له دامێنی قه‌ڵایه‌كی دێریندا یه‌كدیمان ناسی
دوو بێگانه بووین بۆنی بوخوردی جێیه‌كی دوورمان لێ ده‌هات
له چا‌وانیا بڵێسه‌یه‌ك به خامۆشی هه‌ناسه‌ی ئه‌دا.
ئه‌و به لای كێڵگه‌ی مینهكاندا ڕێی كردبوو، منیش له كه‌شتییه‌وه بۆ فڕۆكه پێیه‌كانم به‌ر زه‌وی نهكهوتبوون
كه باسی فڕینم بۆ ده‌كرد، خه‌و ده‌یبرده‌وه،
كه باسی ئه‌ودیو هه‌وره‌كانم بۆ ده‌گێڕایه‌وه، باوێشكی ده‌دا.
ماڵێكی هه‌بوو به هه‌زاران ئینجانهوه، به سه‌دان گوڵی نه‌ناسراو،
له نێو پهپولهكاندا پیاسه‌ی ده‌كرد و ئاوڕینگی گه‌ڵاكانی ده‌خوارده‌وه، تێشووی پێكهاتبوو له هه‌نگوینی دره‌خته‌كان…
له ده‌ریا ده‌ترسا و سڵی له ئاسمان ده‌كرده‌وه
له گیرفانیدا هه‌میشه مشتێك خۆڵی هه‌ڵگرتبوو، بۆ هه‌ر جێیه‌ك بڕۆشتایه بۆنی خاكی ده‌كرد،
په‌نجه‌كانی له خۆڵدا نوقم ده‌كرد، پێ خاوسهكانی به قوڕ سواغ ده‌دا و وه‌كو كه‌روێشكی كێوی ڕای ده‌كرد.
پێی نه‌وتم بۆچی وه‌ك من ته‌نهایه و زێدی خۆی بۆ ئاشكرا نه‌كردم.
ڕۆژێك هات به ههنسكدانهوه خۆی به كوخهكهمدا كرد
هیچی پێ نه‌وتم و خۆی له سینه‌مدا ونكرد…
فرمێسكه‌كانی وه‌ك به‌هاره باران خۆیان پێچایه‌وه له جه‌سته‌م
ده‌مزانی چاوه‌ڕوانی هاتنی كه‌سێك بوو، ده‌مزانی هه‌واڵی مه‌رگێكی پێ وتراوه.
به‌یانیان كه ده‌رگاكه‌ی واڵا ده‌كرد، پرسیاری له سمۆره‌كان ده‌كرد و له تیشك ده‌پاڕایه‌وه هاوده‌می بێت
كه گوڵه‌كانی ئاو ده‌دا، ده‌مزانی چیرۆكی دۆستێكیان بۆ ده‌گێڕێته‌وه.
كه ده‌یبینی ده‌ڕۆم بۆ سه‌فه‌ر و دێمه‌وه، ده‌یزانی خه‌ڵكانێك هێشتا به ڕێگاوه‌ن،
ده‌یزانی كۆچه‌رییه‌كان له جوڵه نه‌كه‌وتوون،
ده‌یزانی سنووره‌كان دانه‌خراون.
هه‌تاوه‌كو ئه‌و ڕۆژه‌ی خۆی كرد به ماڵه‌كه‌مدا
ئێواران به گونده‌كه‌دا ده‌گه‌ڕا و له‌به‌ر خۆیه‌وه ئاوازێكی ده‌چڕی…
له‌وه‌به‌دوا، گوڵه‌كانی سیس بوون،
ئینجانه‌كانی ڕه‌نگیان لێ تۆرا و
په‌پووله‌كان كۆچیان كرد.
ئه‌ویش، له‌سه‌ر كورسییه‌ك دانیشت‌و نیگای ڕووی له ئاسۆیه‌كی نه‌بینراو كرد،
بڵێسه‌ی چاوانیشی كز كز ده‌سووتا و شه‌ڕی له‌گه‌ڵ ئه‌و تاریكاییه‌دا ده‌كرد وه‌كو ته‌م، بێده‌نگ و هێواش،
جیهانی داده‌پۆشی.