ئۆنتۆلۆژیای قەدەکان

Loading

– مۆنادەکانی لایبنیتز لە ناو پەیوەندی ھێزەکان و سۆسیوسەکاندا.

” ناسینکردنەوەی قەدەکانە “

لە ناو چەمکی “قەد،PLI”دا بۆ دولوزو گواتاری، لایبنیز جۆڕێک لە میتافیزیکیای جیاواز سەر ڕێگا دەخات، چونکە کردەی پێکەوە بەستن و بە یەکەوەبەستن لە گەڵ ڕەھەندە سیاسییەکەی بە پێکەوە دەبەستێت، ئەمەش لە ناو پرسی بوون و ھەبووندا. دونیاو جیھانی ناوەوە وەک “قەد” دەردەکەون لە پێشەوەی مۆنادەکان. ئەمەش لە ڕێگەی نێوەندی لە خۆگرتن و لە ئامێزگرتنی گەڕێنراوەکان و پیشتبەستووەکان کە لێرەوە دەبن بە بەشبوو، ھەموو بوونی ڕووداوەکان و خودی ڕووداوەکان.

ئەمەش وەک ئەوەی ئۆنتۆلۆژی سیاسیی دولوزو گواتاری دەریانخستووە. ئەم میتافیزیکە دەبێت بە میتافیزیکی گەڕاوەکان نەک میتافیزیکیای خەسڵەت و سیماکانه‌، ئەمە بۆ ھەبووەکان ڕاستە بە ھەمان ئەندازە بۆ بوون. ئا لێرەوە، ئەمە ھاوکارو ڕێنیشاندەر دەبێت بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندی ھێزەکان، پەیوەندییەکانی ھەژموونکاریی و ھەیمەنەو زاڵبوونی نەپچڕاەوەو ھەمیشەو بەردەوام لە گۆمەڵگاکاندا. ( مۆنادی زاڵ، مۆنادی ژێرکەوتو، ھەژموون لەسەر کراو). لە ھەمانکاتدا ڕەھەندی سیاسی دەھێننە سەرەوە، وە بەھەمانشێوەش ڕەھەندی ئۆنتۆلۆژی، بەو مانایەی کە سەروکاری لە گەڵ ئەرێکردن و ئیسپاتکردنی سەیرورەکاندایە لە پێشەوەی ھەموو جەوھەرو ھەموو بونێک لە دونیای کۆمەڵایەتییدا.

گرنگی چەمکی “قەد” پێدان و بەخشینی فۆرمێکی گشتیی ھۆگربوون و پەیوەستبوون و ئینتیمای ئاڵوگۆِرئاساو ئاڵووێری جیھان و مۆنادەکانە. ھەموو تاک و تەرایی و ناوازەیییەک لە ڕێگەی جیھان و دونیای ناوەکییەوە لە گەڵ مۆنادە پێکەوەبووەکان پەیوەندی دەبەستێت. ھەموو شتێک قەدکراوە، ھەموو شتێک سروشتێکی قەدییانەی ھەیە و قەد کراوە، قەد ئاسایە. لەھەموو شوێنێک قەد ھەیە، ھەموو بووونێک لە ڕێگەی خۆقەدکردنێکی تایبەتەوە خۆی پێکدێنێت، بە بێکۆتایی ھاتن و بە کۆتا گەیشتن، بە شێوەیەک بە پتەویی و چڕیی ئەو دونیاو جیھانە دەنەخشێنن.. ھەموو شتێک وەک “بوون” خۆی دەکات بە ڕەگەزی ناوازەو تاک و تەرا لە ڕێگەی ئەو مۆنادەوە کە قەدی دەکات و بە کاری قەدکردنەکە ھەڵدەسێت.

سەرباری ئەم ئۆنتۆلۆژیای سیاسییەی کە، دولوز و گواتاری بەخشیویانە بە قەدو مۆنادەکانی لایبنیتز، ئەو تێگەیشتنە ئۆنتۆلۆژیا سیاسییەی دولوزو گواتاری بۆ لایبنیتز بۆ مۆنادو قەدەکان، قەد ھاوکاریمان دەکات بۆ سەرلەنوێ بیرکردنەوە لە کاتیگۆرییەکانی بیرکردنەوەی میتافیزیکیی کلاسیک لەناو کاتیگۆرییەکانی سەیرورەدا. سەرلەنوێ بیرکردنەوە لە میتافیزیکیای ھێزو دەسەڵات، لە فرەیی و مۆڵتیپڵ. من ئەوەم کە ھەمە، من ئەوەم کە ھەم، بوون ھەبوونە. قەد بەو پێیەی ھەمیشە لە ئاستە سۆسیوسەکاندا “لۆچکردن و لولدانی ” ئاڵو وێری و بە یەکداچوونی گۆشەنیگاو دیدگا تێڕوانینەکانە کە جیاوازبوون دەخولقێنن.

لێرەداو لە ڕووی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵایەتیبوون و سیاسییەوە دەتوانین لێی تێبگەین: بە کەمینەبوون و بە کەمینەبووەکان ، سەیرورەی بە کەمینەبوون و ڕووداوە کۆمەڵایەتییەکان ھەموو جارێک و لەھەر جارێکدا، ھەموو کەڕەتێک وەرگیراو و وەدەستھاتوویەکی کۆمەڵایەتیانەی قەدەکان وەردەگرن. بەم مانایە ئێمە بەرانبەر بە بیرکردنەوەیەکی دیکەی نوێ و تازە وەستاوین سەبارەت بە پەیوەندی و گرێبەستە کۆمەڵایەتییەکان وەک کارێکی سیاسییانە.( ئەژانسمۆ، (agencement وەک قەد تەنیا لە ناو ئۆنتۆلۆژیای دولوزو گواتارییدا دەتوانین لێیی تێبگەین. ئەمەیان سەرلەنوێ نوێکردنەوەو تازەکردنەوەی بیرکردنەوەی “یەک، “UN نییە. پەیوەندی و سەروکاری بە گەڕان و گەشتکردنەوە نییە بۆ قوڵایی و بنچینەکان، قوڵایی و بنچینەو بنەماکان لە ناو یەکێتی بووندا. تەنانەت لە ناو دەرخستن و بەیانکردنی بووندا “بوون وەک ژیانێکی نا ئۆرگانی”.

بەڵام تێگەیشتن و وەرگرتنی لە ناو شێوازێکی فرەبەردارو مۆڵتیپلدا، لە ناو پەیوەندییە پێکھاتوو و دروستکراوەکاندا وەک ئەوەی کە جیاوازو جۆراو جۆرو نا چونیەکن. بەمشێوەیە سەروکارمان لە گەڵ بیرکردنەوەیەکی تایبەت بە جیاوازییەکاندا ھەیە، واتە تازەیی و نوێبوونێکی ڕووداویی لە جیھان و دونیادا. بیرکردنەوەیەکی نوێ سەبارەت بە جیاوازییەکان، جیایی و جۆراو جۆری. لێرەوە ھەموو پێکھاتنێک بە دابڕان و پچڕان کۆتایی دێت لە گەڵ ھەموو دیالێکتیکێکدا بە نەفەس و سروشتی ھێگڵی. دیالێکتیکی ھێگڵیی جا ھەر سروشت و خاسییەتێکی ھەبێت. کایەی ترانسێندێنتاڵی ئیمانانتی وەک ھاوشێوەو چونیەکبوونی “یەکی ئەفلاتونی” بە قورسی دەردەکەوێت لە ناو چەمکاندنێکی نا ھاوشێوەی بووندا. جیاوازییەکان لە ڕووی ئۆنتۆلۆژییەوە شوناس و ناسنامە وەرگر نییە، لە ناسنامەدا نییە. ھەر لێرەوە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە، کارو نوسینەکانی دولوزو گواتاری پێچەوانەو دژ بە فۆرمیولی (ئالان بادیۆیی) بەرانبەر دولوز دەکەوێتەوە، پێچەوانەبوون و دژایەتی بەو دیگای بادیۆیەی کە پێی وایە دولوز و بیرکردنەوەو فکری دولوز سەر بە “یەکانەیی بوونە”. نەک “یەک”.

بوون بۆ دولوزو گواتاری ھەمیشە وتراوێکی فرەیی و جیاوازو جۆراو جۆرە، مۆدێلگەلێکی مۆڵتیپلیسیتێی تەواو ئیمانانتە. ئێمە لە ناو پێکاھتنێکی جیاوازیی ئیسپاتی و ئەرێکردنداین. بەجێھێشتنی ئەولەوییەت و لە پێشیینەبوونی ناسنامە و شوناس کە دونیاو جیھانی نواندن و نوێنەرایەتیکردن دەنوێنێت و پێکیدێنێت. لە پێناو دۆزینەوەو پەیبردن بە ھێزی ڤیتال و زیندوو و چالاک. ئۆنتۆلۆژیای دولوزو گواتاری مانایەکی دەستەجەمعییانەی بوون دەرک دەکات لە ناو دژبوون و بەرھەڵستنی “یەکانەیی بوون” لە ڕێگەی و لە میانەی دووبارەبوونەوەوە، وە لە ڕێگەی ھاوشێوە بوون و چونیەکبوونی لە ڕێگەی نواندنەوەو نوێنرایەتیکردنەوە، واتە دژ بە ئەمانە. ئۆنتۆلۆژیای یەکێتی بوون لە پاش مۆدگەلی گەڕاەوەو پشتبەستوو بە زارھەڵدان، ھەمیشە زارھەڵدان و ھاتنە ناوەوەی ڕێکەتەکان. ئەم پەیپێبردن و پێرسپێکتیڤە ئۆنتۆلۆژییە بەکارھێنانی سیاسی لە خۆ دەگرێت. دەچینە ناو نەریتێکی فەلسەفەی سیاسی دولوزو گواتارییەوە لەو شوێنەی دەچێتە ناو مۆدو شێوازێکی ئیماناتییەوە، ئەمەش لە ناو لۆژیکێکی قەڵەمڕەو، فەزایەکی سیاسی ھاوشان لە ناو “کۆچەرییدا،Nomadisme”. لە ڕاستییدا ئۆنتۆلۆژیای دولوزو گواتاری سێنتراڵ بووە لە سەر نەوەی داھێنان و نەوەیەکی داھێنەر لە میانەی کارکردنێکی دەستەجەمعی لەو شێوینەی ئارەزوو وەک جیاوازی دەردەکەوێت. ئەمەش بەردەوام و ھەمیشەییە تا مەرگ. ئۆنتۆلۆژیا جیاکراوە نییە لە سیاسەت لای دولوزو گواتاری، وە نابێت بە بەشێک لە کاری دیالێکتیکی نێگەتیڤ جا ھەر فۆرمێکی کارکردنی ھەبێت.

گواتاری / مارکس / دولۆز
گواتاری / مارکس / دولۆز

کاتێک ئەم کارە دژ دەوەستێتەوە لە گەڵ بەرھەمھێنانی بەردەوام و ھەمیشەیی ئارەزووی بوون. لێرەدا ئێمە لە گەڵ دوو فەیلەسوفداین کە لە ناو بەرەنگاری ئێستادان. ھەر چەمکێکی ئۆنتۆلۆژی وەک سەیرورە وەردەگرین و لێی تێدەگەین، لە پاش ھەر گەڕانەوەیەکی بێدووبارە بوونەوە لە ناو پەیوەندییەکاندا گوزارشت لە خۆی دەکات و خۆی دەردەبڕێت. ئامادەبوونی ئاستی بەشداری لە ناو داھێنان و دروستکردندا، ھەژموونکردن لە ناو پەیوەندی و ھەموو پەیوەندییەکاندا. ھەر لە بەر ئەمەیە : ھەر پەیوەندییەکی مرۆیی وەرگیرین لە ناو پەیوەندییەکانی دەسەڵات و ھەژمونکردندا نەخشێنراوەو دیاریکراوە. ھەموو پەیوەندییەکی ئۆنتۆلۆژی و پێکەوە بوون و ھەماھەنگییان لە ناو ” مۆنادەکاندا” و لە ناو مۆنادە ھەژموونکارەکان و مۆنادە ھەژموون لە سەرکراوەکان فۆرمیولەبوونێک دێننە کایەوە. واتە مۆنادەکانی لایبنیتیز دەکەونە ناو پەیوەندی ھێزەکان و پەیوەندی دەسەڵاتەکانەوە. پەیوەندی یاخود پەیوەندیگەلێک کە بەر مەبنای بەر یەککەوتنی مۆنادەکان دادەمەزرێت تا ئەو کاتەی لە ڕێگەی ڕێکەوتەوە مۆنادێکی دیکە بە ڕەھایی و ئیمانانتی دێت و پەیوەندییەکی دیکە سەر ڕێگا دەخات، “لێرەدا ئێمە تەرمینۆلۆژیییەکی لایبنیزمان” وەرگرتووە. بەمشێوەیە شکڵبەندییە ئیمپریکییەکان و لۆژیکی سوبژێکتیڤیتێ ھەمیشە خۆیان لە ناو نوێبوونەوەو فۆرمیولەبوونی نوێدا دەبیننەوە. ھەر مۆنادێک وەرگرین گوزراشتە لە دونیای ناوەکی و ھەناویی. بەمشێوەیە پێکەوەبوون و پێکەوەیی مۆنادەکان لە ڕوانگەو دیدگایەکی تایبەت و دیاریکراودا بەربەستنین لە یەکتر، بەڵکو لە ڕێگەی ڕێکەوتەوە بە یەکدا دەچن و فۆرمیولەبوونەکان پێدێنن. ھاوکاریی و ھەماھەنگیی و سازانی کۆمەڵایەتیش بە ھەمانشێوەی مۆنادەکان دەرکەوتنیان دەبێت.

دونیای کۆمەڵایەتی و دەرکەوتە کۆمەڵایەتی و سۆسییوسەکان گوزارشتن لە مۆنادەکان، گوزارشتن لە شکڵبەندییە ئۆنتۆلۆژییە بە یەکداچووەکانی مۆنادەکان لە ناو ھەژموونکردن و مۆنادە ھەژموونکارەکان و مۆنادە ھەژموون لەسەر کراوەکان. ئێمە لە “ناوENTRE, ” پەیوەندییەکی ڕیزۆمی و تۆڕئاسای مۆنادەکانداین، پەیوەندیگەلێکی ئیمانانتی ئۆنتۆلۆژی کە دەرکەوتەو کۆبوونەوە و گردبوونەوەو فۆرمیولە سۆسیوسەکان مانێڤستی ئەم مۆنادانەن لە ناو پەیوەندی ھەژموونکاریدا، ئەمە جێگیر نییەو ھەمیشە گۆڕا و گۆڕدراو نا جێگیرە. ئەگەر ئێمە لای “لایبنتز ” پەیوەندی جێگر و دامەزراو چەقبەستووەکان بگەڕێنەوە سەر ھۆگر بوون و پەیوەندی ناچاریی و زەروریی مۆنادی ھەژموونکار بە مۆنادی ھەژموون لەسەر کراوەوە ، بۆ دولو زو گواتاری شێوازی جێگریی و دامەزراوەیی و چەقبەستن دەگەڕێتەوە سەر ھەژموونکردنەکان . ھۆگربوون و پێکەوەبوونی “جێگیریی” لای تاک و گروپەکانیش لە ڕێگەی دەزگاکانەوە دادەمەزرێن، ئەمەش بە جەبری نەزمێک. ئەگەر ھەژموونکردن و بەرھەمھێنانەوەکان لە ناو درێژبوونەوەو فراوانبوونێکدا ڕوو بدەن، ئەوا بوون بە ئەوانیتر و گۆڕانکارییە بەرھەمھاتو و بەرھەمھێنراوەکان لە ڕێگەی ڕوداوەکانەوە دەتوانن بە ھەمانششێوە درێژ ببنەوە. ڕوداو یان ڕووداوەکان دەرکەوتەی سۆسیوسی لێدەکەوێتەوە. چونکە ئەمان خۆیان بەرھەدێننەوە بە ھەمان ئەندازەی پشتبەستنیان. دونیای مۆدێرن، بە تایبەتتر کۆمەڵگا کۆنترۆڵەکان لە ڕێگەی جیاوازیگەلێکی جەوھەرییەوە لە گەڵ جیھانی بارۆکی بە یەک دەگەن. فەزای کۆمەڵایەتی فەزای دیدگاو بۆچوونەکانە، ھەموو دیدگاو بۆچوونەکانیش لە سۆسیوسەکان دەرناچن. تایبەتبوونی دونیا و فەزایەکی کۆمەڵایەتیش لە ناو جیاوازیی و فرەییەکانیدایە، لە ناو گۆڕاوی ھەمیشەیی لە ناو ئەو بیروبۆچون و گۆشە نیگایانەی ئەم دونیا کۆمەڵایەتییە پێک دێنن. ئەگەر بۆ دولوز ئیماناس، یان وردتر ڕووتەختێکی ئیمانانسی لۆچکردن و قەدکردنی دەرەوە بێت، قەدێک، لۆچێک، بۆ دولوزو گواتاری ناچێتەوە سەر ترانسێندانسێکی سروشت ئەفلاتوونی “وەک ئەوەی “ئالان بادیۆ” بانگەشەی بۆ دەکات.

ئەگەر ھەر لولدان و لۆچکردن و قەدکردنێک دەرەوەیەکی نەبێت، کەواتە قەد خودی ئیمانانسە. بەمشێوەیە ئێمە لە بەرانبەر ” مەکۆی قەدەکانداین”. ئەگەر ئیمانانس چەمکێک نەبێت، وە چەمکی چەمکەکانیش نەبێت، وە لە یەککاتدا وەک ڤێرتوێل و ئەکتویلیزاسیۆنەکەی بێت بە بێئەوەی سنورو تخوب و بەربەست لە نێوان مەجازو بە ئەکتوێلبوونەکەیدا ھەبێت، ڤێرتوێل و ئەکتوێل بە ڕەھایی و لە سەیرورەدا دەبنەوە بە یەک.

بەمشێوەیە بە یەکگەیشتنی قەدەکانە بە بێپایانی و کۆتا نەھاتوویی بوونیان ھەیە. ئێمە لە بەرانبەر کۆتانەھاتن و بە کۆتا نەگەیشتنی قەدەکانداین. ھەر لە بەرئەمەشە قەد ، ” Pli ” ئەرێنی کەیاس و فەوزایەک وەردەگرێت، واتە لە کەیاسەکە ئیسپات و ئەرێکردن و ئەفێرماتیڤ دادەبڕێت لە خێراییەکی نا کۆتا ھاتوو، خێرایی کۆتا نەھاتوو و بێپایان، سەیرورەی بێپایان و کۆتا نەھاتوو .