په‌رستگای لایه‌نگیریی
هانا بۆ ساقیی خه‌راباتان ده‌با..
گه‌واڵه باجستێنه‌كان
سێبه‌ر له شاخ ،
له كێڵگه‌ی ئه‌سترییان ده‌كه‌ن ..
به‌یداخی هاوار
نركه‌ی نه‌خۆشان
پۆلی په‌پوولان ڕاده‌كێشن..
به نازه‌وه
به‌هێمنی
له‌نجه‌دار ..
خه‌یاڵمان
له‌چاڵێكی به‌ردیندا ،
ده‌تگوت به ده‌ست خۆش كراوه
لێ به‌جێما ..
ئێستا له بیره‌وه‌ریماندا ..
له پشووه به‌تاڵه ،
یه‌ك به‌دوای یه‌ك هاتووه‌كانمان
دێنه ده‌رێ ..
وه‌ك ئه‌وه‌ی مێرووله بن
بۆ ده‌نكه دانه‌وێڵه‌یه‌ك ،
سه‌رادووی یه‌كتریان نابێ ..
من به‌ته‌نێم
پاڵم به دارگوێزێك داوه
نه‌وتیان به بندا كردووه ..
ئه‌مڕۆ زانیم
ئاوی ژێر دارگوێزی په‌لك وه‌ریو
بێ ڕه‌نگ و تام و بۆن نییه .
ئه‌مڕۆ زانیم
له‌م به‌هه‌شته به‌ردراوه‌دا ،
تۆخیی گه‌ڵای دره‌ختان
ڕه‌نگی نارنجی گریانی
هه‌زاران ساڵ ده‌داته‌وه ..
من به‌ته‌نێ بووم
هه‌ور هێشتا ئه‌ستێره‌ی
ئازاد نه‌كردبوون
چه‌ندی با‌نگم كردن ،
بێ‌دار نه‌بوونه‌وه ..
چه‌ندی هه‌ڵمته‌كاندن ،
نه‌بزووتن ..
ده‌یانگوت :
به گوڵه‌مێخه‌ك كه‌وتوون
له بیابان پر بووبوون
به‌ڵام گریانیان نه‌ده‌هات ..
ئێستاش له خه‌وی هه‌رهه‌ریدا
له ناو ته‌می خۆڵباراندان..
خه‌ریكن ئاگردانان
بۆ زستانه‌كانی دادێمان دروست ده‌كه‌ن .
ئه‌ی ته‌بعی دێوه‌ره‌و عه‌تتاران !
بزانه ئێمه له‌كوێ بووین ؟
بزانه چ ڕێیه‌كمان گرتووه ؟
سێ وه‌خته‌ی ڕۆژێ ،
له‌باتی خۆر
له‌باتی چرا
له‌باتی مۆم
شكۆی ڕه‌هایی تۆ
داده‌گیرسێنین ..
گۆرانیی بێباكیی
له ده‌وری ده‌واری
قه‌ره‌جان ده‌چڕین ..
شاییی بێهووده‌ییمان
له‌سه‌ر كانی مرادان دابه‌ستووه ..
كانی چ كانی
ڕامانی ستراتیژیمان ئاسا
شه‌خته‌ی شوباتێی لێ داوه ،
داپۆشراو.. زیندانی.. به‌ترس .
ئیتر لێره‌وه
له‌گه‌ڵ زایه‌ڵه‌ی سپێده‌دا
من و زه‌مه‌نه به هه‌ڵپه‌كان
من و ئه‌سه‌ف لێكدابڕاین ..
به‌ڵام ئه‌و ده‌نگانه چین
به كه‌روێشكه‌ی گوڵپه‌ڕی
شكارتانه‌وه ده‌زرنگێنه‌وه و نایانبینم ؟
ئه‌و ده‌نگانه‌ی ده‌ڵێن
ده‌سته‌ویه‌خه ڕووبه‌ڕووی یه‌ك بوونه‌ته‌وه
له وه‌رزی په‌ژمورده‌یی شیعردا
له كوێ ، له چ دڵێكی سارددا ده‌زرنگێنه‌وه ؟
له بازاڕی كوتاڵفرۆشان ،
كه هه‌میشه به ژنان
هه‌ڕمێنیان بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه ؟
یا له دێر و كه‌نیسه و مزگه‌وتانه‌وه‌یه ؟
ئه‌و ده‌نگانه
بۆ له‌گه‌ڵ گۆرانییه بێ ئومێده‌كان
تێكه‌ڵ ده‌بن ؟
ئای به‌هاری نائومێدی!
بنمیچی ئه‌و سێبه‌ره
چه‌ند نه‌وی بوو ،
زه‌رده هێشتا
له‌سه‌ران ئاوا نه‌ده‌بوو
پاڵمان به پارده‌ی
ته‌نیشت چیله‌مێوه‌كه ده‌دا و
ئه‌و چوكلاتانه‌مان ده‌خوارد
به دزی له گیرفانمان نابوو ..
چه‌ند نه‌وی بوو
ئه‌و سایه‌یه ، بنمیچی چه‌ند نه‌وی بوو
كه پێم ده‌گوتی :
تۆ هه‌میشه به فرمێسكه‌وه جوانتری .
ئه‌وه خه‌می من بوو
به‌سه‌ر شانی ڕابردوودا
نوقڵی له دایك بوونی دابه‌ش ده‌كرا ..
بڕوانه!
ئه‌وه به‌شی ئێمه بووه
خه‌می زێڕین ،
به كێڵگه‌ی ئه‌سترییان ،
به باخچه‌ی مرادان وه‌ركه‌ین ..
(تازه خه‌تی دانابوو
بیری له باخچه‌ی مرادان ده‌كرده‌وه .
بیری له بووكی خه‌مباری
ده‌ریا ده‌كرده‌وه ،
كه ده‌ڵێن ماسی له خۆشی ئه‌و
له ده‌ریادا ماونه‌ته‌وه
كه‌چی ئه‌و له‌سه‌ر تاشه‌به‌ردێك دانیشتووه
قژی دادێنێ .. )
وه‌ختی بیر له باخچه‌ی مرادان
له كێڵگه‌ی ئه‌سترییان ده‌كه‌مه‌وه ،
هه‌زاران گوڵ ده‌پشكوون
هه‌زاران مه‌ل
له‌شه‌قه‌ی باڵیان ده‌ده‌ن ..
هه‌زاران ماسی
هه‌زاران ماسی ده‌خۆن ..
تازه خه‌تی دانابوو
گوێی له ده‌نگێك بووبوو
له بێستانی ته‌ماته سپیه‌كانه‌وه هاتبوو
ده‌یانگووت برایان
شه‌ڕی مان و نه‌مانی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن !!
ڕوون نه‌بووه ،
ده‌نگی خۆر بووه ، یا تاریكی .
ئێوه ده‌نگی خۆرتان بیستووه ؟
كه‌له هاواری كپی ئۆقیانووسان ده‌چێ ؟
له ده‌نگی په‌پوولان
كاتێ دێن به گۆرانی
فریوی گوڵان ده‌ده‌ن ؟
ده‌نگی تاریكیتان لێك داوه‌ته‌وه ؟
ئای له ده‌نگی تاریكی
چ ده‌نگیكی له‌سه‌رخۆیه
له شه‌قامه ئه‌به‌دییه‌كانی به‌هه‌شت ده‌چێ ،
په‌ریی له شۆسته لازوه‌ردییه‌كاندا
ده‌دره‌وشێنه‌وه ..
ته‌ماته‌ی تێدا سوور ده‌بن .
ئای ته‌بعی دێوه‌ره و عه‌تاران !
ئێمه بۆ ؟
بۆ له‌و هه‌موو مه‌زره‌عه و باخچانه
جه‌نگمان برده
بێستانی ته‌ماته سپییه‌كان ؟
ئێمه بۆ قه‌ت با نامان با ؟
باران ڕۆژێ ته‌ڕمان ناكا ؟
بۆچی خۆر هه‌ڵمانناكێشێ ؟
ده‌ریا هه‌ڵماننالووشێ ؟
ئێمه‌ی ئاده‌مزاد ،
چ ده‌كه‌ین لێره
له‌سه‌ر ئه‌م زه‌مینه ،
كه هه‌ر دڕكی تیا ده‌ناسین ؟
له ژێر ئاسمانی پێكه‌وه لكاودا ،
ئێمه تا دێ
له ڕۆحی سه‌رده‌م دوور ده‌كه‌وینه‌وه ..
له سه‌ده‌ی ئه‌فسانان له دایك بووین
خوێنی ته‌كنۆلۆژیامان تیا ده‌گه‌ڕێ !
هه‌میشه بڵێسه‌یه‌ك
له بۆشایی مێژووه‌وه
تاوی بۆ هێناوین ..
هه‌میشه بڵێسه تاومان بۆ دێنێ و
به‌سرووتی نه‌فره‌ت ،
په‌روه‌رده‌مان ده‌كا ..
سه‌تان ساڵه
خۆمان لێ ون بووه ..
ده‌مانه‌وێ
به نه‌خشه‌ی ساویلكه‌یی
خه‌ونی عاقڵان ببینین ..
له له‌رینه‌وه‌ی قامچیدا
با ده‌ناسین .
( شه‌پۆله‌كان مه‌رگهێنه‌ر بوون ..
ڕه‌نگی ئێواره له ژنێك ده‌چوو
پڕ پڕ له ژنایه‌تی ..
به‌ڵام درێغ
لووتكه له بیابان كۆ ببوونه‌وه
ئاڵای خه‌و
ڕه‌نگاوی پێدا ده‌هاته خوار
خه‌ولێكه‌وتووان
به هیچ داد و یه‌خه‌دادڕینێك
بێ‌دار نه‌ده‌بوونه‌وه..)
ئێمه ئه‌گه‌ر
ڕه‌نگی مردووانمان لێ نیشتبێ
ده‌بێ ڕه‌نگی مردووان بپۆشین ..
ده‌زانن ؟
ئێوه ده‌زانن
ئێمه به پێوانه‌ی پۆشین
چه‌ند ڕووتین ؟
چی له خۆر بكه‌م
ده‌گاته به‌ر په‌نجه‌ره‌مان و ناگات
هه‌ڵده‌خلیسكێ ؟
چی له‌و (داربریا)یانه بكه‌م
له وه‌همیان زیاتر نه‌گرت ؟
( میوه‌ی ژه‌نگاوی
بڕكی ده‌ردگرتووی ته‌ماته سپییه‌كان
له بیابانی جه‌نجاڵدا
بێ ئاكام ده‌یه‌وێ
تۆزی خۆڵپه‌رستی
له خۆیدا بته‌كێنێ.. )
ده‌مزانی
چاوم به‌ری له ماڵێ نییه
ده‌مزانی ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌مان ئه‌سته‌م بوو .
ده‌مزانی
ڕه‌نگه باسی شیعر و
شتی له‌و بابه‌ته‌م لێ بپرسی .. ده‌مزانی
به‌ڵام چی بكه‌م
مۆسیقای غه‌فڵه‌ت
ماندوویه‌تی گوڵانمان پێشان ده‌دا
كه به هه‌ناسه‌سوارییه‌وه
سه‌ر له ئینجانه ده‌ردێنن ..
( چۆله‌كه‌یه‌ك له سنگمدایه
نه جێی ده‌بێته‌وه
نه بواری هه‌یه بفڕێ ..
منیش
وه‌ك ئه‌وه‌ی
بچووك بچووك بووبمه‌وه
له‌سه‌ر دوگمه‌ی كراسی ژنێك
ڕاكشابم
له پرسه‌ی ئاسكه هه‌تیوكه‌وتووه‌كان
دانیشتووم .. )
ئه‌ی نهێنی سه‌ر ئه‌ندازی وجوود !
با ئه‌م پێكه‌یش
له په‌رستگای لایه‌نگیریدا هه‌ڵده‌ین
ئه‌ویدی ،
بۆ ڕێوڕه‌سمه به جۆشه‌كانی
خانه‌قای ڕه‌هایی هه‌ڵده‌گرین
بۆ وه‌ختێ ،
سه‌مای یاخیبوون
له ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی ته‌وژمی
تاریكی و بێهوده‌یی
جه‌سته‌ی هه‌ڵكوڕوزاوی به‌ئێشمان
وێنه‌ی باڵی گرانی
پاسارییه‌كانی به‌ر باران
بێ نه‌زیر.. ڕژد
له‌سه‌ر سوانده چۆله‌كاندا
باڵ ده‌كه‌نه‌وه ،
ده‌له‌یزن گه‌رم ببنه‌وه ..
وه‌ختێ سه‌هۆڵ
ئاگری پێ خۆش ده‌كرێ ،
ساڵ به پێش مانگ و
مانگ به پێش حه‌فته و
حه‌فته به پێش ڕۆژ
ڕۆژ به پێش سه‌عات
سه‌عات به پێش ده‌ققه و
ده‌ققه به پێش چركه ده‌كه‌وێ ،
ئێمه ده‌گه‌ینه ڕه‌هایی
ده‌گه‌ینه مه‌یدانی جه‌نگ
بێستانی ته‌ماته سپییه ڕه‌نگ تێنه‌گه‌ڕاوه‌كان ..
(ئه‌گه‌ر هه‌ر كیسرایه‌ك بووایه
گرفت نه‌بوو
ئه‌گه‌ر هه‌ر سوڵتانێك
هه‌ر میرێك بووایه
گرفت نه‌بوو ..
به‌ڵام نه هی ئێمه
كیسرایه‌ك و سوڵتانێك و میرێك نییه ..
ئاور به لای ڕۆژهه‌ڵاتێ ده‌ده‌ینه‌وه
هه‌زار كیسرا
چاو زه‌ق بۆمان ڕاوه‌ستاون .
سه‌ر بڵند ده‌كه‌ین
سوڵتانه‌كانی گۆڕستانیش
لێمان
هه‌ڵده‌ستنه‌وه ..
ڕوو بۆ باشور وه‌رده‌گێڕین
هه‌زاران هه‌زار شمشێری دوو ده‌م
هه‌ڵكێشراون..)
چیا و مێرگ
به قه‌له‌مڕه‌نگی ئه‌وان
دروست نه‌كراون
ئاوی ڕه‌وان
ئه‌وان ڕێیان بۆ
هه‌ڵنه‌به‌ستووه ..
ئه‌وان شه‌پۆلیان ،
به گه‌ڵای سپیدار
نه‌به‌خشیوه
سێبه‌ر بگرن
ڕوناهی له گیرفانی
تاریكایی بشارنه‌وه ..
ئه‌وان عاشق نین بتوانن
ڕێبه‌ندانان سه‌فه‌ر بكه‌ن .
ئاسمان نه‌با
له زه‌وی ڕۆده‌چوون
زه‌وی نه‌با
كێڵگه‌ی ئه‌سترییان ،
ده‌رزیئاژنی ده‌كردن
خۆخۆری و شه‌رمنی ئێمه‌ش نه‌با
ته‌نیا ده‌مانه‌وه ..
ئای نهێنی سه‌ر ئه‌ندازی وجوود!
مردم ئه‌وه‌نده‌ی
ئادی ئه‌ستیران بكه‌م .
لێم بڕا ئه‌وه‌نده‌ی
ڕووبار و ده‌ریایان ئاو بده‌م ..
ئه‌وه‌نده‌ی دان به‌سه‌ر
جۆخین و خه‌رمانان وه‌ر بكه‌م
نه ڕێگام دیته‌وه
نه كۆده‌كانم پێ كرانه‌وه ..
ئێستا بیابان چۆل نییه
شه‌به‌قی بۆ كپ كردن ،
ئاگری ناو پووشه.. ته‌نیوه‌ته‌وه ..
ئێمه‌ش هاتووین
چیامان بۆ چه‌ند بیره نه‌وتێك
چۆل كردووه
بێ ڕۆح ،
له سه‌رابی بیاباندا
پاڵمان لێ داوه‌ته‌وه ..
نه قومێ ئاوی شینكاڵه‌كانمان پێیه
نه چه‌پكه گوڵێكی كێوی
خۆمان به بیر بێنێته‌وه ..
ڕووت و قووت
هاتووین چاومان بڕیوه‌ته سه‌راب
سه‌راب و سه‌راب و سه‌راب..
ڕه‌نگه ئه‌وه دوا عه‌شقمان بێ
خوایه وا نه‌بێ !
ڕه‌نگه دوا جارمان بێ
چه‌كه‌ره‌ی چرۆیان
كرانه‌وه‌ی گوڵان ببینین
خوڕه‌ی ئاو و قاسپه‌ی كه‌و و
جریوه‌ی مه‌لان ببیسین
خوایه وا نه‌بێ !
خوایه با ئه‌وه مۆته‌كه‌یه‌ك بوو بێ
ڕاستی نه‌بێ
بێین دار به‌ڕوو
له ته‌نیشت بیره نه‌وتان
بڕوێنین ..
ئاسكه كێویله‌كانی كوێستان
له حه‌وزی نه‌فره‌تیی نه‌وت باوێین
خوایه وا نه‌بێ ..
شوباتی 2016