ئەزموونی جێندەری دەربازبووانی کیمیابارانی هەڵەبجە لە ژیانی هاوسەرگیری و خێزاندا نه‌به‌ز سه‌مه‌د فێمینیزم 14/11/2021 26 min read3
ماڵە کارتۆنیەکەی هەرێم، یان خوێنەرە حیزبییە کارتۆنیەکان ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین پرسی ئێستا! 26/03/2023 6 min read0
ڕزگار عه‌لی؛ چەند جیاوازێکى نێوان بزووتنەوەى گۆڕان و پارتى – به‌شی دووهه‌م ڕزگار عه‌لی پرسی ئێستا! 11/09/2017 3 min read0
لە تەلارسازیی شارستانییانەوە بۆ “هەیكەلسازی”ی بێ كو‌لتور ڕێبوار سیوەیلی فۆلیتۆن 17/01/2024 18 min read0
دیوانی `بەو ڕێیانەدا تێپەڕیم` ی شاعیر `نەژاد عەزیز سورمێ` بڵاوبۆوە كو‌لتور مه‌گه‌زین شیعر 02/12/2023 1 min read2
هارۆڵد پینته‌ر، شانۆیه‌كی سیاسی و گه‌مه‌ی ده‌سه‌ڵات لای هارۆڵد پینته‌ر دانا ڕه‌ووف کتێب 13/09/2015 1 min read0
کورد و مەسەلەی فەلەستین، دوای پەنجاو چوار ساڵ لە گۆڤاری ڕزگاری كو‌لتور مه‌گه‌زین پۆڵه‌تیک -كولتوری سیاسی 09/12/2023 5 min read0
ماڵە کارتۆنیەکەی هەرێم، یان خوێنەرە حیزبییە کارتۆنیەکان ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین پرسی ئێستا! 26/03/2023 6 min read0
لە شکستەوە بۆ شانازییکردن بە شکست، لێکۆڵینەوەیەک دەربارەی بنەماکانی گوتاری کوردایەتی و عێڕاقچێتیی پێشڕەو موحەمەد پۆڵه‌تیک -كولتوری سیاسی 28/05/2022 31 min read28
ڕۆمانی (گۆشەگیری) کوونکردنی دیواری مرۆڤی سپی ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین ڕۆژمێری ئەدەبی 23/04/2024 28 min read0
گەمەی هونەری و زمانی لە [ئەی یار]ی بەختیار عەلیدا وەک موعجیزە پێشەوا کاکەیی ڕۆژمێری ئەدەبی 15/04/2024 8 min read0
`ژن، ژیان، ئازادی` بەرەنگاربوونەوەی باری باو ئازاد حاجی ئاقایی گوتاری فەلسەفی-فیکری 08/10/2022 15 min read6
فۆکۆ، مێینەیی و بەمۆدێرنکردنی دەسەڵاتی پاتریارکی كو‌لتور مه‌گه‌زین سندوقی فەلسەفی 21/07/2022 45 min read23
نه‌زه‌ند به‌گیخانی: پیاوسالاری و هاوكێشەی ده‌سه‌ڵات 1 كو‌لتور مه‌گه‌زین گوتاری فیمینستی 21/11/2016 7 min read0
ئیسماعیل حەمەئەمین – ٢٠٢١ کەشتی فریشتەکان، ڕۆمانێک بۆ فەلسەفاندنی دونیا ئیسماعیل حەمەئەمین فریشتەکانی رۆماننوسێک و فۆتۆگرافێک له‌کاتی نوسینی ئه‌م خوێندنه‌وه ڕه‌خنه‌ییه‌م بۆ ڕۆمانی ( که‌شتی فریشته‌کان – کتێبی یه‌که‌م و دووهه‌م)ی ڕۆماننوس (بەختیار عەلی) به‌ڕێکه‌وتێکی سه‌یر له‌گه‌ڵ هاوڕێی ئازیزم فۆتۆگراف (جه‌مال پێنجوێنی) باسێک هاتە پێشەوە، باسی دواپرۆژه‌ی فۆتۆگرافی خۆی بۆکردم به‌ناوی (جه‌نگی فریشته‌کان)، وەک پرۆژەیەکی فۆتۆگرافی خۆی کە‌به‌دونیادا گێڕاویه‌تی، له‌سه‌ر لاپتۆپه‌که‌ی فۆتۆکانی نیشانیدام. من تووشی سه‌رسامی بووم، یه‌که‌م پرسیار که‌له‌جه‌مالم کرد ئه‌وه‌بوو: ئایا ئه‌و ڕۆمانه‌کانی (به‌ختیارعه‌لی) خوێندۆته‌وه؟ له‌وه‌ڵامدا گووتی: هیچ کارێکی ئه‌وم نه‌خوێندۆته‌وه و به‌نیازم له‌داهاتوودا ئه‌وه بکه‌م. ته‌نانه‌ت ئاگاداری ڕۆمانه نوێیه‌که‌شی (بەختیار عەلی) نه‌بوو، ئه‌مه‌ش سه‌رنجی من بۆ ئه‌و تێما و بابەتە ڕاکێشا که‌فۆتۆگرافیک و ڕۆماننوسێک له‌دووکایەی جیاوازدا، کایەی نوسین وکایەی فۆتۆگرافیدا، لەتێمایەکدا، لەبابەتێکدا یەکدەگرنەوە، ئه‌و تێمایه تێمای فریشتەکانە لەدونیای ئێمەدا. هەردووکیان په‌لاماری تێمایه‌کی گرنگده‌ده‌ن که‌لای به‌ختیار کێشه‌یه‌کی وجودی و مۆڕالی گه‌وره‌یه و له‌فۆتۆکانی جه‌مالدا کێشه‌یه‌کی میتافیزیکیه به‌گه‌یشتن به‌دونیایه‌کی دیکه‌و کەلەبەهەشت و حۆریدا خۆی بەرجەستە دەکات، بێگومان له‌ڕێگه‌ی توند‌و تیژی و خۆتەقاندنەوە و سەربڕینی نەیارەکەنەوە. ئه‌م دوو هونه‌رمه‌نده ئازیز و به‌توانایه‌مان که‌هه‌ریه‌که‌یان له‌ڕووی ته‌مه‌نه‌وه له‌دوو نه‌وه‌ی جیاوازن، به‌ڵام هه‌ردووکیان له‌خاڵێکدا یه‌کیانگرتۆته‌وه، ئه‌ویش گه‌ڕانه به‌دووی فریشته‌دا له‌نێو ناخی مرۆڤ و له‌جیهاندا. گه‌ر فریشته‌کانی (به‌ختیار عەلی) بگه‌ڕێن به‌دووی مانا گه‌روره‌کانی مرۆڤ‌بوون‌دا، ئه‌وا فریشته‌کانی جه‌مال پێنجوینی گه‌ڕانه به‌دووی به‌هه‌شتدا له‌ڕێگه‌ی تیرۆری ئاینیه‌وه. سه‌یر له‌وه‌دایه هه‌ردوو هونه‌رمه‌نده‌که‌مان هه‌ر یه‌که‌و به‌جۆرێک، به‌ڕێگه‌یه‌ک به‌دووی فریشته‌کاندا ده‌گه‌ڕێت. جه‌نگی فریشته‌كان ؛ زنجیره فۆتۆگرافی (جه‌مال پێنجوێنی) (جه‌مال پێنجوینی) پێیڕاگه‌یاندم که‌له‌به‌ندیخانه‌کانی به‌غدا و ده‌رەوه‌ی هه‌رێم توندڕه‌وه ئیسلامیه‌کانی قاعیده‌ی بینیووه و قسه‌ی له‌گه‌ڵدا کردوون، له‌گفتوگۆیه‌کدا له‌گه‌ڵ تیرۆریستیکی ئیسلامی‌دا که‌زیاتر له‌چل که‌سی به‌ده‌ستی خۆی سه‌ربڕیوه، به‌جه‌مال ڕاده‌گه‌یه‌نێت که‌ئه‌و هه‌ست به‌ئازاری ویژدان نا‌کات، چونکه ئه‌و وه‌ک فریشته‌ی ڕه‌حمان وه‌هایه، له‌گه‌ڵ سه‌ربڕینی هه‌ر یه‌کێکدا له‌م دونیا پڕ کوفره‌دا خودا حۆریه‌کی ده‌داتێ. له‌وه‌ڵامی ئه‌وه‌ی که‌ئه‌گه‌ر ئه‌و که‌سه بێ‌تاوان بوو؟ تیرۆریستە به‌جه‌مال ده‌ڵێت: گه‌ر بێ‌تاوان بێت ده‌چێت بۆ به‌هه‌شت و من هۆکاری چوونه به‌هه‌شتی ئه‌وم ، که‌واته من کاریکی باس ده‌که‌م و به‌خته‌وه‌ر ده‌بێت و به‌مه‌ش من حۆری چاکه‌کاری خۆم وه‌رده‌گرم، گه‌ر ئه‌و سه‌ربڕاوه چو بۆ جه‌هه‌نه‌م ئه‌وه من حۆریه‌کی خۆم وه‌رده‌گرم، چونکه دونیا‌م له‌کوفر پاکردۆته‌وه! له‌هه‌ردوو حاڵه‌ته‌که‌دا من جیهاد ده‌که‌م بۆ خوای گه‌وره‌و حۆری خۆم وه‌رده‌گرم…لێره‌وه ئه‌م پیاوە خۆی وەک تیرۆریست و جەلادی ئاینی نابینێت، بەڵکو لەچاوی خۆیدا ئەو فریشته‌ی ڕه‌حمانه که‌مرۆڤ سه‌رده‌بڕێت و لەڕستەیەکی سەرەتانیدا به‌جه‌مال ده‌ڵێت: گه‌ر ئازادم بکه‌ن له‌به‌ندیه‌که‌م ئه‌و تۆش سه‌رده‌بڕم، گه‌ر بێ‌تاوان بیت له‌عه‌زابی دونیا ڕزگارده‌بێت و به‌ڕێگه‌یه‌کی کورت‌دا ده‌چیت بۆ به‌هه‌شت. گه‌ر گوناهکار بیت ئه‌وا زوو ده‌چێته به‌ر قاپی عه‌زاب. لەم چرکە ساتەدا من فریشته‌کانی به‌ختیارعه‌لیم بیرکه‌ته‌وه که‌به‌هیچ شێوه‌یه‌ک خه‌یاڵی نین، به‌ڵکو له‌دڵی ڕیالزمه‌وه هاتوونه‌ته ده‌رێ، ئه‌ی ئه‌وه نییه فریشته ڕاسته‌قینه‌کانن دونیا پاکده‌که‌نه‌وه له‌گوناهه‌و کاری خواوه‌ند بۆ حه‌شری مرۆڤ له‌جه‌هه‌نه‌م و ناردنی مرۆڤ بۆ به‌هه‌شت به‌ڕیگه‌ی کورت‌دا ده‌به‌ن. ئاوه‌ها فریشته‌کان لێره‌و له‌وێ له‌نێو ناخمان و له‌ده‌ره‌وه‌ی خۆمان یاری به‌چاره‌نوسمان ده‌که‌ن. لێره‌وه ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه‌م بۆ ڕۆمانی (که‌شتی فریشته‌کان) له‌و خاڵه ئیستاتیکیه‌وه سه‌رچاوه‌ی هه‌ڵگرتووه، که‌خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانی قه‌باره گه‌وره چێژێکی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، به‌وه‌ی خوێنه‌ری ته‌مه‌ڵ قبوڵ نا‌کات و له‌دوای خوێندنه‌وه‌ش دونیایه‌ک پرسیاری گرنگ ده‌رباره‌ی ژیان و شوێنای مرۆڤ له‌جیهاندا ده‌هاروژێنێت. له‌هه‌مان کاتیش‌دا گرنگی ئه‌م ڕۆمانه له‌وه‌دایه چێژ به‌خشه، پڕه له‌زمان و گفتوگۆی فه‌لسه‌فی، پڕه له‌وێنه و ڕێکه‌وتی مرۆیی سه‌یر سه‌یر له‌نێو میژوودا. به‌دیوێکی دیکه‌دا نوسینه‌وه‌ی مێژوویه‌که ڕۆماننوس ناهێڵێت به‌ئاسانی و به‌بێ گومان به‌نێویدا تێپه‌ڕبین. به‌هه‌مان شێوه‌ش فۆتۆکانی (جه‌مال پێنجوینی) گه‌نج ته‌عبیره له‌به‌شێکی بینراوی فریشته‌کان که‌لێره‌و له‌وێ خاوه‌نی جیهانبینی خۆیانن و ده‌بن به‌ڕه‌قیب به‌سه‌ر مرۆڤه‌وه و ده‌چنه نێو مرۆڤه‌وه و لێی ناترازێن. به‌مه‌رجێک فریشته‌کانی به‌ختیار له‌مرۆڤه‌کانیان ده‌ترازین و ده‌مرن. له‌نێوان شه‌یتان و فریشته‌دا، له‌نێوان مرۆڤ و فرێشته‌دا ئه‌م دوو کاره ئه‌ده‌بی و فۆتۆگرافیه، ته‌عبیره له‌تراژیدیاترین به‌ش له‌ژیانی ئێمه‌دا که فریشته‌کانن، له‌خه‌یاڵه‌وه بازهه‌ڵده‌ده‌نه نێو مێژووی ڕیالیستیمان و مێژوویه‌کی دیکه‌ی نه‌بینراو بۆ خۆیان ده‌نوسنه‌وه، که‌به‌ختیار عه‌لی مێژوونوسه‌که‌یه‌تی و جه‌مال پێنجونیش فۆتۆگرافه‌کەیه‌تی. بەتایبەت لای جەمال ده‌بن بە دیار و له‌نادیاره‌وه باز هه‌ڵده‌ده‌نه نێو بینراو وئه‌میش چرکه ساته‌کانیان فۆتۆگرافی ده‌کات.. له‌م سه‌ره‌تا بچوکه‌وه خوێندنە‌وه‌ی من بۆ ڕۆمانی (که‌شتی فریشته‌کان) له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌هه‌ندێک شوێندا ڕه‌خنه‌یه له شێواز و ته‌کینیکی نوسینی بەختیار عه‌لی، به‌حوکمی ئه‌وه‌ی خۆم چیرۆکنوسم و خودایه که‌ی ڕۆماننوسێک له‌گه‌ل ڕۆماننوسێکی دیکه له‌سه‌ر شێوازی نوسیندا یه‌کده‌گرنه‌وه. گه‌ر وه‌ها بوایه ئه‌وا ڕۆمانه‌کانی دونیا هه‌مووی له‌یه‌کده‌چوون. به‌ڵام کۆی ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه سه‌رسامیه‌کی گه‌وره و پڕ نیگەرانیە به‌م کاره ئه‌ده‌بیه‌ی که‌دونیایه‌ک خۆشبه‌ختی پێبه‌خشیم. فریشتەکان لێرەو لەوێ سه‌ره‌تا ده‌بێت ئه‌وه بڵیین که‌قسه‌کردن له‌سه‌ر فریشته‌کان له‌ڕۆمانی دونیادا، بابه‌تێک بووه ڕه‌گه‌کانی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دونیای خواوه‌نده‌کان، دونیای ئه‌و مرۆڤانه‌ی وه‌ک هیرکولس یان ئاخیلیس یان ئادۆنیس که‌له‌مرۆڤبوونه‌وه یان نیمچه مرۆڤبونه‌وه له‌نێو ئازار و ئه‌شق و جه‌نگه‌کاندا هه‌ڵکشاون بۆ دونیای خواوه‌نده‌کان. ئاوه‌ها له‌وه‌ته‌ی مرۆڤایه‌تی هه‌یه فریشته‌کان به‌ده‌وروخولیدا فڕیوون و لوتده‌ژه‌ننه ژیانیانه‌وه. له‌ئه‌ده‌بی نوسراویشدا هه‌میشه فریشته و مرۆڤ وشه‌یتان (که‌خۆی فریشتیه‌که له‌فریشته‌کان)، له‌به‌هه‌شته‌کانه‌وه به‌دووی ئاده‌م و حه‌واوه‌ن. فریشته چاکه‌کاره‌کان وفریشته خراپه‌کاره‌کان واز له‌مرۆڤ ناهێنن تاوێک خۆی وه‌ک مرۆڤ ژیان به‌سه‌ربه‌رێت. هه‌میشه ئه‌م دوو فریشته‌یه مرۆڤ له‌نێوان چاکه‌و خراپه وڕه‌ش وسپی وتاوان وچاکه‌کاریدا به‌جێده‌هێڵن. له‌قابیل و هابیله‌وه فریشته‌کان به‌دوومانه‌وه‌ن؛ شه‌یتان فریشته ڕه‌شه‌که‌یه ده‌ڵێ بکوژه و چڵێسبه و مرۆڤبه به‌بێ ئه‌وه‌ی خواوه‌ندێک فه‌رمانت پێ‌بکات، جوبریل فریشته‌ش په‌یتا په‌یتا ده‌یه‌وێت مرۆڤه‌کان به‌رزبکاته‌وه بۆ ئاستی فریشته‌یی و مرۆڤه‌کان ده‌کات به په‌یامبه‌ر و چاکه‌کار و جه‌نگاوه‌ری خواوه‌ند. ئاوه‌ها له‌نێوان جه‌نگی ئه‌م دوو فریشته‌یه‌دا جیهان دابه‌شبووه بەدوو سه‌ربازگه‌ی هه‌میشه‌یی، هه‌رچه‌نده وه‌ها بۆ زیاتر له بیست و دووساڵ ده‌بێت مرۆڤایه‌تی له‌دوو سه‌ربازگه‌یی سۆسیالستی و ڕۆژئاوایی ڕزگاری بووه، به‌ڵام ئه‌م به‌ڵای دوو فریشته‌یه لەفۆرمی دیکه‌دا په‌لاماری مرۆڤایه‌تی ده‌دات، هه‌ر ماوه‌یه‌ک تێپه‌ڕ نابێت که یه‌کێک ، تاقمێک ، پارتێکی سیاسی یان ده‌وڵه‌تێک باس له‌فریشته‌یی خۆیده‌کات وئه‌وانیتر به‌شه‌یتانخواز تۆمه‌تبارده‌کات. که‌م نین ئازیزان ئه‌و هه‌موو مرۆڤانه‌ی به‌ناوی فریشته‌کانه‌وه سه‌رده‌بڕێن، ئەو جەنگانەی لەمڕۆدا بەناوی فریشتەکانەوە هەڵدەگرسێن. یه‌عقوب (ئه‌یوب) له‌گه‌ل فریشته‌دا زۆران ده‌گرێت \ لیۆر ١٨٦٥Jacob Wrestling with the Angel, Alexander Louis Leloir, 1865Classic French Romantic Biblical Art Print ئاوه‌ها له‌ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌دا له‌هۆمیرۆسه‌وه تائه‌مڕۆ چیرۆکی فریشته‌کان درێژه‌ی هه‌یه، تاده‌گاته میتامۆرفۆسه‌کانی ئۆڤید و درێژده‌بێته‌وه