پۆست کارتێک بەروونی میتۆدی ئیمپریشینستی ڤانکۆخ نیشاندەدات- پەیمانگای ڤانکۆخ The overgrowth on the postcard shows very clear similarities to the shape of the roots on Van Gogh’s painting.’ Photograph: Institut Van Gogh

ئەگەر پەڵە هەورە چڕەکانی زمان بڕەوێنەوە


Loading

سروشت نەوزاد

ئەگەر پەڵە هەورە چڕەکانی زمان بڕەوێنەوە

سروشت نەوزاد 

پێشکەش بە گۆران ڕەئووف

 

 

بە وێنەکەیدا ئەگەر بێتەوە یادم،
کەسێک لە مێژە دەمناسی:
شەوانی ترسناک کاتێک لە خانووە قوڕەکەدا
دێوودرنج خۆیان بە نێو تەختی خەوەکەیدا دەکرد
ڕۆژانی قوتابخانەش چاو خەواڵوو
یەکەمین شت لە بەردەم ئاوێنەیەکی گرنج گرنجدا
لەوێدا کە دوان بوو، یەکێک دیار و ئەوی دیش نادیار.
پاشان لە هۆڵی وانە، لەژێرییەوە کورسی تۆز گرتوو
هەندێک جار چەماوە بەسەر کاغەزی سپی تاقیکردنەوە
یەکەمین دێڕ کوردییەکی ڕەوان،
بە ناوی سیانیی خۆیەوە.

 

نازانم، تەنانەت ئەگەر ڕۆژێک گەڕابووبێتەوە ماڵ
ڕەنگە ئەو کات تەنیا منداڵێک بووبێت و
بە ئاسانی نەیتوانیبێت جلەکانی خۆی بگۆڕێت.
شەمشەمە کوێرەی ساڵیش جار نا جار
بە نێو ژاوەژاوی دارستانە گەرمەکەدا دەگەڕانەوە.
ئەو ئاگرەی گەلێک توند و تیژانە خۆی دەنواند
کڕکەوتوو لە هێلانە.
لەوێ منداڵە لە دایک بووەکە دەکوڵێت
ئەو کەسەی کە ناتوانێت بە ئاسانی جلەکانی خۆی بگۆڕێت و
لە ناکاو هەست بەوە دەکات
درەختەکان بیریان هەیە.
ئەمە ماڵێکە و ئاپۆڕەی قسە لە پشتی ئەو دەرگایەی
وەک ئەوەی وا بنوێنێت هەمووان گرمە گرمێکن و
بەسەر یەکدا کەڵەکە دەبن.
ئەگەر پەڵە هەورە چڕەکانی زمان بڕەوێنەوە،
ڕەنگە پاش سەد ساڵی دی پێکەوە کۆ ببینەوە.

 

لە ژێر تۆپەڵە هەورە چڕەکاندا
دەیزانی ئاسمان غەمگینە.
بەسەر شاری سارد، کاتێک درەختە ڕووتەکە
کراسەکەی توند هەڵدەپێکا
بەسەر شەقام و تەنانەت
ئەو شەمەندەفەرەش کە ڕاوەستا بوو
باران نم نم دەباری.

 

هەموو بەساڵاچووەکانی دەناسییەوە
تەنانەت بە قەد پاڵی دیوارەکەوە تابلۆکەشی:
ئەوەی لە ناوەوە دەموچاوی ڕابوردووی تێدا هەڵگرتبوو
چەند پارچە خاکێکیش، بە سەرییەوە کێوە گڕ کانییە زەبەلاحەکان…
دیمەنێکی گەلێک ڕووناکە

لەوێ ئەگەر چی ڕەچەتەیەک لە ژێر دەستەکانیدا،
لێ ئەمە سەروەرێکە و بەسەر کورسییەکەیدا شۆڕبۆتەوە
سەروەرێک جار نا جار سەری بۆ سێبەرەکەی دەلەقێنێت و
زمانی بەتاڵی خۆی تف دەکاتەوە
ئەو کەسەی فریودەرانە لە ژوورەکەدا دادەنیشێ و  دەرگای گەنجینەکەی دەخاتە سەر پشت،
گەنجینەیەک بەو قولاپانەی حیکایەتەکانیان توڕ هەڵدەدەن،
ڕۆدەچنە ژێر زەوییەکە.
لەوێش لەو دوورەوە پیاوێک ڕاوەستاو لە نێو کێڵگەیەکدا
پێ دەچێت لێرە بڕوانێت
دەستەکانی لە گیرفانی کەسێکی دیکە.
ئێمە نایبینین و لێ گەڕێ، لە تابلۆیەکی دیکەدا بۆی دەگەڕێین.
کاتێک پاسەوانەکان دەگەڕێنەوە
دەگەڕێتەوە و تەقەڵی
ئەو ئازادییەش هەڵدەوەشێنێتەوە
وەک ئەوەی وا بنوێنێت
هەمووان دەستێکین و دەکرێت لە ئارامیدا
شیعرێک بنووسین.
شیعرێک دەنووسین
کەوا بوو دەنووسین:
ئەگەر منداڵێکی ڕەش تاڵ لە ئێمەدا دەرنەپەڕی با
ئەو کاتەی مێش و مەگەز هەڵدەلووشین و
یەک بە یەکی پەراسووەکانی خۆمان دەژمێرێت…
پاش خەونێک خۆم دیتەوە
لە ناکاو لە نێو باڵا خانە دێرینەکەدا
واقڕماو بە دیار تابلۆیەکی سامناک
هەستێکی وا وەک ئەوەی هەموو ساتەکان لەوێدا بن.
خاک و
شوێنەوار خانەی پەپوولە.

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