ڕاهێنانێک بۆ خوێندنەوەی سورەوەردی

Loading

هۆشەنگ شێخ موحەمەد

ڕاهێنانێک بۆ خوێندنەوەی سورەوەردی

هۆشەنگ شێخ محەمەد

“ئەمەی خوارەوە، بەشێکە لە نووسینێکی درێژتر، کە وەک پێشەکییەک بۆ وەرگێڕانی دەقی (وشەی سۆفیگەری) دامناوە، کە لە ئاییندەیەکی نزیکدا چاپ دەکرێت. ئەم نووسینە دەکرێت وەک ڕاهێنانێک بۆ شەڕحکردنی پەرگراڤێکی سورەوەردی بەکار بێت.

نووسینەکانی سورەوەردی، لەبەر ئەوەی فەلسەفین، ناکرێت وەک دەقێکی ئەدەبی، شیعر و ڕۆمان بخوێندرێنەوە، بۆیە خوێندنەوە و تێگەیشتن لە سورەوەردی، پێویستی بە پاشخانێکی هزری باش هەیە. ئەم بابەتە نموونەیەکە بۆ خوێندنەوەی پەرەگراڤی دووەمی وشەی سۆفیگەری. هیوادارم سووددار بێت.“

 

سورەوەردی دوای پڕۆتۆکۆڵەکە دەنووسێت: (برای میهرەبان و برادەری خۆشەویستم، برادەرایەتی نێوانمان پێگیری کردم لە نووسینەوەی وشەگەلێکی ئاماژەدار بۆ هەقیقەتەکان بەهاناتەوە بێم، مەقامەکانی سۆفییەکان و واتای زاراوەکانیان و مەعریفەکان و زانستی دڵ و ئەوەی لەسەریێتی و لەژێریێتی ورد بکەمەوە، ئەوەی بێ بەڵگەیە بۆتی بسەلمێنم، بە گێڕانەوەیەکی رێکوپێک و رێڕەوێکی مۆرکراو، بێ زۆر گەڕانەوە بۆ زاراوەگەلی زانایانی زانستگەلی بەڵگەدار؛ دەستپێشخەریی وەڵامدانەوەتم کرد و واتای زاراوەکانم لە تێگەیشتنت نزیک کردنەوە، بە پێی توانای هێزی تۆ دابەزیم، با کوڕگەلی راستگۆ لەسەر بەکارهێنانی واژەگەلێک لە پاڵ واتایەکی تایبەت بێرە بمبوورن، چونکە مەبەست یەکە.)

سورەوەردی لەم پەرەگرافە کورتەدا، چەندین خاڵی گرنگ دەستنیشان دەکات:

 

١- وشەی ڕاست و هەقیقەت

داواکاری برای میهرەبان و برادەری خۆشەویست، بەشێکن لە ئەدەبی ریبات و خانەی ئەو برایانەی لە پێناو خودادا کۆدەبنەوە، ژیانێک هەڵدەبژێرن کە سیفەتەکانی میهرەبانی و خۆشەویستی و برایەتی تێیدا دەبنە (چەمک)، واتا بنەڕەتێکی وجوودی وەردەگرن و لەوە دەردەچن تەنیا وەک سیفەتێک بچنە سەر کەس و شتەکان. ئەم چەمکانە پێوەندییەکی تووند لەگەڵ (هەقیقەت) دەبەستن. بۆیە سورەوەردی کە دێت وەڵامی برا و هاوڕێی خۆشەویستی بە وشە دەداتەوە، تەنیا لەبەر ئەوە نییە کە ئەرکێکی مەعریفییە، بەڵکو ئەمە ئەرکێکی ئەخلاقی و وجوودییە لەسەر مرۆڤ، ئەو وشانەی بەرەو هەقیقەتمان دەبەن، رێبەریمان دەکەن بۆ راستی، پێوەندی وشە و مرۆڤ و راستی، پێوەندییەکی وجوودییە نەوەک زمانی و مەعریفی. وشە یان زمان بە گشتی ئەرکیێتی بەرەو هەقیقەتمان ببات، دەبێت وشەی عاریف و فەیلەسوف و زانا و دانا، مرۆڤ بەرەو هەقیقەتەکان ببات، واتا دەبێت وشە رێگەی هەقیقەت رۆشن بکاتەوە، تا برایان بەرەو رووناکی و زانین و راستی ببات. بەم تێگەیشتنە (وشەکان-زمان) ماڵی هەقیقەتەکانە، روحی راستییەکانە. سەر بە جیهانی باڵایە، شوێنی نووری وشەکان، شانشینی نووری نووران کە دەبێتە مەقامی حەکیمی خۆزان و عاریفی کامل، کە بە سرووش وشەی بۆ دێت و رووناک دەبێتەوە، واتا وشە ئەرکیێتی ببێتە لۆگۆس، ئەقڵی گەردوونی ئاشکرا بکات، لۆجیکی خوداوەند کە لە ناوەڕۆکی گەردووندا هەیە و شێوەی پێ دەدات. بۆیەشە دەبێت تەئویلی نامەکانی سورەوەردی، وەک بەشێکی گرنگ لە میتافیزیک و لاهووتی مرۆڤایەتی بکرێت، دەقەکانی وەک تیۆسۆفییەکی خۆرهەڵاتییانە و کوردانە  بخوێندرێنەوە، چونکە دامەزرێنەری فەلسەفەیەکی سۆفیگەرین، لە چوارچێوەی سۆفیگەری ئیسلامی دەردەچن و فەزای عیرفانێکی جیهانی و تەنانەت گەردوونی لە خۆ دەگرن، سیفەتەکان دەبنە چەمک و دەگەڕێنەوە بۆ بنەڕەت و هەوەڵی بوون.

 

“وشە”ی ڕاست لای سورەوەردی، رەهەندێکی لاهووتییانە وەردەگرێت، لە پەرەگراڤی (٢٢) وشەی سۆفیگەریدا دەڵێت: (مەبەستم ئەو کەلیمەیەی خوا فەرموویەتی: (کەکردم و لە روحی خۆمدا فووم تێکرد) هەروەها خوا فەرموویەتی: (وشەیەکی بۆ مریەم نارد و روحێک بوو لەم) واتا پێوەندی ئێمە و خودا وەک پێوەندی نووسەر و وشەیە، رەوانیش دەوری قەڵەم دەبینێت کە وشە دەخاتە سەر کاغەز. وەک لای ئیبن سینا باسی کراوە. سورەوەردی لە پەرەگراڤی “٤٥” ی وشەی سۆفیگەریدا، ئەم ئایەتەی قورئان دێنێتەوە: (ئەگەر دەریا مەرەکەبی وشەکانی خواوەندم بێت، دەریا پێش تەواوبوونی وشەکانی خواوەندم تەواو دەبێت، هەتا ئەگەر لەو پتریش بێنین.) وشەکان بوونەوەرەکانی بوونن، بۆیە وشەی راست، بوونناسییەکی تیۆسۆفییانەیە.

 

 

٢- تیۆسۆفیاییەکی نوێ لە هۆشیاریی کۆمەڵایەتیدا

سورەوەردی بۆ ئەوە بە وشەی هەقیقەت هەڵگر و رۆشنکەرەوە بە هانای براکانییەوە دێت، لە پێناو ئەوەی مەقامەکانی سۆفییەکان و واتای زاراوەکانیان و زانین و زانستی دڵ و ئەوەی لەسەریێتی و لەژێریێتی ورد بکاتەوە. وەک حەکیم و فەیلەسوف قسە بکات، لەلایەک مەقامەکانی سۆفییەکان روون بکاتەوە، کە ئەمە ئەرکی عاریفێکی شارەزا و کاملە تا بتوانێت باسی هەموو مەقامەکان بکات، کە سۆفییەکان پێیدەگەن و چۆن پێیدەگەن و ناوەڕۆکی ئەو مەقامانە چییە و بایەخ و گرنگییان لە رووی مەعریفییەوە چەندە؟ هەروەها فەلسەفییانە باسی واتای زاراوەکانی سۆفییەکان بکات. چونکە زاراوە و زمانی سۆفی، زمانێکی تایبەت و رەمز ئامێز و هەقدارە. لە نامەی وشەی سۆفیگەریدا دەبینین باسی مەقام و واتای مەقامەکان دەکات، هەروەها باسی حاڵەکان دەکات، ئینجا باسی کۆمەڵە زاراوەیەکی تایبەت بە سۆفیگەری دەکات، مەبەستیێتی بە تێگەیشتنی تایبەتی خۆی و ئەوەندەی پێی چاکە واتای زاراوەکان دەربخات و نهێنییەکان بدرکێنێت. لەم رێیەوە ناوەڕۆکی حیکمەتی سورەوەردی، پرۆژە ئیشراقییەکەی دەبێتە تیۆسۆفیایەکی تایبەت بە نەزمی بیرکردنەوەی خۆی. تیۆسۆفیایەک فەلسەفە و سۆفیگەری لە چوارچێوەی حیکمەتی ئیشراقدا دادەڕێژێت و فەلسەفەی دین دەبێتە بابەتێک بۆ بیرکردنەوە و قسەلەسەرکردن و تیۆریزەکردنی رەخنەیەکی نوێ بۆ هۆشیاریی کۆمەڵایەتی لە ناوچەکەدا. هۆشیارییە نوێیەکەش بە دامەزراندنی تێگەیشتنێکی نوێیە بۆ چەمکی (هەق) و (راستی). سورەوەردی لە کتێبی (التلويحات اللوحية و العرشية)دا، لە رێی زیندەخەوێکەوە وتوێژێک لەگەڵ ئەرستۆ دەکات و دەڵێت: (ماوەیەک بوو زۆر بە بیرکردنەوە و بیرکارییەوە سەرقاڵ بووم، زانین بە دەستخستن لە رێی خوێندنەوەی کتێبەکانەوە سەخت بوو، شەوێک لە شەوەکان دەبۆرژام، لەناکاو چێژێک دایپۆشیم، تریسکەیەکی گەشاوە و نوورێکی شەعشەعانی و وێنەی تارماییەکی مرۆییم بینی، کە دەرچوو ئیمامی حیکمەت و یەکەم مامۆستایە. بە هەیئەتێکی جوان و شکۆدار مەدهۆشی کردم، سڵاوی لێکردم، تا مەدهۆشییەکەم لاچوو و تەنیاییەکەم بۆ خۆشی گۆڕا. سکاڵای سەختی ئەم بابەتەم لە لا کرد، ئەویش پێی وتم بگەڕێوە بۆ رەوانی خۆت، چارە دەبێ.[1] )

لە کتێبی حیکمەتی ئیشراقدا دەڵێت: (خاوەنی ئەم دێرانە، تووند رێی مەشاییەکانی گرتبوو، بڕوای بە ڕێی ئەوان بوو، سوور بوو لەسەر ئەو رێیە و رووناکی رەت دەکردەوە، تا بەڵگەی خواوەندی خۆی دی.[2])

بە هاتنی مەنتقی (ئەرستۆ) و دامەراندنی “وێنەزانی – عیلمی تەصەوری” لە رۆشەنبیری ئیسلامیدا، بەمەبەستی پاراستنی هزر لەهەڵەکردن. بەم شێوەیەی کە ئامانجەکەی لە خەونی خەلیفە (مەئموون)دا بەرجەستە ببوو، بە خوێندنەوەی (جابری) بۆ پێشگرتن لە فەرهەنگی میللەتانی ژێر دەستەی دەستەڵاتی عارەبی ئیسلام بوو. ئەوانەی لەسەر بنەمایەکی عیرفانی و گنووسی دامەزرابوون، بە تایبەتی هزری (مانیزم) و (زەردەشتی). لەلایەکی دیکەوەیش وەرگێرانی هەندێ بەرهەمی پلاتۆ بە ناوی ئەرستۆ و هەوڵی فاڕابی بۆ سازانی ئەرستۆ و پلاتۆ پێکەوە. دوو هەرێمی بیرکردنەوە دامەزران.

هەرێمێک کە بە (ئەرستۆ)یی ناودێری دەکەین، کە لە ئەقڵی ئەوسای خەلافەتی عارەبی ئیسلامی ناسینێکی دامەزراند، کە لە کایەگەلی جۆراوجۆر رەنگی دایەوە. بەشێوەیەک بۆ هەر کایەیەک قانوون و زمانی تایبەتی بەم کایەیە پەیدا کرد، لە کایەی زانیندا راست و هەڵە، لە کایەی دیندا حەلال و حەرام، لە کایەی قانووندا رێپێدراو و رێپێنەدراو، لە کایەی کۆمەڵایەتیدا کاری کردە و کاری نەکردە. بەم شێوە و ناوەڕۆکە کۆمەڵێ قانوون و یاسا و رێسا و بنەما و رێنمایی بە بەڵگەی ئەقڵی بۆ شت و رەوشت دانا، بە شێوەیەک وێنەزانی بووە پەیداکاری هۆشیارییەکی کۆمەڵایەتی لە سنووری خەلافەتی عەبباسیدا، تا بە پێی ئەم سستمە کۆمەڵگە کۆنتڕۆڵ بکرێت. هەر کایەیەک قانوون و زمانی خۆی وەک تەکنیک پێش بخات و بەرژەوەندییەکانی خۆی لەسەر رێک بخات، هەموو شتێک لە واقیعدا وەک وێنە ئاوەزییەکەی خۆی دابڕێژێتەوە و پێناسەی بکات و بە پێی یاسا و رێساکان سنوورەکەی دیاری بکات. لەم هەرێمی بیرکردنەوەیەدا هەستەکان بوونە سەرچاوەی نەوەک ناسینی شت بە تەنیا، بەڵکو بووە سەرچاوەی پێناسەکردن و پێوانەکردن و یەکسانکردنی واقیعی شت لەگەڵ ئاوەزدا. بەم شێوەیە مەنتقی ئەرستۆ لەم ناوچانەدا بووە ئەو ئامرازەی بەرژەوەندییەکانی خەلافەت و دەستەڵات دەپارێزێ و هۆشیاریییەکی نوێی کۆمەڵایەتی پەیدا کرد.

لەبەرابەردا، هەرێمێکی تر کە خودی و روحی و ئایدیایە، دەتوانین بە (پلاتۆیی) ناودێری بکەین، ئەو هات تا مرۆڤ لە رێی گەڕانەوە بەرەو خود و نەفس، هەرێمی (هەق و باتیل) بناسێت. مرۆڤ لەسەر بنەمای دەنگی هەقی ناوەوەی خۆی جیهان و شت پێناسە بکات و خۆی لە هەق و ناهەقی بپارێزێت.

 

 

لە جیهانی عارەبی ئیسلامیدا، هێلی ئەرستۆیی بووە هێلی دڵخوازی دەستەڵات و تا ئێستاش درێژبوونەوەی هەیە و لە سستم و شێوازەکانی نوێی ئێستاش بە ئاشکراترین وێنە دیارە، بە تایبەتی لە کۆمەڵگەکانی ئیسلامیدا، کە دەبینین سستەمی مەعریفی و پەروەردەیی و دینی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگی و هتد..، لەسەر بنەمای قانوون و رێسا و رێنمایەکاندا، بەرژەوەندییەکانی تاقمێک و گروپێک و کۆمەڵێک دەپارێزن. هەروەها لەبەرابەر ئەو سەرکەوتنانەی ئەم هێلە زانستییە کە لە بواری جۆراوجۆردا بەدەستیهێنا لە رووی هێڕشبردنە سەر زەوی و ئاسمان و دۆزینەوە و داهێنانی جۆرەها شت و کەلوپەل. توانی پاشەکشە بە هێلی پلاتۆنیزمی نوێ و تەنانەت تێزی پلاتۆ بکات، هەروەها دواتر سۆفیگەریشی بردە نێو شێوازێکی نوێ، کە ئەویش شێوازی تەریقەت بوو. تا لە رێی تەریقەتەوە مرۆڤ بخرێتە نێو سۆفیایەکی پەروەردەکراو و سنوورداردا. سۆفیگەری فەلسەفی کە بایەخێکی زۆر بە خود و دڵناسی و زانینی راستەوخۆی نێوان خودا و مرۆڤی هۆشیار دەدات، رێی لێگیرا، بەم رێلێگیرانە خودی مرۆڤ و هەق و دەنگی زیندووی ویژدان پاشەکشەی کرد.

سورەوەردی زوو درک بەم هەڵە کوشندەیە دەکات، کە زاناکانی ئیسلام لە پێناو بەرژەوەندی تاقمێک و گروپێکی دەسەڵاتدار مەنتیقی ئەرستۆ دەکەنە قانوون و رێ لە بڵاوبوونەوەی هزری پلاتۆ و پلاتۆنیزمی نوێ دەگرن، چونکە نایانەوێ بابەتەکان و رووداوەکان و ئارەزووەکان لە نێو هەرێمی (هەق و ناهەق)دا تەئویل بکرێن، بەڵکو لە رێی (راست و ناڕاست) بخوێندرێنەوە. خوێندنەوەی دەق و ناو و چەمکە هەمەکییەکانیش بە هەمان سستمی بیرکردنەوەی مەنتیقیانە دەکەونە بەر تەفسیرکردن. سورەوەردی کە دژی زاناکانی ئیسلام دەبێت و دەڵێت ئەوانەی دەیانناسین (مەبەست ئیبن سینا و فارابی)یە، یەک لە هەزاری زانستی پلاتۆ نازانن! چونکە ئەوانە لەسەر بنەمای کتێب (کتێبەکانی لۆژیک) زانینی خۆیان دامەزراندوە، لەکاتێکدا زانینی هەق، لە رێی دەنگی (هەق)ی رەوانەوە دێتە دەرێ.

سورەوەردی لە ڕێی خوێندنەوەی ئەم پەرەگراڤەوە دەیەوێت بڵێت، ئەمەی بە زانستی مرۆیی  و سرووشتی ناسراوە، بە تایبەتی لە جیهانی ئیسلامدا، مرۆڤ بە هەق ناگەیەنێت، چونکە هەق پێویستی بە بەڵگەی زیندووی رەوانێکی زیندووە، زانستێک کە مرۆڤێکی ویژدان زیندوو لە خوادی هەق و زیندووی وەردەگرێت بە شێوەیەکی راستەوخۆ نەوەک لە رێی کتێبەکانی لۆژیکەوە، یا هەتا لە رێی کتێبەکانی زاناکانی ئیسلامەوە، چونکە ئەوان یەک لە هەزاری پلاتۆ و هرمس و پیتاگۆر و سوکرات و ئیمپادۆکلیس و زەردەشت و مانی و پیرانی موغان و کەیخوسرۆ نازانن! ئەو بازنە روحانییەی سورەوەردی باسی دەکات، بازنەی هەقە، هەقی ناخ و خودی مرۆڤ، کە پێویستی بە زانستەکان نییە تا دەنگ هەڵبڕێت، بەڵکو پێویستی بە دیتنی بەڵگەی خودایە، کە هەق ناوێکی خودایە و لە رەوانی مرۆڤدا جێگیرە!

 جیاوازی لە نێوان ڕاستی و هەقدا وەک جیاوازی نێوان هەق و ناهەق نییە، ئەوەی هەق بێت هەمیشە راستە! بەڵام ئەوەی بە پێوەری مەنتیقی ئەرستۆ و شەریعەت و ئەو زانستانەی لەسەر ئەم مەنتیقە دامەزراون راستە، هەمیشە هەق نییە. واتا هەق بە رەهایی راستە، بەڵام راست بە رەهایی هەق نییە.

سورەوەردی دەزانێت ئەم سستمی زانینە، مرۆڤ بەهەڵەدا دەبات و گەندەڵی دەکات، ئەو مەعریفانەی لەم رێیەوە دەست دەکەون، هەق نین و مرۆڤ بە هەقیقەت ناگەیەنن، بۆیە ئەو بە زانستی دڵ، رووی برایانی بەرەو سەمتی هەقیقەتەکان وەردەگێڕێت، بۆیە دەست لەم مەنتقە هەڵدەگرێت و هاوار دەکات کە رووناکی هەق ببینن! دەنگی ویژدانی بێگەردی مرۆڤ بەرز ببێتەوە! ئەمیش لە رێی هێنانە پێشی هێلی بیرکردنەوەی پلاتۆیی، چونکە ئەم هێلە گوێ لەم دەنگە دەگرێت کە پێیدەڵێت ئەمە هەقە و ئەمە ناهەقە، هەقەکە بکە و ناهەقییەکە مەکە. نەوەک بڵێت ئەم وەڵامە راستە یا هەڵەیە، ئەم ئیشە حەرامە یا حەڵالە، ئەم کارە بێ رەوشتییە یا رەوشتییە، ئەم شتە رێپێدراوە یا رێپێنەدراوە. پرسیاری هەرێمی پلاتۆیی هەرێمی خوایە، هەرێمی روحە، هەرێمی هەقە، هەرێمی ویژدانە، هەرێمی خودە!

دەتوانین ئەم هەوڵەی سورەوەردی بە ڕەتکردنەوەی سستەمی پەروەردە دابنێین، بەتایبەتی لە فۆڕمە نوێکەیدا، کە تا ئێستاش سیاسی و زانای دینی و رۆشەنبیری کورد داوای دەکات، وەک ئەوەی پەروەردەکردن و فێرکردن، تاکە ڕێگەی زانین و ڕزگارکردنی مرۆڤە لە نەزانین و تاریکی! ئەم ڕەوتە هزرییەی پەروەردەکردنی مرۆڤی پەرست، لە ئەنجامدا لە هەموو کایەکاندا جەوهەرگیرییەکی مێژوویی پەیدا کرد، کە جیاوازی لە نێوان پەروەردەی سیاسی و دینی و رۆشەنبیری نەمێنێت. لە هۆشیاریی کۆمەڵگەی ئێمەدا، پەروەردە لە حوجرە و مزگەوت و بارەگای حزب و دەزگە فەرمی و نافەرمییەکانی رۆشەنبیراندا، یەک ئەنجامی هەبوو، ئەویش فێرکردن و کۆنتڕۆلکردنی مرۆڤی نوێ بوو لە نێو دامودەزگەی دەوڵەتی نوێدا. هۆشیاریی کۆمەڵایەتی پەروەردەی وەک ئامرازی راستەڕێکردنی مرۆڤ بینی و لە ئاکامدا بێ ئەوەی درک بکات، سستەم لەجیاتی ئەوەی ئازادی بکات کۆنترۆڵی کرد! فێرە راست و هەڵەی کرد و هەق و باتیلی لە بیربردەوە.

 

 

٣- مەعریفە و دڵناسی

مەعریفە و زانستی دڵ، کە لای سۆفییەکان تایبەتە و لای حەکیمی خۆزانیش تایبەتترە! مەعریفە لە سۆفیگەریدا پایەیەکی گرنگ و گەورەی هەیە، زۆربەی سۆفییەکان لەبارەی مەعریفەوە قسەیان کردووە و لە پڕۆژەی تردا باسی ئەو بابەتەمان کردووە و لێرەدا پێویست نییە بگەڕێینەوە سەری[3]. زانستی دڵ، یان دڵناسی، ئەو زانستەیە کە عاریف و حەکیمی خۆزان پشتی پێدەبەستێت بۆ ئەوەی بە راستی بگات. زانستی دڵ زانینی راستەوخۆی عاریفە کە لە خوداوە وەریدەگرێت، واتای وشەکانیان، لە پێوانەکاری و پێناسەکاری خەڵکی ئاسایی و زاناکانی شەریعەت و فیقهیش دەردەچێت، بە ئاستێکی تری باڵای مەعریفە دەگەن. زانستی دڵ ئاستی باڵای مەعریفەیە، جیاوازە لە زانستی ئەقڵ، مرۆڤ لە رێی زانستی ئەقڵەوە دەتوانێت کەشفەکانی زانست بزانێت، بەڵام زانستی دڵ، زانستێکە خوا دەیبەخشێتە ئەو حەکیمانەی بە مەقامی بەرز دەگەن.

بایەخی سورەوەردی بە زانستی دڵ، بایەخدانە بە دەروونی مرۆڤ و قووڵبوونەوە بەرەو ناوەوە و کەشفکردنی جیهانێکی نوێ، کە دواتر ئەم دڵناسییە، سورەوەردی وەک سۆفییەک بە زانستی حاڵ و مەقامەکان دەگەیەنێت. حاڵ و مەقامەکان لێکۆڵینەوە لە رەوان و دەروونی مرۆڤ دەکەن، وەک لە کۆتایی ئەم کتێبەدا هەموو حاڵ و مەقامەکان لە (ختورە، تۆبە، زوهد، شوکر، تەوەکول، رەزا، مەحەبەت، شەوق، وەجد، تەواجد، بەسط، قەبز، لەوائح، سەکینەت و هتد..،) دەبینێتەوە، جگە لەمانە سورەوەردی قووڵتر روودەچێتە دەروونی مرۆڤ و  باسی (دادپەروەری، ئازایەتی، حیکمەت، پیتۆڵی، بەیان، بیرتیژ، سەرکەوتن، پەککەوتن، راستگۆیی، ئەمەکداری، میهرەبانی، شەرم، وەقاحەت، هیممەت، پەیمانپارێزی، خاکیبوون، قەناعەت و هتد..،) دەکات. ئەم دڵناسی و بینینەی ناوەوە بۆ حاڵ و مەقام و چەمک و سیفەت و بارەکانی دەروونی مرۆڤ، لە رێی پێوەرێکی زانستی و ئەقڵانی پێڕەو نەکراون، وەک ئێستا لە (دەروونناسی) پێڕەو دەکرێت. بەڵکو ئەم دەروونناسییە یان رەوانناسییە، لە رێی سەرچاوەکانی سورەوەردی خۆیەتی، پێش هەمووشیان لەم بوارەدا، کتێبی قورئان) وەک ئەوەی دیوێکی ناوەوە و دەرەوەی هەیە و وەک ئیمام جەعفەری ساددیق دەڵێت، لەسەر چوار ئاست دەخوێندرێتەوە:

  1. دەربڕین کە بۆ گشت خەڵکییە.
  2. ئاماژە، کە بۆ کەسانی تایبەتە.
  3. لەتائیف، بۆ وەلییەکانە.
  4. هەقیقەت، کە بۆ پێغەمبەرەکانە.

پێش ئەوەی جەعفەری ساددیق، ئەم پلەبەندییە بۆ واتاکانی قورئان دابنێت. قەشە ئۆگستینیش لەبارەی ئینجیلەوە دابەشکردنێکی کردووە:

  1. واتای حەرفی ئاماژەیە بۆ ئەوەی رووی داوە.
  2. واتای رەمزی ئاماژەیە بۆ ئەوەی دەبێت ئیمانت پێی بێت.
  3. واتای ئەخلاقی ئاماژەیە بۆ ئەوەی دەبێت بیکەیت.
  4. واتای بەرزەکی ئاخیرەتی ئاماژەیە بەرەو ئەوەی لە ئاخیرەتدا بۆ کوێ دەڕۆیت؟

پێش مەسیحییەکانیش جووەکان چوار ئاستی واتایان بە دەق داوە:

  1. واتای حەرفی/ مێژوویی کە پشت بە واتاگەلی حەرفی دەق دەبەستێت.
  2. واتای روحی، کە واتاگەلی روحانی لە رێی رەمزەکانی دەقەوە بەرز دەکاتەوە.
  3. واتای مەجازی/ ئەخلاقی، کە وەسییتگەلی ئەخلاقی پیشان دەدات.
  4. واتای بالا/ ئاخیرەتی، کە دەق ئاماژەی بۆ دەکات.[4]

دڵناسی پێشکەوتنی ئەو واتایانەیە، کە لاهووتی جوو  و مەسیحی و سۆفیگەری ئیسلامی پەیدایان کرد. دەق بۆ سورەوەردی، دەبێتە ئاوێنەی راستگۆی راز و نهێنییەکانی مرۆڤ، هەروەها دەق دەبێتە رێبەر و موڕشیدی سۆفی و رێگەی نیشان دەدات.

لەم دەقەدا، “وشەی سۆفیگەری” هەوڵی سورەوەردی دەبینینەوە بۆ وردکردنەوەی واتاگەلی حاڵ و مەقامەکان و ناوەکانی تریش، چونکە ئەو واتایانە بۆ مەقامەکان و کەشفگەلی خوداوەندی دەبنە ئاماژە. تەئویلی سورەوەردی بۆ ئەو واتایانە، دەبنەوە بە بەشێک لە واتای سۆفیگەری و زمانی سۆفی لە فەلسەفەی ئیشراقدا.

ئەقڵ بە سرووشتی خۆی بە مەنتیقەوە گرێدراوە، هەمیشە پێویستی بە میتۆدێکی ئەقڵانییە تا کاری خۆی بکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەقیقەت هەر بە پەردەپۆشی دەمێنێتەوە، بۆیە لەم پەردەپۆشییەدا، زانستی دڵ دێت هاوکاری ئەقڵ دەکات، واتا لە سنووری میتافیزیکەوە دەچینە نێو میتافیزیکەوە بێ ئەوەی لە ئەقڵ دەرچین، زانینی دڵ بەرزکردنەوەی ئەقڵە، ئەمەش لە چوارچێوەی سۆفیگەریدا ئەنجام دەدرێت. واتا کە بە ناوی “دڵ” دەربڕین لە بەرزبوونەوەی ئەقڵ دەکرێت، دژی ئەقڵانییەت نییە، بەڵکو جۆرە هەستدارییەکی تر بە مرۆڤ دەبەخشێت کە لە سەرووی سرووشتی ئاسایی ئەقڵە، وەک هەستکردن بە جوانی، کە ئەم هەستە وا دەکات مرۆڤ سنووری فیزیکی خۆی بەجێبێڵێت و بەرزتر ببێتەوە.

وەک سورەوەردی لە پەرەگراڤەکەدا دەڵێت: (ئەوەی بێ بەڵگەیە بۆتی بسەلمێنم)، سەلماندنی ئەو شتانەی بێ بەڵگەی فیزیکین و لە سنووری ئەقڵی میتۆدی و مەنتیقی دەردەچن، تەنیا بە زانستی دڵ دەسەلمێندرێن. ئەم سەلماندنە ناچێتە نێو چوارچێوەی بەڵگەداریی ئەقڵانی و ماددییەوە، بەڵکو دڵ وەک باڵی ئەقڵی بەرزبووەوە بەرەو هەقیقەت، دەتوانێت بیبینێت و دواتر بۆ ئەوانی دی بیسەلمێنێت. ئەم جۆرە سەلماندنە پێویستی بەمە نییە کە زۆر بگەڕێتەوە سەر زاراوەگەلی زانایانی زانستگەلی بەڵگەدار. واتا بۆ مەنتیق و میتۆدی ئەقڵی و رێگەی مەشاییەکان، کە لە نێو ئیسلامدا پێگەیەکی گەورەی هەبوو.

سورەوەردی لە سەردەمێکدا ئەم تێزە پێشکەش دەکات، کە کاریگەرییەکانی غەزالی و عومەری سورەوەردی و گەیلانی و ئەو هێلە سۆفیگەرییەی خۆی بە شەریعەتەوە دەبەستەوە زاڵ بوو. هەروەها پێشتریش رێگەی مەشاییەکان لە نەزمی دەستەڵاتی عەباسییەکاندا کاریگەری خۆی سەلماندبوو. بەڵام لەگەڵ ئەم نەزمی بەڵگەدارییەشدا، فیقهی شەریعەت بووە بەهێزترین بەڵگە لەسەر راستی هەقیقەتی محەمەدی و کورتکردنەوەی سەلماندن لە ئایەتەکانی قورئان و فەرموودە و ئەو کەلتوورە ئیسلامییەی پەیدا ببوو. بۆیە ئەم زانستە زانستی فەقیهەکان بوو، فەقیهەکان لە ئیسلامدا، شوێنی فەیلەسوف و زانایانیان گرتەوە و خۆیان بوونە تاکە زانا لە بواری هەقیقەتدا.

سورەوەردی لە دەرەوەی ئەم دەزگەیە بیر لەم شتانە دەکاتەوە کە بە بەڵگە ناسەلمێندرێن، واتا لە دەرەوەی فیقهی شەریعەت و سنووری زانینی زاناکانی دین بیر دەکاتەوە. زانستی دڵ، لە سەرووی فیقهی شەریعەتە، بەڵکو دڵ، ئەقڵی فەقیهی شەریعەتزان بەرز دەکاتەوە بۆ ئاستێک، کە لەدەرەوەی سنووری سۆفیگەری و فیقهی ئەو سەردەمەیە. چونکە سۆفیگەری ئەو سەردەمە بە ئاشکرا بانگەشەی ئەوەی دەکرد، کە هەر زانینێک لەگەڵ شەریعەت کۆک نەبێت، نابێت خۆمانی پێوە سەرقاڵ بکەین و دەچێتە خانەی هەرتەقە و ئیلحادەوە. بۆیە ئەگەر سۆفیگەریی ئەو سەردەمە بەرگری لە شەریعەت کردبێت، سورەوەردی بە سۆفیگەرییە فەلسەفییەکەی بەرگری لە هەقیقەت کردووە. ئەمەش خاڵی جیاوازی سۆفیگەرییەکەی سورەوەردییە، لەگەڵ هێلی ئەو سۆفیگەرییەی ئەو کاتە جێبەجێ دەکرا.

لە پەرەگراڤی دوای ئەوە سورەوەردی لە یەکەم بەشدا، لە ژێر ناونیشانی (لەبارەی پێویستی دەستگرتن بە کتێب و سوننەت و ئەوەی هەقیقەت یەکە) دەنووسێت:

(یەکەم وەسییەتم بۆ تۆ، گوێڕایەڵی خودای گەورە و شکۆمەند بە، ئەوەی رووی تێ بکات پەشیمان نابێتەوە. ئەوەی پشتی پێ ببەستێت کاری کەچ نابێت، شەریعەت بپارێزە قامچیی خودایە و بەندەکاتنی بۆ رەزامەندی خۆی پێ دەهاژوێ، هەر داوایەک لە کتێب و سوننەت شایەتی لەسەر نەدرابێت، ئەوا لە بەری تیزکردن و قسەی ناشرینە. ئەوەی خۆی بە گوریسی قورئان نەگرێت، بزر دەبێ و بۆ نێو تاریکی ئەشکەوتی ئارەزوو بەردەبێتەوە.) هەروەها لەهەمان بەشدا دەڵێت: (هەقیقەت یەک خۆرە، بە زۆر دەرکەوتنی لە بورجەکاندا زۆر نابێت. شار یەکە، کۆڵانەکانی فرەن، رێگەکانیش سانا نین.)

سورەوەردی لەم بەشەدا، وەک سۆفییەکانی تر، دووپاتی دەستگرتن بە دوو شت دەکاتەوە: یەکەم- کتێب و سوننەت. دووەم- هەقیقەت یەکە.

 

لەبارەی کتێب و سوننەتەوە، پێشتر ئاماژەمان بەم خاڵەدا. لێرەدا تەنیا ئەوە دووپات دەکەینەوە، کە سورەوەردی، وەک سۆفییەکانی تر، ئەوانەی لە نێو سۆفیگەریی میللیدا، ئەزموونی سۆفییانەیان دەکرد و بە کتێب و سوننەتەوە پێوەست بوون، وەک ئەوان دووپاتی دەستگرتن بە کتێب و شەریعەت دەکاتەوە، دیارە ئەمە لە کاتێکدایە، کە سورەوەردی، لە حەلەب بووە و لەم دەمەشدا، وتوێژی تووندی لەگەڵ زاناکانی حەلەب و دیمەشقدا بووە. بەمەش ویستوویەتی نیشانیان بدات، کە ئەویش وەک ئەوان پێوەستە بە کتێب و سوننەتەوە، وەک چۆن ئێستاش، لە ئەزموونی ئەو زانا و بیرمەندانە دەبینین، کە لە بواری دینیدا کۆشش دەکەن و بە رێلادان و زەندەقە و کوفر و ئیلحاد تۆمەتبار دەکرێن، بە ئاشکرا پێوەستبوونی خۆیان بە کتێب و سوننەت و شەریعەتەوە دووپات دەکەنەوە و لە زۆربەی بارەکانیشدا سوودی نییە، چونکە بنەڕەتی جیاوازییەکە لەسەر پێوەستبوون و دەستگرتن و نەگرتن بە شەریعەتەوە نییە، بەڵکو پێوەستە بە کۆمەڵێ بەرژەوەندی دنیایی و سوود وەرگرتن لە کاریگەری شەریعەت و کتێب و سوننەت لە هۆشیاریی گشتی و کۆمەڵایەتیدا. بۆیە زۆربەی هێزەکان دەیانەوێت، هۆشیاریی گشتی لەبارەی دین و سۆفیگەری و شێخایەتی و شەریعەت و کتێب و شتی تریشەوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکار بێنن.

سورەوەردی دوای کتێب و سوننەت باسی هەقیقەت دەکات بەمەی یەکە. لێرەدا پرسیار دەکەین، ئایا مەبەست چییە لەوەی هەقیقەت یەکە؟ هەقیقەت وەک یەک خۆر وایە، کە هەڵدێت، هەموو شتێک رووناک دەکاتەوە و دیار دەدات.

هەقیقەتی بوون ئەگەر هەڵهات، بۆ عاریف کەشف بوو، ئەوا بوون و بوونەوەر، خۆر و مرۆڤ، دەبن بە یەک. بەم تێگەیشتنە کە جەوهەری ئیشراق و فەلسەفە و حیکمەتی سورەوەردییە، بە فەلسەفەی بوودایی دەگەین. سورەوەردی کە دەڵێت هەقیقەت یەک خۆرە، واتە زانین و زاتی عاریفی زانا، دەبن بە یەک، زانین و زاندراو و زانا، یەکن، وەک ئەو خۆرەی هەڵدێت و هەموو شتگەلی هەستدار و ئەقڵدار رووناک دەکاتەوە و ئاشکرایان دەکات. ئەو جۆرە زانینە، ئەو یەکبوونە بنەڕەت و رەسەنە، بوون و بوونناسی لە سنووری  شەریعەت بڵندتر دەکات. بە پایەیەکی مەعریفی بەرزتری دەگەیەنێت، ئەگەر لە شەریعەتزانیدا، هەقیقەت وەک خۆر یەک نەبێت، بەڵکو جیاواز بێت، زاتێکی هەمەکی جیا هەبێت، ئەوا لە ئیشراقناسیدا، هەقیقەت یەکە.

سورەوەردی لە کتێبی حیکمەتی ئیشراقدا، لەبارەی یەکبوون و فرەیی دەڵێت: (یەک ئەوەیە لە هیچ رووێکدا دابەش نابێت، نە بۆ پاژگەلی چەندی و سنووردار، نە بۆ پاژگەلی هەمەکی، یەک لە رووێکدا ئەوەیە کە لەو رووەدا دابەش نابێت، وەک زەید و عومەر لە مرۆڤبووندا یەکن، کە واتای ئەوەیە هەردووکیان وێنەیەکیان لە هۆشدا هەیە، بە هەمان پێوەندی پێیەوە).[5]

واتا ئەوەی لە هەموو دەگات، یەک مرۆڤبوونە، نەوەک زەید یان عومەر. بۆ ئەوەی کەسێک لە هەقیقەت بگات، دەبێت مرۆڤ بێت! ناسینی یەک بە شێوەیەکی خۆڕسک و خۆزانییەوە دەزاندرێت. نەوەک لە رێی پێناسەکاری و پێوانەکاری و مەنتیقەوە. لێرەدا سورەوەردی تا رادەیەکی زۆر لە بوودادا نزیک دەبێتەوە.

لە بوودیزمدا ناسینی (دەهارما- هەقیقەتی هەمەکی یا ئەزەلی) لە رێی جەستەوە بەدی نایەت. ئەوەی لە هەموو دەگات (یەک)ە.  یەک، یەک هەیئەتە و دابەش نابێت، ئیشراقێکی یەکبووییە. ئەو یەکە دەزانێت کەلامی راستیی هەمەکی چۆن دەبێت و گوێی لێدەگیرێت. ئەوەی یەک ببینێت وەک بوودای لێدێت. هەموو وەختێک بێ دابڕان حزووری دەبێت. لە هەموو شوێنێک دەبێت کە چاوەکانی ئێمە دەیبینێت، تەنیا وجدانی ئێمە رێگرە لە خۆزانی، واقیعیش بە هۆی ئەندێشەکانی ئێمەوە دەگۆڕێت، بۆیە ئێمە لە جیهانيش بەرجەستە دەبین، زۆر ئازاریش دەچێژین. هیچ شتێک لەم (یەک)ە قووڵتر نییە، لەرێی ئەوەوە دەتوانین رێی رزگاری خۆمان بدۆزینەوە.[6]

 ئەم (یەک)ە لای سورەوەردی و بوودیزمدا چییە؟ کێیە؟ ئەگەر لای سورەوەردی ئەو کەسە بێت، کە لە (مرۆڤبوون)دا حزووری خۆی بەدەست هێنابێت. لە بوودیزمیشدا ئەو (کەس، تاک، من، خود) بێت. ئەوا مرۆڤبوون ئەو یەکە رەها و ئەزەلییەیە کە درککردنی بوون و زانین پەیدا دەکات. لە بوودیزمدا بیرۆکەیەک هەیە دەڵێت: (هەموو ئەوەی لە دەرەوەیە بە تاک دەڵێت کە هیچ نییە. لە کاتێکدا هەموو ئەوەی لە ناوەوەیە ئیقناعی دەکات کە ئەو هەموو شتێکە).

سورەوەردی لە هەندێ لە نامە و چیرۆکەکانیدا باسی ئەو یەکە دەکات، کە فریشتەی زانین دەبینێت و پرسیاری بوون و ناسین و چارەنووس و ناوەکانی لێ دەکات. ئەو فریشتەی زانینە لەم (مرۆڤە) زیاتر نییە، کە لە ساتەکانی ئیشراقدا حزووری دەبێت، وەک چۆن رەبەنی بوودایی، کە تەماشای ناوەوەی خۆی دەکات و دەتوانێت درک بە یەکبوونی خۆی بە بوون بکات، ئەو درککردنە لە خودەوە دێت.

لێرەدا (مرۆڤبوون)ی سورەوەردی و (تاکبوون، کەسبوون، منبوون)ی بوودایی لە (خود)ەوە کورت دەبێتەوە. خودێک سنوورکانی تاکبوون و کەسبوون و منبوون و مرۆڤبوون تێدەپەڕێنێت. چونکە ئەم ناوانە هەمیشە لە رێی جیاکردنەوەی سنوورەکانی لەگەڵ ئەوانیدی پەنا دەباتە بەر ئەوانیدی بۆ ئەوەی خۆی لەوان جیا بکاتەوە و پێویستی بە هێزێکی دەرەکی هەیە تا سنوورەکانی خۆی بپارێزێت.

ئەم خودەی مرۆڤ لێرەدا دەیگاتێ، ئەگەر چی لە ناواخنی (مرۆڤبوون)دایە، (خودێکی میتافیزیکییە) و جیایە لەو خودەی سایکۆلۆژیا دەتوانێت بیناسێت. خودی میتافیزیکی دەتوانێت هەقیقەت بناسێت، بە باری (نێرڤانا[7]) دەگات، ئەم بارە وێنەیەک بە کاملبوونی مرۆڤبوون دەبەخشێت، کە لە دوو بەشی سەرەکی پێکدێت یەکەمیان چاکەیە و دووەمیان حیکمەتە. باری نێرڤانا بە چاکە و حیکمەت پەیدا دەبێت.

حیکمەت لە بووداییدا واتا تێگەیشتنی قووڵی فەلسەفی بۆ باری مرۆیی. کە لە رێی رامانکردن و بیرکردنەوەی قووڵەوە پەیدا دەبێت. واتە جۆرێکە لە ناسین و زانینی روحی، کە راستەوخۆ هەقیقەت تێدەگات، لەگەڵ وەختیش قووڵتر دەبێتەوە و دواتر وەک بوودا لە ئاگاییدا بە پێگەیشتنی کاملی خۆی دەگات.

مرۆڤبوونی سورەوەردی و نێرڤانای بوودا، ئەو (خودە)یە، کە راستەوخۆ و بێ پشتبەستن و وابەستەبوون بە هیچ شتێک، چاوی دەکرێتەوە و بوون و زانین دەزانێت. ئەم چاوکرانەوەیە بەسەر هەقیقەتدا سنووورەکان دەبڕێت و وەک (راز)ێک خۆی بەیان دەکات کە لەهیچ ناوێک و تێگەیشتنێکدا سنووردار ناکرێت.

 

بەگەڕانەوە بۆ پەرەگراڤەکەی سورەوەردی لە (وشەی سۆفیگەری)دا، پەرەگراڤی (١٩) کە تێیدا هاتووە:

(جارێکی تر دەڵێت: درکت بە یەکی رەها کردووە، -کە شتێکە لە بنەچەدا دابەش نابێت- ئەگەر هاتبا و وێنەکەی یا هەیئەتەکەی لە لەشێکدا بوایە، ئەوا بە زەروورەت لەبەر دابەشبوونی جێیەکەی دابەش دەبوو. لەو کاتەدا تۆ درکت بە یەکی لەبنەچە دابەشنەکراودا نەدەکرد. کە درکت پێ کرد، ئەوا درککپێکراو لە رەهەندەکاتن و پێوەبەستەکان بێگەردە. حەکیمیش بە (رەوانی بیرکەرەوە) ناودێری کردووە، سۆفیش بە (راز)، (روح)، (وشە) و (دڵ) ناودێری کردووە. وردکردنەوەی وشە ئەمەیە: خودێکە لەشی نییە و لەشدار نییە، لە هیچ جێیەکدا نییە، درکپێکراوە، هەڵسوکەوت لە لەشدا دەکات.)

ئەو یەکەی لە هیچ جێیەکدا نییە، لەو ناجێیەدا، ئەو (راستییە هەیە کە مرۆڤ ئازاد دەکات[8])، لە بوودیزمدا هەموو ئەو کێشە و پرسیارانەی بە شێوەیەکی مەنتیقی وەڵام دەدرێنەوە، رواڵەتین و بە قوڵایی درککردنی مرۆیی ناگەن، بیرکردنەوە خزمەتی ئامانجە جۆربەجۆرەکانی ژیانی کەسەکان دەکات، بەڵام چارەسەری کێشەی جەوهەری کەس ناکات و ناتوانێت وەڵامی پرسیاری ژیان و مردنی بداتەوە! بیرکردنەوە لە بووداییدا ئەگەر سوودێکی هەبێت، ئەوەیە کە بوودی دەزانێت بیرکردنەوە و دەستکەوتەکانی بیرکردنەوە تا سنووری داخران و دەستەوەستانی دەبەن. وەک ئەوەی کەسێک بەسەر ستوونێکی بەرز دەکەوێت و کە دەگاتە ترۆپکەکەی دەبێت لەوێدا واز لە ترس و لەرز بێنێت و خۆی فڕێبداتە بۆشایی! لە ساتی خۆفڕێدانەکە ئازاد دەبێت و درک بە شکۆڤەکردنی گوڵەکە دەکات! بیرکردنەوە ناتوانێت ئەم خۆفڕێدانە ئەزموون بکات، چونکە مەنتیقی شتەکان بڕوای بە بەردەوامی هەیە نەوەک خۆفڕێدانە بۆشایی! بە ئەقڵانیکردنی شتەکان دەمانگەیەنێتە سنوورێک کە بزانین دەتوانین بێهودە تا کوێ بڕۆین؟

ئەو ئیرادەیەی وا دەکات لە بەرزییەوە بە ئازادی و بێ ترس خۆت فڕێ بدەیتە بۆشایی، ئیرادەی تایبەتی یەکە. لە بووداییدا هەموو شتێک ئیرادەی تایبەتی خۆی هەیە، کە هەین ویستمان هەیە و دواتر دەبینە ئەوەی دەمانەوێت. ئەو ئیرادەیەی هەموو ئیرادەکاتنی تری لێ پەیدا دەبن، کە بێکۆتایی جۆراوجۆرن، پێی دەوترێت (نەستی گەردوونی، یان ئەنتۆلۆژی)، کە سەرچاوەی تواناگەلی لەبننەهاتووە. لێرەدا درککردن پێوەندی بە نەستەوە هەیە کە سەرچاوەی درککردن و پەیبردنە بە راستی. وەک ئەو یەکەی لای سورەوەردی، درکپێکراوە و هەڵسوکەوت لە لەشدا دەکات، تا ئاستی خۆفڕێدانە نێو بۆشایی!

سورەوەردی دەڵێت: (هەقیقەت یەک خۆرە، بە زۆر دەرکەوتنەکانی لە بورجەکاندا زۆر نابێت. شار یەکە، کۆڵانەکانی فرەن، رێگەکانیش سانا نین.[9])

(د. ت سوزوکی) لە کتێبی (التصوف البوذي و التحليل النفسي)دا، دەڵێت: (باشوی شاعیر ١٦٤٤-١٦٩٤) لە هایکۆیەکدا دەڵێت:

کاتێ دەڕوانم

دەبینم نازونا لەسەر تانۆکەکە

گوڵی گرتووە!

 

سوزوکی دەڵێت: پێش هەموو شتێک (باشو) وەک شاعیرەکانی خۆرهەڵات، شاعیری سرووشت بوو. ئەوان سرووشتیان زۆر خۆشدەوێت، تا رادەی ئەوەی درک دەکەن لەگەڵیدا یەکن. هەست بە هەموو ترپەیەک لە ترپەکانی خوێنی دەکەن. بەڵام خۆرئاواییەکان زۆربەیان بەرەو نامۆبوونی رەوانی خۆیان لە سرووشتدا لار دەبنەوە. ئەوان پێیان وایە شتێکی هاوبەش لە نێوان مرۆڤ و سرووشتدا نییە. تەنیا لە هەندێ لایەنی خوازراوەوە نەبێت. سرووشتیش تەنیا بۆ قازانجکردنی مرۆڤ هەیە. لە کاتێکدا سرووشت لە خۆرهەڵاتییەکان زۆر نزیکە، ئەم هەستکردنە بە سرووشت (باشو) رادەچەنێ، کە شکۆڤەی گوڵێکی شاراوە و فەرامۆشکراو لەسەر کۆنە تانۆکێکی شکاو لە گوندێکی دوور بە بێگەردییەکی توند و بێ دەنگەدەنگ یا ئارەزوو یا بێ ئەوەی کەس تێبینی بکات، دەبینێت! لەگەڵ ئەمەشدا کە مرۆڤ تەماشای دەکات، لە ناسکی پڕ دەبێت، لە شکۆمەندی و سەروەرییەکی گەورەتر لە شکۆمەندی و سەروەری سلێمان سەرڕێژ دەبێ! تەوازوع و جوانییە بێ فیزەکەی، ئیعجابی راستەقینە لای مرۆڤ زیندوو دەکاتەوە. شاعیر دەتوانێ لە هەر کەدێکدا قووڵترین نهێنی زیندووبوون و بوون بخوێنێتەوە! رەنگە (باشو) خۆی لە خۆیدا هۆشیاری بەم شتە نەبووبێت، بەڵام من دڵنیام لەم ساتەدا بە هەستێکی نزیک لەوەی مەسیحییەکان پێی دەڵێتن خۆشەویستی خوایی دەلەرزی، کە بە پەنهانییەکانی ژیانی گەردوونی دەگات[10].)

لەم پەرەگراڤەی (سوزوکی)دا، چەندین پنتی گرنگ لە بارەی سرووش و زانین و ساتی زانین و عاریف و زانا درووست دەبێت. سەرەتا ئەم پرسیارە دێتە پێش: (ئەوەی لێرەدا تەماشای ئەم گوڵە دەکات کێیە؟) بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، لە پەرەگراڤەکە و هەروەها لە تەواوی وتارەکەی سوزوکی تێدەگەین. ئەوەی تەماشا دەکات، کەسیی شاعیر نییە، بەڵکو خودە. ئەوەی تەماشایش دەکرێت، سرووشتە نەوەک ژینگە! واتا سرووشت هێشتا سرووشتە و لەگەڵ مرۆڤدا لە نێو یەکبوونێکی گەردوونیدایە، نەبۆتە ژینگە تا مرۆڤ وەک بابەتێکی قازانجدەر سەودای پێ بکات.

لێرەوە ئێمە دەتوانین بچینە نێو باسێکەوە کە پێوەندی نێوان سرووش و هەق، سرووش و جوانی، شیعر و ئیلهام. خود و بینین دەورووژێنێت.

ئەم پرسیار و باسانە لە نێو سۆفیگەریدا، لای سورەوەردیشدا ئامادەن. رەگەکانیشی بۆ (هێرمس) دەگەڕێنەوە، کە سورەوەردی پایەیەکی تایبەتی بەم زاتە دەدات، هەروەها بزاوەکانی گنووسی. دواتر لای (سوکرات) و (پلاتۆ) و پلاتۆنیزمی نوێ و لە ئاسیاشدا، لە سۆفیگەریی بوودیزمدا، کە دیسان سورەوەردی ئاگاداریێتی، ئەم رەگانە تێکەڵ بە نووسینەکانی سورەوەردی دەبنەوە.

بابەتی خود و کەس، لای فەیلەسوف و سۆفییەکان دەگاتە ترۆپکی پێگەیشتن، لە مردنی (سوکرات) و (حەللاج) و (سورەوەردی) و هەروەها لە ژیانیشیاندا، ئەم جیاکردنەوە و پێداگیرییە مەعریفییە دەبینینەوە کە ئەوەی گرنگە و راستە  هەقە، خودە نەوەک کەس! بە واتای ئەوەی ئەمەی (دەمرێت) کەسەکەیە، کە رووی لە دەرەوەیە و بە دەربڕینێکی تر کەسە (خۆرئاوا)یەکەیە بە پێی نووسینەکەی (سوزوکی) ئەوەی دەمێنێت و باڵا دەکات خودە (خۆرهەڵات)یەکەیە. بۆیە مردنی کەس، مردنی ماددە رووداوێک نییە پێوەندی بە سرووش و زانین و درککردنی راستییەوە هەبێت.

لە بارەی سرووش و هەق و زانینی راستەقینە، خود دەتوانێت درک بەم هەقیقەتە بکات، نەوەک کەس. ڕێڕەوە زانستی و ئەقڵی و هەستدارەکان، ئەوانەی ناچنە نێو زانینی رەوانەوە، ناتوانن درک بەم راستییە بکەن، چونکە ناتوانن ببنە خاوەن سرووش و ئیلهام. مرۆڤێک کە لە کەسبوونی خۆی دەرنەچێت و نەبێتە خود. ناتوانێت هەق بناسێت.

کاتێ درککردنی مرۆڤ، دەگاتە هەق ناسین، دەزانێت هەر شتێک بۆی هەیە جۆرێک لە حیکمەتێکی خواوەندی (باڵا – متعالی) تێدا بێت. با ئەو شتە گوڵێکی نازونای بچووکی پشت تانۆکێکی شکاوی گوندێکی دوور بێت. واتا کاتێ مرۆڤ شاعیرانە یا سۆفییانە درک دەکات، وەک (باشو) درک دەکات! دەزانێت هەتا گەڵایەک شتێکی باڵاتری لە هەستگەلی مرۆیی تێدایە! ئەم شتە باڵایە مرۆڤ بەرەو جیهانێکی شکۆمەند و سەروەر دەبات.

جەختکردنەوە لە سەر زانینی خودی، لە رێی ئەو سرووشەی لەم ساتەدا پەیدا دەبێت، کە ساتێکی ئیشراقییە و لەگەڵ خۆیدا رووداوێک یا راستییەک رووناک دەکاتەوە. لە رێی هەست و ئەقڵەوە نییە. لە رێی بەڵگەیەکی دەرەکی نییە، جا چ لەدەرەوەی گوڵەکە بێت یا لەدەرەوەی خودی شاعیر- سۆفی بێت. بەڵکو زانینێکی ناوەکییە. خود خۆی و گوڵەکە ناکاتە دوو شت، دوو پارچە، یا گوڵەکە بکاتە بابەت و لەدەرەوەی خۆی بۆ ناسین و زانینی سنوورەکانی دایمەزرێنێتەوە. ئەم جۆرە زانینە، یەکسەر بە یەک جار، دەرژێتە دڵی عاریف، بێ بەڵگە و پێشەکی. بە شێوەیەک خود بە پایەی رەهابوون دەگات، کە گوڵ و خود دەبن بە یەک. واتا ئاوێتەبوونێک لە نێوان خود و بابەت پەیدا دەبێت و دەیکا بە یەک. یەکیش لای سورەوەردی، وەک بینیمان، هەقیقەتە.

 

 

 

 

پەراوێز و سەرچاوەکان:

[1] السهروردي. المؤلفات الفلسفية و التصوفية 1 التلويحات اللوحية و العرشية (العلم الثالث) تحقيق هنري كوربان، منشورات دار الجمل. 2012 ص 64  

[2] سورەوەردی، کتێبی حیکمەتی ئیشراق، وەرگێڕانی هۆشەنگ شێخ محەمەد، لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی فێربوون، ٢٠٢١ ل ٢٠٦

[3] بڕوانە هۆشەنگ شێخ محەمەد، ئەپیستمۆلۆگی لای سورەوەردی، بڵاوکراوەکانی پڕۆژەی رێگە، ژمارە ١٦، ساڵی ٢٠٢١

[4] بڕوانە تأملات في التصوف و الحوار الديني. أ.د سكاتولين. الهيية المصرية العامة للكتاب. 2013 ص260

[5] بڕوانە سورەوەردی، حیکمەتی ئیشراق. وەرگێڕانی هۆشەنگ شێخ محەمەد، لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی فێربوون، ٢٠٢١  ل ١٤٥

[6] بڕوانە د.ت. سوزوكي. التصوف البوذي و التحليل النفسي. ترجمة: ثائر ديب. ل ٩١

[7] نێرڤانا: وشەیەکی سانسکرێتییە واتای کوژانەوە و دامرکاندنەوە دەدات، لە بوودیزمدا واتای گەیشتن بە بارێکی باڵا دەدات، لە رێی ئازادبوون لە ئارەزووی تاکدا. هەموو خودپەرستییەک لە خۆی دادەماڵێت تا لەگەڵ رەوانی هەمەکی یەک بگرێتەوە. هەروەها وەک بارێکی سێیەم لە پاڵ بوون و نەبوون تەماشا دەکرێت.

[8] بڕوانە د.ت. سوزوكي. التصوف البوذي و التحليل النفسي. ترجمة: ثائر ديب. تقديم: وفيق خنسة، دار الحوار للنشر و التوزيع، سورية، الطبعة الثانية 2007 ص ١٢٧

[9] بڕوانە شهاب الدين السهروردي، المولفات الفلسفية و الصوفية، الالواح العمادية، كلمة التصوف، اللمحات، تحقيق الدكتور نجفقلي حبيبي، منشورات الجمل، ص 112

[10] بڕوانە د.ت. سوزوكي. التصوف البوذي و التحليل النفسي. ترجمة: ثائر ديب. تقديم: وفيق خنسة، دار الحوار للنشر و التوزيع، سورية، الطبعة الثانية 2007 ص ٢٦

 

 

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین – بیروڕاكانی بابه‌ت و ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