بۆ نێو مێژووی ئاینیه‌کان و له‌وێوه بۆ نێو ڕاڤه‌کردنه فیکریه‌کان ده‌رباره‌ی سومبۆلی فریشته له‌ژیانی مرۆڤدا. به‌گشتی فریشته بابه‌تێکه ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ی تێکسته‌کان چ ئاینی بێت یان چیرۆک خۆی لێداوه. له‌ئه‌ده‌بی هاوچه‌رخدا هیچ یه‌ک له‌ئێمه گه‌شتی (جوبریل فریشته) له‌یاد ناکه‌ین بەتایبەت له‌ڕۆمانی (ئایه‌ته شه‌یتانیه‌کانی ) ڕۆماننوس ( سه‌لمان ڕوشدی) یاری به‌چاره‌نوسه‌کان ده‌کات وله‌گه‌ڵ ته‌قینه‌وه‌ی فڕۆکه‌که‌دا له‌ئاسماندا له‌گه‌ڵ (سه‌ڵاحه‌د‌ین حه‌ماخا ) له‌ئاسماندا سه‌ما ده‌که‌ن وده‌چنه سه‌ر زه‌وی. (جوبریل فریشته) وه‌ک فریشتیه‌که‌ی (دووباره له‌دایکبوو) له‌سه‌ر زه‌وی وله‌نێو دونیای مرۆڤه‌کاندا وه‌ک ئه‌کته‌رێکی سینه‌مایی ژیان به‌سه‌رده‌بات وسه‌ڵاحه‌دین حەماخا لەڕۆمانەکەدا ده‌بێت به‌شه‌یتان، سه‌لاحه‌ده‌ین گرفتی له‌گه‌ڵ فۆرمه نوێیه‌که‌ی خۆی هه‌یه وه‌ک شه‌یتانیکی کلکدار و قۆچ لێهاتوو. ئاوه‌ها له‌م ڕۆمانه‌دا مرۆڤ وفریشته وشه‌یتان لوتده‌ژێنێته دونیای مرۆڤه‌وه. له‌ئه‌ده‌بی ئیسپانیدا ڕۆمانی (گه‌مه‌ی فریشته‌کان) ڕۆماننوس (کاڕلۆس ڕویز زایفۆن) ناونیشانی ئه‌و ڕۆمانه‌یه که‌لیستی کتێبه هه‌ره فرۆشباوه‌کانی ئه‌م نوسه‌ره‌یه له‌دوای ڕۆمانه به‌ناوبانگه‌که‌ی (سێبه‌ره‌کانی با)، هه‌ر له‌و ڕۆمانه نوێیانه‌دا بمێنینه‌وه ڕۆمانی (ده‌سته‌ی فریشته‌کان ) که‌ڕۆمانیکی نیمچه پۆلیسی، ڕۆماننوس و ده‌رهێنه‌رو سیناریستی (ئاندرێ کامیلیری) و یه‌کێکه له‌ڕۆمانه سه‌رنجڕاکێشه‌کان. ئیدی فریشته‌کان لێره‌وه له‌وێ له‌کۆڵمان نابنه‌وه. لەنێوان بەخشین و پێشکەشکردندا له‌وانه‌یه یه‌که‌م کاردانه‌وه‌م له‌دوای خوێندنه‌وه‌ی سه‌ره‌تای هه‌ر ڕۆمانێک ئه‌وه بێت، که‌ئه‌م ڕۆمانه به‌ره‌و کوێمان ده‌بات، چیمان پێشکه‌شده‌کات وده‌یه‌وێت کامه دونیامان نیشانبدات؟. به‌دیوێکی دیکه‌دا ده‌بێت بیر له‌وه بکه‌ینه‌وه ئه‌م ڕۆمانه چیمان پێده‌به‌خشێت؟ چونکه جیاوازیه‌کی گه‌وره هه‌یه له‌نێوان چی پێشکه‌شده‌که‌ین و چی ده‌به‌خشین!. له‌یه‌که‌مدا گه‌ر تێما و دونیابینی بێت له‌پێشکه‌شکردندا، ئه‌وا گرنگترین توخم له‌به‌خشیندا چێژه، چێژه له‌خوێندنه‌وه و چێژه له‌و به‌خته‌وه‌ریه به‌وه‌ی ته‌نیایت له‌گه‌ڵ ڕۆمانێکدا، چێژه له‌وه‌ی توڕه ده‌بیت و غه‌مبار ده‌بیت و له‌گه‌ڵ خۆتدا ده‌ڵێیت: ئاخ خۆزگه ئه‌م ڕووداوانه ئاوه‌ها نه‌بوونایه وده‌بێت دوایی چی ڕووبدات!. به‌مانای چێژه له‌ڕووداوه‌کان و له‌جوڵه‌ی فیگوره‌کان، له‌خه‌و‌نه‌کانیان، له‌موزیکی ناوه‌وه‌ی ڕۆحیان، له‌قه‌ده‌ریان، له‌نامورادی ئه‌شقیان، چێژی ڕەدووکەوتنی سه‌ر جێگاکانیان و ئاهاتی به‌خته‌وه‌ریانە، چێژه له‌وه‌ی به‌رامبه‌ر ئه‌زمونێکی نوێی ژیان ده‌بینه‌وه. خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمان مانای خوێندنه‌وه‌ی چێژێکه له‌ژیانی ئه‌ویتر، که‌له‌نێو ڕۆمانه‌که‌دا گه‌مه‌ی خۆی ده‌کات، چێژه له‌جوڵه‌و هه‌ناسه وخه‌ونبینین و ساته له‌پڕه‌کان که‌چاوه‌وڕوانی ناکه‌ین، به‌گشتی چێژه له‌چیرۆکی ژیانێکی تر. له‌کاتی خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانی گه‌وره‌دا له‌جوڵه‌ی ڕووداوه‌کاندا ئه‌و چێژ به‌خشیه به‌جوانی به‌رجه‌سته ده‌بێت، نه‌ک خوتبه بێژی و فه‌لسه‌فاندنی درێژی وه‌ڕزکار. من پێموایه پرسیاتی ئەوەی چیرۆک وچیرۆکه‌که له‌کوێیه؟ ڕووداو له‌کوێیه؟ پریۆتیتی یان ئه‌وله‌ویه‌تی یه‌که‌می هه‌یه، به‌ڵام ده‌بێت بپرسین کامه ڕووداو و ئه‌م ڕووداوه به‌ره‌و کوێمان ده‌بات؟ کامه مه‌به‌ست وکامه چرکه ساتی مرۆیی و ئێکسێتێنتالی (وجودی) ده‌جوڵێنێت؟ له‌کوێدا له‌کامه دێڕی کورت‌دا فیکر له‌سه‌ری ده‌وه‌ستێت و شرۆڤه‌ی ده‌کات؟ نه‌ک ڕۆماننوس خۆی شرۆڤه‌ی بکات! له‌کامه ڕووداودا موچڕکه‌مان پێدادێت و هه‌ستده‌که‌ین ڕۆتین ئێمه‌ی کردووه به قالۆنچه‌یه‌کی کافکایی، به‌بێئه‌وه‌ی قالۆنچه‌که خۆی بفه‌لسه‌فێنێت و پێمان بڵێت بۆچی بووه به‌قالۆنچه!. ئه‌وه‌ی هه‌یه ڕووداوه پیمان ده‌ڵێت بۆ له‌ڕۆمانی ( ده‌عاجانیبوون Verwandlung ) ی (فرانز کافکا ) پاڵه‌وانه‌که ده‌بێت به‌قالۆنچه، نه‌ک قالۆچه‌نه‌که خۆی که (گریگۆری سامسایه) باسی فەلسەفەی قالۆنچەبونی خۆی بکات. ڕووداوه‌که لەڕۆمانەکە به‌یانی له‌خه‌و هه‌ستانی گریگۆری سامسای پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌که‌یه و کارێتی له‌م به‌یانی تا ئێواره وه‌ک فرۆشیاریکی گه‌ڕۆکی خاولی و دووباربونه‌وه‌ی ژیانه به‌ڕیتمیکی ڕۆبۆتی، لەم خاڵەدا (فرانز کافکا) نافه‌لسه‌فینێت وپاڵه‌وانه‌که‌شی ئه‌وه‌نده چه‌نه‌بازی ناکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌قالۆنچه بوون، له‌ده‌عه‌جانیبوون، له که‌رتبوونی ڕۆحی مرۆڤ له‌نێو مۆدێرنه‌دا تێبگه‌ین. بەمانای (گریگۆری سامسا) بەپەرەگراف ولاپەڕەی باسی که‌رتبوونی ڕۆحی نا‌کات، بێگومان ئیمه‌ی خوێنەر خۆمان لەڕووداوەکاندا لەوە تێدەگەین کەئه‌قڵانیه‌تی ئامڕازگه‌را و سوستێم، مرۆڤ دەکات به‌بونه‌وه‌رێک خۆی دووباره ده‌کاته‌وه له‌نێو ڕۆژانە ژیاندا، نه‌خێر (فرانزکافکا) ئه‌وه نا‌کات، ڕۆماننوسی باش ئه‌وه نا‌کات، به‌ڵکو له دووتوێی که‌متر له‌سه‌د لاپه‌ڕه‌دا ئه‌و کێشه‌به‌ندیه قوڵه‌ی نێوان مرۆڤ و خودی خۆی ، مرۆڤ و سوستێم له‌ڕووداودا به‌رجه‌سته ده‌کات. به‌ڵام له‌پشت ئه‌م سه‌د لاپه‌ڕه‌ی ڕۆمانەکەی کافکا کێشه‌ی مرۆڤی مۆدێرن به‌رجه‌سته دەبێت، که‌وه‌ک قالۆنچه‌یه‌ک له‌نێو تۆڕی کار و خیزان و په‌یوه‌ندیه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کاندا ژیان به‌سه‌رده‌بات، وه‌ک قالۆنچه‌یه‌کیش که‌سه‌رپشتده‌که‌وێت زه‌حمه‌ته هه‌ڵبگه‌ڕیته‌وه به‌دروستی. ئاوه‌ها ئه‌وه ڕووداوه‌کانن خۆیان شرۆڤه‌کان به‌رهه‌مدێنن، نه‌ک ڕووداووی ئاسایی بهێنین وبه‌شرۆڤه‌ی گه‌وره‌ی فه‌لسه‌فاندنه‌وه نمایشی بکه‌ین، قورسی بکەین بەئایدیاکانی خۆمان کەدەتوانین لەکتێبی فیکریدا و لەهەوڵدانەکان Essays دەکرێت شرۆڤەبکرێت. لێره‌وه چێژبینین درزی تێده‌که‌وێت، چونکه ڕووداو‌و ونه، یان گێڕانه‌وه‌یه‌که‌ی ساده‌یه به‌ڵام به‌هێزیکی فه‌له‌سه‌فاندنی باشه‌وه ده‌رباره‌ی بوون ودونیا ومیتافیزیک و مۆڕاڵ و ئیتیک داپۆشراوه. لێره‌وه ئیشکالیه‌ت له‌نێوان چێژبه‌خشین و پێشکه‌شکردنی زانیاری دروست ده‌بێت، له‌و بڕوایه‌دام ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین کێشه‌ی هه‌ردوو کتێبی که‌شتی فریشته‌کانە. دیاره له‌نێوان ئه‌م دووانه‌دا (پێشکه‌شکردن و چێژبه‌خشین ) گفتوگۆیه‌کی گه‌وره هه‌یه، به‌وه‌ی مه‌رج نییه ئه‌و کتێبانه‌ی چێژمان پێده‌به‌خشن، بتوانن خه‌ونی نوێ و دووری نوێ و جیهانبینی نوێمان پێشکه‌شبکه‌ن. هه‌روه‌ها به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه مه‌رج نییه ئه‌و ڕۆمانه‌ی زۆرمان پێشکه‌شده‌کات چێژ به‌خش بێت. گرفتی خوێنه‌ر له‌نێوان پێشکه‌شکردن وبه‌خشیندا گرفتێکی ئه‌زه‌لی و له‌هه‌مان کاتیش‌دا ڕێژه‌ێییه. ئاوه‌ها ئیمه له‌گه‌ڵ هه‌ر ڕۆمانێکدا به‌رامبه‌ر ئه‌م کێشه‌به‌ندیه ده‌بینه‌وه، به‌تایبه‌ت له‌ڕۆمانه‌کانی (به‌ختیار عه‌لی) که هه‌میشه له‌نێوان به‌خشینی چێژ و پێشکه‌شکردنی ئایدیادا گه‌مه‌ی خۆی ده‌کات. گه‌مه‌یه‌ک چه‌نده ڕیتۆریک و خیتابیه، ئه‌وه‌نده‌ش چێژبه‌خشه له‌ڕووی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و دونیا نوێیانه‌ی که‌خه‌یاڵ بینای ده‌کات وجارێکیتر ده‌مانباته‌وه نێو مێژوویه‌کی ئاوس به‌خیانه‌ت وشکۆداری درۆزنانه و ونبوونی به‌ها مرۆییه‌کان، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم ئه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه‌ی هیلاک کردووه خوتبه درێژه‌کانی پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌که‌ن، به‌جۆرێک که‌چیتر له‌ڕووی دونیابینیه‌وه جیاوازیان نییه لەگەڵ یەکتری، چونکه پیاوێکی ئاسایش وه‌ک فه‌یله‌سوفیک ده‌فه‌لسه‌فێنێت و چه‌قۆکێشێک وه‌ک مۆڕاڵستێک و دکتۆرێک وه‌ک شاعیرێک و شاعیرێکیش وه‌ک شرۆڤه‌کاریکی دونیا و گه‌ردوون، به‌گشتی چیتر نازانین ئه‌مانه یه‌ک پا‌ڵه‌وانن ده‌دوێن یان چه‌ند پاڵه‌وانێک و چه‌ند کاراکته‌رێکی جیاوازن له‌نێو ڕووداوه‌کاندا قسه ده‌که‌ن؟ ئه‌مه وه‌ها ده‌کات که‌له‌ڕووی فیکریه‌وه له‌م کتێبه بڕوانین، یاخود به‌شێوه‌یه‌کی دیکه هه‌ستبکه‌ین که‌ئێمه کتێبێکی فه‌لسه‌فه‌ی زاتی ده‌خوێنینه‌وه، لێره‌دا فه‌لسه‌فه‌ی زاتی مه‌به‌ست له‌وه نییه که فه‌لسه‌فه‌یه‌ک بێت تایبه‌ت به‌خود، سوبێکتیزم، به‌ڵکو مه‌به‌ست له‌وه‌یه که‌فه‌یله‌سوفێک هه‌یه له‌گه‌ڵ قوتابخانه‌یه‌کی خۆیدا به‌خۆی تێوره‌و چه‌مک و دونیابینیه‌وه لەسەر گۆی زەوی وەستاوه[1] . له‌ڕۆمانی کلاسیک‌دا ڕۆماننوس وه‌ک فه‌یله‌سوفه زاتیه‌کان، خاوه‌نی قوتابخانه‌ی خۆیه‌تی دونیا‌و کاراکته‌ری پاڵه‌وان و بیروڕاکان شرۆڤه ده‌کات، نه‌ک له‌ڕێگه‌ی ڕسته‌ی کورت یان په‌ره‌گرافه‌وه یان چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌که‌وه، به‌ڵکو زۆرجار له‌ڕێگه‌ی خوتبه‌ی پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌کانه‌وه ته‌عبیر له‌خۆیده‌کات. بۆ نمونه که خوێندنه‌وه‌یه‌کی خێرا بۆ ڕۆمانی کلاسیکی دونیا مرۆ په‌ی به‌ئه‌و کلاسیکیه خوتبه‌بێژیه ده‌بات، چ له‌ڕێگه‌ی ڕۆماننوس و ده‌نگی رۆماننوسه‌وه بێت له‌نێو کتێبه‌که‌دا، یان له‌ڕێگه‌ی دیالۆگی دووروو درێژی پاڵه‌وانه‌کان بێت له‌گه‌ڵ یه‌کتریدا، ئه‌مەش وه‌ها ده‌کات که‌ڕوداوو دێژ بێته‌وه بۆ چه‌نده به‌ش و خاو بڕوات له‌زۆر شوێندا، به‌ڵام مه‌رج نییه له‌هه‌موو فه‌سڵی ڕۆمانی کلاسیک‌دا وه‌ها بێت ، به‌ڵکو له‌هه‌ندێک به‌شی رۆمانه‌که و له‌هە‌ندێک کاپیتالدا ئه‌و خوتبه بێژییه کلاسیکیه هه‌ستپێده‌که‌ین، به‌ڵام ده‌که‌وینه هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌وه وه‌ها مه‌زنده بکه‌ین که کۆی ڕۆمانی کلاسیکی دونیا پابه‌نده به‌خوتبه‌بێژیه‌وه، نه‌خێر له‌کلاسیکیاته‌وه بیگره، بۆ نمونه( ستاندال) به‌وجۆره درێژی ناکاتەوە، تەنها له‌هه‌ندێک کاتدا نەبێت کاتێک وه‌سفده‌کات، بۆ نمونە له‌سه‌ر ته‌فسیری شته‌کان و میمیک و ده‌ربڕینه‌کان ده‌وستێت. ڕۆمانه‌کانی وه‌ک ( سوور و ڕه‌ش ) و (خه‌ڵوه‌تگه‌ی پارما) باشترین نمونه‌ن. (ئالکسانده‌ر دۆماسی گەورە) وه‌ک نمونه ئاماژه‌ی پێبده‌ین ڕوداوو زاڵه‌و له‌هه‌ندێک شوێندا که‌باس له‌سوارچاکی وجه‌نتڵی ده‌کات هه‌ندێک زیاده‌ڕۆیی ده‌کات، به‌ڵام ڕووداو نه‌بۆته قوربانی وەسف و شرۆڤەی ڕۆماننوس. باهه‌ر له‌ئه‌ده‌بی فه‌ڕه‌نسیدا بمینینەوە و باسی (فیکتۆر هۆگۆ) بکه‌ین له (بێنه‌وایان) یان (قه‌مووری نۆتردام ) که‌نمونه‌یه‌کی کلاسیکین، تێبینیدەکەین ئه‌وه‌نده شرۆڤه زاڵ نییه به‌سه‌ر ڕووداوودا، به‌مەرجێک له‌ڕۆمانی کلاسیک‌دا ئەو شیوازە باو بووه. لێرەوە دێمە سەر که‌شتی فریشته‌کان و لەم ڕۆمانەدا ئه‌وه‌نده دونیا شرۆڤه کراوه ، به‌جۆرێک وه‌ها هه‌ستده‌که‌ین که‌گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌کان ته‌نها بۆئه‌وه باسکراوه که شرۆڤه بکرێت، نه‌ک ڕووداوه‌کان وه‌ها چنینه‌وه‌ی بۆ بکرێت که خۆی ته‌فسیر هه‌ڵبگرێت. هه‌موویان ده‌ڵێن و ده‌ڵێن