Loading

چەتر

كورتە چیرۆك

سەید شاڵاو

 

 

 

 

شەوێكی پڕ لە هەراوزەنا بوو، لە ڕاستیدا نا، لە خەیاڵيدا. ئەمشەویش وەك شەوی ڕابوردوو ڕێژنە باران بوو. هەمان چەترەكەی شەوی ڕابوردووشی پێ بوو. بە ژێر گڵۆپی دارتێلەکانی كووچەو كۆڵانی شەقامی سابونكەران بە دوایدا دەگەڕا. بە درێژایی چەند كاتژمێرێك هەمان كووچە و شەقامەكانی دوێنێ‌ شەوی چەند جارێك تەی كردبوویەوە، بەڵام تا ئەو كاتە نەیدۆزبۆوە…

ئەمشەو نیگای ترساوی كچەكە دڵی ئەم كوڕەی ورد دەكرد و ئەسپەردەی غەمێكی پر لە ئازاری دەكرد. چیرۆكى ئەم كوڕەش لە شەوی ڕابوردوو هەر لەو کاتانەدا دەستیپێكرد. كاتێك كوڕەكە، بە كاوەخۆ بەرەو سەرەوەی شەقامی سابونكەران هەڵدەكشا. تا دەهات دونیا تاریک و نوتەكتر دەبوو، ڕێژنە بارانێك عەردەكەی دەهەژاند و تەمێكی خەست دەوری گڵۆپی دارتێلەكانی دا بوو، كە ڕووناكییەكەی چڕ كردبوەوە و مەودای بینینی كەم كردبۆوە. كزەبایەك هاوشێوەی گورگ لوورەی دەهات و بە چەشنی تیغ پۆشاكی دەبڕی و چزەی لە جەستەوە هەڵدەستاند. كوڕەكە، بەبێ‌ ویستی خۆی ئاڕاستەی لە ڕاستە شەقامی سابونكەران بەرەو كۆڵانەكانی هەمان شەقام گۆڕی. ئەو كوڕێكی كەمدوو بوو، غەمسارد و بێهەست بوو، بێباكانە ملی ڕێگای گرتبوو. بەخێرایی بەبێ‌ وەستان لاقی هەڵدەهێناو بەناو كۆڵانەكاندا تێپەڕ دەبوو، هەناسەكانی بەشێوەیەكی ڕێك و لەسەرخۆ ڕێگەی دەبڕی. بارانێکی بەخوڕ بوو، دڵۆپە باران لە چەترەکەیەوە دەچۆڕایە خوارێ و  شانی چاكەتەكەى تەڕ دەکرد،  پیڵاوەكانی پڕببوون لە ئاو  و شڵقەی دەهات.

 

لە پڕێكدا كەسێكی بەدیکرد، هەر لە تارماییەك دەچوو. كوڕەكە هەنگاوەکانی هێورکردەوە و لە دوای تارماییە سپیەكە بە هێواشی لاقی هەڵدەهێنا. لە سەرەتادا وا تێگەیشت ئەمە تەنها تارمایی ناو خەیاڵێتی، یاخود ڕەشكە و پێشكەی چاوە ماندووەكانیەتی كە لە بێداریدا  پێڵووە هەڵماسیووەكانی سوور ببوونەوە. چاوی داخست و چاوی كردەوە، بەڵام هەمان تارمایی لە پێشیەوە دەڕۆیشت. گوڕێكی دایە بەر خۆیی و ڕووە و تارماییەكە هەنگاوەكانی خێراتر كرد. ئەوەی سەیر بوو كوڕەكە، لە پێشیەوە كچێكی بینی كوێرەمووشانە ڕێدەكات… ڕێژنە بارانەكە پرچ و عەزییە سپییەكەی تەڕکردبوو، سەرتاپای جەستەی خووسا بوو. بەهۆكاری بارانەكە، عەزییە سپییەكە بە جەستە نەرمە ناسكەكەیەوە نووساند بوو. شانە سپیەكانی و ڕانە توندەكانی خەت و خاڵی ئەو جەستەیان دەرخست بوو. هەر بەو شێوەیە كچەكەش چەندین كۆڵانی بڕی، كوڕەكەش  بە شوێنیەوە بوو.

 

كوڕەكە، نەیدەزانی ئەو كچە مژووڵی پیاسەکردنە یاخود كارێكی هەیە؟ هەر جارێك زیاتر دەیویست نزیكی بكەوێتەوە جارێك شکۆی کوڕانەی و جارێكیش ترس هەنگاوەكانیان شل دەكردەوە. لەو كاتەدا چەندین غایەلە وەك دەستاڕ لە زەینیدا دەسوڕایەوە؛ بەم كاتە ئەو كچە بۆ بە تەنها ڕێدەكات؟ تۆ بڵێی کەسێکی ئاسایی بێت، یان دەبێت لەشفرۆش نەبێت؟ یاخود لەوانەیە بێ لانە بێت؟ تۆ بڵێی لە ماڵ دەرنەكرابێت؟… كوڕەكە، ئیستێکی کرد و بەبێ‌ ویست بە غاردانێكی جرپنانە لەبەردەم كچەكەدا قووت بۆەوە. سووكە بزەیەك نیشتە سەر لێوەكانی و بە هەناسەی بچڕ بچڕ گووتی: “خاتوون تۆ تەنهایت و منیش تەنهام. ئەها چەترێكی گەورەشم پێیە.”

 

 

شێوەی كچەكە بە جۆرێك بوو هەمووانی دەخستە گومانەوە. پرچێكی ڕەشی پۆشمین بەسەر چاوەكانیدا پەخشان بوو بوو، چۆڕاوگەی ئاویش بەسەر هەنیە و گەردنیدا دەخزان و بەرەو مەمكە دەرپەڕیوەكانی  دەكشان. كچەكە، بە ماندووییەوە گووتی “سیامەند ئەوە تۆیت؟”

_ نەخێر خاتوون من سیامەند نیم.

_ تۆ… تۆ كێیت؟

_ خاتوون من سیامەند نیم، من تەنهام و چەترێكی گەورەشم پێیە.

 كە كچەكە لێی ڕوون بۆوە كوڕەكەی پێشی سیامەند نییە بێ جوڵە لە جێگەی خۆیدا وەستا و متەقی لێوە نەهات. كچەكە، لێوە لەرزەی گرت ویستی شتێك بڵێت، نەیگووت. كوڕەكە، ئەمەی بۆ كزەباكە گەڕاندەوە، كە لەگەڵ خۆیدا سەرمای هێنابوو. بەڵام لەناكاوڕا كچەكە سەرتاپای جەستەی وەك مێژووكە كەوتە سەر لەرزین. كوڕەكە، ویستی لێی نزیك بێتەوە و شتێك بڵێت، بەڵام كچەكە بارودۆخی خراپتر بوو. لەناكاو شڵپ كەوتە ناو ئەو جۆگەلە ئاوەی كە بارانەكە لە ناوەندی كۆڵانەكە درووستی كردبوو. كوڕەكە، لە جێگای خۆیدا چەقی و ترس لە ڕووخساریدا دەركەوت، هەرچی دەكرد نەیدەتوانی خەیاڵەكانی كۆبكاتەوە. هەموو ئەمانە زۆر بە خێرایی ڕوویاندا، بۆیە نەیدەزانی دەبێت چی بكات؟ نەشیدەویست لەوە زیاتر لەو شوێنەدا بمێنێتەوە، ناچاری لاقی بۆ پێشەوە هەڵهێنا و نیگاكانیشی ڕووە دواوە بە ئاڕاستەی كچەكدا دەیڕوانی، هەتا لەچاو بزر بوو…

 

 

 

ئەمشەو كوڕەكە هەڵوەدایی هەواڵێكی كچەكە بوو، ناچارییەك کە خۆشی نەیدەزانی چییە، ئالوودەی دووبارە بینینەوەی دەکرد. بەدەم ڕێگاوە بیری دەكردەوە دەبێت سیامەند كێ بێت؟ تۆ بڵێی برای، هاوسەری، هاوڕێی، خۆشەویستی بێت؟ كوڕەكە چەندین جار وەك بابایەكی بەلەنگاز كۆڵانەكانی تەیكردەوە، بەڵام هێشتا كچەكە دیار نەبوو. ڕێژنە بارانەكە تا دەهات خەستتر دەبوویەوە، شەویش چەشنی تەمێكی ڕەش بەسەر تەواوی كۆڵانەكاندا نیشتبوو. كوڕەكە، هەستی بە دڵتەنگی دەكرد، دەیویست  بۆ ساتێك ئازاد بێت و بتەقێتەوە، بەڵام كاتێك بیری لە چارەنووسی كچەكە دەكردەوە، كە ئاخۆ شەوەی ڕابوردوو دەبێت سەرئەنجامی چی بووبێت، هێندەی دیكە بێئۆقرەتر دەبوو. بەو شەوە ساردە گەرمایەكی سووتێنەر تەنگی پێ هەڵچنیبوو.

 

 

بێ‌ ویست ئارەزووی خۆتەڕكردنی دەكرد. سەرەتا چەترەكەی لەسەر خۆی لابرد و خۆی بە بارانەكە خوساند، دواتر چەترەكەی خستەوە بان سەری و سەرلەنوێ‌ لایبردەوە. جارێك پاڵیدایەوە بە دیواری ماڵەكان و خۆی دەدایە بەر ئەو ئاوەی لە گوێسەپانەكانەوە جۆگەلەی بەستبوو… ماڵەكەی بەرانبەری گوێسەپانەی نەبوو، لەجیاتی ئەوە بۆریەك ڕێڕەوی ئەو ئاوە بوو كە لەسەر بانەكەوە دەڕژایە ناو كۆڵانەكە. قەیرێك خۆی خزاندە ژێر بۆرییەكە و چێژی زۆری لێ‌ بینی. كوڕەكە، لەو شێوازە خۆتەڕكردنەوە بێزار بوو، ئەمڕا شێوازیی تازەی تاقیكردەوە. چەترەكەی ڕووە و پێش خۆی دا و دەخولایەوە، هەروەك ئەوەی دەستی دڵبەستەكەی گرتبێت، دەخولایەوە، دەخولایەوە، دەخولایەوە…

 

لە ناوەندی كۆڵانەكە لەو ڕێڕەوە باریكەی ئاو جۆگەلەی تێدا بەستبوو، ئەم چەشنی كەنغەرێك هەڵبەزو دابەزی دەكرد. لەم شێوازە هەر زوو جاڕز بوو، ئەمجارە شەقی لە ئاوەكە دەدا و دەتریقایەوە. لە كۆتا شێواز بۆ خۆتەڕكردن، بە دەستی ڕاستی چەترەكەی گرتبوو، دەستی چەپیشی هاوشێوەی باڵی مەلێكی بریندار واڵا كردبوو. بە زیك زاك بەناو كۆڵانەكەدا ڕاست و چەپی دەكرد و سەری دەلەقاند و گۆرانییەكی بە دەنگی نزم لەبەر خۆیەوە دەگووتەوە؛

تونێلێكی باریك ژیانی منە، دەرچون لێی ئەستەمە.

دەنگێك لە پەنا گوێم زایەڵە دەدا، تێگەیشتن لێی قورسە.

ئەمشەو هەناسەكانم ڕادەگرم، بیر لەو دەنگە دەكەمەوە.

 

 

لەسەر ڕیتمی كۆتا شێوازی خۆتەڕكردن بەردەوام بوو هەتا تەواوی جەستەی  تەڕ بوو، و بە تەواوی بڕستی لەبەر بڕا. لەبەر بێ هێزی پاڵی دایەوە بە دیوارێكەوە، كەمێك هەستی بە ئارامبوونەوە كرد. لەناكاوڕا دەرگای ماڵەكەی بەرامبەری كەوتە سەر گازەرای پشت. غەوارەیەكی ڕەشتاڵەی نەناس هاتە ناو شیپانەی دەرگاكە. چاوەكانی غەوارە نەناسەكە لە تاریكایدا وەك ئەڵماس دەبریسكانەوە. بۆ تاوێك غەوارە نەناسەكەو و كوڕەكە نیگایان لەیەكتر گیر بوو، ورد بە سەرنجەوە لە یەكتر ڕامان. لەناو ماڵەكەوە دەنگێك ئەم ماتڵ مانەوەی هەردووكیانی بچڕاند “سیامەند ئەوە تۆیت؟” غەوارەكە بە بیستنی ئەم دەنگە بە وەڕزییەوە ئاوڕێكی دایەوە بۆ ناو ماڵەكە، قەیرێكی كورت هەر بەو شێوەیە مایەوە، دواتر گورج چەترەكەی دەستی هەڵكرد و لەناو تاریكایی شەودا لاقی هەڵهێنا و لە چاو بزر بوو.

 

 

كچەكە هاتە بەر دەرگاكە. كوڕەكە، بیلبیلەی چاوەكانی كرانەوە و ئاهێكی ئاسوودەیی بە دڵدا هات. كچەكە بێ‌ ئەوەی بوەستێت لەژێر ڕێژنە بارانەكەدا بەبێ‌ چەتر بەدوای غەوارە نەناسەكەدا كەوتە ڕێ‌. ڕێكردنی كچەكە زۆر سەیر بوو دەستی بۆ پێشەوە درێژ كردبوو، دەستەكەی تریشی بە دیواری ماڵەكانەوە دەگرت. كوڕەكە، لەبیری خۆیدا گووتی: “دەبێت سیامەند كێ بێت؟” كوڕەكە، هەر بەو شێوەیەی كە وەستابوو سێبەری دوو كەسی پێگەیشتوی لە ناوماڵەكەوە بینی كە لەبەر ڕووناكیيەكی مەیلە و سوور كەوتبوونە سەر دیوارەكە. بەبێ‌ ویست هێندە قاقایەكی بەرزی لێدا، هێندە ماوەكەی درێژ بوو، لە ناو كۆڵانەكەدا زایەڵەی دایەوە…

 كاتێك كوڕەكە بەخۆ هاتەوە، بینی تەواوی مرۆیی ناو ماڵەكان بۆ بینینی ئەم ڕیزیان بەستووە، و لە ماڵەكانیان هاتوونەتەدەر. تەواوی مرۆكان سەریان لەم كوڕە سووڕمابوو چەترێكی گەورەی بە دەستەوەیە، كەچی لەشی شەڵاڵی ئاو بوو. حەشاماتەكە لە نێوان خۆیاندا كەوتنە چرپە چرپ. كوڕەكە لەو كاتەدا بە نیگایەكی قووڵ كە لێوە ڕێژ بوو لە پرسیاری بێ وەڵام، لەو حەشاماتە ڕاما. چەند كەسێكیان خەریك بوو لە كوڕەكە نزیكدەبوونەوە، بەڵام ئەو چەترەكەی فڕێدا و ملیوانی چاكەتەكەی بەرز كردەوە و لە ژێر گڵۆپی دارتێلەکان بە هەمان ئەو ڕێگایەی كچەكە پێیدا ڕۆیشت، لاقی هەڵهێناو یەكبینە لەچاو بزر بوو. كوڕەكە، وابیری دەكردەوە كە چیتر پێویستی بەو چەترە نییە، ڕێژنە بارانەكەش تا دەهات بەهێزتر دەبوو.

 

2019

 

 

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