سیاسی کورد و خودئاگایی ناشاد

نوسینی: شارا تاهیر
ئازادی هێشتا تێکەڵە و ئاوێزانی کۆیلایەتییە- هیگڵ-
لە ئێستادا کورد لە باشووردا، لە هەموو کات زیاتر لە قەیرانی سیاسی خۆیدا دەژی. لەملایشەوە خەمی نان بۆ خەڵک بۆتەوە بە گەورەترین خەم، خەمێک لە خودی پرسی ئازادی گەورەتر. کاتێک کە قووتی خەڵک لە دەستی ئەویتری گەورە و سەرەوەردا (لە دەستی بەغدا) بێت ئەوا لە جێی خۆیدایە پرسیار بکەین و بڵیین:
ئایا ئەزموونی چەندین ساڵەی سیاسی کورد چی فێرکردووین؟ ئایا ئەزمونی سیاسی و قەوارەی هەرێمی کوردستان لە ماوەی دەسەڵاتی خۆیدا توانیویەتی مرۆڤی کورد لە باشور بە گشتی و سیاسیەکانیشی بە تایبەتی لە خودئاگایی مرۆڤی چەوساوە ، ستەملێکراو ڕزگار بکات؟ کاتی خۆیەتی پرسیار بکەین و بڵێین ئایا سیاسی کورد لە ماوەی گەیشتنی بە کورسیەکانی دەسەڵات توانیویەتی سیاسەت بکات؟ لێرەدا سیاسەت بە مانای هەژموون و دەسەڵاتی بڕیاردان، نەک پلە و پایەی حیزبی لە ژێر ناو ناونیشانی کارتۆنیدا، واتە ئایا کورد خاوەنی سیاسەت و سیادەی خۆیەتی وەک بڕیاردان لە ساتە دژوار و ئاوارتەکانیدا بە مانا هایدگەرییەکەی سیاسەت، بڕیاردان وەک مەرجی سەرەکی سیاسەتکردن، بڕیاردان وەک خاڵی یەکلاکردنەوەی دۆزەکان، لێرەدا دۆزی کورد وەک دەسەڵات و هەژموون لە ناوچەکەدا؟
دەکرێت بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە بگەڕێینەوە سەر پەیوەندی نێوان `سەروەر و کۆیلەکە`ی هیگڵ. لێ من لێرەدا بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی مەبەستەکەم و بەستنەوەی بە دۆخی ئێستای سیاسی کوردەوە لە باشور، ئەوا چەمکی `سەروەر و کۆیلە` لە هەندی شوێندا تێکەڵ بە چەمکی `ستەمکار و ستمەلێکراو` دەکەم و بەکاردەهێنم، ئەمەیش بۆ خۆلادان لە هەر تێنەگەیشتنێک و بە لادابردنی بابەتەکە. چونکە باش دەزانم ناوهێنانی خۆمان و سیاسیەکانمان وەک کۆیلە دوای زیاتر لە سی ساڵ لە دەسەڵاتخوازیی هەر بە تەنها ڕق و تێنگەیەشتن لە گەڵ خۆی دەهێنێت. بەو مانایەی کە خودی چەمکی کۆیلە لە ناو فەرهەنگی ئێمەدا بە جۆرێک بە لاڕێدا براوە و سواوە کە مانا و جەوهەری خۆی لە دەستداوە کە ناتوانین گرنگی ئەم چەمکە لە خوێندنەوەی خۆمان وەک گەلێکی ستەملێکراو و داگیرکراو بە درێژایی مێژوو ببینین.
جا هەر بۆیە کاتێک باس لە پەیوەندی نێوان خودئاگایی ستەمکار و ستەملێکراو بە دیدە هیگڵیەکە دەکەین ئاوا پێویستە زۆر بە ووردی باس لە خودئاگایی مرۆڤی ستەملێکراو یان چەوساوە بکەین لە دۆخی ئێمەدا وەک کورد بە گشتی و لە باشوردا بە تایبەتی، لەسەری هەڵوەستە بکەین. ناکرێت هەر بەتەنها لە دیدی خودئاگایی سەروەر و ستەمکارەوە وەک ئەویتری داگیرکەر و دوژمن تینوو بە خوێنی کورد، خۆمان بخوێنینەوە- (کە وابزانم هێشتا ئەمەیشمان زۆر بە قووڵی و ووردی لە سەر بنەمایەکی ئەکادیمی نەکردووە، واتە هێشتا بە ووردی نەمانتوانیوە لە سایکۆلۆژیای چەوسانەوە و ستەمکاری بگەین لە سەر هەر سێ ئاستەکە کە ئاستی ئەنتۆلۆژی، مێتاسایکۆلۆژی و سایکۆلۆژیە)- کەواتە پێویستە ڕۆبچینە ناو خودئاگایی خۆمان وەک کورد وەک گەلێکی چەوساوە و ستەملێکراو کە مێژووەکەی بۆ سەدەها ساڵ دەگەڕێتەوە. هەر بە تەنها ئەوە بەس نییە کە بڵێین ئێمە وەک کورد لە هەر چوار لاوە چوار مێخە کراوین و لێماندەدرێت و لێدرواین، داگیراکراوین و داگیردەکرێن و هەمیشە و بە بەردەوامی لە ژێر هەڕەشەی داگیرکردن و کوشتن و قەتڵ وعامداین، لە ژێر هەڕەشەی جینۆسایداین. نەک لە بەرئەوەی ئەمە ڕاستی و حەقیقەتی بوونی ئێمە نییە و نەبووە بە درێژایی مێژوو. بەڵکو پێویستە بشزانین خودی ئەو داگیرکاری و ستەمکاریییە چۆن و بە چ شێوەیەک کاری کردۆتە سەر بوونمان وەک کورد چ جۆرێک لە خود ئاگای بۆ دروستکردین و بەرەوکوێمان دەبات بە تایبەت کاتێک خودی پەیوەندییەکە دەگۆرێت. واتە لە ناو پەیوەندییەکەدا برێک لە ئازادی وەردەگریت وەک ئەوەی لە باشوور ئەزمونی دەکەین یان بە درێژایی دەسەڵاتی هەرێم ئەزمونمان کردووە؟
لە هەمووی گرنگتر کاتی ئەوە هاتووە ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین کە ئایا ئێمە لە باشوور توانیومانە سیاسەت بە مەفهومی دۆست و دوژن بکەین؟ ئایا بە ئاگایین لەوەی کە ئەوەی کە ئەمرۆ دەست و پەنجەی لە گەڵ نەرمدەکەین هەر دوژمنەکەی دوێنێە کە هەڵەبجە و ئەنفالی بە سەردا هێناین. ئەو دوژمنەی ئێستایشی لەگەڵدا بێت ڕەزەڵخوای دەستیانین لە سادەترین نمونەدا مەسەلەی مووچە و بووجەیە. بۆیە تووشی شۆک نابین کاتێک گوێمان لە سیاسیەک دەبێت کە هەموو گوتاری سیاسی لەم کاتەدا بۆ ئەوە کورتدەکاتەوە کە ئەگەر کاربەدەستانی بەغدا مووچە بنێرن و لەگەڵیدا پیاوچاک بن و نوێژیش بکەن ئەوا بە کەوش و كڵاشەوە دەچنە بەهەشت. ئەم ڕیتۆریکە زەلیل و ڕسوایە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ کارەساتی کاڵفامی سیاسی کە تا ئەو شوینە بڕوات درک بەوە نەکات کە ئەوەی لێی دەپارێتەوە لە بنەڕەتدا دوژمنێکی سەرسەختی کوردە و هەر کات بۆی لەبار بێت لە سیستمی پێشووی پێش خۆی کە سیستمی بەعس بوو خراپترمان بە سەردێنێت و خوێنمان حەڵال دەکات، ئەو قەوراەیەش هەلذەوەشێنێتەوە کە ئەوانە سیاسەتی تیادا دەکەن.
بەو مانایەی کە سیاسەت خۆی لە بنەڕەتدا واتە سنووری نێوان ئێمە و ئەوان، سنوری نێوان دۆست و دوژمن، سیاسەت واتە شەڕی ئیرادە و سیادە، شەڕ بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆت وەک نەتەوە، ئایا کورد تا ئێستا لە و بەشە دەسەڵاتە بچووکەی هەرێمدا توانیویەتی سنوری ئێمە بوون یان کوردبوون بۆ ئەویتری دوژمن و داگیرکەر دیاری بکات و بکێشێت؟ یاخود ئەوەی سیاسی کورد کردوویەتی دیاریکردن و زەقکردنەوەی سنورری نێوان دوو خێزان و دوو خێڵە، بەشکردنی شارەکان لە ناو شارەکان، تۆخکردنەوەی ڕەنگی زۆنەکان، سەوزو زەرد،…هتد وەک ئەوەی خودی شەڕە گەورەکە لە ناوەوەو بێت، هەمیشە کەڵکەڵەی شەڕی براکان، وەک دێوزمەی شەڕێکی ئەزەلی و تەواونەکراو لورەی دێت بە گوێماندا دەخوێنرێت. سیاسی کورد هێندە سەرقاڵی ناوەوەی خۆیەتی و دیاریکردنی سنورە لە ناو خۆیدا، هێندە خەریکی بەشکردنی گیرفانی یەکترن، ئاگای لەوە نەماوە کە ئەوە ئەویتری دوژمنە کە ئێستاش گەمە بە چارەنوسی ئێمە دەکات بەو شێوەیەی خۆی دەیەوێت و لەو کاتەی خۆی دەیەوێت. سیاسی کورد لە بەر هەڵپەی خۆی بۆ داگیرکردنی خۆی بیری چۆتەوە کە ئەوە دوا جار ئەویتری ستەمکار و داگیرکەرە کە سنوری بوون و نەبوونی ئەو دیاریدەکات، نەک ئەوەیش ئەوە دواجار ئەویتری دوژمنە کە شەڕی براکان و هەڵپەی براکان بۆ بڕینی گیرفانی یەکتر حەسم و یەکلایی دەکاتەوە. سیاسی کورد ناتوانێت بیر لەو ڕاستییە بکاتەوە کە ئەویتر ئێستایشی لە گەڵدا بێت ئەمی سیاسی وەک کارتێک بۆ شەڕی یەکلاکردنەوەی دۆزەکانی خۆی بەکاردێنێت.
