
هەرچەندە پێشتر زۆر هاوار کراو گەلێکمان گووت کە لە ئێستادا کاتی ڕیفراندۆم نییە، لەبەرنەبوونی پاڵپشتی نێودەوڵەتی و ئاشتەوایی نیشتیمانی و پەڕلەمانێکی لەکارخراوو پاشان بە زۆر کۆکراوەو نیوە ناچڵ شەرعیەت درا بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم. بەهەرحاڵ کراو زۆربەشمان وەک ئەرکێکی ئەخلاقی ونیشتیمانی ونەتەوەیی دەنگمان (بەڵێ) بوو بۆ سەبەخۆیی کوردستان. بهڵام بە پێچەوانەی پێشبینیەکانی هەرێم بەمەبەستی گفتووگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لەسەر (بنەمای ڕیفراندۆم) کەچی هەر لە دوای ڕیفراندۆمەکەی ٢٥ی ئەیلولەوە بەغدا داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆمەکە دەکات و ئەو داوایەشی کردووە بە مەرج بۆ دەستپێکردنی دانووستان لەگەڵ هەرێمدا، هەر بەوەشەوە نەوەستاو هێزی سەربازی بەکارهێناو هێرشیکردە سەر هەرێم بەمەبەستی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکەی.
دادگای فیدراڵییش لەجاری یەکەمدا ڕایگەیاند کەناتوانین بڵێن (نا-دەستوریە) چونکە ڕای لایەنی بەرانبەرمان وەرنەگرتووە، بەڵام لە ژێر فشاری حکومەتی عێراقی ولایەنە شیعیەکاندا بەپەلە ڕایگەیاند دەستووری عێراق ڕێگە بە جیابوونەوەی هیچ هەرێمێک نادات و جەخت لەسەر یەکپارچەیی خاکی ئێراق دەکاتەوە، ئەو ڕیفراندۆمەی هەرێم ئەنجامیداوە نادەستوریە!
بهڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە “ئەگەر بەغدا هەروا سوربێت لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم، ئایا حکومەتی هەرێم لە ڕووی یاساییەوە چۆن دەتوانێت ئەنجامی ریفراندۆمەکە هەڵوەشێنێتەوە”؟
بەبۆچوونی شارەزایانی یاسایی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم نە لە دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمدایە و نە لە دەسەڵاتی پەرلەمانیشدایە، بەپێی ئەم بۆچوونە دەبێت هەڵوەشاندنەوەکەى بەو ڕێکارە یاسایانەدا تێپەڕبێت کە ڕیفراندۆمەکەی پێکراوە، واتە تەنیا گەل مافی هەڵوەشانەوەی ئەنجامی ریفراندۆمی هەیە.
بە بۆچوونی شارەزایانی یاسایی دەبێت سەرەتا بڕیاری هەڵوەشانەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆم ببرێتە پەرلەمانی کوردستان، پەرلەمانیش خۆی ئەو دەسەڵاتەی نییە ڕاستەوخۆ ئەنجامەکەی هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام دەتوانێت بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمێکی دیکە بدات، کە لەو ڕیفراندۆمەدا پرسیار لە خەڵک بکرێت؛ ئایا ڕازین بە هەڵوەشانەوەی ئەنجامی ریفراندۆمەکەی ٢٥ی ئەیلول یان نا؟
دواتر ئەگەر هات و ڕیفراندۆم دووبارەکرایەوە دەبێت لە هەموو ئەو ناوچانە بکرێتەوە کە لە ڕۆژی ٢٥ی ئەیلولدا بەشدارییان لە ڕیفراندۆمدا کردبوو. جگە لەوەش، دەبێت زۆرینەی دەنگدەران دەنگ بدەن بە هەڵوەشانەوەی ئەنجامی ریفراندۆمەکەی ٢٥ی ئەیلول / 25.09.2017 . خۆئەگەربە پێچەوانەوە ئەگەر میللەت دەنگی دایەوەو جارێکیتر بەڵێ بردیەوە ئەوە ئەوکاتە بەناچاری حکومەتی عێراقی ناچارە دان بنێت بە ئەنجامەکەیدا.
حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنها دەتوانێت بڕیاری سڕکردنی بدات، بەهیچ شێوەیەک ناتوانێت بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بدات، لە بەر ئەوەی گەل گەورەترین مەرجەعی بڕیارەو هیچ دەسەڵاتێکی دیکە بۆی نییە بڕیاری گەل هەڵوەشێنێتەوە خۆی نەبێت. جگە لەوەش لە وڵاتانی دیکە ئەزمونی هەڵوەشانەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆمیان هەیە، کە لەهەموویاندا (تەنیا گەل) لەڕێگهی ڕیفراندۆمێکی دیکەوە ئەنجامی ڕێفراندۆمەکەی پێشوویان هەڵوەشاندووەتەوە.یاخود ڕیفراندۆمەکەیان سڕ کردووە.
بۆ پاڵپشتی زیاترو ڕەوایی دان بەئەنجامی ڕیفراندۆمەکەی کوردستان،لەدەستوری ھەمیشەیی ساڵی ٢٠٠٥ی عێراقدا بەم جۆرە باس لەم بابەتە کراوەو دەتوانین پشتی پێ ببەستین ودەڵێت:-
١. عێراق پابەندە بە یاسای نێودەوڵەتیو ڕێککەوتننامەو پەیماننامە نێودەوڵەتییو کارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، بەو پێیەی عێراق ئەندامە لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا.
٢. عێراق ھەردوو “پەیماننامەی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافە مەدەنیو سیاسییەکان” لە ١٦/کانونی یەکەمی ١٩٦٦، و “پەیماننامەی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافە ئابووریو کۆمەڵایەتیو کەلتورییەکان” لە ١٦/کانونی یەکەمی ١٩٦٦. بە بێ ھیچ خۆگرییەک (تحفض) واژۆ کردووە.
٣. لە دەستوری عێراقدا ھیچ دەقێکی ناچاری بۆ یەکێتی خاکی عێراق بەڕاشکاوی نەھاتووە. بەڵکو ئەوە لە دیباجەی دەستوردا ھاتووە، پابەندبوون بەم دەستورەوە یەکێتی خاکی عێراق دەپارێزێت.
٤. لە کۆتایی دیباجەی دەستوری ھەمیشەیی ساڵی (٢٠٠٥)ی عێراقدا ھاتووە “پێکھاتەو لایەنەکان بەئارەزوومەندانە چارەنوسی خۆیان بە عێراقەوە گرێداوە…”، ئەم دەقە یاساییە ئەو ھەلەش دەرەخسێنت کە ھەرێم بە ئارەزوومەندانە لە عێراق جیا ببێتەوە.
پسپۆڕێکی بواری یاسایی دەستووری و شارەزا لە بواری دیزاینی دەستوورییدا دەڵێت:-
((ھەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستان بە ھیچ شێوەیەک یاسایی و دەستووری نییە، چونکە، یەکەم ئەو دەسەڵاتەی کە ڕیفراندۆم ھەڵدەوشێنێتەوە خۆی دەخاتە جێگەی میللەت، ئەمەش لە سیستەمی دیموکراسی و فیدراڵیزمدا جێگەی نابێتەوە و دژ دەوەستێتەوە لەگەڵ پڕەنسیپی دیموکراسیی نوێنەرایەتیدا. پاشان بەرزترین دەسەڵاتی فیدراڵی لە عێراق کە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقە، نەک ناتوانێت ڕاپرسی ھەڵبوەشێنتەوە، بەڵکو ناتوانێت یاسایەکی نادەستووریی عێراق ھەڵبوەشێنتەوە، بەڵکو دەتوانێت پەکيان بخات. ئەگەر یاسا نادەستوورییەکە شوێنەواری ھەبوو، بهكارنههێنان (عدم تطبیق) یان پهكخستن (تعطیل) بەکار دەھێنێت، ئەگەر شوێنەواریشی نەبوو، ئەوا بانگهشهی نادهستووری بوونی دهكات (اعلان عدم الدستووریە). بەواتایەکی تر، (الغاء) یان ھەڵوەشاندنەوە، بەو واتایە دێت؛ کە پڕۆسەکە لە بناغەوە ھەڵوەشێنێتەوە، بەشێوەی (اثری رجعی)، بەڵام “تعطیل” یان “عدم تطبیق” بەو واتایە دێت کە یاساکە وەک خۆی دەمێنێتەوە، بەڵام کاری پێ ناکرێت و پێویستە پەرلەمان خۆی دووبارە ھەمواری بکاتەوە کە بگونجێت لەگەڵ رۆحی دەستووردا ))
کەواتە:-ئهنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ دیاریكردنی داهاتوو، مافێكی سروشتی و یاساییی گهلی ههرێمی كوردستانه و لهم پرۆسهیهدا خهڵك دهنگی بۆ سهربهخۆیی داوه بۆیه ههڵوهشاندنهوهی ئهنجامی ڕیفراندۆم ههروهك بهرپرسان له بهغدا وهك مهرجێك بۆ دهستپێكردنی گفتوگۆ لهگهڵ ههولێر دایانناوه، كارێكی مهحاڵه.
سهرچاوه ؛
لهواڵی بهڕێز پارێزەر: لوقمان مصطفی صالح.
