پەراوێـــــــز
نەژاد عزیز سورمێ
(1)
تنۆکێکە
تنۆکێ فرمێسکی ناکام ؛
ماسی مەلەی تێدا دەکەن
چرا دەچنەوە باڵ یەکتر.
شاعیر ڕەنگەکان ون دەکا ..
تنۆکێ فرمێسکی ناکام ؛
بیابانیش تینوویێتی خۆی پێ دەشکێنێ…
(2)
ئێمە مرۆڤی ھەتاوین
خەڵاتمان کفنە
چوار ھەزار و پێنج سەد ساڵە
کفنمان زەرد ھەڵناگەڕێ
با بەسەر لاشەی بێ گیانی شەوی دادەین
کێڵ بینەوە.
– دیسان؟
– دیسان.
– لە نووکەوە؟
– لەنووکەوە..!
(3)
ماوی؟
– ماوم .
یەکەم جار نییە ڕەشەبا
سێبەری بەفر لوول بدا..
بە نەشئەی تاسانمان دەژین
نابین بە بارانی ناوەخت ..
(4)
جارێکی تر ھاتەوە بەر پەنجەرەکەم
لەوەتەی لێک دابڕاوین
لێم ناگەڕێ!!
ھەموو شەوێ مۆمێکی بەدەستەوەیە
لە پەنجەرەڕا
شیعرپژێنی ژوورەکەم دەکا.
(6)
حەقیقەتێکی لە نێرگز ون بووی
ئاگر و بەفری ناو دڵی مێژووی
نە ئاگر بەفر دەتوێنێتەوە.
نە بەفر ئاگر دەکوژێنێتەوە.
(7)
گەڵای سەوز
لە قەدی میدۆزدا بوو بە بەرد.
کێ توانی
وەک گەڵای ناوقەدی کتێبێک
بچێتە قەدی مێژووەوە ؟
کە ھاتی سەوزە بووی
نەھاتبای چاتر بوو !
(8)
خەونی دی !
مێشکی پەرتی سەردەم بوو ،
لە ھەموو خەرمانێ بارووتی..
خەونی دی ؛
سینەی ڕووت و دادڕاوی
بەر لێزمەی تەزرەبوو ..
خەونی دی ؛
مەلەی لە نێو کادا دەکرد.
(9)
ڕۆیی و وتی :
لە تەنکاوان نامێنمەوە..
ھەموو ئاشنای شەپۆلانین
ھەموو ئاشنای مێژووماڵکی کەڵەکانین
ڕۆیی و وتی و نەھاتەوە ..
(10)
فاندۆم ، نە باران بوو ، نە گوڵەگەنم
بۆ مۆزەخانەیش دەستی نەدەدا مامۆستا (کۆربێ) !
فاندۆم کۆتەڵێک بوو ، لەگەڵ نووچداندا ڕاقەنا.
(11)
کێ تاڵاوی خوارد؟
کێ تاڵاوی خخو ؟؟
کێ تاڵاو..؟؟؟
کێ تاڵ..؟؟؟؟
کێ ت..؟؟؟؟؟
کـ….؟؟؟؟؟؟
(12)
تا لێی بڕا سەمای بۆ تارماییەکان کرد..
تا تێی دابوو ، بانگی ڕاھێشت :
چۆلەکەیش بە قسە ھاتن .
تا تێی دابوو …
(13)
نەوای ھێشووە بزڕکاوەکان
بوو بە نوورێ
ھێزی لە خۆر و مانگ بڕی
گیا و به ههست گوڵی ھێنان
بەسەر چاک و خراپ دا باری
نەوای ھێشوە بزڕکاوەکان
لە تەمی ڕۆژگاردا ون بوو…
(14)
پاساری گەڵایان ھەڵوەری..
درەخت پەڕ کران..
شەو چرای ڕۆژتە ، پەنای چی ؟
گیانەڵای ناختە ، ھانای چی؟!
(15)
ئۆسنابرۆک ، شارە گوندێک بوو
بە ھەزاران منداڵی بۆ شەڕ پێگەیاند
لە دواییشدا یەکێک لەو ھەزار زیلە ؛
وتی: بۆ ؟
ئێستا ئۆسنابرۆک بەو مێردمنداڵە دەناسرێتەوە
ئێستا ئۆسنابرۆک لە شەرمان دەدرەوشێتەوە…
(16)
دیسان باران دایکردبوو
لە تەنتنەی تەنیاییدا ؛
نوزەی دەھات :
تۆ ئاسمانی ..
تۆ بەیانی ..
تۆ گونجانی ناو ڕۆژگاری نەگونجانی .
(17)
دوکەڵکێشەکان خامۆش بوون .
ھەوا ھەناسەبڕ کرابوو..
لەو دوورەڕا چۆن بزانم
گوندییەکان نووستوون یا بێدار..؟
(18)
شاملو
شاعیرێکی ئەم جیھانی ( سێیەمە)
ڕۆژێ لە ڕۆژان وتی:
(( ئەگەر سپی دارەکەم چرۆ دەرکا ،
باڵندە ڕەشەکە ھەڵدەفڕێ
ئەگەر باڵندە ڕەشەکەیش بڕوا ،
سپی دارم چرۆ دەکا..))
(19)
فێربووە وەختێ پڕ دەبێ
تێ ھەڵکا ستران و لاوکان بچڕێ ..
تۆ ئێستا دەبینی لاوک و سترانمان لە خۆمان زۆرترن.
(20)
ئەدرەسم ھێشتاکە
ئەدرەسی جارانە:
بناوانی ڕەشەبا
ئەو دیو ڕۆژھەڵاتی مردن.
1986 – 1988 – 1989
نووسراون و بڵاو كراونهتهوه