کەواتە پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە کە ئایا سیاسی کورد بۆ لە ناو نەست و خودئاگایدا شوێنێکی نییە بۆ دوژمن ، حساب کردن بۆ دوژمن و هەڕەشەکانی سەڕەڕای کیمابارانی هەڵەبجە، ئەنفال هێشتا باوەڕی تەواوی بە نەمری، نەمری وەک هێز و هەژموونی سیاسی خۆی هەیە ؟ چونکە ئەزمونەکانی ئەم چەند ساڵە ئەوەمان پێدەڵێت سیاسی کورد هێندەی خەریکی کاسە درواسێیەتی بووە، سیاسەتی وەک میوانی و ئاکتێکی کۆمەڵایەتی یان لە باشترین حاڵەتەدا وەک دەمەتەقێ بینیوە نیو هێندە سیاسەتی وەک ئاکتێکی خەباتکردن و کێشمە کێشی سیاسی نەبینیوە.
خەباتکردن بۆ دیاریکردنی سنوری ئێمە و ئەوان، سیاسەت وەک بڕیاردان لە دۆخە یەکلاکەرەوەکاندا، بۆ سەلماندنی ئەمەیش هەر ئەوەندە بەسە تەماشایەکی نوێنەرانی کورد لە بەغدا بکەین و گوێبیستی ڕیتۆریک و بیروبۆچوونەکانیان بین. کارو ئەجەندای سیاسیان بووە بەوەی ئەمیان شکات لەویان دەکات، ئەمیان بەوەشەوە ناوەستێت شکات بۆ هەلوەشانەوەی ئەو قەوارەیە دەکات کە بەخوێن هاتۆتە بوون، سازش لە سەر ئەو بڕە لە ئازادیەش دەکات کە ئێمە لە باشوور خۆمانی پێ دەناسینەوە. کورتکردنەوەی کاری سیاسی بۆ بابەتگەلێکی بچووک لەوانەیش (مووچە)، نەک لە کرۆکی سیاسەتمان دووردەخاتەوە بەڵکو خودی کاری سیاسی دەکات بە قۆشمە و گاڵتەیەک کە کۆتاییەکەی جەختکردنەوەیە لە سەر بوونی ئەویتری داگیرکەر و دوژمن بەوەی کە قووتی ئێمە و بوونی ئێمە لە دەستی ئەودایە. هەڵبەت کاتێک کە من دەڵێم بابەتی مووچە بابەتێکی بچووکە، ئەمە بەو مانایە نایەت کە من گرنگی بە نان و خەمی نان نادەم، یان ئەوەی لە زمانی سیاسەتدا پێدەڵێن بووجە، نەزانم. من تەواو شارەزام کە لە ڕووی زانستی سایکۆلۆژییەوە و بە پێی سێگۆشەی یان پەیژەکەی (ئەبراهام ماسلۆ) کە بە (سیگۆشەی پێویستی) مرۆڤ ناسراوە، خودی قوت و نان(مووچە)، دەکەوێتە یەکەم خانەوە، واتە مەرجی یەکەم بۆ بەدەوام بوونی ژیانە نانە. ئاسایش و دڵنیایی دەکەوێتە خانەی دووەمی پێویستیەکان. وەلێ بۆ ئێمە لە سەر ئاستی نەتەوە کە بە درێژایی مێژوو لە ژێر هەڕەشەی قاتوو قڕیدا بویین، ئەوا بێگومان ئاسایش و دڵنیایی دەبیت پێش نانیش بێت، پێویستە ئازادی بەر لە نان و بەر لە خودی بوونیش بێت.
گەر پرسی `ئازادی` و `کوردبوون` نەکەوێتە پیش ژیان بە مانا سادە و ساکارەکەی بوون لە جیهاندا، ئەوا هەمیشە لە ژێر هەڕەشەی داگیرکردن و چەوسانەوەداین، هەمیشە هەڕەشەی هەڵەبجەیەکی تر و ئەنفالێکی تر ئامادەیە و ئەگەری دووبارەبوونەوەی شتێکی حەتمیە. چونکە خودی ئەو نانەیش لە دەستی دوژمندایە نەک دەستی خۆمان. هەر بۆیە لە ئێستادا ئاساییە کە بەغدا ئەم گەمەیە دەکات و بیرمان دەهێنێتەوە کە ئەوە ئەویتری سەرەوەرە کە قووتی ئێمەی بەدەستە و لە چنگیدایە. لە لایەکی تریشەوە تەواوی سیاسەت لە فوڕم و ئەرکە بنەڕەتیەکەی خۆی دووردەخاتەوە، واتە خودی سیاسەت کە مەفروزە لە فەزای گشتی بێت و خەریکی کاروباری فەزای گشتی بێت دەخاتە ناو فەزای تایبەت و هەموو سەرقاڵی کاروباری فەزای تایبەت دەکات، هەموومان دەکات بەگژ هەمووماندا، هەر لەو سەرقاڵیکردن و خولانەوەی تەواوی ئەقڵی سیاسی بە کاروباری فەزای تایبەتەوە بۆ هێورکردنەوەی دەنگەکانی ناوخۆی و بۆ هێمنکردنەوەی خەڵکی خۆی لە دژی خۆی، تۆی وەک سیاسی لە سیاسەت و کاری سیاسی خستووە و پەلوپۆی شکاندوویت.
کەواتە بۆ ئەوەی تێگەیشتنێک بۆ خۆمان دروستبکەین وەڵامی هەندێ لەو پرسیارانەی سەرەوە بدەینەوە ئەوا سەرەتا بەوە دەست پێدەکەین و دەڵێین : گەر ئێمە ئەو دیدەی هیگڵمان قبوڵ بێت کە پێوایە بۆ کۆیلە خودی سەرەوەر – ( لە دۆخی ئێمەی کوردا کەسی ستەمکار ڕژێمی ، عەرەب، فارس، تورک) – خۆی دەبێتەوە بە جەوهەر و حەقیقەت بۆ ژیان. بەو مانایەی کە حەقیقەت لە خودی بوونی خۆیدا وەک ستەملێکراوێک و داگیرکراوێکدا نییە ،بەڵکو لە بینینی ئەویتردایە وەک سەروەر. واتە لە گەڵ هەموو ستەمکاری و چەوسانەوەیەکی سەروەر لە خودئاگایی کەسی ستەملێکراو و داگیر کراو دا هێشتا ئەویتری سەرەوەر خودی حەقیقەتە. ئەم حەقیقەتەیش سروشتێکی ئاسایی و سادەی نییە بەڵکو سروشتێکی بێگەرد و بێخەوشی بۆ خۆی لە ناو خۆیدا هەیە، واتە حەقیقەت وەک جەوهەر و فۆڕم. چونکە بۆ کەسی کۆیلە ستەملێکراو (داگیر کراو) خودی ئەم جەوهەرەی حەقیقەت لە ناو کۆیلەبوونی خۆیدا ئەزمونکردووە و سنورەکانی تاقیکردۆتەوە. ڕوونتر بڵێین، لە خودئاگایی ئەودا شتێکی تر نیە جگە و بەدەر لە بوونی ئەو حەقیقەتە کە هەر لە بنەڕەتەوە هی خۆی نییە و هی ئەویتری سەرەوەرە و ستەمکارە.
لێرەشدا ئەم بەئاگاییە بە بوونی ئەویتری گەورە وەک حەقیقەت هەر بەتەنها زادەی دوودڵی و دڵەڕاوکێ لە مەڕ یەک شت، یاخود یەک لەحزە و ساتێکی دیاریکراو نییە، بەڵکو خودی دڵەڕاوکێ و ترسەکە لە تەواوی وجود و جەوهەری سەروەردایە! واتە ئەم دڵەراوکێ و دوو دڵییە خۆی ترسە لە مردن یان ووردتر بڵێین ترسە لە سەروەرە ڕەها و موتڵەقەکە The Absolute Master کێشەکە ئەوەیە کە خودی ئەم ترسە لەویتری گەورە و سەرەوەر بە شێوەیەک قووڵ رۆدەچیتە ناو ئەویتری چەوساوەو ستەملێکراوەوە کە بەر هەموو پنت و سوووچ و پەناکانی قووڵایی ئەو دەکەوێت، کە لە ناوەوە وەک بوون و وجودێک سەرلەبەری هەڵدەوەشینێت، ناخی وەک بوونێکی سەربەخۆ هەپرون هەپرون دەکات.
بۆ ئێمەی کورد ئەم پارچە بوون و لەتبوون و تراومایە گرنگە بەو مانایەی کە خودی لەتبوون و تراوما دەبێتەوە بە بەشێک لە بوونی سوبێکتی ستەملێکراو یان داگیر کراو، دیارە ئەم چەمکانە هەر بەتەنها ناتوانن خودی سیستمی داگیرکەر و ستەمکار بخوێنەوە بەو مانایەی تراوما لێرەدا بۆ کەسی ستەملێکراو بونیادێکی سوبژێکتیڤ لە خۆ ناگرێت بەڵکو خۆی لە خۆیدا ئەم تراوما و لەتبوونە دەبێتەوە بە کەموکورتی و نوقسانی لە بونیادی ستەملێکراودا وەک سوبێکت. واتە خودی تراوما خۆی دەبێتەوە بە خودی شکست لە بەردەم دروستبوونی ئەو وەک خودێک (To be a self) بە مانا فانونیەکەی کە دواتر لە ژێر ناونیشانی (تراوما وەک گورزێکی هەمشەیی بۆ بوونی کورد) دێمەوە سەر ئەم باسە.
دیسانەوە بە گەڕانەوە بۆ ئەو دیدە هیگڵییەی کە پێوایە کە هەموو بوونێکی ڕاوستاو و لەسەرپێ خۆیی لە خۆیدا دەبێتەوە بە بوونێکی شلۆک، کە خودی ئەم شلۆکییەش لە جەوهەری خۆیدا ڕەها و موتڵەقە کە بە ڕای هیگڵ ئەمەیش پرەنسیپە سەرەتایی و ساناکەی خودئاگایبوونە – کە هەر دیوە نیگەتیڤ و نەرێنی ڕەهاکەی خۆیەتی- کە بۆ خۆی لە بێگەردترین فۆڕمیدایە. ئەمەیش دەکەوێتە ناو خودی ئاگاییەوە (Consciousness). ئەو ساتەوەختەی کە تیایدا خودئاگایی لە بێگەردترین و بێخەوشترین فۆڕمی خۆیدایە و لە ناو خۆیدا کە ئاگاییبوونە. لێ خودی ئۆبجێکتی ئەم ئاگایبوونە لای کەسی کۆیلە (ستەملێکراو) خۆی نییە بەڵکو دەکەوێتە لای سەروەر(ستەمکار)، لەمەیش زیاتر ئەوەیە کە خودی ئەم ئاگایبوونە هەر بەتەنها نابێتەوە بە داڕمانێکی یونیڤێرسال، بەڵکو لە واقیعدا کۆیلە خۆی و لە رێی کۆیلەبوونی خۆیەوە و لە خزمەتکردنی بەردەوامی خۆی بۆ سەرەوەرەکەی دەگات بەم داڕمانەی خۆی. هەر ئەم خزمەتکردن و خود کۆیلەبوونەی خۆیەتی وایلێدەکات کە هەموو پەیوەندی خۆی بە بوونە سروشتیەکەی خۆیەوە ببەستێتەوە بەو حەقیقەتەوە کە هەر لە سەرەتاوە حەقیقەتی کەسی سەرەوەرە نەک هی خۆی. واتە دواجار بوونی خۆی لە ناو ئەودا و لە ڕێی ئەوەوە دەبینێتەوە و دەناسیتەوە. بە مانایەکی تر، بۆ خودی خودئاگایی خۆی خودئاگایەکی تر هەیە کە ئەویش لە دەرەوەی خۆیەتی و دەشبێت بیدۆزێتەوە وەک جەوهەرێکی دی، لە خودی ئەم دۆزینەوەیشدا ئەویتر وەک باڵا و سەرەور دەبینێت و دەانسێتەوە، چونکە لێرەدا ئەویتر هەر بەتەنها وەک جەوهەر نابینێت بەڵکو خودی خۆیشی لە ناو ئەویتردا دەبینێتەوە، خۆی لە گەڵ ئەودا هاوشوناش دەکات.
هەربۆیە پێویستە بە ووردی لە سەر هاوکیشەی ئەویتربوون و دروستبوونی خودئاگایی لە پەیوەندی نێوان کۆیلە و سەرەوەردا قسەبکەین و ڕوونی بکەینەوە.
هیگڵ لە کتێبی (فێمێنۆلۆژیای ڕۆح) دا لە بابەتی خودئاگاییدا و لە پەرەگرافی (١٨٠) دا، باس لەوە دەکات کە خودئاگایی پێویستە ئەویتربوونی(Otherness) خۆی تێپەڕێنێت و دەستبەرداری بێت. لیرەشدا باس لەم تێپەڕبوونە وەک دوو دیوی هەمان ئالۆزی و گرفت دەکات. بەو مانایەی کە یەکەم جار پێویستە ملکەچی جەوهەری خودڕازیبوونی ئەویتر بیت تاوەکو لەڕیی ئەمەوە بتوانێت دڵنیابیتەوە لە خۆت وەک جەوهەر، ناسینەوەی ئەویتریش وەک خۆی، دووبارە ناسینەوەی خۆت. چونکە بە ڕای هیگڵ ئەم دەبڵ و دوو دیوەی تێپەڕاندن و ملکەچی بۆ ئەویتربوون خۆی خودی هەستکردن بە گەڕانەوە بۆ خۆت و جەوهەری خۆت وەک بوونێکی سەربەخۆ دروستدەکات. ئەمەیش یەکەم جار بەو شێوەیە چونکە خودی گەڕانەوەکە بۆ خود لە ڕێی ملکەچبوونەوە بۆ ئەویتر دەبێت. بە مانایەکی تر، ئەو کاتە لە گەڵ خودی خۆت تەبا و هاوتا دەبیتەوە ئەویش لە ڕێی ملکەچبوون بۆ ئەویترەکەت، سەروەرەکەت . لێ جاری دووەم، واتە دیوەکەی تری ئەم هاوکیشەیە ئەوەیە کە خودی خودئاگاییەکە دەدەیتەوە بە خۆی، بەو مانایەی خودی خوداگاییەکە لە ناو ئەویتردا و لە ڕیی ئەویترەوە دروستبووە. لێرەشدا کۆیلە بوونی خۆی لە ناو ئەویتردا دەبینێتەوە یان جێدەگرێتەوە بەمەیش ئەویتر ئازاد دەکات. ئازادی دەکات لە هەموو ستەمکارییەکانی، ئازادی دەکات لە کاروکردەوە چەوسێنەرەکانی کە هەر لە سەرەتاوە بۆتە هۆی دروست بوونی ئەم وەک کۆیلە، لە حاڵەتی ئێمەی کوردا وەک چەوساوە و ستەملێکراوێک.

هەربۆیە بۆ ئێمەی کورد ئەم هاوکێشە هیگڵییە بۆدروستبوونی خودئاگایی زۆر گرنگە چونکە خودی پرۆسەی خودئاگایی لە بەرامبەر خودئاگاییەکی تردا یان ئەویتردا دروست دەبێت کە وەک کردەی یەک خودئاگایی خۆی نمایش و بەرجەستە دەکات. لێ ئەم کردەیەش بۆ خۆی لە ڕووی خودئاگاییەوە دوو دیوی هەیە و بە دوو ئاڕاستەدا دەڕوات. واتە لەم جووڵەیەدا یان لەم پرۆسەیەدا، پرۆسەی دروستبوونی خودئاگایی ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە چی دەکەین بەرامبەر خودئاگایی خۆمان و چیش دەکەین بەرامبەر ئەویتر.چونکە بە پێی هاوکیشە هیگڵیەکە بێت خودی کردەکە (Doing) لە خودئاگاییدا دوو دیوی هەیە: واتە ئەوەی خۆت دەیکەیت بەرامبەر خۆت و ئەوەی ئەویتریش دەیکات – چونکە کار وکردەی ئەویتر بۆ خۆی و لە ناو خۆیدا تەواو ڕازی دەکات. ئەویتر- کە لێرەدا هیگڵ مەبەستی لە سەرەوەرە- تەواو داخراوە بە سەر خۆیدا و لە ناو خۆیدا، بەم مانایەش هیچ شتێک نییە بۆ ئەو کە لەناو خۆیدا نەبێت و بۆ خۆی نەبێت. لێ ئەویتری کۆیلە خاوەنی هیج ئۆبجێکتێک نییە، تەنها ئەوە نەبێت کە ئەو ئۆبجێکتەی کە لەبەردەمیدایە هەر لە سەرەتاوە ئۆبجێکتی ئارەزووی سەرەوەرە کە بۆ خۆی ڕازیبوونی خۆی دروستبووە. هەر لە بەر ئەم هۆکارەیش ئەو ناتوانیت هیچ شتێک بکات بەرامبەر ئەو ئۆبجێکتە گەر خودی ئۆبچێکتەکە خۆی لە ناو خۆیدا شتێک نەکات بەرامبەر خۆی. واتە ئەوەی یەکەم خودئاگایی کردوویەتی لە ناویدا. هەر بۆیە خودی ئەم پرۆسەیە یان جووڵەیە دوو دیوی هەیە، چونکە هەر یەکە ئەوە دەبینێت کە ئەویتر دەیکات و ئەوەش دەکات کە ئەویتر دەیکات. هەر یەکە ئەوە دەکات کە لە سەرەتاوە داوای هەیە لەویتر کە بۆی بکات و ئەنجامی بدات. هەر یەکە تەنها ئەوە دەکات کە ئەویتر دەیکات و بەردەوام هەمان شت دەکات. بە مانایەکی تر، کردەی یەک لایەن بۆ خۆی هیچ مانایەکی نامێنێت، چونکە کە پێویستە ڕووبدات، تەنها لە ڕێی هەردوولاوە ڕوودەدات.
دانپیانان لە نێوان سەرەوەر و کۆیلەدا
هیگڵ لە پەرەگرافی (١٨٤)دا، باس لە دووبارەبوونەوەی ئەم پرۆسەیە دەکات لە ناو جووڵەی بەرە و خودئاگایبووندا. ئەو پێوایە کە ئەم دووبارەبوونەوەیە لە ڕێی گەمەی هێز لە ناو ئاگایدا خۆی نمایش دەکات. بە ڕای هیگڵ ئەوەی کە لەم پرۆسەیەدا خۆی نمایش دەکات هەر هەمانە شتە کە بۆ توندڕەوەکان خۆشیان هەیە، ئەوەی لە نێواندایە خودئاگاییە کە دەبێتەوە بە توندڕەوی. کە لە دۆخی ئێمەدا تورک، عەرەب و فارس- دەیکات، یان ئەوەی ئەویتر بەرامبەرت و لە دژت کردوویەتی. کە لەم دۆخەدا شەڕی مان و نەمان دەکات، هەریەکە مەبەستی نەمان و کوشتنی یەکترە. لێ خاڵی دووەمیش هەمیشە ئامادەگی هەیە کە ئەویش ئەوەیە کە تۆ خۆت بەرامبەری خۆت دەیکەیت، چونکە لە حاڵەتی یەکەمدا ژیانت لە سەر مەحەکە و مەسەلەی مردن و ژیانە. واتە لیرەدا و لەم قۆناغەدا خودی پەیوەندی خودئاگایی لە ڕیی مان و نەمان، مردن و ژیان دیاری دەکرێت، واتە خودی خەبات و بەرخودان بۆ مانەوە کەفیلە بەوەی کە تۆ شایەنی مانەوەیت.
لێرەشدا هەردوو لە کۆیلە و سەرەوەر یان ستەمکار و ستەملێکراو ئەو ڕاستیە بۆ یەکتری دڵنیا دەکەونەوە کە شایەنی خەباتکردنن لە دژی یەک و بەرامبەر بەیەک. ئەم خەباتکردن و بەرخودانە حەتمییە چونکە هەر لە ڕێی ئەم خەبات و بەرخودانەوەیە دەتوانن هەر یەکە لە شوێنی خۆیەوە بوونی خۆی بۆ خۆی و ئەویتریش دووپاتبکاتەوە. دووپاتکردنەوەی ئەوەی کە ئەو شایانی مانەوەیە. کەواتە خودی ئازادی تەنها ئەو کاتە دەبێت بە مانا و جەوهەری ژیان کە ئامادەیت گیان فیدا بیت و ژیانی خۆت بکەیت بە قوربانی بوونی خۆت. ئا لێرەشدا هیگڵ ئەوەمان پێدەڵێت کە دەرئەنجامی ئەم بەرخودان و گیان فیداییە ئەوەمان بۆ دووپاتدەکاتەوە کە خودی خودئاگایی لە جەوهەر خۆیدا بووننییە، چونکە هەر لە سەرەتاوە خودی خودئاگایی لە سەر بنەمای ژیان دروستنەبووە، بەڵكو هیچ شتێک تیایدا نیە کە نەبێتەوە بە خاڵی نەمان و فەوتان، واتە خودئاگایی تەنها لە ناو خۆیدا و بۆ خۆی هەیە و لە دەرەوەی خۆی نییە.
هیگڵ دەڵێت: ( ئەو کەسەی کە ڕیسکی بە ژیانی خۆیەوە نەکردوە رەنگە وەک کەسێک بناسرێتەوە و دانی پیادابنرێت، لێ ئەو کەسە هەرگیز نەگەیشتوە بە حەقیقەتی ئەوەی کە وەک خودئاگا و خودڕازیبوونێک بناسرێتەوە، بەومانایەی ئەو کەسەی کە توانای ریسک کردنی بە ژیانی خۆیەوە هەیە دەتوانێت گیان فیدا بێت، هەر ئەو کەسە دەتوانێت ئەویتریش بکوژێت_چونکە ئەویتر چیتر وەک خۆی نابینێت. بۆ ئەو جەوهەری خۆی بۆ خۆی بەو شێوەیە وەک ئەوەی هی ئەویتر بێت، ئەویتر لە دەرەوەی ئەمە،هەر بۆیەش پێویستە بەسەریدا زاڵ بێت …..[1]).
کەواتە لێرەدا چەمکی مەرگ یان مەرگی ئەویتر بۆ ئێمە وەک کورد چ وەک ستەملێکراو وە چ وەک سیاسی لە دۆخی ئێستادا و لە باشووردا گرنگە. چونکە بە بێ گەڕانەوە بۆ چەمکی مەرگ لە پەیوەندی بە سیاسەتەوە، واتە لە پەیوەندی بە مەفهومی دۆست و دوژمن یان خودی خەبات و بەرخودان بۆ ناسینەوەی خۆت و ئەویتر ناتوانین باس لە ئازادی و خودئاگایی خۆمان وەک کیانێکی سەربەخۆ بکەین. ڕەنگە ئەو شیکارییەی سەرەوە وەڵامێک بێت کە بۆ ئێمە وەک کورد لە زەمەنی بەرخودان و و خەباتکردن لە دژی ڕژێمی بەعس ئامادەبووین هەموومان بە ژن و پیاوە گیان فیدا بین و شەڕی کوردبووین بکەین هەموومان بە ئەخلاقی شاخ و پێشمەرگە سەیری بوونی خۆمان و ئەویتری دوژمنیشمان دەکرد. وەکچۆن لە پارچەکانی تر کوردستاندا ئێستایشی لە گەڵدا ئەو شەڕە، ئەو خەباتە بەردەوامە. رەنگە ئەمە وەڵامێک بێت کە بۆ لە زەمەنی شاخدا ناوی پێشمەرگە هێندە هاوشوناس و هاوتابوو لە گەل کوردبوون، شەڕەکە بۆ هەموومان وەک یەک شەڕی پیرۆز بوو، شەڕی مان و نەمان بوو.

چەمکی شت لە پەیوەندی نێوان سەروەر و کۆیلە
لێرەدا گرنگە بزانین خودی ئیشکردن لە ئاگایی کۆیلە و کەسی ستەملێکراودا چۆن خۆی مانیفێست و بەرجەستە دەکات و هاوکات بە قازانجی کێ دەشکێتەوە؟
بە ڕای هیگڵ خودی ئەم کارکردن و ئێشکردنەیش بۆ خۆی لە ساتێکدا دەبیتەوە بە وەڵامێک بۆ ئارەزووی کەسی سەرەوەر، ئەو ئارەزووەی کە لە ئاگایی ئەوی سەروەردایە لە بەرامبەر بە کۆیلە، واتە بۆ سەرەوەر کۆیلە بۆ تەنها بریتیە لە بەرهەمێنانی شت. ئا لێرەیشدا پەیوەندی نا بنەڕەتی، ناڕەسەن، نا زەرورییەکەی سەروەر بۆ خودی شت جارێکیتر دەشکێتەوە بە سەر کۆیلەدا. خودی ئەو ئارەزووە بۆ شت کە هەر لە سەرەتاوە هی سەرەوەرە و لە ناو کۆیلەدا بەرجەستەی دەیکات و زەقی دەکاتەوە بە جۆرێک کە خودی شت بۆ خۆی دەبێتەوە بە ئەوەڵ و ئەخیر غەمی کۆیلە بۆ ژیان. ئیشی کۆیلە بە بەردەوامی ئیشکردنە لە سەر بەرهەمێنانی شت بۆسەرەوەرەکەی.
