سوكرات - كاریكاتور

Loading

عیفریتێکی تەواو نوێ، کە ناوی سوکرات بوو…. –
نیتچە؛ لەدایکبوونی تراژیدیا

-بەو پێیەی ئۆردادێک بە تەرزێکی نائاسایی قیرسچمەیە و هەرگیز ناگیرێت.”
کافکا؛ گرنگیپێدانەکانی پیاوێکی خێزاندار.

 

 

سۆکراتێس: دابەشی دوو وشە دەبێت، یەکەمیان “سۆس”(بە مانای: ساغ، بریندارنەبوو، سەلامەت)، دووەمیشیان “کراتۆس”(بە مانای هێز). بێگومان هیچ کەسێک خۆی بەم وردەکاریانەوە سەرقاڵ ناکات گەر بوونەوەرێک بوونی نەبێت بەناوی سوکراتەوە. دیۆجێنسی ئەیریتی، بەرواری پەیدابوونی ئەم بوونەوەرە دەگێڕێتەوە بۆ ڕۆژی شەشەمی تارگێلۆن، ئەو ڕۆژەی ئەسیناییەکان شارەکەیان پاککردەوە. هەندێکی تر پێیان وایە کە لە ٤٧٠ بۆ ٤٦٩ی پێش زایندا، یان لە ٤٦٩ بۆ ٤٦٨دا، کە دووەمیان دەکاتە ساڵی چوارەمی ئۆڵۆمپیادی حەفتاوحەوت، بۆ یەکەمین جار ئەم مەخلوقە سەیروسەمەرەیە دەردەکەوێت.

 

سوكرات – كاریكاتور

لە یەکەم بینیندا، یەکێک وادەزانێت کە سوکرات مرۆڤێکی ئاساییە و بە هەر هۆیەک بێت، یان بەهۆی هەر پشێویەکی دەروونییەوە بێت، لەسەر زەویەکە کەوتووە و پشتی کۆم کۆم کردووەتەوە، قاچی ڕاستی لە مل کردووە، قاچی چەپیشی لە کڵاوەی ئەژنۆیەوە نوشتاندووەتەوە و کردوویەتی بەنێو کونی کۆمیدا و تا ئاستی ناوەڕاستی پوزی بردووەتە ناوەو و هەردوو دەستیشی، بەژێر ڕانی چەپیدا، واتە لە نێوان ڕانی و پووزیدا، پووزی لەو شوێنەوە کە چیتر لە کۆمیدا نییە، بردووە و پاشتر هەردووکیانی هێناوەتەوە بۆ گوێچکەکانی، بە تەرزێک کە گوێی چەپی بە دەستی ڕاستی گرتبێت و گوێی ڕاستیشی بە دەستی چەپ.

بەڵام من پێم وا نییە مرۆڤی ئاسایی بتوانێت بە درێژایی ئەزەل لەو شێوەیەدا بێت، گومانم نییە کە خەڵقەتی سرووشتیی ئەو بونەوەرە هەر وایە، بەڵام خەڵقەتێک کە هەم تەواوە و هەم ناتەواو، خەڵقەتێک کە تەواوە لە ناتەواویی خۆیدا: گەر قاچی چەپی لە کۆمیدا نەبوایە و ئەویشیانی لەملی کردبا، ئەوا بەهۆی گرمۆڵەبوونیەوە دەیتوانی ناڕێک گلۆر ببێتەوە و دەکرا حسابی تۆپێکی زیندووی بۆ بکەین؛ گەر قاچی ڕاستیشی، هاوشێوەی قاچی چەپ، بە نوشتاوەیی لە کۆمیدا بوایە، ئەوا دەیتوانی لەسەر کڵاوەی ئەژنۆی، بە وردە هەنگاوی کورت و هەمیشە شکستخواردوو، لە سەعاتێکدا چەند مەترێک ببڕێت، بێگومان ئەمەش لەسەر حسابی ئەو ئازارە کوشندەیەی لە کۆمیدا درووست دەبێت، گەرچی ئەو خۆی دەڵێت ئێرە(بە ئێمەشەوە و بە ئازاریشەوە) تەنها وەهمێکە و نەخۆشیەکە؛ یان دەکرا دەستەکانی بەنێوان ڕانی و پوزیدا نەبرابان بۆ گوێچکەکانی، بەڵکو لەبری ئەوە ڕۆڵی قاچیان بدیبا، واتە نیمچە گرمۆڵەبوو، لەسەر دەستەکانی هەنگاوی بنابا؛ بۆیە ئەگەری زۆرە کە ناتەواویی ئەم بوونەوەرە تەواوێتیی تەواوی بێت. هەر وەکو کارێکی هونەریی باش، ڕەنگە وەزیفەی سوکراتیش بێوەزیفەییەکەی بێت، تەواویی سوکرات لە ناتەواوییەکەیدا بێت. بەڵام بێوەزیفەیی وەک وەزیفەداری، ناتەواوی وەک تەواوی، ڕەنگە پێناسەی هەموو شتە ئاڵۆز و قوڵەکانی تریش بێت، بۆ نمونە ژیان.

 

سوکرات بە ڕۆژ ژیانی لێ تێکداوم، سوکرات بە شەو لە خەوی کردووم. بەیانیان، پاش لەخەوڕابوون، دێمە خوارەوە و لە بەردەم کۆتا پلیکانەدا دەیبینم. کاتێک نان دەخۆم، لەژێر مێزەکەوە سەری لە قاچم دەخشێنێت. منداڵەکانم دەترسێنێت، ژنەکەم لە بەردەم ترسناکیی و نابوتیەکەیدا تەنها گریانی بۆ ماوەتەوە. جار جار، بۆ ماوەی هەفتە و تەنانەت مانگیش، دیار نامێنێت. بە خۆم دەڵێم ڕەنگە بچێت بۆ لای خەڵکانی تر و بۆ ماڵانی تر، بەڵام دواتر دەگەڕێتەوە، سوکرات هەمیشە دەگەڕێتەوە. بە دەنگێکەوە کە دڵنیام بەرهەمی گەروو نییە، پرسیاری قۆڕ و بێمانا لە منداڵەکانم دەکات دەربارەی زانین، دانایی، دادپەروەری و شتی تریش، دواتر پرسیاری تر لە منداڵەکانم دەکات دەربارەی وەڵامەکانیان بۆ پرسیارەکانی ئەو، منداڵەکانم شێت دەکات، خۆشی پێیان پێدەکەنێت، پێکەنینێک کە دڵنیام بەرهەمی سندووقی دەنگ نییە.

 

من لەبەردەم کۆمپیوتەرەکەمدا دانیشتوم، دوا پەرەگرافەکانی ڕۆمانی “تەمی سەر بەیازەکان” دەنووسم، دڵنیام کەمێکی تر دێت و بە پێکەنینەکەی، کە زیاتر لە بەربوونەوەی وردە شووشەی شکاو دەچێت لە بەرزاییەکەوە بۆ سەر زەوی، بەرم دەداتەوە نێو خۆم، چونکە لەگەڵ کۆتاییهێنان بە هەر دەقێکمدا، کاتێک دەگەڕێمەوە یەکەم لاپەڕە و لەژێر ناونیشانەکەیدا، بە پەشیمانیی و دڕدۆنگیەوە، وەک ئەوەی من نەبم، دەنووسم “زاموا محەمەد”، دێت و قاقا تیژەکەی وەردەداتە وجوودم. بە تەواوی دڵنیام کە “تەمی سەر بەیازەکان” دوایین دەقمە فریای نووسینی بکەوم؛ لەناوەوەی جەستەم ڕاستەوخۆ هەست بە شوێنەواری کوشندەی ئەو سەدان هەزار جگەرەیە دەکەم کە بە درێژایی کەمتر لە نیو سەدەی دوکەڵاویی کێشاومن، لە دەرەوەی جەستەم بە ڕوونی شوێنەواری ئەو هەموو شوشەی کوحولە دەبینم کە بە درێژایی کەمتر لە نیو سەدەی لێڵ لەدوای خۆمەوە هەڵمچنیون، بۆیە دڵنیام کە چیتر چێژی لەبننەهاتووی ڕێکخستنی ڕستە و داڕشتنی پەرەگرافم پێ ڕەوا نابینرێت و بەر لەوەی تاڵی سپی بە خۆمەوە ببینم، دەمرم. لەخۆم دەپرسم کە ئاخۆ سوکرات دەبێت چی بەسەر بێت؟ داخۆ ئەویش کۆتایی دێت؟ بەڵام بیر دەکەمەوە کە هەر شتێکی ڕوو لە مردن، یان ڕوو لە کۆتاییهاتن بە زەروورەت ئامانجێک، وەزیفەیەک، چالاکیەکی هەیە، بۆیە لەو بڕوایەدا نیم ئەو بڕوات، دەشێ ئەو تاهەتایە بێت و بچێت، لەم ماڵەوە بۆ ئەو ماڵ، لەم خێزانەوە بۆ ئەو خێزان، لە منداڵەکانمەوە بۆ منداڵی منداڵەکانم و تا دوایی. من بەسەر دەچم و ئەو دەمێنێت، من تێدەپەڕم و ئەو هەر لێرەیە؛ لە دەرەوەی هەموومان، مەخلوقێک، هێزێک، بابەتێک، پەیوەندیەک، بونیادێک، جێگیرە و دەمێنێت.

 

 

 

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین – له‌سه‌ر داوای نوسه‌ر خۆی –
ڕێنوس و خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌ نوسه‌ر خۆی.