دەست لەکارکێشانەوەی ئەستێران
نەژاد عزیز سورمێ
(1)
ئەو ژنەی
لە ڕەنووی ھزرە مایەپووچەکانەوە
کەوتووەتەوە ..
ئەو ژنەی
ڕەشەبای پۆشیوە و
شەڕی سپێدەدەمان ئاگردەدا و
چاو لە ئێوارە دادەگرێ ..
ئەو ژنە حسابێک بۆ کەس ناکا
نە بۆ ھێزی ھاوپەیمانان ،
نە ئەنجوومەنی حوکم ..
بە نیلۆفەری چاوی ،
ھەموو ھۆیەکی ژیانی لەشار بڕیوە ..
ئەستێرەی لە ئاسمان خانەگومان کردووە
دەستی پێ لە کار کێشاونەتەوە .
(2)
لە میوانداری مەرگدا
کە خوێندنەوەیەک نامێنێ ،
با خۆی ڕووت دەکاتەوە
چیاکان سەر لەبن گوێی یەکتر دەنێن…
ژنێک ڕەشەبا دەپۆشێ
سپێدەدەمان ئاگرد دەدا و
چاو لە ئێوارە دادەگرێ ..
ئەستێرە ئیتر ھەڵنایێن
دەست لەکاردەکێشنەوە.
(3)
من خەونێکی دیکەم نەبوو
ئەو ئازیزانەی خۆشم ویستن
داخ کە پێیان نەزانیبوو
لەگەڵ دەست لەکارکێشانەوەی ئەستێران
ونم کردن .
(4)
لە خۆشەویستی دەپرسی
چۆن دێ و چۆن دەڕوا ؟!
بۆ ھاتنی خۆشەویستی ھۆیەک نییە
خۆشەویستی ھەمیشە دێ…
(5)
شارم بە چۆلەواری ڕۆحم سپارد
سۆز و چاوەڕوانی و خەونی مناڵیم
بەم دەمودەستە
لەکوێ بێنمەوە ؟
کە خۆم ئاگرم دەکردەوە و
خۆم سڕ ببووم ..
ئەو چاوانەی
تریفەیان لە مانگ دەدزی و
باری (نوور)یان
لەبەر ئاستانەی خەراباتان لێ دەخست
ئەو چاوانە
نسێی خۆرئاوا بردنی ..
(6)
ئەستێرە
دەستیان لە کار کێشایەوە…
پێویستە چارەیەک بۆ ئاسمان بدۆزرێتەوە
لە میوانداری مەرگدا
خوێندنەوەیەک نامێنێ .
ئەیلوولی 2003