چەند شیعرێ له شاعیری ناسراو
( محەمەد ماغووت )ـهوه
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە؛ نهژاد عزیز سورمێ
(1) ڕێـی ئاوڕیـشم
هەموو ڕۆژێ ،
شكۆیەكی نوێ و
شەرمەزارییەكی نوێ
لە نیشتیمانەكەمدا دەدۆزمەوە ..
هەواڵ هەیە
سەری پێ بەرز دەبێتەوە
هەواڵیش هەیە فشاری خوێن …
*
وەڕس بووم ئەوەندەی
پەنا بۆ جگەرە و مەی و
دەرمانی هێوركەرەوە و
كەڵوەكانی بەخت ببەم ..
خەیاڵفراوانیی
دەمارەكانم دەپچڕێنێ
سنوورێكی دیار یا ئەمینم
لەنێوان شكۆ و شەرمەزاری
هیوا و بێئومێدی ،
شادی و خەم
بەهار و پاییز
نێر و مێ
مەرفوع و مەنسوب
لا نەماوە ..
ئەوەتا ئێستایش
جوانترین قەسیدەم و
دوا قەسیدەم
لە گوێدا دەنێم
پەنجەشم لەسەر پەلاپیتكەیە
دڵنیام
چەند بازنەیەكی دووكەڵ
بەرز دەبنەوە
وەك بڵێی
گوللەی بەڕاستی بن .
(2)نیـشتمان بەسەر پێوە
خەونی دێرینم
نیشتمانێكی داگیركراوە
ئازادی بكەم
یا نیشتمانێكی ون بوو
بیدۆزمەوە
سنووری ،
بە پێی ڕووبەر و
ژمارەی دانیشتوان و
ڕووبار و
چالاكی چۆلەكە و
ڕێبواری ڕێگاكانی
ئەوانەی لە ئاسمانیدا ،
بەنزین تێدەكەن
كورت و درێژ دەبێتەوە..
نیشتمانم
ئەوەی ڕێگوزهر ،
ئاوی لێ دەخۆنەوە و
نەخۆشی لێ چاك دەبنەوە و
درەختی ڕووتی لێ گوڵ دەگرن
تەنانەت ،
پێش هاتنی بەهاریش.
*
ئەی كتێبە دێرینەكان
پێم بڵێن!
چی لە دانراوە خاكییەكانم هات؟
ماوەیەكی زۆر بە نووسینیانەوە
ماندوو بووم..
دەمەوێ بزانم
چییان بەسەرهات و
لەسەر چ ڕەفەیەك كەوتوون؟
(3) پەڕەسێـلكەی پەستیی
هەڵەكانم ژەنگیان هەڵێنا..
بە پیتێك یا جوولەیەك ،
داوای لێبوردنم نەكرد..
لای من هەموو شتێك
كۆن و بەكارهێنراوە ،
ماڵ
دیوار
پەردە
جل و بەرگ
شەپقە
مەی
فرمێسك و
شڵەژانی گوڵان
كە پاییز بەسەریاندا دەدا
ئاڵۆزی قسان نەبێ
كاتێ كردار پاڵپشتی دەكا
هەروا كە مەرگ
لە یەكێك لە خەونەكانمدا بۆم دێ ،
وەسیەتم بۆ نیشتمانم
بۆ یەكەمین ڕێگر كرد!
*
بەڵام بۆ كرداری ڕەنگاوڕەنگم ،
وەسیەتم بە زەرد بۆ پاییز و
بە كەسك بۆ بەهار و
بە شین بۆ دەریا و
بە بۆر بۆ هەور و
بە ڕەش بۆ گۆرانی و
لێكدابڕان و جودایی كرد.
(4) فڕۆكەیەك دهفڕێ ، دووان دەنیشنەوە
دوو فڕۆكە دەنیشنەوە
پۆلی كار ، شوێن و كار
بە درێژایی ڕۆژێ
ئاڵوگۆڕ دەكەن…
ئوتێل و شانۆ و پێشەنگا و
چایخانە و مەیخانە و ئۆتۆمبێل و
پایسكل و بەرزەپرد و
تەلەفۆنی زەمینی و مۆبایل
كە جیهان دادەگرێ و
ئەنتێنا و سێنی وەرگرتن
سەربان و بانیژان دادەپۆشێ..
*
بەڵام ئەوەی
لە بەرمیلی زبڵی
ئۆتێل و باڵوێزخانەكان
لەبەرماوهدا فڕێ دەدرێ
بەشی پێنج سوپایان دەكا
لەچەند بەرەیەكی جەنگدا..
یەكێك لەو بەرمیلانە
سۆزێكی نەتەوەیی ،
بەڵكو شۆڤێنی ڕایكێشام
لەگەڵ یەكەمین پاروودا
بە یەكێكیانەوە نووسام
وێنەی بەرخێكی شیرەخۆرە
بە مەڕی دایكییەوە دەنووسێ
لەگەڵ ئەوەشدا
بە مەتر لەژێر هێڵی هەژاری دام .
خەریكن وڵاتەكەم تاڵان دهكهن.
(5) پەیژەی ئاگركوژاندنەوە
پاش ئەو هەموو ناو و ناوبانگ و
فراوانی بڵاوبوونەوە و
هاتووچوو
بۆ ئەوپەڕی دونیایێ ..
پاش
ئەو هەموو
كۆڕ و دیدار و ئیمزای ئۆتۆگرافان و
هەستان و دانیشتنەوە
لەسەر سەكۆ و
چەپلەی بەردەوام…
پاش ئەو خەڵات و میدالیا
ئەدەبی و شانۆیی و ڕۆژنامەنووسییانە
ڕووبەڕوو
لەبەردەم
شمشێری (بن لادن) و
بۆمبای (ئەبو سەییاف) و
كێردی (ڕابیح بیتات) و
تەوری (ئەبو قووتابە) و
خەنجەری (ئەبابەكری باعاشیر) و
سێدارەی ڕژێـمان ،
كۆتاییم دێ..
ئینجا
تۆیش
ئازادی
ئەو مردنەی هەڵبژیرە دەتەوێ!!
ئەگەر دووربین و نیشتمانـبین بی
وەختی خۆرئاوابوونێ .
* له ماڵپهڕی ( الامبراطور) ـهوه كراون به كوردی .