دوو تابلۆ
شیعر
دیلان قادر

یه‌كه‌م
وشه‌كان دهمانپێكن، وه‌كو ئه‌و پهیكانهی ڕۆده‌چنه دڵانه‌وه
وشه‌كان تۆپه‌ڵێك دڕكوداڵن، له مه‌نجه‌نیقی گه‌روویه‌كی بوركانییهوه ده‌رده‌په‌ڕن و
دهمانپلیشێننهوه، هه‌ر وه‌ك گۆشتی نێو سه‌ندویچ.
درۆی كرد ئه‌وه‌ی گووتی؛ دیوارمان بۆ شاردنه‌وه‌ی عه‌وره‌ت به كردن دا
خه‌ڵه‌تاندینی ئه‌وه‌ی گووتی؛ ژووره‌كان درێژكراوه‌ی ئهشكهوتهكانن.
به‌رده‌كانمان هه‌ڵچنی بۆی چیدی گریانی یه‌كتر نه‌بینین،
ده‌رگاكانمان به ڕووی وشه ژه‌هراوییه‌كاندا كڵۆم دا،
به‌ڵام هێشتمانه‌وه په‌نجه‌ره‌كان، هێشتمانه‌وه درزێكی به تابلۆ داپۆشراو له قه‌ڵا قایمهكهمان،
هێڵامان هیوا به یه‌كجاری خۆی به ڕۆحمان نامۆ نه‌كا.
لێوه‌كان داده‌خرێن و وشه نه‌وتراوه‌كان مێشكمان جه‌نجاڵ ده‌كه‌ن
سۆزانییه‌كان له ژێر ئاهوناڵه‌ی فریوده‌ردا جوێن به موشته‌رییه‌كان ده‌ده‌ن
دایكه‌كان خۆزگه به ڕۆژانی پێش سكپڕی ده‌خوازن،
سه‌ربازه‌كانیش ترس و تووڕه‌ییان فیشهكڕێژ ده‌كه‌ن.
به هانامانه‌وه نایه‌ن وشه‌كان
ئه‌وه‌نده وشه‌كانمان وتنه‌وه لێیان بێزار بووین، وه‌كو ئه‌و خۆشه‌ویسته‌ی ده‌مانویست لێی هه‌ڵبێین.
وشه‌مان وه‌ك تفه‌نگ له شان كرد و مهخزهنمان له پیت چێكرد
دوژمنه‌كان، ئه‌وانه‌ی به قسه‌كانیان خه‌ویان لێ تاراندین، كه‌س نه‌بوون جگه له سێبه‌ری وشه‌كان و
هه‌ر به وشه كۆتایمان پێ هێنان.
شاره‌كان بوون به زبڵخانه‌ی وشه‌كان
ئۆفیسه‌كان پڕ بوون له فایل و بازاڕه‌كان له كتێبفرۆش و ماڵه‌كانیش له شه‌ڕه‌قسه.
تۆزی ته‌باشیری مامۆستاكان هێشتا تهنگهنهفهسمان ده‌كه‌ن
سه‌رزه‌نشتی پیاوه دینییه‌كان له گوێماندا ده‌زرنگێنه‌وه و به‌ڵێنه درۆینه‌كانی سه‌ركاره‌كان ده‌یان جار خه‌ونه‌كانیان
ههڵتهكاندووین.
دووه‌م
وشه‌كان بیمارمان ده‌كه‌ن، وه‌ك ده‌رمانی ده‌ستگێڕه‌كان كاتێك ئازار
پیاسه‌مان پێ ده‌كا و به ڕێكه‌وت ده‌مانباته لایان،
پێنوسگهلێك هه‌ن مەرهكهبی ماچ لێیانه‌وه ده‌چۆڕێت
بارانێك هه‌یه ئاشتبوونه‌وه به‌سه‌ر شۆسته‌كاندا ده‌بارێنێت.
من دڵنیام، چونكه گوێم له‌و گۆرانییانه بووه خڵتاوی سه‌ر جوانییان شۆردۆته‌وه،
گوێبیستی ئه‌و ڕێبوارانه بووم به وشه جیهانیان له‌گه‌ڵ خۆیاندا هێنابوو.
من دڵنیام یه‌زدانێك هه‌یه ڕۆژانه هه‌زاران لاپه‌ڕه ڕه‌ش ده‌كاته‌وه و شیعر ده‌نووسێته‌وه.

Günter Grass Nach dem Schuhwechsel
سه‌یر نییه په‌نجه‌ره‌كان ده‌كرێنه‌وه، سه‌یرنییه وه‌رینی گه‌ڵاكان بۆمان ده‌دوێن،
سه‌یر نییه گوێ له كزبوونی خۆره‌تاو ده‌گرین،
سه‌یر نییه له قاوه‌خانه‌كانه‌وه ته‌ماشای بێگانه‌كانی ده‌ره‌وه ده‌كه‌ین و
وێنای ژیانێكی نه‌ژیاو،
سه‌یر نییه له جووڵه‌دا وشه ده‌خوێنینه‌وه.
دره‌خته‌كانیش بنه‌یان بگوازنه‌وه و ماڵئاوایمان لێ بكه‌ن، وشه‌كان هه‌ر له دایكده‌بن
په‌نجه‌كانیش هه‌ڵوه‌رێن و زمانیش نه‌یه‌ته گۆ، وشه‌كان هه‌ر چوارده‌ورمان ده‌ته‌نن.
وشه وردیله‌كان خوناوێكن به‌سه‌ر سووتماكی بووندا داده‌بارێن و هه‌ڵاڵه زیندوو ده‌كه‌نه‌وه.
یاریش زویر ده‌بێ، به‌ڵێ، بێگومان زوو یا دره‌نگ یار زویر ده‌بێ،
به‌ڵام وشه‌كان دێن و ڕایدهمووسن،
ته‌نانه‌ت یارانیش له به‌رده‌م ته‌لیسمی وشه‌دا ڕاده‌مێنن،
ئه‌و وشانه‌ی ده‌بن به شیپانه و ڕۆح لێیه‌وه نیگامان تێ ده‌گرێ.
خودا‌ش، دوای بێده‌نگییه‌كی تاقه‌تپڕوكێن، به سواری گهواڵهههورێك و به حه‌سره‌ته‌وه،
دهستبهدامێن دێته لامان و كۆڵێك وشه‌مان بۆ دێنێ و پێمانده‌ڵێ:
به ناوی یه‌زدانه‌وه، بخوێننه‌وه.
ئێمه‌ش ماچه‌كانمان لێوڕێژ ده‌كه‌ین به نه‌شئه‌ی ئیلاهی و
تابلۆكانمان فڵچهڕێژ ده‌كه‌ین به وشه‌ی ئه‌به‌دی…
