ژنه‌ خانه‌دانه‌ دزێوه‌كه‌ - ١٥١٣ له‌لایه‌ن نیگاركێش ( كوینتێس ماتێس) - مۆزه‌خانه‌ی نه‌ته‌وه‌یی له‌نده‌ن. The Ugly Duchess (c. 1513), Quentin Matsys. Oil on wood, 64.2 × 45.5 cm. National Gallery, London

شەوی مردنی دایە گەورە


Loading

شوان كه‌ریم

خانووەکەی (نەنە شیرین)  لەناو جەرگەی شاردا تاقە ماڵێک بوو کە چواردەوری بە بازار و مۆڵی بەرز بەرز تەندرابوو، خانوویەکی کۆنی سێ نھۆمی  بوو  لەخشتی کۆنی زەردباو. لە ھەر نھۆمێکەوە دوو پەنجەرەی کۆن  دیاربوون کە شیشەکانیان وەک زەخرەفەی گوڵ دروستکرابوون،  دەیانڕوانیە سەر حەوشەیەکی گەورە کە سێ داری ھەنجیر و شاتوو و سنەوبەر و حەوزێکی بچوکی فوارەداری تێدا بوو.

کەس بە تەواوی نازانێت تەمەنی ئەم تاقە خانووە چەندە، ساڵانێکی زۆر ھەموو لایەک ھەوڵیاندا لە دایە گەورەی بکڕنەوە. دراوسێ کۆنەکان کە خواحافیزیان ئەکرد دەیانگووت؛ تۆش بیفرۆشە…. کچ و کورەکانی تیایا شلوکوت بوون، دەمێک بە گریان و پاڕانەوە دەمێک بە توڕەبوون و ھاتوھاوار پێیانده‌گووت؛ بیفرۆشە…کرێکاری خۆڵەکە ھەموو جارێک تەنەکەکەی بۆ فڕێئەدایە بەردەرگاکە و ھاواریئەکرد؛ دە بیفرۆشە…ئەو پیاوەی زستانان سەربانەکەی بۆ ئەگێڕا، و  فەرمانبەری بەڕێوبەرایەتی ئاو و کارەبا و ته‌نانه‌ت ئەو کوڕەی پارەی مولیدەی کۆدەکردەوە، تەنانەت ڕۆژانێک ژنی سەرۆک و پارێزەری شار ھەموو پێیان دەگووت؛ بیفرۆشە…

-ئەمەوێت لەم ماڵەدا بمرم

نەنە شیرین ھەمیشە ئاوا وەڵامیدەدانەوە.

چەندین ساڵ کە کەس تاقەتی ژماردنیانی نەمابوو، ئەو پیاوەی سەربانەکەی بۆ گێڕا مرد و نەنە شیرین نەمرد…کوڕی موەلیدەکە ژنی ھێنا و کوڕێکی بوو، و دوای چەند ساڵێکی تر ئەو پارەکەی کۆئەکردەوە. ته‌نانه‌ت  فەرمانبەرەکە خانەنشین کراو و سەرۆکیش مرد، كه‌چی نه‌نه‌ شیرین نەمرد!  مردنی ئەو ژنە،  شارێکی سەرقاڵکردبوو. سەدان نوکتەیان لەسەر کرد و هه‌مووان لەتاو چاوەڕوانی مردنیدا چیرۆکی فرۆشتنی خانووەکەیان لە بیرچووبۆوە.

ئەمشەوەیش کە ئێمه‌ی  مناڵەکانی وکوڕەزا و کچەزاکانی لەو ماڵەدا لێی کۆبوینەوە، کەس بڕوای نە دەکرد بمرێت…ئەو خۆی دەرگای لەیەک بە یەکمان کردەوە و دەمەو ئێوارە حەوشەکەی ئاوپرژێن کردو ھەر بە ئاوی فوارەکەش دەستنوێژی گرت.

ئای لەو حەوزە و فوارەیە کە ناتوانم سەیری بکەم و سازە خانم بیر نەکەوێتەوە…منیش وەک ھەموو ئەوانەی لەوێ بوون پێموابوو؛ ناردنی بە دوای ئیێمەدا بە بیانوی مردنی سوبعەتێکی بێ تام بووە و ھیچیتر…ئاخر ئەو بەو تەمەنەوە کە کەس تاقەتی نەبوو به‌دوا داچوونی بۆ بکات چووست و چالاک ھەڵده‌سوڕا،   لە ھەر شوێنێکیشدا قسەی بكردایه‌ و  وەسێتێکی بچوکی بە جێده‌هێشت ، بۆ نمونە؛ پارچە نانی دوای سفرەکەی لە زەرفێکدا کۆ دەکردەوە و دەیگووت؛ بیرتان نەچێت بەیانی لە سەر سەربانەکە ڕۆیبکەن، خێرێکی گەورەیە تێرکردنی پاساریەکان…یاخود
سۆندەکەی ڕادەکێشا بەدوای خۆیدا و دەیگووت؛ ئامان ئەو سێ درەختە بێ ئاو مەکەن…
ته‌نانه‌ت چەند بوخچەیەک جل و بەرگی پێچراوەی لەسەر دۆڵابە تەختە ڕەنگ شینەکەی داگرت و بێئەوەی سەیری کەسمان بکات له‌به‌ر خۆیه‌وه‌ دوا و گووتی؛ ئەمانەش بەرن بۆ فەقیر و ھەژارەکانی کاک ئەحمەدی شێخ…

دلێری کوڕی خاڵم زۆر توڕە دەبوو گه‌ر یەکێک بە (دکتۆر دلێر) بانگی نەکات،  قاچ لەسەر قاچ بەدەم سەیرکردنی فەیسبووکەوە گووتی؛
خەمت نەبێت نه‌نه‌ گیان کاتێک تۆ دەمریت ئێمە ئێسقانمان نەماوە…
درەخشانی خوشکی کە شیری دەدا بە ساوەکەی قسەکەی لێوه‌رگرت وگووتی؛ بەخوا ھەمومان ئەخاتە ژێر گڵەوە، باشه‌ ئێستا بەم شەوی ھەینیە ئێمەی بۆ ھێناوە بۆ ئێرە؟

نەنە شیرین وەک ئەوەی گوێی لە ھیچ نەبووبێت لە فەقیانەکەیدا دوو لیرە دەرهێناو كردیه‌ دەستی خاڵە عەزیزمه‌وه‌؛ ئەمەش حەقی پرسە و کفن و دفنەکەم چیشی لێمایەوە بیدەن بە مەلا ساڵحی قورئان خوێن ئیتر ئەو خۆی ئەزانێت….

ئەو لیرانه‌ی نه‌نه‌ شیرینم  ڕەشادی ئەسڵ بوون، دیاره‌ من پانزە کەسم  لە وەچەکانی شیرین ژمارد، كه‌  بەو ماڵەدا بڵاوبووبوینەوە بەشێکی زۆریشمان دانومان لەگەڵ یەکیدا نەدەکوڵا…بۆ من ھیچ شتێک گرنگ نەبوو لەو ئیوارەیەدا جگە لە بینینەوەی سازە كه‌ تاوه‌كو  ئەو ڕۆژانەش خاڵم و دایکم قسەیان ھەبوو زوو زوو سەرم دەدان، بەڵام وا سێ ساڵە جگە لە جەژنەکان یەک نابینین. من دەمێکە گەشتوومەتە ئەو بڕوایەی ڕاستگۆترین خۆشەویستی لەم وڵاتەدا ئەوانەن، کە قەت ھەستیان بۆ یەکتر نادرکێنن. ئەم وڵاتە بۆ خۆشەویستی و ژیان دروستنەکراوە، وەک ھۆڵێکی ترانزێت وایە کە درەنگ یان زوو پێویستە بەجێیبھێڵیت. لانی کەم من چەندین ساڵە بە مەراقی کۆچەوە ھەموو شتێکی ژیانم وەستاندوە و لەگەڵ ئەوشدا ناتوانم بیری (سازە) نەکەم و دڵم خورپە نەکات لە بینینیدا.

دونیا تاریکی کرد و سەمیعەی خوشکم چووە لای نه‌نه‌ شیرین و گووتی؛ دایە شیرین ئەبێت ئێمە بڕۆین، شوکر تۆ باشیت…نه‌نه‌ شیرین سه‌یره‌كی كردو گووتی؛  من ئەمشەو ئەمرم…

خوشكم گووتی؛  نا، نا، شیرین گیان نامریت ئیشەڵا… ئەوە نییە دکتۆر دلێر ئەڵێت عەیبت نییە. ھەر یەک لە ئێمە ماڵ و منداڵمان بەجێھێشتووە. مەشترسە بەتەنھا نابیت کەسێک ھەر ئەمێنێتەوە لەلات، سەرخێڵ ئەمشەو لات ئەبێت…

وایگووت و سەیرێکی منی کرد و منیش ھەر بە سەر ڕەزامەندیم نیشاندا. ئیدی یەک یەک و دوو دوو ماڵئاوایان کرد و ڕۆشتن تەنھا من و (سازە ) لای ماینەوە. نه‌نه‌ شیرین نوێژی خەوتنانی کرد و ھەر لەسەر بەرماڵەکە

ژنه‌ خانه‌دانه‌ دزێوه‌كه‌ – ١٥١٣ له‌لایه‌ن نیگاركێش ( كوینتێس ماتێس) – مۆزه‌خانه‌ی نه‌ته‌وه‌یی له‌نده‌ن. The Ugly Duchess (c. 1513), Quentin Matsys. Oil on wood, 64.2 × 45.5 cm. National Gallery, London

دوای دوعاکردن و فووکردن بەھەر چواردەوری خۆیدا بەزەردەخەنەیەکەوە گووتی؛ حەزتان لە چا نییە بۆتان لێنێم؟ بە ناشوکری نەبێت میوەم نییە کەس لەو عەرەبانچیانە ڕێی ناکەوێتە ئەم کۆڵانە و خۆشم حەوسەڵەی  قەرەباڵغی ناو بازاڕم نەماوە… سازان بەدەم بەستنی قژیەوە گووتی؛ دانیشە من لێی ئەنێم…
منیش بەکەمێک تەریقبوونەوەوە گووتم؛ ئەو ھەمووە، کەسمان بیرمان لە کیلۆیەک ترێ نەکردەوە…
سازان لە دەرگای ژورەکەدا ئاوڕیدایەوە و بە دەمپێکەنینەوە گووتی؛ میوەی چی من واھاتم وتم فریای ناکەوم…

ئەو پێکەنینە دەمباتەوە بۆ پاش نیوەڕۆیەکی ھاوین و  جگەرەیەک دەگرم بەدەستمەوە و ئەچمە حەوشەکەوە. من ئێستا کوڕ و کچێکی مناڵ دەبینم لە پاش نیوەڕۆیەکی گەرما لەسەر حەوزەکە ھەنجیر دەشۆنەوە .قاقای پێکەنینیان تێکەڵ بە جریوەی ئەو باڵندانە دەبێت کە لەسەر لقی دارتووەکە ئەنیشنەوە و دەفڕن، ئەفڕن و دەنیشنەوە…چەندین گەڵای دارھەنجیر بەحەوشەکەدا بڵاوبۆتەوە، کوڕو کچەکە ھەر لە شتنەوەی ھەنجیرەکانەوە دەستی یەک دەگرن  و سەیری یەکتری دەکەن. بێئاگا ھەنجیرەکان یەک لە دوای یەک دەکەونە حەوزەکەوە لەسەر پلیکانەکان دادەنیشم و ھێشتا جگەرەکەم دانەگیرساندووە.  سازە دێتە تەنیشتمەوە و بەدەم دانیشتنەوە ده‌ڵێت؛ ھەر تەرکت نەکرد؟
منیش ده‌ڵێم؛  خۆم نامەوێت تەرکی بەم،  ئەگینا ئاسانە…

سازه‌ش سه‌یرێكم ده‌كات؛  بەڵێ قوربان ڕاست ئەکەیت!

– بڕوا ناکەیت؟ حەز ئەکەیت ئیستا پاکەتەکە فڕێ ئەیەم و لەم چرکەیەوە ناکێشم
– ئەمە تۆ؟ ئادەی بتبینم!

سەیری ئەکەم و بە زەردەخەنەیەکەوە پاکەتەکە فڕێدەده‌مە حەوشەکەوە، سازە ھاوارێک ئەکات و ڕائەکاتە ژورەوە؛ چایه‌كه‌ .. چایه‌كه‌م  له‌ بیرچوو…

دەڕۆمەوە ژورەوە (نەنە شیرین)  ھەر لەسەر بەرماڵەکەیە سەرێک ھەڵئەبڕێت پێمدەڵێت؛ ڕۆحی بردم بەو ھاوارە… من دەستی ماچدەکەم و دەڵێم؛ کچێ تۆ ڕۆحی ئێمەت برد .. بەڕاست دایە شیرین بۆ واتکرد؟

ئەو لایەکی سەرپۆشەکەی ئەھێنێت بە دەمو چاویدا و تەزبیحەکەی ملی ئەگرێت بە دەستیەوە و دەڵێت؛  دەی کێ ناڵێت بیرمنەکردوون؟ تۆ ھەر وا دایبنێ بیرمکردوون…چیرۆکی من و مردن زۆر دورو درێژە، بە خوا سەدان جار بینومە ھەر جارێکیش بەم ناوەدا تێپەڕبێت سەرێکم لێ ئەیات…
– ئەمە کێیە سەرت لێ ئەیات شیرین خان؟

سازە وا ئەڵێت و لەگەڵ پرسیارەکەیدا سینیەک قۆری و پیاڵە و قوتوی شەکرەکە ئەھێنێتە ژورەوە. نه‌نكم له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێت؛ مردن کچم مردن…

– وەی بسمیلا.. توخوا مەمانتۆقێنە!

من و نه‌نه‌ شیرین ئەدەینە  قاقای  پێکەنین…پاشان نه‌نكم ده‌ڵێت؛ ناترسێنم بە ناوی خوا سەد جار لە خەو خەبەری کردومەتەوە… سازەش ھاواردەکات؛ ئەھا بەو خوایە ئێستا ئەڕۆمەوە، دە بەسە ئەم قسانە…

نه‌نكم ده‌ڵێت؛  گەر حیکایەتەکەیتان لە سەرەتاوە بۆ بگێڕمەوە ئیتر ئەزانن کە ھیچ ترسی تیا نییە…
سازە ھەڵئەستێت و بەدەم قسەکردنەوە دەیەوێت بڕواتە ژوورەکەی ئەودیوو؛ من نە حیکایەتم ئەوێت و نەھیچ، لەودیوو پاڵ ئەکەوم بەشکم خەوم لێ بکەوێت…
– دانیشە خەوی چی ھەر لە ئێستاوە، بەخوا بخەویت دەست ئەکەمەوە بە جگەرە کێشان…
من وای پێدەڵێم و سازە بەدەم قاقایەکەوە دەڵێت؛ لەم تەرکردنه‌!
دایە شیرین سەیرێکمان دەکات و دەڵێت؛چیت تەرکداوە؟
– جگەرەی تەرک داوە دایە شیرین ماشەڵا، ئەوە بۆ پێنج دەقە ئەچێت…

تاوه‌كو یەکەم قوومی لە چاکە نەدا شیرین ھەر بێدەنگ بوو. کە دەستیکرد بە گێڕانەوە من و سازە بەرامبەر یەک دانیشتبووین. وەک ساڵانی مناڵیمان کە (نەنە شیرین)  بە حیکایەت دەیخەواندین و بە تامەزرۆیەکی زۆرەوە سەیری لێویمان دەکرد، نه‌نكم كه‌وته‌ گێڕانه‌وه‌ و گووتی؛  ئه‌وه‌ ساڵی گرانیە گەورەکە دەنگۆیەک بڵاوبۆوە کە خەڵکی گەڕەکەکانی قەراغ شار گۆشتی مردوەکانیان ئەخۆن!  ئێمە لەگەڵ چوار ماڵی تردا خانووەکانمان کەوتبونە ئەوبەری شیوێکی گەورەوە .گەڕەکێکی دابڕاو بووین… جا ئێوارەیەک سۆفی حسێن جێگای بەھەشت بێت، ھەموانی کۆکردەوەو ھاواری لێکردین  و گووتی؛ ئیتر ئەبێت لەو کافرانە خۆمان بپارێزین و سوێند بەخوا ئەمڕۆ بە چەندین گەڕەکدا ڕۆشتووم بۆنی گۆشتی براژاوم کردووە. لەسەر ئەو تەپۆڵکەیەوە سەیر بکەن دوکەڵ لەو ھەموو ماڵە ھەڵئەستێت.من ئەمڕۆ لە شار خەڵکانێکی زۆرم ئەبینی کە بە چیلکە دانیان پاک ئەکردەوە. ئیتر خۆتان تێبگەن…ئەو شارە خۆی ئەخوات، خۆی…

من ئەو کاتانە منداڵ بووم بەس باش لە بیرمە برسێتی چی لێکردین، ھێندە مردن زۆر بوو بوو کەس پرسەی دانەئەنا، کەس بەتەمای خۆی نەبوو، بیرمە كه‌  گیامان بەردەستده‌کەوت گیای کوڵاومان ئەخوارد.پاشان سەرما ھات و گیاش نەما، مەگەر بەس خوا بزانێت بەچی ئەژیاین…ڕۆژ نەبوو سۆفی بەدەنگی بەرز لەو کۆڵانە بچکۆلەیەدا ھاوار نەکات؛  بەری تەنگانان کورتە، ئیمان لە دەستمەدەن یان ئەوەتا ڕووسور ئەچینە بەردەم باری تەعالا یان ئەوتا خوا دەرویەکمان لێ ئەکاتەوە… سۆفی زۆربەی شەوان پاسی کۆڵانەکەی ئەکرد لەترسی ئەو چەقۆ بەدەستانەی لە کۆڵانی ھەژارەکانەوە گۆشتیان ئەبردەوە..ئەو گۆڕەی پڕ نور بێت دەنگی گریان یان بۆڵە بۆڵێکی گوێ لێ ببوایە لە ھەر ماڵێکەوە بە پەلە خۆی ئەگەیاندە ئەوێ. ئێواران لەسەر تەپۆڵکەکەوە ھاواریئەکرد؛ مەردی خوا بن مەھێڵن برسێتی عەقڵتان بکوژێت..حەزرەتی ئەیوب چل ساڵ خوا تاقیکردەوە .چل ساڵ ڕۆحی نەفرۆشت بە شەیتان …ئەو چاوی لە دەستدا بەس دڵی بردەوە..چل ساڵ ھیوای لە دەست نەدا،  چل ساڵ …

سۆفی حسێن شەوێک لە ناوەڕاستی گەڕەکدا مرد، ھەر ئەو شەوە باوکم بۆ دایکمی گێرایەوە دووھەم کەس کە ئەچێتە سەر تەرمەکەی ئەبینێت قۆڵێکی پێوەنەماوە قۆڵەکەی تری و ڕانەکانیشی دوای ئەوە لێکرانەوە. من بیرمە باوکم لە حەوشەکەدا ئەگریا و دایکم پێی ئەوت؛ دە تۆش وەک ئەوان ھیچ نەبێت لە بەر خاتری ئەو کچە…باوکم بەدەم ئەستەغفرڵاوە ئەگریا..بۆنی گۆشتی برژاو گەڕەکەکەی داپۆشی ئەو شەوە ئێمەش گۆشتمان خوارد من زمانێکی براژوم بەرکەوت ھەر لەو شەوەوە (زمانی مردن) فێربووم….

دوای ئه‌م قسانه‌ی نه‌نه‌ شیرین ھەموو بێدەنگ بووین، فرمێسکێک گەشتە سەر ڕومەتی و خێرا بەسەرپۆشەکەی سڕیه‌وه‌ و بەردەوامبوو لە قسەکانی؛ چیمان نەدی ئای خوایە چیمان نەدی، ئێوە ھەر گاڵتەتان پێ بێت، بەس خوا ئاگای لێیە من زمانی مردن ئەزانم وەک چۆن
ئەزانم ئەمشەو ئەمرم…

ئێستا نیوەشەو لای داوە نەنە شیرین لە ژوورەکەی خۆیەتی و سازەش لە تەنیشتیەوە گڵۆپه‌كه‌ی كوژانده‌وه‌. من دەچمە حەوشەکە و پاکەتەکە ھەڵئەگرمەوە  و ھەر لە سەر حەوزەکە دائەنیشم، شەماڵێکی فێنک یاری بە لقی درەختەکان دەکات. بیر لە (سازە) دەکەمەوە، بیر لە (نەنە شیرین) دەکەمەوە، نازانم ئەوەی گێڕایەوە حیکایەتی پیرەژنێکی خه‌ڵەفاو بوو یان ڕاستی؟! ناشزانم بەیانی چیرۆکەکەیم بۆ تەواو دەکات یان بەڕاستی ئەمشەو ئەمرێت؟ لەگەڵ دەنگی داگیرساندنی شقارتەکەم لە ژوورەوە، گوێم لە ده‌نگی  قاقای سازە بوو‌ ….

 

تایبه‌ت به‌ كولتور مه‌گه‌زین
ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌.