ڕۆمانی گۆشەگیری ٢٠٢٠ - هەروەها ڕۆمانی `گەندەڵی` ٢٠٢٢

ڕۆمانی `گۆشەگيری` خوێندنەوەيەک لە بن تريفەی مانگە شەو


ڕەخنەی شیکاری

Loading

سەردار جاف – نوسەر و ڕەخنەگری ئەدەب

ڕۆمانی ( گۆشەگيری )  خوێندنەوەيەک لە بن تريفەی مانگە شەو و شەپۆلە نەرمەکانی زنە

سەردار جاف

 

 

خوێنەر لە ئاست ئەم ڕۆمانەدا ناتوانێت بە سادەیی تێپەڕێت بە سەريدا و هيچ نەيەتەگۆ، هەڵبەت خوێنەر بە لای ئێمەوە بە سەر چەند جۆرێکدا دابەش دەبن، خوێنەری پلە يەک ئەو ڕەخنەگر و وردبينانەيە کە پەی بە کون و کەلەبەری هەر دەقێک دەبەن و هەڵوێستەی ئەرێنی و نەرێنی، جوان و ناشيرينی ، باشی و خراپی ، رەشی و سپێتی و …… هتد لە سەر دەردەبڕن و لە ناخەوە و بە تاسوقەوەن کە ئەو دەقە خۆيان بييان نوسيبا، تاوەکو لاسەنگييە هەمە چەشنەکانی بنبڕ بکەن و لە ترۆپکی ئیستاتيکایی خۆيدا با، بە جۆرێک خوێنەرە ئاسایی و هەمەجەشنەکانيش لە پانتایی فرە رەهەندييەوە چێژی لێوەربگرن، ئێمە يەژين خوێنەری دووەم، ئەو نوسەر و خودان قەڵەمە سەليقەدارانەن کە وەک ڕەخنەگر بنکۆڵی دەقەکان ناکەن و لە دوورمەوداییەوە هەڵسەنگاندنی سەرپێی بۆ دەقی خوێنراو دەکەن، وەک رەخنەگر ناچنە قووڵایی دەقەوە، ئەم جۆرە خوێنەرە هەندێجار بۆ باکگراونی ئەبستمۆلۆژی خود دەخوێننەوە، تاوەکو بتوانن هەم دەقی ناوازە و داهێنەرانە بخەنەڕوو هەميش لە رووی زمانەوانییەوە هزر و نوسينيان دەوڵەمەند بکەن. هەندێجاری ديکەيش کەڵک لەو دەستەواژە فەرهەنگييە هەمەلايەنييە وەردەگرن و قاڵبوو دەبن و ئەوداڵ و لە سۆراغی چەمک و بەکارهێنانييەوە پەيڕەوداری تەريقەتەکە دەبن. خوێنەری سێيەميش ئەو مرۆڤە خوێنەرانەن کە چێژ وەردەگرن لە بەسەرهات و رووداو و تەواوی ژانرە ورووژێنەرەکان لەو ديدگايانە چێژ وەردەگرن، لە رووی ئاخاوتنی کۆمەڵايەتييشەوە لە کۆڕ و کۆبوونەوە گەرمەکاندا بە زمانی جوان و رەوانی دەدوێن هاوکات باکگراونێکی ئەبستمۆلۆژی بۆ خۆيان دروست دەکەن، خوێنەری چوارەميش ئەو بەرپرس و خەڵکە بورژوا و دەوڵەمەندە نەخوێندەوارانەن کە پێيان شەرمە خاوەن ڤيلا و ناو ماڵێکی شاهانە بن و کتێبخانەيەکی بچوکيان نەبێت، ئەم جۆرە کەسانە ناوبەناو لە دەست بەتاڵيدا سەر دەکەنە سەر ئەو کتێبە بەرگ رەنگاورەنگ و قەبانەی بۆ بەخشينی ديمەنێکی ئێستاتيکاییەکی بورژوايانە بە ماڵە رازاوەکەی داوە…
ئەگەر نوسەری ( گۆشەگيری ) لوتف بفەرموون بە خوێنەری ژمارە يەکمان هەژمار بکەن، گەورەیی دەنوێنن، چونکێ کە سەرقاڵمان دەکات بە کتێبێکی (٤٨٠) لاپەڕەیی زياتر و بە وردبينی ديقەتی بدەين، هەم مافی ئەوە بڕەخسێنێ بە دڵی خۆمان بێينەگۆ، هەميش سينگ فراوان بێت و نوسينەکانمان لێوەربگرێت، کە شتگەلێک دەورووژێنێ ناکرێ ئێمە بەردەباز دانێین و تێیپەڕێنين . ياخود خوێنەر بە هەموو بەشەکانی باسمان لێوە کرد لە بەردەوامی خوێندنەوەی ئەم شرۆڤەيە و خودی رۆمانەکە و هەڵوێستەکردن و رادەربڕينمان لە هەمبەر رۆچوونە سادەييەکانمان بە ( گۆشەگيری) ئیدی لە خەياڵدان و دەربڕينی هزری دەوڵەمەندی شيکارانەياندا ئازاد و سەربەستن لە کام جۆری خوێنەرمان ناوزەد دەکەن.
( گۆشەگيری ) رۆمانێکی نووسەر ئیسماعيل حەمەئەمين ساڵی ٢٠٢٠ چاپی پڕۆژەی کەلتوور بە هاوکاری ناوەندی کەپرە، کتێبێکی قەبارە ناوەندی ( ٤٨٣ ) لاپەڕەييە، جێی شانازيمانە لە سەردانێکی بۆ ماڵەکەی دانەيەکی پێبەخشين، ئەمەيش ئەوە ناگەيەنێت کە نووسەر ئەو رێزەی لێیناين ئیدی بە شان و شەوکەتی ڕۆمانەکەدا هەڵبدەين، نەخێر… ئیمە لێرەدا تەنها دەق دەبينین و خودی نووسەر ناناسين، لە خوێندنەوەمان بۆ دەقی هەر يەکێک هەبووبێت ئاوا ڕەفتارمان کردووە، هەر کەسێکيش بمانناسێت گەواهی ئەم حاڵەتەمان بۆ دەدات، ئەم توێژينەوەيشمان رەنگە بەرچاو روونييەک بۆ خوێنەر لەم بارەوە بە دەستەوە بدا.

 

خاڵێک کە گرينگە و تايبەت بەم شرۆڤەکارييە نييە و پێويستە ئاماژەی پێبدرێت، ئەوەيە پەيوەستە بە هەردوولا خوێنەر و نووسەرەوە، نووسەر چەند بە ديدێکی لە کارزانی و لێهاتووييەوە لە نوسينەکانیدا خوێنەر فريو بدات و دەستەمۆی خوێندنەوەی ژانرە هەمەچەشنەکانی بێ، گەرەکە خوێنەر زۆر لەوە وشيارتر و هەستيارتر بێت، ناکرێ نووسەر لە چەند دێڕی يەکەمدا ئەوەی دەيەوێت بۆ سەرنجڕاکێشانی خوێنەر و فريودانی سەراپا هەرچی هەيە هەڵيبڕێژێت و پاشان ئەو دوایی نوسينەکانی کەڵکێکی ئەوتۆی نەبێ و بێچێژ و بێواتا بێت، لەم توێژينەوەيەدا هيواخوازم خوێنەر تا کۆتایی هاودەمی وشە و رستەکان بێ، حەوسەڵەی هەبێ و لێیدانەبڕێت، هەتا بزانێ ( گۆشەگير ) لە کوێی قەڵەمی رەخنەگردايە، ئەوەی ئێمە لەم رۆمانەدا لەم رووەوە بۆمان ساغبۆتەوە،( دوو مێینەکە ) يە کە پاژی يەکەمی رۆمانەکەيە، ئێمە نامانەوێ لە ئێستاوە ڕۆچينە لايەنی تەکنيکی و توێژينەوەی ورد و زانستيانە بەڵکو دواتر دەمانپەرژێتە سەر هەموو لايەنەکانی رۆمانەکە، با بە شێنەیی پێکەوە لە تەکيدا بڕۆين.

 ڕۆمان، کارێکی هونەرييە جوانی زمان و پانتایی زمان پێکەوە گرێدەدات، خۆشويستنی ئەبستمۆلۆژی و جيهانبينی پانتایی فرە رەهەندی داهێنەرانەيە، بۆ نەوەی ئێمەی کۆنباو ئەگەر ( دارا دوو دارە دوورە ) کەی ئيبراهيم ئەمين باڵداری نە بينيايە نها بە ( گۆشەگيری ) بوون ئاشقی خوێندنەوە نە دەبوو، ياخود ( دار دور ، نار نور ) ی قەرائەی عارەبی ئاشنا نەبووايە، يانيش بە حينجەکەی حوجرە فێری خوێندنەوە نەباين، ئەوا نها نە حەز و نە حەوسەڵەی نوسينمان دەبوو، حەزمان لەوە نەدەبوو ئەو و خوێندنەوە ئاشق بە يەک بکەين، ئێمە و پەنابردنە بەر زمانی دەرودراوسێ بە تايبەت زمانی سەرەکی ئەو وڵاتانەی کوردی بەشمەينەتی بە سەردا دابەش بووە خولياگر نەدەبووين، ئیدی لەو رێگاوە کەلتوورەکەمان بووە بە کەڵچەڕێکی نامۆ بە خۆمان و وەک خۆمان نەشونمامان نەکردووە بيرکرنەوەيشمان بێگانانەيە، ئەم کارە لە هزرماندا رەنگی داوەتەوە بێئەوەی هەستی پێبکەين، ئیتر روو لە هەر بێشەڵانی هەر وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی يا ڕۆژئاوایی بکەين، لە نوێنەرايەتیکردنی خود دەترازێین، دەبينە کەسێکی نامۆ و خوار و خێچی ئەو کەلتوورەی خۆمانی تێدا دەبينينەوە، ئەم حاڵەتە لە گۆشەگير بە دی دەکەين ، بە هيواين بتوانين لەم هەڵوێستەکردنەمان لە سەر ڕۆمانی ( گۆشەگيری ) بتوانين پەنجە بخەينە سەر برينەکانی جەستەی رۆمانەکە و نوسينەکان ببنە هەتوانێ بۆ هزری بەربڵاو و لە دانسقەیی کاری ديکەدا ناوازە و بەرجەستەبوونی هەبێت.
خوێندنەوەيەک خوێنەر تووشی بێزاری و وەڕسبوون دەکات، وەک ئەو رۆمانانە نييە کە خوێنەر لە لاپەڕەی يەکەمەوە پەلکێش بکات، ئیدی گەر دەتەوێ وەک ژمارە ببيتە خوێنەری رۆمانێکی ديکە ئەوا گەرەکە حەوسەڵەت هەبێ و نەفەس درێژ و پشوودرێژ بیت، جا نەمازە بۆ خوێنەری ژمارە يەک کە پێشتر ئاماژەمان پێدا، پێويستە کاتی دەست بەتاڵی و باشی بۆ تەرخان بکەی و بە وردی پەنجە لە سەر واتا و چەمکی رستە و وشەکان دابنێ، دەنا ناتوانرێت خوێندنەوەيەکی ورد بکرێت و مافی خۆی پێبدات.

 

زمان و ڕێنووس
زمان خۆی لە خۆيدا بنەما و کۆڵەکەی هەر دەقێکی ئەدەبييە، ديارە مەبەست لە هێنانەوەی زمان لێرەدا مەبەست لەو زمانەيە کە بۆ ئەدەب بەکار بهێندرێت دەنا جياکردنەوەی مرۆڤ لە ئاژەڵەکانی دی زمانەکەيەتی، ئیدی گەرەکە ئەو زمانە بە جۆرێ بێت شايستەی ئەو دەقە بێت.
ڕۆمان، کارێکی هونەرييە ئێستاتيکای زمان و پانتایی ئەندێشە پێکەوە گرێدەدات، زمان لە رۆماندا فاکتەر و ئامانجن پێکەوە، زۆر جياوازترە لە زمانی شيعر، شيعر زمانێکی تايبەت بە خۆی هەيە و شآعير هێندە لە سۆراغی وشەی جواندا دەبێت بۆ ئەوەی شيعرەکەی بخزێتە خانەی ناوازەکانەوە، رۆمانووسی ئەلبانی ئيسماعيل کادارێ لە بارەی زمانەوە دەڵێ (( هەميشە شيعر دەنووسم، چونکە شيعر مرۆڤ ناچار دەکات ياری بە زمان بکات ))1.. ناکرێ لێکچوون لە نێوان زمانی رۆژنامە و رۆماندا هەبێت، يەکەميان هەواڵ بە چەمکێکی سادەوە دەگەيەنێتە بینەر و بيسەر کە رۆژانە پەيگيری رووداوگەلێکی سياسی و ئابوری و سەربازی و کۆمەڵايەتی و رۆشنبيری دەکەن، بە سادەیی لێیحاڵی دەبن، ئەو کاتە داڕێژەری هەواڵ هەست بە ئاسوودەیی دەکات کە مەبەستەکەی پێگەياندوون، لێرەدا ئەو بۆچوونەی ( ئەندرێ لالاند) لە فەرهەنگی تەکنيکی و رەخنەی فەلسەفی دێتە پێشەوە کە دەڵێ: (( لە واتای راستەقينەدا / کاری دەربڕينی ئاخاوتن لە بيری دەرەکی و ناوەکییە، بەم پێيە بێت زمان جۆرێکە و ئاخاوتنی دەرەکی رەگەزەکەيە، بە واتايەکی گشتگير تر، هەموو سيستەمێک ئاماژەن، دەکرێ بەکاربهێندرێت وەک هۆکاری پەيوەندی) 3 لێرەدا ئەوە ساغ دەبێتەوە، کە زمان جۆرێکی سەرەکی و بنەڕەتی پەيوەندی نێوان خودی مرۆڤەکانە، کە ئێمە مەبەستمان ئەوەيە رۆمانيش زمانی خۆی هەيە.
هەندێک پێیان وايە قسەکردن لە سەر زمان بە تايبەت بۆ رۆمان گێلکردن و خۆ دوور خستنەوەيە لە کرۆکی ژانرەکەو نەزانينە لە قوڵایی شرۆڤەکاری زانستی و ئەکاديميايانە، نەخاسمە بۆ شرۆڤەکردنی رۆمان زمان بە کارێکی کردەیی نازانن و چ پێويست ناکات باس بکرێ، ئێمە پێمان وايە ئەو کەسانە بۆ خۆيان کاڵفام و نەزانن، بە داخەوە ئەوانە بە ناکامڵی پێگەيشتوون، دەنا زمان کرۆکی رۆمانە، بۆ کێی دەنوسێ و چۆن دەنوسێ و چی دەنوسێ بە چ زمانێ دەدوێ.زمان بۆ رۆمان مشتومڕی زۆری خوڵقاندووە، نەمازە لە ناو عارەب کە زمانێکی جگە لە قووڵی و بەرفراوانييەکەی هەمەجۆر و هەمەچەشنەيە لە ڕووی ئاخاوتنی خۆجێی ( محلي ) يان هەر وڵاتێک بە جؤرێکە و زمانی رێنوسيشيان هەيە، کە زمانێکی گشتگير و يەک ئاراستەيە، لە ئێراقدا بە ( جڵفی و قواعدی ) رۆيشتووە.

زمان بۆ خۆی ململانێی نێوان بوون و نەبوونی بيرمەندانە، کە بوونێتی خۆی تێدا ساغکردۆتەوە، لێرەوە نامانەوێ باسوخواسەکەمان بە لاڕیدا بەرين و دێینە سەر کرۆک، بەم پێیە پێويستە هەڵوێستە لە سەر زمانی ئەم رۆمانە بکرێت و نامانەوێ لێی باز بدەين، جگە لەوەی کە بە زمانێکی سادە و بێقووڵبوونەوە نوسراوە، لەگەڵ ئەوەی ناو بە ناو دەستەواژەيەکی تێئاخنراوە کە سەر لە خوێنەر دەشوێنێ و ئەندێشەبيری تێکدەشکێنێ، لە کاتی خوێندنەوەدا خوێنەر يەکسەر هەست دەکات لاوازی رستە و وشە لای نووسەر هەيە، بە کەسێکی هەژاری نێو فەرهەنگی کوردی لە قەڵەم دەدات، ئیدی ئێمەيش لە گەڵ ئێوە دەکەوينە ديقەتدانی زمانەوانی… (( وەک ئەوەی قسەيەکی ئاسایی بکات، هەر وەک ئەوەی لە نێو بۆشاييەکی تايبەت بە خويدا پەرشی بکاتەوە، وەک ئەوەی دووکەڵ نەبێت)) لاپەڕە ١٢ ی رۆمانەکە.
    نمونەيەکی دی، تەماشا چون لە گەڵ کات مامەڵە دەکات: (( ئەمە کاتێک روو دەدات کە سوزی بەوپەڕی

ئیسماعیل حەمەئەمین

بێزارييەوە لە راڕەوەکە دەڕوانێت و هێشتا هاموشۆکارانی دوای نيوە شەو جەنجاڵی نەکردووە، ئەمە کاتێکە سوزی هيچ شتێکی ديکەی نييە، جگە لە گاڵتەکردن نەبێت بە سۆزانييەکانی هاوپيشەی، لەو کاتانەدا…. )) ل ١٣.
    جگە لە وەڕسبوون و بێزاری خوێنەر بە دەست وشەی ( وەک ئەوەی ) کە جۆرێکی سواوی پێبەخشيوە لە هەمانکاتدا لاوازی نووسەر لە نووسينەوە دەخاتە روو، سەبارەت بە کاتيش بە هەمان شێوە ئەو حاڵەتەی دووبارە کردۆتەوە سەر لە خوێنەر تێکدەدات هێندە ناوی کات دێنێ، خوێنەر هزری بەرەو ئەوێ دەڕوا کە هەمان کات نەبێت و لە کاتێکی تردا ڕوودرابێت، ئەگەر وەهايش بێت چۆن لە يەک رستەدا دەخرێتە روو، هاوشێوەی جۆرێکە کە باسی نەکردبێت، با خوێنەر لێرەيش ورد بێتەوە هەر لەم کورتە نوسينەدا چونکە باس لە ( وەک ئەوەی ) دەکەين، بۆ ئێمەيش هەمان کار هاتە پێشەوە و خۆمان لێدەرباز کرد هاوشێوەی جۆرێکمان بەکارهێنا، نووسەر سەليقەیی لەوەدايە لە نووسينی ئەدەبيدا دەستەودامێن رانەمێنێت، جا نەمازە رۆمان بێت.. دەچێنە لاپەڕە ١٥ و لە هەمان شوێنی وشە بەردەوامە، لەدوو دێردا سێ جار وشەی _ وەک ئەوەی – بەکارهێناوەتەوە، پێمان وايە بۆ خۆی رەنگە بە نووسينەکەيدا نەچوبێتەوە دەنا هەر لە خوێندنەوەدا خوێنەر هەست بە سواسی وشەکە دەکا، (( وەک ئەوەی خەنجەرێک کرا بێت بە دڵياندا، وەک ئەوەی قووڵ و زۆر قووڵتر لەوەی هەمووان مەزندەی دەکەن بريندار بوو بن، وەک ئەوەی لە پڕێکا نامورادی خۆيان بيرکەوتبێتەوە)) ل١٥ .
بۆيە زمان لە بەدەم نووسەر ئەرکێکی قورس و گران و زەحمەتە کە دەبێ زۆر بە سەليقەییەوە بەکار بهێندرێت و گەمەی پێبکرێت، ئەو دەمانەی گەمەکردن بە زمان غيابی دەبێت ئەوا ژانرێکی کرچ و کاڵ دەخرێتە بەر ديدی خوێنەر، گەمەکردن هەم هانی خوێنەر دەدات لە خوێندنەوە دانەبڕێت هەميش چێژ لە دەقەکە دەبينێت ، نەک وەڕسبوون و بێزارکردن، ئەگەر خوێنەر مکوڕ بێت لە سەر تەواوکردنی ئەو رۆمانە يان نوسينە ئەوا رۆژانە لە چەند لاپەڕەيەکی پەنجەکانی يەک دەست تێناپەڕن کە دەيخوێنێتەوە.

    لە لاپەڕە ( ٣٥ ) لە بری ئەوەی بڵێ پەرژينی ئاسن، دەڵێ( ئاسنی جياکەرەوە) کە مەبەست لەو پەرژينە یاسنينەيە لە نێوان دوو ڕاڕەوی دژ بە يەکی ئۆتۆبانی ترومبێلە، لە سەر دووبارە کردنەوەی وشە سوواندنی بەردەوام دەبێ و دەڵێ : (( وەک چۆن خاليد لە هەمان گێژاوی ئەشقی بە سەر چووی سوزيدا دەژيا تاوەکو چەن رۆژێک لەوەوبەر هەر لەم گێژاوەدا بوو، تاوەکو بووە……)) ل٦٥. لە دێڕ و نيوێکدا سێ جار دەڵێ: (( وەک ، تاوەکو )) نامانەوێت درێژدادەڕی لەم لايەنەوە بکەين چونکە شيتاڵکردنی بە پێی ئەوەی رۆمانەکە نزيکەی ( ٥٠٠) لاپەڕەيە بۆيە لە زۆربەی زمانەوانی و رێنووسەکەيدا پەنا بۆ نمونەيەک يان چەند نمونەيەک دەبەين، تەماشا ” عەبدولباقی يوسف “* چۆن لە رۆمان دەدوێ: (( هەميشە رۆمان بە نووسەرەکەی دەڵێ: ئەوە تۆ نيت دەتەوی ببیت بە رۆماننووس، بەڵکو ئەوە منم دەمەوێ ببیت بە رۆماننووس و پێتبگەيەنم، ئەوە من نيم هەر کەس بيەوێت بمنووسێ و بمگێڕێتەوە، بەڵکو ئەوە منم دەتنووسێنم و دەتگێڕێنمەوە و پێشکەشت دەکەم))، کەواتە لەم ديدگاوە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە نووسەر تەنها ئەوەيە بە زمانێکی روون و رەوان خوێنەر ئاشنا بکا لەو پەيامەی دەيەوێت بيگەيەنێت، ئێمە لە رووی رێزمانيشەوە هەست بە لاوازی و بێهێزی دەکرێت، نەمازە لە رێنووسی کورديدا کار ( فعل ) دەکەوێتە کۆتایی رستەوە، کە تەنها نمونەيەک دێنين و جێگرەوەکەيشی دادەنێین، لە لاپەڕە ٦٨ ی گۆشەگير دەڵێ: (( سوزی لە چواردە ساڵييەوە چاوەڕێی پياوێک بوو دەرگاکانی بەختەوەری لێ بکاتەوە، ئێستاش دوای جيابوونەوەی لە خاليد، دوای چەند ساڵێک، بە تايبەت دوای ئەو بەرەبەيانەی ويسکی خواردنەوەيان کاتێک ڤێسنا پێکەوە لە گەڵ سوزی ، باسی گەشتی مەسيحی بۆ دەکرد))، نووسەر جگە لە کاری رێکخستنی وشەکاندا سەرکەوتوو نەبووە، لە هەمانکاتدا لێڵ بوونێکی لای خوێنەر دروست کردووە کە کاميان سوزی يان ڤێسنا باسی گەشتی مەسيح دەکەن، ئێمە دەڵێین دەبووا نووسەر وا دەستپێکی ئەم بەشەی بکردبا: (( لە چواردە ساڵييەوە سوزی لە چاوەنواڕی ئەو خەون و خەياڵەی بوو کە هەموو کچێ هيوای بۆ دەخوازێت، پياوێک بێت و دەرگاکانی بەختەوەری لێبکاتەوە، ئێستايش دوای چەند ساڵێک لە جيابوونەوەی لە خاليد، بە تايبەت لە کاتێکدا کە لە گەڵ ڤێسنا بوو، دوای ئەو بەرەبەيانييەی وێسکیان پێکەوە دەخواردەوە، باسی گەشتی مەسيحی بۆ دەکرد)) ئەمە لە کاتێک ئەگەر سوزی گەشتی مەسيح بگێڕێتەوە، بە پێچەوانەيشەوە ئەگەر ڤێسنا گەشتەکە بگێڕێتەوە ئەوا وا دەبوو : (( لە چواردە ساڵييەوە سوزی لە چاوەنواڕی ئەو خەون و خەياڵەی بوو کە هەموو کچێ هيوای بۆ دەخوازێت، پياوێک بێت و دەرگاکانی بەختەوەری لێبکاتەوە، ئێستايش دوای چەند ساڵێک لە جيابوونەوەی لە خاليد، بە تايبەت لە کاتێکدا لە گەڵ ڤێسنا بوو، دوای ئەو بەرەبەيانييەی وێسکیان پێکەوە دەخواردەوە، کە ڤێسنا باسی گەشتی مەسيحی بۆ دەکرد)). پێمان وايە بەم جۆرە خوێنەر باشتر دەگاتە خاڵی تێگەيشتن. وا بزانم لە سەر زمان زۆر دواين و لێرەدا چەند نمونەيەکی رێنووس دەخەينا ڕوو کە زۆر بە زەقی ديارن و ناکرێ نووسەر خۆی لەو هەڵە رێنووسيانە ببورێ و بە سەرياندا باز بدات و چاو بنوقێنێت، ئەم وشانە زۆر زەقن دەبێ هەر نووسەرێک لە نووسينەکانيدا فەرامۆشی نەکات (( ئەمەش ، ئەمەيش / ئەم کۆڵانەش ، ئەم کۆڵانەيش / لەوانەشە، لەوانەيشە / باڵەخانەکەش ، باڵەخانەکەيش / ئێستاش ، ئێستايش / خوداش ، خودايش / جيابوونەوەشيان ، جيابوونەوەيشيان/ ئەوەشی لە ڤێسنا نەشاردەوە، ئەويشی لە ڤێسنا نەشاردەوە/ ديکەش ، ديکەيش / لە پەڕينەوەشيدا، لە پەڕينەوەيشيدا / کزۆڵەش ، کزۆڵەيش / ئەوەندەش ، ئەوەندەيش /سەتەلايتەکەش ، سەتەلايتەکەيش )) بە داخەوە زۆر زۆر وشەي تريش لەم جۆرە هەبوون کە هەندێکيان زمانی ئاسایی قسەکردنە، کە ئێمەيش وەک نەتەوەيەک مافی ئەوە بە خۆمان دەدەين کە زمانی نووسين و ئاخاوتنمان جياواز بێت، ئەگەر نووسەر ئەم کارە نەکات، من نازانم ئەرکی نووسەر ئەو کاتە لە بواری زمانەوانيدا چی دەبێت.
    بە داخەوە کێشەيەکی ديکەيش کە ئەم نووسەرەيشی گرتۆتەوە، پرسی ( دوو واوە ) من نازانم بۆچی نووسەرێک نەتوانێت خۆی لە قاڵبی ئايديۆلۆژيا قورتار بکات و لە نووسينەکانی بيری لای ئەم پرسە بێت، دەنا جار و دووجار نييە دەيان جار ئەم حاڵەتە چەند بارە کراوەتەوە،لێرە ئەوانيش دەخەينەڕوو(( مەيموون ، مەيمون / بچووک ، بچوک / ڕووس ، ڕوس / ئۆردووگا، ئۆردوگا / نووح ، نوح / گرووپ ، گروپ / بەڵکوو ، بەڵکو/ لێبووردن ، لێبوردن / گووت ، گوت / کوون و کەلەبەر ، کون و کەلەبەر/ مووچە ، موچە …………. )) بەڕای ئێمە هێندە نمونەيەکن، رۆژ لە دوای رۆژيش زمان و رێنووس گۆڕانکاری بە سەردا دێ مرۆڤ بە تايبەت نووسەر دەبێ لەم رووەوە رژد بێت. لە زۆر شوێن (( بوو بوو )) بەکار هاتووە پێمان جوانە ئەم کردارەيش ببێ و بنووسرێ (( ببوو ))، خوێنەر جياوازيش لە کاتی خوێندنەوە بە هەردوو حاڵەتەکە دەکات.

 

گۆشەگيری

 خوێنەر کاتێک ئەم ڕۆمانە دەخوێنێتەوە هەست بە ماندووبوونێکی زۆری نووسەر دەکات، وەلێ ئاخۆ نووسەريش توانيويەتی تێيدا تا ئەندازەيەکی باش سەرکەوتوو بێت، ياخود هيچی بە خوێنەر نەگەياندووە جگە لە دەردە دڵێکی خودی نەبێت خراوەتە روو، خوێنەرێک لە خوێندنەوەی نزيکەی ( ٥٠٠ ) لاپەڕەيەک هەست بە شەکەت و ماندووبوونێک بکات ئاخۆ نووسەر چەندی ماندوو بوون بە ديار نووسينەوەی چەشت بێت.

ئێمە نامانەوێ لە ماهييەتی ماندوو بوونی کەم بکەينەوە، وەلێ هەر وەک گوتمان ئێمە دەق دەبينين و لەوێوە قسەی خۆمان دەکەين.

سەرەتا و بەر لە هەموو لايەنە جوايەزەکان دێين و هەڵوێستە لە سەر ناو و ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە دەخەينە روو ئاخۆ هاوتەريبن، هەرچەندە نووسەر ئازادە لە دەستنيشان کردنی ناونيشان، وەلێ وا دەست نيشان کراوە کە پەيوەستن پێکەوە بۆيە قسەی خۆمان دەکەين، ئێمە دوای خوێندنەوەی رۆمانەکە بۆمان ساغ بۆوە کە گۆشەگيری بۆ ئەم حاڵەتانەی نێو رۆمانەکە بە هيچ شێوەيەک يەکناگرنەوە، لەم روانگەوە ئێمە قسەی خۆمانی لە سەر دەکەين، ئێمە پێمان وايە خودی نووسەريش لە گەڵمان هاوڕايە کە ئەوەی لێرەدا هەيە ونبوونە نەک گۆشەگيربوون.

گۆشەگير بەو کەسە دەگوترێت کە ژيانی تەنهایی هەڵدەبژێرێت ياخود هەميشە لە هەموو تاکێکی مرۆڤ خۆ بە دوور دەگرێت، خەڵوەتنشينی سۆفيگەرێتی خۆی لە خۆيدا گۆشەگيربوونە (( شوبنهاوەر وای دەبينێتەوە کە گۆشەگيری فەيلەسوف هەڵوێستێکی فەلسەفيانەيە رەنگدانەوەی پاکی و راستگۆييەتی ، نەمازە ئەو گۆشەگيرييە دەرئەنجامێکی حەتمی هەلوێستە رەتکراوەکانی بێت بەرامبەر کۆمەڵگايەکی گەندەڵ و ساختەکار و هەموو ئەوانە دەگرێتەوە کە بيرکردنەوەيەکی هەڵەناراستييەکان دەسڕێتەوە )) ٤. لە رووی فەلسەفيشەوە دەبينين کە گۆشەگير بوون بۆ راژە کردن و بەرژەوەندی چاکەکارييە، هەروەک لە ئايينيشدا هەمان بۆ چوونە، (( بە پێی ئەو چەمکەی لای شۆبنهاوەر بۆ گۆشەگيری هەيە، جياوازی لە نێوان دوو جۆر لەو فەيلەسوفانە دەکا، پۆلينێک بۆ خۆی بيردەکاتەوە و نوێنەرايەتی زۆرينە دەکات، پۆلينەکەی دی بۆ خەڵکی بيردەکاتەوە و نوێنەرايەتی کەمينە دەکات، ئەوەی بير لە خود دەکاتەوە لە کۆمەڵ دانابڕێت وەلێ لە پرسەکانی گۆشەگير دەبێت، ئەوە کار لە سەر راستیيەکی ساختە دەکات و يان ساختەیی ڕاستی دەگوازێتەوە، هەرچی ئەوانەيشە کە بير لە خەڵکانی دی دەکەنەوە، ئەوا لە کۆمەڵ گۆشەگير دەبێت، بەڵام لە پرسەکەی دانابڕێت. چونکە تەنها کار لە سەر راستييەکان دەکات، ئەوا بەم پێيە لە بەرژەوەندی راستی و کۆمەڵ لە هەمانکاتدا کار دەکات)) ٥-. پێمان وابێ باشتر بۆ خوێنەر ڕوون دەبێتەوە کاتێک خوێنەر رۆمانەکە دەخوێنێتەوە دەزانێ دوور و نزيک لە هەموو روويەکەوە ناونيشانەکە يەکانگير نابێتەوە لە تەک ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە..

ونبوو ئەو کەسەيە کە سەرلێشێواوی سەراپا ژيانی دەتەنێت، ئەو دەمانە خود ون دەبێ، هەميشە ونبوونيش تاک بەرەو ئاراستەی هەڵدێر دەبات نەک ڕاستکردنەوە، دەکەوێتە نێو ئەو بڵقانەوە کە نازانرێت لە چ کاتێکدا دەتەقێتەوە و هەپروون بە هەپروون دەبێت. (( بوون دابەشی ، بوونی دەرەکی و بوونی زهنی دەبێت، يەکەميان بريتييە لە پێکهاتەيەک لە بەر چاو کە ئەم بوونە ماتريالييە، بەڵام دووەم بريتييە لە پێکهاتەيەک لە زيهندا، ئەوەيش بوونی ئاوەزی” عقلي ” يان لۆژيکييە )) ٦

ئەم ديدگايە ئەوە دەسەلمێنێ کە ڕۆمانەکە هەردوو حاڵەتەکەيە، يەکەميان کەسەکان ونبوويەک نين لە بەر چاو ونبوو بن وەلی وەک ديدە ماتريالييەکە بوونيان هەيە لێ لە ڕووی زهنييەوە ونبووی تەواون، لە ناخەوە ون بوون ئەمەيش ئاڕاستەيەکە زۆربەی نووسەران بۆ ونبوونی تاک لە ئەدەبدا پەنای بۆ دەبەن، بابزانين نووسەر بۆ رۆمانەکەی چۆن لە گەڵ ونبووندايە.

(( کە گەڕايەوە بۆ هوتێلەکە زانی تەنهاييەک لە نێويدا بۆ ئەبەد درێژ دەبێتەوە و کۆتایی نايەت، بۆنی چەرچەفەکانی کرد، بۆنی خۆی کرد، بۆنی دونيايەک شێواو و بێمانای کرد، بۆنی بۆن دڕنی ئەو ئاژەڵەی کرد کە بەم ژوورەدا تێپەڕيووە، بۆنی خوێنی کرد لە هەموو شوێنێک، بۆنی ساردی لاشە دوورەکانی کرد لەئاسمانی ئەم بەيانيەدا، بۆنی ونبوونی کرد لە هەموو شوێنێک، ل ٣٩١ ))

نووسەر تەنها جارێک باس لە ونبوون ناکات چەندين جار لەو دەرگايە دەدات

(( هەموو ئەو ونبوونەی لە نێوان سوزی و ڤێسنا و سێرژی روسی و ئورسولا باومان، هەوڵدان بوو لە راکردن لەو گۆشەگيرييە سەختەی دەيهاڕی، دەيبردەوە ناو تاريکی و هەستيدەکرد ژيان هيجيتری تێدا نەماوە بۆ بەردەوام بوون. وەک ئەوەی خومار بێت بە ئیکسيرێکی پڕ جادوو، ئاوا بە نێو کەس و ڕووداوەکاندا تێدەپەڕی، گوێی دەگرت و هەندێک شەو دەچوو سەمای دەکرد، بە تەنێ سەمای دەکرد،… لە نێو تاريکی پاسەکەدا کە بەرەو قاهيرە جادەکەی قووتدەدا، بيری لەوە دەکردەوەکە زەمەنە سەماکار بوو، ئەو پووتە پۆستاڵيەی بيرکەوتەوە، ملپێچە مۆر و قەمسەڵە کورتەکەی و جێنزە شينەکەی، بيری کەوتەوە ماوەيەک بوو خومار بوو بە سەما، سەما تەنها لە گەڵ خۆيدا، لە گەڵ تەنهاييدا، لە گەڵ گۆشەگيريی و ونبوونيدا کە نێوی نابوو ” ونبوونێکی جوان” کە ڕاستييەکەی هيچتر نەبوو جگە لە ونبوون نەبێت لە نێو گۆشەگيريدا. ل ٤٣٢ )).

نووسەر لەم پەنابردنە بەر ونبوونە دەکەوێتە هەڵەوە کاتێک ونبوون لە ناو گۆشەگيری دەبينێت، مرۆڤ بەر لە بوون ، کائينێکی نەبووە، ئەو کاتە گۆشەگيری ناخوڵقێت کە دەکرێ بڵێين خەڵوەتيش بەشێکە لە گۆشەگيری، بەڵام کاتێک مرۆڤ بوونی بوو وەک ماتريالی يانی بوونی جەستە، بەو چەمکە فراوانەی ونبوونەوە گەر ورد ببينەوە، تێدەگەين ئەو دەمە مرۆڤ دەتوانێ گۆشەگير بێت، کە مرۆڤ ون دەبێت دەکارێ بخزێتە نێو گۆشەگيرييەوە تا خۆی بدۆزێتەوە

(( لە تەک هەر جيابوونەوەييەک، زنجيرەيەکی ونبووی سەپێندراو دەردەکەوێت، زيندەوەرێک دەست بە هەنگاوەکانی دەکات رووەو جۆرێکی تازە، کە بە جۆرە گوازراوەکان ناسراوە)) ٧.

نامانەوێ زياتر لە سەر ئەم پرسە هەڵوێستە بکەين ئەوەی بە لامانەوە گرينگە ناوەرۆک و لايەنەکانی ديکەی رۆمانەکەيە، رۆمان چەند جۆرێکی هەيە لەوانە ڕۆمانی ؛ مێژوویی ، پۆليسی ، رۆمانسی ، تراژيدی ، کۆمەڵايەتی ، ترس و تۆقاندن ، پۆرنۆگرافی” سيکسی ” …..تاد.

 ئەم ڕۆمانە دوورونزيک پەيوەندی بە ڕۆمانسييەت و ئيشقەوە نييە، کە نووسەر بۆ خۆی هاوتای ئيشقی کردۆتەوە، بە تەواوی دەکارێ بێژين گۆشەگيری دەقاودەق دەخزێتە خانەی ئەدەبی پۆرنۆگرافييەوە، واتا بە ئاشکرا بێڕووپۆشکردن باس لە سێکس دەکات؛

(( هەندێجار بە مەبەستی ئامۆژگاریی سێکسی و تەندروستی خراونەتەڕوو، هەندێجاری ديش بە مەبەستی ئاشنابوون بە ئەندامە سێکسييەکان و شارەزابوون لە چۆنێتی پرۆسەکردنی سێکس ئەنجام دراون )) ٨.

لەم ساڵانەی دواییدا ڕۆمان بە شێوەيەکی گشتی و بە تايبەتی لە هەردوو بەشی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان رەواجێکی زۆری پەيدا کردووە و کتێبێکی پڕفرۆشە، بە تايبەتی رۆمانە ئیرۆتيکييەکان، چونکە لەوێ لای خوێنەر چێژ دەخوڵقێنێت، ئيشق باڵا دەکات، وەلێ ئەم رۆمانە ئەو چێژە ناداتە خوێنەر، رەنگە ئەمە هۆکارێک ببووبێت بۆ پەنا بردنە بەر ئەم جۆرە رۆمانە، يانيش پێی وابووبێت کە دەتوانێ لەم رۆژگارەدا رچەشکێن بێت، ئەوەيشيان وانييە، چونکە پێشتر شێخ ڕەزای تاڵەبانی لە رێگای شيعرەکانييەوە ئەو دەرگايەی واڵا کردووە، هەروەها لە ئەدەبی کوردی و بواری چيرۆکيشدا (( ئەحمەد سەيد عەلی بەرزنجی لە کۆمەڵە چيرۆکی ” دەستە و يەخەدا ” بايەخی بەم لايەنەی ئەدەب داوە و سەرجەمی چيرۆکەکانی تەرخانکردووە بۆ ئارەزووی سێکسی، کە دەتوانم بڵێم تا ڕادەيەک لە پۆرنۆگرافی نزيک دەبێتەوە)) ٩. ئەوەيش لە هەمان ڕەوتەوە رێی گرتووە، لێ زۆری تر هەن لە چيرۆک و شيعرەکانيان باسيان لە پرۆسە سيکسييەکە کردووە وەلێ ناخزێتە خانەی پۆرنۆگرافييەوە، دەکارێ لە خانەی ئيرۆتیکی تۆمار بکرێن؛ (( لە بە شێک لە رۆمانەکانی محەمەد موکریدا چەندين ديمەنی سێکسی ئاشکرا خراونەتە روو، بەڵام ئەمە ناچێتە ناو ئەدەبی پۆرنۆگرافييەوە، چونکە ئامانجی سەرەکی لەم چەشنە رۆمانانەدا سێکس نييە )) ١٠. ڕۆمانی ” هيچ ” ی خوسرەو جافيش لە چەندين شوێن باس لە پرۆسەی سێکسی دەکات، بەندەيش لە چيرۆکی ” ميرات ” بە ئاشکرا باسمان لە پرۆسە سێکسييەکە کردووە، کە لە ژمارە ( ٩ ) ی پەيامی مامۆستا لە سويد ساڵی ١٩٩٩ بڵاوکراوەتەوە، ئەوانەيش بە هيج کلۆجێک ناچنە ناو ئەدەبی پۆرنۆگرافی، چونکە مەبەستە سەرەکييەکە سێکس نييە، بۆيە هارووژاندن لای خوێنەر دەخوڵقێنێ و ئەم رۆمانە کەمتر.

 ڕۆمانی (گۆشەگيری)  فەزا و فۆرمێکی قورسی لای خوێنەر خوڵقاندووە، (( ڕۆمان فۆرمێکی ديالکتيکی داستانە، بۆ خۆی فۆرمی گۆشەگيرييە لە تەنهایی، فۆرمی هيوايەکە لە بێ ئايندە، فۆرمێکی ئامادەيە لە ئامادە نەبوون)) ١١.

کەچی ئەم حاڵەتە لای ئيسماعيل حەمەئەمين لەم ڕۆمانەدا بەدی ناکەين جگە لەوەی فەزاکەی لێشێواندووين هەميشە هزرمان وا ماندوو دەکات کە خوێنەر پچڕپچڕی ڕووداوەکان دەيشێوێنێ، وەلێ پەرتەوازە بوونێک دەخوڵقێنێ مەگەر هەر خۆی سەری لێ دەربکات. هەندێ شتی بۆ ڕۆمانەکە سەربارکردووە کە پێويستی نەدەکرد، ڕۆمانەکە بۆ خۆی گێرانەوەيە لە نێو گێڕانەوە گێرانەوە دەبينين، بۆيە ئەوە بە فۆرمێکی نامۆ لە ناو ڕۆمان دادەنرێت، لە رووی ديالکتيکييەوە، ئەو ئیستاتيکايە بە دی ناکەين جوانی بە سەرگوزەشتەکان بدات.

(( رۆمان لای لۆکاش، بۆ خۆی فۆرمێکی سەرەکی ئەدەبە بۆ جيهانێ ” کە مرۆڤ نە لە وڵاتی خۆی بوونە، نە نامۆييشی تەواوی نامۆبوونە” بۆ ئەوەی ئەدەبی داستانيمان هەبێ ” رۆمان کە فۆرمێکی داستانييە” هەر دەبێ بوونێکی يەکەی بنەڕەتی هەبێت، بێگومان بۆ ئەوەی رۆمانێ هەبێت، بەرهەڵستی کۆتایی لە نێوان مرۆڤ و جيهان و تاک و کۆمەڵ دەبێت)) ١٢.

گۆشەگيری سيمايەکی داستانی بە خۆوە نەبينيوە، چەندين گێڕانەوە لە ناو گێڕانەوەيە، ئەمەيش وا لە خوێنەر دەکات نەک مەيلی خوێندنەوەی نەبێت وەلێ بۆ کارەکانی دواتريشی کاريگەری دەبێت و خوێنەر ڕوو لە کەمی و لاوازی دەکات، بە کورتی نووسەر نەيتوانيوە هەر زوو سەرنجی خوێنەر بۆ باسەکەی پەلکێش بکات، ڕەنگە هەندێ هەرزەی تينووی سێکسی بۆ خۆ دەستەمۆ کرد بێت ئەمەيش ناکاتە خوێنەری دڵکار. (( بە بينينی من، بنەڕەتيترين خەسڵەتی نووسەری مۆدێرن ئەمەيە؛ هۆشياری دەرهەق بە کێشە تازە و گرنگەکان، هێز و توانای پێويستی تەکنيکی بۆ وەڵامدانەوە بەم هوشيارييە، دواتريش دەبينين بۆ ئەوەی نووسەرێکی باشت لێدەربچێت، پێويستت بە توخمی ديکەيش هەيە کە من پێی دەڵێم ” سازان و هارمۆنی ” ))١٣.

جوڵەيەکی هونەری ئەتۆ نابينرێ لە ڕۆمانەکەدا تاوەکو ڕووخسارێکی ئێستاتيکایی تێدا ببينين، هەر جەندە لە رۆمانی پۆرنۆگرافی کەمتر هەست بەو جوڵەيە دەکرێ، وەلێ ئەوەيش بێجوان بەخشين نابێ، و نووسەری بە توانای دەوێ جوانی بەخش و جوڵەی هونەری و زمانی ئەوتۆ بەر جەستە بکات، چێژداری بخوڵقێنێت، تەڕ و پاراو بێت، لە بەراييشدا ئاماژەمان پێدا شيعرئامێزی نەبێ، ديسانەوە ئەمەيش لەنگی لە فۆرمی رۆمانەکە دروستکردووە، فۆرم هەموو جەستەی دەقە، بۆ نمونە کاتێ شاجوان هەڵدەبژێردرێت تەنها ستايلەکەی ديقەت نادرێت، هەموو لايەنەکانی هەڵدەسەنگێندرێت پاشان کە تەواو و پڕاوپڕی وەسف و تەوزيف بوو بە شايستەیی شاژنی پێدەبەخشرێت. لێرەيشدا بنەما سەرەکييەکانی جوڵەی هونەری لە رۆمانەکەدا نابينين و يەکێ لەو خەسڵەتانەی لە دەستی داوە ئێستاتێکای دەقە. خاتوو پی. دی . جێمز*لە ديمانەيەکيدا لە بارەی رۆمانەوە لە گەڵ شوشا گاپێ دەڵێ ؛(( کە رۆمانی يەکەمم پێشوازييەکی باشی لێکرا، درێژەم بە نووسيندا، بەو ئەنجامە گەيشتم کە دەتوانم لە چوارچێوەی سنوور و ڕێساکانی ئەو ژانرە بمێنمەوە، لە هەمانکاتيشدا دەتوانين نووسەرێکی جددی بين و واقيعەت لە بارەی ژن و پياوەکان و پەيوەندييەکانيان و ئەو کۆمەڵگايەی کە تيايدا دەژين دەرببڕين))١٤،

 

ئەوەی ئێمە مەبەستمانە لەم رووەوە لە سەری بدوێين دوو لايەنە، يەکەميان ؛ ئەوەيە نووسەر لە دوای (گۆشەگيری) پەنا بۆ ئەم جۆرە ڕەوتە نەبات چونکە تێيدا سەرکەوتوو نابێت، مرۆڤ پێويستە پەنا بۆ کارێک ببات، بە خێرایی سەرنجی خوێنەران ڕابکێشێت، بە داخەوە ئەوەی دەيبينين ئەوەی نە پێکاوە، خاڵی دووەميشيان؛ واقيعی پەيوەندی ژن و پياوە، لە ڕووی دەروونييەوە هەر کەسێ تێڕامانی وردی هەبێت و بە سەليقەييەوە بڕوانێتە لايەنی ژنناسی ئێسماعيل حەمەئەمين سەردەرکردوويەکی باشە و درک بە نهێنی و شتە شاراوەکانی ژن دەکات؛ خەسڵەتی ژن ، پەيوەندی لە گەڵ پياو و لە ناو خودی خۆيانيش. ئەمە کەم کەس درکی پێدەکات، بريا ئەم زيرەکی لێهاتووەی بە گەمەيەکی هونەری و بە پێی بنەما سەرەکييەکانی ڕۆمان زياتر سوودی لێوەردەگرت. لە ڕووی دەروونييەوە شارەزاييەکی باشی هەيە، ئەمەيش نمونەيەکە، کە بۆچوونی هەمەچەشنەی لەم بارەوە لە ڕۆمانەکەيدا هەيە:

(( ئەو دەچوو لە لۆجی دەوڵەمەندەکاندا بە جلە ئەوروپييەکانيەوە دادەنيشت، کە وەک ماگێتی قوز وابوو وەک چۆن خۆی وا ناوی لە خۆی نابوو، ئيدی کيژێکی قژ زەرد، شەنگەژنێک يان ژنێکی مێردداری بە زمانە لوسە ڕوسييەکەی ڕاو دەکرد، ئەو رای وەها بوو، کە ژنان ئەوەندەی لە گەڵ وشەدا دەژين، ئەوەندە بە دونيای ريال ئاشنا نين. بە وشەيەک دونيايەک خەياڵ لە سەرياندا دەهارووژێت، بەمەيش دەچنەوە سەر سروشتە شيعرييەکەی خۆيان کە خەوبينەرن، بەڵێ، کێ خەونيان پێشکەش بکات دەچنە باوەشييەوە، دەبێت ئەوەيش بڵێين ؛ کێ خەون ببەخشێت هەر دەبێ خۆيشی خەوبينەر بێت….. ئا لەوەدا پێدەچێت ئەو نهێنی جاکۆمۆ کازانۆڤايەتی خۆی دۆزيبێتەوە، بەوەی پياوێکی خەو بينەر بوو… ئاوا، لە ماوەی ئەو هەفتە پڕ خەياڵ و خەونەدا لە گەڵ چەندان جۆری ژندا دەخەوت، بۆ نمونە ؛ ئەگەر ژنەکان بە رۆژ کاريان بکردايە، ئەوا شەوەکەی دەهاتنە لای و چەند کاتژمێرێک دەمانەوە، گەر ژنی مێردداربوونايە و بە دووی ئەشقی کاتیدا بگەڕانايە، ئەوا لە کاتی کاری مێردەکەياندا، لە بەيانييەوە تائێوارە دەهاتن و ئەشقيان دەکرد خەونيان دەبينی……. ل ١٥٩ )) .

  لە زۆر شوێنی رۆمانەکەدا ڕووداوەکان واقيعيەت و ڕاستی رووداوەکان دەسەلمێنن، لەو روانگەوە هەندێ رووداو کە ڕوویداون لە ڕووی پزيشکييەوە دەلالەتی ئەوە نييە شارەزایی لە بواری پزيشکيدا هەبێت، هەرچەندە بۆ چيرۆکنووس دەبێ ئاشنايەتی تەواوی لە هەموو کارێک هەبێت، لە هەر شتێک سەرپێيانە سەردەرکردوو بێت، وەلێ کە بە قوڵی لە بوارەکەدا ئاشنايەتی هەبێت نمونەيش وەک ئێرە ؛ (( دەڕنەفيزێکی زلی پێ بوو و دەيويست بيوەشێنێت، ئەو خۆيشی نەيزانی چۆن چەقۆکەی کرد بە پشتی حەسەنە کەڕدا و حەسەن هاواری کرد و ئەژنۆی شل بوو و لە هۆش خۆی چوو…ل ٣٠٤ )) چەند دێڕێک دوای ئەوە دەڵێ ؛ (( ئاوا حەسەنە کەڕ بۆ ئەبەد قاچەکانی لە دەستدا و تووشی ئيفليجی بوو، چونکە چەقۆکە رێک دەماری پشتی بڕی بوو ل ٣٠٥ )).

 ئەوەی پێويستيشە هەڵوێستەی لە سەر بکرێ لايەنی پۆرنۆگرافی ڕۆمانەکەيە، کە لێوانلێو لە سێکس و پەرتەوازەیی فيکر و بيرە، نە سازانێکی تێدايە نە هارمۆنيەت وەلێ پڕە لە ڕستەی ئاسایی و پێڕەو نەکردنی بنەماکانی رۆمان، کەسی ئاسایی لە خوێنەرانی پلە دوو و سێ وا تێدەگەن بە هۆی ئەو هەموو وشەی ( ئەشق )ە رەق و تەقانەوە لێکدانەوەی وايان لە لا دەخوڵقێ کە ئەمە لێوڕێژە لە ئيشق، لێرە نەک ژن بگرە پياويش ئەو بەها باڵايانەيان لە دەست داوە، هەر چەندە پێمان وايە نە پياوسالاری بێت نە ژنسالاری، وەلێ يەکسانی و بەرانبەری، لێرەدا بۆ لەکەدارکردن ئەم حاڵەتەی پيادە کردووە، کە نە دەبوايە وابێت، بە هەر حاڵ کارێکی باشی کردووە کاتێکيش دەبينين وؤلف فرجينيا دەڵێ؛ (( ئیشی ئەدەبيش لە هەچ قۆناغێکدا ئەمەيە؛ لە گەرمەی شکۆ و شەوکەتدا، ژنان و پياوان لە ژينگەی دەوروبەری خۆياندا رەنگڕێژ بکاتەوە)) ١٥. ئەمەيش ئەو لايەنەيە کە باسی دەکەين و نووسەر پەيگيری کردووە، وەلێ ئيشق ناکرێ بڵێين لە رۆمانەکەدا بەدی ناکرێ کە دێتە سەر لايەنی قوڵایی ئيشق خۆی لێ لادەدات و باسی ئیشق ناکات، ئەمەيش ئەو بەهەشتی ئيشقەيە باسی دەکات ؛

(( ئەوە زەمەنێک بوو کە هەموو شەو بۆ منداڵەکانی دەگريا، ئەو لە هەرە ساتە سەختەکانی جەنگ و لە دەست چوونی هاوڕێ و دۆست و خزم و باوکيشيدا ئاوها نەگريا بوو… بەڵام دەبوايە دوای دڵی بکەوێت، هەر جەندە دەيزانی دوای دڵکەوتن بۆتە هۆی ئەوەی لە باوکايەتی بێبەش بێت، لە کوڕە بچوکەکەی لە کوڕە گەورەکەی کە بەرەو هەژدە ساڵ دەچوو، هەموو شەو بێ فرمێسک لە دڵەوە دەگريا و پێش خەوتنی بەردەوام پێيان دەڵێت؛ کوڕەکانم شەوتان شاد، بچوکەکەم شەو شاد ئاوا دڵی دەگريا و خەوی لێدەکەوت ……… تاد ل ٣١٨ ))

ئەم قسانە پڕ لە ئيشق خۆشەويستييەک کە ناتوانرێت پێناسەيەکی بۆ دياری بکەيت قەڵەم لە ئاستيدا نووکی دەشکێ، بە داخەوە بە دوورونزيک ناوی ئيشقی لێ نانێت، کەچی بۆ حاڵەتە پۆرنۆگرافييەکان سەر رێژ وشەی ئيشقی بەکار هێناوە، هەر لاپەڕەيەک دوای ئەم نووسينە دێتەوە سەر هەمان باس و دەڵێ؛

(( کاژێرێک پێش هەشتی شەو، لە سەرخۆ لە پارکی ئوتومبێلەکانی ئەوبەر ماڵە کۆنەکەی پارکی دەکرد، بە جۆرێک لە قاتی چوارەمدا بەروونی پەنجەرە گەورەکانی دەبينی؛ دەيبينی کوڕە بچوکەکەی لەوديو پەنجەرە گەورەکانەوە دێت و دەچێت، چاوی لە پەنجەرەکان لا نەدەبرد تاکو گڵۆپی ژووری مناڵەکانی دەکوژانەوە دەيزانی ئەوان دەخەون و ئەويش لە بەر خۆيەوە و لەو ديو ستێرنی ئوتومبێلەکەيەوە دەيگوت؛ شەوتان شاد کوڕەکانم ، شەوتان شاد … ژنە کۆنەکەی دەبينی دێت و لە سەر قەنەفەکە دادەنيشێت و سەيری تەلەفزيۆن دەکات. ل ٣١٩))

ئائەمانە حاڵەتی لێوڕێژين لە عيشق خۆ عيشق تەنها لە نێوان ژن و مێرد يان کوڕ و کچدا نييە، ئەوە نييە بە عيشقيشەوە لە ژنە کۆنەکەی دەڕوانێ، کەواتە بۆ باسی عيشق ناکات، دەشێ عيشق لای نووسەر لەم رۆمانەدا تەنها لە سێکس کردن و ئەندامەکانی لەشی هەردوو رەگەز و کەرەستەکان بێت. نمونەيەکيش لەو ناعيشقيانە دێنينەوە کە بە عيشقی لە قەڵەم دەدا؛

(( نەيانزانی چۆن ڕێگەی ماڵی ئالێکسی ئالکسێندرۆفيجيان دۆزييەوە، ئەو شەوە لەوێ مايەوە، پێکەوە خواردنيانەوە. ژنەکەی ئالێکسی تەلەفۆنی بۆ ژنە تەنهاکەی دراوسێيان کرد و ئەو شەوە هەموويان سەرخۆش بوون، هەموويان لە نێو سيحری تاريکایی شەودا سەمايان کرد، لە نێو بۆشاییدا سەمايان کرد، وەک چوار شێت سەمايان کرد، وەک چوار فريشتەی خوايەکی لە بيرکراو، وەک چوار نامۆ، وەک چوار گێلی ناو دونيايەکی شێواو، وەک چوار ئاشقی ئازادی…تاد ل ٢٧٢))

ڕۆمانی گۆشەگیری ٢٠٢٠ – هەروەها ڕۆمانی `گەندەڵی` ٢٠٢٢ – نوسەر ئیسماعیل حەمەئەمین

 هەموو دەزانين مانای ئيشق چييە و ئاشق کێيە، بە چەند قۆناغيش خۆشەويستی دەگاتە ئيشق، نەک بەو جۆرەی نووسەر پەنای بۆ دەبات بۆ پۆرنۆگرافی، هەر بۆ خۆی خودی نووسەريش ئەم لايەنە شيدەکاتەوە وەلێ باسی ئيشق ناکات، دوای جەدەلێ لە نێوان ئەو و ڕيتا، ريتا پرسيارگەلێکی لێ دەپرسێ و وەڵامی ناداتەوە ريتا دەڵێ؛ (( دەزانم تۆ حەزت لێمە، وا نييە، ئاخر جياوازی هەيە لە نێوان حەز و خۆشەويستی، حەز بەشێکە، جەستەيە، چێژە، خۆشەويستی حەزێکی باڵايە، ميتافيزيکە، ئەوە دەڵێم چی من شێت بووم، ڕيتا ئەوەی گوت و لە رێگە لە نێو باوەشيدا خەوی لێکەوت. ل ٣٤٣ ))

 لێرە مەبەست ڕۆمانەکەيە کە نووسەر سێکس بە ئيشق دەزانێ، بيرکردنەوەی پياو و ژن جياوازە ژن سێکس دەکات لە پێناو پارە و دەسکەوت، پياويش لە پێناو هەڵڕشتنی غەريزەکانيان، کەچی بە ئيشقيش ناوی دەبات ئەوەتا بۆ خۆيشی هەروامان پێدەڵێ، ئيتر دەبێ ئەم ئيشقە لە کوێ بێت؛ (( ديوە ڕاستييەکەی ئەم پەيوەندييە چەندە ئەشق بوو، دە هێندەيش بەرژەوەندی و پارە بوو، چونکە بە هۆی سڤێتلانەوە بژێوی خۆی زامن دەکرد و سڤێتلانەيش بەو پارەيە دەيتوانی چەندان مانگی ژيانی قورسی خۆی و مێردە خرفەکەی بەڕێ بکات.ل ١٨١ )). تێکەڵييکی نا لۆژيکی لە نێوان لەشفرۆشی و ئيشق خوڵقاندووە.

هەر کەسێک ئەم ڕۆمانە و ڕووداوەکانی بخوێنێتەوە هەست بەو ڕووداوانە دەکات کە بە سەر خودی نووسەردا هاتبێت، بۆيە ئەوەی نەيتوانيوە بيدرکێنێ لە ڕێگای ڕۆمانەوە قسەی خۆی کردووە و ناخی هەڵڕشتووە،ئەمەيش کارێکی لێزانانەيە کە دەرفەتەکەی بە هەلقۆستۆتەوە کە ڕۆمان پڕ فرۆشترين کتێبە، لە چيرۆکی ” ئەنۆبيس “ەوە لە لاپەڕە ٢١٩ بۆ ٤٨٣ بە تەواوی پڕە لە حاشاکردن لە خود و ڕيسواکردنی کەڵچەڕی گەلانێک کە پێشتر بۆ خۆی بەشێک بووە لەو گەلانە. بە داخەوە نووسەر کە ڕؤژانێک تا ئەوپەڕی چەپ لايەنێکی چەپگەرایی بووە، ئەوەيش دەبوايە لە نووسينەکانيدا بە جۆری ڕەنگی بدابايەتەوە، کە خۆ بە باڵا زانينی خود بە سەر ئەوی دی، کاڵبکردايەتەوە و بەديدگايەکی دی بيخستبايەتە روو، ئەوە کاری ئێمە نييە تا بڵێین بە چ ئاراستەيەک باسی بکردبايە، لە شيعر ئەو کارە دەکرێ بگوترێ، چونکە رەخنەگر لە شرۆڤەی دەقی شيعريدا توانا شيعرييەکەيشی دەخاتە روو، وەلێ لێرەدا پانتاييەکە بەرفراوانە و فەزايەکی ئەوتۆی خوڵقاندووە مەگەر هەر خۆی لە جەوهەری رۆمانەکە حاڵی ببێت، (( پەيوەندی بەهێزی نێوان کەلتووری رۆشنبيری و کەلەپووری ميللی پەيوەندييەکی رۆحی و جەوهەرييە، هەر يەکێکيان رۆح و ناسنامەی نەتەوە پێکدێنن، کەلەپووری ميللی بەشێکی گرينگی کەڵچەری رۆشنبيرييە، ئەم کەلەپوورەيش لە پۆلينە جياوازەکانی هونەری رۆشنبيری ميللی رەنگيداوەتەوە، نەمازە لە هونەری ئەدەبی ميلليدا، لە شيعر و پەخشان و گۆرانی، لە چيرۆکە ئەفسانەييەکانيشدا، هەروەها لە چيرۆک و داستانە ميللييەکاندا شۆڕبۆتەوە، زۆرجار کەلەپووری ميللی چەندين ناوی پێدەوترێت، وەک رۆشنبيری ميللی ، يان کەلەپووری ميللی ياخود فۆلکلۆر، ئەوەيش نوێنەرايەتی سيستماتيکێکی تەواوی هێما و فۆرمەکان و دەربڕينی هونەری و ئێستاتيکایی نيشآن دەدات، ئەمەيش بيروباوەڕ و بۆچوون و بەها و پێوەر و تەکنيکە بۆماوەييەکان و دابونەريت و نەخشەی رەفتارەکانيش دەگرێتەوە)) ١٦.

جگە لەم سەرچاوەيە زۆر سەرچاوەي ديکەيش ئاماژە بەوە دەدەن کە داب و نەريت نەتەوە و گەلانن، ئەو خۆ بەزلزانينە دەبێ لە نێو گەلاندا بمرێنرێت، لە نێو گەلان و نەتەوەکانی دونيادا دابونەريتی ئەوتۆ هەن، خەڵکی لای ئێمە بيبيستن و بيبينن تووشی شۆک دەبن، با بزانين لەم رۆمانەدا بە چ ئاراستەيەک دەمانبات ، نووسەر دەڵێ؛

(( هەر لەو کاتەدا کە چووە بەردەم بەشی پێشوازی هوتێلەکە، بە عەرەبی قسەی کرد، خانمە گەنجە ميسرييە چاو گەورەکە بە فەرامۆشکارييەوە مامەڵەی لە گەڵدا کرد، بە جۆرێک وەک ئەوەی لێرە فرێيان دابێت، نەک هاتبێت بۆ هوتێلێکی پێنج ئەستێرە، ئاخر جلەکانی ئەو وەک جلی گەشتيارە رۆژهەڵاتييەکان نەبوو کە دێن بۆ هوتێلی پێنج ئەستێرە، ئەوانەی قات لە بەر دەکەن و دەموچاويان لە فڕۆکەکاندا گرژ و مۆن دەکەن بۆ ئەوەی سروشتی ئەوە بدەن کە ئەمان دەچن بۆ دەرەوەی وڵات. ئەو بە کاوبۆيەکەوە کە لە لاقنگيەوە تۆزێک دڕا بوو، بە پێڵاوی قورسی پۆستاڵی و بە جانتايەکی کۆڵە پشتی کۆنەوە لە بەردەم خانمی هوتێلەدا باوەشی کرد بە شۆڤێرێکی تاکسييەکی شڕی ژەنگاوی، کە بەلاری لە بەردەم هۆتێلەکەدا وەستابوو، پێدەچوو خانمەکە وای بيرکردبێتەوە کە ئەم فيگورە لەو شاعير و رۆژنامەنووسە لات و چەپەخۆرانە بێت کە جارجارە بۆ کۆنفراسەکان بانگهێشت دەکرێن و دڵيان بەم هۆتێلانە دەکرێتەوە….ل ٢٢٧ )).

هەرچەندە ئێمە لە سەر چۆنيەتی واقعييەتی هاتوچۆی فڕۆکەخانەکان قسەی خۆمان هەيە، لێ هەڵيدەگرين بۆ جارێکی ديکە، هەر لە بەرايی ئەنۆبيسەوە بەم جۆرە بە ناوی ڕۆمانەوە کەوتە پلارگرتن لە نووسەر و رۆشنبيری ڕۆژهەڵاتی کە بۆ خۆيشی و پاڵەوانی ڕۆمانەکەيش ڕۆژێ لە ڕۆژان بە هيچ کلۆجێ لە هاوڕێ و هاوپيشەکانی جيا نەبوو. لێرە ناوەستين بزانين لەم سەرزەنشت کردن و خۆ بە زلزانينە دەگەينە کام کەنار. نازانم لە کوێوە و چی بێنم لە سەری قسە بکەين، بەراستی قێز لە خۆ بەزلزانين دەکەمەوە کە خودی ئاوروپاييەکان بەم جۆرە نادوێن، بە هەر حاڵ لە ناو کورددا خەون و زيندە خەون هەيە، لە نووسينی ڕۆمانيشدا، رۆمانی پر لە خەياڵ و ئەندێشە و ئەفسانە و تەواوی واقيع هەيە ئەم رۆمانە واقيعێکە و باشترە يەک دوو نمونەی ديکە بێنين.

(( کاتێک سەيری خەڵکی دەکرد چۆن لە چێشتخانەکاندا خواردن دەجوون، چۆن دەميان پڕ دەکەن لە پاروويەک کە هێشتا پاروويەکی تر لە لايەکی ديکەی گووپيانە و خێرا پاروويەکی تر دەخەنە لايەکەی تريان، شلە بە دەمياندا دێتە خوارێ، پارچە ئێسقان لە دەميان دەکەوێتە خوارێ، دەنکە برنج، پارچە نان، پێستی مريشک، پارچە گۆشتی بۆگەن، بامێ يان دەنکە فاسوليا، پاشان سوور دەبنەوە، چاوەکانيان دەردەپۆقێتە دەرەوە،ل ٢٣١ ))،

بەراوردی نێوان دەنکە برنج، دەنکە فاسوليا لە گەڵ هاتنەخوارەوەی شلە بە دەم و پليان، پارچە ئێسک، پێستی مريشک، بدەين ناتەباييەک بەدی دەکەين، دەبوايە ئەمانيش وەک ئەوانی دی بە زۆرييەوە تەرحبکردبا، جگە لە زێدەڕۆیی کردن لەو حاڵەتە کە دەلالەتی نەفرەت کردنە لە رابردووی خود، نووسەر باس لە بەلاڕێ بردنی پاڵەوانەکە ناکات لە ئاکاری بنەچەیی خود، تەنها چاوی ديوێک دەبينێ، کە گوتمان هەموو کەلەپوورێکی ميللی کەلتوورێکی رۆشنبيری بۆ ماوەیی گەلانە، نووسەر گەر لە ئاوروپا نەژيابا، دڵنيام يەکێک لەوانەی لە ناو ئەو چێشتخانە رۆژهەڵاتييانە خۆی دەبوو و بە تەشويقيشەوە چێژی لێوەردەگرت، نووسەر هەميشە دەبێ هەردوو ديو ببينێ تەنانەت ئەگەر باسی لە گەندەڵی و خراپەکارييەکانی ديکتاتۆرێک دەکات، دەبێ پەنجە لە سەر کارە ئەرێنييەکانيشی دابنێت، نەخاسمە بۆ کەسێک کە ديدێکی چەپگەرایی هەبوو بێت، يان دەيەوی رووگای چەپخوازان وابێت وەک نووسەر دەيخاتە روو.

(( گێژاو يان ڕاکردن بوو لە شتێک! لەوەتی هەيە نازانێت چييە و لە چی رادەکات؛ لە تەنهاييەوە بۆ قەرەباڵغی، لە تەنهاييەوە بۆ ناو مێگەڵی رۆژهەڵاتی، لە تەنهاييەکی ئاوروپيانە بۆ نێو قەرەباڵغيەکی رۆژهەڵاتيانە….ل ٢٣٤ )). خوێندنەوەی ئەم جۆرە وێنا و تەوزيف و باشکردنەوەی ڕووداوەکان خوێنەر بۆ دوو ئاراستە رادەکێشێت، يەکەم دەرچوون لە ڕەوتی ڕۆمان، دووەم بەرەو وتاردان و دوورکەوتنەوە لە ئەدەب.

(( کە هاتە دەرەوە لە توالێتەکە، کچەکە ڕۆيشت بوو، خێرا خۆی دا بە سەر قەروێڵەکە و بيری لە ” ئورسولا ” يان بڵێين ” ئوشی ” کردەوە ل ٢٤٣ ))، لێرەدا بيرکردنەوە لە کەسێک ((نەيدەزانی بۆچی هاتووە بۆ ئێرە و سبەی شەو چۆن دوای ئەم هەموو ساڵە لە گەڵ ڕيتا ئاوراخ فۆن دونکلمان يەکتر دەبيننەوە. ل ٢٤٧ )) هەڵبەتە هەردوو نوووسينەکە لە يەک بەشدايە، نووسەر کە باسی نابووتی ئەو سرشت و داب و نەريتانەی ڕۆژهەڵاتی دەکات، دەبێ ئەوەيشی لە بير بێت، يەکەم ئەو بە کوردی دەنووسێت کەواتە بۆ ڕۆژهەڵاتی دەنووسێ، دەبوايە لە سەر ئەم فرە ژنييەی رۆژئاواييش بە ناوی هاوڕێيەتييەوە قسەی خۆی بکردبايە، نەمازە کە ئەم کەلتوورە لای رۆژهەڵاتی قێزەونترە لە لەوتاندنی جلەکانيان بە شڵە و گۆشت و چێشتەوە.

 

 

سياسەت يان ئايديۆلۆژيا

  نەماندەويست توخنی ئەم لايەنەی رۆمانەکە بکەوين، جگە لەوەی پانتاییەکی فراوانی هەيە، لە نێو کورديشدا بە پێی پەتی تێی کەوتووين و ئیدی بۆتە هەموو ساتێکی ژيانمان، نووسەريش بۆ خۆی پەلکێشمان دەکات، ناکرێ ئێمەيش لێی بێدەنگ بين، نەجيب مەحفوز هەرچەندە لە خێزانێکی ئينتيمای سياسی پەروەردە و گۆشکراوە، کاتێ مناڵ بووە لە ماڵی ئەواندا باسی سەعد زەغلول کراوە و لە سەر ئەو ڕەوتە ژيانی هێناوە، کەچی کاتێک لە بارەی رۆمانی ” ميرامار” پرسياری کەسايەتييەکانيان لێ دەکەن، دەڵێ ‘ بە هيج مەبەستی سياسی ئەو کەسايەتيانەم دەستنيشان نەکردووە، کەچی خزايە نێو سياسەتەوە”، وەلێ نووسەری گۆشەگير باس لە ديدێکی ديکە دەکات و سياسەتی تێدا چڕ کردۆتەوە، ئێمە نامانەوێ بەراورد کارييەکی ناپێويست بکەين، تەنها دێين شرۆڤەيەکی سەرپێيانە لەو دونيا قووڵ و بەرفراوانەی ئايديۆلۆژيا لە ناو رۆمانەکە دەکەين، هەڵبەتە ئاشکرايە کە رۆمان خۆی لە خۆيدا رەنگدانەوەی واقيعی ژيانی مرۆڤايەتييە، وەلێ ئەم واقيعە لە ناو رۆمان و بۆ ئینتيمای ئايديۆلۆژی، لە رووی ئەندێشەييەوە نووسەر دەتوانێ بە رووداوە راستييەکانی کۆمەڵی خۆيەوە گرێی بدات، دەنا وەک خۆی گواستنەوەی ئەوا دەبێتە وتارێکی ئايديۆلۆژی و لە رێی رۆمانەوە نووسەرەکە ناخی خۆی دەردەبڕێت.

    ئاخۆ نووسەر چۆن دەتوانێ واقيع بگوازێتەوە بۆ نێو ڕۆمان، بە رای ئێمە نووسەر ناکرێ واقيع وەک خۆی بۆ رۆمان بگوازێتەوە هەر کات ئەوەی کرد ئەو کات دەبێتە دەمسپی لايەنێک دژ بە لايەنێکی ديکە، مەرجيش نييە لايەنداری بکات يان بۆنی لايەنداری پێوە ديار بێت، ئەمە لە حاڵەتێک ئەگەر نووسەر بە ئەنقەست و دەستی مەبەستەوە پەنا ببا بۆ بواری سياسی و ئايديۆلۆژی، وەک ئیسماعيل حەمە ئەمين لێرەدا ئەو کارەی بۆ مەبەستێک کردووە، ئەو مەبەستەيش دەشێ روون بێت، ئەگەر زێتر بە وردی لێکۆڵينەوەی لە سەر بکرێت، هەموو نووسەرێکيش کاتێک دێتە سەر باری سياسی و ئايديۆلۆژييەتی حزبی، هيچی کەمتر نييە لەو دەزگا رۆژنامەوانامەوانييانەی لە خانەی بەرهەڵستکارين و ئامانجيان راستکردنەوەی هەڵەکانی حوکمڕانان نييە. ئێمە لێرەوە پێويستمان بەوەيە بزانين چ پەيوەندييەک لە نێوان ئەدەب و کۆمەڵگا هەيە، کاتێک لە رۆمانی سياسی دەنووسن، (( ئەدەب بە يەکێک لەو هونەرانە دەژمێردرێت کە پەيوەستە بە کۆمەڵگاوە، ديدگايان ديدگای ئەديب بۆ کۆمەڵگا لە رێگای ئاوێتەکردنی واقيع و خەياڵەوەيە، ديدگايەک يان چەند بيروبۆچوونێک بە شێوازێکی تواناداری دەخاتەڕوو، کە کاريگەری بە جۆرێک لە جۆرەکان لە سەر خوێنەر دابنێت))١٧.

 

 

لە چەپەوە؛ سەردار جاف – ئیسماعیل حەمەئەمین- سمکۆ موحەمەد.

 

ئێمە باسەکەمان ڕۆچوون نييە بە شرۆڤەکردنی ئايديولۆژيا ئاخۆ ئينتيمابوونی سياسيش ئايديولۆژيايە يان نا، کە ئەمە مشتومڕێکی زۆر زۆر هەڵدەگرێت و وا بەسانایی لە بن هەنگڵی دەرناچين، لە کاتێکدا ئەم دەستەواژە جاڵجاڵۆکەییە ديدگای جياوازی لای بيرمەندانی وەک هێکڵ و مارکس و ئنگلس و نيچە و فرۆيد و هايدگەر و …… تاد خوڵقاندووە، کە هەر يەکە و بە تێگەيشتنی خۆی و بە پێی سەردەم و جوگرافيا و سنووری خۆی ديدگای خۆی خستۆتەڕوو، زۆرجار لە رووی ئالۆسکاوييەوە بۆ بيری کۆمەڵايەتی و سياسی و فەلسەفی و ئابووری قووڵبۆتەوە، ئێمە ئايديولۆژيا وەک ئەو بيرە سياسييە ديقەت دەدەين و قسەی لە سەر دەکەين بۆ ئەم رۆمانە. رۆمانی سياسی بۆچی دەنووسرێت، هەروەک گوتمان بۆ ئاشنابوون و بەرچاوراستی رووداوەکان لای خوێنەر، ئەگەر درزێک هەبێت رۆمانی سياسی ببێتە بەشێکی گرينگ لە ئەدەب، وەلێ جگە لەوە خزاندنی لایەنی سياسی بۆ ناو رۆمانيش ئاماژەمان پێدا، (( رۆمانی سياسی زۆرجار سەرنج دەخاتە سەر پرسە سياسييە ناوخۆیی و نيشتيمانی و نەتەوەییەکان تاوەکو لە چوارچێوەی ئاراستە جوايەزەکان و چەندين ميحوەرەوەچارەسەريان بکات، جێگای ئەو قۆناغە جوايەزانە دەگرێتەوە کە پرسەکە پێیدا تێپەڕيوە))١٨.

نووسەرە لەم ڕۆمانەدا تەنها لە سەر پرسە نێوخۆیی و نيشتيمانی و نەتەوەييەکان هەڵوێستەی نەکردووە، بگرە پەلی بۆ زۆر لايەن کوتاوە و رەنگە بۆ خۆيشی لە خۆی تێنەگات بۆ ئەم هەموو پرسەی ئاڵۆسکاندووە لەو پەڕی چەپەوە بۆ پرسی شۆڕشگێڕیی نەتەوەیی و دواتر ئیسلامی سياسی، نووسەر کاتێک بۆ خۆی تەنانەت ئينتيمايەکی سياسيشی هەبێت دەبێت ملکەچی داوا و خواستی حزبەکەی نەبێت بۆ ئەوەی ديدگای حزبەکەی بسەپێنێت، لە گۆشەگيری ئەمە نەکراوە وەلێ ئەم پرسە ديوێکی ديکەی هەيە و لێرە باسی ناکەين، ((لە نووسين و ديدگاکانی رۆماننووسی پورتوگالی ” خۆزيە ساراماگۆ ” ئەوەمان بۆ ساغ دەبێتەوە کە لە ساڵی ١٩٦٩ تا مردنی سەر بە حزبی شيوعی پورتوگالی بوو، مەرج و ياساکانی جێبەجێ نەکردوون، رۆمانەکانيشی رەنگڕێژی ديدگا و ئاراستەی حزبي نەبوون، بەڵکو بە فەلسەفەيەکی جياوازەوە دەينووسی هەموو جارێک خوێنەری سەرسام کردووە، لە کاتی نووسيندا گۆڕدراوە بۆ کەسێکی داهێنەر بە ئەندێشەيەکی ناوازەوە، ئەوەيە مەبەستم لە پێويستی جياکردنەوەی کاريگەری تەواو لە نێوان پێگەی هزری و ئينتيمای ئايديولۆژييەکانی نووسەرو دەقە رۆمانە داهێنەرەکانيدا )) ١٩. ئێمە نەهاتووين بڵێين نووسەر لە گۆشەگيريدا لاگيری ئينتيمای سياسی کردووە، يان بە پرسی حزبی رۆمانەکەی داڕشتووە ئێمە دەڵێين لە پشت خستنە رووی ديدگای سياسييەوە نە بەرژەوەندی گروپی خودان ئايديولۆژی لە بەرچاو بگرە نەبەرژەوەندی تاکە کەسی، خوێنەر لە خوێندنەوەی رۆمانەکەدا هەست بە مەبەستداری نووسەر دەکات بۆ هەر يەکێک لەو دوو بەرژەوەندييانە بێت.

ئینتيمابوون بۆ چەپ و هەڵگيڕانەوە، لە نێو ڕۆمانەکەدا هەست دەکرێ ئەو کەسێکی چەپی سەر بە بزاڤێکی” مارکسی – لينينيزم ” بزانين پاشان چۆن دێت و دەهری دەبێت و چ دەڵێ ؛

(( دەهری و بێزار بوو لەم گيرخواردنەی لەو وڵاتە تاريک و سارد و پڕ مافيا و جەردە و نەخۆشی سفلس و گۆناريايەی کە ناوی سۆڤيەت بوو، سۆڤيەت و بلۆکی سوسياليستی جگە لە مرۆڤی سەرخۆش و دز و قۆڵبڕ و تلياکخۆر و لەشفرۆشی هەرزان و مافيا نەبێت، هيچی لە دووی خۆی بەجێنەهێشووە،ل ١٤١ ))

پێمان وايە ئەمە ڕێخۆشکردنێکە لە رۆمانەکەدا بۆ زێتر شۆڕبوونەوە بە لايەنی نەرێنی بلۆکی سۆسياليستی، هەر لە هەمان لاپەڕە و دوای چەند دێرێک دەڵێ ؛

(( گولاک ئەو سەربازگە تاريک و ترسناکانەی هەواڵگيری سۆڤيەت بوو، کە مرۆڤی تێدا لەتوپەت دەکرا و بۆ ئەبەد تامردن لەوێ بەند دەکران و کاری قورسيان پێدەکرا، سۆڤيەت رای وەها بوو، گۆرانی دەبێت هەر بۆ شۆڕش و لينين و ستالين و سۆڤيەت و کرێکار بێت، گۆرانی ديکە دەچنە خانەی چێژی سەرمايەدارێتی و دژە کرێکاری و کۆمۆنيستەوە، لە دوای ئەوەی کۆی سۆڤيەت و کۆی بلۆکی سۆسياليستی رووخا، خەڵکی هەناسەی ئازادييان هەڵکێشا، بەڵام هەناسە هەلکێشانێکی ژەهراوی، ل ١٤١ و ١٤٢ )).

مرۆڤ لە شێوازی دەربڕينەکە هەست بە رک و کينەی نووسەر دەکات، نەک لێرە ئەگەر نەڵێين لە تەواوی ڕۆمانەکەدا ئەوا لە زۆربەی هەرە زۆری ڕۆمانەکەدا نە بەو جۆرە دەدوێ کە زمانێکی زبرئامێزە نە بە سۆڤيەت دەڵێ يەکێتی سۆڤيەت، نووسەر پێويستە لە ناو کەسايەتييەکان و گرێ و ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە خۆی نەکاتە پاڵەوان لێگەڕێت با پاڵەوانەکان خۆيان رۆڵ بگێڕن، وەک گوتمان رۆمانەکە پێت بڵێ وەرە بمنووسە با پێشکەشی خوێنەرت بکەم

((تەنها بيری لەوە دەکردەوە چۆن لەم پەرستگايەی ديۆنيزۆسە سەما بکات، لەوەدا وەک خۆی مەزندەی دەکرد بە دووی جێگە پێيە ئاوريشمينەکانی جاکۆمۆ کازانۆڤادا دەڕوات و دەيەوێت پشت بکاتە جڕتەکانی رۆشنگەری…. ل ١٥١ )).

نووسەر نەک لێرەدا بێلايەنی پێيەوە ديارە بگرە لە تاو حەزی بۆ سەما چۆن دەدوێ بەڵکو بەرائەتيشی پێوە ديارە، تا دەگاتەی ئەوەی ” دەيەوێت پشت بکاتە جڕتەکانی ڕۆشنگەری” لێرەدا هەڵچوون و ئاوێتەبوونەوەی نووسەر بە رۆمانەکەوە دەردەکەوێتەوە. خۆی پێدا دەکاتەوە، ئەمجارەيان قێز لە رۆشنگەری دەکاتەوە، کە نووسەر تاکێکی بوارەکەيە. لە دونيای چەپەوە بەرەو خەباتی باشوور دەچين

(( جونێت دوورا و دوور ئەوی وەک کوردە لات و بێپارەکانی رووسيا و سۆڤيەتی کۆن دەناسی، بەڵام دوای ئەوەی جارێکيان پێکەوە ڤۆدکايان خواردەوە و زانی ئەو لە ” شۆڕشکەرە” دێرينەکانە، ئەوی خۆشويست و هەستی دەکرد هەڤاڵێکی ونبووە. جونێت هێشتا خۆی بە مرۆڤێکی شۆڕشگێڕی مارکسی لينينی تێدەگەيشت و يارمەتی پەکەکەی دەدا لە ئاوديووکردنی کەسە تايبەتەکانيان بۆ ئەوروپا و تورکيا و بە پێچەوانەيشەوە، هەر بۆيە سومپاتی هەبوو لە گەڵ رابوردووی ئەو وەک شۆڕشگێڕێکی هەشتاکانی کوردستان، هەموو کاتێک کە جونێت باسی بەرخودانی کوردانی بۆ دەکرد ئەو بێزار دەبوو و دەيگوت؛ تکايە جونێت شۆڕش لە دونيادا کەرەکان پێهەڵدەستن و دۆڕاو و قەحپە و گەوادەکان لە بەرەکەی دەخۆن.ل ١٦٣ )).

هەڵبەتە وشەی کوردستان بە چەمکە ئاوروپاييەکەی مەبەست لێی کوردستانی باشورە، کاتێکيش هەر دوای ئەوە دەڵێ ؛ (( ڕاوەستە با شۆڕشەکەی تۆيش بێتە دەسەڵاتەوەو تامی پارە بکەن ئەوسا تێدەگەيت بۆچی لينين کتێبی ” دەوڵەت و شۆڕشی نووسيوە.ل ١٦٣ ))،

لێرەدا نووسەر دوای قسەی عەوامی خەڵک کەوتووە، کە دەسەڵاتدارانی کوردستان پارەيان بيني بێت، بە ڕای ئێمە دەبووايە بڕێک لەو ديدە نێودەوڵەتيانەيشی باسکردبا، واتا ئەوديوی رووداوەکانيشی ببيني بايە، نەک يەک ئاراستە بڕوات، ئەوە وا دەکات خوێنەر تێبگات کە نووسەريش بووە بە يەکێ لە پاڵەوانەکانی پێکەوە لە ناو رۆمانەکەن.

  نووسەر کە باسی مەلا مستەفا بارزانی دەکات ناوی مامە عەزە دێنێتە ئاراوە و دەڵێ؛ (( ئەو زەمەنە هێشتا مەلا موستەفا بارزانی لە مەنفای ئەمريکیی خۆيدا لە ژێر ئازاری دڵشکاندا دەيناڵاند، کەچی مامە عەزە لە مەنفای باشوری ئێراقدا لە ژێر ………. ل ١٢٤ )).

ئەمە بەراوردکردنێکی ساغلەم نييە، راستە هەم مامە عەزە و هەميش مەلا مستەفا لە ڕوانگەی مرۆڤبوونەوە مرۆڤن، لێ مرۆڤەکان هەميشە جياوازيان هەيە. ديقەت بدەن لە ماڵێکدا دوو برا لە خەسڵەتەکانيان جودان، لای دايک و باوکيش هەميشە نەرم نيان و خودان ئاکارە بەرزەکە خۆشەويستترە. چ جای بگاتە مرۆڤەکان هەر لە کردار و رەفتار و بەها ئاکارييەکان و دونيايەک خەسڵەتی ديکەی مرۆڤايەتی، لە بەزەیی و سۆز و ئەوينداری تا بە دڵفراوانی و بەرگەگرتنی ئازار و زەحمەتی و ماندووبوون و نەهامەتی دەگات، جا ئەمە لە ئاستی تاکی مرۆڤدا بێت، ئاخۆ لە سەر ئاستی سەرکردەوە دەبێ چی راگوزەر بکات، کە تراژيديای يەک گەل و نەتەوەی دەکەوێتە ئەستۆوە و بەرگەی دەگرێ و پێيەوە دەناڵێ و لە تێکۆشانيش کۆڵنادات و بێوچان بەردەوام دەبێت، نەدەبووا ئەم حاڵەتە لێرەدا ببا. سياسەت پانتاييەکی زۆر لە ژيانی مرۆڤەکان داگير دەکات، ئیدی هەندێ جار تاکەکان بەدەر لە خواستی خۆيان دەخزێنە نێو دەمودوو و گفتوگۆی سياسييەوە، ئەديبانيش لەم حاڵە بە دەر نين لە نووسينەکانيان وەلێ گەرەکە ئەديب هۆشيارانە تر مامەڵە لە تەک ئەم لايەنەدا بکات، جونکە ئەديب بۆ چارەسەر دەکەوێتە نێو باسەکەوە وەک تاکی ئاسایی نييە نەک بۆ ورووژاندن و جێهێشتنی بە بێ چارەسەرکردن،

(( بيرمەند و رەخنەگری ئینگليزی تيری ئیگلتون وای دەبينێتەوە کە زانايان و فەيلەسوف و تيۆريستەکان بارگرانی ئەو وتارە يەکشێوازيانە لە ئەستۆدەگرن، لە بەرامبەردا ئەديبان پانتایی هەست و ئەزمونی باڵای بەها و رێزلێنان داگير دەکەن)) ٢٠. کەواتە ناکرێ ئەديب وەک سياسييەک بير بکاتەوە. لێرەدا لەم دوو نمونەی دەيهێنينەوە نووسەر وەک سياسييەک دەدوی ؛ (( ئەمەيش جيرۆکەکی ترە، بەوەی هێشتا شازدە ساڵی تەواو نەکردبوو کە شۆڕشی مەلا مستەفا بارزانی لە ساڵی ١٩٧٤ دا هەڵگيرسا، ل ١٢١ )).

ئێمە پێمان وايە شۆڕش شۆڕشی نەتەوەيەک بوو لە کوردستانی باشوور بە سەرکردايەتی مەلا مستافای بارزانی نەک شۆڕشی مەلا مستەفا بارزانی، ئەو کات هەموو کورد لەم پارچەيە يەکدەنگ و يەکڕەنگ بوو، (( بەڵام کە شؤڕشی نوێ دەستيپێکردەوە، مامە عەزەی گەنج يەکەم کەس بوو رايکردەوە شاخ، بێگومان ئەو شانسی هەبوو کە لە کارەساتی هەکاری ١٩٧٨ رزگاری بوو. ل ١٢٤ )).

کە دەڵێ شۆڕشی نوێ واتا شۆڕشی نوێی گەلێک يان نەتەوە و ميللەتێک، کە لە کاتێکدا شۆڕشی ئايديولۆژيايەکی تايبەت بوو، هەر خۆيشی نووسەر ئەو یايديولۆأيايە ساغ دەکاتەوە کە باس لە شەڕی هەکاری دەکات، لێرە وەک سياسييەک دوواوە کە پێويستە وەک ئەديبێک بدوێ، کە شۆڕشی مەلا مستەفا بارزانی شۆڕشی ئەيلول و گەلێک بووە، شۆڕشی نوێيش شۆرشی ئايديولۆژيايەکی تايبەت بووە دەبووا نووسەر لەو ئينتيما سياسييە خۆی دەرباز بکردبا، کە رەنگدانەوەی مێژوو و رابردووی کۆنی پێوە ديارە لە رۆمانەکەدا، لێرەدا باسوخواس لەمەڕ ديدی ئايديولۆژی لە رۆمانەکەدا کورت دەکەينەوە و نامانەوێ درێژدادڕی تێدا بکەين . لێ ئەوەی کە ئێمە دەمانەوێت لە رووی سياسييەوە کۆتایی پێ بێنين، ئەوەيە ؛

(( کێ مەزندەی ئەوە دەکات خەڵکانێک هەبن ئەوەندە گێل بن لە حەوشەی پشتەوەی مەخفەری پۆليس شەڕەچەقۆ بکەن و يەکتر شەڵاڵی خوێن بکەن، کێ مەزندەی کەرێتی کوردیی دەکات، جگە لە کورد نەبێت. ل٤٥٦ )).

هێندە دەڵێین ئەگەر نووسەرێکی ” عارەب يان تورک ياخو فارس ” کوردی بە کەر لە قەڵەم بدابايە چ فەوزايەک دەخوڵقا، دەبووە هەرايەک ئەوسەری ديار نەبووايە، ئەم تەوزيفکردنە دەستەو گروپ و کەسانێک ناگرێتەوە وەلێ بە شمولی باسی کەرێتی کورد دەکات، کە کورد کەر بێت ئەی نووسەر بە زمانی کوردی بۆ کێ دەنووسێت.

 

 

پڵۆتەکە ” الحبکة “

چەند کەيفساز و زێتر ئاوەدان دەبووين ئەو دەمانەی بە نێو دونيای مەجاز و ريتم و هارمۆنييەت و پانتایی و فەزايەکی ناوازە و بە سەليقەدا تەيمان بکردبا و ترۆپکی ئێستاتيکامان لە نێو گۆشەگيردا شەن و کەوی بکردبا و نەوەی نوێمان وەئاگا بهێنابايەتەوە کە دەتوانن جوانناسی و ديقەتدانی فەزای رۆمان لە گۆشەگيرەوە فێرببان، چەندە ئێمەيش دونيايەکی ئەدەبيمان قووڵتر دەکردەوە و هێندەی لە سۆراغی سەرچاوەو ژێدەری لابەلا دەبووين لە دونيای ئەدەب و پانتایی و فەزای رۆماندا نوقم دەبووين، بە هەر حاڵ دونيايەکی لەو جۆرەمان لە پانتاییەکی بەرفراوانی ژينگەکەدا بەدی نەکرد، لە سەرەتاييشدا باسمان لەوە کرد رەخنەگر بۆ خۆی کە دەکەوێتە شرۆڤەکاری ژانرێکی ئەدەبی لە دڵەوە دەيخواست بۆ خۆی ئەو داهێنانەی بنووسيبا تا کون و کەلەبەرە ناتەواوەکانی بە جوانی کەفماڵ بکردبا و رەونەقێکی ناوازەی ببەخشيبا. پڵۆتەکە يان پلان ياخود گرێ کە بە عارەبی دەکاتە ” الحبکة ” بۆ رۆمان يەکێکە لە بنەما سەرەکييەکان پێويستە نووسەر چۆن ئاوەزی” عقل ” ی خوێنەر شێلو دەکات بە هەمان جۆر روونی بکاتەوە، با بزانين گرێ چييە(( ئەو رووداوگەلانەن لە چيرۆکدا روودەدەن بە ستراونەتەوە بەرايەڵەيەکی پەيوەست کە بە پەيوەندی هۆکارانەی نێوانيان هەرگيز لە کارەکتەرەکان جيانابنەوە، گێڕەرەوە هەميشە کارەکتەرەکانيمان وا نيشان دەدات کە ئاوێتەی رووداوگەلێکن، کاريگەريان بە سەر يەکەوە هەيە بە هيچ شێوەيەک لە شێوەکان لە يەکتری جيانابنەوە)) ٢١. هەر لە درێژەیدا و لە پێناسەی گرێ دەڵێ ؛ (( ئەو رێگە چارەسەرە تەکنيکييە کە نووسەر لە سەر کەرەستەی خاوی چيرۆکەکەی دەيگرێتە بەر)) ٢٢. کەواتە پێويستە نووسەر هەر لە سەرەتاوە ئاشنامان بکات بە کەسايەتييەکانی رۆمانەکەی و ژينگەکەی ئەو گرفت و ئاريشانەی دەيخوڵقێنێت، سەرەتا خوێنەر وا تێدەگات کێشەکە ئەوەيە کە لە نێوان ” سوزی ” و ” ڤێسنا ” لە سەر ئاشنا بوون بە زمانی ئەڵمانی يان کۆڵانی خوارو و خێچە: (( نازدار کە نێوی خۆی نابوو سوزی، هێمنتر و پڕتر بوو لە وشە و دەستەواژەی ئەڵمانی. جارجارەيش بۆ سوژنکردنی ژنانە بە ڤێسنادا هەندێک وشەی بەکار دەهێنا کە ئەمەيش ڤێسنای تووڕە و دەهری دەکرد، بۆ نمونە وشەی ” ئۆپتيميست – Optimist ” ئەو وشەيە بوو هەموو جارێک سوزی بەکاریدەهێنا و هەموو جارێکيش دەبووە هۆکارێک بۆ سەلماندنی گەوجێتی ڤێسنا.ل ١٠ ))

دەربارەی کۆڵانی خواريش لە هەمان لاپەڕە دبێژێت ؛ (( کاتێک بە کۆڵانی سەر شەقامە گشتييەکە پێکەوە تێپەڕ دەبوون و خێرا دەيگوت ؛ سوزی دەزانی ئەم کۆڵانە خوارە… ئيدی سوزی رادەوەستا و دەيگوت ؛ گێلە کوا کۆڵانی خوار هەيە لەم دونيايەدا… ئاوها شەڕەکە دەستيپێدەکردەوە.ل١٠ ))

ئەم مشتومڕە لە نێو رۆمانەکە لە نێوان ئەم دوانە دەبێتە مشتومڕ و دەموودوو، خوێنەر وا هەست دەکات ئەمە گرێکەی رۆمانەکەيە و پێويستە نووسەر بيگەيەنێتە ترۆپک و پاشان هێدی هێدی بۆ خوارەوە و چارەسەرێکی بداتێ. خوێنەر لە لاپەڕە ١٣٧ کە دەگاتە ” ئيگۆيەکی دوور ؛ جاکۆمۆ کازانۆڤا” دوای خوێندنەوەی چەند لاپەڕەيەک لەم ئيگۆيە هەست دەکات دەچێتە نێو ڕووداوگەلێکەوە تێچڕژاو و ئاڵۆسکاو خوێنەر پێويستی بەوە دەبێت بە هێمنی لە سەرخۆ بە بيرێکی فراوانەوە بچێتە نێو رووداوەکان، کێشەکە لە وێدايە ئەو هەموو رووداوگەلە دوای تەواو بوونی رۆمانەکە زۆربەی رووداوەکانی بۆ يەکلا نابێتەوە، بشێ نووسەر بە ئەنقەست کردنەوەی دەرگاکانی بە ڕووی خوێنەردا واڵا کرد بێت بۆ ئەوەی بۆ خۆی ڕۆمانێکی تەواو نەکراو تەواو بکات.

 

کات و شوێن

 کات کەرەستەيەکی ماتريالی نييە بيبينين و بيگرين، يان بۆنی بکەين، يان تامی بکەين، لە ناوەوەی هەر يەکێکمان پانتاییەکی گەورەی قۆرخکردووەو سڵی لێدەکەيەنەوە و دەترسين، زۆرجاريش گوێمان لەوە بووە کە لێرەو لەوێ دەوترێت ” کات نەيبڕی دەتبرێ ” بۆ چەمکە شمولييەکەی رەنگە وا نەبێ جونکە لە کۆتاييدا هەر کاتە دەمانبڕێت، وەلێ بۆ مەيسەربوونی کارێ بۆ کاتێکی دياريکراو دەشێ زۆر لە خۆت بکەيت و بەر لە کاتی دياريکراو بەرهەمەکەت بە دەست بێنيت. کات ژنێکی هێندە شۆخ و شەنگ و بێوێنەيە هەموو زيندەوەرێک ئاشقی بووە تەنانەت لای ئاژەڵەکانيش، ئەوە نييە لە ئەو فيلمە کورتانەی لە سەر ئاژەل نيشان دەدرێت لە زۆربەی هەموو زۆرياندا دەگوترێت ” ململانێ لە پێناو مانەوە “. کەواتە کات ئەو ژنە شۆخەيە هيچ کامێکمان لە خەونيشدا ئەو جمالييەتەی ژنەکەمان نەديوە. ئاشقين و دەستمان لێی بەر نابێت و لێی دەترسين. هەندێکی ديکە بە ديکتاتۆر دەيشوبهێنين کە بە سەر هەر هەموودا زاڵە و دەسەڵاتێکی رەهای هەيە و تەنيا خۆيشی دەمێنێتەوە، تەماشا لە ” ئيفلاتون ” و ئەرستۆ ” وە تا بە کانت و هايدگر و بۆ ئيمڕۆيش شۆڕ دەبێتەوە، باسکردنی کات کۆتایی پێنەهاتووە و کۆتاييشی پێنايەت، ئەوانەی ژيانيان جێهێشت و دوا ماڵئاواييان کرد، مردن و کات هەر نەمرد و وەک خۆی ماوەتەوە و وا ئێمەيەکی زۆر زۆر بچوکيش باسی دەکەين و نابڕێتەوە.

   کات توخمێکی سەرەکی رۆمانە وەک کەسايەتييەکان و شوێن، پانتاييەکی بەرفراوان هەم لە خودی رۆمانەکە و هەميش لە زهنی خوێنەر دەخوڵقێنێت، چەمکێکی بەرفراوانی هەيە و پێويستە رۆماننووس هەر زوو خوێنەر ئاشنای سەردەمی رووداوەکانی رۆمانەکە بکات، ئەگەر لای ئێمە ئاشنا بوون بە کات بە سادەیی ديقەت بدرێ و وا بە ساناييش لێی تێبگەين، ئەوا لای بيرمەندان و فەيلەسوفان چەمکێکی قووڵ و پانتایی و فەزايەکی هێجگار زۆری هەيە.رۆمان بۆ خۆی هونەری کاتە، واتا کات ئێستاتيکا بە رۆمان دەدات بە جۆرێک کە خوێنەر پڕ جێژ دەکات، کاتێک کە خوێنەر ئاشنای کاتەکە بوو ئيدی لە ئێستای خۆی ون دەبێت و دەچێتە ئەوکاتی رووداوەکان و بە ئامان دامانيش دەسبەرداری خوێندنەوە نابێت، با لێرەوە رۆچينە نێو رۆمانەکە سەبارەت بە کات، کاتێک خوێنەر دەخزێتە نێو رۆمانەکە ئەوەی عەوداڵی دەکات و لە سۆراغی بێت زەمەنی رووداوەکانی رۆمانەکەيە، زۆرێک لە سەر ئەوە کۆکن کە کات لە رۆماندا سێ ئاراستەی هەيە، ” زەمەنی رووداوەکان، زەمەنی نووسينی رۆمانەکە، کاتی خوێندنەوەی رۆمانەکە” بيروبۆچون و ديدگای بەرفراوانتريش لەم بارەوە هەن ، کە هەم هونەريانە و هەميش زانستيانە لێی دەدوێن، پێمان وايە ئەوەندەی لای خوێنەر گرينگە زەمەنی رووداوەکان بزانێت، هێندە لای گرينگ نييە کە بزانێت کەی نووسراوە، ئەو کاتەيشی دەيخوێنێتەوە لای ئێمە ئەوە کاتی ناوەوەی مرۆڤە هەستی پێناکات، جونکێ خۆی لە ناو کاتەکەيە. نووسەر لە لاپەڕە (١٨) شتێکمان بە گوێدا دەچرپێنێ دەربارەی کات ؛ (( ئەمە هەموو تێگەيشتنی سوزی بوو بۆ چيڕۆکە پڕ تراژيديەکەی راکردنی ڤێسنا لە دەست جەنگ و ماڵوێرانی کوشتنی بە کۆمەڵ . ئەمە تێگەيشتنی سوزی بوو کە هەموو جارێک ڤێسنای دەخستە گريان،ل ١٨ ))  نووسەر لە چەند شوێنی ديکە باس لەوە دەکات کە ڤێسنا لە يۆگسلافيای کۆنەوە هەڵهاتووە، لێرەدا بيرمان بەرەو دونيای شەر و ئاژاوەکانی ئەم وڵاتە دەبات، کە لە ساڵانی ١٩٩١ بۆ ٢٠٠٢ درێژەی کێشا، وەلێ لوتکە و گەرمی شەڕەکان لە نێوان ١٩٩١ بۆ ١٩٩٥ بوو، ئەمە کاتی هەڵاتنی ڤێسنايە وەلێ ئەوان لە سەردەمێکی تردان، جارێکی تر کە دێتەوە سەر زەمەن ئاڵۆسکاوی تری دەکات کە دەڵێ ؛ (( لە کۆنەوە ناوی لە ليستی پۆليسی تاواندا هەبوو، لە زەمەنی حکومەتی ” هيلمۆت کۆڵ “وە، کە بە زەمەنی “مارکی ئەڵمانی” دەناسرێت، ناوی لە مەخفەرەکانی پۆليسی بەرلين و فرانکفۆرت و ميونشن و تەنانەت هامبۆرگيش هەبوو، ل ٣٧)) بە هەڵە نەچووبم “هيلمۆت کؤڵ” لە حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە تا کۆتایی نەوەتەکان پێنج جار هاتۆتە دەسەڵاتەوە، هەر دەگەڕێين و لە سۆراغی سەردەمەکەين، : (( بە رای زۆرێک لە پيشەوەرانی گۆشتی سوور، تەنها دراوێکی نوێی وەک يۆرۆ، بازاڕی ئەڵمانی و کرێی کرێکاری خۆماڵی تێکنەدا، نەخێر….ل ٤٥)). بۆ يەکەمجار يۆرۆ لە ١ / ١ / ٢٠٠٢ کەوتە بازاڕەکانەوە، ئێستا شتێکمان بۆ ساغبۆوە لە زەمەنەکە، بيرمان نەچێت کە هەر بەشێک لە بەشەکانی (( دوو مێينەکە / کۆڵانی قەيسەر  /  ئيگۆيەکی دوور؛ جاکۆمۆ کازانۆڤا  /  ئەنۆبيس )) کە چوار بەشی رۆمانەکەن، هەست بە جياوازی کاتەکانی رووداوەکانيان دەکرێت، ئەوەی گوتمان لە بەشی يەکەمدايە، پێويستە بۆ خوێنەر لە بری نووسەر ماوەکە شيبکەينەوە” ماوەی رووداوەکانی رۆمانەکە” کە لە دوا بەش و لە ” ئەنۆبيس ” سەفەر دەکات بۆ قاهيرە ناراستەوخۆ کاتەکەمان پێ دەڵێ؛ (( لە فڕۆکەخانەی قاهيرە توانی لە دە خولەکدا ڤيزە وەربگرێت و لە گەڵ يەکەم تاکسيدا خۆی کرد بە جەنجاڵی قاهيرەدا، لە تاکسييەکەدا، شۆڤێرەکە باسی ئەوەی بۆ کرد ئيخوانەکان هەموو گەشتياری بيانيان بە گسکی ئيمانی مورشيدی ئەعلا راوناوە، ل ٢٢٥)) ئێستا زەمەنی ئيخوانەکانە کە دەکەوێتە نێوان ( ٢٤ ی يونيوی ٢٠١٢ ) بۆ ( ٣ ی يوليوی ٢٠١٣ ) ، بەم پێيە ئێمە دوای ٢٢٤ لاپەڕە خوێندنەوە لە بەش و لايەنێکی زەمەنی رووداوەکانی رۆمانەکە بە جۆرێک لە جۆرەکانی زەمەنی ناوەکی ئاشنا بووين. ئێمە دەمانەوێ بە سادەیی لە رۆماندا لە کات تێبگەين جونکە رۆمان شيعر نييە بۆ دەستەبژێر بنووسرێت، (( دەگوترێت لێرەدا دوو پرسياری بنەڕەتی سەر هەڵدەدات، دەکارێ لە بارەی کاتەوە بيانسەپێنيت، يەکەميان ئەوەيە کە ؛ کات چييە، دووهەميشيان ؛ چۆن کات پێوانە دەکەين، پرسياری يەکەم پەيوەستە بە فەيلەسوفەکان و دووهەميشيان بە فيزيککاران و زانايانەوە، زۆرينە پێيان وايە پرسياری يەکەم بێوەڵام دەمێنێتەوە، لە بەر دژواری و سەختی خەياڵکردن لێی، ” سانت ئۆگستن ” لە دانپێدانانەکانيدا دەڵێ؛ ئەگەر کەس پرسيارم لێ نەکات کات چييە ئەوا دەزانم، وەلێ گەر ويستم بۆ پرسيارکەرێ شرۆڤەی بکەم، ئەوا نازانم))٢٣. کەواتە کات شرۆڤەکردنێکی سەخت و قووڵی هەيە، کاتێک دێينە سەر ئەوەی چۆن کات پێوانە بکەين، ئەوا گۆشەگيری لەم بيرە فەلسەفييەمان دەئاڵێنێ، وەک سەرپێيش ديقەتی بدەين ئەوا هێشتا زەمەنی رۆمانەکەمان نەدۆزيوەتەوە، (( ‘ کانت ‘ جەخت لەوە دەکاتەوە کات چەمکێکی ئەمپێريا نييە لە ئەزموونەوە وەرگيرا بێت، جونکێ لەگەڵبوون هاوشێوەی بە دوای يەکبووندايە، هەستی پێناکەيت ئەگەر بنەمايەک بۆ کات دانەنێيت، بەم جۆرە خەياڵکردنی شتێک لە چوارچێوەی ئەم مەرجەدا بە تەنها توانایی هەيە، کات پێشينە بە دەستدراوێکە، لە بەر ئەوە دەکارێ تەنها پێشبينی دياردەکان بکەين کە چاودێری دەکەين، بەم شێوە دەتوانين خەياڵکردنی دياردەکان رەشبکەينەوە، وەلێ ناتوانين کات بسڕينەوە کە بۆ خۆی پيشينەيەکە ” بوونی هەيە ” ، لە بەر ئەوە هەڵدەستين بە تێگەيشتنی دياردەکان، لە سەر ئەگەری کاتە لە پێشينەکان، توانای پرنسيپە يەقينييە پەيوەندييەکانی کات دادەمەزرێت، کات جگە لە تەنها رەهەندێک هيچی ديکەی نييە، کاتەکان جياوازن پێکەوە نين وەلێ بۆ خۆيان بە دوای يەکەوە دێن )) ٢٤. لێرەدا ئەوەمان بۆ ساغ دەبێتەوە کە نووسەر خۆی نەيتوانيوە بە زنجيرە گرێمان بدا بە کاتەوە لێ گەڕاوە ئێمە بۆ خۆمان لەو سۆراغەدا بين، نموونەيش لە بەر دەست هەن، لەم دوو هەڵە مێژووەی ناو رۆمانەکەوە؛ (( جاری يەکەم لە دوای شکستی کۆماری مهاباد بوو لە ساڵی ١٩٤٦ کە ژەنڕاڵ مەلا موستەفای گەنج بەرەو مەنفای سۆڤيەتی کۆچی کرد و جاری دووهەميش بە پيری لە ساڵی ١٩٧٥ بەرەو مەنفای ئەمريکا کۆچئ کرد ل ١٢٣))، ڕاستە کۆماری ديموکراتی کوردستان لە ١٩٤٦ دامەزرا و هەر لە هەمان ساڵ رووخا، وەلێ مستەفا بارزانی لە ١٨ / ٦ / ١٩٤٧ ئاوارەی يەکێتی شوورەوی بوو، جاری دووهەميش مستەفا بارزانی ١٩٧٥ ئاوارەی ئامريکا نەبوو، وەلێ شۆڕشەکە لە ١٩٧٥ بە پيلانێکی نێو دەوڵەتی شکستی هێنا دەنا بۆ خۆی ئەگەر هەڵە نەبم لە  ١٩٧٦ بەرەو ئامريکا رۆيشتووە.

قسەيەکی باوی ئەفلاتۆن هەيە دەڵێ؛ (( هەموو قۆناغێک لە رووداوێکی پێشووەوە بۆ رووداوێکی دادێ دەڕوات )).ئێمە وای دەبينين لەم رووانگەوە رووداوەکان بە تێپەڕبوونی هەموو قۆناغەکان بە هەموو کايەکانييەوە پێکەوە گرێدراون، کەوابوو هەموو ئەو جيرۆک و رووداوانەی ناو رۆمانێک پێکەوە گرێدراو و پەيوەست بە يەکن و بە جۆرێ لە جۆرەکان رايەڵەی پەيوەندي نێوانيان بە هێزە.

 

شوێن  

لە گەڵ ئەوەی توخمێکی سەرەکی و گرينگی ڕۆمانە، هاوکات جێ بايەخی بيرمەندان و رەخنەگران و خودی رۆماننووسانيشە، ئیدی چەند نووسەر کاريگەريانە وەسفی بکات، ئەوا لای خوێنەر رەهەندێکی دەروونی و هێماگەلێکی توند و کاريگەرتر بە قووڵایی ناخی هزر و بيريدا دەگەيەنێت، ئەوە دەکەوێتەوە سەر پانتایی بير و هزری نووسەر کە بە عەقڵانيەتێکی ئەوتۆ بێتەگۆ خوێنەر لە گەڵ رۆمانەکە بکاتە يەک جەستە. ئێمە ئەگەر بێتو بە وردی شرۆڤەی کات لە گۆشەگيريدا بکەين ئەوا ئەوەندەی تا ئێستا نووسيومانە زۆر زۆر کەمن تەنها ئەگەر بۆ شوێنی بنووسين، ئێمە هاتووين زۆر بە کورتی بەرکوڵ و بەرچاو روونييەک لە هەمبەر هەمەلايەنی ئەم رۆمانە بخەينە بەر ديدی خوێنەر، هەرچەندە دڵنياين لايەنی زۆری رۆمانەکەيش فەرامۆش دەکەين، چونکە مرۆڤی ئەمرۆ بە داخەوە حەوسەڵەی ئەوەيشی نييە لە تۆڕە کۆمەڵايەتييەکان لايکێک بۆ هاوڕێکەی بکات، چ جای بێتە سەر ئەم درێژکردنەوەی شرۆڤەيە.

 هەر تاکێکی ئاسایی لە هەر شوێنێک بێت بايەخ بە شوێنی خۆی دەدات، ئيديۆمی کورديش هەيە دەڵێ ؛ (( بزن بۆ شەوێ جێگای خۆی خۆش دەکا ))، کەواتە شوێن بۆ هەموو زيندەوەرێک گرينگی هەيە، ئیدی جوان و پاک راگرتنی شوێنيش وەک ئەوەيە نووسەر بە جوانی و سەليقەييەوە تەوزيفی شوێنەکەمان بۆ بکات، ديقەت بدە، سەبارەت بە ئەو لايەنە باوەی لە کوردستەندا هەيە، باسی گەلانی ديکە ناکەين رەنگە زۆر لە پاشتريش هەبن، وەلی بە دڵنياييەوە زۆر پێشکەوتووتر هەيە، کاتێک پياوی ماڵ دێتەوە ناوماڵ بە سەر يەکەوە شێواوە هاواری لێهەڵدەستێ کە بۆچی ناوماڵەکە وا لەوتاو و پيس و پۆخڵە، ئەگەر لە ئەوروپايش بيت کە دێيتەوە بە نەرمی ئەو پرسيارە بە ديوێکی ديکە دەکەيت و خودی خۆتيش هاوکار دەبی لە رێکخستنەوەی ماڵەکە، ئەميش بەڵگەيەکی ديکەيە کە شوێن لای هەر تاکێکمان جێ بايەخی خۆی هەيە.

 ئێمە پێويستمان بەوە هەيە نووسەر نەشارەزایی ئێمە بکا بە ئاشنا بوونێکی تەواوی ئەو شوێنانەی رووداوەکانی تێدا روو دەدەن، کۆڵانی خوار و خێچ کە جێ مشتومڕی سوزی و ڤێسنايە، لە رووی تەوزيفکردنييەوە ناتەواو و و هەژارە، زۆر شۆڕنابينە نێو ژانرەکەوە، کۆڵانی قەيسەريش کە پاژی سێيەمی رۆمانەکە هەر بە ناوی کۆڵانی قەيسەرەوەيە بە هوردی بۆ مان شيناکاتەوە، با بزانين چۆن لێی دەدوێ، لە لاپەڕەی يەکەمی کۆڵانی قەيسەر دەڵێ؛ (( لە سەر سووچی کۆڵانەکەی تر ڕاوەستابوو کە بە ” کۆڵانی قەيسەر ” ناسرابوو،ڵ ٨٧)) پاشان و دوای چەند دێرێک لەمە دەڵێ (( مامە عەزە لە سەرەتای ” کۆڵانی قەيسەر ” وەستابوو، کە بە کايسەر گاسە “Kaiser Gasse  ” ناسراوە، ئەو کۆڵانەی تەنيشت فراون گاسەوەيە ” Frauen Gasse ” کە مانای کۆڵانی ژنان دەگەيەنێت، ئەم کۆڵانەيش بە پێچێکی بچوک دەچۆوە سەر ” خانەی ژمارە چل و حەوت ” کە ئەويش لەشفرۆشخانەيەکی يان بڵێين بۆردێلۆيەکی گەورە بوو، بۆ ماوەی بيست و چوار کاتژمێر لە بەردەم پياوە ئازادە ………. کراوەبوو، لە سەرێکی ترەوە دەچووە سەر ئەو کۆڵانەی ڤێسنا ناوی نابوو ” کۆڵانە خوارەکە” کە ئەويش دواجار دەکەوتە سەر شەقامە سەرەکيەکە.ل٨٧ )).

پێمانوايە بۆ ڕۆمانێکی ئاوا ئەم دەستنيشآنکردنەی کۆڵانی قەيسەر نەمازە کە بەش يان پاژێکی تايبەتی رۆمانەکەی وەرگرتووە هەم کەمە هەميش لای خوێنەر ناڕونە، دوای چەند لاپەڕەيەک گۆڕەپانی فردريکيشی بۆ زياد دەکات؛

(( سنوورەکانی ئەم وڵاتە توند و داخراو بوون، ئەو لەو زەمەنەوە، ئەم هاتوچۆی کۆڵانی قەيسەر و کۆڵانی ژنان و گۆڕەپانی فردريکی چواردە” Friedrich der Vierzehnte ” دەکات.ل ٩٩)) بابزانين دواتر چی دبێژێت، ؛ (( ئەم هەموو خەمە وردانەی تێدا تەقاندبۆوە و لە سەر سوچی کۆڵانی قەيسەر چەقی بەستبوو، کە بە نێوی قەيسەرە شکۆدارەکانەوە ناونرابوو، کە راستييەکەی کۆڵانی شکۆ نەبوو. ل ١٣٤ ))

خوێنەر پێويستی بە ئەوەيە هەر لە سەرەتاوە بە وردی هەم ئەم کۆڵانە و هەميش کۆڵانی خوار و خێچ و هەميش ئەو پانتاييە بەرفراوانەی سێ کيشوەر ئەوە دەهێنێ لە ڕۆمانێکی وادا دە لاپەڕەيەکی بۆ تەرخان بکەی

(( شوێن لە ڕۆماندا گرينگييەکی زۆر داگير دەکات، نەک لە بەر ئەوی توخمێکی هونەریيە، يان شوێنی ئەو رووداوانەيە کە تێيدا روودەدەن، و کەسايەتييەکان تێيدا جوڵە دەکەن، بەڵکو لە هەندێ کاری ناوازەدا بۆ کەشێک دەگۆڕدرێت هەموو توخمەکانی رۆمانی تێدا بەرجەستە دەبێت، بە رووداگەل و کەسايەتييەکانەوە، و ئەو پەيوەنديانەی لە نێوانياندا هەيە، ئەو پانتاييە دەڕەخسێنێت کە کاری تێدا دەکات، و بيروبؤچوونی خۆی تێدا دەردەبڕێت، خودی خۆی دەبێتە هاوکارێک بۆ گەشەکردنی بونياتی رۆمانەکە، و هەڵگری ديدگای پاڵەوانەکە، و نوێنەرايەتی و تێڕوانينی دانەريش دەکات، بەم جۆرە شوێن وەک پارچە کۆتاڵێک نييە سەبارەت بە تابلۆيەک، بەڵکو ئەو پانتايەيە کە لە تابلؤکەدا دەيخوڵقێنێت )) ٢٤. ئەم سەرچاوەيش بۆ زێتر بەرچاوڕوونی خوێنەرانی ئەم شرۆڤەيە هێنامانەوە.

 

 

کەسايەتييەکان و گفتوگۆ

      ئەگەر نەڵێين تەواوی بنەما سەرەکييەکانی رۆمان هەر هەموو پێکەوە گرێدراون ئەوا جگە لە نێو رۆمانيش

ڕۆمان ؛ (گۆشەگیری) – ئیسماعیل حەمەئەمین – چاپی دەزگای کەپر و کەڵچەڕ پڕۆجێکت ٢٠٢٠

ژيانی ئاسایی مرۆڤ خۆی لە خۆيدا گرێدراوێکی بتەو بەهێزی (( کات و شوێن بۆ کەس و گفتوگۆ )) هەرگيز بێدابڕان نابن.کەسايەتيش وەک هەر توخمێک لە توخمەکان بە بۆچوونی ئێمە نەبوونی کەسايەتی لە رۆماندا وەک ئەوەيە زەوی کەسی لە سەر نەژی، ئەمە بۆ رۆمانە ئەفسانەييەکانيش راستدەکەوێتەوە، لەوێش لەبری مرۆڤ زيندەوەر يان بێگيان کەسايەتييەکانن، کەسايەتی بۆ خۆی سەر بە چيرۆکەکەيە نەک بە وتار، رۆماننووس گەرەکە هەر لە رستەی يەکەمەوە ئاماژە بەسيمای کەسايەتی و کێشمەکێش و رەوتی نێو رۆمانەکە بدات، نووسەر هاتووە لايەنی دووەمی ئەنجام داوە، وەلی ئەو کەسايەتييانە رۆڵی ناوەنديان لە رۆمانەکەدا هەيە، واتا ئەو کەسايەتييانە نين پاڵەوانی سەرەکی بن. کاتێکيش خوێنەر بە پاڵەوان ئاشنا دەبێت، لە چوارچێوەی ئەودا وەک لوغزێک شاردراوەتەوە، ئەمە پێدەچی هەمان ئەو ڕێچکەی کافکا بێت کە لە کەسايەتی ” کۆشک ” دا بە پيتی ” کاف ” باسی دەکات، هەرچەندە کافکايش لەم کارەيدا داهێنانی نەکردووە وەلێ لە ناو کۆمەڵی ئاوروپایی وەرگرتووە، بە دەستکارييەوە، ئەمە رێچکەيەکی هاوچەرخی ئەدەبە، لە هەمانکات ناکرێ خوێنەر لە قوڵایی کەسەکان تێ نەگات، لەوانە ئێمە ” ئەو ” لەم رۆمانەدا بە کەسايەتييەکی سووڕاو دەبينين وەک رووەکانی؛ کەلتوور و داب و نەريتی رۆژهەڵاتی، پاشان هەڵگەڕانەوە و لە دونيای گاڵتەجاڕی خۆيدا ريسوای دەکات، وەک لە سەفەرەکەی قاهيرەيدا دەردەکەوێت، ديوێکی ديکەيش هەڵگەڕانەوە بۆ کەسێکی هەوەسبازی سيکسی کە لە گۆمەڵگای خۆی وانەبووە، ” وايش بوو بێت وەک ئاوروپا بە ئاشکرا نەبووە” ،(( کەسايەتی رۆمان لای هەندێک لە رەخنەگرە فەڕەنسييە هاوچەرخەکان ، هەروەک ، کەسايەتی سينما؛ يان شانۆييە، لە دونيای ئەندێشە دانابڕێت، کە بە بەنرخی دەزانيت، لە زيندەوەران و شتەکان تێيدا، ناکرێ کەسايەتييەک لە هزرماندا بوونی هەبێت، وەک ئەوەی هەسارەيەکی دی بێت، بەڵکو پەيوەستە بە سيستماتيکێک ، بە هۆيەوە، تەنها ئەو بە هەموو رەهەندەکانييەوە لە ناوماندا دەژی )) ٢٥. ديسانەوە لە رۆمان کەسايەتی رووکەش يان بڵێين خەسڵەت جێگير هەيە، ئەم دوو ديوە کەسايەتييە چەند رەهەندێکيان هەيە؛(( رەهەندی دەرەکی، رەهەندی ناوەکی” دەروونی ” ، رەهەندی کۆمەڵايەتی، رەهەندی فيکری )) دوای خوێندنەوە هەست بە غيابی بەشێک لەم رەهەندانە دەکەين.

  گفتوگۆ بەشێکی هەرە گرينگی نێو چيرۆکە بێ گفتوگۆ تەواوی رۆمانەکە لە جيهانی لوغز دەسووڕێتەوە، تەنانەت لە چيرۆک و فيلمە ئەفسانەييەکانيش دەبينين ئاژەڵەکان لە گەڵ يەکدی گفتوگۆ دەکەن، ئەم گفتوگۆيانەيش لە ناو چيرۆک و نۆڤێلت و رۆماندا سێ جۆريان هەيە؛ (( گێڕانەوە، راستەوخۆ يان ” بەدوای يەک ” ، خودی )) ، لە رۆمانی گۆشەگيريدا ئيسماعيل حەمەئەمين جۆری يەکەميانی پێڕەو کردووە، لە ڕێی گفتوگۆکانی کەسايەتييەکانەوە خوێنەر ئاشنای خودی کەسايەتييەکان و نهێنييەکانيان تا دەگاتە خەسڵەت و ئاکار و بيرکردنەوەکانيان دەبێت، هەر گفتوگۆ کێشەکان ئاڵۆز دەکات و دەيگەيەنێتە ترۆپکی پڵۆتەکە” الحبکة ” هەر ئەويش دايدەمرکێنێتەوە و بەرچاوڕوونييەک دەداتە خوێنەر و ئاوەزی بەئاڵۆسکاوی جێناهێلێت، هەروەها فاکتەرێکی گرينگە بۆ چارەسەرکردنی لايەنی مێژوویی رۆمانەکە و بە سانایی چارەسەری دەکات، فاکتەرێکی ديکەی کۆکردنەوەی زانيارييەکانە بۆ گەياندنی بە خوێنەر، کاتێک خوێنەر ئەو هەموو گێڕانەوەيە دەخوێنێتەوە دووچاری وەڕسبوون و بێزاری دەبێت کە نۆبەتی گفتوگۆ دێت مێشکی پشوويەک دەدات و هەناسەيەکی درێژەدانی خوێندنەوە هەڵدەکێشێ هەندێ جار دەگاتە ئەو ئاستەی وەک ئەوە بێ کە هيچ ناخوێنێتەوە ئەمە لە کاتێک ڕوودەدات کە خوێنەر بە جۆرێ ئاوێتەی رۆمانەکە بووە دەيەوێت هەرچی زووترە بە دەرئەنجام بگات، کارێکی گرينگ لايەنی سۆزدارييە کە ئەويش هەر لەم رێگايەوە جارەسەر دەکرێت، لە کاتێکدا زۆربەی ئەوانەی بايەخ بە لايەنی هونەری دەدەن هەستێکی ترس و دڵەڕاوکێ ختوکەيان دەدات، بۆيە فەزای سۆز و پێکەنين و گريان غيابی دەبێت، هەڵبەت مەبەستمانە ئەم حاڵەتانە لای خوێنەر بخوڵقێنێت، من لێرەدا بۆ گۆشەگيری هيچ ناڵێم چونکە هەر تاکێک لەوەی رۆمانەکەی خوێندبێتەوە بە ئاشکرا هەست بە لايەنی لاوازی دەکات،

لە ڕووی گفتوگۆوە ئەوەی سەرنجی ئێمەی راکێشا بێت، بە هەق دەموودوويەکی نێو رۆمان و واقيعيانەی نێو کۆمەڵ بێت، ئەوەی لە نێوان ڤێسنا و سوزی هەر لە سەرەتاوە روو دەدات، دواييش ئەو گفتوگۆيەی لە ” کۆڵانی قەيسەر”هەست پێدەکەين ، لە ؛ “ئێگۆيەکی دوور؛ جاکۆمۆ کازانۆڤا” نووسەر هەندێ ساردبوونەوە يان بێزاری پێوە دەرکەوتووە، وەلێ لە  “ئەنۆبيس ” دا، هێندەی باکگراون دەبينرێ هێندە واقيعی رۆمانەکە و گفتوگۆ نابينين.

 

دەرئەنجام

 سەرباری هەموو ئەو تێبينيانەمان بە گيانێکەوە مامەڵەمان لە گەڵ رۆمانەکە کردووە کە دوورونزيک پەيوەندی بە ناسين و نە ناسينی نووسەرەوە نييە، برای ئازيزمان کاک ئيسماعيل حەمەئەمين نووسەرێکی ديار و خاوەن قەڵەم و رێچکەی تايبەتی خۆيەتی، لايەنە باشەکانی رۆمانەکە هەر کەسێک رۆمانەکەی خوێندبێتەوە هەستی پێکردووە ئێمەيش هەروەها دەستخۆشانەی لێدەکەين، بە هيوای سەرکەوتن و بەردەوامی. لە دوماهيشدا ئەم چەند خاڵە دەخەمەڕوو؛

١ – دەکرا ئەم ڕۆمانە چوار ڕۆمان بوايە لە بری يەک ڕۆمان، ئێمە لای خۆمانەوە ئەو خەسڵەتانەی تێدا دەبينين، وەک چۆن ” نەجيب مەحفوز ” سييانەی هەيە، با ئيسماعيل حەمەئەمينيش جوارانەی هەبايە، ناڵێين چوارينە با نەچێتە خانەی شيعرەوە، دەکرا لەو چوار رۆمانەدا چارەسەری تەواوی کەموکورتييەکانی بکردايە و ئەو پەلەپرووزێيەيشی پێوە ديار نەدەبوو.

٢ –  ئەگەر نووسەر بۆ جێ پێگەيەکی پێوانەیی کار دەکات، کە ئەوە خواست و ماندووبوونی هەموو تاکێکە هەر يەک لە بوارەکەی خۆيدا، ئەوا بەڕای ئێمە رۆمانەکە لە چوارچێوەی” هاوڕەگەزخوازی” دا بووايە، سنوورێکی تری دەگرت و لە دەرگايەکی تری دەدا، هەر جەندە لێرە زۆرزۆر بەکەمی باسی لێوە کردووە.

٣ –  لە کات و شوێن و سەردەم و گێڕانەوەی باکگراون، گەڕانەوە بۆ رابردوو خوێنەری تووشاری وەڕسبوون کردووە، نووسەر بە کارزانی و لێزانانەی خۆی دەيتوانی ئەم حاڵەتانە چارەسەر بکات.

٤ – دووکاری گرينگ لە رۆمانەکە لە بيرکراون کە لە ناوەوەيش بە کورتی باسمان لێوەکرد، ئەويش لايەنی سۆزە، هەموو رۆمانەکەمان خوێندەوە نەگرياين نە پێکەنيين، کەسێکی گرژ و مۆن لە ناو غەريزە هيچ و پوچەکانمان پەنگمان دەخواردەوە و هيچی تر. لە عەوداڵی ئەو دەربازبوونەيش بووين لەو دونيا ئاڵۆسکاوەی بۆی خوڵقاندين و نەگەيشتينە دەرئەنجام.

ئەوەی ماوە لە يەک دێردا بڵێين: ئەوەی باسمان کردن بەکورتی و پوختی بوو، جا يا ڕاستەوخۆ يا ناڕاستەوخۆ لێی دوواين.

بمێنن بە خۆشی و ماندووم کردن.

 

 

 

ئەو سەرچاوانەی سوودم لێوەرگرتوون ؛

  • -خەونی نووسين لە روانگەی هەشت نووسەری هاوچەرخەوە / لە فارسييەوە دڵشاد خۆشناو / دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم – ٢٠٢٠.
  • – رۆمانی گۆشەگيری /ئيسماعيل حەمە ئەمين – پرۆژەی کولتور بە هاوکاری ناوەندی کەپر/  ٢٠٢٠.
  • –  أنطولوجيا اللغة عند مارتن هيدجر – أبراهيم أحمد ، أستاذ جامعة مستغانم – الجزائر/ الدار العربية للعلوم الناشرون – منشورات الأختلاف – ٢٠٠٨.
  • -شۆبنهاوەر الفلسفة و العزلة / عبدالرحمن کيبش / سايتی ASJP لە رۆژی ٣٠ / ١٢ / ٢٠١٣
  • -هەمان سەرچاوەی پێشوو .
  • -أشکالية الوجود و التقنية عند مارتن هيدجر- أبراهيم أحمد – منشورات الأختلاف – الدار العربية للعلوم – ناشرون، الجزائر – ٢٠٠٦
  • -الحلقة المفقودة، الکشف عن أصل البشري الأول – کۆلين تادج – و – جوش يونج – ترجمة مروة هاشم – منشورات الکلمة – أبوظبي – الأمارات ٢٠١١
  • –  فەرهەنگی زاراوەکانی ئەدەب و زانستە مرۆڤايەتييەکان – د . نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد . لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، ٢٠١٥
  • –  هەمان سەرچاوە…
  • -هەمان سەرچاوە.
  • -بنية الشکل الروائي – الفضاء ، الزمن ، الشخصية –  حسن بحراني / المرکز الثقافي العربي – بيروت ١٩٩٠
  • – هەمان سەرچاوە
  • –  فێرجينيا وۆڵف – بێرنارد بلاکستون – دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، لە فارسييەوە ناهيد رۆستەمی/ ٢٠٢٠
  • –  خەونی نووسين، لە روانگەی هەشت نووسەری هاوچەرخەوە / لە فارسييەوە دڵشاد خۆشناو.دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم – ٢٠٢٠
  • –  فێرجينيا وؤلف – بێرنارد بلاکستون – دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، لە فارسييەوە ناهيد رۆستەمی- ٢٠٢٠
  • –  جينالوجيا التراث ، الأصول التراثية، للهوية الثقافية، علي أسعد وطفة ، موقع net  في ٧ / ٣ / ٢٠٢١.
  • –  الرواية بين الأيديولوجيا والفن، الرواية الأردنية أنموذجا/ د . حنين أبراهيم معالي  / عمان- الأردن، الان ،                  
  • –  الرواية السياسية و التخيل السياسي /  بقلم جميل حمداوی ، ديوان العرب . ١١ / ٣ / ٢٠٠٧
  • يوسف المحيميد / جريدة الشرق الأوسط / الملاحق- ثقافة / ١٢ / ٢ /٢٠١٧   –  هل يمکن تحييد الأيديولوجيا عن ملامح النص الروائي /

٢١-  الحبکة و أنواعها في الرواية – نهضة الشريفي – موقع أشراقات قرآنية / ليوم ٢٢ / ١ / ٢٠٢٠ ، والمسندة الی “في النقد الأدبي الحديث’ ١٣٣

٢٢ –  هەمان سەرچاوەی پێشوو .

٢٣ / المکان والزمان لدی کانط / بقلم مثنی حامد / مجلة الکلمة اللندنية العدد ٤٣ في نوڤمبر ٢٠١٠ .

  ٢٤ – جمالية المکان في الرواية / بقلم ، أحمد زياد محبک – ديوان العرب الألکترونية، ٦ / ٦ /٢٠٠٥

٢٥ – في نظرية الرواية / بحث في تقنيات السرد / د. عبدالملک مرتاض – المجلس الوطني للثقافة والفنون والآداب / الکويت . ١٩٩٨

  • عەبدولباقی يوسف / رۆماننووس و ئەديبی کورد – ١٩٦٤ لە هەسەکە لە دايک بووە، لە سەر ئاستی وڵاتانی عارەبی نووسەرێکی ديار و بەرچاوە. دەيان بەرهەمی چاپکراوە، هەر لە رۆمان و چيرۆک و توێژينەوە.
  • پی. دی . جێمز، يەکێکە لە بەرجەستەترين و خۆشەويستترين نووسەرانی بەريتانيا، ئەو ماوەيەکی زۆر بە ( شاژنی تاوان ) ناسراوە، و بە پێشڕەوی رۆماننووسەکانی دەقی پۆليشی دەژمێردرێت، ساڵی ١٩٢٠ لە ئۆکسفۆرد لە دايک بووە ، لە تەمەنی ٤٢ ساڵيدا لە ١٩٦٢ يەکەمين رۆمانی خۆی بە ناوی” دەموچاوی داپۆشە” بڵاو کردۆتەوە.
تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