و ده‌ڵێن، به‌جۆرێک که‌ده‌چنه خانەی فیگوره چه‌نه‌بازه‌کانه‌وه. چه‌نه‌بازی ده‌رباره‌ی زوڵمه‌ت، ده‌رباره‌ی ژن و مێردایه‌تی، تاریکی نێو ڕۆحمان، جوڵه‌ی گه‌ردوون و بوونی خوا و په‌یامبه‌ره‌کان و جه‌هه‌ری شکستی و کوشتن و نشوستی و زۆریتر… به‌شێوه‌یه‌ک که پێشکه‌شکردنی ئه‌م هه‌موو ته‌فسیره چێژی خوێندنه‌وه ده‌بات بۆ کایه‌کی دیکه. که‌کایه‌ی فیکریە، کایه‌ی فه‌لسه‌فاندنی دونیایه، بەمانای شرۆڤه‌یه له‌کاتیگۆریه‌کی دیکه‌دا بەدەر لەڕۆمان. به‌م زێده‌ڕۆیی شرۆڤەکردنی فیگورەکان لەگەڵ یەکتریدا ڕۆمانەکە لەزۆر فەسڵدا دەچێتە نێو زۆنگاوه‌کانی بێزاریه‌وه. دوونمو‌نه ده‌هێنمه‌وه له‌سه‌ر ئه‌م بێزاربوونه له‌خوێنده‌وه‌ی ڕۆمانی پڕ خوتبه‌و شرۆڤه‌ی ئه‌ده‌بی و فه‌لسه‌فاندن، یه‌کێکیان به‌ڕای من (تۆماس مان)ی ڕۆماننوسی بەناوبانگی ئه‌ده‌بی ئه‌ڵمانیە. ئه‌ویتر (دێستۆێفسکی) یه له‌ئه‌ده‌بی ڕوسیدا. هه‌ردوو ڕۆماننوسه کلاسیکیه‌که‌مان ئه‌وه‌نده خوتبه‌بێژن له‌ته‌فسیرکردنی دونیای ناوه‌و ده‌ره‌وه‌ی پاڵه‌وانه‌کانیاندا، که‌ده‌گه‌یته ئاستی بێزاری ، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه بڵێم له‌و زه‌مه‌نه‌دا که ته‌لفیزۆن نه‌بووه و تۆڕی نێت گۆگله و ویکیپیدیا وچاخی زانیاری نه‌بووه، ئه‌م جۆره شرۆڤه‌کردنه جێگه‌ی قبوڵ بووه و ڕۆماننوسەکان پۆزشیان بۆ زێدەرۆیی وەسف و گوتاری پاڵەوانەکانیان هەیە، چونکە جێگه‌ی به‌خته‌وه‌ری بووه بۆ خوێنەر له‌وورده‌کاری ئاناتۆمی و نه‌خۆشیی سیل بزانێت، که (تۆماس مان) له ڕۆمانی (چیای جادوو) په‌نای بۆ ده‌بات. (تۆماس مان) وه‌ک دکتۆریکی شاره‌زا باسی ده‌مار و سیه‌کان و هه‌ناسه توندی سیل و ئامێرەکانی دەکات. به‌ڵام (تۆماس مان) له‌مه‌دا زیره‌کانه ئه‌وه ده‌کات، زۆربه‌ی شرۆڤه‌کان ده‌کاته زمانی خۆی نه‌ک گێڕه‌وه‌ی سەرەکی کە فۆرمی کەسی یەکەمی تاکه، بەڵکو منی ڕۆماننوسە رووداوەکان بەبێلایەنی دەگێڕێتەوە، بەمەش هه‌مووی ناخا‌ته سه‌رشانی پاڵه‌وانه‌کانی و هه‌مووشیان وه‌ک یه‌ک قسه‌ناکه‌ن، که پاڵه‌وانه‌که‌ی قسه‌داکت وه‌ک (هانز کاسترۆپ) قسه‌ده‌کات نه‌ک وه‌ک (تۆماس مان ) به‌یه‌ک شێوه و یه‌ک ڕیتم و یه‌ک بیرکردنه‌وه نادوێن. له‌به‌رئه‌وه ناتوانم تێگەیشتنم بۆ ئەوە هەبێت، که ڕۆمانی (که‌شتی فریشته‌کان) له‌هه‌ردوو کتێبه‌که‌یدا هه‌وڵدانیک بێت بۆ بیناکردنی ڕۆمانی کلاسیکی، به‌قه‌د ئه‌وه‌نده‌ی کتێبی شرۆڤه‌یه بۆ دونیای کوردی له پڕۆزا و پەخشانێکی فه‌لسه‌فیدا، له‌په‌خشانئامێزیه‌کی فه‌لسه‌فاندندا خۆی نمایشده‌کات. ئه‌وه‌ی وه‌ها ده‌کات که‌به‌رگه‌ی (تۆماس مان) بگرین یه‌که‌میان زه‌مەنه‌که‌یەتی کەلەزەمەنێکدا بووە دونیا لەڕێگەی ڕۆماننوسەکانەوە خۆی نمایشدەکرد، بەمانای سەردەمەکەیەتی. دووهه‌میان ئه‌ڵمانیه قوڵەکه‌یه‌تی لەنێو زماندا که‌فۆرمی سیفه‌ت و پێوه‌لکاندنه‌کان یان فۆرمی گینیتیڤ و یاری زمانه‌وانی تۆماس مانه که‌وه‌هامان لێده‌کات له‌وه‌رگێڕانه‌که‌شیدا چێژی لێوه ببینین. هه‌مان لێکدانه‌وه‌ش بۆ ڕۆمانه‌کانی (دێستۆێیفسکی) ڕاسته، به‌تایبه‌ت له‌شیکردنه‌وه‌ی ناخی پاڵه‌وانه‌کانیدا، له‌قسه‌کردنیدا له‌مه‌ڕ تاریکی ناخی که‌سه‌کان، وه‌ک شیکار ده‌روونیه‌ک قسه‌ده‌کات و مرۆڤ شیده‌کاته‌وه. له‌زۆربه‌ی ڕۆمانه‌کانیدا سایکۆلژیستێکی به‌توانایه، فرۆیدێکه له‌پێش زه‌مه‌نی (سیگمۆند فرۆید). Leo Tolstoy 1897 ته‌نانه‌ت (لیۆ تۆلستۆی) به‌تایبه‌ت له ڕۆمانی (شه‌ڕ و ئاشتیدا) خوتبه‌ی درێژی هه‌بووه ، به‌ڵام هیچیان وه‌ک ڕۆمانی کلاسیک زمانی پاڵه‌وانه‌کانیان ئه‌وه‌نده لێکچوو نه‌بووه، وه‌ک له‌وه‌ی له‌م دووکتێبه‌ی (که‌شتی فریشته‌کان) زێده‌ڕه‌وی تێداکراوه. هیچ ڕۆمانێکی کلاسیک ئه‌وه‌نده خوتبه‌ی فه‌لسه‌فیان نه‌داوه، چ جای ڕۆمانێک له‌سه‌ده‌ی بیست و یه‌کدا نوسرابێت!. هیچ ڕۆمانیک وه‌ها نانوسرێت هه‌تاوه‌کو خۆیان له‌پله‌یه‌کی فه‌لسه‌فاندندا نه‌بووبن ، به‌ڵام له‌چه‌ند فه‌سڵ و شوێنی گونجاو‌دا، نه‌ک له‌هه‌موو ڕۆمانه‌کدا و له‌هه‌ردوو کتێبه‌که‌دا. به‌مانای گه‌ر له‌ڕوانگه‌ی کلاسیکیاتی ڕۆمانه‌وه ته‌ماشای ئه‌م رۆمانه بکه‌ین ئه‌م ڕۆمانه هه‌ڵگری ئه‌م بۆشاییه گه‌وره‌یه و له‌کتێبی دووهه‌میشیدا هه‌مان گرفت دووباره ده‌بێته‌وه، به‌جیاواز له‌کتێبه‌کانی دیکه‌ی ئه‌م ڕۆماننوسه، ئه‌م ڕۆمانه‌ی بێئه‌ندازه پڕه له‌خوتبه‌ی پاڵه‌وانه‌کان و جێگه‌ی بێزاریه . لێره وه ئه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه پێشکه‌شمانیده‌کات چێژی خوتبه‌ی فه‌لسه‌فی و فه‌لسه‌فاندنی دونیایه له‌لایه‌ن پاڵه‌وانه‌کانیه‌وه، که وه‌ک ئاماژه‌مپێدا هه‌موویان ده‌فه‌له‌سه‌فینن له ده‌نکه گه‌نمه‌وه باسیده‌که‌ن تاده‌گه‌نه زوڵمه‌ت و تاریکی ناخی مرۆڤ وگه‌ردوون و له‌جیاتی خودا‌ش بیرده‌که‌نه‌وه. ساتێک زۆر پێکه‌نیم به‌و بیرۆکه‌یه هات، بەوەی گه‌ر مێژووی ئێمه وه‌ک له‌م ڕۆمانه‌وه به‌ختیار وێنایده‌کات ئه‌کته‌ره‌کانی، بکه‌ره‌کانی ئه‌وه‌نده فه‌لسه‌فاندبێتیان، هه‌ر له‌شێرخانه‌وه بیگره تا پیاوی ئاسایش وتاده‌گاته کۆنه ته‌واری خوێڕیه‌کانی به‌عس لەنمونەی نزار ئیدریس وهۆمەر لیڤیتانت و گه‌نده‌ڵه‌کانی زه‌مه‌نی تازه‌ی کوردی. گه‌ر هه‌موویان ئه‌وه‌نده به‌ته‌عبیری (هانا ئاڕێنت ) له‌گه‌ڵ خۆیاندا بکه‌و‌تنایه گفتوگۆ[2]، وەک لەڕۆمانەکدا هاتووە، دونیای کوردی ئه‌وەندە ناشرین نەدەبوو!. که‌واته ئه‌م هه‌موو ناشرینیه پرۆدێکت و به‌رهه‌می کێیه! به‌رهه‌می ئه‌وانه‌یه که‌ئاوه‌ها به‌قوڵی بیرده‌که‌نه‌وه و له‌هه‌موو هه‌نگاویکدا ده‌فه‌لسه‌فێنن، و له‌دوایدا پیاو ده‌کوژن و پاشان قوڵ بیر له‌شۆڕش ده‌که‌نه‌وه؟ یان پرۆدێکتی ئه‌و کاڵفامه ئه‌به‌دیانه‌ن که‌له‌گه‌ڵ خۆیاندا گفتوگۆ ناکه‌ن! لێره‌دا پاڵه‌وانه‌کان هه‌موویان فه‌یله‌سوفی زه‌مانی خۆیانن و هابرماز و سافرانسکی و کامۆیه‌کن بۆ خۆیان، له‌نێو ڕووداوه‌کاندا، من وه‌هام هه‌ستده‌کرد که‌ئه‌م (هەڤاڵ جەنگیزە) پیاوی ئاسایش نییه، به‌ڵکو (تیۆدۆر ئادۆڕنۆیه) و کتێبی (مینیما مۆڕاڵیا) به‌کوردی ده‌نوسێته‌وه ! ئه‌مه‌ش وه‌هامان لێده‌کات زیاتر له‌سه‌ر بیرۆکه‌کان بوه‌ستین نەک ڕووداوه‌کان، نه‌ک فه‌زای فیگوره‌کان، که‌به‌شیکی زۆری له‌جوڵه و ڕوداوودا له‌خۆیدا ده‌بینێته‌وه. به‌مانای ده‌بێت له‌سه‌ر ئایدیاکانی کتێبه‌که بوه‌ستین، نه‌ک ڕۆمانه‌که، چونکه ڕۆمان لێره‌دا ونه به‌مانای وشه، ڕۆمانەکە لەزۆر بەشیدا خۆی وندەکات، خۆی لەنێو خوتبەی پاڵەوانەکانیدا نەفیدەکات. ئه‌وه‌ی هه‌یه گفتوگۆی پاڵه‌وانه‌کانه له‌نێو ڕووداوه‌کاندا، به‌جۆرێک مرۆڤ هه‌ستده‌کات له‌نێو ڕووداوێکداین، بەڵام کۆمه‌ڵێک مرۆڤی چه‌نه‌باز ئه‌وه‌نده قسه‌ده‌که‌ن، نایه‌ڵن ئێمه خۆمان له‌گەڵ ڕووداوه‌کەدا بوه‌ستین و وێنه‌یه‌کی له‌مه‌ڕ بینابکه‌ین. نایەڵن خۆمان وه‌ک خوێنه‌ر ڕای له‌سه‌ر بینابکه‌ین، پێشینه هه‌موو شته‌کان وتراوه و ئەوان ده‌یڵێن و ده‌یڵێنەوە، به‌جۆرێک گه‌ر خوێنه‌ر زیره‌ک بێت خۆی خاوه‌نی خوێندنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فی بێت یان فیکری، ده‌توانێت جار جاره ده یان پازده و زیاتریش لاپه‌ڕه بازهه‌ڵبدات به‌سه‌ر خوتبه‌کاندا و هیچ له زنجیره‌به‌ستی ڕۆمانه‌که تێک‌ناچێت. به‌گشتی کۆی ڕۆمانه‌که له‌سه‌ر گریمانیه‌کی فه‌لسه‌فی وئه‌ده‌بی وه‌ستاوه ئه‌ویش هیجره‌تی فریشته‌یه له‌نێو ڕۆحماندا، هیجره‌تی مرۆڤه له‌نێو فریشته‌دا، به‌مه‌ش (به‌ختیار عەلی) زۆر جوان، زۆر به‌تیژبینیه‌کی فه‌لسه‌فیانه‌وه کۆی کتێبی یه‌که‌م و دووهه‌م ئه‌م گرفته شرۆڤه ده‌کات، به‌ڵام دێت و له‌نێو ڕووداوه‌کاندا ئه‌وه نا‌کات، به‌ڵکو ڕووداوه‌کان و چیرۆک ده‌کات به‌قوربانی فه‌لسه‌فاندنی پاڵه‌وانه چه‌نه‌بازه‌کانی . به‌مانای شێوازێکه له‌فه‌لسه‌فاندن له‌سه‌ر حسابی هونه‌ری ڕۆماننوسین. بەمەرجێک دیاره ئه‌مه له‌ڕۆمانی (جه‌مشید خانی مامم ) ته‌واو پێچه‌وانه‌یه و بێئه‌وندازه له‌پشت فڕینی جه‌مشید خانه‌وه فه‌لسه‌فاندێک هه‌یه به‌ڵام نه‌نوسراوه‌ته‌وه، بەڵام ڕووداو‌و هه‌یه، گرێچنی قوڵ وئاڵۆز هه‌یه، جوانترین خاڵ ئەوەیە خوتبه نییه. له‌م ڕۆمانه‌دا ڕۆماننوس به‌پێچه‌وانه‌وه، لە ڕۆمانی کەشتی فریشتەکانە بەشێکی زۆری ڕوداوو و چیرۆکه‌که‌ی کردووه قوربانی خوتبه فه‌له‌سه‌فیه‌کان، یان فه‌لسه‌فاندنه‌کانی پاڵه‌وانه‌کانی، به‌مه‌ش ئه‌م کتێبه ده‌بێته کتێبی شرۆڤه‌و فه‌لسه‌فاندن نه‌ک ڕۆمانێک. ئایدیاکانی نێو ڕۆمانه‌که وه‌ک ئاماژمان پێدا ئه‌م دووکتێبه زیاتر ده‌چنه خانه‌ی فه‌لسه‌فاندنی دونیاوه، له‌به‌رئه‌وه غه‌دریێکی گه‌وره له‌م کتێبه ده‌که‌ین گه‌ر هاتوو به‌نێو ئایدیاکانیدا گوزەر نه‌که‌ین، بێگومان جێگه‌ی سه‌رنجه ئه‌وه بیر خوێنه‌ری ئازیز بهێنمه‌وه، که‌چه‌نده من خۆم وه‌ک ڕۆماننوسێک به‌وه بێزاربووم بەوەی فیگوری پاڵه‌وانه‌کانی ئه‌م ڕۆمانه هه‌موویان ده‌فه‌له‌سه‌فێنن و ئیدی سنوری فه‌لسه‌فاندنی ڕیوائیانه‌ی تێپه‌ڕاندووە، ده‌هێنده‌ش من چێژم له‌م گفتوگۆ فه‌لسه‌فیانه وه‌رگرتووه که که‌لەزاری پاڵه‌وانی سه‌ره‌کی له‌فۆرمی من، یان که‌سی یه‌که‌می تاک به‌درێژایی دوو کتێبه‌که قسه‌ده‌کات. له‌وانه‌یه تۆزیک له‌م ڕه‌خنه‌یه‌م بێمه‌ده‌رێ بتوانم ئه‌وه‌نده بڵێم که‌به‌ده‌ر له‌هه‌موو شتێک ئه‌م گفتوگۆیانه له‌ڕووی فیکریه‌وه جێگه‌ی بایه‌خن، چێژبینین له‌وه‌دایه کاتێک ڕۆماننوس، کاتێک ئه‌ده‌ب ده‌فه‌لسه‌فێنێت. ئه‌مه‌ش ڕه‌هه‌ندێکی ته‌واو جیاوازه کاتێک ئێمه بۆ نمونه کتێیکی وشکی وه‌ک (ڕه‌خنه له‌ئه‌قڵی په‌تی یان ڕووت ) ی فه‌یله‌سوفی قوتابخانه‌ی ئایدیالزمی ئه‌ڵمانی (ئه‌مانوێل کانت ) ده‌خوێنینه‌وه، یان چ نه‌بێت کتێبی (کایه‌کان – بڵقه‌کان/ گلۆبۆس/ کەفەکان )ی فەیلۆسۆفیکی گرنگی وەک (پێته‌ر سڵۆتێردایک) ده‌خوێنینه‌وه. دیارە بۆ هه‌موو کتێبێکی فه‌لسه‌فی ده‌بێت دونیایه‌ک پێداچوونه‌وه بکه‌ین به‌و چه‌مکانه‌ی که‌له‌وه‌و پێش زانیاریمان هه‌یه له‌سه‌ری. به‌گشتی قسه‌بکه‌ین کاتێک ڕۆماننوس خۆی له‌فۆرمی که‌سی سێهه‌می تاک یان که‌سی یه‌که‌می تاک یان له‌ڕێگه‌ی پاڵه‌وانه‌کانیه‌وه قسه‌بکات و دونیا شرۆڤه بکات، ئه‌وا ئه‌ده‌ب لێره‌دا دێته نێو ڕوانینیه‌وه، به‌مانای چیتر ئایدیاکان وه‌ک خۆیان نامێنێنن وه‌ک فه‌لسه‌فه‌یه‌کی ئه‌بستراکت، به‌ڵکو ده‌چنه کایه‌ی لیته‌رات (ئه‌ده‌ب) و جیهانبینیه‌کی دیکه دێته به‌رده‌مان، که‌دونیای دروستکردنی ئایدیایه لەسه‌ر ئایدیا. به‌مانای ئه‌و بیرۆکه فه‌لسه‌فیانه‌ی ڕۆماننوس له‌کتێبه‌که‌یدا شرۆڤه‌ی ده‌کات، هه‌مان بیرۆکه‌ن که‌له‌فه‌لسه‌فه‌دا یان ئایدیاکانی سیاسه‌ت و کۆمه‌ڵناسیدا باسکراون. شرۆڤه‌ی لیتراتی ته‌واو جیاوازه، به‌وه‌ی ڕه‌هه‌ندێکی ئیستاتیکی ترانسێندێنتاڵ و باڵای پێده‌به‌خشێت، لێره‌وه خوێنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فاندنی ڕۆمانه گه‌وره‌کان ، که‌کتێبه‌که‌ی ئێستامان له‌و ڕیزه‌دایه، خوێنده‌وه‌یه‌که گرنگی خۆی هه‌یه و چێژی تایبه‌تی خۆی هه‌یه. وێنەی مرۆڤ لەڕۆمانەکەدا بۆئه‌وه‌ی بێمه سه‌ر ئایدیاکان یان خوێندنه‌وه‌ی خۆم بۆ ڕه‌مزیه‌ت و بیناکردنی ئایدیاکان له‌م دووکتێبه‌دا، ده‌توانم چه‌ند وێنه‌یه‌کی له‌سه‌ر ئه‌م تێکسته بینابکه‌م. من پێموایه یه‌که‌م وێنه سه‌رنجی ڕاکێشام وێنه‌ی مرۆڤ بوو له‌م دووکتێبه‌که‌دا. وێنه‌ی مرۆڤ دووجار له‌م ڕۆمانه‌دا ونده‌بێت، جارێکیان له‌لایه‌ن نوسه‌ر خۆیه‌وه ونیده‌کات و جارێکی‌تر جیهانی هه‌بوو نه‌ک خه‌یاڵبۆکراو ده‌یفه‌وتێنێت ، به‌مانای فشاری ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤ خودی ئه‌و وێنه‌یه غیابده‌کات که‌لەنێو خۆماندا هه‌مانه. له‌یه‌که‌میاندا دیکتاتۆریه‌تیه‌کی بێ وێنه پاڵه‌وانه‌کان غیابده‌کات و ده‌مبه‌ستیان ده‌کات که ڕۆماننوس خۆیه‌تی له‌به‌رامبه‌ر فیگوره‌کانی نێو کتێبه‌کانی، ڕۆماننوس هه‌ناسه نادات به‌پاڵه‌وانه‌کانی و ناهێڵێت قسه‌بکه‌ن، هه‌موویان وه‌ک یه‌ک قسه‌ده‌که‌ن ، چونکه ئه‌وه ده‌نگی ڕۆماننوسه له‌جه‌سته‌ی ئه‌وانه‌وه دیته ده‌رێ. ئه‌وه ده‌نگی خۆیانه، به‌مه‌ش نوسه‌ر مرۆڤه‌کانی نێو ڕۆمانه‌که‌ی ونده‌کات و له‌جیاتی هه‌مووان قسه‌ده‌کات. (هانا ئاڕێنت) له‌قسه‌کردنیدا ده‌رباره‌ی (کاڵفامی خراپه‌کاران ) ده‌ڵێت ئه‌وان ته‌نها گوێیان له‌ده‌نگدانه‌وه‌ی خۆیان بووه، نه‌ک دەنگەکانی دەرەوەی خۆیان[3]. بەم پێیە نەک هه‌ر له‌م دووکتێبه‌دا ، به‌ڵکو له‌کۆی ڕۆمانه‌کانی نوسه‌ردا ئه‌م ئیشکالیه‌ته ده‌بینین، که‌هه‌موو پاڵه‌وانه‌کانی زۆر به‌زه‌قی ده‌نگی به‌ختیارعەلین نه‌ک ده‌نگی خۆیان وه‌ک عه‌ره‌بانچی، وه‌ک کۆترباز، وه‌ک چه‌قۆکێش، ته‌نانه‌ت وه‌ک ژن، ته‌نانه‌ت ژنه‌کانیش وه‌ک پیاوێک ده‌فه‌له‌سفێنن. وێنه‌ی مرۆڤ وه‌ک ڕۆڵی خۆی له‌ژیاندا ونه و ڕۆماننوس غیابیده‌کات، به‌مه‌ش ده‌سه‌ڵاتی نوسه‌ر به‌سه‌ر هه‌موویاندا ده‌سه‌ڵاتێکی پیاوسالاری پاتریارکیه. ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی به‌یه‌ک تۆن له‌جیاتی هه‌مووان قسه‌ده‌کات، ستایلی ژیانی ئه‌و کادێرانه‌ی پارته مارکسیه‌کانمان بیردەهێنێتەوە که‌له‌هه‌موو شتێکدا قسه‌ده‌که‌ن و ده‌نگی خۆیان زاڵه به‌سه‌ر هه‌موو ته‌فسیرێک که‌بوونی هه‌بێت. ڕۆماننوس له‌جیاتی هه‌مووان قسه‌ده‌کات له‌جیاتی چه‌قۆکێش و دکتۆر و ژن و بازرگان و پیاوی ئاسایش و فریشته و داروبه‌رد. هه‌موویان به‌ده‌نگی ئه‌و، به‌وێنه‌ی ئه‌و وتۆنی ئه‌و و موزیکی ئه‌و قسه‌دەکه‌ن. هه‌موویان یه‌ک که‌سن و ده‌نگدانه‌وه‌ی یه‌ک که‌سن و نوێنه‌ری خۆیان نین وه‌ک مرۆڤ له‌نێو جیهاندا، به‌ڵکو نوێنه‌ری ڕۆماننوسن له‌نێو دونیادا، هه‌موویان ده‌نگدانه‌وه‌ی ڕۆماننوسن نه‌ک خۆیان. ڕۆماننوس وه‌ک پاتریارێک، وه‌ک کادێرێکی باڵای پارتێکی مارکسی لینینی له‌جیاتی هه‌مووان خوتبه ده‌دات و وێنه‌ی ئه‌وان ونده‌کات، پاڵه‌وانه‌کان له‌کۆی ڕووبه‌ڕی ڕۆمانه‌کدا کاراکته‌ریان ونه، خه‌وتنیان هه‌ستانیان، شێوازی ژیانیان و ته‌نانه‌ت نازانین چی ده‌گوزه‌رێت له‌ده‌وه‌وه‌ی ئه‌واندا، دونیای ژوور و زیندان و شوێنه‌کانیش ونکراون و خۆیانی لێنادات، لەزۆر شوێندا ڕۆمانه‌که سه‌فسه‌ته‌یه‌کی دووروودرێژه ده‌رباره‌ی مرۆڤ و فریشته‌و ئیمان و نه‌عله‌تبوون ونشوستی و خیانه‌ت وکوشتن. له‌ڕۆمانه‌کدا نوسه‌ر هه‌ر خۆی پیاوی ئاسایشه و وه‌ک ئه‌و قسه‌ده‌کات و هه‌ر خۆی عومه‌ر لیڤتانته و وه‌ک ئه‌و قسه‌ده‌کات هه‌ر خۆی نه‌غه‌ده ماردینیه و نه‌غه‌ده به‌جوتێ گوونی فه‌لسه‌فەی شیعریەوە ده‌ڕوات بۆتاریکایی، مرۆڤ وه‌ها هه‌ستده‌کات که لێزبە یان ترانسە. نەغەدە دوورە لەکارکتەرەی مێینە و پیاوانه قسه‌ده‌کات و پیاوانه‌ش ده‌ژی، بێگومان به‌جیا له‌و وه‌سفه‌ی که‌لەسه‌ره‌تای ڕۆمانه‌کدا پێیده‌به‌خشێت که‌خانمیکی ناسک و جوانی شاعیره. (دیاره ده‌بێت لێره‌دا ئه‌وه‌ش بڵێین که به‌ختیار زیره‌کانه په‌نچه بۆ ئه‌و پیاوه ده‌بات که‌له‌ناخی ژنی کوردی‌دا گه‌مه‌ده‌کات)، به‌ڵام له‌ڕووی ته‌کنبیکی نوسینه‌وه نه‌غه‌ده ده‌نگی خۆی نییه و ده‌نگی به‌ختیاری شاعیره، نه‌ک نه‌غه‌ده مار‌دینی شاعیر. ته‌نانه‌ت خه‌وتنی نەغەدە لەگەڵ شێرخان و عومه‌ر لیڤیتانت و نزار ئیدریس وه‌ک خه‌وتن وه‌هایه له‌گه‌ڵ ترانس و نێرێک له‌گه‌ڵ نێرێکدا. هه‌موو مێینه‌یه‌تی وه‌سف و سه‌رجێگه‌و ڕوانینی نه‌غه‌ده له‌زاری نزار ئیسریسه‌وه‌یه‌و ئه‌و مافه نادات به‌نه‌غه‌ده خۆی باسی خه‌وتنی خۆی بکات له‌گه‌ڵ نزار و بزانین بۆچی خه‌وتنی ئه‌م خانمه شاعیره له‌گه‌ڵ ئه‌م چه‌قۆکێشه چه‌نه‌بازه‌دا چیژبه‌خشه، نهینی له‌کوێدایه و چێژ له‌کوێدایه، به‌ختیار لێره‌دا پیاویکی کۆنزه‌رڤاتیڤه‌و خۆی لێنادات و ڕازیه به‌گێڕانه‌وه‌ی سه‌رجێگاکانی به‌کورتی له‌زاری وه‌فا و ئیدریسه‌وه. خه‌وتنی نه‌غه‌ده له‌وه‌سف وهه‌ڵسوکه‌وتدا وه‌ک خه‌وتنی نێره له‌گه‌ڵ نێره‌کانی دیکه. به‌مه‌ش له‌ڕێگه‌ی ڕۆماننوسه‌وه مێێنه ونده‌کرێت وده‌نگی ڕۆماننوسی نێرینه‌ی پێده‌به‌خشرێت. ئاوه‌ها ڕۆماننوس هه‌ر خۆی دکتۆر موسته‌فا شوکاکه و ته‌نانه‌ت مه‌هدائیلی فریشته‌یە که‌له‌جه‌سته‌ی چه‌قۆکێش و جه‌لادێکه‌وه دیته ده‌رێ، دەنگی مەهدائیلی فریشتە ده‌نگی ڕۆماننوسه به‌ڕاسته‌وخۆیی به‌رامبه‌ر دونیا، بێگومان ئه‌مه‌ش که‌لێنه گه‌وره‌که‌ی هونه‌ری گێڕانه‌وه‌یه له‌م ڕۆمانه‌دا. بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم خاڵە دەتوانم تۆزیک باسی ئەم فریشتەیە بکەم ، کە(مه‌هدائیلی فریشتە)یە، ئەم فریشتەیە وەک لەڕۆمانەکدا هاتووە له‌ناخی پیاوکوژێکی بێباک و کەللەپوتەوە دێته ده‌رێ ، بەڵام سەیر لەوەدایە دەنگی فریشتەکەی نەک تەنها بەپێچەوانەی دەنگی مرۆڤەکەی خۆیەتی ، بەڵکو سەدوهەشتا پلە لەکاراکتەری کەسێتیە چەقۆکێشەکە جیاوازە، بەجۆرێک جیاوازە نەک هەر ڕۆشنبیریکی ئاسایی مەسلەکی نییە، بەڵکو دەنگی ئەم فریشتە یە ده‌نگی ڕۆماننوسه، دەنگی یەکێکە دونیایەک کتێبی خویندۆتەوە و تەنانەت لەنوسینەوەی یاداشتەکانیدا سەلیقەی ڕۆماننوسێکی بێ وێنە لەنێوان دێڕەکانەوە ئامادەیە. پێویسته لێره‌دا ئاماژه به‌وه‌بکه‌م که (به‌ختیار عه‌لی) باسی مرۆڤه‌که‌ی مەهه‌دائیلی فریشته ده‌کات ، مرۆڤێکه له زه‌مه‌نی (به‌هه‌شتی بارزانیدا) وه‌ک چه‌قۆکێشێک کۆمۆنیسته‌کان ده‌کوژێت و سوکایه‌تیان پێده‌کات. شیوعیه‌کان ئه‌و زه‌مه‌نه به‌ده‌ستی ئه‌م چه‌قۆکێشه بێڕه‌حمانه ده‌کوژران، چونکه ئه‌و پڕوپاگه‌نده‌یان بۆ مارکسیه‌کان بڵاوکردبۆوه که‌گوایه مرۆڤ ده‌بێت به‌ری دره‌ختی خۆی ته‌نها بۆ خۆی بێت و ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه که‌ده‌شێت مرۆڤ خوشکی خۆی یان کچی خۆی بۆ خۆی بێت، ئاوه‌ها له‌پشت ئەم پروپاگەندە ترسناکەوە چه‌نده‌ها زمانی ڕه‌ش کاری دەکرد، ئه‌و زه‌مه‌نه سیاسەتی کوردی لەژێر ئەو ناوە شیوعیه‌کانی له‌م شاره‌دا ده‌کوشت. ئه‌م ڕووداوانه ئه‌وه‌نده سه‌خت و جه‌رگبڕ و پڕ جنێوە، که‌له‌یاده‌وه‌ری شاردا تائێستا زینده‌گیه، بەجۆرێک بەندە له‌ڕۆمانی (ئه‌دیوو سنوور..) چه‌ند فه‌سڵێکم له‌م ڕووداوه مێژوویه باسکردووه، به‌ڵام دیارە به‌جیاوازی ئازیزم (به‌ختیار عەلی ئه‌و باسی فریشتەی پیاکوژه‌که ده‌کات له‌و زه‌مه‌نه‌دا و منیش قوربانیەکە. باسی شاعیرێک ده‌که‌م. شاعیرێک به‌ده‌ستی چه‌قۆکێشێک ده‌کوژرێت له‌ڕۆمانه‌که‌دا که‌ناوی (ئه‌دۆنیسی شاعیره). به‌ڵام به‌ختیار عه‌لی له‌م ڕۆمانه‌دا باس له هه‌مان ڕووداووی مێژوویی ده‌کات، کەبێگومان ئەم ڕووداوە دەکرێت چەندەها کتێبی ئەدەبی و سیناریۆی لەسەر بنوسرێت. ئه‌مجاره بەختیار باز هەڵدەدات بۆ ڕەهەندە نەبینراوەکەی ئەم پیاوکوژانە، باسی چه‌قۆکێشه‌که ده‌کات که‌شیوعیه‌کان ده‌کوژێت له‌به‌رده‌م ماڵی خۆیاندا و سوکایه‌تیان پێده‌کات، ئەمەش ئەو دووریە ئیستاتیکیە گرنگەیە لە ئەدەبی گێڕانەوەی بەختیار عەلی کەهەمیشە دەچێتە ئەو دیوو دونیای بنیراو ڕیالستی، چونکە وەک خۆی ئاماژەی پێدەکات هەقیقەت و دونیای ڕیالستی دڵڕەق و دیسپۆتە. ئەم ڕاکردنە لەدیسپۆتی شتەکان لەخودی خۆیدا لەپرۆسەی مامەڵەی ڕۆمانوس لەگەڵ فیگورو ڕووداوەکاندا بەرجەستە بووە، بەڕای من ئەمە خەسڵەتە باڵاکەی ئەدەبی بەختیارە. بەهەمان شێوەش ئەدەبێکە پڕە لەچێژ بەوەی لەپڕ پەلت دەگرێت بۆ دونیایەکی دیکە، و پێماندەڵێت ئەو دونیای تۆ نایبینی لەسەر لەپی دەستی خۆت پاڵکەتووە. بەمشێوەیە چێژوەرگرتن لەخوێندنەوەی چیرۆکی کوشتن و په‌رته‌وازه‌کردنی شیوعیه‌کان له‌شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی بیستی ئه‌م شاره‌دا، وه‌ستانێکه که‌ده‌بێت ئه‌ده‌ب زیاتری له‌باره‌یه‌وه بنوسێت، بەڵام وەستانی ئەم ڕۆمانە وەستانێکە لەبەردەم ئەو فریشتە زامدارەی لەم هەموو کوشتنەوە لەدایکدەبێت و مرۆڤ بەجێدەهێڵێت. جه‌نگی فریشته‌كان ؛ زنجیره فۆتۆگرافی (جه‌مال پێنجوێنی) لێره‌دا قسەکردن لەمەڕ ئه‌م به‌شه‌ی ڕۆمانه‌که به‌گرنگ ده‌زانم، به‌ڵام ئیشکالیه‌ت له‌وه‌دایه که‌ئه‌و فریشتیه گرنگه‌ی ڕۆمانه‌که له‌ناخی ئه‌م چه‌قۆکێشه‌وه دێته ده‌رێ، تەواو لەگەڵ خەسڵەتەکانی چەقۆکێشەکانی شەستەکانی سەدەی بیستی ڕابوردوودا یەکناگرێتەوە، تەنها لەوەدا نەبێت بەرگی خاوەنەکەی یان چاکتر وەهایە بڵێم مرۆڤەکەی دەپۆشیت. گەر تێبینی جوڵەی لەنێو ڕووداوەکاندا و خوتبە درێژەکانی بدەین، بیرەوەریەکانی بخوێنینەوە لەمەڕ فریشتە و مرۆڤ و ئەخلاق و فەزیلەت و زوڵمەت، ئەوا وەها هەستدەکەین ئه‌م فریشته‌یه له‌قوتابخانەیه‌کی فه‌لسه‌فی و ئەدەبیەوه دێته ده‌رێ نه‌ک له‌ناخی چه‌قۆکێشیکی به‌دژیان!. به‌مانای ئیشکالیه‌ته‌که لێره‌دایه به‌وه‌ی ڕۆماننوس نه‌دیوه فریشته‌که‌ی فیگوره‌که‌ی نیشانداوه و نه دیوه شه‌یتانیه‌که‌ی؟ به‌ڵکو دیوه به‌ختیار عه‌لیه‌که‌ی نیشانداوین، که‌ده‌فه‌لسه‌فێنێت و دونیا شرۆڤە دەکات. ئه‌مه‌ش منی تووشی سه‌رسوڕمان کرد. مه‌هدائیل هه‌ر ده‌ڵی و ده‌ڵی و ده‌ڵێ و ده‌فه‌لسه‌فێنێت له‌کتێبی یه‌که‌مدا، گوتارەکانی چەندەها لاپەڕە و پەرەگرافن و له‌کتێبی دووهه‌میشدا خاوه‌نی باشترین ده‌فته‌ری بیره‌وه‌ریه! ئه‌و پرسیاره‌ی من وه‌ک خوێنه‌ریکی ئه‌م کتێبه له‌خۆمم کرد ئه‌وه بوو : تۆبڵێی له‌ناخی هه‌موو چه‌قۆکێشێکی بێئامانی کوردیدادا، تیۆدۆرئادۆڕنۆیه‌کی شاراوه بوونی هه‌بێت و ئیمه که‌شفمان نه‌کردبێت؟! له‌کتێبی دووهه‌مدا فریشته مه‌هدائیل خوێنه‌وارێکی بی وێنه‌و ڕۆماننوسیکی بەسه‌لیقەیە لەنوسینەوەی یاداشتەکانیدا، کەبێگومان لەنوسینەوەی یاداشتەکاندا ئەو دەنگەی قسەدەکات سەد دەر سەد ڕۆماننوس خۆیەتی نەک فریشتەکە، چونکە فریشتەکەش هەر خۆیەتی، ده‌توانین بڵێین فریشتیه‌کی بیرمه‌ند و رۆماننوسە و لەبیرەوەری پاڵەوانی ڕۆمانێک ناچێت. لێره‌دا هه‌م چه‌قۆکێش وینه‌که‌ی ونه و نەفیکراوە، هه‌م فریشته‌که‌شی کاراکته‌ره‌ی خۆی ونکردووه و فریشتە نییە و بیرمەندێکە بۆ خۆی، دژبوونێک دروستبووە له‌نێوان پاڵه‌وانه چه‌قۆکێشه‌که و کاراکته‌ری فریشته‌که‌یدا. دیاره لێره‌دا ده‌بێت ئه‌وه بڵیین که‌هه‌موو شتێک له‌دونیای فانتازیادا ڕه‌وایه ، به‌ڵام فانتازیاکان ده‌بێت جۆرێک له‌لۆجیکی خۆیان هه‌بێت، که‌لۆجیکی ئەدەبی و هونەریە. ئه‌و فانتازیایه قوده‌ره‌تی قه‌ناعه‌تی له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵگرتووه، بۆ نمونه ئێمه له‌رۆمانه‌کانی (گابرێل گارسیا مارکیز) دا ده‌توانین بڕوا به‌وه بکه‌ین به‌تایبه‌ت له‌رۆمانی (پایزی پاتریارک ) که‌ده‌ریایه‌کی پان و پۆڕ ژماره‌ی لێبدرێت و بخرێته نێو سنوقه‌وە، دەریایەک کە ئه‌مریکایه‌کان بیکڕنه‌وه و له‌جیاتی ئه‌وه سارایه‌کی بێ سنوور به‌جێبهێڵن، یاخود گوونی پاتریارک فیکه لێبدات چونکه فتقێکی ئه‌زه‌لی هه‌یه. به‌مانای لۆجیکێک هه‌یه بۆ فانتازیا، به‌هه‌مان پێودانگیش دووری ئه‌م دووکاراکته‌ره به‌و ڕیزپه‌ڕیه جێگه‌ی پرسیاره، که‌لێنێکی ئاشکرایه له‌توانای دروستکردنی پاڵه‌وانێک ودانانی هێڵی جیاکه‌ره‌وه له‌نێوانیاندا. به‌ڵام که‌به‌راووری ده‌که‌ین به‌توانای جوانی (به‌ختیار عەلی) ئه‌م گریمانه‌یه‌ش لاوازی به‌رده‌که‌ێت، چونکه به‌ختیار ئه‌و لاوازیه‌ی تێدا نییه. له‌به‌رئه‌وه ده‌توانین به‌شێوه‌یه‌کی دیکه بیربکه‌ینه‌وه له‌وه‌ی؛ بۆچی ئه‌م لوجیکی فانتازیه ونه؟ له‌وانه‌یه بۆ گه‌ڕان به‌دووی ئه‌م وه‌ڵامه‌دا پێویستمان به‌وه بێت بچینه نێو کایه‌کی دیکه‌وه، ئه‌ویش کایه‌ی سایکۆلژیه‌تی ده‌قه‌که‌یه به‌په‌یوه‌ندی به‌نوسه‌ره‌که‌یه‌وه. ئه‌م دوو کاراکته‌ره (مەهدائیلی فریشتە و مرۆڤەکەی) ئه‌وه‌نده جیاوازن که‌ده‌گه‌ینه ئه‌و بڕوایه‌ی خالقی ئه‌م دووانه کەڕۆماننوسە به‌مەبەست هه‌رووکیانی نه‌فیکردۆته نێو ده‌نگی خۆی، ئه‌مه‌ش ده‌مانگه‌یه‌نێته خاڵێکی دیکه که‌ده‌کرێت له‌سایکۆلۆژیه‌تی پرۆسه‌ی نوسین و خه‌ڵقکردنی پاڵه‌واندا ئه‌م نه‌فیکردنه ڕوویدابێت، نوسه‌ر وه‌ک خالیقێک ئه‌وه‌نده بێبه‌زه‌ییه که‌ناهێڵێت فریشته‌که له‌م باره‌دا له‌گه‌ڵ مرۆڤه‌دا لێکدی بچن، یان چی نه‌بێت به‌چه‌ند ڕایه‌ڵێکه‌وه کاراکته‌ری نێزیک بێت لەپاڵەوانەکەی . نوسه‌ر زۆر پیاوسالارانه‌و نێر سالارانه و پاتریرکانه، ده‌نگی خۆی ده‌به‌خشێت به مه‌هدائیل و ناهێڵێت ئه‌م فریشتیه بگه‌ڕێته‌وه بۆ مرۆڤه‌که‌ی نێوی وکاراکته‌ر وشتێک له‌سیفه‌تی مرۆیی مرۆڤه‌که‌ی خۆی وه‌ربگرێت، به‌دەستی ئه‌نقه‌ست مرۆڤه‌که له‌زیندانه‌کانی نوسەردا ونده‌کات. به‌مشێوه‌یه له‌سه‌رێکه‌وه نوسه‌ر مرۆڤی ونکردووه و له‌سه‌رێکی دیکه‌وه فریشته‌کانیشی نەفیکردۆتە نێو دەنگی خۆی، بەمانای ده‌نگی خۆی بەڕاستەوخۆیی به‌خشیوە به‌هه‌موو فیگوره‌کان. به‌دیوێکی دیکه‌دا ڕۆماننوس ئۆدیبیانه مه‌رگی مرۆڤ نمایشده‌کات به‌ده‌ستی فریشته‌کان، لێرەوە کاتێک فریشتەکان کەلەدایکدەبن، یاخود دووباره له‌دایکده‌بنه‌وه به‌ترازانیان له‌جه‌سته‌ی مرۆڤ، ئه‌وا قه‌ده‌ری مرۆڤەکان ون و کوێرده‌بێت لەدونیادا، وەک چۆن ئۆدیبۆس وەک سزایەک بۆ ئەبەد خۆی کوێردەکات، ئاوەها مرۆڤەکان لەدوای ترازانی فریشتەکانی ناخیان یان کوێرن و بەدووی ڕووناکیدا دەگەڕێن کەئەمە لەلیوا جەنگیزدا بەئاشکرا دیارە، یان مرۆڤەکان ڕۆح مردوون وەک ئەوەی ئێمە لەچیرۆکی ئەو مرۆڤانەدا دەیانبینین کەفریشتەکانیان لێوه ترازون. ئیدی ئۆدیبۆس کوێر دەبێت یاخود فریشتە باوکەکەی خۆی دەکوژێت. ئه‌م دووریە لەڕۆمانەکەدا، ئەو بونیادە پاتریارکیه تاریکەیە، کە ڕۆماننوس به‌جوانی ده‌یپه‌ڕێنێته‌وه بۆ نێو کایه‌ی ڕۆمانه‌که، ته‌واوی فه‌زای ڕۆمانه‌که ده‌کاته فه‌زای ڕۆماننوس نه‌ک هی فریشته‌و مرۆڤه‌کان. ڕۆماننوس زۆر به‌سه‌ختی به‌رگری له‌ژیانی خۆیده‌کات وه‌ک سوبێکتێکی لیتراتی له‌نێو ئه‌م ده‌قه‌دا، به‌مانای (خودێکی ئه‌ده‌بیه) نایه‌وێت له‌نێو ده‌قدا بمرێت، چونکه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه بڕیاڕی داوه پاڵه‌وانه‌کانی ئازاد نه‌بن له‌ژیانیاندا، ئه‌مه‌ش وه‌ها ده‌کات له‌زۆر شوێندا پاڵه‌وانکان زینده‌گی پڕ جوڵه‌نه‌بن، به‌قه‌د ئه‌وه‌نده‌ی هه‌موویان به‌زمانی ئه‌ده‌بی یه‌ک که‌س ده‌دوێن، که خالیقه‌که‌یانه. نوسه‌ر ده‌یه‌وێت ده‌نگی خۆی تا دوالاپه‌ڕه نه‌مر و ئه‌زه‌لی بێت، نه‌ک ده‌نگی پاڵه‌وانه‌کانی. ئه‌م پرۆسه‌یه کوشتنی مرۆڤ و فریشته‌یه پێکه‌وه، ڕۆماننوس به‌ئه‌نجامیده‌گه‌یه‌نێت، نه‌ک پاڵه‌وانه‌کانی، نه‌ک ڕووداوه‌کان، نه‌ک ده‌نگێکی دیکه‌ی نێو رۆمانه‌که، به‌مانای هه‌موویان له‌سه‌ر یه‌ک نه‌غمه‌و ڕیتم ده‌نگی رۆماننوسن و له‌غیابدان . بۆجاری دووهه‌میش وێنه‌ی مرۆڤ له‌غیابدایه، ئه‌مجاره‌یان له‌خودی ئایدیای ڕۆمانه‌که‌دایه، له‌ناوه‌ڕۆکی نوسینه‌که‌وه‌یه، ئه‌مه‌یان لای خوێنه‌ریکی وه‌ک من زۆر جێگه‌ی قبوڵه چونکه ئه‌مجاره‌یان من ته‌نها چێژ له‌بیرۆکه‌کان ده‌بینینم ، ته‌نها بیرۆکه‌کان و هیچتر. بۆ ئه‌وه‌ی بیرکردنه‌وه‌کانم فۆرموله بکه‌مه‌وه ده‌ڵێم: له دووهه‌م جاردا که وێنه‌ی مرۆڤ ونده‌بێت، زۆر فۆکۆیانه له‌سه‌ر لمی که‌ناره‌کان وننابێت، به‌ڵکو له‌نێو ڕووداوه‌کاندا، له‌نێو مێژووی کوردی‌دا، وێنه‌ی کورد ونده‌بێت، چونکه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه شتێک بوونی نه‌بووه ناوی مرۆڤێکی کورد بێت له‌نێو مێژوودا! بۆنمونه سه‌رۆک له‌کۆتایی ژیانیدا به‌بۆنی کورد بێزاره و ده‌سته‌سڕ به‌لووتیه‌وه ده‌گرێت، که‌چی بۆنی بێگانه‌کانی پێخۆشه‌و که‌یفی پێدێت. له‌م چرکه‌ساته‌وه و له‌زۆر شوینی ڕووداوه‌کاندا له‌م ڕۆمانه‌دا به‌ختیار به‌ڕه‌شبینیه قوڵه‌که‌یه‌وه مردنی خۆمان بیردێنێته‌وه، به‌وه‌ی ئیمه بونه‌وه‌رێکی مێژوویی نین، به‌ته‌عبیری ( فردیرک نتیچه) قسه‌بکه‌م ئه‌و مرۆڤه نامیژووگه‌رایانه وه‌ک ئه‌و په‌ڵه مه‌ڕ و گۆله‌که‌یه وه‌هان له‌لێواره‌کاندا ده‌له‌وه‌ڕن! . ڕۆماننوس دووباره مرۆڤ نه‌فیده‌کاته‌وه، به‌وه‌ی نایه‌وێت ئه‌م مرۆڤه هه‌قیقی بێت، ئه‌م مرۆڤه ڕیالیزه‌ناکات، هه‌رگز نه‌یویستووه مرۆڤه‌کان هه‌قیقی بن، به‌پێیی خۆیان بڕۆن، له‌نێو ڕووداوه‌کاندا قسه‌ی خۆیان هه‌بێت، خه‌ونی خۆیان ببینین، سێکس بکه‌ن، ڕووتبنه‌وه، نه‌خێر ئه‌مانه ڕووناده‌ن و ئه‌مه‌ش مانانی ئه‌وه نییه که مرۆڤه‌کانی به‌بێ قنگ له‌دایکبوون، به‌ڵام به‌هه‌قه‌ت له‌نێو دونیای خه‌یاڵدا ونده‌بن، وێنه‌ی ڕیالیستیان هه‌میشه سه‌رێکی ده‌چێته‌وه نێو خه‌یاڵ و دونیای خه‌یاڵ و قوونی له‌نێو دونیای ڕیاڵدایه. دیاره له‌هه‌موو ڕۆمانه‌کانیدا (به‌ختیار عه‌لی) ئه‌مه ده‌کات، هه‌میشه دونیایه‌کی خه‌یاڵبۆکراو به‌سه‌ر دونیای ڕیالستیدا زاڵده‌کات، وه‌ک ئه‌وه‌ی بڵێت که‌دونیای ئێمه چیتر به‌رگه‌گرتنی نه‌ماوه، چیتر مرۆڤ بوونی نه‌ماوه، له‌م هه‌موو ڕیالستیه بێبه‌زه‌ییه‌دا شتێک له‌گێڕانه‌وه‌ی ڕیالیزم هه‌مان تاوانه که‌ژیانی ڕیاڵ به‌سه‌ر مرۆڤدا ئه‌نجامیداوه. ئه‌مه‌ش وه‌های کردووه مرۆڤ ونبێت لای ئه‌و، جارێک له‌ده‌نگی خۆیدا و جارێکیش له‌نێو خه‌یاڵدا و جارێکیش له‌نێو نامێژووگه‌راییدا. سات نییه ئه‌م مرۆڤانه وننه‌بن له‌نێو خه‌یاڵ یان خوتبه‌ی فه‌لسه‌فیدا، به‌مانای ساتێک نییه ئه‌م مرۆڤانه له‌ڕووی وجودیشه‌وه بێت وننه‌کرێت، و غیابنه‌درێت. تاکه که‌س له‌م ڕۆمانه‌دا به‌ر به‌زه‌یی ڕۆماننوسه‌که‌ی که‌وتووه (بولبویاری) نه‌گبه‌ته که‌ده‌زانێت چی ده‌وێت و جوانیه‌کانی خۆی پاراستووه، که‌چی ڕۆماننوس ئه‌میش ده‌خاته به‌رده‌می غیابێکی دیکه‌وه، چونکه له‌چه‌ند جارێکدا پیاوی ئاسایش ده‌بێته فریادڕه‌سی! ئیدی هه‌میشه مرۆڤه ئۆرگیناله جوانه‌که له‌لایه‌ن نامرۆڤه ترسناکه‌که ڕزگارده‌کرێت، ژیانی خه‌یاڵی باڵا و ترانسێندێنتال و جوانی له‌لایه‌ن ناشرینی و ڕیالستی و ئه‌قڵانی ڕزگار ده‌کرێت، له‌نێو ئه‌مانه‌دا ده‌م و چاوی مرۆڤ ونه و مه‌حکومه به‌ونبوون. خه‌مه میتافیزیکیه‌کان وه‌ک ئاماژه‌م پێدا له‌نێو ڕوداوه‌کاندا مرۆڤ ئه‌وه‌نده ونده‌بێت، به‌جۆرێک بۆ ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر زه‌ویدا بڕوات هیچی لێوه نامێنێته‌وه، مرۆڤ له‌زۆربه‌ی ڕۆمانه‌کانی ئه‌م نوسه‌ره‌دا بونه‌وه‌رێکه قاچێکی له‌نێو دونیای هه‌بوو و ڕیاڵدایه و قاچه‌که‌ی دیکه‌ی و سه‌ری له‌نێو ته‌م و مژی خه‌یاڵ و جیهانی خه‌یاڵدایه. چێژ له کتێبی یه‌که‌می ڕۆمانی (که‌شتی فریشته‌کان) له‌وێوه ده‌ستپێده‌کات، که‌چیتر که‌سه‌کان ڕاسته‌قینه نین، چیتر ئه‌وانه خۆیان نین وه‌ک مرۆڤێک به‌ڵکو به‌شێکن له‌شه‌یتان یان فریشته‌ی باڵدار، مرۆڤ چیتر نایه‌وێت مرۆڤ بێت، به‌قه‌د ئه‌وه‌نده‌ی فریشته‌ش نایه‌وێت فریشته بێت و ده‌یه‌وێت مرۆڤ بێت. چه‌نده مرۆڤ له‌گرفتدایه له‌گه‌ڵ فریشته‌که‌ی نێو خۆیدا، ئه‌وا فریشته‌کانی ناخمان یان فریشته‌که‌ی ناخمان له‌گه‌ڵ مرۆڤبونی خۆیدا گرفتی هه‌یه. ده‌توانین که‌مترین خوێنده‌وه‌مان له‌ڕووی ئیشکالیه‌تی فه‌لسه‌فیه‌وه، پێشکه‌شکردنی ئایدیایه‌ک بێت له‌سه‌ر بوونی فریشته له‌نێوماندا، به‌مانای ئیشکالیه‌ته‌که لێره‌دایه به‌وه‌ی نابێت ئه‌و حه‌زه دێرینه‌یه‌ی مرۆڤ بۆ میتافیزیک، بۆ ئه‌ودیوو ڕیاڵ وماتریال له‌یاد بکه‌ین. به‌دیوێکی دیکه‌دا ئه‌م کتێبه‌ی به‌رده‌ستمان زیاتر فه‌لسه‌فاندنه و لێره‌وه دیالۆگێکی قوڵ و ئیستاتیکیه له‌مه‌ڕ چۆنیه‌تی هه‌بوونی مرۆڤی ئه‌م چاخه له‌جیهاندا. گرفتی ئه‌م مرۆڤه له‌وه‌دایه که‌چیتر مرۆڤیکی میتافیزیکی نه‌ماوه، یان چاکتر وه‌هایه بڵێم چیتر میتافیزیک ژیانی داگیرناکات، به‌قه‌د ئه‌وه‌نده‌ی ڕاتسیۆنالیه‌ت و ماتڕیالیه‌ت و مشه‌خۆری و شمه‌کخۆری و چڵێسی و گه‌یشتنخوازی (وسوڵیه‌ت یان کایاریزم) به‌سه‌ر ژیانی مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا زاڵه. جۆرێک له‌سوستێم، یان کولتورێکی سوستێمی، چاکتر وه‌هایه بڵێم سوب سوستێمی پێکهێناوه که‌وه‌ک دیکۆرێک وه‌هایه، دیکۆرێک تێدا مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه خۆی پێناسه ده‌کات. مه‌رجی سه‌خت بۆ سه‌رکه‌وتن و ژیان له‌م چاخه‌دا ئه‌وه‌یه فریشته‌که‌ی نێوت بکوژیت، ده‌ریبکه‌یت و بیخه‌یته نێو بازنه‌کانی فه‌رامۆشیه‌وه. تۆ چیتر مۆدێرن نیت تاوه‌کو لیبراڵانه فریشته‌که‌ی نێو خۆت وسه‌رسامبوونت به‌جیهان، ڕۆمانسیه‌ت وچێژه میتافیزیکیه ڕۆحانیه‌کان له‌ناختدا نه‌کوژیت. مرۆڤی نوێ مرۆڤێکه به‌بێ بوونی فریشته، ئه‌مه ئه‌و جه‌هه‌نه‌مه‌یه که به‌ختیار نیشانمانده‌دات. لێره‌دا ئیستێکی بچوک ده‌که‌م له‌سه‌ر ئه‌م کێشه‌به‌ندیه فه‌لسه‌فیه که‌به‌ختیار له‌م کتێبه‌دا ده‌یهاروژێنێت، وه‌ک گووتم خه‌می ئه‌م ڕۆمانه سنووری گرفتێکی لۆکالی تێده‌په‌ڕێنێت بۆ کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌ی مرۆڤ به‌گشتی له‌سه‌ر ئه‌م ته‌نه خڕۆک و گڵۆبۆسه‌ی ناوی گۆی زه‌یه، مرۆڤ چیتر وه‌ک خوایه‌ک ، وه‌ک خواوه‌ند (ئاتله‌س) گۆی زه‌وی له‌سه‌ر شانی هه‌ڵنه‌گرتووه، چیتر له‌م ته‌نه خڕۆکه ناڕوانێت و سه‌رسامی نا‌کات دونیا، چیتر بڕوای به‌فریشته‌کان نامینێت که له‌نێو مندا به‌ته‌عبیری (هایدیگه‌ر) خه‌می جیهانیان (Weltsorge) له‌گه‌ڵماندا هه‌ڵگرتووه. مرۆڤ چیتر وه‌ک خواوه‌ند ئاتله‌س گۆی زه‌وی له‌سه‌ر شانکانی هه‌ڵناگرێت و به‌جێیده‌هێڵێت بۆ خۆی، چیتر مرۆڤ سه‌رسام نییه به‌بوونی خۆی، مرۆڤ ده‌یه‌وێت خۆی دووباره بکاته‌وه و مێژوویی نه‌بێت، چێتر نایه‌وێت سه‌رسام بێت، ده‌یه‌ێت کۆپی بێت و لاسایکار بێت، به‌ڵام ئۆرگینال نه‌بێت. سلۆته‌ردایک له کتێبی (فشار و ئازادی‌دا) ئاماژە بەوە ده‌کات که‌مرۆڤی تازەی کۆمەڵگەی مۆدێرن گرفتی گەورەی لەخۆیدا هەڵگرتووە، ئەویش ڕوانینێتی بۆ دونیا، کەڕوانینێکە هیچ سەرسامبوونێکی پێوە دیارنییە، ئێمە لەسەدەیەکدا دەژین کەمرۆڤەکان دژی سەرسامبوون بە (بوون، بەخەڵق و جیهان و دونیا‌و جوانی ) ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن، ماشینێکی ترسناک هه‌یه هه‌میشه ئه‌م سه‌رسامبونه له‌ڕۆحی ئه‌م مرۆڤه ده‌رده‌کات، که‌ماشینی سوستێم و ڕۆتینی ژیانی پۆست کاپیتالیستیه، یاخود گلۆباڵه به‌مانا فراوانه‌که‌ی. ژیانی مرۆڤی مۆدێرن پڕێتی لەدووبارە بوونەوەی ڕەمەکیەت و پێویستیە سەرەتاییەکان و ڕۆتین وهەستمردوویی. پیتەر سلۆتەردایک دیارە ئاوڕدانەوەیەکی گرنگ هەیە بۆ سەرسامبوون، وەک سەرەتایەکی گرنگ کەفەلسەفەی بەرهەمێناوە، سڵۆتێردایک لەسەرەتای کتێبەکەیدا (فشار و ئازادی ) ئاماژە بەوە دەکات: (بەوشێوەیە پلاتۆن ڕێگەدەدات بەسوکرات کەبڵیت: سەرسامبوون تەنها سەرەتایە بۆ فەلسەفە..[4] -ـ7) لەم خاڵی سەرسامبوونەوە دەتوانین لەچەمکی ئازادی تێبگەین، بەوەی ئازادی خۆی لەخۆیدا سەرسامبوونیکە بەجیهان، سەرسامبوونێکە بەبوونمان لەنێو جیهاندا، خودی شتەکان جوانی خۆیانمان نیشان نادەن گەر هاتوو ئێمە سەرسام نەبین پێیان، مێژووی ئیستاتیکا خۆی لەخۆیدا هەڵگری ئەو چرکەساتە سەرسامبوونەیە بەدیاردەکان. شیعر چرکەساتیکی سەرسامبوونە بەدیاردەیەکی تایبەت، هەموو ئیدیا گەورەکانی زانست هیچیتر نییە جگە لەسەرسامبوون نەبێت بەدیاردەیەک، سەرسامبوون بەبەربونەوەی سێوێک لەدرەختێک کێشی زەوی دەدۆزێتەوە. خەیاڵیک بۆ گواستنەوەی ئیدیاکان لەنێو هەوادا و پەرشکردنەوەیان بەسەر شاشەکاندا، خودێکی خەوبینەر و سەرسامبووە به‌وێنەو دەنگ، سەرسامبوون بەگەردیلە و شتەبچوکەکان ووزەی گەورەی ئەتۆمی بەرهەمدینێت. ئەوە سەرسامبوونی یەکەمە بەزەمەن و گەردوون کەتێورەی ڕێژەیی بەرهەمدێنێت، سەرسامبوونە بەخودا و خەڵق، کەلەدواجاردا ئاین بەرهەمدەهینێت. به‌ڵام کاتێک فریشته له‌ڕۆحماندا هیجره‌ت ده‌کات، ئیدی سه‌رسامی به‌جیهان و خه‌می جیهان مانای خۆی نامێنێت، هه‌موو شتێک له‌نێوماندا ده‌ترازێت، هه‌موو جوانیه‌ک له‌نێومدا ده‌ڕوات جگه له‌هه‌ستمردوویی نه‌بێت. ئاوەها سەرسامبوون لەم تێزەی پێته‌ر سڵۆتێردایکیەدا ئەو خودە، ئەو سوبێکتە، پێکدەهینێت کەنێزیک دەبێتەوە لەماناکانی ئازادی، ئەو خودە دروستده‌کات که‌خەوبینەرە وسەرسامە بەدونیا، چیتر شۆڕشه‌کان له‌دونیای تازه هه‌ڵگری سه‌رسامبوون و خه‌ون نین، هه‌ر بۆیه به‌هاری عه‌ره‌بی یان ئیخوانه‌کان دێنێته سه‌ر حوکم یان عه‌سکه‌ر ده‌خاته‌وه سه‌ر کورسیه‌که‌ی، به‌ڵام ئه‌مجاره به‌ماسکی دیموکراسیه‌وه، ئاوه‌ها ته‌نانه‌ت شۆڕشه‌کانیش بێ تام و بێ‌مانا و بێ رۆح له‌دایکده‌بن و له‌هه‌مانکاتیشدا زوو ده‌مرن، وه‌ک خواردنی ماگدۆنالز وه‌هان که‌نه‌خواردنی ڕاسته‌قینه‌ن و نه‌تێربونی ڕاسته‌قینه‌ن و نه‌چێژی هه‌قیقین، خێرا‌و تێپه‌ڕه و دووره له‌کلتوری خواردن، یاخود ته‌واو وه‌ک مۆدیلی ئه‌و گۆرانیبێژانه وه‌هان که‌له پێشبڕکێکاندا هه‌زاره‌ها ده‌نگ دێنن و له‌دوای بردنه‌وه‌یان ناویان به‌په‌له ونده‌بیت و ده‌بن به‌هه‌ڵم، ئێمه وه‌ک به‌ختیار نیشانمانده‌دات مه‌حکومین به‌هیجره‌تی فریشته له‌نێو ڕۆحماندا. مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه ئەو هێز و وزەیەی ونکرووە کەبتوانێت چێژ لەشتەکان ببینێت و پێیان سەرسام بێت، نیگەرانیەک و مردنێکی گەورەی ڕۆحی هەیە لەتێگەیشتنی جوانی لەژیاندا، مرۆی تازە لەنێو بازاڕی دنیای پۆست مۆدێرندا، چێژبینی لەدنیا، ناگەتە ئاستی سەرسامبوون و خولیایەکی گەورە بۆ (بوونی لەنێو جیهاندا) بۆ دۆزینەوەی بوونی خۆی لەڕێگەی پەیوەندیەکی ئیستاتیکی و هەمەلایەنە و نەرم لەگەڵ ژیاندا. ژیانی مرۆی مۆدێرن تەنانەت لەنێو کایە ئاینییەکانیشدا پابەندە بەو کڵێشە دیاریکروانەی بوونیان هەیە. ئاوه‌ها ڕۆمانسیه‌ت، ئیرۆسیه‌ت ده‌بێته پۆڕنۆگرافی و سێکسوالیه‌ت ده‌بێته کاڵایه‌کی گۆڕینه‌وه‌ی چێژی هه‌رزان و خێرا وه‌ک خواردنێک له‌ماگدۆنالزی دونیادا. ئاین له‌کایه رۆحانه‌یه‌که‌یه‌وه، له‌فریشته‌کانی نێوکایه‌کانیه‌وه ده‌بێته ئه‌کتێکی سیاسی و چیتر سیحره میتافیزیکیاله‌که‌ی نامێنێت. (پیته‌ر سڵۆتێردایک) ئه‌م دژه‌سه‌رسامبوونه به‌مه‌ترسیه‌کی گه‌وره تێده‌گات، که تاوانی گه‌وره و سته‌می مۆدیرن و بازاڕی بێبه‌زه‌یی و چێنێکی بۆرژوازی یونیڤێرسال و کرێکاری بێ مێشکی یۆنیڤێرسالی به‌رهه‌مهێناوه. (دژەسەرسامبوون Verblüffungsresistenz) ئه‌و نه‌خۆشیه ترسناکەیە بەرامبەر ئاین، به‌رامبه‌ر خود، به‌رامبه‌ر سۆڵیداریتی مرۆڤ له‌به‌رامبه‌ر مرۆڤ، هیجره‌تی فریشتیه له‌ناخی مرۆڤه و کۆچکردنێتی بۆ مه‌داراکانی خه‌مۆکی و مردن له‌که‌شتیه ته‌ریکه‌کاندا. (دژه سه‌رسامبوون) مەوداکانی سەرسامبوون بەخەڵق و کایەڕۆحانیەکان جێدەهێڵیت و دەچێتە خانەی کڵێشەی زۆرانبازیەکانی دنیای مۆدێرن، بەمانای لەسەرسامبوونەوە بازهەڵدەداتە ڕستەی سیاسی و موستەهلەک، لەتێڕامان و قسەکردن لەسەر ڕۆح و خوداوە ، دەچێتە نێو گفتوگۆکانی دونیای مۆدێرنە. جارێکی دیکە ڕۆحانیەت خۆی لەبەرگی (شمەکخۆری / کۆنزومه‌ریزم) یان شمه‌کخۆری سیاسی پێناسەدەکاتەوە، دەچێتە نێو کایەکانی گوشاری چڵێسیەوە بۆ دەسەڵات. بەمجۆرە چێژ لەجیهان تەنها چێژی شمەکخۆریەکی ئەقڵانیە لەژەمێک خواردنی خێرا لەفاست فوودی مۆدێرندا. ئەمەش بەڕای من ڕۆچوونی بەشێکی زۆری کۆمەڵگەیە بۆ جورێک لەخوماربوون بە(شمەکخۆری)، بەنمایشی بەپەلەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و نێت و میدیاکان، لەدواجاریشدا، بەرهەمهینانی جۆرێکی پەردەپۆشیە لەبێزاری ڕۆحی و گۆشەگیری و خەمۆکی کۆمەڵایەتی کەماشێنی بازاڕ و شاشە و میدیایەکان هێوری دەکەنەوەو ئەڵتەرناتیئڤی بۆ دەدۆزنەوە. ماشێنی گەورەی دنیای مۆدێرن (دژە سەرسامبوون) بەرهەمدێنێت، ئه‌مه‌ش یەکەم لێدانە لەچەمکی ئازادی لەنێو هەناوی ئەقڵانیەتەوە سەرچاوە هەڵدەگرێت، بەوەی سوپایەک لەپسپۆڕ و شارەزای ئەقڵانی لەم کولتورەدا لەدژی سەرسامبوون وەک سڵۆتێردایک دەڵێت شان هەڵدەتەکێنن به‌رامبه‌ر زانسته‌که‌ی خۆیان و له‌خزمه‌ت سوستێمدا فۆرمی دژه سه‌رسامی به‌رهه‌مدێننه‌وه، له‌م خۆره پسپۆڕانه که‌فریشته له‌ناخی ئه‌وان ترازاوه به‌ته‌عبیری به‌ختیار، له‌دونیای نمایشکارانه‌ی کوردی‌دا هاتونه‌ته سه‌ر ته‌ختی نمایش و بانگه‌شه‌ی لیبرالانه‌ی خۆیان دکه‌ن، ئاوه‌ها ئه‌م مه‌کینه‌ی دژه فریشتیه، دژه جوانیه، دژه سه‌رسامبوونه له‌دروستکردنی سوستێم و نه‌فیکردنی هونه‌ره‌وه ته‌عبیر له‌خۆیده‌کات. ئه‌م لیبرالیزمه نوێیه له‌پسپۆڕه‌کانه‌وه خۆی نمایشده‌کات که‌دژی سه‌رسامبوون کارده‌که‌ن، ده‌توانین له‌م خاڵه بڵێین که‌ئەم سەردەمه سەردەمێکە پڕێتی لەخەڵکی پسپۆڕ و شارەزا، به‌ڵام که‌سانێک بێ ڕۆح و بێ سه‌رسامبوون و نقوومبوو له‌ئابستراکتدا، له‌پێکهینانی سوستێمدا له‌ڕیگه‌ی زانستێکی ئۆرگانیزه‌کراوه‌وه نه‌ک زانستێکی سه‌رسامم به‌زانست خۆی. به‌مانای زانستێک که‌دیدێکی نوی بۆ مرۆڤ و گه‌ردوون و دونیا به‌رهه‌مبێنێت، توانای نییه دونیایه‌کی نوێ، خه‌ونێک بۆ دونیایه‌کی نوێ به‌رجه‌سته بکات، به‌لکو کۆبیه‌که له‌نێو کۆپیه‌کاندا، له‌به‌ر ئه‌مه مرۆڤ هه‌میشه له‌نێو ئه‌م زانسته نوییه و که‌ڵه‌که بوونه‌دا غائیبه، ونه ونه‌فیکراوه. سڵۆتێردایک له‌شوێنێکی کتێبه‌که‌یدا ئاماژە بەوەدەدات کەزیاد لەپەنچاساڵی کاری فەلسەفی و ئەدەبی خۆی ، کەسێکی بەرچاو نەکەوتووە، بێگومان زۆرکەم نەبێت ، کە کار بکات لەبوارە مرۆییەکان، کەئەو ناوی لێدەنێت (کارە ڕۆحیەکان یان زانسته مرۆییه‌کان)، مه‌به‌سستی ئه‌وه‌یه کارەکەی لەسەرسامبوونەوە دەستپیکردبێت، بەڵکو لەهەستێکی (زانستیکی ئۆرگانیزەکراو) وە ئەو کارە کراوە، بەڕای ئەو زانستی ئۆرگانیزەکراو کەلەڕاوێژکارو پسپۆڕی نێو دەزگاکاندا خۆی بەرجەستەدەکات، مارشێکی سەربازیان لەدژی سەرسامبوون دەستپیکردووە. لەم خاڵەوە سڵۆتێردایک چرکەساتی سەرسامبوون، بەچرکە ساتێکی گرنگ تێدەگات لەبوارە جیاجیاکانی زانست وفەلسەفیدا. لەبەرامبەر ئەمەدا خەڵکانی دانا (حیکمەت Weise) لەونبووندان. دانا ئه‌و که‌سه نییه له‌سه‌رکه‌تنه‌وه زانست یان مه‌عریفه‌ی بیناکردبێت، به‌ڵکو که‌سێکه له‌نشوستیه‌کان و له‌ئازاره‌وه وه‌ک (ئه‌خیلیس، هیرکولوس، ئۆرفیۆس، ئۆدیسۆس ، ئادۆنیس، گلگامش) وه‌ک پاڵه‌وانه ئه‌فسانییه‌کان حیکمه‌تی جیهانبینیان به‌ده‌ستهێناوه. داناکان وه‌ک( ئانیشتاین، مۆزارت، بێتهۆڤن و رۆسۆ و ڤۆلتێر و زۆریتر …) دانایی خۆیان زانستیان، ئایدیالیان له‌ڕۆح و سه‌رسامبون و شکستیه‌وه به‌ده‌ستهیناوه. لێره‌وه حه‌کیم ئه‌و که‌سه‌یه که‌له شکستیه‌وه باس له‌جوانی ده‌کات، نه‌ک له‌سه‌رکه‌وتنی وه‌زیفی ژیانه‌وه. (سڵۆتێردایک) هه‌مان ئیشکالیه‌تی فریشته سه‌رسامه‌کانی به‌ختیار عه‌لی تاوتوێده‌کات، به‌ڵام به‌دیدێکی ته‌واو ئیستاتیکی و فه‌لسه‌فی ئه‌بستراکته‌وه، ئاماژە بەوەدەدات کەخەڵکە ڕاتسیۆنال و ئەقڵانیەکان دەرهاویشتەی کولتوری ئەقڵانین لەنێو دیاردەکاندا، مامەڵە دەکەن لەگەڵیدا، بەڵام دووریە قوڵەکانی نابینن و بەسەر دووریە ڕۆحی و ئیستاتیکی و مرۆییەکانیدا بازدەدەن، ئەمەش کارەساتی گەورەی لەگەڵ خۆیدا هێناوە. له‌م کاره‌ساتانه‌وه له‌کتێبی دووهه‌می که‌شتی فریشته‌کاندا ڕۆمانوس باس له‌و ده‌م وچاوه نوێیه پڕ ماسک و ئاهه‌نگه پڕ دیکۆراتیڤه ده‌کات، که‌ده‌سه‌ڵاتی نوێی کوردی ده‌یه‌وێت له‌خۆیدا به‌رجه‌سته‌ی بکات. ئیدی ته‌نانه‌ت زمه‌نی شۆڕشگێڕه دڵڕه‌قه خه‌وبینه‌ره‌کانی وه‌ک شێرخان و جه‌نگیز گوزه‌شت، زه‌مه‌نی ماسک و قات له‌به‌ره پۆستمۆدێرنه کڵێشه‌ییه‌کان. هه‌ر له‌کتێبی یه‌که‌مه‌وه گه‌شتی ونبونی سه‌رسامی و بێ خه‌ونیه له‌دونیای کوردی‌دا ده‌ستپێده‌کات، به‌ڵام له‌قۆناغی شۆڕشدا هێشتا خه‌ون و مه‌رگ و کوشتن ، به‌مانای دڵڕه‌قی جێگه‌ی بێخه‌ونی و هه‌ستمردوویی ده‌گرێته‌وه، سه‌ره‌تایه‌که بۆ قۆناغێکی ترسناکتر که‌ئه‌ویش مردنی یه‌ک له‌دووی یه‌کی فریشته‌کانه له‌نێوماندا، به‌ڵام له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه توندوتیژی فیزیکی هیجره‌تده‌کات ، به‌ڵام له‌نێو میوانخانه‌و هۆتێله مۆدێرنه‌کاندا خه‌وبینه‌ره‌کان بی یاده‌وه‌ری و بی دڵ ده‌کرێن. له‌کتێبی یه‌که‌مدا بۆ قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی ئه‌و دونیا ڕیالستیه بێ ڕۆحه (به‌ختیارعه‌لی) په‌ناده‌باته به‌ر (که‌شتی فریشته‌کان) ، هه‌روه‌ها په‌ناده‌باته به‌ر کێشه‌ی ترازانی فریشته له‌مرۆڤدا، که‌سومبۆله بۆ ترازانی ڕۆح و سه‌رسامی و حیکمه‌ت له‌مرۆڤ و ژیانی ئێستامان، ئه‌م ڕۆمانه ڕۆمانی ئه‌و (دژه‌سه‌رسامبوونه) یه که‌مرۆڤی ئه‌م چاخه‌ی داگیرکردووه، ڕۆمانی هیجره‌تی خه‌می جیهانه له‌ڕۆحماندا، ڕۆمانی ژیانی ئێمه‌یه وه‌ک چه‌ند بونه‌وه‌رێکی بێ دووری و بێ بوعد و بێ ڤیزیۆنێک له‌جیهاندا، که‌چیتر خه‌می بوونی نییه و خه‌می دازاینی خۆی له‌یادکردووه و خۆی داوه‌ته ده‌ست زانستی ئۆرگانیزه‌کراو و له‌ڕێگه‌ی سوستێمه‌وه خۆی پێناسه‌ده‌کاته‌وه. له‌نێوان ماسک و کۆپیکردندا له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه چیتر فریشته‌کان بوونیان نامینێت، له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه ماسک گه‌مه‌ی خۆی ده‌کات و ماکیاژ و ماسک ده‌بێته کولتوری دونیامان. به‌مانای که‌ڕه‌ناڤاڵچی ڕێگه‌ی خۆی به‌نیو دونیای هه‌قیقه‌تدا ده‌کاته‌وه و ده‌بێته هه‌ڵگری کۆپیه‌ک له‌هه‌قیقه‌ت نه‌ک هه‌قیقه‌ت خۆی ، لێره‌دا سڵۆتێردایکم بیرده‌که‌وێته‌وه که‌ده‌ڵێت (لاسایی ئه‌وه بکه‌ره‌وه که‌سه‌رکه‌توو بووه، به‌ڵام خۆت له‌وه بپارێزه به‌ته‌نها لاسایی سه‌رکه‌وتن بکه‌یته‌وه. هونه‌ر بخوڵقینه به‌ڵام دووبکه‌ره‌وه له‌هه‌موو شتێک که‌له‌هونه‌ر بچێت[5]ـ ل4-) دونیای مۆدێرن، دونیایه‌که له‌گه‌ڵ کۆپیه لاوازه‌کاندا مامه‌ڵه‌ده‌کات، دونیایه‌که دوور له‌فریشته، دوور له‌سه‌رسامبون، دوور له‌ویژدان، دوور سۆڵیدارێتی هه‌ڵده‌سوڕێت. کۆچی فیشته‌کان و زۆرانبازی له‌گه‌ڵ فریشته‌کاندا ، کۆچی مرۆڤه له‌نێو خۆیدا، هیجره‌تی مرۆڤی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌یه له نیشتمانی مرۆڤبوون. ئه‌م زۆرانبازیه له‌ڕووی ئه‌م ئیشکالیه‌ته فه‌لسه‌فیه‌وه ته‌نها ئیشکالیه‌تی لۆکالی نییه ڕۆماننوس ته‌عبیری لێوه‌بکات، به‌ڵکو کێشه‌ی مرۆڤی پۆست مۆدێرنه له‌م دونیایه‌دا که‌مه‌حکومه به مراندنی فریشته‌که‌ی نێو ڕۆحی بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت بژیت. له‌پشت گرفتی فیکری ئه‌م ڕۆمانه‌وه ئه‌و حه‌زه دێرینه‌ی ڕۆماننوس جوڵاوه بۆ فه‌لسه‌فاندن و بوونی له‌نێو فه‌لسه‌فاندندا، له‌پشت ئه‌مه‌وه حه‌زێکی گه‌وره‌ی هه‌یه بۆ نوسینی کتێبی گه‌وره و رۆمانی قه‌به ده‌رباره‌ی دونیا‌و په‌یوه‌ندی مرۆڤ و زوڵمه‌ت و بولبول و شکستی. (به‌ختیار عه‌لی) ده‌یه‌وێت وه‌ک ڕۆماننوسێکی کلاسیکی له‌سه‌ر شێوازی (ستاندال ، تۆلستۆی تۆماس مان و دێستۆێفسکی …) بۆ ته‌فسیری مۆڕاڵ و چاکه و خراپه و فریشته و شه‌یتان بکات له‌دونیادا. له‌به‌رئه‌وه کاتێک ئه‌م ڕۆمانه ده‌خوێنێته‌وه، له‌ڕووی فیکری ئه‌ده‌بیه‌وه، نه‌ک ته‌کنیکه‌وه، ناتوانین وێنه‌ی (ڕۆماننوسی کلاسیک) له‌یاد بکه‌ین، که‌کێشه‌ی چاکه و خراپه و شه‌یتان و فریشته و جه‌نگ و ئاشتی و ئه‌شق له‌و کێشه ئه‌زه‌لیانه‌یه که‌ڕۆمانی کلاسیک پێوه‌ی سه‌رقاڵه، کۆمیدیای ئیلاهی دانتێ ئه‌و ڕۆمانه‌یه ڕێگه‌کانی به‌هه‌شت و فریشته و شه‌یتان و دره‌خته‌کانی ئه‌شکه‌نجه‌مان نیشانده‌دات. ڕۆماننوسی کلاسیک زۆر له‌خه‌می فه‌زه‌لیته‌کانه، زۆر له‌خه‌می ئه‌وه‌یه ئه‌م دونیایه له‌سه‌ر قاچه‌کانی فه‌زیله‌ت و هه‌سته ترانسێندێنتاله‌کانی خۆی بوه‌ستێت. به‌ختیار له‌م ڕۆمانه‌دا نه‌ک ته‌نها به‌په‌ره‌گرافی دوورودرێژ به‌ڵکو به‌چه‌نده‌ها لاپه‌ڕه ئیشکالیه‌تی میتافیزیکی و ئه‌خلاقی نێوان فریشته‌و مرۆڤ و شه‌یتاندا تاوتوێده‌کات. کۆی ڕۆمانه‌که خوتبه‌یه‌کی دوورودرێژی ئه‌م ئیشکالیه‌ته فه‌لسه‌فیه ئاڵۆزه‌یه، به‌داخه‌وه ئه‌مه گێڕانه‌وه‌ی بێلایه‌نی ڕۆماننوس نییه وه‌ک له‌ڕۆمانی کلاسیک‌دا باوه، به‌وه‌ی ڕۆماننوسی کلاسیک له‌پڕ ڕووداوه‌کان ده‌وه‌ستێنێت و چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ک ڕووداوه‌که ده‌فه‌لسه‌فێنێت و شرۆڤه‌ی ده‌کات وله‌دوایدا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌کان، له‌ڕۆمانی کلاسیک‌دا دیالۆگه‌کان دیالۆگی نێو ڕۆحی پاڵه‌وانه‌کانن، نه‌ک ڕۆماننوس به‌پله‌ی یه‌که‌م، به‌مانای له‌هه‌ندێک چرکه‌ساتدا ڕۆماننوس خۆی ناگرێت وبه‌دێڕێک بۆنمونه (دێستۆێفسکی) له‌که‌وانه‌یه‌که‌دا ده‌ڵێت (ئاخر پاڵه‌وانه‌که‌مان له‌گه‌ڵ ژیانی ڕووسیدا ڕانه‌هاتووه) !، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌و به‌س و ڕووداوه‌که به‌رده‌وام ده‌بێت. به‌مانای پاڵه‌وان له‌کاتێکدا قسه‌ی خۆی ده‌کات به‌زمانی خۆی و ڕۆماننوسیش قسه‌ی خۆی ده‌کات له‌دوایدا، به‌ڵام له‌ڕۆمانه‌که‌ی به‌ختیاردا هه‌ردووکیان یه‌ک که‌سن قسه‌ده‌که‌ن. له‌ڕۆمانی کلاسیک‌دا خوێنه‌ر له‌نێوان شرۆڤه‌ی هه‌ردووکیاندا (ڕۆماننوس و پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌که ) ده‌بێته خالقێک ، ده‌بێته نوسه‌رێکی که‌ده‌توانێت قسه‌ی خۆی بکات و ئایدیای خۆی له‌سه‌ر بینا بکات، به‌ڵام به‌ختیار له‌م ڕۆمانه‌دا ئه‌وبواره نادات و هه‌موو ڤیزیۆنه‌کانی خوێنه‌ر بۆ خۆی ده‌بات و هه‌ر خۆی شرۆڤه‌کاری ئه‌وه‌ڵ و ئه‌خیره. به‌ڵام وه‌ک ئاماژه‌مپێدا ئه‌م حه‌زه بۆ کلاسیکیه‌ت له‌و خاڵه‌دا ده‌وه‌ستێت که‌ناتوانێت خۆی بگرێت و هه‌موویان به‌زمانی ئه‌و قسه‌ده‌که‌ن، به‌مه‌ش دووباره‌ی ده‌که‌مه‌وه، ئه‌م ڕۆمانه له‌وه‌دا شکست دینێت که‌ببێته ڕۆمانێکی کلاسیکی. ئه‌وه هه‌ر مرۆڤ نییه که‌جارێک ده‌مرێت کاتێک فریشته‌که‌ی به‌جێیده‌هێڵێت، به‌ڵکو ئه‌وه فریشته‌شه ده‌مرێت، کاتێک له‌نێو ناخی خۆیدا به‌دووی مرۆڤدا ده‌گه‌ڕێت ، لێره‌دا هه‌ردوو گه‌ڕانه‌که بێهوده‌ن، چونکه هه‌ردووکیان له‌به‌شه‌که‌ی دیکه‌یان ترازاون و له‌نێوانیاندا دوو دنیای جیاواز هه‌یه، چیتر دونیای مرۆڤه‌کان دونیای فریشتیه‌کان نییه و دونیای فریشته‌کانیش دونیای به‌شه مرۆییه‌که‌ی نێویان نییه، هه‌ردووکیان له‌ته‌ڵاقێکی ئه‌به‌دیدان. ئه‌مه‌ش وه‌ها ده‌کات که چێژی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه له‌و ئیشکالیه‌ته فه‌لسه‌فیه‌وه خۆی درێژبکاته‌وه، نه‌ک له‌ڕه‌دووکه‌وتنی ڕووداوه‌کان و گرێچنی ڕیوائیانه، چونکه چیرۆکه‌کان له‌نێو ئه‌م هه‌موو خوتبه بێژیه فه‌لسه‌فیه‌دا ونبون وچێژبینین له‌چیرۆک که‌متره وه‌ک گوێگرتن له‌خوتبه‌ی هه‌موو فیگوره‌کان. وه‌ک گووتم ئه‌م ڕۆمانه له‌ڕۆمانه فه‌لسه‌فیه‌کانه، که‌تێدا جارێکی‌تر بانگه‌شه‌ی مردنی مرۆڤ ده‌کات له‌نێو فریشته‌دا، هه‌روه‌ها بانگه‌شه‌ی مردنی فریشته ده‌کات له‌نێو مرۆڤدا، له‌سه‌رێکی دیکه‌وه له‌ڕووداوه‌کان بڕوانین جه‌نگی مرۆڤه له‌گه‌ڵ فریشته‌که‌ی خۆیدا، له‌م ڕۆمانه‌دا مرۆڤ و فریشته له‌که‌شتیه‌کدا یه‌کده‌گرنه‌وه که‌مه‌حکومه به‌فه‌نابوون. بێگومان ئه‌م ڕۆمانه ڕه‌شبینترین ڕۆمانه که‌خوێندنه‌وه‌ی هه‌ستێکی تاڵمان پێده‌به‌خشێت، به‌وه‌ی مرۆڤ ته‌نها مه‌حکوم نییه به‌مردن کاتێک زه‌مه‌نی ته‌واو ده‌بێت ، کاتێک جه‌سته‌ی فه‌ناده‌بێت، مرۆڤ مه‌حکومه به‌مردنی له‌نێو ناخی خۆیدا. سوبێکت، خود، له‌نێو سوبێکتدا خۆیدا ده‌مرێت، نه‌ک له‌ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا. له‌م ڕۆمانه‌دا مرۆڤه‌کان ده‌مرن کاتێک فریشته‌که‌ی لێی ده‌ترازێت، به‌ڵام فریشته‌کانیش ده‌مرن کاتێک له‌مرۆڤه‌کان ده‌ترازێن، هه‌ردووکیان مه‌حکومن به‌مردن. به‌مانای دونیاکه نه‌جێگه‌ی مرۆڤی تێدا ده‌بیته‌وه و نه‌جێگای فریشته، هه‌ردووکیان مه‌حکومن به‌فه‌نابوون له‌نێو ڕووداوه‌کاندا. هه‌ردووکیان مه‌حکومن به‌مردن له‌نێو ڕیاڵدا، له‌نێو ڕۆژانه ژیانی ده‌سه‌ڵات و ته‌ماع و شمه‌کخۆری و چێژه تێپه‌ڕه‌کاندا، هه‌ردووکیان ده‌مرن له‌نێو عه‌ده‌میکدا که‌ناوی ژیانه، له‌نێو نه‌هلیزمیه‌کی تاڵ‌دا. فریشته وەک سینستێك خاڵیکی دیکه له‌م ڕۆمانه‌دا سه‌رنجی ڕاکێشام ، ئه‌و گاڵته‌جاڕیه گه‌وره‌یه، ئه‌و سینیزمه [6](گاڵته‌جاڕیه) مه‌زنه‌یه، له‌ڕۆحی فریشته‌کاندا گه‌مه‌ی خۆی ده‌کات، پێموایه به‌رامبه‌ر دوو جۆر سینیزم ده‌بینه‌وه؛ یه‌کێکیان ئه‌وه‌یه شتێک ده‌ڵێت و شتێک ده‌که‌یت، به‌مانای به‌ماسکێکی تونده‌وه ده‌ژیت که‌ئایدیاکان له‌گه‌ڵ ژیانی ڕاسته‌قینه‌دا یه‌کناگرێته‌وه، بۆ ئەم ئەقڵە گاڵتەجاڕیە که‌شفکردن ئه‌وه‌نده گرانه، بەجۆرێک ده‌م و چاوی ڕاسته‌قینه و ماسک توند پێکه‌وه نوساوون، بەشێوەیەک کە مرۆڤ بەماسکەوە ده‌خه‌وێت. ئه‌م خوده شۆڕشده‌کات به‌ڵام له‌ناخی خۆیدا بڕوای پێی نییه، ئایدیاکان به‌رهه‌مدێنێت به‌ڵام له‌ناخی خۆیدا جڕت بۆئه‌و ئایدیالانه لێده‌دات، یاخود هه‌ستمردووه له‌گه‌ڵ لێکەو‌ته‌کانی ئه‌و ئایدیا و زانسته‌ی به‌رهه‌میهێناوه. بانگه‌شه‌ی ڕۆمانسیه‌ت ده‌کات، به‌ڵام له‌خه‌یاڵیدا ته‌نها پۆرنۆگرافیه‌ت بوونی هه‌یه. ئه‌م سینیزمه، ئه‌م ئه‌قڵه گاڵته‌جاڕه نێگه‌تیڤه، له‌پشت هه‌موو کاره‌ساته‌کانی دونیایه‌وه‌یه، مۆدێرنه هیچیتر نییه جگه له‌و سینیزمه گه‌وره‌یه‌ی به‌حیکایه‌ت ناویده‌برێت. ئه‌م گاڵته‌جاڕیه، به‌سینیزمێکی نێگه‌تیڤ ده‌بینیم که‌له‌ڕۆمانه‌کدا له‌که‌سێتی شێرخان و وه‌فای ڕه‌فعه‌ت به‌گ و نه‌غه‌ده‌و هۆمه‌ر لیڤیتانتدا و سه‌رۆکه ئیسلامیه‌کاندا به‌رجه‌سته ده‌بێت. دووهه‌م مۆدیلی سینیزم و ئەقڵی گاڵتەجاڕی به‌ڕای من جۆرێکه له‌سینیزمێکی پۆزه‌تیڤ، که‌ڕه‌خنه‌یه‌کی گاڵته‌جاڕانه‌ی سینۆپیانه‌یه و ته‌نانه‌ت سوکراتیانه‌یه له دونیای مرۆڤ و له‌جیهان. نابێت ئه‌وه له‌بیربکه‌ین که (دیۆگینی سینۆپی)[7] له ئه‌سینای کۆندا به‌خۆی کوپه‌ڵه‌یه‌ک و سه‌گێکه‌وه ده‌یفه‌لسه‌فاند و گاڵته‌ی به‌دونیای ناشرینی ده‌سه‌ڵاته‌کان و خواوه‌ند وبازاڕه‌کان ده‌کرد، بێگومان (سوکرات) پێش سینۆپی به‌وه تاوانبارکرا که‌ئه‌قڵی گه‌نجه‌کان ده‌شێوێنێت و گاڵته ده‌کات به‌خواوه‌نده‌کانی ئه‌سینا و ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی. ئه‌م ڕه‌خنه‌یه که‌وه‌ک سه‌گ گاز ده‌گرێت سه‌گی hündig و گازگره ، ڕه‌خنه‌یه‌کی پۆزه‌تیڤی سینکارو گاڵته‌جاڕانه‌یه، که فریشته‌کان له‌م ڕۆمانه‌دا ئه‌و ڕۆڵه ده‌گێڕن. له‌به‌رامبه‌ر گه‌ڕانی فریشته‌کان به‌دووی جوانیدا بێباکی ئه‌و نێگه‌تیڤیزمه دونیا پڕده‌کات له‌کاره‌سات...ئاوه‌ها ئازیزانم هه‌رسێ فریشته‌که( مه‌هدائیل و میرائیل و ماردینا) ئەو فریشتانەن کە لە‌مرۆڤه‌کان گاڵته‌جاڕترن به‌رامبه‌ر دونیا و ڕه‌شبینترن له مرۆڤه‌کان. فریشته‌کان نوێنه‌ری ئه‌و ئه‌و سینیزمه قوڵه کوردیه پۆزتیڤه‌ن که‌به‌درێژایی مێژوو له‌نێو پێچه‌کانی مه‌هدائیلی فریشته و میرائیل و ماردینا له‌جه‌سته‌ی مرۆڤه‌کانیانه‌وه هاتونه‌ته ده‌رێ، چرکه ساتی ترازانیان لەجەستەی مرۆڤەکانیان ، هه‌مان ساته‌وه‌ختی ئه‌و بێباکیه ترسناکه‌یە به‌رامبه‌ر به‌دونیا. ئەم حاڵەتە بەتایبەت لەخانمی ماردینیدا خۆی به‌رجه‌سته‌ده‌کات. مێینە سۆزانیەکە بەفالوسێکی ئەبەدیەوە فالوس Phallus – φαλλός – phallósوه‌ک ئه‌ندامی نێرینه‌ی پیاو، له‌گریکی کۆندا نیشانه‌یه بۆ پیتاندن و زۆربوون و گه‌شاندنه‌وه، نابێت ئه‌وه‌سمان له‌بیربچێت که‌له‌مێژووی کلتوریدا فالوس وه‌ک ڕه‌مزیک بۆ پیاوه‌تی و ئازایه‌تی نمایسکراوه، بۆ نمونه فالوسی باڵدار ئه‌و نه‌خشه‌سازیه که له‌سه‌ر قاپ و گۆزه‌کان نه‌خشێنراون، خودای خوماری و پیکه‌نین (ساتیر Satyr) چ وه‌ک په‌یکه‌ر و نه‌خشه‌سازی به فالوسیکی گه‌وره‌وه نمایسکراوه‌و نه‌خشێنراوه. فالوس سێنتریزم یان فالۆگۆسینتریزم (کێرسه‌نتریزم) Phallogozentrismus ، چه‌مکێکی هه‌ڵوه‌شگه‌راییه فیمینسزمه‌کانه، نیشانه‌یه بۆ کڵێشه‌ی پیاوانه‌یه که مێێنه له‌ڕوانگه‌ی فالوسێنتریکه‌وه ته‌فسیر ده‌کرێت وه‌ک به‌شیک له‌ڕوانگه‌ی پیاو ، ژن له‌م ڕوانگه‌یه‌وه بونه‌وه‌ریکی پیاوانه‌یه و له‌کڵێشه‌ی پیاوانه‌وه پیناسه‌ده‌کرێت. فالوس له‌هه‌مانکاتیشدا دووریه‌کی ڕه‌مزیشه بۆ بیرکردنه‌وه‌ی پیاوانه‌زۆرجاریش ژنه‌کان هه‌ڵگری ئه‌و کێرسه‌نتریه‌ن، هه‌ڵگری ئه‌و ژیانه پیاوانه‌یه‌ن له‌خودی خۆیاندا. به‌تایبه‌ت له‌و کۆمه‌ڵگه‌یانه‌ی نێرسالاری کولتوری زاڵێتی ، له‌نێو شیکاری ده‌روونیدا (گرێی فالوس) ده‌بێته گرێیه‌ک که مێینه له‌منداڵیدا به‌سه‌ریدا ده‌که‌وێت، کیژی منداڵ به‌ته‌عبیری فرۆید وه‌ها هه‌ستده‌کات که‌سزادراوه، چونکه نێرینه شتیکی هه‌یه و ئه‌و نیه‌تی، ئه‌م ئه‌ده‌بیاته‌ی (سیگمۆند فرۆید) به‌شێکه له‌و پرۆسه پڕمشت و مڕه‌ی شیکاری ده‌روونی و هه‌ڵوه‌شگه‌ره فیمینزمه‌کان که‌دژی ئه‌م تێوریه کارده‌که‌ن. لێره‌وه بگه‌ڕێینه‌وه بۆ دونیای ڕۆمانه‌که، (نه‌غه‌ده مار‌دینی) هه‌ڵگری ئه‌و کڵێشه کێر سه‌نتریه به‌وه‌ی ڕاده‌کات بۆ نێو باوه‌شی پیاوه توندوتیژ و جه‌لاده‌کان و ناسکی ومرۆڤبوونی دکتۆر شوکاکی مێردی قبوڵ نییه و خیانه‌تی لێده‌کات و ڕاده‌کاته باوه‌شی چڵیتێکی وه‌ک نزار ئیدریس و هۆمه‌ر لڤیتاتنت و چێژ له‌لاوه‌کردنی شێرخانی شۆڕشگێڕ وه‌رده‌گرێت. سارا ماپل؛ کێرەکان ڕۆماننوس ترسێکی گه‌وره‌ی له‌و بێباکیه مێینه‌یه هه‌یه، له‌پشت کاراکته‌ریزه‌کردن و وه‌سفی نه‌غه‌ده مار‌دینی مێیینه‌یه‌کمان هه‌یه بێباکترین بونه‌وه‌ره له‌مێژوویه‌کی پڕ خوێن و زۆرانبازیدا، خه‌می مار‌دینی ته‌نها ناوگه‌ڵی به‌ئاڵۆشی خۆیه‌تی له‌گه‌ڵ چه‌قۆکێشیکی وه‌ک (نزار ئیدریس) و چێژی مازۆخیه‌تی له‌وەدایە شه‌وانه له‌له‌لایه‌ن سه‌رکرده‌ی شۆڕشه‌وه (هه‌ڤاڵ شێرخان) لاقه بکرێت. وه‌ک ئاماژه‌مپێدا ئەم لاقەکردنە وه‌ک لاقە‌کردنی پیاوێک وه‌هایه له‌گه‌ڵ ترانس و نێرێکدا له‌به‌رگی مێینه‌دا خۆی نمایشدەکات، چونکه کاراکته‌ری نه‌غه‌ده (بێباکیه‌کی نێرانه)ی له‌خۆیدا هه‌ڵگرتووه، به‌هه‌مان شێوه‌ش ئه‌م بێباکیه ئه‌و هێز و ئانارگیە، ئەو وزە ڕووخێنه‌ره نێرینه‌یەیە، که‌به‌شداره له تاوانی نێر به‌رامبه‌ر دونیا. ئه‌م (سینیزمه نێگه‌تیڤه) له‌و بێباکیه‌دا خۆی به‌رجه‌سته ده‌کات که‌زیاتر بێباکی شێرخان و ولیوا جەنگیز و سه‌رۆکه له‌دونیای کوردی‌دا، به‌مه‌ش وێنه‌ی مێینه له‌م ڕۆمانه‌دا ته‌واو وێنه‌یه‌کی ونکراوه له‌نێو نێر و ڕه‌تکردنه‌وه‌دا. به‌مانای وێنه‌یه‌کی کێرسه‌نتریه. ئاوەها گه‌ر له‌پشت فیگوره مێینه‌کانی نێو ڕۆمانه‌که‌وه قسه‌بکه‌ین ده‌بینین وێنه‌ی مێینه‌ی کوردی یان ئه‌وه‌یه خه‌ون به‌ماچی مێردی خوشکه‌که‌یه‌وه ده‌بێنێت به‌مه‌ش فالوس و ماچکردنی ده‌بیته ئایدیالیکی پلاتۆنی و له‌دوای چه‌نده‌ها ساڵ ئه‌و ماچه به‌سه بۆ نه‌وا مار‌دینی بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وامی بدات به‌و ماچه ئایدیاله‌ی فالوس ، که‌له دکتۆر شوکاکی مێردی نه‌غه‌ده‌ی خوشکیدا خۆی به‌رجه‌سته‌ده‌کات. ئه‌م خه‌ونه پلاتۆنیه ڕۆمانسیه به‌فالوسه‌وه‌له‌که‌سێتی نه‌وای خوشکی نه‌غه‌ده ماردیندا به‌رجه‌سته‌یه. یاخود فالوسگه‌رایی مێینه یه‌کێکی بێباکه به‌فریشته‌کەی نێو ڕۆحی خۆی که‌له نه‌غه‌ده ماردینیدا خۆی بەرجەستە دەکات. سه‌یره ڕۆماننوس وازیهێناوه ئه‌م هه‌موو ناشرینیه له‌کتێبی یه‌که‌مدا له‌نه‌غه‌ده ماردینیدا کۆبێته‌وه، دووتوخمی زۆر ترسناک پێکه‌وه گرێدراون (شاعرێتی و سۆزانیبوون بۆ جه‌لاده‌کان) له‌نێوان ئه‌م دوو دونیایه‌دا گه‌ڕانی نه‌غه‌ده مار‌دینی بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئازادیه‌کی دیکه، هیچتر نییه جگه له‌دۆزینه‌وه‌ی سۆزانیبوونی خۆی نه‌بێت له‌باوه‌شی مێژوویه‌کی پڕ درۆدا. ئه‌م که‌سێتیه مێینانه ئه‌وه‌نده ئاڵۆزه‌ن که‌شرۆڤه‌ی زۆر هه‌ڵده‌گرێت و ڕۆماننوس زۆر لیزانانه ئه‌م که‌سه ئالۆز‌و ئه‌م ئیشکالیه‌ته سایکۆلۆژیه‌ی بیناکردووه، نه‌غه‌ده له کتێبی یه‌که‌مه‌ی ڕۆمانه‌که‌دا ، فیگوریکی ئه‌وه‌نده ناشرینه که‌هیچ جوانیه‌کی تێدا به‌دیناکرێت، به‌جۆرێک که‌ته‌نها سوزانیه‌کی بێباکه، ناوگه‌ڵێکی شیعرییه ته‌نها چه‌قۆکێش و شۆڕشگێڕه پیاو کوژ و خائین و جه‌لاده‌کان چێژی لێوه ده‌بینین. ئه‌م فیگوره مێینه‌یه به‌رامبه‌ر ئاشقه ئه‌به‌دیه‌که‌ی که دکتۆر موسته‌فا شوکاکی مێردێتی نه‌ک هه‌ر بێباکه، به‌ڵکو بێباکه له‌و فریشتیه‌ی له‌ڕۆحی خۆیدا ئازار ده‌چێژێت. مێینه‌ی ئه‌م کتێبه هه‌موو ناشرینیه‌کانی ئه‌م گڵۆبۆسه‌ی تێدا کۆبۆته‌وه، وێنه‌یه‌که جگه له‌وێنه‌ی جه‌لادیکی ترسناک هیچیتر نییه، به‌ڵام پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه ئه‌م فیگوره بۆ ئه‌وه‌نده بێباکه؟ بۆ ئه‌م خانمه قه‌شه‌نگه ئاوه‌ها زوو ڕاده‌کاته باوه‌شی پیاوه خوێڕیه‌کانه‌وه؟، جگه له‌سینیزم نه‌بێت که‌له‌ڕۆحیدا سه‌ما ده‌کات، چ رۆحێکی دیکە بوونی هەیە؟! جگە لەوە ئه‌م حه‌زه چییه بۆ کاراکته‌ریزه‌کردنی نه‌غه‌ده مار‌دینی که‌هه‌م شاعیره و هه‌م خاوه‌ن به‌هره‌یه‌کی باڵا له‌دونیای ئه‌ده‌بدا، بۆچی ئاوه‌ها باوه‌شی ئه‌م پیاوکوژانه تێریده‌کات؟ کامه بێباکییه که‌مرۆڤ وه‌ها لێده‌کات ئاوه‌ها له‌ده‌ره‌وه‌ی ژیان بژی، بێگومان گه‌ر هاتوو ئه‌و ژیانه‌ی نه‌غه‌ده مار‌دینی ناوی ژیان بێت … به‌هه‌قه‌ت ژیانی ئێمه پڕێتی له‌و بێباکیه ترسناکه‌ی که‌به‌قه‌ده‌ری نه‌غه‌ده ماردینیه‌وه نوساوه، بێباکیه‌ک که‌ته‌نها پیاوکوژ و مرۆڤی رۆبۆت ئاسا دروستیده‌کات. به‌ڵام ئه‌مه هه‌مووی له‌وه که‌مناکاته‌وه که وێنای مێینه له‌م کتێبه‌دا بێئه‌ندازه ناشرینکراوه، ئه‌مه چ هێزێکه هه‌موو جوانیه‌کان له مێینه ده‌ستێته‌وه و ده‌یبه‌خشیت به پیاوه‌کان؟ ته‌نانه‌ت به که‌سێکی وه‌ک (وه‌فای ڕه‌فعه‌ت به‌گ) که‌ئه‌قڵی شۆڕش و گه‌مه ترسناکه‌کانی کوشتن و خیانه‌ت و شکست ده‌زگا ئه‌منیه‌کانه. ئه‌قڵێکی ساردتر له‌نه‌غه‌ده مار‌دینی، که‌چی ئه‌م پیاوه ئاسایشه کێشه‌ی هه‌یه له‌گه‌ڵ فریشته‌که‌ی خۆیدا و بۆی ده‌گری و لێی توڕه‌ده‌بێت و ده‌یه‌وێت تێیبگات و چ نه‌بێت ده‌یه‌وێت په‌یوه‌ندیه‌کی هه‌بێت له‌گه‌ڵ فریشته‌که‌ی ڕۆحی خۆیدا، به‌ڵام ئه‌مه بۆ خانمی مار‌دینی بێباک جیگه‌ی سه‌رنج نییه. هه‌موویان ده‌ناڵێنن به‌ده‌ست فریشته‌بوون و شه‌یتانبوونه‌وه، به‌ڵام ئه‌م مێینه کوردیه ئه‌وه‌نده ناشرینه که‌بێباکیه‌که‌ی، بێباکی پیاوخراپانه… دواهەناسەی فریشتەکان ئه‌م ئایدیا فه‌لسه‌فیانه، له‌نێوان فریشته‌و شه‌یتاندا، له‌نێوان چاکه و خراپه‌دا، له‌نێوان هه‌قیقه‌ت و درۆدا، له‌نێوان ڕه‌ش و سپی جیهاندا، له‌نیوان جه‌لاد و مرۆڤدۆستیدا، له‌نێوان مۆڕاڵ و نامۆڕاڵیدا، لەنێوان هه‌موو ئه‌و دوالیزمه ئه‌خلاقیانه‌دا که‌مرۆڤ به‌مرۆڤبوونه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، هه‌ناسه‌یه‌کی میتافیزیکیانه بوونی هه‌یه که‌ده‌مبانه‌ته‌وه بۆ ئه‌ودیوو ماتریاڵ، بۆ ئه‌ودیوو چێژی ساته وه‌ختی. ده‌مانباته‌وه بۆ خودی مرۆڤبوونی خۆمان وه‌ک سوبێکتێکی بیرکه‌ره‌وه له‌نێو جیهاندا. ئه‌م خوده ناتوانێت مرۆڤ بێت هه‌تاوه‌کو ئه‌و ڕه‌هه‌نده ڕۆحیه و سڵۆتێردایک گووته‌نی ئه‌و سه‌رسامیه له‌خۆیدا نه‌دۆزێته‌وو له‌به‌رئه‌وه سه‌یر نییه فه‌یله‌سوف و بایۆگراف نوسیکی وه‌ک (ڕودیگه سافرانسکی) له‌وبروایه‌دا بیت ڕۆمانسیه‌ت هیچیتر نییه جگه له‌دووباره بوونه‌وه‌ی ڕه‌هه‌نده ئاینییه‌کان نەبێت له‌فۆرمێکی دیکەدا، گه‌ڕانێکه به‌دوی خه‌و‌نیکی دیکه‌دا[8] . به‌مانای چیتر مرۆڤ له‌خه‌ون نێزیک نابێته‌وه، له‌ئازادی خۆی نێزیک نابێته‌وه هه‌تاوه‌کو له‌و توخمه میتافیزیکیه ترانسێندتاله باڵایە نێزیکنه‌بێته‌وه که‌ده‌یکات به‌بونه‌وه‌رێکی بیرکه‌ره‌وه و ڕۆمانسی. به‌ڵام بیرکردنه‌وه‌یه‌ک که‌دونیای ئیستاتیکی له‌خۆیدا په‌رشکردۆته‌وه. مرۆڤی مۆدێرن دەمێکە مردووه، چونکه چیتر نایه‌وێت فریشته‌کانی نێو خۆی ببینێت، ئه‌مه ئه‌و قه‌سیده ڕه‌شه‌یه که‌ئه‌م ڕۆمانه پێشکه‌شمانی ده‌کات، بێگومان چێژی لێ نابینین، چی له‌وه سه‌ختر هه‌یه کتێبێک بێت و پێت بڵێت دونیای ئیمه ئه‌وه‌نده ناشرینه که‌چیتر مه‌زنده‌کردنی فریشته له‌ڕۆحماندا کارێکی سته‌مه. ئێمه له‌ده‌ره‌وه‌ی زه‌مه‌نی میتافیزیکی، له‌ده‌وره‌وه‌ی زه‌مه‌نی مرۆڤبون ده‌ژین، ئیمه دونیا له‌بیریکردووین و له‌ده‌ره‌وه‌ی مێژووین، ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی ئه‌و زه‌مه‌نه کوردیه نوێیه‌یه که کتێبی یه‌که‌م و دووهەم مەزنده‌ی ده‌کات. بێگومان به‌جیاواز له‌و بانگه‌شه درۆزنانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌پۆزه‌تیڤیزمیکی لیبرالانه‌وه بانگه‌شه‌ی گۆڕینی دونیای کوردی ده‌کات، ئه‌وا له‌م ڕۆمانه‌دا گرفت گۆڕینی ئه‌و دونیایه نییه که پۆزه‌تیڤیزمێک یان شۆڕشگێڕێکی ڕۆمانسی بانگه‌شه‌ی بۆده‌کات، به‌ڵکو گرفت پاراستنی ئه‌و فریشته نه‌خۆشانه‌یه که‌دونیای ئیمه‌یان به‌جێهێشتووه. له‌م خاڵه‌وه ونبونی ئه‌م ڕه‌هه‌نده میتافیزیکیه لای به‌ختیار به‌دروستکردنی دونیایه‌ک بۆ فریشته‌کان ده‌ستپێده‌کات، دونیایه‌ک مرۆڤ له‌گه‌ڵ ڕۆحی خۆیدا بێت، په‌یوه‌ندی هه‌بێت له‌گه‌ڵ دونیایه‌کی ئابستراکت و پڕ جوانی و له‌بەڵاکانی ئه‌م دونیایه ڕابمێنێت. ئه‌م شوێنه له‌م ڕۆمانه‌دا که‌شتی فریشته‌کانه له‌دوایدا ئه‌م که‌شتیه‌ش له‌گه‌ڵ ڕاپه‌ڕینی 1991 دا ده‌سوتێت، له‌گه‌ڵیدا ئه‌و دوالیزمه چاکه‌و خراپه‌یه و ئه‌م به‌ها میتافیزیکیانه له‌ژیانی ئێمه‌ی کوردا بۆ ئەبەد هیجرەتدەکەن . لێره‌وه مرۆڤ هیوای نامینێت، له‌م تیکستدا مرۆڤ ناتوانێت هه‌ناسه بدات، مادامه‌کی فریشته‌ش به‌دووی مرۆڤدا ده‌گه‌ڕێت. له‌نێوان گه‌ڕانی فریشته‌و مرۆڤدا به‌تاڵیه‌کی گه‌وره بوونی هه‌یه، به‌تاڵیه‌ک جۆرێکه له‌نه‌بوون، له‌عه‌ده‌م ، له‌هیچبوون، وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌ر نه‌بیت باشتر بێت. به‌مانای نه‌بوون له‌نێوان دونیای ئەم ڕۆمانەدا بوونی هه‌یه نه‌ک بوونی شتێک له‌نێوان فریشتیه‌ک به‌بێ مرۆڤ، مرۆڤیک به‌بێ فریشته. ئەوەی هەیە ته‌نها هیچێتیە، نەهلیستیەکی تاڵە کەبوونی هه‌یه، ته‌نها ڕه‌شیتی و پاسیڤیزم و توڕه‌هاتی مێژووی ڕیالستی. له‌م چرکه ساته‌دا (نیتچه)م بیرده‌که‌ویته‌وه له‌کتێبی (له‌دایکبوونی تراژیدیا) که‌باس له یه‌کێک له‌ڕه‌دووکه‌تووه‌کانی دیۆنیزۆس ده‌کات که‌ناوی (سیلین)ه، وه‌ک بونه‌وه‌رێکی ئه‌فسانه‌ی نیمچه خواوه‌ند و نیمچه دونیایی، یه‌کێکه له‌ڕه‌دووکه‌وتووه‌کانی خوای شه‌راب و ساتیره و گاڵته‌جاڕی که دیۆنیزۆسه. له‌دارستانیکدا (میداسی پاشا) ده‌یگرێت و ده‌ڵێت: حیکمه‌تیکم پێبڵێ سیلین، سیلین ده‌ڵێت: (باشترین شت ئه‌وه‌یه له‌دایک نه‌بیت، به‌مانای بوون، هه‌ر نه‌بیت. باشتریش ئه‌وه‌یه زۆر زوو بمریت ) [9]…ئاوه‌ها له‌نێوان فریشته‌کان و مرۆڤه‌کانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌دا له‌دایکنه‌بوون و نه‌بوون هه‌یه، نه‌بوون و بێباکی له کتێبه‌دا ئه‌وه‌نده له‌یه‌کتری ئاڵاون که‌ته‌نها یه‌ک مانا زه‌قده‌که‌نه‌وه، ئه‌ویش نه‌بوونی ئێمه‌یه له‌نێو دونیادا، نه‌بوونی ئێمه‌یه هه‌تاوه‌کو زوتر بمرین باشتره ، زۆر زوو بمرین باشتره، هەر نەبین باشترە… ته‌واو سه‌رچاوه‌کان [1] Wolfgang Welsch, Philosophie seit 1945, Semester II , Foucault 3-4 (Audio- 19 CD) [2] Hanna Arendt,Eichmann in Jerusalem. Ein Bericht von der Banalität des Bösen, Piper 1985 [3] Youtube: Hannah Arendt und Joachim Fest über Eichmann und die Banalit… [4] Peter Sloterdijk, Stress und Freiheit, Suhrkamp sonder Druck 2011 [5] Peter Sloterdijk، Der Heilige und der Hochstapler, von der Krise der Wiederholung in der Moderne, SWR Ausgabe. [6] Peter Sloterdijk, Kritik der zynischen Vernunft, SV1983 [7] Margot Aigner, Diogenes von Sinope, Ein griechischer Philosoph der Antike, der lebte wie ein Hippie, Blog 18.02.2008. [8] Rüdiger Safranski, Romantik eine deutsche Affäre, Carl Hanser Verlag München 2007, S 231-241. [9] Frdrich Nitsche, Die Geburt der Tragödie aus dem Geiste der Musik. 2001 Verlag. تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین