هێنری لوتریك تولوزه‌؛ژنێك له‌به‌رده‌م ئاوێنه‌دا -١٨٩٧ Woman before a Mirror 1897 Henri de Toulouse-Lautrec

Loading

لەبیرم نییە، کەی و کێ بوو بە گوێمدا چرپاندی: “ئێمە لە وشەکان پیرترین. تۆ لە ڕستەکان کۆنتری. من لە داستانەکان بەتەمەنترم. بەڵام سەیرکە وشەکان چۆن لە ئێمە، لە من و لە تۆش بە ئەزموون تر دەردەکەون. کاتێک وشە بوون دەگێڕێتەوە بەمشێوە دێتەگۆ: لەسەرەتادا وشە بوو، وشە لەلای خودا بوو و وشە خودی خودا بوو… سەیرکە وشەکان چۆن فریوماندەدەن، خۆشخەیاڵ مەبە بەوەی لە سیحری وشەکان دەربازت دەبێت. تۆ ئەو جادووگەرانە ناناسیت، تۆ ئەو پێغەمبەرانە ناناسیت و تۆ ئەو خودایانە ناناسیت کە لە جەستەی وشەکاندا بەدیاردەکەون… تەماشاکە، دەبینیت؛ پێش ئەوەی یارییەکە دەستپێبکات، ئێمە دۆڕاندوومانە؛ چ سەرخۆشییەکە یاری دۆڕاو بدۆڕێنیت!”.

 

 

 

١

تۆ وشەکانی خۆت خۆشدەوێت وەک زمانت دەیانپارێزی.  وشەکانیشت تۆیان خۆشدەوێت، لە ئامێزت دەگرن و بەر لە خۆت بۆنت دەکەن و لەناو تۆدا لەشگیر دەبن. ئەوان لە تۆدا دەجوڵێن و دەتهێننە سەما، لە تۆدا بیردەکەنەوە و تا ئەوپەڕی خەیاڵ دەتبەن. جەستە بەبەری ڕۆحی هەستەکانتدا دەکەن، دارە دارە بە ویستەکانت دەکەن. هەر ئەوانیش هەستەکانت توشی هەموو نەخۆشییەکانی جەستە دەکەن. جەستەی وشەکان، ڕۆحی هەستەکانت دەهێننەبوون. نێوانی تۆ و وشەکان هیچ نییە جگە لە خودی وشەکان وەک چۆن لە نێوانی تاریکاییەکانی کەزی شەودا هیچ نییە جگە لە تاریکی. وشەکان دایکی هەستەکانتن؛ تۆش منداڵێکی هەمیشەیی ئەو…

 ئەوەی تۆ لە من جیادەکاتەوە خۆت نیت، هەستە سەرکێشەکانت نییە، خەیاڵە ڕووتەکانت نییە، ئارەزووە کپکراوەکانت نییە، ئەوە وشەکانتن لێکمان دووردەکەنەوە. وەکچۆن خودا شەوی لە ڕۆژ جیاکردەوە. بەو چەشنەمان دەبەن وشەکان.

لەگەڵ تۆ ناکۆک نیم، تەبام لەگەڵ هەستەکانت، ئەوەی بەچاوی مندا دەچەقێت وێنەی تۆ نییە لە ئاودا، وێنەی وشەکانە لە تۆدا. پێت سەیر نەبێت کە وشەکان تۆ لەسەر شێوەی خۆیان دروستبکەن، هەر ئەوانیش پێت بڵێن چی باشە و چی خراپە. ئەم شەڕەی ئێمە شەڕی من و تۆ نییە شەڕی وشەکانە.

 

 

هینری لوتریك تولوزه‌ -خۆشتن ١٨٩٦-
Washing
1896
Henri de Toulouse-Lautrec French

٢

من شەڕ بە تۆ نافڕۆشم، شەڕ بە ئاسمانەکان نافڕۆشم، ئەو ئاسمانانەی کە پەنجەرەیەکیان نییە بماندەنێ. شەڕ بە وشەکانت دەفڕۆشم، ئەو وشانەی کە پەنجەرەن، ئەو پەنجەرانەی لەسەر پەنجەرە ئاوەڵابوون. ئەوەی لەگەڵ من بەشەڕدێ تۆ نیت، جیهان نییە، سروشت نییە، خودا نییە، شەیتان نییە، موجیزەکان نییە؛ ئەوە وشەکانە.

 

دەستبە وشەکانتەوەوە دەگریت وەک سەربازێک کە دەست بە دوا فیشەکییەوە دەگرێت. دەست بە وشەکانتدا دەهێنیت وەک منداڵێک کە دەست بە قژی دایکیدا دێنێت و نازانێت بۆ چ ئارەزووییەکی ونی دەگەڕێت. دەست بۆ وشەکانت دەبەیت وەک ئەوەی خودا دەستی بۆ گڵ برد. بەڵام ئەوە هەر وشەکانن دەستدرێژی دەکەنە سەر ئەو پارچانەی کە هێشتا داگیریان نەکردووە، ئەو جەستانە کەوڵدەکەن کە بۆیان گۆ ناکرێت، ئەو سەرزەمینانە وێراندەکەن کە بۆیان دەرنابڕدرێت و ئەو ئاسمانانە بۆن دەکەن کە بەسەر هیچ ئەرزێکەوە ناگیرسێنەوە، ئەو هەستانە دەنووسنەوە کە تەنیا لەسەر پێستی وشەکان دەدرەوشێنەوە. کەچی هێشتا پێش دەستەکانی من، ئەوە دەستی وشەکانە لەناو دەستی تۆدان.

 

چەن گوناه بووین ئەوکاتانەی هەستەکانمان بە وشەکاندا بۆ یەک دەنارد، لەو منداڵانە دەچووین کە بەبێ‌ئەوەی یەک بناسن لە ڕێگەی بزەوە میهرەبانی دەگرنە یەکتری. چەند مەعسومانە سەیری وشەکانمان دەکرد، وەک ئەوەی دایکێک هەرچی بەرائەتی دونیایە لەنیگای منداڵەکەیدا دەیخوێنێتەوە. من بەرائەتی خۆم دەبەخشیە وشەکان و تۆش پاکیزەیی خۆت ئەسپاردە دەکردن. من لەو دەمەی ئادەم دەچووم کە خودا هەموو ناوەکانی فێردەکرد، پێش ئەوەی ئادەم بەر شتەکان بکەوێت، خودا تووشی وشەکانی کرد… تۆش لە مەریمی عەزرا دەچوویت؛ کاتێک پاکیزەیی خۆی بەخشییە وشەکانی خودا… پێت سەیر نەبێت مەریەم بە وشە ئاوس بوو و دواجار هەر وشەشی بوو…

 

بیرتە تەنانەت سوێندمان بە وشەکان دەخوارد، تۆ ئەوەندە ڕۆچووبوویت، دەتگوت: خودا وشەیە، جیهان لە وشە دروستبووە، دەتگوت ئەگەر وشە لە مرۆڤ بسەنیتەوە دەبێتەوە بە مەیموون، دەبێتەوە بە قوڕولیتە… دەتگوت مرۆڤ هیچی نەکردووە جگە لە بەرهەمهێنانی وشەکان. دواجار وەها پێناسەی مرۆڤت دەکرد؛ مرۆڤ بریتییە لە مەکینەی بەرهەمهێنانی وشە… تۆ خودات بە وشە دەزانی، ژیانت بە وشە دەزانی، تەنانەت وا وێنات دەکرد کە منیش وشە بم، ئەشق وشە بێت، جوانی وشە بێت، سەما وشە بێت و ئاوەدانی وشە بێت. تۆ ئاوا دەتڕوانی و منیش ئامانەم نەدەزانی…

 

خۆشەویستیی تۆ فێریکردم کە خۆشەویستی وشەیە، ژیان وشەیە، جیهان وشەیە… خۆشەویستیی تۆ بێ‌باکی کردبووم بەرانبەر هەموو شت، پشتم لە هەموو شت کردبوو، ڕووم لە تۆ بوو، لە وێنەی تۆ لەناو وشەکاندا. نارسیست ئاشقی وێنەی خۆی نەبوو لە ئاودا، بەڵکو ئاشقی وێنەی خۆی بوو لە وشەکاندا، ئەو وشانەی نارسیست ئاشقیان بوو، هەر ئەو وشانەبوون، لە جەنجاڵیدا ژاکانیان. ئەو بۆ تەنیایی خۆی دەگەڕا و لە ئاپۆڕەی وشەکاندا سەری نایەوە… لە تۆدا نارسیست بووم، نارسیستێکی چکۆڵانە.

تۆ وەک ڕۆژ، سەرنجی وشەکانی باخەکانی منت تێردەکرد، وەک باران بەسەر وەرزی وشەکانی مندا دەباریت، مرەکەبی وشەکانی تۆ، وەک ڕووبارەکان دەڕژایە ناو زەریا سپییەکانی بوونی من و ژیانی ڕەنگاڵەیان دەهۆنیەوە… کە دەردەکەوتی شەوی ئەستێرەکانت لەسەر جەستەم دەنەخشاند و منیش دانە دانە سەرقاڵی ژماردنیان دەبووم. لەو شەوانەدا بوو تۆ هێدی هێدی منت دەنووسییەوە و وشەکانیش بەرەبەرە تۆیان دادەڕشتەوە. ئەم شەڕەی ئێمە، شەڕی من و تۆ نییە، شەڕی وشەکانە.

 

 

٣

بۆنی چڕبوونەوەی پیتەکانمان لێدەهات. بۆنی یەکەم پیتمان لێدەهات کە خودا فێری ئادەمی کردبوو، تامی یەکەم ڕستەی ئادەممان دەکرد کە بە حەوای گوتبوو، ڕەنگی ئەو یەکەم وشانەمان گرتبوو کە خودا خەلقی پێکردبوو… وێنا بکە ئێمە بۆنی تەقینەوەی وشەکانمان لێدەهات؛ وەک ئەوە وابێت تەقینەوە گەورەکە لە تاقانەییەوە نەبووبێت، لە پیتەوە بووبێت؛ لە ئەلف و بێ‌ـەوە گەردوون دەستی پێکردبێت.  وێنای ئەوەت دەکرد جیهان ئەگەر توخمێکی دابەشنەبووی هەبێت ئەوە گەردیلە یان بن-گەردیلە نییە؛ ئەوە پیتەکانە. لەو دیوو پیتەوە هیچ نییە. دوا پنت کە مرۆڤ پێی دەگات پیتە و بەرایی ترین خاڵ کە بۆی گەڕێتەوە هەر پیتە… بڕوانە و باوەڕمەکە ئێمە ئاوا سەرسەختانە ئاشقی وشەکان بووین… چ شێتییەک بوو.

من هەمیشە بەدگومان بووم لە وشەکان، بەرلەوەی بەدگومان بم لە وشەکان غیرەم لە وشەکان دەکرد، ئاخر نێوانی من و تۆ هەموو شتی تێدا بوو جگە لە ئێمە، نێوانی تۆ و وشەکان هیچی تێدا نەبوو جگە لە وشەکان. من بۆی بەر تۆ بکەوتبام دەبوو لەمسی وشەکان بکەم، وشەکانیش بۆئەوەی بەر تۆ بکەوتبان لەمسی خۆیان دەکرد. ئاخر من چۆن دێوانە نەدەبووم… دەبوو تا کوێ بگەڕێمەوە، تا ئەو پنتە کەشف بکەم کە هێشتا وشە پەیدانەبووە، دەبا لە کوێوە دەستپێبکەم، کە هاڵاوی هەناسە سوارەکانی ئەشق، بەر پەنجەرەی وشەکان نەکەوێت و پێیدا نەیەتە خوارەوە… دەبوو شتێک بکەم بەڵام نەمدەزانی ئەو شتە چییە.

هەر تۆ بوویت دەتگووت: خودا وشەیە، بەختەوەری وشەیە، جادە وشەیە، سەیارە وشەیە، شار وشەیە، سێکس وشەیە، سەرمایە وشەیە، ئیرۆتیکا وشەیە، ماڵ وشەیە، سەفەر وشەیە، پێکەوەبوون وشەیە، ئەشق وشەیە، پارە وشەیە، ژیان وشەیە، مردن وشەیە و دواجار زیندووبوونەوەش وشەیە… تۆ هەمیشە دەتگووت هەموو شت وشەیە تەنیا وشە، وشە نییە. هەر تۆش بوویت دەتگووت هەموو شتم دەوێت جگە لە وشەکانی وشە. ئەم شەڕەی ئێمە شەڕی من و تۆ نییە شەڕی وشەکانە.

 

٤

ئەو کاتانەی کە ئارەزووم بوو سەیری سەمای ڕووتبوونەوەی چاوی تۆ بکەم، لەبەردەم ڕۆژی نیگاتدا خۆم ڕووتکەمەوە، پێش ئەوە دەبوو سەیری چاوی وشەکان بکەم، لەبەردەم پیتەکاندا خۆم ڕووتکەمەوە، دەبوو لەناو وشەکاندا لە تۆ بنواڕم. پێشئەوەی ماچی لێوت بکەم دەبوو ماچی وشەکانی لێوم بکردایە، پێش ئەوەی لەباوشت بکەم، ئەوە وشەکان بوو لە  باوشیان دەکردین. تەنانەت ئەو کاتانەشی بۆنی تۆم دەکرد، بۆنی پێستی وشەکانم دەکرد لەبری تۆ. بۆنی شێی وشەکان، عەتری جەستەی تۆیان پێدەبەخشیم.

دواتر زانیم بۆ هەمیشە باسی ئەشقی عیرفانیت دەکرد، ئینجا تۆ زۆر لەوە سپیتر بوویت ئەو شیعرانە لە ئاسمانەوە بئاڵێنیت، تۆ هەموو ئەوانەت بە زەوییەوە گرێدەدا، پێتوابوو ئەو شیعرانە بە مندا هەڵدەواسی وەک چۆن ئەستێرەکان بە کراسی شەوەوە هەڵواسراون، بەڵام ئەفسووس بە ئاسمانی وشەکانەوە گرێتدەدا… خۆی عیرفان بریتییە لە ئاشقبوون بە وێنەی وشەکان لەناو خۆتدا و تواندنەوەی خۆت لەناو وێنەی وشەکاندا. ئەوەی پێی دەوترێت “یەکبوونی بوونەکان” لەڕاستیدا یەکبوونی وشەکانە. مێژووی مرۆڤ، مێژووی ئالودەبوونە بە وشەکان، مێژووی توشبوونە بە تاعوونی وشەکان… ئەوەی ئەم تاعوونە دەیبەشێتەوە بەسەر ئێمەدا بەشی ئێمە نییە لە خۆمان، بەشی ئێمەیە لە وشەکان. تاعوون هیچ نییە جگە لەوەی ئاشقانە سەیری وشەکان بکەیت.

بۆ یەکەمجار مرۆڤ خیانەتی لە زەوی کرد، ئەوە نەبوو خوداوەندەکانی ئەرزی لە تاریکاییەکانی ژێر زەویدا فەرامۆش کرد، ئەوەش نەبوو سۆزی پەرستنی مێخواکانی ئەرزی لە توونەکانی مێژوودا بەستەوە بە سۆزانێتییەوە؛ یەکەم خەیانەتی ئەوە بوو، چاوی ئەشقی بڕییە چاوی وشەکان و لە وشەکاندا ڕۆچوو… وشەکان، وەک شەمهات چۆن ئەنکیدۆی ماڵی و دەستەمۆکرد، بەوشێوەیە مرۆڤی کۆت‌وبەند کرد.

چەن کاڵفام بووین پێمان وابوو ئەوە هەستەکانمانە لەڕێگەی وشەکانمانەوە دەیگوازینەوە، لەکاتێکدا ئەوە وشەکان بوون لە ڕێگەی هەستەکانمانەوە ئاڵووێرمان دەکرد. وشەکان ئێمەیان لە جەنگاوەرەکانی حەقیقەتەوە گۆڕی بۆ ڕستەچیەکانی ناو بازاڕ. وشەکان ئێمەیان لە ئاشقەکانەوە گۆڕی بۆ بازرگانەکان، ئێمەی لە ئاشقی هەستەکانەوە گۆڕی بۆ بازرگانی وشەکان. چیدی شتێک بەناو ئامشۆی هەستەکان نەما، ئەوەی هەبوو ئاڵووێری وشەکان بوو… بیرم نایە دەبوو چەن وشەت بدەمێ تا نیگایەکت بکڕم، بیرت نایە دەبوو چەند وشەم بدەیتێ تا ماچێکم بکڕی…. ئەم شەڕەی ئێمە شەڕی من و تۆ نییە شەڕی وشەکانە.

 

Henri De Toulouse-lautrec / ‘woman Sitting On A Divan’, 1882, Oil On Canvas, 55 X 46 Cm. is a painting by Henri de Toulouse Lautrec -1864-1901

٤

ساویلکانە کەوتینە بازاڕەوە، وەک چۆن ئەنکیدۆ کاڵفامانە کەوتە شارەوە. هەموو شتمان لە ڕێگەی وشەکانەوە سەودا دەکرد، هەموو ئارەزووکانمان بەناو وشەکاندا ئاڵووێر دەکرد. ئیشی ئێمە لەوەی کە هەوڵبدەین سەرنجی ئەویتر ڕابکێشین، گۆڕا بۆ ئەوەی دەستبدەینە خڕکردنەوەی وشەکان، ئیدی هەموومان ڕوومان لە یەکتری وەرگێڕا و ڕوومان لە وشەکان کرد… چ تۆفانێک بوو ئارەزووی کەڵەکەکردنی وشەکان. تۆ پێم بڵێ؛ وشەکان پێغەمبەری کام خوداکان بوون، بێ موجیزە هەمووان باوەڕیان پێدەهێنا، جادووگەری کامە چاخ بوون، فاڵگرەوەی کامە مێژوو؛ کە بەوشێوەیە ئاسان قەدەری هەمووانی نووسییەوە…

 

نازانم بیرم نایەت ئێمە چەنێک وشەمان کۆکردبووەوە، ئەوەندەم لەبیرە هەرکامان فەرهەنگێ لە وشەکانمان لە بنهەنگەڵ بوو، ئیدی هیچ ئاڵۆزییەک لەبەریەک کەوتنماندا نەما، هیچ ڕازێک بەچاوانمانەوە نەگیرسایەوە، هەموو جادووگەرەکانی جەستەمان کۆچیان کرد، لێومان موجیزەکانی لەبیرچۆوە و هەموو نهێنییەکانمان ونکرد و ڕووت‌وقووت لەبەردەم ئاوێنەی ئاڵووێری وشەکاندا فڕێدراین… ئیدی هیچ نیگەرانییەک نەما جگە لە خەمی تەواوبوونی وشەکان. هەموو ئەوەی دەمانتوانی بیکەین دەستگرتن بوو بە وشەکانەوە، ئاخر جگە لە وشە هیچی ترمان پێنەمابوو. ئەوەشت لەبیر نەچێت وشەکان هەموو شتمان بوون…

 

ئیدی گرنگ نەما قوڵاییەکانی هەناوم دەگەڕایەوە بۆ کام ئەفسوونی مێخواکان؛ ئیدی ئەوە بێبایەخ بوو نەخشە جەهەنمییەکانی دەروونم لەکام تووناتوونی ئارەزوودا، بەدەستی کام مێخوا و لەکام پەرستگەدا هاتۆتەکێشان… ئارەزووەکانم لەپەیوەند بە هەستەکانمەوە بێ‌بایەخ بوون؛ ئیدی ئەوە قسەیەکی قۆر و بێمانا بوو بۆ ڕوخسارە فەرامۆشکراوەکانی ئارەزووکان، لە داڵانە ناکۆتاکانی هەستەکاندا بگەڕێیت. چیدی کەس سەرنجی لە خەونەکاندا جێنەدەما و ڕاڤەی خەونیش بە هیچ ئارەزوویەکەوە نەدەنووسا… ئەمە من بەتەنیا وانەبووم؛ هەموومان وابووین. هیچکەس لەم تاعوونە دەربازی نەبوو، تەنانەت ئەم تاعونە هیچ نوحێکی هەڵنەدەگرت…

 

لەپاش ئەم تاعوونەوە پەیوەندییەکان ئەوەندە میکانیکیبوونەوە، زاکیرەیان نەما. یادەوەریمان سپاردە زەمەن و خودی زەمەنیشمان لە هەنووکەیی ئێستادا قەتیس کرد… ئەوەی بەهادار بوو وشەکان بوو، تێگەیشتن لە وشەکان ئاسان بوو. هەموو ئاڵۆزییەکانی دەروونمان لەناو وشەکاندا سادە سادە بووبوونەوە، ئەوەندە سادە بە یەک دوو وشە هەموو دەروونمان دەهاتەدەرەوە… هەموو شتەکان بوو بەڕێکەوتن و هەموو ڕێکەوتنەکان و ڕێکنەکەوتنەکان بەند بوو لەسەر وشەیەک زیاتر یان کەمتر… ناکۆکی گەورە لەسەر ژمارەی وشەکان بوو لەگەڵ دوورونزیکی لە وشەکان: وشەکان پەیوەندییەکانیان داڕشتەوە… ئەم شەڕەی ئێمە شەڕی من و تۆ نییە شەڕی وشەکانە.

 

٥

ئەوکاتەی لە نهێنی وشەکان تێگەیشتم، هەر ئەودەم بوو شەڕی ئێمە دەستی پێکرد، شەڕی وشە بە وشە ناکرێت. براوەی شەڕی وشە بە وشە؛ هەر وشەیە. لەو ساتەبەدواوە هەموو وشەکانم هەڵهێنایەوە، خۆم ڕووت‌وقووتکردەوە لە وشەکان. ئەوەندە ڕووتبوومەوە تۆ منت نەدەناسییەوە؛ ناحەقت نەبوو من لە ئادەم کاڵتربووبوومەوە و گەڕابوومەوە بۆ پێش خەڵق… هەربۆیەش ئەوەندە بە ئاسانی جێمتهێشت.

باش بیرمە بۆ ئەو ڕۆشتنەت یەک وشەشم گۆ نەکرد، لەبەرئەوەی خۆم بێبەریکردبوو لە وشەکان، تۆ ئەمانەت نەدەزانی. وەک ئیفلاسێک سەیری منت دەکرد، کە هیچ وشەیەکی پێنەمابێت بەڵام من، لەو وێنەیە نەدەچووم. زیاتر لەو منداڵە تازەبووە دەچووم کە یەکەم هەوای ژیانی ناو وشەکان سییەکانی ژەهراوی دەکات؛ بەرلەوەی ناوکی ببڕن. تۆش بێڕەحمانە دواین وشەی ڕەحمت ناو بەناو چاوانمەوە… کاتێک ڕۆشتی و سێبەرەکەت لەگەڵ خۆت نەبرد. ئەم شەڕەی ئێمە شەڕی من و تۆ نییە شەڕی وشەکانە.

 

 

٦

بەجیا لە وشەکانی تر، کۆمەڵێک وشەت بە من تایبەتکردبوو، هەمیشە شەڕی ئەو وشانەت لەگەڵ دەکردم، کە نابێت لەگەڵ کەسی تر هاوبەشی بکەین. منیشت وەها ڕاهێنابوو کۆمەڵێک وشە بۆ تۆ تایبەتبکەم، هەمیشە شەڕی ئەو وشە تایبەتانەت پێدەفڕۆشتم. ئەو وشانەی کە ڕستەی قەشنگ و جوانت پێدەگرتنە من. هەمیشە دەتگوت ئەم وشە تایبەت و ڕستە ناوازانە بۆ ئێمەیە و بەس، وەها بیرتدەکردەوە کە ئێمە خاوەنی وشەکانین. تۆ خاوەندارێتیت لە وشەکان دەکرد، چەند سادەبوویت و منیش چەند بەدگومان…

 

هەرگیز لە من نەبوورایت، دەرحەق بەو بەدگومانییەم نیسبەت بە وشەکان. لەبیرمە ئەگەر خەو نەبێت نەمدەوێرا، لە وشەکان یاخی ببم. یاخیبوونی خۆم بەسەر شیعرەکاندا هەڵدەڕشت. ئەو شیعرانەی کە بۆت دەخوێندمەوە و مەعسومانە دەتگوت ئەم شیعرانە بۆ ئێمە گوتراوە. منیش بەوە توڕەم دەکردی نەوەک ئەو شیعرانە، تەنانەت ئەگەر خۆت شیعر بۆ من بهۆنیتەوە، ئەوە شیعری ئێمە نییە، بەڵکو شیعری دال و مەدلوولە تۆراوەکانی ناوزمانە، ئەو دال و مەدلولانەی کە وشەکان خاوەنین نەک ئێمە.

 

شیعر هیچ نییە جگە لە کەشفکردنی پەیوەندییە نوێکانی ناو وشەکان، ئەو پەیوەندییە نوێیانەی کە پانتایی تازە لەناو ڕستەکاندا کەشف دەکەن. هەموو ئەوەی من دەمویست ئەوەبوو لە وشە و ڕستە و زمانەوە نەگلێم، کەیفم بەوە نەدەهات بچمە ناو سنورەکانی زمانەوە، وەها خۆم لە وشەکان لادەدا، وەک وەی کەسێک خۆی لەشتێک لابدات، گڵاو نەبێت.

تۆش وەک ئەوانی تر دڵت وەک قوتوویەکی مرەکەبی وشکەوەبوو، لەناو وشەکاندا سیس بووبوو. تۆ بووبوویت بە یەکپارچە وشە و گەڕانەوەت مەحاڵ بوو. گەڕانەوە لە وشە مەحاڵە. تەنیا شێتی دەتوانێت لەو مەحاڵە ڕزگارمان بکات: شێتی واتە سەرهەڵگرتن لە هەرچی ئاوەدانی وشەکانە، شێتی واتە هەڵگەڕانەوە لە وشەکان. شێتی واتە دڵداریکردن لەگەڵ مێخوا مردووەکاندا؛ ئەو مێخوایانەی زیندووێتیی خۆیان لە بۆشایی نێوان وشەکاندا بە ئەبەدیەت بەخشیووە… ئەم شەڕەی ئێمە شەڕی من و تۆ نییە شەڕی وشەکانە.

 

٧

دواین دیدار بوو، هەموو وشەکانت لەسەر مێزەکان فڕێدا، بە تووڕییەوە وتت: کێ هەیە بتوانێت ئەم هەموو وشە جوانەت پێ ببخەشێت. کێ هەیە پەرستگەی خوداکانی هێندە لە وشەکان ڕەنگاڵە بێت. کێ هەیە وەک من بتوانێت وشەکانت بۆ بێنێتە سەما یان لە وشە مۆسیقا دروست بکات. کێ هەیە وەک من بتوانێت شیعرە ناوازەکان بەتۆوە گرێبدات، دیوانە شیعرییەکان لە تۆدا سەوز بکات. داخۆ کەسێک هەیە، وەک من شیعرت بە ماچەوە بۆ بهێنێتەوە. بۆ هێندە گەوجی لەم هەموو هەستە تێناگەیت. بۆ وەک منداڵێک هەر خەریکی وڕکگرتنیت و ژیرنابیتەوە. هەیە لەپاش منەوە ئەم هەموو جوانییەت بۆ بئافەرێنێت؟ نا نا، هەرگیز نییە… کەس وەک من ناتوانێت ئاسمانت بکاتە وشە، ئەرزت بە وشە ئاوبدات. لێدانی دڵت بە وشە بپێوێت و ئارەزووەکانت لەناو جوگرافیای وشەدا بنەخشێنێت…. هەموو وشەکانم تێگرتووی، بۆ هەر کوێ بڕۆیت هەر ئێرەیە، وشەکان دووبارەن. تۆش دووبارە دەبیتەوە لەگەڵ دووبارەکردنەوەی وشەکاندا. تۆم لەناو وشەکانی خۆمدا هەڵگرتووە، هەرگیز ناتوانیت بچیتە ئەودیوو وشەکانمەوە… هەرچی ئەزموون بکەیت لەناو وشەکانی مندایە. لەگەڵ مندا وشەی ئەشقت دۆزییەوە و بەناو مندا فامی وشەی خۆشەویستیت کرد… بڕوانە مێژوو وەها بووە، هەرشتێک یەکجار دەدۆزرێتەوە و پاش ئەوە دووبارە دەبێتەوە. تۆ وشەی ئەشقت لەمندا دۆزییەوە، چیدی ناتوانیت دووبارە بیدۆزیتەوە…

هێنری لوتریك تولوزه‌؛ژنێك له‌به‌رده‌م ئاوێنه‌دا -١٨٩٧
Woman before a Mirror
1897
Henri de Toulouse-Lautrec

یەک وشەم لە وڵامدا نەگوت، ئەفسووس ئەو لەناو ماترێکسی وشەکاندا دەیویست تێمبگەیەنێت، لەکاتێکدا وشەکان بۆ من جگە لە ئیرۆر، هیچ نەبوون. وشەکان کەس خاوەنیان نییە و نابنە موڵکی کەس. تایبەتێتی هیچکەس هەڵناگرن و نابنە یادگەی هیچکەس. وشەکان هی خۆیانن و بەس. جگە لەوەش ئێمەی ناو وشەکان هی وشەکانین. ئەوە ئێمە نین، وشەکان بۆ یەک تایبەت دەکەین. ئەوە وشەکانن، خۆیان لەڕێگەی ئێمەوە بۆ خۆیان تایبەت دەکەن.  وشەکان لە شوێنی خۆیانن، جوڵێنەری بێ‌جوڵەن…

من دەمرم، تۆ دەمریت، ئەو دەمرێت بەڵام وشەکان نامرن، بەبەردەوامی ئامشۆی یەکدەکەن. کاتێک وشەی وەفا بیری وشەی خۆشەویستی دەکات، ئەوا لەڕێگەی دووکەسەوە ئەو پەیوەندییە دروستدەکەن… ئەوە وەرزەکان نین دەمرن ئەوە گەڵاکانن دەوەرن، ئەوە پاییز نییە دەژاکێت ئەوە ڕووەکەکانن وندەبن…

هەموو داستانە ئاشقانەکان داستانی ئێمەی مرۆڤەکان نین؛ داستانی وشەکانن. ئێمە تەنیا جەستەی ماتریاڵی ئەو داستانانە \ین. ئیدی تۆ باسی چیم بۆ دەکەیت؟… ئەم شەڕەی ئێمە شەڕی من و تۆ نییە، شەڕی وشەکانە.

٨

تا لەپەیوەندیی وشەکان بە وشەکانەوە تێنەگەیت، لە هیچ تێناگەیت و هەرچیش تێبگەیت هەڵە تێدەگەیت. پەیوەندیی وشەکان لەسەر پێگەی وشەکان دروست دەبێت نەوەک لەسەر ناواخنی وشەکان. وشەکان ناواخنیان نییە، تەنیا پێگەیان هەیە کە دەسەڵاتیان پێدەبەخشێت. تۆ فریوی وشەکانت خواردبوو، دەتویست لەناو ماڵی زماندا خۆت بدۆزیتەوە… ئەفسووس زمان، ماڵی ئاشقان نییە، ماڵی وشەکانە و ئاشقان خاڵین لە وشە؛ وەک تۆ چۆن خاڵیت لە من….

کە دڵم تووند دەبوو مشتێک وشەت پێدەبەخشیم، ئەوکاتانەی نەک هەر لە خۆم، لە وشەش بێزاربووم، هەر مشتێک وشەت پێدەبەخشیم. دڵت بە هیچ خۆش نەدەبوو، بە وشەکان نەبێت. ئەوکاتانەی لە وشە ڕووت دەبوومەوە ئەوکاتانە بوو کە چارەت نەدەویستم. خۆ ئەوەم باش دەزانی منت ناوێت، لێ ئەو وشانەی خۆتت خۆشدەویست کە لە مندا چاندبووتن.

 

تۆ نەتدەزانی ئەشق چییە بەڵام ئاشقی ئەو وشانە بوویت کە بۆنی ئەشقی لێدەهات. تۆ تەنانەت پەنجەی من و پەنجەی وشەکانی منت بۆ لێکجوودانەدەبۆوە. ئەگەر دەستم لەسەر دڵت بوایە هەستت پێنەدەکرد، بەڵام ئەگەر وشەکانم بەرجەستەت بکەوتبا، هار دەبوویت…

دەبوو پێم بووتبایت، بەڵام نازانم بۆ نەموت… نازانم بۆ نەموت ئەشق وشە نییە، ژیان وشە نییە، جیهان وشە نییە و … هتد. عەشق لە خۆڵەمێشی وشەکانەوە دەڕسکێت، لە وێرانەی ڕستەکاندا سەردەردەهێنێت. لە کوێدا زمان کۆتایی پێبێت لەوێدا دەردەکەوێت. تەنیا هێزێک کە بۆ هەمیشە ناکۆکە بە وشەکان، ئەشقە. ئەشق و وشە هەرگیز کۆنابنەوە، تەنانەت لەناو دڵی ئاشقانیشدا. لە شوێنێک، وشەی لێبێت ئەشقی لێ نییە. ئەشق نایەتە ناو زمانەوە و ملکەچی وشەکان نابێت. ئەشق لە شیعرەکاندا نییە. ئەشق لە کتێبەکاندا نییە. ئەشق تەنیا لە خۆیدایە و خۆشی لە شوێنێکدایە، کە هەرگیز زمان نایبینێت.

 

ئەشق لەناو ڕێگاکاندا نییە لە کوێرەڕێکاندایە، لە ڕێڕەوە کراوەکاندا نییە لە بونبەستەکاندایە. ئەشق لە ژێرزەمینەکاندایە، ئەشق لە تاریکایی ناو دڵی ئەستێرەکاندایە. ئەشق لە درزەکاندایە، لە نێوانەکاندایە. ئەشق لەو شوێنانەدایە کە زات ناکەین سەیری بکەین، لەو پێچانەدایە کە جورئەت ناکەین ئاوڕی لێبدەینەوە. لەسەر ئەو چیایانەیە کە تەنیا گزنگ دەیانبینێت. ئەشق لەژێر پێستی ئەرزدایە لە بنی زەریاکاندا ڕوولەڕۆژ ڕاکشاوە… ئەو چاوەڕێی کەس ناکات، باکی بە کەس نییە بیدۆزێتەوە، پێشوەختە نیگەرانیی ئەبەدیی ئاشقانی دۆزیوەتەوە…

 

  ئەو شەڕەی کە من و تۆ دەیکەین، شەڕی ئێمە نییە شەڕی ئەشقە لەگەڵ وشەکاندا. جەنگێک کە هەرگیز کۆتایی پێنایەت و داستانێک کە هەرگیز ناگێڕدرێتەوە…

٢٨/٤/٢٠١٩

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی.