نووسینی: ئۆلیڤێیه ڕوا
وه‌رگێڕان له فه‌ره‌نسی و ڕانانی: به‌یان سه‌لمان
” ئێران وه‌ک هێزێکی سیاسی بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێمه و بۆ ساڵانی داهاتووش کێشه‌یه‌کی به‌نه‌ڕه‌تییه. یه‌که‌م مه‌رجی مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵیدا به ئاستێکی که‌می وردبینی و هۆشیاری ئه‌وه‌یه که له ڕق دوورکه‌وینه‌وه” وڵامی میشێل فوکۆ بۆ کچه خوێنه‌رێکی ئێرانی گۆڤاری نوڤێل ئۆبسیرڤاتوار.
فه‌یله‌سوف و بیریاری فه‌ره‌نسی میشێل فوکۆ Michel Foucaultیه‌کێک بووه له ده‌ستپێشخه‌رانی لێدوان له باره‌ی شۆڕشی ئیسلامی ئێران. ئه‌م ده‌ستپێشخه‌رییه بۆته ماییه‌ی ره‌خنه‌ی بیریارانی دی له کاتی خۆیدا و تاکو ئه‌مڕۆ مشت‌ومڕ له‌و باره‌وه هه‌ر گه‌رمه له نێوان لایه‌نگرانی و هاودژه‌کانی. له‌م نوویسینه‌دا ده‌قێکی سیاسه‌تناسی فه‌ره‌نسی ئۆلیڤیێه ڕوا Olivier Roy له باره‌ی میشێل فوکۆ ڕووناکیی ده‌خاته سه‌ر چه‌ند لایه‌نێکی ئه‌و دووبه‌ره‌کێیه. ئۆلیڤیێه ڕوا خاوه‌نی کۆمه‌ڵێ نووسینی سیاسی و سۆسیۆلۆژی زۆر گرنگه، به‌تایبه‌تی به ”جیهانگه‌رایی ئێران”، و کتێبێک به هاوکاری فه‌رهاد خوسره‌وخه‌ڤار ”ئێران: چۆن ده‌رچین له شۆڕشێکی ئاینیی”. ئه‌م نووسینه‌ی له‌سه‌ر فوکۆ له ژماره‌ی پایزی 2004 ی گۆڤاری ڤاگرام، وه‌ک کۆمه‌ڵێ تێبینی ده‌خاته به‌رچاو.
ئۆلێڤێیه ڕوا، له‌م ده‌قه‌یدا ”ته‌لیسمی ڕاپه‌رین” کۆمه‌ڵێ بیروڕای تاوتوێ کردوه و لێره‌دا پوخته‌ی بیرۆکه‌کانی وه‌ک وڵامێک بۆ ئه‌و ره‌خنانه‌ی ئاراسته‌ی میشێل فوکۆ کرابوون ده‌یخاته به‌رچاو.
میشێل فوکۆ له شرۆڤه‌یه‌کدا ساڵی 1979 له‌مه‌ر که‌وتنی شای ئێران، به‌خێڕهاتنی رژێمێکی نه‌کردوه، به‌ڵکو له شۆڕشێک ڕاماوه. دژ به‌و ره‌خنانه‌شی هه‌ر له دووره‌وه بڕوایان وابوو که له ده‌قه‌کانی فوکۆدا جۆره خافڵبوونێکی فه‌یله‌سوف ده‌خوێنده‌وه گوایه له ”بیری 1968” وه له دایکبوونه. به گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ک به‌ره‌و دواوه، بوارمانده‌دات گرنگی شیکردنه‌وه‌کانی فوکۆ تاوتوێکه‌ین: ئه‌و تێڕوانینه ورده‌ی هه‌یبوو سه‌باره‌ت به کۆمه‌ڵی ئێرانی، هه‌وڵدانی بۆ تێگه‌یشتن له نوێگه‌رایی ئه‌و کۆمه‌ڵه، توانا و مه‌ترسییه‌کانی و دابڕانی ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ش که ئه‌م سه‌رده‌مه نیشانه‌که‌ی هه‌ڵگرتووه.
ئۆلیڤێیه ڕوا له‌سه‌ره‌تادا ده‌ڵێ: زۆر لۆمه‌ی میشێل فۆکیان کرد گوایه حه‌ماسه‌تی بۆ شۆرشی ئێرانی هه‌بوو و زۆری هه‌ڵداوه به میلله‌تی ئێران و گوایه له‌پشت سه‌رکرده‌یه‌کی کاریزمای وه‌ک ئایه‌توڵا خومه‌ینی یه‌کگرتووبون. کاتێ فه‌یله‌سوفێک برسیار له مه‌ڕ ده‌سه‌ڵات ده‌کات و پانتایی ئه‌رشیفه‌کان به‌جێده‌هێڵێ و ده‌چێته زه‌مینه‌ی واقیع تاکو دیارده‌یه‌کی ڕاسته‌قینه شیکاته‌وه، دوو ڕووی ئه‌و کرده‌یه ده‌مانترسێنێ. ئۆلیڤێیه ڕوا مه‌به‌ستێتی بڵێ که ئه‌م هاتنه زه‌مینه‌ی واقیعه له‌لایه‌ن فوکۆ ناچارمان ده‌کات بپرسین که فوکۆ ده‌گه‌ڕا به‌دوی چی: ده‌گه‌ڕا به‌دوی ئه‌وه‌ی تێزه‌کانی برازێنێته‌وه بێئه‌وه‌ی بایه‌خی ڕاستی به تایبه‌تمه‌ندی ئه‌و دیارده‌یه بدات؛ یان ئه‌وه‌تا ساکارانه به‌ندی ئه‌و ڕوداوه بووه که پاییه‌یه‌کی به‌رزی ده‌داتێ و ده‌یگه‌ێینێته ئاستی له‌دایکبوونه‌وه‌یه‌کی مێژوویی. به‌و شێوه‌یه‌ش ده‌چێته پاڵ لیستێکی دوور‌و درێژی ئه‌و که‌سانه‌ی بڕوایان وایبوو که خۆیان دوا کتێبیان له‌سه‌ر کۆتایی مێژوو نووسیوه؛ به‌ڵام له نێوان جفره‌ی (کۆد) مارکسیه‌ت و ساکاریی هه‌ڤاڵانی ڕێ، ئه‌مه‌ی دووهه‌میان سه‌رنجی ڕاکێشاین. دروسته، که فوکۆ له ده‌ربڕینی وشه‌گه‌لێک وه‌ک: ”ڕاپه‌ڕینی هه‌موو کۆمه‌ڵ”، ”ده‌سه‌ڵاتێکی ڕوون(…) تاڕاده‌یه‌ک به کۆی ده‌نگ، یاخود: ”ده‌سه‌ڵاتێکی ده‌سته‌جه‌معی یه‌کگرتووری ته‌واو”، ئه‌مانه کۆمه‌ڵێ گومانمان له‌لا دروستده‌که‌ن و ناچارین بپرسین: چۆن مه‌سه‌له‌کان وه‌ها به ساده‌یی نمایشکراون؟
له کاتێکدا خوێندنه‌وه‌یه‌کی وردی نووسینه‌کانی فوکۆ له‌سه‌ر شۆرشی ئێرانی که به شێوه‌یه‌کی رۆژنامه‌وانی دایرشتونه‌ته‌وه(ئه‌مه‌ش ناکاته ئه‌وه‌ی بێ به‌هان)، بۆمان ئاشکراده‌بێ هه‌رچ قسه‌یه‌کی ساده له‌و باره‌وه وه‌ک قسه‌کردنه له پرۆسه‌یه‌کی وه‌همی، چونکو فوکۆ حه‌ماسه‌تی بۆ هاتنی رژێمی نوێ نه‌بوو له پاش شۆرش، به‌ڵکو خودی شۆرشه‌که‌ی به‌لاوه مه‌به‌ست بوو، واته ره‌تکردنه‌وه‌ی ته‌واو و گشتی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی به‌رپابوو له‌گه‌ڵ هه‌موو یاوه‌ره‌کانیان و جێگره‌کانیان. ئۆلیڤێیه ڕوا جه‌غت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کات، که فوکۆ ئه‌وه‌نده ساکار نه‌بووه، نه هه‌ڤاڵێکی ڕێ بووه و نه له‌وانه‌ش بووه که دروشم بۆ سبه‌ینێ به‌رزکاته‌وه یاخود سرود بۆ ده‌سه‌ڵات بلێت. ئه‌وه‌ی به‌لایه‌وه گرنگ بوو خودی ڕووداوه‌که بووه وه‌ک دابڕانێک له‌گه‌ڵ رژێمی په‌رپا، نه‌ک ئه‌و ببێته په‌نجه‌یه‌کی درێژکراو که واتای مێژوو دده‌ستنیشان بکات.
لێره‌دا، ئۆلیڤێیه ڕوا ده‌پرسێ: ده‌کرێ بپرسین ئه‌و ئێرانه‌ی فوکۆ بیری لێکردبۆوه ئێرانێکی خه‌یاڵیی بوو؟
وێرای که‌می مانه‌وه‌ی فوکۆ له ئێران ده‌توانین بڵێین که ئه‌و به باشیی له شته‌کان تێگه‌یشت، دوور له قین، لایه‌نی ناسیونالیزم و بگره ترس(فۆبیا) له بێگانه به قوڵیی له هاتنی ئه‌و شۆرشه(و جه‌ماوه‌ریش) ئاشکرا ده‌کات. ئۆلیڤێیه ڕوا دیسان ده‌ڵێ: فوکۆ تێبینی ئه‌وه‌ی کردووه که له نێوان ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی که ئێرانییه‌کان ویستویانه بڕۆن ته‌نها ئه‌مریکییه‌کان نه‌بوو، به‌ڵکو کرێکاره ئه‌فغانییه‌کانیش بوو. ده‌یزانی که خومه‌ینی به‌رنامه‌یه‌کی سیاسی پێیه(با له لاپه‌ڕه‌کانی دواتریش دژی به‌وستێته‌وه)، ده‌یزانی که ناکۆکی کۆمه‌ڵایه‌تی له ئارادایه ئه‌گرچی ئه‌مه سه‌رچاوه‌ی شۆرشه‌که نه‌بووه. تێبینی ئه‌وه‌ی کردبوو که بۆ ئێران ده‌بێ پێش باسی ئیسلام باسی شیعه‌بوون بکه‌ین، شیعه‌بوونیش بنه‌مای شوناسی نه‌ته‌وه‌یی ئێرانه نه‌ک خودی نه‌ته‌وه، له ده‌رئه‌نجامیشدا شیعه‌بوون شه‌رعیه‌تی هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێکی ئێرانییه. هه‌روه‌ها تێبینیه‌کانی فوکۆ له‌باره‌ی مۆدێرنی شا وه‌ک فۆرمێکی به‌سه‌رچووی ده‌سه‌ڵات ئێجگار په‌یوه‌ندیدارن، ئه‌و لایه‌نه مۆدێرنه به زه‌بر سه‌پێندرابووه سه‌ر خه‌ڵک: شا هیچ تێنه‌گیشتبوو له کۆنتڕۆڵی کۆمه‌ڵایه‌تی(له‌وانه‌یه هه‌ر ئه‌مه‌ش بووبێ که ڕێی خۆشکرد و شۆرشێکی هێنایه مه‌یدان، ئه‌مه‌ش ڕۆژانی داهاتووی خسته ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی نوێ و لێهاتووتر). ئه‌وه‌ی به‌لای فوکۆوه گرنگ بووه ئێران نه‌بوو، ئیسلام نه‌بوو، مه‌لاکان نه‌بوو، به‌ڵکو ئه‌زموونی ڕووداوێک بوو که شۆڕشه.
ئۆلیڤیێه ڕوا دیسان ده‌پرسێ: شۆرشێکی سیاسی یاخود شۆرشێک دژی سیاسه‌ت؟
باسکردنی شۆرش له 1978 بێگومان بۆ هه‌موو خوێنه‌رانی ئه‌و سه‌رده‌مه له ڕوانگه‌ی فه‌لسه‌فه‌یه‌کی مێژوویی مارکسی و هیگلییه‌وه سه‌رچاوه‌ی وه‌رگرتووه که بڕوای به واتای مێژووه وه وای بۆده‌چێ که رژێمێکی نوێ له‌هه‌ناوی گشت هاودژی کۆمه‌ڵێکه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێ. به گشتی سه‌رچاوه‌ی بیروڕامان ده‌بینینه‌وه له 1789، 1917، له شۆرشی ڕۆشنبیری ما‌و، له گیڤارا و له تێکۆشان دژ به ئیمپریالیزمی ئه‌مریکی و هتد. له کاتێکدا ئه‌مه یه‌که‌م هه‌ڵه‌ی تێگه‌یشتنه، چونکو فوکۆ هه‌موو فه‌لسه‌فه‌یه‌کی مێژوویی ڕه‌تکردۆته‌وه. ئه‌وه‌ی له ئێران‌دا به ته‌واویی سه‌رسامی کردبوو مه‌سه‌له‌ی شۆرشی ئاینییه. هه‌ر بۆیه به ئاشکرا ئاماژه‌ی به فلۆره‌نسای ساڤۆنارۆل Savonarole و ده‌ستکارییه نوێکانی تۆماس مونزێ Thomas Münzer و سه‌رکرده‌یی کرۆموێڵ Cromwell کردوه. لێره‌وه فوکۆ جه‌غت له‌سه‌ر دوو خاڵ ده‌کات که هه‌رچی به‌راورده له‌گه‌ڵ شۆڕشه سیاسیه‌کانی پێشودا هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه. یه‌کبوونی کۆمه‌ڵ به واتای(نه‌بوونی شه‌ڕی ناوخۆیی، نه‌بوونی وه‌یکدادانی چینه کۆمه‌ڵایتیه‌کان وه‌ک ژیله‌مۆیه‌کی شۆڕش)؛ هه‌روه‌ها نه‌بوونی ئیدۆلۆژی و به‌رنامه‌یه‌کی سیاسی ده‌رگای ئه‌و پرسیاره به کراوه‌یی جێده‌هێڵێ بۆ ئه‌و رژێمه‌ی که دێت. له‌لای فوکۆ شۆڕش له خودی خۆ‌یا واتای هه‌یه به‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ڕه‌تده‌کاته‌وه؛ نه‌ک به‌وه‌ی رژێمێکی نوێی له ناواخنیدا هه‌ڵگرتبێ، یاخود ده‌سه‌ڵاتێکی نوێ و کۆمه‌ڵێکی یه‌کسان ده‌هێنێته مه‌یدان. له‌به‌ر ئه‌وه، مه‌حکومکردنی فوکۆ به‌وه‌ی له ئاست رژێمی ئیسلامی زۆر لێبورده بووه هیچ مانای نییه؛ وه‌لێ به پێچه‌وانه‌وه، ده‌کرێ ئه‌و ره‌خنه‌ییه‌ی لێ بگرین که گوێی به فۆڕمی ئه‌و رژێمه نه‌داوه که له شۆڕش له‌دایک ده‌بێ.
یه‌که‌م کێشه که لێره‌دا به‌رنگاری ده‌بینه‌وه، کۆنسێپتی ”ده‌نگی هاوبه‌شی کۆمه‌ڵ”ه، ئیراده‌ی ده‌سته‌جه‌معیه. فوکۆ هه‌موو شیکردنه‌وه‌یه‌کی مارکسی بۆ شۆڕش ڕه‌تده‌کاته‌وه. پێ له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرێ که هه‌موو چینه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان به‌شداریی شۆڕ‌شیان کردوه و که‌س له‌و ساته‌دا داواکاریی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی نه‌خستۆته پێشی پێشه‌وه. لێره‌دا فوکۆ نموونه‌ی ئه‌و لایه‌نانه ده‌وروژێنێ که له‌لای رژێم مه‌به‌ستبوون، وه‌ک که‌سایه‌تیه‌کانی کۆمپانیای فڕۆکه‌ی ئێران و کرێکارانی نه‌وت. ئه‌مانه مووچه‌ی زۆر باشیان وه‌رگرتووه و له‌گه‌ڵ ساده‌ترین مانگرتنیاندا داواکارییه‌کانیان جێبه‌جێ کراوه، که‌چی له پێش هه‌مووانه‌وه دروشمی داواکاری ڕۆیشتنی شایان به‌رزکرده‌وه. کاتێ کلێڕ برێیرز(رۆژنامه‌وانێکی بیر‌و باوه‌ڕ کۆنه ماوییه(ماوتسی) و له‌و کاته‌دا به‌دوی هه‌واڵه‌کانی ئێرانه‌وه بوو) داوای له فوکۆ کردوه به‌راوردێکی ئێران له‌گه‌ڵ شۆڕشی کلتوریی چین بکات، فوکۆ به ته‌واویی ئه‌و به‌راورده‌ی وه‌لاوه‌ناوه و گوتویه‌تی که ئه‌وه‌ی چین شه‌ڕی ناوخۆیی بووه، ئه‌مه‌ی ئێران ”مانگرتنێکه دژی سیاسه‌ت” که هه‌موو جه‌ماوه‌ر پێی هه‌ڵساوه. ڕاسته که چینی کۆمه‌ڵایه‌تی تێدایه وه‌لێ ئه‌مه کاریگه‌ر نه‌بووه، هه‌مووان ده‌یانه‌ویست شا بڕوات. شۆرشه‌که ته‌واو سیاسیه، به‌ڵام دژی خودی سیاسه‌ته.
لێره‌وه فوکۆ دژ به هه‌موو شێکردنه‌وه‌یه‌کی سۆسیۆلۆژی بۆ شۆڕشی ئێرانی ده‌وستێته‌وه که نموونه به‌ناوبانگه‌که‌ی له‌و ساته‌وه‌خته‌دا له هاوپه‌یمانی “المستضعفين”، کاتیگۆری نێو بازاره‌کان، ڕووناکبیرانی پێشکه‌وتوخواز و پیاوانی ئاینی پێکهاتوون. هه‌موو به شێوه‌یه‌کی کاتیی(موه‌قت) دژ به مۆدێرنبوونێکی به‌له‌پڕوزه یه‌کیان گرتبوو؛ مۆدێرنبوونێک که ئه‌وانه‌ی یه‌که‌می فڕێدابووه ناو شاره‌کان، ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی دووهه‌می زیادکردبوو بێ دووربینی بۆ داهاتوو، ئه‌و دووانه‌ی تریشی خستبووه په‌راوێزه‌وه. ئه‌م تێزه که له‌لای سه‌عید ئه‌رجومه‌ند یان جیل کیپێل سه‌دای هه‌یه، کاری پێناکرێ. له پێشاندا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی فوکۆ له‌سه‌ر هه‌قه که کۆی جه‌ماوه‌ر له‌گه‌ڵ شۆڕشدا بوون: هه‌مووان ده‌یانویست شا بڕوات، له‌لایه‌کی تره‌وه ئه‌و کاتیگۆریانه‌ی پێشوو( “المستضعفين”، کاتیگۆری نێو بازاره‌کان، ڕووناکبیرانی پێشکه‌وتوخواز و پیاوانی ئاینی) به خراپی پێناسه‌ی سۆسیۆلۆژی کراون و له ڕووی سیاسییه‌وه هاودژن (پیاوانی ئاینی دووربوون له‌وه‌ی یه‌کبن له‌پشت خومه‌ینییه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ولاتێکی ئیسلامی دروستکه‌ن). لێکۆڵینه‌وه‌ی قوڵتر به چاکیی ئاشکرای ده‌کات که ”المستضعفين” به هیچ جۆرێک ڕۆڵیان له شۆڕشدا نه‌بووه. سنوورێک هه‌یه بۆ سۆسیۆلۆژی سیاسی تا ڕووداوه شۆرشئامێزه‌کانی پێ شێکه‌ینه‌وه. له‌م دۆخانه‌دا فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی ڕه‌وتی خۆی وه‌رده‌گرێ و جڵه‌و ده‌گرێته ده‌ست.
ئه‌گه‌ر بێینه‌وه سه‌ر وه‌یه‌کنانی ده‌نگه‌کان، ده‌ڵێین با وابێ، به‌ڵام فوکۆ خافڵ نه‌بووه به‌م جۆره یه‌کگرتنه‌وه‌ی ده‌نگانه: ئه‌م یه‌کگرتنه‌وه‌یه ته‌نها له ڕه‌تکردنه‌وه‌دا بوونی هه‌یه نه‌ک له خواستی بوونی کۆمه‌ڵێکی تر. خواستی ده‌سته‌جه‌معی بۆ یه‌کبوون هه‌یه(له وڵاتێکی هه‌مه‌چه‌شن و تێکه‌ڵ) له‌سه‌ر خاڵێکی سه‌لبی، ئه‌وه‌ش که شا بڕوات، هه‌ر ئه‌م خاڵه‌ش بوو که خۆمه‌ینی له جێی خۆی له هه‌نده‌ران له (نۆفل لو شاتۆ) دووباره‌ی ده‌کرده‌وه و پێی له‌سه‌ر داگرتبوو و هیچ ڕێکه‌وتنێکی سیاسی قبوڵ ناکرد. له‌وه‌ش به‌ولاوه، دووبه‌رکێیه‌ک به‌ره‌وڕووی پیاوانی ئاینی بووه‌وه. له‌لایه‌که‌وه ئه‌مان سه‌دان ساڵه جاوه‌ڕوانی کۆمه‌ڵێکی ئیسلامی بوون تۆوی یه‌کسانی و شادمانی له ناواخنیدا هه‌ڵگرتبێ؛ له‌لایه‌که‌ی تریشه‌وه ئه‌وانی تر(هه‌موو لیبراله عیلمانیه‌کان که داوای هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدانیان ده‌کرد و مارکسیه‌کانیش چاوه‌ڕوانی هه‌نگاوی دووهه‌م بوون له پاش ڕۆێشتنی شا)، ئه‌م دوولایه‌نه بڕوایان وابوو ئه‌و ڕه‌هه‌نده ئاینییه له شۆڕشدا په‌یوه‌سته به کاته‌وه و بگره تاکتیکێکه به ڕۆیشتنی شا به‌سه‌رده‌چێ. فوکۆ ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی پشتگوێ نه‌خستبوو: به‌ڵکو ئه‌ویش گومانی له نییه‌تی مه‌لاکان بوو و هه‌ر زۆر زوو هه‌موو ئه‌و ده‌ستدرێژیانه‌ی مه‌حکومکرد که هێشتا له سه‌ره‌تای شۆڕشه‌وه ده‌ستپێکرابوون؛ وه‌لێ له ڕاستیدا ئه‌م به هیچ شێوه‌یه‌ک رۆژانی داهاتووی پاش شۆڕشی به‌لاوه گرنگ نه‌بوو، له‌و باره‌شه‌وه ده‌ڵێ: “من نازانم چۆن مێژووی داهاتوو دارێژم”، دواتریش که ره‌خنه ده‌گرێ له ده‌ستدرێژییه‌کانی رژێم هه‌ستی ناکرد که به‌وه خۆی مه‌حکوم ده‌کات، چونکو هه‌رگیز هیچی له‌وه زیاتری نه‌نوسیبوو که مه‌یلی دامزرانی کۆمارێکی ئیسلامی هه‌ر دێت.
لێره‌وه دێینه سه‌ر خاڵی دووه‌می کێشه‌که: شۆڕش چ واتایه‌کی هه‌یه ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵێکی نوێی له‌دایک نه‌بێ، ئه‌وجا ئه‌و کۆمه‌ڵه چ یۆتوپی بێت یاخود ترسناک؟ ئا ئه‌مه‌یه ”نهێنی ڕاپه‌ڕین”. ته‌نها ئا ئه‌مه‌شه ته‌وه‌ری بیرکردنه‌وه‌ی فوکۆ.
”بزوتنه‌وه” mouvement (وشه‌که‌یه که فوکۆ به‌کاری ده‌هێنێ)، به‌لایه‌وه گرنگه نه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌بێته هه‌ڵگری داهاتوو‌یه‌کی پرشنگدار، به‌ڵکو له‌به‌رئه‌وه‌ی سیاسه‌ت ده‌سڕێته‌وه، چونکو ده‌سه‌ڵاتێک هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه، پشتگوێی ده‌خات، ڕه‌تیده‌کاته‌وه، لایده‌دات، له‌کاریده‌خات و ده‌یکاته ناشه‌رعی. بزوتنه‌وه‌یه‌کی شۆڕشگێڕانه ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و گوتاره‌ی له‌باره‌ی خۆیه‌وه هه‌یه‌تی ڕه‌تیده‌کاته‌وه، گوتارێک که شانازیی به‌وه‌وه ده‌کات که نوێنه‌ری ئیراده‌ی ده‌سته‌جه‌معییه. جگه له‌وه‌ش، شۆڕش وه‌دواداچوونی(تتابع) ده‌سه‌ڵات و میکرۆ- ده‌سه‌ڵاته‌کان(هه‌موو فۆرمێکی بچووکتری ده‌سه‌ڵات) ده‌شکێنێ؛ هه‌روه‌ها ئه‌و که‌ناڵه‌ش ده‌شکێنێ که واده‌کات ده‌سه‌ڵات ته‌نها فۆرمێکی ناسراوی ده‌سه‌ڵاتی توندوتیژ به‌سه‌ر کۆمه‌ڵدا بسه‌پێنێ. شۆڕش ئابڕووی ده‌سه‌ڵات ده‌بات وه‌ک ده‌سه‌ڵات. هه‌ر بۆیه ”مانگرتنێکی سیاسیه”. کێشه‌ی فوکۆ جۆرێک له ئیدیۆلۆژی نییه، نه سیسته‌مێکی سیاسی، به‌ڵکو ده‌سه‌ڵاته له خودی خۆ‌یا. له ده‌ربڕینێکی وه‌ک ”حکومه‌تێکی ئیسلامی”، بۆچی یه‌کسه‌ر گومان له ڕاناوی ” ئیسلامی” ده‌که‌ین؟ خۆ ده‌کرێ ته‌نها وشه‌ی ”حکومه‌ت” به‌س بێت تاکو وریابینه‌وه.
ده‌سه‌ڵات به‌رو به‌رهه‌می مێژووه‌که، وه‌لێ ڕاپه‌ڕین له هه‌موو کاتێکدا ده‌کرێ. ڕاپه‌رین دابڕانه له زنجیره‌ی هۆیه‌کان و حه‌تمییه‌ته‌کان، که‌واته ئه‌و نه به‌رهه‌می مێژووه‌که و نه ستراتیژییه‌تی چینێک. به‌و واتایه، له ڕووداوێک تێناپه‌ڕێ. فوکۆ ڕووداو ده‌کاته‌وه به ئازادیی، به دابڕانێک له‌گه‌ڵ حه‌تمییه‌تدا و دابڕان له‌گه‌ڵ مێژوودا. ئا ئه‌م تاقه هۆیه‌ش پێشکده‌به‌ین که ڕووناکبیران زۆر به ساده‌یی ره‌خنه‌یان له نووسینه‌کانی فوکۆ گرتووه گوایه له‌سه‌ر ئاوازێکی رۆژنامه‌وانی تۆمارکراوه و مۆدێلی ده‌ستپێشخه‌ری له باسکردنی ڕووداودا کردوه.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌ختێک نییه بۆ ڕاپه‌ڕین، بێ ناوه‌ڕۆکه و ”سه‌لبیه”، ته‌عبیرێکیشه له ئازادی(لێره‌دا شێکردنه‌وه‌یه‌کی سارته‌ریانه‌یه بۆ ئازادی). ئازادی به به‌راورد به ده‌سه‌ڵات، به‌ڵام به به‌راورد به خود، به بوونی له جیهاندا و به‌و چینه‌ی خۆی و مێژووشی. ئازادی تاک و خود، به‌ڵام ئه‌مه له چرکه‌ی خۆیدا نه‌بێ بوونی نییه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سیاسه‌ت هه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه، وه‌ک دواتر ده‌بینین. ئه‌و میلله‌ته‌ی ڕاده‌په‌ڕێ وه‌ک تاوانبار و شێت وایه: جونکو وازیی به یارییه‌که ناکات، به‌ڵکو ده‌سه‌ڵات ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ ڕووتکردنه‌وه‌ی تاقه هێزێک.
ئاینییه‌کان: ده‌سته‌باڵایی، یاخود گه‌ڕانه‌وه بۆ سیاسه‌ت؟
له‌به‌ر ئه‌وه، ئه‌و ڕاپه‌ڕینه نه‌ده‌کرا له ڕاپه‌ڕینێکی ئاینیی تێپه‌ڕێ. چ له ڕووی فۆرمه‌وه و چ له ڕووی ناوه‌ڕۆکیشه‌وه. ناوه‌ڕۆکیش دۆگمێکه به‌و شێوه‌ییه‌ی گۆڕاوه بۆ ئیدیۆلۆژیه‌کی سیاسی له‌لایه‌ن ئیسلامییه‌کانه‌وه؛ به‌ڵام له فۆرمدا له ڕێوڕه‌سمه‌کاندا(طقوسrituel) ئاشکرا ده‌بێ. ئه‌و ڕێوڕه‌سمانه زۆر فوکۆی تووشی شۆک کردوه، وه‌ک هه‌موو ئه‌وانه‌ی پۆششیی(تغطیة) هه‌واڵی شۆڕشه‌که‌یان ده‌کرد: ڕێوڕه‌سمی شه‌هید، پرسه‌و ته‌عزێ، دووباره‌بوونه‌وه‌ی ته‌عزێ له نموونه‌ی ئازاره‌کانی حوسێن. ڕێوڕه‌سم شانۆگه‌رییه‌که که جه‌ماوه‌ر خۆی ده‌خاته سه‌ر سه‌کۆ و خۆی له هه‌موو بڕیارێکی سۆسیۆلۆژی داده‌بڕێ. خه‌ڵک خۆیان ده‌که‌نه ئه‌کته‌رێک به هه‌ردوو واتای وشه‌که سیاسی و شانۆیی. ڕاپه‌ڕین پانتاییه‌ک له کاتێکی دیاریکراوی مێژوودا داگیرناکات، به‌ڵکو پانتاییه‌ک له ڕێوڕه‌سمدا، واته پانتایی له دووباره‌بوونه‌وه‌دا داگیرده‌کات؛ ڕێوڕه‌سم که سه‌رچاوه‌ی له ده‌سته‌باڵاییدا وه‌رگرتووه که‌مناکرێته‌وه بۆ ده‌سه‌ڵات، به‌ڵکو ده‌سه‌ڵات ده‌گه‌ڕێنێته‌وه جێی خۆی، دیاری ده‌کات و سنووریشی بۆ داده‌نێت. ڕاپه‌ڕین ئازادمان ده‌کات، چونکو له‌هه‌موو کاتێکدا ئه‌گه‌ری ڕوودانی لێ چاوه‌ڕێ ده‌کرێ. ڕاپه‌ڕین ئازادیی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ مرۆڤ، وه‌لێ ره‌هه‌نده تراژیدیه‌که‌شی پێده‌دات که مردن و سنووردارکردنیشه، چونکو نه پاشه‌ڕۆژێکی گه‌شی لێ چاوه‌ڕێ ده‌کرێ، نه نه‌وه‌ی داهاتووشمان ده‌بێ که به هه‌ڵوێستی شۆڕشگێڕانه رزگارکراون. فوکۆ تا ئه‌وێش ده‌ڕوات که شۆڕشێکی ڕاسته‌قینه نایه‌ته ئاراوه مه‌گه‌ر به مه‌رجی”گۆڕانێکی بنه‌ڕه‌تی له ئه‌زموونماندا” به‌م واتایه: ”ده‌بێ شێوه‌ی بوونمان، په‌یوه‌ندیمان به‌وانی تره‌وه، په‌یوه‌ندیمان به شته‌کانه‌وه، به نه‌مری، به خوا و…، ته‌واو بگۆڕین”، وه‌ک ئه‌وه‌ی گۆڕانی تاک(مه‌رج نییه مه‌به‌ست ره‌فتارێکی ئاینیی بێت) کلیلی گۆڕانی سیسته‌می جیهانیی بێت. له ناه‌ڕۆکدا شۆڕشێک نییه ئاینیی نه‌بێ، به‌ڵام نه‌ک به‌و واتاییه‌ی که تا ئێستا قبوڵکراوه، به‌ڵکو به‌وه‌ی که هه‌موو شۆڕشێک له ناواخنیدا به‌دوی ئه‌وه‌دا ده‌گڕێ به‌هه‌شتێک له‌سه‌ر زه‌وی دامزرێنێ. به کورتی، شۆڕشی ئێرانیی بۆ فوکۆ له وێنه‌یه‌کی ڕه‌مزیی مارکسی تێناپه‌ڕێ، مارکسیه‌تیش وێنه‌یه‌کی ره‌مزیی ئاینییه.
ره‌هه‌ندی ئاینییش له‌سه‌ر بنچینه‌ی سه‌رکرده‌یه‌کی کاریزمی بیناکراوه، بۆیه خومه‌ینی له هه‌نده‌رانه‌وه ئه‌م تالیسمه‌ی دووپات ده‌کرده‌وه: ”ده‌بێ شا بڕوات”. ئه‌وه خومه‌ینی بوو ”خاڵی ڕێکه‌وتن و گونجانی” بزوتنه‌وه‌که. یه‌کده‌نگی له ”شوێنێکه‌وه” په‌یدا ده‌بێ، له خاڵێکی ڤیرتوه‌ل(مه‌جازی)، له جه‌مسه‌رێک کاریگه‌ره له‌به‌ر ئه‌وه‌ی په‌تاڵه. هه‌موو خومه‌ینیان خۆشده‌وێ، هه‌موو له‌لایان پیرۆزه. فوکۆ، په‌یوه‌ندی نێوان خومه‌ینی و جه‌ماوه‌ر به سێ خاڵ لێکداوه‌ته‌وه: ”(…) خومه‌ینی له‌وێ نییه؛ خومه‌ینی هیچ ناڵێ؛ خومه‌ینی پیاوێکی ئاینیی نییه”. لێره‌دا بیرۆکه‌یه‌کی پێیر کلاسته‌ر Pierre Clastres وه‌بیرده‌هێنیننه‌وه که له ”کۆمه‌ڵ دژی ده‌وڵه‌ت”داLa Société contre l’État، ده‌ڵێ: ”سه‌رکرده خاڵێکی مه‌جازییه له‌ده‌وری وێنه‌یه‌ک خڕده‌بێته‌وه که کۆمه‌ڵێکی سه‌ره‌تایی له‌باره‌ی خۆیه‌وه دروستیکردوه تاکو ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی پێ ڕه‌تکاته‌وه”. فوکۆش ته‌واو باس له کۆمه‌ڵێک ده‌کات دژ به ده‌وڵه‌ت. بێگومان لێره‌دا فوکۆ باسی له میتی(mythe ) خومه‌ینی ده‌کات، ئه‌و وه‌زیفه‌ییه‌ی پێی هه‌ڵسا نه‌ک که‌سایه‌تی خومه‌ینی. بێده‌نگیی خومه‌ینی سیاسیه: ته‌نها ئامانجی ئه‌وه نه‌بووه که شه‌رعییه‌ت له رژێمی شا بسێنێ، به‌ڵکو ڕێ بگرێ له هه‌موو ئه‌لته‌رنا‌تیڤه سیاسیه‌کانی تریش که ڕێگربوون به‌رامبه‌ر به ده‌وڵه‌تێکی ئیسلامی؛ به‌ڵام ئه‌و به‌رنامه‌ییه‌ی خومه‌ینی نه‌بوو که فوکۆ گرنگیی پیده‌دا، چونکو له‌لای فوکۆ که‌س گرنگیی به‌وه نه‌ده‌دا. به پێچه‌وانه‌وه نه‌بوونی به‌رنامه‌یه‌ک ڕێگای خۆشکرد دۆخی یه‌کده‌نگی و ده‌سته‌جه‌می پێک‌بێت. له ڕاستیدا ده‌بوو وه‌ها بیرکه‌ینه‌وه که به‌رنامه‌یه‌کی نه‌بوو “حیزبێکی خومه‌ینی نه‌بوو، حکومه‌تێکی خومه‌ینی نه‌بوو”، کێشه‌ش هه‌ر له‌مه‌دایه. ڕاسته به مانای وشه، حکومه‌تێکی خومه‌ینی نه‌بوو، هه‌روه‌ها حیزبی شۆڕشی ئیسلامی نه‌بوو، ئه‌م بیرۆکه‌یه هه‌ر زوو هه‌ڵوه‌شایه‌وه و هه‌رگیز به‌رابه‌ر به پارتی کۆمونیست داناندرێ، وه‌لێ خومه‌ینی سه‌رکرده‌یه‌کی سیاسی بوو، پشتبه‌ستن به‌و تۆڕ‌و گروپانه ده‌سه‌ڵاتی دامه‌زرانبوو وه وه‌ک ئیمامێک بۆ هاودژیکردنی ده‌سه‌ڵات به‌کاری ده‌هێنان. بێگومان زانیوێتی ده‌وڵه‌تێکی ئیسلامی مانای چییه، ئیدیۆلۆژییه‌کی ئیسلامیش له ئارادابووه، تۆڕی ده‌سه‌ڵات و میکرۆ- ده‌سه‌ڵاتیش(ده‌سه‌ڵاته لاوکییه‌کان) له ناو کۆمه‌ڵی ئێرانی و بگره له ناو خودی بزوتنه‌وه‌ی شۆڕشگێرانه‌شدا هه‌بووه.
فوکۆ ئه‌مه‌ی نه‌بینیبوو، له‌پێشاندا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کاتی ئه‌وه‌نده نه‌بوو له نووسینه‌کانی خومه‌ینی قوڵبێته‌وه، پاشان که‌سه نزیکه‌کانی ئیمام و تۆڕه‌کانی ده‌وری لێده‌رچێ هه‌موو پرۆژه‌یه‌کی ئیسلامی له‌لایه‌ن هه‌موو ئێرانییه‌کانی تره‌وه وه‌لانرابوو. ئه‌م خستنه‌لاوه‌ش ناتێگه‌یشتنێکی به‌رهه‌مهێنا: گفتوگۆ له ده‌وری وڵاتێکی ئیسلامی بێگومان ناکۆکی خسته بزووتنه‌وه‌که‌وه و ده‌بوو پاشه‌کشێ بکه‌ن، به‌ڵام خومه‌ینی سیاسه‌تێک بوو، هه‌ر چۆن فوکۆش ئه‌مه‌ی تێبینی کردبوو کاتێ به چاکیی له‌وه ڕامابوو که خومه‌ینی پێشنیاری ریفراندۆمی کرد بۆ ”حکومه‌تێکی ئیسلامیی” و لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزیسیۆنی دووچاری دۆخێکی موحاڵ کرد: یان خۆیان له یارییه‌که بکێشنه‌وه، یاخود پشتگیری ئیمام بکه‌ن. له ڕاستیدا ئه‌وه‌ی فوکۆ نه‌یبینیبوو ئیسلامیزم بوو، به مانای دووباره خوێنه‌وه‌ی ئاینییه‌کان له ڕووی ئیدیۆلۆژی سیاسیه‌وه که وا‌بکات دووباره شۆڕشی ئێرانی ناوهه‌ڵکێشی نه‌ریتێکی شۆڕشگێڕانه‌ی به‌رفراوان بێت و ئه‌مجاره زۆر چاک ره‌گیان له داهاتوودا داکوتن.
ئه‌م هه‌ڵه‌یه له ساکارییه‌وه نییه: فوکۆ ده‌یزانی که شۆڕش چرکه‌یه‌که و سیاسه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه، نه‌ک وه‌ک به‌دیهێنانی (یاخود خیانه‌ت له) به‌ڵێنه‌کانی شۆڕش(ئه‌مه هه‌مان شته، چونکو له هه‌مان شوێن- کاتدایه)، به‌ڵکو وه‌ک ڕه‌تدانه‌وه‌ی ڕاپه‌ڕین که تایبه‌تمه‌ندی ئه‌وه‌ی نییه ده‌سه‌ڵاتێکی نوێ داهێنێ، به‌ڵکو ئابڕووی هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێک به‌رێ. ئه‌م کرداری ڕاپه‌ڕینه شوێن- کاتێکی تر ئاشکراده‌کات که ده‌سه‌لات نییه. ئه‌وجا ئه‌گه‌ر شۆڕش ”مانگرتنێک بێت له سیاسه‌ت” ده‌بێ بێگومان بزانی چۆن کۆتایی به‌و مانگرتنه ده‌هێنی. پرسیاری گرنگ لێره‌دا ئه‌مه‌یه: ”که‌ی و چۆن کۆی ئیراده‌ی گشتی ڕێگا بۆ سیاسه‌ت چۆڵده‌که‌ن؟ ده‌بێ بزانین ئه‌مه خواستی له‌دوایه، یاخود ئه‌رکێکه و ده‌بی پێی هه‌ڵسن”. ئایا پرسیاره‌که به‌ڕاستی له خواسته‌وه‌یه یان به‌هاندانی ئه‌رکێکه؟ گه‌ڕانه‌وه بۆ سیاسه‌ت، واته گه‌ڕانه‌وه بۆ یاری ده‌سه‌ڵات، ئه‌مه‌ش هه‌ڵهاتنی لێ نێیه، مه‌گه‌ر ئه‌و گۆڕانه سه‌یره‌مان تێدا ڕوودات که فوکۆ له په‌یه‌وه‌ندیمان به خۆمان و له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تر و خوادا ئاماژه‌ی پیده‌کات.
ڕۆژانی داهاتووی پڕ هیوا، یاخود پڕ نه‌هامه‌تی
ناتوانین له‌و پرسیاره هه‌ڵبێین: ”ئه‌ی دوای ئه‌وه؟”. زانیمان که فوکۆ به‌رنامه‌ی سیاسی به‌لاوه گرنگ نییه و نه هه‌ستکردنیشی به سه‌ره‌تای هاتنی دیکتاتۆرێکی نوێ به‌درۆیخستبۆوه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕاپه‌ڕین بۆ ئه‌و به‌رپرسیار نه‌بووه له ده‌سه‌ڵاتی نوێی دوای شۆڕش. ”کاتێک دێت که ئه‌و دیارده‌ییه‌ی چه‌نده هه‌وڵماندا لێی تێبگه‌ین و سه‌رسامی کردین (مه‌به‌ست له خودی ئه‌زمونی شۆڕشه) کۆتایی بێت. (…) جۆرێکی تری پرۆسه دێته پێشێ که پله‌یه‌کی تری ده‌بێ و به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان واقیعێکی تریشی ده‌بێ”. جارێکی تر ئه‌مه تێنه‌گه‌یشتن نییه له‌لایه‌ن فوکۆوه و نه بیرکردنه‌وه‌یه‌کی ساده‌یه، به پێچه‌وانه‌وه له نێوان که‌سه یه‌که‌مه‌کان بوو که پێنووسه‌که‌ی گرته ده‌ست و نییه‌تی ئه‌و رژێمه‌ی ئاشکراکرد، وه‌لێ زۆر به ساده‌یی ئه‌مه گه‌ڕانه‌وه‌ی سیاسه‌ت و دامه‌زراندنی فۆرمی نوێی ده‌سه‌ڵات بوو، چونکو ئه‌گه‌ر ئامانجی هه‌موو شۆڕشێک له ناوبردنی سیاسه‌ت بێت ئه‌وه ئاکامی هه‌موو شۆڕشێک تێکشکانه. واتای ڕاپه‌ڕین ناکاته دروستکردنی یوتۆپیا، به‌ڵام خیاڵپڵاوی (و‌هم) و سه‌رجه‌می وه‌همه‌کانی ده‌سه‌ڵات ئاشکراده‌کات. ڕاپه‌رین ئه‌و کاته واتای ده‌بێ که میتی ده‌سه‌ڵات له‌ناوده‌بات، چونکو بوارده‌دات له میکانیزمه‌کانی و بۆشاییه قوڵه‌کانی تێبگه‌ین. ڕاپه‌ڕین بۆشاییه‌که له‌ناو ده‌سه‌ڵاتدا، که‌مده‌سه‌ڵاتییشه له ناواخنی ده‌سه‌ڵات که ناچاره به‌رده‌وام خۆی نوێیکاته‌وه، خۆی داهێنێته‌وه و قۆناغێ به‌دواچوونی تر بدۆزێته‌وه. ڕاپه‌ڕین بوارده‌دات هه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تێی به نه‌بوونی ئازادییه‌ک که له هه‌موو بوارێک‌دا کاری پێ‌بکرێ. ڕاپه‌رین هه‌موو هێمایه‌کی پیرۆز له ده‌سه‌ڵات داده‌تاشێ، ئه‌مه‌ش بۆ هۆیه‌کی گه‌وره‌تر ده‌گه‌ڕێته‌وه که خۆی بانگهێشه‌ی پیرۆزی ده‌کات. ئه‌مه‌ش ئه‌و هاودژییه بوو که فوکۆ تێبینی کردبوو. له ئێران، ڕاپه‌ڕین ته‌نها سیاسی بووه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیچ ره‌هه‌ندێکی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی نه‌بوو، له‌هه‌مان کاتیش‌دا له حیزبێکی سیاسیش به‌رجه‌سته نه‌ببوو. حیزبه سیاسیه‌کانی ئۆپۆزیسیۆن(توده، به‌ره‌ی نیشتمانی) له‌و ئاسته تێپه‌ڕیبوون. به‌رجه‌سته‌بوونی ڕاپه‌ڕین له فۆرمێکی سیاسی‌دا ده‌بێته کۆتایی ڕاپه‌ڕین. جه‌وهه‌ری کۆمه‌ڵه‌که سیاسیه، حیزبه سیاسیه‌کان هه‌موو بواره‌کانی سیاسه‌تیان داگیرکردوه، به‌ڵام بلیمه‌تی شۆڕشی ئێرانیی له‌وه‌دایه که ئه‌و وه‌همه‌ی ڕه‌تکردۆته‌وه گوایه ده‌بێ وه‌دواداچوون و نوێنه‌رایه‌تی سیاسی هه‌بێ. گه‌ڕانه‌وه‌ی سیاسه‌ت هه‌ر دێته پێشێ و له‌و تۆڕه ناوخۆیانه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه دێنه ئاراوه که له خودی شۆڕشه‌وه به‌رهه‌مهاتوون: به‌م واتایه یاخیبوونی ته‌واو نییه، به‌ڵکو میراتییه‌کی شۆڕش ده‌سه‌ڵاتی لاوازکرد و فیکری بنیاده‌مه‌کانی ره‌وانتر کرد. ”ئه‌و لایه‌نه ڕۆحییه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی به‌ره‌و مه‌رگ ده‌چوون و خۆیانیان تێدا ده‌بینییه‌وه ته‌واو به پێچه‌وانه‌ی هه‌ڵوێستی حکومه‌تێکی ئاینی خوێنرێژی توندڕه‌وه. بێگومان هه‌ر ئا ئه‌مه‌یه که هاوکات ته‌فسیری بێهیوایی ئه‌و شه‌هیدانه ده‌کات که له جه‌نگی ئێران دژ به عێراق به‌شداربوون، ئه‌مان ده‌یانزانی که چێتر ڕژێم له ئاستی ئه‌و ئیدیاڵانه(مثل اعلی) نه‌بوو که ئه‌مان له پێناویان‌دا ده‌مردن و بزوتنه‌وه‌ی چاکسازییکه‌ران ره‌گی کۆنی له ناو ئه‌کته‌ره‌کانی دوێنێی شۆڕشی ئیسلامییه. فیگه‌رێکی وه‌ک ئایه‌توڵا مونه‌ته‌زه‌ری، نوێنه‌ری(مورشدی ئه‌علا) که به ئاشکرا ره‌خنه‌ی توندوتیژی ده‌گرت له رژێم و دژی له‌سێداره‌دانی زیندانیه‌کان وه‌ستایه‌وه ده‌ستگیرکرا و خرایه ژێر نیشته‌جێبوونی زۆره‌ملێ و چاودێری کرا؛ به‌و جۆره به لاده‌ر داندرا و خرایه ده‌ره‌وه‌ی کاستی پیاوانی ئاینیی. ئه‌وه‌بوو مونه‌ته‌زه‌ری له شاری پیرۆزی قومه‌وه سیمینارێکی ڕێکخست و ئاراسته‌ی لایه‌نگران و خه‌ڵکی کرد. ئه‌م جۆره کرده‌وه‌یه ته‌نها له چوارچیوه‌ی شۆڕشێکی ئاینییدا ئه‌نجامده‌درێ. به‌م واتایه‌ش، ڕاسته که ئه‌و ڕۆڵه‌ی ئاین بینی له ڕاپه‌ڕیندا واده‌کات به زه‌حمه‌ت ده‌رگای بواری سیاسه‌ت داخرێ؛ چونکو به‌کارهێنانی زه‌به‌رو زۆر ڕێگره له‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه نه‌هێڵێ که چه‌مکی پیرۆز هێنایه ناوجه‌رگه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه. ئا ئه‌مه‌ش بوو که فوکۆ به چاکیی هه‌ستی پێ‌کردبوو.
– Jérôme Savonarole : پیاویکی ئاینیی ئیتاڵی بووه 1452- 1498 به ڕیفۆڕرمی ئاینیی و به گوتاری ئه‌نتی هیومانیست ناسراوه
– Thomas Munzer : پێاوێکی ئاینی ئه‌ڵمانییه و سه‌رکرده‌ی شه‌ڕی جووتیارانه له سه‌ده‌ی شانزه‌هه‌م
– Thomas Cromwell : وه‌زیری پاشا هنری هه‌شت بووه و ڕۆڵێکی سه‌ره‌کی له ڕیفۆرمه‌کانی ئه‌نگلترا له نێوان 1532 بۆ 1540 هه‌بووه
– Olivier Roy, L’Échec de l’Islam politique, Le Seuil, Paris ,1991.
– Olivier Roy, Iran : Comment sortir d’une révolution religieuse (avec Farhad Khosrokhavar), Le Seuil, Paris, 1999.
– Olivier Roy, L’Islam Mondialisé, Le Seuil, Paris, 2002.