ئێستاش بەردەوام لەگەڵیدا دەژیم
سروشت نەوزاد
ئەوە تۆیت، لە نهۆمی خوارەوەی ڤێلا تایبەتەکەم!
تەواوی بیرۆکەکانم لەوەدا کۆ دەکەمەوە
هەر دەبێت بە ڕێگایەک بگەڕێمەوە لات،
ڕەنگە ڕێگایەک وەک ئەوەی بە هێمنی وەستابێت و
چەند ئینجێکی بەر ڕووناکییەکە بکەوێ
یانیش ڕێگایەک کە ڕەنگە لەوێ تا بمگرێت و
هەست بە ئازاری سوورێژەکە بکەم.
ئێستاش بەردەوام لەگەڵیدا دەژیم
ئەگەرچی دووری نێوانمان تاقەت پڕووکێنە.
سەرەڕای ئەوەش، بە غەمگینییە خوورافییەکەیەوە
بزێو لە وێنەی دێوێک لە کەلاوەیەک کە پاڵکەوتبێت و
قۆچەکانی لە گڵۆپەکە گیر کردبێت،
ڕەنگە ناچاربم بیبەخشم
تەنانەت ئەو کاتەی کە پەیوەندی دەگرم و
دەزانم ئەویش، بە دەنگێکی بێ گرێیی منداڵانەوە
لەوانەیە نەتوانێت وەڵامی تەلەفۆنەکە بداتەوە.
دەمزانی هەر کۆڵانێک گۆڕەپانی بەرینی منە
دەمزانی هەر چێژێکم تا سەر
چوار مشقی دانانیشێت لەسەر کورسی
شەمەندەفەرە بچکۆلەکەی نێو خۆڵەکە
دەمزانی بۆ هەمیشە منداڵ نابم
کاتێک گوێم لە دەنگی گەشتەکەی ئەوسەر بوو،
ناچار لیستی پێداویستییەکانمم نووسی و
بە درێژایی ڕۆژەکان
بە نێو مینی خۆمدا بازم دەدا!
پاش سەرکێشییە زۆرەکانمان و
پاشەکشە بەردەوامەکانی مەحاڵ،
من ئەوەم بە هەڵەدا دەمناسنەوە.
ئێ بە ڕاستیش هەڵەکانم بێئەژماربوون،
ناوم بە نێو توونێلێک لەوسەرەوە کە دێت و بەناوەوەمدا درێژ دەکشێ،
درێژ دەکشێ و
زارم بە باشی گۆ ناکات:
ئەگەر بیرت لێ بکەمەوە
ئەو چیایەش دەگەڕێتەوە،
هەرچەندە من پەرۆشی بینینەوەی منداڵەکەمانم.
بەڵام چی بڵێم؟
ئەوە چیایی سەر کۆڵمانە
چیاییەک لە نێوان دەستەکانمان
بەڵێ، چچچایایەک لە نننێ ێ ێ وان دەشتەکانمان.
ساڵانی پێشوو، هاوینی گەرمی بن درەخت و سێبەری دەست لێ نەدراوت لە بیرن؟
کەرنەڤاڵی برینپێچەکان
هەرەوەزی دەشت و سەکۆی خانووی قوڕ،
کۆدی شەفافی خۆشویستن لەسەر دەستنووسەکان.
بێگومان لە یادتن ڕۆژەکان.
ئەو ڕۆژانەی ئەگەرچی بە نهێنیش گەر خزابێتنە نێو پێڵاوەکانت
یاخوود لە ناکاو دەرپەڕیبێتن و لە پێشەوەت ڕاوەستابن
چەند چرکەیەک پێش ئەوەی چاوەکانت بکەیتەوە.
لێ هەر ڕۆژێک دەتتوانی پشووی ڕۆژی پێشتر وەربگریتەوە!
وە پێشبینی ئاوی بەخوڕی کانیاوەکان بکەیت
ئەو کاتەی بەلایاندا ڕەت دەبووین و
بەرەو ماڵ دەگەڕاینەوە لەسەر لوتکەی گردۆلکەکان.
ئێستاش وا لەبەر هەیوانەکەوە ڕووە و خوار کە دەڕوانیت،
دەریاچەکە هەر لەبەر چاوتن
سێبەری جووڵاویی درەختەکان،
کاتێک بەسەر ڕوویی ئاوەکەدا دەدەن و
ئەو جووتە کورسییە چۆڵانەش، وەک ئەوەی
وا دەربکەون سەردەمێک شوێنێکی گرنگ بووبن
بۆ خانەخوێیی و پشوودان.
چی شتێک زەحمەت بوو؟
چی شتێک زەحمەتە
خانەخوێیی یاخوود مەنفا؟
ئایا زەحمەتە دەستگرتنەوەی شەممەیەکی دیکە
بە خێرایی؟
کە لەسەر لووتکەی زیندەبەچاڵەکە دانیشتووە و
هێشتاش جلەکانی نەگۆڕیوە،
کاتێک نهۆم نهۆم
پلیکانە کەڵەکە بووەکانی تاوەرەکەی بۆ دەبڕیت،
لە نوێترین وەشانیدا
کە دوور نییە پاش ئاهەنگ گێڕانێکی زۆر
لەسەر شانۆ دروست بووبن!
چی شتێک زەحمەت بوو؟
ئایا زەحمەتە دیسان واڵاکردنی دەرگاکە و
گەڕانەوە هەردەم بۆ ژوور؟
زەحمەتە کوژاندنەوەی ژیری
یان وەلانانی دەستێک کە لە شاشەیەکەوە دەردەپەڕێت،
بە ڕێبەرەکەیەوە دێت و سەرێکت لێ دەدات.
دواین مانشێت و
دواین هەواڵی ڕازاوەی…
ئایا زەحمەتە وەرسوڕاندنی زمان و
وردووخاشکردنی بیناکانی قوتابخانە تێیدا؟
ڕوو کردنە سوارچاکەکان
کاتێک جار نا جار لە خەیاڵە سادەکانی
نێو چیرۆکە ئەفسانەییەکانەوە دەردەپەڕن.
چی شتێک زەحمەتە
پێشبینی؟
کاتێک جادووگەرە ترسناکەکە
بە چاوانی خۆت دەبینی!
یاخوود پاشبینی
کاتێک بە تۆنی ڕووناکییەکەیدا دەزانیت
خۆر لە ئاسمانەوە ڕژاوەتە سەر کێڵگەی ئەو جووتیارانەی
کە ئەگەر هەر بۆ فزووڵی بە دوای مردندا بگەڕێن
ڕەنگە هەرگیز نەیدۆزنەوە.