Loading

١

لێتان ناشارمەوە، زۆر لە گەڵ بەفردا پەیوەندیم هەیە، هەموو کەس وا تێگەیشتووە شێتم، هاوسێکانم وەک کەسێکی سەیر ته‌ماشام ده‌كه‌ن، بەڵام  قەت  حه‌زم له‌ ڕاكانی ئه‌وان نه‌بووه‌ و گرنگیش لام چی ده‌ڵێن. بەفرم خۆشده‌ەوێت، چونكه‌ بەفر ڕەنگێکی پێ بەخشیوم. هیچ   ڕەنگێکی ئه‌م دونیایه‌ ئه‌وه‌ندهی به‌فر لای من ‌ مانای گه‌وره‌ی نییه‌ . شەو وڕۆژ  بە دوای بەفردا دەگەڕێم، سه‌یر له‌وه‌شدایه‌  باوکیشم وا بوو،  ته‌نانه‌ت باپیریشم ئاوا ڕۆژگاری تێپەڕ ئەکرد… بەفر هەر ئەوە نییە کە ئێمە دەیبینین، یان ئەو ساردییە نییە کە هەستیپێدەکەین.  شتەکە لەوە گرنگترە، نازانم بۆشم  گرنگ نییە کەس لێم تێدەگات یان نا.  من هەر لە بەیانیەوە هەتا ئێوارە لە گەڵ بەفر دەژیم، ڕۆژێک سەد جار خۆمی تیا ئەتلێنمەوە، ئەم سەرو و ئەو سەری شیوەکان تێپەڕدەکەم، هەزار جار دەکەومە شوێنی جێپێکانم، و هێندە  هاتوچۆم به‌ناو بەفر کردووە، سەگە بەرەڵاکانیش لێم ناترسن. ته‌نانه‌ت ئەوانیش کەوتوونەتە کایە  لەگەڵم، جار جار منیش وەگ سەگەگەکان گەفە گەف ئەکەم. ئای چەن خۆشە لەم شارە دوور دەکەومەوە.

بەفر گۆرانیم بۆ دەڵێت، تەنیا من و سەگەکان تێیدەگەین. گورگم نەدیووە، ماوەیکی زۆرە گورگ نابینم، کەروێشکیش خۆی ناخاتە بەر چاو، تەنیا من و سەگەکان لێرەداین، ئەوان وەک من ئەوندە بەفریان ناوێ، تەنیا لەبەرە ئەوە من لێرام ئەوانیش هاتوون.  لە بیرمە جارێک هەرەسێک هەڵیگرتم، وەک ئەسپ سوارێکی چالاک، سواری هەرەس بووم، لە سەر شاخ هەتا ناوی دۆڵەکە ڕفاندمی. تەنانەت بۆ جارێکیش پێم نەقەمچیەوە، وەک سواری ئەسپە ڕەشەکەی باپیرم بم، وا بووم،  تەنیا یەک  دوو سەگ ئەم کارەساتەی منیان بینی. کە هاتمە ناو شار ئەو چیرۆکەم بۆ شوانەی حەمە بەتاڵ گێڕاوە، بەڵام ئەو گاڵتەی بەم چیرۆکە دەکرد “ لێی گەڕێ، کێ مانای بەفر ئەزانێ، با حەمە بەتاڵیش گاڵتەم پێ بکات، ئەو چوزانێ، ئەو کاتە هەرەس دەیبردم، شار ئه‌تگووت  تابلویکی ژه‌نگاوییە.  سەرم ڕاست دەکردەوە، بەڵام کەس دیار نەبوو، ئەم قێڕاند کەس وەڵامی نەئەدامەوە، تەنیا سەگەکان گەفەیان ئەکرد، جاری وا بیرم ئەکردەوە، دیارە ئەو خەڵکە منیش وەک سەگەکان پیس و سپڵوەت ئەزانن، وە نە کەس شتی سەیری وای قەت نەبینیبوو“.

هەرەسی بەفر دوور ڕۆیشت، منیش وەک لەغاوی ئەسپم گرتبێت و غارم پێ دابێت، ئاوه‌ها بە حەزێکی زۆر خۆش له‌گه‌ڵیدا دەڕۆیشتم وسەهۆڵەکانم تێپەڕدەکرد.  ساردی و توندوتێژی ئەو سەهۆڵانە بە لامەوە هیچ بوون، هەر هیچ بوون، بۆم گرنگ نەبوو. ئاخر، خۆ من لە هیچ و پووچ بووم، هەموو کەسێکی ئەم شارە هیچ بوو، هیچ لە هەموو شتەکانی تر بازاڕی گەرمتر بوو، بە من چی، کەمترین پارەی دەویست، بۆیە هەموو کەسێکی ئەم شارە دەیکڕی. لەسەر هەرەسەکە بووم، ئەمقێڕاند؛ بەفر بەفر دەفرۆشم… کەس وەڵامی نە ئەدامەوە. پێموابوو بەفر لە هیچ گرانتر بوو، بۆیە کەس وەڵامی نەئەدامەوە. تەنیا سەگەکان بوون، ئەوانیش ئەم کڕین و فرۆشتنە بۆیان گرنگ نەبوو، حەزم ئەکرد ئاوا سەد ساڵیتریش لە سەر هەرەس بم.

هەرەس شتێکی سەیری تیا بوو، هەموو شتێکی لە ژێر خۆی دەشاردەوە، قەت وەک لافاو نەبوو، لافاو هەموو شتێک لە گەڵ خۆی دەبا و ئەیڕفێنێ، بەڵام هەرەس هەموو  شتێکی ئەڕفاندو و لە ژێر خۆیدا دەیشاردەوە.  لە کاتی غار غارانی ئەو هەرەسە زۆر شتم بینی، شتانێکی لە ژێر خۆی نووقمکرد کە حیسابی لە سەر ناکرێ؛ داربەڕوێکی هەزاران ساڵەم بینی، ئەو کاتە کەوتە ژێر ئەو هەرەسە، بەرپێ پڕ بوو لە بێچووەکانی، سەیری بەڕووەکانی دەکرد، بەشێکی بۆ ئاژەڵەکان دانابوو و بەشێکی تریشی بۆ وەرزی بەهار. هێندە نەرمە نەرم به  گەڵا وەریوەکانی پاییز دایپۆشی بوون، هێندە بە ئاوات وەراندبوونی، مرۆڤ پێی سەرسام دەبوو. بەڵام  بە چاوی خۆم بینیم. ویستم دەستم بۆ یەکێکیان ڕاکێشم و ڕزگاری کەم، بەڵام دەستی نه‌گرتم.

وەک هەور گرماندی و قیڕاندی؛ “دەستم پێوە مەگرە ، ئازارم مەدە، دوور کەوە، تۆم خۆش ئەوێ بڕۆ،بڕۆ“

خۆم بە چاوی خۆم بینیم کاتێ کەوتە ژێر بەفرەکەوە، تەنیا چاوی لە من بوو. منیش چاوم لە ئەو بوو، ئەو دەڕۆیشتە ژێر بەفرەکانەوە و منیش هیچم بۆ نەدەکرا، لەوێ هەر هیچ بووم، ماوەیک نوقمی ئەو نوقمبوونە بووم، لە بیرم چووبووەوە  هێشتا لە سەر هەرەسەکە بەرەو دۆڵەکان دەڕۆم، ئەم جارەیش تەنیا گەفە گەفی سەگەکان دایانچڵەکاندم.

 

 

 

Claude Monet – Boulevard Saint Denis

 

 

2

دیسان بێ تاقەتی (حەمە بەتاڵ)  بووم، بەرەو ماڵ دڕۆیشتەوە، بانگمکرد، وەڵامی نەدامەوە و  بە پەلە بەر لەوەی بڕواتە ژووری ماڵه‌کەیەوە، پێگەیشتم.

 

ـ سۆران وازم لێ بێنە، چیت لە من ئەوێ، دیسان ئەتەوێ چیرۆکی درۆم بۆ بگێریتەوە، دیسان بەفرو و هەرەسە. بڕۆ من قەت گوێ بۆ قسەی قۆڕ ناگرم، نازانی به‌قه‌ت دونیا  ماندووم، چیم بۆ ماوە، هەتا لاو بووم، شوانە بووم، کەمێک گەورە بووم بوومە نۆکەری بەگەکان، ئەوانیش گۆڕیان گووم کرد  و بوومە کرێکار، ئێستایش حەمە بەتاڵم. چیرۆکی من بڕاوەتەوە، لە ڕی خوا نانم دەس ئەکەوێ.

 

ـ کاک حەمە، تکایە تەنیا تۆ گوێم لێ بگرە، کەس باوەڕ بەم چیرۆکەم ناکات. تۆ ئەزانی هەرەس چی ئەکات، شوانە بووی، نۆکەری ئاغا و دەوڵەمەندەکان بووی. تەپوتۆزی مێژووت لێ نیشتووە، تەنیا ئەم جارە گۆیم لێ گرە.

 

ـ سۆران، چیرۆکەکەی تۆ هێندە چیرۆکی من نییە، تکایە بڕۆ مەیە ژوورەوە.

من تکام لێ کردی و تۆش كه‌وتیته‌ گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه‌ت؛  

“هەور دەیگرماند و ڕەهێڵەی باران بە سەر شاخدا دەباری.  لوره‌ی با، لە سەر شاخەوە وەک زووزەی هەزار گورگ بوو. هەورە تریشقەی نه‌گبەت کێوی قڵیش قڵیش کردبوو، ئەڵبەت ئەو هەورە تریشقە تاوان بار نەبوو. شەلاقک بە دەستەکە هەورەکانی ئەتارانت و شلاقی لێ ئەوەشاندن و ده‌یکردنە قیژه.  هێشتا لە گۆیمان دەزرینگێنەوە تاوانبار بوو. ئەوە یەکەم شەلاق بە دەس نەبوو، هەزارانی تری وامان هەتا ئێستا خۆڵقاندووە و تەماشایان دەکەین و و هیچ تر.  ئێمە هەر هیچین مرۆڤیکی داماو، ڕووداوەکان دەمانبەن و نوقمان ئەکەن، نوقم لە هیچ و پووچیه‌كی بێمانادا…  کوڵەباڵەکەم بە تەواوی خووسابوو، هیچم بۆ نەئەکرا کێو بە سەر سەرمدا ڕژابوو، وەک خەو و خەیاڵێکی قورس لە سەر سەرم بوو. ئەو کاتە تەنیا شتێکم بینی، کەسێکی  پڕ جادوو لەسەر لوتکەی بەرزی ئەو کێوەدا بوو، بە کڵاو و دەسماڵەکەی خۆی هەڵواسرابوو. بەردە هەڕوژیاگەکانیش سیا چەمانە و چەمەری و هۆرە، تێکه‌ڵ لە گەڵ شێعرو و مقام تاڵەکانیان لە ژێر پێدا دەیانخوێند. هەموو شتێک تێکەڵ بوو، ئا ئەو کاتە وه‌ئاگاهاتمەوە،  ئەو بارانە، بارانێکی ئاسایی نەبوو.“ 

 

ـ پێم بڵێ چی بوو، دایک بوو، خاک بوو، هەژاری بوو؟ پێم بڵێ، حەمە بەتاڵی درۆزن پێم بڵێ، درۆ لەم وڵاتەدا پرە لە ڕاستی.

 

هێندەی پێ نەچوو ژورەکەی حه‌مه‌ به‌تاڵ  لە باراندا خووسا،  هەتا لای گەروومان ئاو گەیشت.

ـ سۆران خەتای خۆت بوو، وتم مەیە ژوورەوە، ساڵانێكه‌ وه‌ك وێنه‌ی ئه‌و قاپانه‌ به‌تاڵم …

 

 

 

 

3

   قەت نەمدەزانی لەم شارەیش ژووری وا هەیه‌!

 

ـ سۆران زۆر گەوجی، هەرکەس پێی کەوتۆتە ئەم ژوورە لە گەڵ نوقمبووندا ڕوبەڕوو بووە، تۆ یەکەمین کەس نیت.

 

ـ هەروەها پێم گووتن؛ ئاو هەتا  چەناگەمان هاتبوو، ترسێکی زۆر گەورە دایگرتبووم، ترسی ئاسایی نەبوو، ئەو ترسە، منی لە گەڵ خۆی ڕاپێچی شوێنێکی لە پێش دیاری کراوی دەکردم. وەک چیرۆکێکی سەیر بوو.

لە ژوورەکەی حه‌مه‌به‌تاڵدا، تەماشای تابلۆیه‌کم کرد

 

– هاوڕی لێم گەڕێ من سوێندم خواردووە، قەت ناگەڕێمەوە. دایکیشم ئەزانێ، تۆیش ئەزانی مەبەستم چییە.  تەنیا کارێکم بۆ بکە، ئەو شتانەی گووتم بۆمی ئامادە بکە، تەنیا تۆ ئەتوانی، دەی ڕۆحەکەم، ئەگەر خوشمت ئەوێ ئەو کارەم بۆ بکە. 

 

لەو کاتە تەماشای وێنەی ئەو تابلۆیەم دەکرد، لە ژیر دەستی ڕاستی مقامێکی نوسراوە دیار بوو، لە بەر خۆمەوە دەمخوێندەوە، ئاگام لە خنکانی خۆمم نەبوو!

 

ـ سۆران ئەزانی چەند جار تکام لێ کردێ؟

 

ـ حەمه بەتاڵ، ڕەمزی ڕزگاریمانم دۆزیووە، خەمت نەبێ، ئەزانم گاڵتەت پێکردم، تۆیش ئەو ڕەمزەت ئەزانی. ڕاستە تۆیش ئەتدزانی؟ خۆ لە خۆوە بۆ لای تۆ نەهاتووم، بەفر ڕێگەی نیشانداوم.

 

هەقیقەت دەتوانێ بەفریش بێت، وێنەی تابلۆکانیشت هەر ئەو بەفریە، هەر ئەو هەرەسەیە کە  دەیبردم، قاپی وێنەکانیشت بەفر داگیری کردوون. سەیری ئەم ژوورە کە، هەموو ئەو ڕەنگانە، ئەو گەڵانە، دارستانێک نوقمی بەفرە.

ـ سۆران، ئێمە هەقیقەتێکی ژێر ئەو بەفرانەین، ئەڵێم قەت بەهار نایه‌ت، نا نایه‌ت و  قەت ناگاتە هاوینیش. هەقیقەت ئەو وێنە مردووانەی نێو ئەو قاپانە نییە، تۆیش گه‌یشتویتە ئەو بڕوایە؛ دەی زووکە پێم بڵێ، هەتا نوقم نەبوویی…

ـ حەمە بەتاڵ، پێکێکی تر شەرابم بۆ تێکە، با هەقێقەت بڕواتە دەرەوە. هەموو شتێک لە شەقام و کۆڵان دیارە، لەسەر تەوێلی خەڵکی ئەم شارە هەقێقەت نوسراوە….

ـ ئێمە بۆ  ئەبێت لە نێو  تابلۆی مردووەکان نقوم بین.

 

 

4

ـ حەمە گیان، تەنیا ئەم پێکە دەخۆمەوە، زووکە بۆمی تێکە تەنیا تۆ ئەزانی، تۆیش ڕەمزی ئەو گوڵە بەڕۆژانە ئەزانی…

 

ـ سۆران، خۆزیا ئەو کاتە نقوم ببواین، نوقمبوون لە گۆمی کوشندە، لە ئاوی لێڵ، بە سڵامەتی تۆ، بە سڵامەتی تۆ.

 

وێم،وێم گم کەردەن نیشانم نییەن

چەنی وەسڵی دۆس مورەکەب بییەن

حەرکە وسکون بە دەستی یارەن

ساقی وادەی دەوری جامی سەرشارەن

پیم دەرێ پەی پەی مەعجونەکەی مەی

تا خاس خاس مەس بۆ ریشەی ڕەگ و پەی“(1)

 

 

ـ حەمە بەتاڵ، هەرچی چاو دەگێڕم ئەو وێنەیەم  لێم قەتیس بووە، بۆ نایبینم؟ پێم بڵێ، لە کام شوێن بە جێماوە، تەنانەت ئاوێنەکەت قاپێکە و وێنەیکی ڕووخاوه‌.

 

ـ حەمە بەتاڵ، قەت لە بیرم ناچێتەوە، تەنیا ئەو کاتە شوشەی تەمەنی ئەو دێوە شکا، ئەو کاتە دەستم پێ ئەگات، ئەو کاتەیە خۆشەویستەکانمان ئەبینین، شکانی ئەو شوشە تەنیا لە دەستەکانی تۆیە، بۆیە ئەوەندە خۆشم ئەوێ.

باش لە بیرتە، کاتێ هەوایه‌کی  فێنكی  دڵگیر لە ئامێزی دەگرتین، گەش، گەش سوورو و سپی ئەبووینەوە، تەنیا من و تۆ بەو نهێنیە ئەزانین، پێمان لە سەر زەوی نەبوو، دەفڕین زۆریش دەفڕین.

 

ـ ئای سۆران چاوەکەم، ئەزانم، ئەمبینی، “هەر ڕۆژ بە بیانویک دەهاتی بۆ لای، منیش دوو سێ گوڵە بەڕۆژەم لا ئەدا، تۆم ئەبینی قژەکانی بەڕۆژه دادەهێنی، بە دەوریا سەمات بۆ ئەکردو ئەویش چاوە ڕەشەکانی دەخستە هەستکانتوو ئەیانبردی و دەفڕیت.

 

ـ حەمه هێندە مەجنونەکانی دونیا خەوم پێووە ئەبینی، کاتێک ئەگه‌یشتمە لای، ئەویندارترین باوشم بوو، قژەکانیم بۆن ئەکرد، دەستم دەئاڵاندە نێو قژەکانی و دەڕۆیشتم قوڵایی چاوە کانی،  لەو هەموو گوڵە، تەنیا لەیلی من، تەنیا زەینی من، تەنیا خوای خۆرەکان بوو و دەمپرسی؛ شەونمی گۆناکانی پر بوون لە خۆر، سیحری ئەو خۆرە سیحرێکی ڕاستەوخۆ بوو. هەتا چاو دەشتی ئەبینی، گوڵەبەڕۆژە خۆریان ئەمژی، گوڵەکان باڵایان ئەکردو و قژەکانیان ڕەنگی زێڕیان لێ نیشتبوو…  مژینی خۆر هەقێقەت بوو، هیچ کەس بێ بەش نەبوو لێی. من و تو لە نێو ئەو کێڵگانە دەڕۆیشتین  و خاوێنمان دەکردنەوە، ماندوویی لە لامان بێ مانا بوو.

هەموویان خۆریان ئەمژی و و پڕ ئەبوون لە خۆشەویستی، تەنیا ئەوان بوون و خۆر، ئێمە بووین و گوڵەبەڕۆژە.  من هەر ڕۆژه‌ی  بە بیانوویه‌ک دەگیشتمه لای، تەنیا “ئاکسینای” من، ئەو بوو. خۆریش زێڕمان بوو، تەنیا خۆر لە گیرفانەکانمانا بوو. باران و جۆگە هەقێقەتێکی تر، خۆر ڕۆحی هەقیقەت، باران و کانی و جۆگە، من و تۆ و گوڵە بەڕۆژەکان هەقێقەت بووین، وەک ئەم ژوورەی تۆ جگە لە نوقمبوون شتێکی تری ترسناک نەبوو، لە نێو ئەو گوڵانە، نە جن، نە پەری، نە شەیتان، نە ڕەحمان، هیچ نەبوو تەنیا هەقێقەت بوو..، تەنیا تۆ و من ئەو نهێنیانە ئەزانین، تەنیا خۆر بوو و منیش لە نێو چاوە ڕەشەکانی بەڕۆژە خنکابووم و دەسووتم. لەو سەردەمەوه‌  هەتا ئێستا هەرکەس بۆ ماوەیه‌کی درێژ خۆر لە ئامێز بگرێ دەسووتێ، ئەمە یەکەمین بەڵگەی نوسراوەی هەرەس بوو، سارد و بێ بەزەیی هێندە ئاگرەکانی جەهەنەم، منیش هێندە حەزەکانی دونیا هێندە سێبەری (ئپیکۆر) لە بێ سنوورترین دڵەڕاوکەکانی دونیا بوونم بە هەستی ئەو ئەکرد، تەنیا تۆیش ئەزانی.

 

 

 

 

5

 

ـ بەر لە تۆف و هەرەسەکە، بەر لە نوقمبوون، بەر لە هەڕۆژانی کێو، ئەو ئەوینە پێکهاتبوو. بەڵام بڕوام نەبوو، لەو بێ بڕوایەدا، شەو بە پەلە هات، شەوێک ئەستێرە و مانگ دیار نەبوون، نە تۆم ئەبینی نە بەڕۆژەم دۆزیەوە، کانی ون ببوو، باران ونبوو، تەنیا دەنگی شەقەی باڵی باڵندەکان بوو.  دەنگی شکانی دەستوپێ و ئێسکەکانی بەڕۆژەکان دەبیسترا. خۆر ماڵئاوایی کرد و تەنیا تروسكاییه‌كی  بۆ جێهێشتین. پێشهاتنی ئەو تروسکایە هەموو شتێک تێکشکابوو، سەری خۆر هەڵمژەکان بڕابوو، لاشەی گەڵاکان لە ژێر هاژه هاژی کەمپانیەکان کەوتبوون. نە ئەمزانی لەوێدا ئەتوانم چی بکه‌م؟ هیچ و پوچ بووم، دڵی برینداری ئەوینیشم دەڕۆیشت و کۆیر هەنگاوم هەڵدەگرت، تەنیا ئەوینی بریندارم منی گەیاندە شوێنی جارانم، بەڵام ئەو لەوێ نەبوو، ڕەشایی و سورمەی چاوەکانی لە سەر خاکەکە دیار بوو.  تەنیا شتێکی ئەفسوناوی، هەستم دڵنیای کردم ئەویان هەڵکەندووە بەرەو شوێنێکی نادیار بردوویانە، هەتا لای ملم لە نێو خاکەکە خۆمم لە جەستەی هەڵکنراوی نووقمکرد، هاوار و ڕقم لە پوچترین کاتەکاندا تێکەڵ بوو بوون، ئەم قیڕاند؛ ناتانبەخشم جگە بە ئازادی کە جوانترین گوڵە بەڕۆژەی ژینمه.

دەنگی پیرێژنێک لەو تاریکیەدا کەوتە گویم، پێ گووتم :” وەرە دەر، ئاوا نووقم نابیت، هەزار ساڵە تەنیا گوڵێک بە خێو دەکەم هەزار ساڵە شیری پێ ئەدەم، هەزار ساڵە چیرۆکی شەولەبانی بۆ ئەگێرمەوە، قەت باڵای نەکرد، بە ئاواتی پێکەنینێکی غونچەیک بووم، شەو ڕفاندی، دڵنیات دەکەم لە باتی هەردووکتان دیسان گوڵێکی تر دا ئەچەقێنم.“

 

ـ دایە گیان، بۆ کوێ ڕفاندیان، ئەی ئەوەی من؟

 

ـ ڕۆڵە بڕۆ بڕۆ، قەت مەوێستە ئەوە دێوە، شوشەی دڵەکەیم بۆ بێنە…

 

ـ ئەو کاتە بوو دیسان تۆم دۆزیەوە، لەو بێ خۆریەدا، هێندە گەڕاین هەتا بەڕۆژەکەی خۆمم لە شارێکی نامۆ دۆزیمەووە. شارێک پڕ بوو لە ئه‌ژدیها و بێچووەکانی ئه‌ژدیها، پڕ بوو لە دێوەکان. شار لە نێو دەستیان خنکابوو. خۆر ون بوو بوو، ئەگەر هاوڕێکی دێرین نەبوایا قەت شۆینی بەڕۆژەکەی خۆمم نە ئەدۆزیەوە. کاتێک گەیشتینە لای زمانی گۆی نەئەکرد، وشەکانی لە بیر چوو بوون، هەتا ئەم نوقمبوونەم ئەو هەر هێشتا دیلە، لەو شارە لە من دیلترە، منیش خەریکە ئەخنکێم و نووقم ئەبم…

 

ـ حەمە گیان پێم بڵێ ئەو شوشەیە لە کوێیە؟

ـ سۆران گیان لەم نقومبوونەمان ئەم پێکەیش بە سەلامەتی خۆر، من دەستم ناگاتە چوار تەنیشتی ئەو شوشەیە، دەرەوەیش هەموویان شەو کوێرن. باشترە هەر لێرەدا نقوم بینن، ئێرە باشترین شۆینی نقوومبوونە.

 

ـ حەمە بەتاڵ پێم  بڵێ؛ ئەوە ئەو تابلۆیە نییە؟ به‌ڕاست ئەو وێنە هەقیقەتە؟!

 

 

 

په‌راوێز:

 (1) شیعری شاعرێکی هەورامییە (شێخ مستەفای تەختە).

 

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین –
ڕێنوس خاڵبه‌ندی تایبه‌ته‌ به‌نوسه‌ر خۆی. كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌ دوایه‌. ‌