چیرۆكنوس؛ محەمەد ڕەئووف  مورادی

Loading

دەمانچەی کالیبه‌ری ٢٧، کاری کارخانەی چەکەمەنی ئەمریکی لە ساڵی ١٩٦٠ی زاینی…عەزیز بەگی کوڕی حەمەبەگی کوڕی حەیبەڵاخان له‌ ساڵی ١٩٧٩ خەڵاتی باوکمی کرد. ئێستەش بە دەستی منەویە و دەمەوێ دوو پیاوی پێ بکوژم.

بێگومان هەموو دەمانچەیەک بۆ کوشتنی مرۆڤ ساز دراوە. سروشتی وایه. بەڵام ئەم دەمانچەی منە تایبەتە. قۆناخەکەی هی دارێکی کەمیاب لە لێرەوار و دارستانێکە کە لە مێژە سوور پێستەکان لەوێدا دەژیان و تیرکەوانیان پێدروست دەکرد، خۆش دەستە. هەرکەسێك لە مستی بگرێ چێژی کوشتنی تێدا دەخرۆشێ. قۆناخەکەی وزە و ڕجڵ لە مرۆڤ دەهەستێنێ، پیاوی گەمژەش بەدەستیەوە بگرێ وه‌های لێدێت ناوچاوی پیاوێکی نەترس و ئازا بگرێتە نیشانە. نەترسی و جورئەت دەبەخشێ. ئەمەش بە هۆی ئەو مادەیە کە تێکەڵی قۆناخی ئەو دەمانچەیە کراوە. جا ئەو مادەیە چییە من ئاگام لێ نییە.

ئاگاداریان دا بە خەڵک؛ دەبێ ڕۆژی هەینی هەموویان لە مزگەوت کۆ ببنەوە. مەلای بەرنوێژچی، کە بیست‌ و دوو ساڵی تەمەن بوو، تازە ژنی هێنابوو. لاوێکی باڵا بەرز و ڕەقەڵە،ڕیش قەترانی، پەنجەکانی دەستی وەک شمشاڵی شوان، برژانگی درێژ و برۆی پڕو پەیوەست. هەمیشە عەبایەکی درێژی سەوزی تۆخی لەبەر بوو. کاتێ دەهاتە گفت، وشەی جوانی بەکاردەهێنا و بە باشی ڕێکیدەخست. هەر وشەیەکی وەک فیشەک لە سەر دڵ دەنیشت.

دوای بیست‌ و چەند ساڵ ئەوەندە وشە جوانەکانی دووپات بەکارهێنا بوو، لە برەو کەوت بوو ئیتر کەس گوێی بە کڵاوی نەدەپێوا. هەرچی فێر ببوو بە ساڵیک یان کەمتر وتبووی و ئیتر دووای هات بوو. وشەکانی کەم و زیاد نەدەبوون. شتی تازە زوو کۆنە دەبێ. مەلا ئیتر ئەو جەحێڵە ڕەقەڵە ڕدێن ڕەشە نەبوو. زگی دوو هەنگاو لە پێشەوەی خۆی بوو. ڕدێنی ڕەشایی تێدا نەمابوو. لەپێشدا بۆیاخیشی دەکێشا بەڵام لەم چەند ساڵی ڕابوردووەدا هازی ئەوەشی نەمابوو. سەرقاڵی سێ چوار ژن بوو کە لە هەمووشیان هەشت نۆ منداڵی هەبوو. یەکەم ژنی، دووای دووساڵ بە جێیهێشت بوو. ئیتر هەرچی ژنی دەهێنا وەک ئەوی پێشوو جوان نەبوون.

باوکم بەگوێی دایکمدا چپاندی و ڕۆیشت. دوای ساتێک کە شتێکی بە دەستەوە بوو گەڕایەوە، ئەو شتەی بەپەرۆ کۆنەیەکدا بوو، دای بە دەستی دایکمەوە، و دایکیشم خستییە ژێر سەڵتەکەی بەری. هەردووکیان دەورو بەریان چاو لێ کردوو بەرەو ئەو هۆدەیە کە پێمان دەگووت؛ هۆدەی هەنگوین و ڕۆن ڕۆیشتن. ئەو هۆدەیه‌ی کە پڕی بوو لە پووتە هەنگوین و ڕۆن. باوکم شتەکەی لە پەڕۆ کۆنەکە دەرهێنا. خەشاوەکەی کێشایەوە و فیشەکەکانی دەر هێناو ژماردنی؛ حەوت فیشەک. لەسەرخۆ و بێ پەلە هەر حەوت فیشەکی خستەوە نێو خەشاوەکە. بە هێوری و لەسەرخۆ، سەروژێرو ئەملاوئەولای بە پەڕۆ کۆنەکە خاوێن کردەوە. دەستیبرد لە گیرفانیدا دڵقێکی دەرهێنا. دیسان بە ڕێکوپێکی لە پەڕۆ کۆنەکەی پێچاند و لە نێو دڵقەکەی نا. سەری پووتەکانی لادا، دیسان سەرەکەی ناوە. نەمدەزانی چ پووتێکی دەویست. هەنگوین یان ڕۆن، تا ئەوەی دوای چەند پووت، پووتێکی هەڵبژارد، نەمزانی ڕۆنە یان هەنگوین!  له‌ دایکمی چڕی و ووتی؛ پەرەمێزەکەم بۆ بێنە…هێنای. پەرەمێزی هەڵ کرد و پووتی لەسەر دانا. دوای تاوێ دایگرت. شتەکەی دەستی دیسان بە وردی چاو لێ کرد. قۆڵی هەڵماڵی. شتەکەی کرد بە پووتەکەدا. کاتێ دەستی دەرهێنا مووی قۆڵی و دەستی چەور ببوو. شتەکەی بەدەستەوە نەبوو، بە دەستی چەپی دەستی ڕاستی ماڵی بە لێواری پووتەکە لەپی دەستی چۆڕاندە نێو پووتە ڕۆنەکە. پووتی هەڵگرت و لەبەر دەلاقەی هۆدەکە داینا. دەلاقەی کردەوە. کزەیەکی سارد کەوتە نێو هۆدەکە. دوای بە هێوری بان پووتە ڕۆنی ساف کرد و سەرەکەی داخست. چەقۆکەی لە ژێر پشتوێنەکەی دەرهێنا و کڕێکی باریکی لەسەر پووتە ڕۆنەکە کڕاند.

دایکم وتی: هاتن…

 پرسی: کێ؟

وتی: چەند کەسن، جل و بەرگی سەربازیان لە بەرە، گشتیان ڕدێندارن…

باوکم وتی: بپرسە چیان دەوێ…

 دایکم وتی: دەڵێن دەمانەوێ ماڵەکەتان بپشکنین…

مەلا دوو رۆژ پێش بانگەوازی کردبوو ڕۆژی هەینی دەبێ هەموو خەڵک لە مزگەوت کۆببنەوە، کەس ئاگای نەبوو لە بەرچی.

باوکم گووتی: لەو کاتەوە کچی حاجی ڕەشەی تەڵاقداوە سەری لێ شێواوە. کچی حاجی لەبارو ئێسک سووک بوو. تا تەڵاقی گرت کوڕی حاجی عەلی یەک نە دووی نەکرد و خواستی. دەستی مەلاش بەگوونی. ئێستەش هەر چاوی بەشوێنیەوەیە.

دایکم پێکەنی گووتی: بانگەوازەکەی لەبەرچی بوو؟

 

خەڵک لەمزگەوت کۆ ببوونەوە.

فیرووزان ناوێک بە ڕێشێکی تەنکەوە کە تاڵی لە ناوچاویدا کڕێوەی دەکرد لە تەنشت مەلا دانیشت بوو. هەستاوە و دەستێکی هێنا بەڕدێنە تەنکەکەیدا و چاوێکی دڵڕقانەی لە ئاپۆڕی خەڵک گێڕاو گرێیەکی دیکەی خستە نێو چاوانی و بەزمانێکی جیاواز، لە ڕووبەڕووی خەڵک هاتە گۆ:

 هەروا ئاگادارن ئەوانەی دژ بەشۆڕش بوون لەم ناوچەیەدا وەدەرمان نان، ئێستە وڵات ئەمنە و داسوکناوە. کاتی ئەوە هاتووە خەڵک شۆڕش و وڵاتیان خۆش بوێ. بەڵام هێشتا، هێندێک هەر لەدژایەتیدان. کوڕو کچی هیندێکتان هەڵخەڵەتاون و دەبێ هەمووتان زۆر بۆ کوڕو کچەکانتان‌ ‌بێنن تا بگەڕێنەوە باوەشی شۆڕش.

ئاگاداری ئەوەشم ئێوە لە سەرەتای دەستپێکردنی شۆڕش هەمووتان چەک و چۆڵتان کڕێوە. لەم بەروارە بەدواوە نابێ هیچ ‌کەسێک تەنیا فیشەکێک لە ماڵی خۆی ڕاگرێ. دوو ڕۆژ مۆڵەت دەدەم هەمووتان هەر جۆرە چەکێکتان هەیە بەدەستەوەی بدەن. دووپاتی دەکەمەوە، تەنانەت دەنکە فیشەکێکیش نابێ حەشار بدرێ. هەرکەسێ ئەوچەکانە وە دەستەوە بدات بەپێی چۆنیەتی چەکەکەی پارە و پاداشێکی بەرچاوی پێ دەدرێ. ئەوەیش حەشاری بدا سزایەکی گەورەی دەده‌ین. جا بۆ خۆتان دەزانن. دوومانگیش وادە دادەنێم بۆ ئەو باوک و دایکانەش کوڕ و کچەکانیان بگەڕێننەوە. ئەگەر نەیان گەڕیننەوە پێتان دەڵێم هەر فێشەکێک لەم ناوچەدا بتەقێ ئێوە بەرپرسن و بەجێگای ئەوان سزا دەدرێن…

مەلا پسی کردبوو، نقەی لێوە نەدەهات، هەر دەستی بە ڕدێنەکەیدا دەهێنا.

 

باوکم گووتی: چیان دەوێ؟

دایکم وتی: وەرە خۆت لێیان بپرسە.

باوکم لە پلەکان هاتە خوارێ و خێرهاتنی کردن، گرێ لە سەر گرێ ناوچاوی فیرووزانی داگرت بوو، بەرۆکی باوکمی گرت.

(نازانم ئەم وەبیر هاتنەوە چەندە کەم و کورتی تێدایە. بەڵام زۆرم بۆ خۆ هێناوە شتە ڕاستەکان بگێڕمەوە. ئێستا تەمەنێک لە من تێپەڕیوە. شۆڕش کەوتووەتە نێو مێژوو. مێژوویەکی تازە دەستی پێ کردووە. منیش پێش ئەوەی لە سێدارە بدرێم گۆڕانکاری دەستیپێکرد و  بەرەڵایان کردم. ئەم جارە ژن و کچی ئەم وڵاتە، مێژوویان گۆڕا. بەڵام وا دیارە هەموو شتێک دیسان دووپات دەبێتەوە. وابزانم چەند کەسێ وەک من هێشتا زیندوو بن و ئەم شتانە من دەیگێڕمەوە وەبیریان مابێتەوە)

فیرووزان باوکمی بەرەو خۆی ڕاکێشاو زللەیکی لێدا…

گووتی: لەبەر چی چەکەکەت وەدەستەوە نادەی؟ هەر ئێستە بڕۆ بیهێنە. زوو. باوکم ڕەنگی نەبڕسکاو گووتی: چەکم نییە، ئەگەر هەمبایە وەک ئاپۆڕەی خەڵک وەدەستەوەم دەدا.

ناوچاوی تاڵ‌ تربوو، باوکمی کێشایە دەرەوەی ماڵ ‌و بە چەکدارەکانی دەستووری دا بە وردی ماڵ بگەڕێن.

 ڕووی لە باوکم کرد و گووتی: بیدۆزمەوە خۆم دەزانم چێت بەسەر دێنم…

باوکم گووتی: بەمەرجێک چەکدارەکانت خۆیان چەکێک دا نەنێنن و بە ملی مندا دای نەسەپێنن…

فیرووزان گووتی: ڕاپۆرتیان لێ داوی هەر ئەو کەسە کە ئێستە دژ بە ئێمە چالاکی چەکدارانە دەکا ساڵی ڕابوردوو بەخەڵات پێی داوی. بەو نێشانە هەڵقەی قۆناخەکەشی لە زێڕە… ڕاستیەکەی بڵێ لەکوێ حەشارت داوە. باوکم سەری لەقاند و گووتی: بە هەڵە پێیان ڕاگەیاندووی، پێی نەداوم.

بەمنی گووت: ئەمەی بەدەستەوە بگرە تا دەگەڕێمەوە، دوای چەند کاژێرێک گەڕایەوەو بردی.

 فیرووزان دەمانچەکەی خۆی بۆ باوکم کێشا.

وە بیری هاتەوە ئەو ڕۆژە عەزیز بەگ پێی وت؛ دەزانم لەگەڵ ئێمە نایەیت، بەڵام دڵنیاشم لەگەڵ دوژمنیش ڕیک ناکەوی. ئەم خەڵاتەم لی وەرگرە…بەڕوو خۆشیەوە لێی وەرگرت.

فیرووزان گووتی: نیو ساعەتت موڵەت دەدەم، تا پێم بڵێ چیت لێ کردووە، نەیڵێی،  نەخشی تەوێڵت دەکەم بە کونە شمشاڵ….

 عەزیز بەگ گووتی: حەفت گوللەشی تێدایە، ڕۆژێک بەکارت دێ.

 باوکم گووتی: هیوامە بەکارم نەیەت، بەڵام خەڵاتەکەت لەسەر چاوم دادەنێم وەک منداڵم دەیپارێزم..

عەزیز بەگ گووتی: منیش هیوامە ئەوکاتە پێش نەیەت کەڵکی لێ وەرگری. بەڵام وا پێش بڕوا نا عیلاج دەبی، نەتۆ، هەموومان…

چەکدارەکان بە دەستی خاڵی گەڕانەوە و هیچیان وە دەست نەهێنابوو…. فیرووزان بە ڕقەوە  بە باوکمی گووت: بەیانی زوو وەرە بۆ پاسگا…

باوکم گووتی: گرفتارم بۆم ناکرێ، تازە تاوانێکیشم نییە…

 گووتی: دەبێ بێی و ئەو دەمانچەش بێنی، وەگینا ژیانت دەکەمە ژاری مار. هەرکە ڕۆیشتن باوکم خۆی بەهۆدەی ڕۆن و هەنگویندا کرد. پووتە ڕۆنی یەکەڵا کردەوە. دەمانچەی دەرهێنا. دڵقەکەی لابردو لە توێشەبەرێکی دیکەی پێچاند. لە پشتی منی بەست و گووتی: بڕۆ لە فڵان شوێن چاڵیکی قووڵ بکەنە و لە نێویدا چاڵی کە و دووایش باش چاڵەکە پڕکەرەوە.

ڕۆژی دووای باوکمیان کەلەمچەکرد و بردیان، ئیتر نە گەڕایەوە  و بێ دەم و شوێن کەوت.

دەرفەتێکم وەگیر هات، سێ گوللەم لە سەر پارێزگار خاڵی کرد و چواریشم لە سەری مامم.

ڕاپۆرتی پارێزگای شارێک:

 کالیبه‌ر ٢٧. کاری کارخانەی چەکەمەنی ئەمریکی لە ساڵی ١٩٦٠ زایینی. ساڵی ١٩٦٢ دراوە بە (ویلیام تامس) ناوێک کە سەرکردەیەکی کۆماندۆی ئەمریکی لە وڵاتی ڤێتنام بووە. تا ساڵی ١٩٧٥ ئەم دەمانچە بەلای خودی ویلیام بووە. ساڵی ١٩٧٦ ویلیام بۆ سیخوڕی هاتووە بۆ کوردستان. لەم بەروارەدا ویلیام ئەم دەمانچەیە بە گەورە پیاوێکی کورد خەڵات کردووە. ئیتر لەوە بەدواوە لە هیچ شوێنێک بەدینەکراوە. ساڵی ١٩٧٩ شەهید فیرووزان بەهۆی ڕاپۆرتی برای سەعی بەگ، گومان لە سەعی بەگ دەکات. بەڵام لەبەر ئەوەی سەعی بەگ دان بەو دەمانچەیە نانێت لەژێر ئەشکەنجە و لێدان دەکوژرێ. ساڵی ١٤٠٠ هەتاوی*، شەهید فیرووزان دەبێتە پارێزگار و برای سەعی بەگیش دەبێتە ڕاوێژکاری. کوڕی سەعی بەگ لە دەرفەتێکدا هەردووکیان بەهەمان دەمانچە دەکوژێ،  ئێستە سالی ١٤٣٠ هەتاویە.

تاران – نیاوەران –  زستانی ٢٠١٩  

 

 

* ساڵی ١٤٠٠  هه‌تاوی  به‌رامبه‌ر ٢٠٢١ زاینییه‌.

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین