خۆکوشتنی قەلەڕەشێک
گۆران ڕەئوف
ساڵی یەکەم
یەکەم جار کە مامۆستای بینی لە باخچەی یەکێک لەو سەنتەرە ڕۆشنبیرییانەدا بوو. لێو بەخەندە، ڕێکپۆش، قاتێکی ڕەساسی پۆشیبوو. ئەو زۆرتر سەرنجی چووە سەر بۆینباخە سوورەکەی کە بۆنی ئەشق و ڕۆمانسییەتی لێ دەهات. ڕیش و سمێڵی پاک تاشیبوو، کوڵمەکانی پەمەیی دەچوونەوە، چاوانی پڕبوون لە هیوای ڕەنگاڵە، هەرچەندە چاوانی قاوەییەکی مەیلە و سەوز بوون بەڵام سەرنجبەر و درەوشاوە بوون.
لەنێو جەنجاڵی و هات و چۆی میوانەکاندا بەتەنیا لە نزیک یەکێک لە کورسییەکانەوە وەستابوو، هەستی دەکرد چاوەڕێی کەسێکە کە بێت و پێکەوە دانیشن، بۆیە بە فرسەتی زانی و چووە پێشەوە.. دەستی برد و وتی: سڵاو.. مامۆستا بە ساردییەکەوە تەوقەی لەگەڵ کرد. وتی: تۆش لێرەیت؟ کەمێک لە پرسیارەکەی قەڵس بوو.. وتی: بەڵێ لێرەم، منیش ئەمڕۆ خەڵاتی ڕێزلێنان وەردەگرم. وتی: ئەها یانی خەڵات و شت دابەشدەکرێت.. مامۆستا وتی: بەڵێ خەڵات دەدەن بە کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس.. بۆ نەتزانیوە چ باسە و کەچی هاتوویت؟ وتی: ڕاستی وامزانی کۆڕی شیعریی و شتە.. زۆر گوێی نادەمێ، هەر بزانم بۆنەیەک، مەراسیمێک، کۆڕێک، هەبێت خۆمی پێدا دەکەم.. بەپێکەنینێکەوە وتی: بابە شیعر و شتی چی، خەڵات دەدرێت بە کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووسی چالاک و بوێر. مامۆستا ئەو ڕستانەی کۆتاییی زۆر بە جەختکردنەوەوە دەربڕی.
کاتی مەراسیمەکە نزیک دەبوویەوە، بۆیە مامۆستا دانیشت و ئەویش لە تەنیشتییەوە دانیشت. هەستی دەکرد مامۆستا زۆر خۆشحاڵ نییە کە لە تەنیشتیدایە، بۆیە زۆر گوێی پێ نەدا. پاش وتار و هەندێک قسەی دووبارە، دەست کرا بە دابەشکردنی خەڵاتەکان بەڵام مامۆستا کۆتا ڕۆژنامەنووس بوو کە ناوییان خوێندەوە و خەڵاتیان پێ دا. هەرچەندە زۆربەی بەرپرس و وتارخوێنەرەوەکان مەراسیمەکەیان جێ هێشتبوو کەچی چاوەکانی مامۆستا هەر دەدرەوشانەوە بەڵام کەمێک نائومێدانە دەردەکەوت و باڵانسی متمانەشی کزببوو.. کە هاتەوە دانیشت ئەو کەمێک خۆی جووڵاند و وتی: پیرۆزە. مامۆستا وردە ئارەقەی بچووک بە نێو چەوانییەوە بوو، کوڵمەکانی سوور هەڵگەڕابوون، ڕوخسارێکی مێینەیی تێدا دەرکەوتبوو، بە لێوی وشکەوەبووەوە وتی: سوپاس.
ساڵی دووهەم
لە کافێیەک کە دەکەوتە ناوەڕاستی بازاڕ، جار جار کۆڕ و چالاکی ڕۆشنبیری تێدا دەکرا، مامۆستای بینییەوە، کراسێکی سپی سوننەتی لەبەر دابوو، کە ملیوان و شوێن قۆپچەکانی بە ڕەنگی قاوەیی و سەوزێکی تۆخ داپۆشرابوو، پانتۆڵێکی قوماشی ڕەشی پۆشیبوو، جووتێک کالەی زۆر هەرزەکارانەی لە پێ دابوو، لە یەکێک لە مێزەکانی ناوەڕاستی کافێکەدا لەسەر کورسییەکی دارینە دانیشتبوو، سیگاری دەکێشا… کە بینی بە تەنیایە، ڕۆیشت و لەنزیک مامۆستادا دانیشت و سڵاوی لێ کرد. وەک مۆتەکەیەک لە بەرامبەریدا هەڵتۆقیبێت وەها تۆقی، وەڵامی سڵاوەکەی دایەوە بەڵام هەستی کرد کە ناچارە وەڵام بداتەوە ئەگەرنا مامۆستا کە ئەوی بینی هەر زوو تێ گەیشت پێی خۆش نییە هاتۆتە نزیکی.
شتێک کە بەئاشکرا لە ڕوخساری مامۆستادا دەبینرا، ئەوە بوو کە زۆرتر متمانەی بە خۆی بوو، زۆر شاعیرانە نەفەسی لە سیگارەکەی دەدا و شێوەی کەمێک گۆڕابوو.. قژی لوول و درێژتر لە جارانی، برۆکانی کە جاران لایدەبردن و کەمێک هەستت بە مێینەبوونی دەکرد بەڵام ئێستا برۆکانی قەوی و پیاوانەن.. برۆکانی زۆر پرسیاریان دەهێنا و دەبرد، دیار بوو قۆزتری کردبوو. ساکسوکێکی تەنکیشی دانابوو، لەو شاعیرە پاکوخاوێنانە دەچوو کە شیعر وەک پرۆژەیەکی خودی دەبینن. سیگاری دەکێشا و قاوەشیان بۆ هێنا، بێدەنگ دانیشتبوو، مامۆستا وادەردەکەوت کە خواخوای بێت ئەو هیچ نەڵێت.
کافێکە ئامادەکرابوو بۆ شیعر خوێندنەوە یان مەراسیمێکی ئەدەبیی بەڵام مامۆستا ڕۆژنامەنووسە چی دەکات لەوێ؟ بڕواناکات حەوسەڵەی شیعر و شتی وای هەبێت؟ بۆیە وتی: مامۆستا چۆنە لێرەیت؟ لەو کاتەدا قاوەی دەخواردەوە، بەهێمنی کوپی قاوەکەی نایە سەر مێزەکە، وتی: من دەڵێی؟ وتی: بەڵێ ئەی ئەم مێزە خۆ هەر من و تۆی لێین.. وتی: ڕاستی ئەم ئێوارەیە کۆڕی شیعریی لێرە دەکرێت، منیش شیعر دەخوێنمەوە. ئەو وەڵامەی کەمێک تووشی سەرسوڕمانی کرد، بۆیە وتی: ئێستا شیعریش دەنووسی؟ ئاشکرابوو بەو پرسیارە قەڵس بوو. کەمێک گووپی هەوا تێکرد و لێوەکانی جوان نابەیەکدا و وتی: بەڵێ شیعر دەنووسم، بۆ چی تێدایە؟ یەکسەر وەڵامی دایەوە و وتی: هیچ بەڵام وامزانی هێشتا ڕۆژنامەنووسیت. پێکەنین کەوتە سەر لێوەکانی و وتی: ڕۆژنامەنووسی چی ئازیز، ئەوە ئیشی نەخوێندەوارەکانە، ئیشی ئەوانەیە کە ساڵیی کتێبێکیش ناخوێننەوە.
تێگەیشت، کە مامۆستا بۆتە شاعیر، یەکسەر سەرنجی چووە سەر برۆکانی و ساکسوکەکەی و قژە لولەکەی.. خەندەیەک بە لەشیدا دەهات و دەچوو تا گەیشتە سەر لێوانی.
مامۆستا لە قاوە خواردنەوە و سیگار کێشان تەواوببوو لە کورسییەکەی تەنیشتیدا جانتایەکی لێبوو، دەستی دایە و چەند لاپەڕەک و چاویلکەیەکی دەرهێنا، چاویلکەکەی لەچاوکرد بەڵام ئەو بەلایەوە جێی ڕامان بوو، هیچی نەوت. مامۆستا ورد ورد دێڕی سەر لاپەڕەکانی دەخوێندەوە، دیاربوو پرۆڤەی دەکرد بۆ ڕاهاتن بە وشە و ڕستەکان، لەوکاتەدا خۆی پێ نەگیرا و وتی: مامۆستا تۆ کەی چاویلکەت لەچاو دەکرد؟ مامۆستا چاوانی هەڵبڕی و بە پرسیارەکەی خۆشحاڵ بوو، وتی: گیانەکەم چاوانم لە خوێندنەوەدا دابەزیون.. ئەوەی وت و سەرنجی خستەوە سەر لاپەڕکان.
کافێکە جوان ئامادەکرابوو، تا دەهات خەڵکی تێ دەڕژا، هەرچەندکەسە و لەسەر مێزێک کۆدەبوونەوە، هەستی دەکرد لە مەراسیمێکی تەواو ئەدەبیی دایە، میوزیکێکی ئارام هێندەی تر کەشەکەی جوانتر کردبوو بەڵام ئەوەی دووبارە بووە هۆی پرسیارکردن، ئەوەبوو کە تەنیا خۆی و مامۆستا لەسەر ئەو مێزەبوون، دیسان خۆی پێ نەگیرا و وتی: مامۆستا هاوڕێ و برادەرت نییە… نەیهێشت تەواوی بکات وەڵامی دایەوە، وتی: ئەزانی چۆنە ئازیزم، ڕۆژگارێکە دەبێت خەریکی پیاهەڵدان و قسەی باق و بریق بیت، منیش ئەو سیفاتەم نییە، خۆم بچوک ناکەمەوە وەک ئەو بەناو شاعیرانە کە خەریکی پیاهەڵدانی کچانن، بۆیە ئەم تەنیایەی خۆمم پێ باشترە. مامۆستا کە باسی کچانی دەکرد سەیری چەند مێزێک ئەولاتری دەکرد کە چەند کچێک لەگەڵ یەک دوو پیاودا دانیشتبوون و لەگەرمەی قسە و پێکەنیندابوون. بەو دیمەنە تێگەیشت بەڕاستی مامۆستا تەنیایە. پاشان لاپەڕەکانی دانایە سەر مێزەکە و سیگارێکی تری پێ کرد، لەوکاتەدا ئەویش تەماشای لاپەڕەکانی دەکرد، بینی، ناونیشانی شیعرەکەی نووسرابوو: (قەلەڕەشێکی تەنیا) بەڕاستی ئەو ناونیشانە دڵی داخورپاند و بگرە دڵیشی بۆی دەسووتا.
مامۆستا ئەو ئێوارەیە، شیعری قەلەڕەشێکی تەنیای خوێندەوە کە جوانترین شتی ئەوەبوو بە قوڵی و بە عەشقەوە شیعرەکەی پێشکەش کرد.
ئەو درکی بەوەش کرد چونکە مامۆستا پێشتر ڕۆژنامەنووس بووە بۆیە جوانتر لەوان شیعرەکەیی خوێندەوە و بینی چۆن کچان چەپڵەڕێزانیان کرد. لەوکاتەدا ئەو دێڕە هات بە خەیاڵدا: ڕۆژگاریی تەنیایت تێپەڕی مامۆستا. هەڵبەت دوای تەواوبوونی کۆڕەکەش زۆر کەسی بینی قسەیان لەگەڵ مامۆستا دەکرد بە تایبەتیش کچان، هەیانبوو کتێبی پێشکەش دەکر، هەیانبوو وێنەی لەگەڵ دەگرت، مامۆستا لەو کاتانەشدا سیگاری دەکێشا و سەیری ئەویشی دەکرد کە نیگاکانی پڕبوو لە پارادۆکسێکی جوان، پارادۆکسێک لەنێوان خەندە و وێرانبووندا. نەیشی دەزانی بۆ هەست دەکات کە مامۆستا ڕێگایەکی دوورتری لە پێشە بە تایبەت کە سەیری برۆکانی و چاویلکەکەیی دەکرد.
ساڵی سێیەم
پاش نیوەڕۆ بوو، باران دەباری، چەترەکەی هەڵدا و بەڕێکەوت بۆ هۆڵی (شاعیری گەورەی گەلەکەمان) دەیزانی ئەم پاش نیوەڕۆیە، کۆڕێکە بۆ چەند چیرۆکنووسێک کە چیرۆکەکانیان هەڵبژێردراون و لەوێ دەیخوێننەوە. کۆی چیرۆکەکانیش بە کتێب چاپکرابوون و پێشکەشی ئامادەبوان دەکرا.. کە چووە هۆڵەکە وەک ڤیستیڤاڵێک دەهاتە پێشچاو. لە ڕاڕەوی هۆڵەکەدا گەرمی دەهات بەڕوویدا، قاوە و چای لێ بوو، چونکە بەڕێگاوە سەرمای ببوو، کەمێکیش تەڕببوو، چەترەکەی لوولدا و چایەکی تێ کرد، بە هێواشی چاکەی دەخواردەوە، هەڵمی دەمی و هەڵمی گەرمیی چاکە دیمەنێکی جوانبوو، لە ناخەوە بەخۆیی وت: هەر هەبێت فیستیڤاڵ و کۆڕ و مەراسیمی ئەدەبیی.
چاکەی تەواو کرد، میزێکی زۆری دێت، دەڕوا بۆ تەوالێت، بە پێوە خۆی خاڵی دەکاتەوە.. وای چەند خۆشبوو ئەو میزکردنە.. ئەو لەبەر خۆیەوە وادەڵێت. کە هاتە دەرەوە، ڕۆیشت بەرەو لای دەستشۆرەکان، هەرچەند پێویستی بە دەست شتن نیە بەڵام ڕۆیشت. کەسێک کە پشتی لەوەوەیە و قژێکی درێژ و لوول کە جوان شانەکرابوو، هاوکات دیاربوو جێڵیشی لێ درابێت لای دەستشۆرەکەیە. چوە تەنیشتی و ویستی ئاوێک بە دەستەکانیدا بکات، ڕوانینی کەوتە سەر ئاوێنەی بەردەم دەستشۆرەکە، ئەو کەسەی تەنیشتیشی دەبینی بەڵام سەری نەوی کردبوو، خەریکی شتنی دەستەکانییەتی، بینی چاویلکەی لە چاودایە، کەوتەوە یادی مامۆستا، مامۆستای شاعیر. جوانتر لێی وردبوویەوە بەڵام هەر سەرنجی ئەوی نەدەدا.. وای خۆ ئەوە مامۆستایە! کە برۆکانی بینی، دڵنیابوو خۆیەتی. بەدڵخۆشییەوە سڵاوی لێ کرد. سەری هەڵبڕی و دەستە تەڕەکانی بە هێمنی ڕاوەشاند، تەماشایکرد، نیگای تێکەڵەیەک لە دڵەڕاوکێ و ئارامی تێدابوو.. سڵاوی بۆ کردەوە و خێرا دەستشۆرەکەی جێ هێشت. کەمێک بەلایەوە ناخۆشبوو مامۆستا بەو شێوەیە جێی هێشت.
لەو شوێنەی کە مامۆستا دەستی لێ شت، کەمێک دوورتر، بینی ئەنگوستیلەیەکی ئاڵتوونیی لێ بوو، دەستی دایە ئەنگوستیلەکە و هەڵیگرت، ئەنگوستیلەکە نقێمێکی گەورەی سەوزی پێوەبوو، زۆر سەرنجڕاکێش کەوتە پێشچاوی. ڕۆیشتەوە ڕاڕەوەکە، کەمێک وەستا و دەیویست بڕواتە نێو هۆڵەکە، لەوکاتەدا، مامۆستای بینی بە سیمایەکی شێواوە لە دەرگای هۆڵەکە دەهاتە دەرەوە، دیاربوو زۆر پەلەی بوو، بەڕاستی ئەو قژە درێژەی لێ دەهات، قژی تەواو درێژ کردبوو، ڕووخساری نوورانی دیاربوو، ڕیشێکی تەنکیشی دانابوو کە زۆر لە پیاوێکی پاک و بێگەرد دەچوو. ئەو ڕوانینی کەوتە سەر مامۆستا، بینی وا دەڕوات بەرەو تەوالێتەکان. بە هێواشی بەبێ ئەوەی خۆی بیەوێت کەوتە شوێنی. دەبینێت مامۆستا لای هەمان دەستشۆر ڕاوەستاوە، بەوردی سەیری ئەو ناوە دەکات، دەڕوانێت و چاو ورددەکاتەوە، دادەنەوێت و سەیری ژێر دەستشۆرەکەش دەکات، خۆی بەرز دەکاتەوە، لێوەکانی دەجووڵێنێت و ورتەی دێت. ئەو نازانێ چی دەڵێت بەڵام تێگەیشت کە مامۆستا بەشوێن شتێکدا دەگەڕێت، بۆیە چووە پێشەوە بۆلای، هیچی نەوت، چەترەکەی بەدەستی ڕاستی هەڵگرتووە و ئەنگوستیلەکەش لەنێو دەستە چەپی دایە. مامۆستا سەری هەڵبڕی، توڕە دیاربوو بە شوێن شتێکدا دەگەڕا. وتی: مامۆستا شتێکت لێ ون بووە؟ وەڵامی نەدایەوە. هەر چاوی دەگێڕا و دەستی بە گیرفانەکانی قەمسەڵە ڕەشەکەی و پانتۆڵەکەیدا دەهێنا.. دووبارە پرسییەوە: مامۆستا شتێکت لێ بزر بووە؟ ئەم جارە، بە وشەی بزر، سەرنجی مامۆستای ڕاکێشا و سەیری کرد، بەبێباکییەوە وتی: ئەنگوستیلەکەم. درێژەی بە قسەکردن دا و وتی: کە دەستم دەشۆرد، لێرەدا دامنابوو.. قسەکەی پێ بڕی و ئەنگوستیلەکەی بەرزکردەوە، وتی: ئەمە دەڵێی؟ مامۆستا سەیرێکی کرد، سەرەتا کەمێک مات بوو بەڵام لەپڕ پێکەنی و وتی: بەڵێ خۆیەتی ئەوە لە کوێ دا بوو؟ وتی: لە سەر دەستشۆرەکەدابوو.
هاتە پێشەوە و لێی وەرگرت، هیچی نەوت، ئەویش هیچی نەوت، هەردووکیان بەرەو ڕاڕەوی هۆڵەکە ڕۆیشتین، ئەو هەستی دەکرد مامۆستا دەیەوێت پێشی بکەوێت و بڕوات، یان خۆی لێ ون بکات، بۆیە هێواشتر دەڕۆیشت بۆئەوەی مامۆستا ئارام بێت، یان شکۆی مامۆستا بپارێزێت. بەڵام مامۆستا وەک ئەوەی کارێکی شەرمەزارانە بکات گەر بڕوات و جێی بهێڵێت.. بۆیە مامۆستاش وەک ئەو هێواش دەڕۆیشت، ئاوڕی لێ دایەوە و وتی: پێمخۆشە تۆ دەبینم دیارە حەزت لە ئەدەبیاتە؟ نەیدەزانی چی وەڵام بداتەوە وتی: بەڵێ تاڕادەیەک.. کەم کەم دەخوێنمەوە. مامۆستا وتی: ئافەرین، ئێمە پێویستمان بە خوێنەرە تا نووسەر.. پێکەنی و وتی: دروستە مامۆستا. ئەو قسانە دەرگای کردەوە کە بڵێت: منیش پێمخۆشە وەک شاعیرێک تۆ دەبینم بەڵام مامۆستا لەبیری چوو بوو کە شاعیرە. وتی: ئەها، ڕاستدەکەیت بەڵام ئەمڕۆ وەک چیرۆکنووسێک هاتووم. وتی: یانی تۆش بەشداریت کە چیرۆک بخوێنیتەوە؟ پێکەنی و بە تۆنێکی زۆر نزم وتی: نانا من لیژنەی هەڵسەنگاندنی چیرۆکەکانم.
بەلایەوە سەیر بوو، چۆن دەبێت شاعیرێک لیژنەی چیرۆک بێت، بۆیە هەنگاوەکانی خێراتر کرد و ویستی جێی نەهێڵێت، چوە تەنیشتییەوە و تەواو خۆی لێ نزیک کردەوە بەڵام هەستی کرد مامۆستا، پێی ناخۆشبوو ئەوەندە نزیکی بۆتەوە، زۆرتر وەک ئیهانەکردن دەیبینی. مامۆستا وەک شتێک بیری کەوتەوە کە ئەو بۆتە فریادڕەسی ئەنگوستیلکەی، هەربۆیە ئامادەبوو وەک دوو هاوڕێ ڕێ بکەن. لەو کاتەدا وتی: مامۆستا تۆ پێشتر شاعیر نەبوویت؟ وەڵامی دایەوە و وتی: ڕاستە شیعرم دەنووسی بەڵام من لەمێژە چیرۆک دەنووسم هەتا کۆمەڵە چیرۆکێکشم چاپ و بڵاوبۆتەوە، هەندێ لە چیرۆکەکانم وەرگێڕاونەتە سەر زمانی وڵاتانی دراوسێ.. دێژەی بە قسەکانی دا کە زیاتر وەک ڕوونکردنەوە وابوون.. هەناسەیەکی هەڵکێشا و بە متمانەوە وتی: ئەزانی چۆنە، شیعر کاری گەمژەکانە، شیعر زۆر نەرمە و هیچ مەعریفەیەکی ناوێت بەڵام چیرۆک شتێکی ترە، چیرۆک سەختە هەموو کەس پێی ناوێرێت، بۆیە تێگەیشتم چیرۆک ئیشی ڕاستەقینەمە، نەوەک ئەو لاوانەوە و کڕوزانەوەی لە شیعری ئەمڕۆدا هەیە. هەر قسەی دەکرد.. بەڵام ئەو کەوتەوە یادی شیعری قەلەڕەشێکی تەنیا، ئەم جارەیان بەڕاستیی و لە ناخەوە دڵی پێی دەسووتا، هەرچەندە مامۆستا زۆرتر متمانە لە تۆنی دەنگ و جوڵەی دەست و قسەکانیدا هەبوو، بەڵام بەدەست خۆی نەبوو پتر بەزەیی پێیدا دەهاتەوە.. مامۆستا هەندێ جوڵەی نوێی هەبوو، وەک سەرلەقاندن و پێکەنینێکی زۆر لە دەموچاویدا، هەڵبەت دیسانەوە سیما مێینەییەکەی تێدا بەدیارکەوتبوو کە کاتێک ئەوەندە، خەندە لە ڕوخساریدا دەبینرا.
لەگەڵ مامۆستادا ڕۆیشتنە هۆڵەکە، مامۆستا هەر فریای سڵاوکردن و وەڵامدانەوەی سڵاو دەکەوت، پێدەکەنی و سڵاوی دەکرد، پێدەکەنی و وەڵامی سڵاوی دەدایەوە.. لە هۆڵەکەدا پێکەوەبوون، نەیدەزانی چۆن ئەو لەکۆڵ خۆی بکاتەوە. چاوی دەگێڕا و تەماشای کورسییەکانی دەکرد. چاوی لە شوێنە چۆڵەکان گیر دەبوو، پاشان چاوی دەخستەوە سەر ئەو خەڵکەی دانیشتبوون، لە پڕ دەستەکانی کرد بەناو یەکدا و پەنجەکانی هەردوو دەستی تەقاند، وتی: من دەڕۆمە پێشەوە دادەنیشم گەر حەزدەکەیت تۆش وەرە. وەک شتێک حەزی دەکرد، هاوکات بە نەنگیشی دەزانی کە بار بێت بەسەر شانییەوە بەڵام کە بیری لەوە دەکردەوە مامۆستا ڕۆژنامەنووس بووە و شاعیر بووە و ئێستا چیرۆکنووسە، کەمێک ڕقی لێی دەبوویەوە، بەخۆی وت: وادەم حەزدەکات لێی ونبم، وازی لێناهێنم و لە تەنیشتیدا دەبم.
لە ڕیزی پێشەوەی هۆڵەکەدا دانیشتن، مامۆستا بێدەنگ و ئەویش بێدەنگ، مامۆستا جارجار ئاوڕی لە دواوەی خۆی دەدایەوە و تەماشای ئامادەبووانی دەکرد، ئەویش هەمان شتی دووپات دەکردەوە، چەند جارێک ئەوەیان پێکەوە دووبارە کردەوە. بیری کەوتەوە، ئەو ئەنگوستیلەیە ئەوەندە گرنگ بوو، مامۆستا بەو چەشنە بەشوێنیدا دەگەڕا تا ئەو ڕادەیەی بارێکی قورسی وەک ئەو بخاتە سەرشانی بۆ بەدەست هێنانەوەی؟ ڕووی لە مامۆستا کرد وتی: دیارە ئەو ئەنگوستیلەیە زۆر گرنگە بۆت، ئاڵتونە؟ سەیرێکی کرد و چاوانی توڕەییان لێ دەچۆڕا، پرسیارەکەی وەک سووکاتەیەتی لێک دایەوە بەڵام کۆنتڕۆڵی خۆی لەدەست نەدا و خەندەیەکی ساختەی کرد و وتی: نا نا ئاڵتون نییە بەڵام گرنگی خۆی هەیە.. ئەویش وتی: ئەها دیارە ڕۆژگاریی قەلەڕەشێکی تەنیات تێپەڕاندووە؟ نەیدەزانی چۆن ئەو پرسیارە، ترسناکەی کرد؟ بەڵام هەستی بە توڕەییەکی زەبەلاح دەکرد لەئاست مامۆستادا، هەربۆیە وەها پرسیارێک کەوتۆتە سەر زمانی. ڕەنگی مامۆستا تێکچوو، شێتبوونی لە چاوانی مامۆستادا بینی. ئەو ڕووخسارە نورانییەی وەک شێتێکی لێهات بەڵام مامۆستا تێگەیشت چیرۆکنووسە و لیژنەی چیرۆکەکانە، تێگەیشت لەڕیزی پێشەوەدایە، بۆیە خۆی کۆنتڕۆڵ کردەوە و خەندەیەکی بێ ئەندازە ساختەی سازکرد، بە پێکەنینەوە وتی: ئای ڕاستدەکەیت، قەلەڕەشە تەنیاکە گوزەشت. دواتر ئەو پەنجەیەی بەرزکردەوە کە ئەنگوستیلەکەی پێوەبوو، وتی: چاوانی یار وەک نقێمی سەر ئەو ئەنگوستیلەیە سەوزە. بەو وەڵامەی مامۆستا کەمێک شۆک بوو، چونکە چاوەڕێی وەها وەڵامێکی نەدەکرد کە تا ئەو ئەندازەیە دوور بڕوات، بۆیە بەدڵی خۆی پێکەنی.. لەوکاتەشدا مامۆستا تێگەیشت وەڵامەکەی چەندە گەمژانەبووە.
ساڵی چوارەم
ئێوارەبوو، بۆنی بەهار و گیا دەهات، ئەو بەڕێگاوە بوو بۆ ئوتێلی (شاری بەختەوەریی) ئوتێلەکە دوورە لە ماڵیانەوە، بەڵام حەزکردنی بۆ پیادەڕەوی بەجۆرێکە زۆرکات گەرچی شوێنی مەبەستیشی دوور بێت، بەڵام هەر بە پیادە دەڕوات، ئەو ئێوارەیەش هەر وایکرد. زۆری نەماوە بۆ سەروەختی مەراسیمەکە، بەخێرایی ڕێ دەکات و چێژ لە بۆنی ژیان دەبات، هەست بە ئارامییەک دەکات کە تەنیا هیوا و بەردەوامییان لێ دەچۆڕێت، هەستی ئەوەی ئەم ژیانە هەرچییەک بێت هەر خۆشە، سەرنجی دەبات. خواستی ڕاستەقینە و بەردەوامیی بۆ ژیانکردن خەندە دەخاتە سەر لێوانی. بیر لە مامۆستا دەکاتەوە، بیر لە چاویلکەکەی، یان قژە لوولە درێژەکەی، هەڵبەت کە بیر لە برۆکانی دەکاتەوە بەدەست خۆی نییە پێدەکەنێت. لەپڕ دێڕێک بە ئەندێشەیدا ڕادەکات و دەڵێت: گوناهە، مامۆستا زۆر گوناهە. ماتییەک هەموو جەستەی داگیردەکات، شێوەی دەموچاوی مامۆستا لە دەوروبەریدایە، جارێک پێدەکەنێت، جارێک وەک ئەو ماتە، جارێک زمانی لێ دەردێنێت، جارێک هاوار دەکات و ئەو نایبیستێت. تەزوویەکی سارد هەموو جەستەی دەگرێتەوە، هەرچەندە هێندە بەخێرایی ڕێ دەکات، ئارەقەی کردۆتەوە، بەڵام خۆر وا کز دەچێتەوە، ئەویش تەنیا تیشرتێکی سەوز و کابۆیەکی شینی پۆشیوە. کە بیر لە ڕەنگی سەوز دەکاتەوە، ئارامییەک لە ناخیدا سەوز دەبێت.
درەنگانی شەوی ڕابوردوو، گەدەی هەراسانیی کردبوو، هێندە برسیی بوو. هەرچەند دەیویست لەبیری بچێتەوە و خۆی ئەرخەیان کردبوو کە دەنوێت، بەڵام برسێتی بڕستی لێ بڕیبوو، بەناچاری خۆی کرد بەو بازاڕەی نزیک ماڵیاندا، کە دە خولەک لە ماڵیانەوە دوورە، جۆرەها خواردنی لێیە و تا دەمەو بەیان کراوەیە. گوێ ناداتە جۆری خواردن، بەڵام خاوێنی بۆ گرنگە. بەسەر عارەبانە و دوکانەکاندا دەگەڕێت، چی بخوات کە تێر بێت و بێزار نەبێت؟ لەو درەنگانی شەوەدا لای یەکێک لە عارەبانەکان کە خەریک بوون کەم کەم کۆیان دەکردەوە مامۆستای بینی، یەک چرکە چاوی کەوتە سەر ڕووخساری، مامۆستاش هەمان سات بوو کە ئەوی بینی. لەفەیەکی بەدەستەکانییەوە گرتبوو، چاوانی لەنێو چاویلەکەکەیدا دیارنەبوو، لەو کاتەی کە مامۆستا ئەوی بینیوە، ئیتر لە خواردنی لەفەکەی وەستاوە و چاوی تێ بڕیوە، وەک ئەوەی لەنێو ئەو ئاپۆرەی خەڵکەدا خێوێکی دیبێت. وشک ببوو، دیمەنکی زۆر داماوانەی هەبوو، جووتێک ناعلی لاستیک و جلی نووستنی لەبەردابوو. کە بەو شێوەیە مامۆستای بینی خەندەیەک کەوتە سەر ڕوخساری، هەستی بە چرچبوونی کوڵمەکانی خۆی دەکرد… مامۆستاش لە وشک بوون و دۆخی بە پەیکەربوون گوزەریکرد و قەپاڵێکی گەورەی لە لەفەکەی دا. شێوەی نانخواردن و ئەو قەپاڵەی بەو درەنگانی شەوە و بەجلی خەوە و جووتێک ناعلی لاستیکەوە، خەم و پەژارەیەکی وەهای هێنایە ناخی کە برسێتی خۆی لەیاد چوو.
ڕۆیشتە تەنیشتی و سڵاوێکی گەرم و پڕ لەسۆزی بۆکرد، مامۆستاش بە خەندەیەکەوە وەڵامی دایەوە. بەردەوام بوو لە خواردن، مڵچەمڵچێکی ناخۆشی هەبوو، پاشماوەی لەفەکە بەقەراغی لێوەکانییەوە بوو، تەماشای دەکرد و ناودەمی پڕ ببوو لە ئاو. لە تەنیشتیدا وشک وەستابوو، مامۆستاش وەک گورگێکی برسیی هەر قەپاڵی لێدەدا، دەمی پڕبوو لە خواردن، بەدەم جووینییەوە وتی: چی دەکەیت لێرە؟ پرسیارەکەی کەمێک نامۆ بوو.. ئەویش وتی: هاتوم نانێک بخۆم، لەتاو برسێتی خەوم لێ نەدەکەوت.. هەر دەیخوارد و سەری دەجووڵاند بە پێکەنین و تۆنێکی گاڵتەئامێزەوە وتی: چییە بە جلی نووستن و ناعلی لاستیکەوە هاتووی؟ یەکسەر تەماشایەکی خۆی کرد و بە ناچارییەوە پێکەنی دواتر وتی: ماڵمان لەم نزیکانەیە بەڵام مامۆستا خۆ تۆش بە جلی نووستن و ناعلی لاستیکەوە هاتووی؟ مامۆستاش سەیرێکی خۆی کرد و بە ناچارییەوە پێکەنی و وتی: منیش ماڵمان لەم نزیکانەیە. بۆیە سەیری خۆیان و سەیری یەکتریان دەکرد و پێدەکەنین.. ئەو وەڵامەی مامۆستا دڵگرانی کرد، حەزیدەکرد ڕابکات و لێی ونبێ، دڵەڕاوکێیەک هەموو هزر و خەیاڵی تەنی، ئیتر گوێی لە دەنگی جووین و مڵچەمڵچەکانی نەما، ئەو هەر دەیخوارد و ملی بادەدا و زۆرتر متمانەی بە خۆی پەیدا دەکرد. هەڵبەت پێش ئەوەی ماڵئاوایی لێ بکات مامۆستا وتبووی: پێمخۆشە سبەینێ ئێوارە بێتە ئوتێلی (شاری بەختەوەریی) لەوێ مەراسمێک هەیە منیش بەشدارم.
ئەو شەوە ڕووخساری مامۆستا لەنێو تاریکی و گڵۆپەکانی بازاڕدا بەتەوای دیار نەبوو، بەڵام دڵخۆشییەکی ڕاستەقینەی تێدا دەرکەوتبوو کە ئەو هەستی پێ کردبوو، هەرچەندە بیری نییە نانی خوارد یان نا بەڵام وەک سەرمەستێک گەڕایەوە، جار جار بیری لە نەعلی لاستیک و جلی خەو دەکردەوە، گریانی بۆ خۆی دەهات. لە بازاڕەوە غلۆربوویەوە بۆ ماڵەوە لە ناوەڕاستی ڕێدا وایدەزانی کەسێک لە دوایەوە و وەک ئەو بەهەمان ڕیتمی هەنگاوەکانی ڕێ دەکات، بەوەش دڵی داخورپا ترسێک وەک سەگ پێی دەوەڕی. ئەوەش پتر دیمەنێکی درامی و سینەمایی لە ناخیدا درووست کردبوو. دونیا خامۆشە، ئەویش دەنگە دەنگ و ئاوەدانی بازاڕی جێهێشتووە، بەڵام ئەوەتا کەسێک لە پشتیەوە بەردەوامە لە ڕێکردن زۆرتر دەترسێت ڕقی لە هەناسەی خۆیەتی. هەناسەی کۆنتڕۆڵ دەکات هەنگاوەکانی درێژتر دەئاژوێ بەخۆی دەڵێ: بۆ بترسێم؟ خۆی ئامادە دەکات بۆ ئاوڕدانەوەیەکی خێرا تا بزانێت کێیە لە دوایەوە؟ ئاوڕدەداتەوە. لەگەڵ ئاوڕدانەوەکەیدا دڵی بەتەواوی دەوەستێت و بەخێرایی و بە تووندی لێ دەداتەوە کەمتر لە ساتێک وێنەیەکی دێتە پێش چاو کە مامۆستایە، هەر دەخوات و پێکەنین و متمانەیەکی پۆڵاینی بە ڕووخسارەوە دیارە بەڵام ئەوە وەهمە، ئەوە ڕاستی نییە. ئەوەی دەیبنێت گڵۆپی بەردەرگای ماڵانە لەگەڵ تاریکایی تێکەڵ بوون و کزەبایەکی دوای نیوەی شەوە. ئارامییەکی چرکەئامێز لە باوەشی دەگرێت و بەردەوام دەبێت لە ڕۆیشتن، دووبارە هەمان هەست سەرهەڵدەداتەوە، کەسێک لە پشتیەوە وەک ئەو ڕێ دەکات لە ئەندێشەیدا شێوەی کەسەکە وەک مامۆستایە. مامۆستایە و قەپاڵ لە لەفە دەگرێت و مل بادەدات، بەترسەوە دەگاتەوە بەردەرگا خێرا ئاوڕێک دەداتەوە، هیچ کەس دیار نییە بەڵام لە سەر سووچی کۆڵانەکەیاندا لەنێو تاریکدا کەسێک دەبینێت. وردتر لێی دەڕوانێت، نایبینێت، دەیبینێت… هەتا خەندەیەکی ئەو کەسە کە دڵنیا نیە بینیوویەتی یان نا هەستی پێ دەکات. بە پەلە خۆی دەکا بە ژوورەوەدا و دەڕواتە ژوورەکەی گڵۆپ دەکوژێنێتەوە و خۆی دەکا بەژێر بەتانییەکەیدا. هەتا، سەریشی دادەپۆشێت، خۆی وەک منداڵێک دێتە پێش چاو، کە لە ترسی خێوێک خۆی حەشار داوە بەڵام خێوەکەش لەژێر بەتانییەکەیدایە.
بە ماتیی و دوودڵییەوە دەڕواتە ئوتێلەکە، بیر لەو ڕووداوەی شەو دەکاتەوە، ئایا ڕاستی بوو یان خەو؟ دیسان وەک کەسێکی بێعار پێدەکەنێ و بە خۆی دەڵێت: خەوی چی؟ ئەی شەو مامۆستات نەبینی و بانگهێشتی نەکردی؟ بۆ ئەوەی ڕاستی و درووستی ئەو کێشمەکێشەی شەو بزانێت لە پرسگەی ئوتێلەکە پرسیاری وەها مەراسیمێک دەکات. دڵنیا دەبێت کە ڕووداوەکان ڕاستی بوون و پرسگەکە جێدەهێڵێت و ئاوڕێک دەداتەوە دەبینێت ئەو کەسەی لەپرسگەکەدایە تەلەفۆن دەکات و هەر سەیری ئەم دەکات. گوێی پێ نادات، دەڕوات بەرەو لای ئاسانسوارەکە لە نێو ئاسانوارەکەدا. چەند کەسێکی دیکەی لێیە، ئەوان بۆنی خۆشیان لێ دێت، قات و بۆینباخیان لەبەردایە، پێدەکەنن و بە چپەوە قسە بۆیەک دەکەن، ئەو لە ئاوێنەی نێو ئاسانسوارەکەدا لەخۆی دەڕوانێت بە کابۆیەکی شین و تیشێرتێکی سەوزەوە، خۆی بەنەفرەت دەکات، تێدەگات بۆ کابرای پرسگە هەر تەماشای دەکرد.
لە هۆڵێکی ڕازاوەدایە، دەیەوێت دانیشێت، هەمووان دەزانن بۆ کوێ دەڕۆن و بە ئاماژەی دەست و چاو و خەندەکانیان یەکتر بۆلای یەک ڕادەکێشن. ئەویش جگە لە مامۆستا کەس ناناسێت، وەک ئەوەی لە بیابانێکدا بێت، چاو بۆ دوور و نزیک دەگێڕێت، هەر یەک شتە. دیمەنەکە بەم شێوەیەیە هەر چەند کەسە و لەسەر مێزێک کۆبوونەتەوە، هەمووان دەڵێی بۆ ئاهەنگێک هاتوون، نەوەک مەراسیمێکی ئەدەبیی. پۆشتە و شیک پۆش، دەم بەپێکەنین و وێنەی یادگاری دەگرن، ئەویش وەک داهۆڵێک ڕاوەستاوە، لەو سەری هۆڵەکەوە کەسێک دەبینێت لە مامۆستا دەچێت، تروسکاییەک دێتەوە ناو دڵی، ماتییەکەی کەمێک جێیدەهێڵێت بەڵام هێشتا وادەزانێت، ئەوێ شوێنی ئەو نییە، بە خۆی دەڵێت: لەبەر مامۆستا لێرەم، ئەگینا من چی دەکەم لەنێو ئەم گەمژانەدا.
بەرەو لای مامۆستا دەڕوات، دەبینێت دانیشتووە و مۆز دەخوات، مێزەکە کەسی تری لێ نییە. ئەوەی پێ خۆشە. بەبێ سڵاو دادەنیشێت. مامۆستا سەیرێکی دەکات وەک شتێک دەیخوێنێتەوە. لێوەکانی وشک هەڵهاتوون، دەست دەبات ئاوێک بخواتەوە، مامۆستا هەر خەریکی مۆز خواردنە، جار جار لەژێر چاویلکەکەیەوە تەماشای دەکات، نیگاکانی ترسێنەرە، وەک ئەوە وایە ئاگای لە حاڵی بووبێت لە شەوی ڕابوردوودا، هیچ ناڵێت و مۆزەکەی تەواو دەکات و دەڵێت: پێمخۆشبوو هاتی. بەو قسەیە زۆر دڵخۆش بوو، جوان سەیری برۆکانی و قژە لوولەکەی دەکات، دەبینێت تاڵی سپی تێکەوتووە، بەڵام پڕ جێڵ و ڕۆنە، دەبریسکێتەوە و ڕەونەقدارە. ئەویش خۆی خەریک دەکات بە خواردنی مۆزێکەوە، جارجاریش سەیرێکی چواردەوری خۆی دەکات، هەراوزەنایە، جەنجاڵە، هەمووان پێدەکەنن و قسەدەکەن بەڵام زۆر بەدەگمەن میوە دەخۆن، کەمێک تەریق دەبێتەوە… تادێت تووندتر قەپاڵ لە مۆزەکە دەدات، مامۆستا وەک ئەوەی ئاگای لەهەموو هەست و نەست و جوڵەکانی ئەو بێت، سەیرێکی دەکات و بەنیگا تیژ و ساردەکانی پێی دەڵێت: چۆن ئاوا مۆز دەخورێت؟ بەڵام ئەویش بیر لە شەوی ڕابوردوو دەکاتەوە کە چەند گەمژانە لەفەی دەخوارد، هەربۆیە پاش تەواو کردنی مۆزەکە دەست دەبات سێوێکیش بخوات، لە نێوان سێوی زەرد و سەوزدا، سەوز هەڵدەبژێرێت، نازانێت بۆ سەوزی هەڵبژارد بەڵام وایدادەنێت کە سێوی سەوز بەسوودتر و گرانترە. دەست نابات بۆ چەقۆ و چەتاڵ و قاپ، سێوەکەش دەداتە بەر قەپاڵ، وەک ئەوەی هەقی لای تەواوی مرۆڤایەتی بێت و بیەوێت لە ڕێی خواردنی ئەو سێوەوە تۆڵەی خۆی بکاتەوە، وەها هەنجەن هەنجەنی دەکات و دەیخوات.
مەراسیمەکە دەستپێدەکات.. پاش وتار و قسە دووبارەکانی هەموو مەراسیمەکان، مامۆستا و سێ کەسی دیکە دەچنە سەر ستەیج، لەوێ لە سەر کورسی دادەنیشن، بەردەمییان مێزێکی درێژە، مامۆستا لەم سەرەوەیە لە تەنیشتیدا خانمێکە دووانەکەی تریش پیاون، و لەسەر مێزە درێژەکەی بەردەمییان، کتێبی لێ دانرەوە. وای مامۆستا چەند پێشکەوتووە، چەندە متمانە لە ڕووخساریدایە. ئەوە دێت بە خەیاڵیدا. ئامادەبووان ڕیز دەبن، بۆ کڕینی کتێبەکان و واژۆی نووسەرەکان، ئەو هەر دانیشتووە، چێژ لەو دیمەنانە دەبینێت. مامۆستا خەندە لەسەر زارییەتی و کوڵمەکانی چرچ دەبن، واژۆی خۆی دەکات و بەڕێز و خۆشەویستی و پێکەنینەوە کتێبەکان دەداتەوە دەست کڕیارەکان. لەو نێوانەدا نیگای گیر دەبێت لە ئەو، دەبینێت دڵخۆش و ئارام دانیشتووە، ئەویش لەپڕ چاوی دەچێتە سەر تیشێرتەکەی مامۆستا، “واو، خۆ مامۆستاش ڕەنگی تێشێرتەکەی سەوزە، چەند ڕێکەوتێکی جوانە” وا بەخۆی دەڵێت.
ئەوەی کە مامۆستا وەک ئەو تێشێرتی لەبەردایە و ڕەنگی سەوزە، تووشی دۆخێکی سەیری دەکات، لەیەک کاتدا دڵخۆشە و هاوکات مێشکی هیلاک و جەنجاڵە. بۆیە دەبێت هەستێت کتێبەکە بکڕێت و واژۆی مامۆستا بۆ ئەویش بێت و جوان تەماشای تیشێرتەکەی بکات یان بزانێت وەک ئەوەی ئەوە یان تەنیا ڕەنگی سەوزە. هەڵدەسێت و دەڕوات، لەو شوێنەی وا کتێبەکان بۆ فرۆشتن دانراون، کتێبەکەی مامۆستا دەبینێتەوە بەڵام ئەوەی تووشی هەژانی دەکات ئەوەیە، کتێبەکە نە شیعرە، نە چیرۆک، بەڵکو ڕۆمانە. ئەوەش دڵخۆشی دەکات و لەناخەوە پێی دەڵێت: ئەم سەگبابە بۆتە ڕۆماننووسیش!
لەو کاتەدا ڕوانینی بەر نیگای مامۆستا دەکەوێت، وەک ئەوەی بزانێت چی پێ وتووە و هەستی چۆنە، بۆیە پێدەکەنێت، ئەویش هەمان شت دەکات. دەڕواتە بەردەمی و کتێبەکە دەداتە دەستی تا واژۆی بکات، خەریکی واژۆکردنە، ئەویش، لە بیری ئەوەیەدا، کە مامۆستا چۆن بۆتە ڕۆماننووس؟ بیر لەوەش دەکاتەوە، جگە لەوەی تیشێرتەکەی خۆی و مامۆستا، هەمان ڕەنگن، هاوکات، هاوشێوەی یەکترین، هەڵبەت بە وردی بیر لە ناونیشانی ڕۆمانەکەشی دەکاتەوە کە نووسراوە؛ `خۆکوشتنی قەلەڕەشێک`.
ساڵی پێنجەم
لە ژوورەکەی خۆیدا لەسەر پشت پاڵکەوتووە، یاری بە ئەنگوستیلەکەی پەنجەی دەکات، دەردێنێ و دەیکاتەوە پەنجەی، دەردێنێ و سەیرێکی نقێمی ناو ئەنگوستیلەکە دەکات، بۆ ساتێک لێی ڕادەمێنێت، دەیەوێت ئەنگوستیلەکە فڕێ بدات بەڵام واناکات و دەیکاتەوە پەنجەی. دەڕوانێتە چاوە پڕ لەحەسرەت و نائومێدەکانی. (فرانز کافکا و ئیدگار ئالان پۆ)ی بیردەخەنەوە نازانێت بۆ مامۆستا لەو وێنەیەدا لەو دوو نووسەرە دەچێت کە لە مێژە لە بیری کردوون، وێنەکە لە چوارچێوەیەکی قاوەیی و شووشەدایە، بە دیواری ژورەکەیدا هەڵواسراوە، هەڵدەسێت و بە دڵەڕاوکێیەکی زۆرەوە دەست دەبات بۆ پەرداخێک کە گیراوەیەکی تێدایە زۆر نییە ئامادەی کردووە، پەرداخەکە هەڵدەگرێت، دەستەکانی دەلەرزن، تەماشایەکی تەواوی ژوورەکەی دەکات، چاوانی ئامادەن بۆ گریان بەڵام ناهێڵێت بەتەواوی تەڕببن، گیراوەی نێو پەرداخەکە بە یەکجار هەڵدەقوڕێنێت. بەحەسرەت و عاجزییەوە دەڕوانێت بە وێنەکەدا. لە وێنەکەدا مامۆستا هێشتا قژی درێژ نەکردووە و تاڵی سپی لە قژیدا نییە هێشتا چاویلکەشی لەچاودا نییە. چاوانی مات و غەمبار دیارن، کە تەماشای لێوەکانی دەکات زۆرتر هەست بە ماتی و غەمباریی دەکات. وێنەکە دادەگرێت، دەڕواتە بەر پەنجەرەی ژوورەکەی، وێنەکەی بەدەستەوەیە، لەبەر پەنجەرەکەدا وردتر ڕۆدەچێتە ناو ڕوخساری مامۆستا و زۆرتر نیگاکانی دەتوێنەوە بەسەر چاوەکانیدا، بە دەست خۆی نییە دڵی بۆی تەنگ دەبێت، لەو کاتە بیر لەوە دەکاتەوە گەر مامۆستا لەو وێنەیەدا بەئەستەم خەندەی بکردایە ئێستا ئەم کە سەیری دەکات پێدەکەنی، لەبری ئەوەی بگریەت.
دەڵێت: نا نا نەخێر مامۆستا قەلەڕەشێکی عاجز و غەریبە. زۆر لەخۆم دەچێت، هەرچی بکات دەچێتەوە سەر ماتیی و دڵتەنگیی، هەر کارێک بکات ئازار و تەنیایی بۆ دەمێنێتەوە، ئاخر وەک خۆم کێشەی لەگەڵ بنەڕەتیی بوونی ژیاندا هەیە.
لەو کاتەدا دەنگێک بانگی دەکات، دەنگی دایکێتی، تەزوویەکی ترسناک بە لەشیدا دێت، وێنەکەی لەدەست بەردەبێتەوە. دایکی دێتە ژوورەوە، دەبینێت کوڕەکەی لە زەوییەکەدا کەوتووە، چاویلکەکەی شکاوە و چوارچێوە و شووشەی وێنەکەش. دایکی هاوار دەکات و بانگی دەکات بەڵام ئەو زۆر نییە گیراوەی نێو پەرداخەکەی خواردۆتەوە.