن و كڕ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندوویت،  به‌فیشه‌كێك یان چه‌قۆیه‌ك كۆتایی به‌ژیانی بهێنن!

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
Culture Project