لێرەدا هیگڵ پێوایە ئەگەر حەز و ئارەزوو کەسی ستەملێکراو بۆ جێگرتنەوەی شوێنی سەروەر و سەردەستەکەی بەو مانایە بێت کە بیەوێت ببێتە خاوەنی ئەو ھێزو دەسەڵاتەی کە ئەو ھەیەتی وەک هەژموون، واتە بە جۆرێک لە جۆرەکان یەکسان و ھاوشانی ئەو ببێتەوە ئەوا خودی ئەم یەکسانیە سروشتێکی نا ئەخلاقی ھەیە لە بەرامبەر بە خودی پرسی ئازادی. چونکە ئەوەی هەر لە سەرەتاوە کەسی ستەملێکراو بەڕێوەدەبات و ھانی دەدات شوێنی سەرەوەرەکەی بگرێتەوە ئایدیاڵێکی ئەخلاقی نییە بەڵکو زیاتر لە ئیرەییەوە ھەڵدەقوڵێت و زادەی گەیشتنە بە خودی شت ، ئەو شتەی کە خۆی بەرهەمی هێناوە. لە دۆخی ئێمەدا لە باشوور هەڵپەکە زیاتر ئیشکردنە لە سەر گەیشتن بە کورسیەکە نەک هەژمونی کورسیەکە وەک دەسەڵات. بە مانایەکی تر، کەسی ستەملێکراو دەیەوێت بگات بە ھەژمون و دەسەڵاتی سەرەوەر و سەردەستەکەی هەر لەبەر خۆی و تێربوونی خۆی بۆ شت، پارە، نەوت، بۆ حەقکردنەوە بە شت لە پێناوی شت. واتە توندوتیژییەک کە لە پێناوی گەیشتنە بە شت، بە قازانج، نەک لە بەرخاتری شەرەفی یەکسان بوون بۆ ھەموو کەسێک. یان شەرەفی ئازادبوون وەک چەمکێکی گەردوونی و یونیڤێرساڵ بە مانا هیگڵیەکە. ڕەنگە ئەم شیکارییە وەلامێک بۆ شەڕی براکان لە پێناو شت و بۆ شت، شەڕی براکان و کەڵکەڵەی شەڕی براکوژی بۆ قازانجی پارەی نەوت و بەشکردنی میراتی باوکە کوژارەوەکە بە مانا دەرونشیکاری فرۆیدی.
چونکە ئەوەی هەر لە سەرەتاوە جەوهەرییە بۆ کەسی کۆیلە و ستەملێکراو و ئاگایی ئەوی دروستکردوە ژیان و شتە، نەک دەسەڵات و سەروەری. ڕەنگە ئەمە وەلامێکی زۆر سادە لە هەمان کاتدا زۆر قووڵ و فەلسەفی ئەو پاشاگەردانییەی مووچە و گرفتی مووچە بێت کە لە ئێستادا سیاسی کورد لە دۆخە ئەوتیستییەکەی خۆیدا بێ ئاگا خەریکە دەیکاتە قوربانی ئەوەی کە چەندین ساڵە بەدەستی هێناوە. هەڵبەت ئەم بەدەست هێنانە لە سەرەتاوە بە خوێن کراوە. ئەو ساتانای کە شەڕەکە، شەڕی مان و نەمان بوو، ئەو کاتانەی کە سنوری نێوان ئێمە و ئەوان، دۆست و دوژمن بەم شێوەیەی ئێستا تێکەڵ بە یەک نەبوو و نەسڕابوەوە، ئەو کاتانەی ژیانمان خۆی لە سەر سەنگی مەحەک بوو.
هەمیسان پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئێمە ئازادبووین و خۆمان لە بەعس ڕزگارکردووە، یان نەمانی بەعس ئێمەی لە ژێر دەستەیی ڕزگارکردووە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارەیش دەگەڕێنەوە بۆ چەمکی ئاگایی ناشاد لای هیگڵ.
ئاگایی ناشاد و نابەختەوەر لای هیگڵ
هیگڵ لە دوا بەشی نوسینەکەی لە سەر کۆیلە و سەرەوەر بە بابەتێک بە ناونیشانی ئاگایی ناشاد یان نابەختەوەر (Unhappy Consciousness) تەواو دەکات. گەڕانەوە بۆ ئەم بابەتە بۆ ئێمە زۆر گرنگە تا بتوانین لانی کەم لەو میکانیزمانەی کە ئەقڵی سیاسی کوردی لە ماوەی دەسەڵاتی خۆی وەک سیاسیەک و خاوەن دەسەڵاتێک بەڕێوە بردووە، ڕاڤە بکەین و تێبگەین. بۆ ئەوەی بە ووردی لە سەر ئەم بابەتە هەڵوەستە بکەین ئەوا وەک پاڵپشتێک بۆ ڕاڤەکردن و لیکدانەوەکان لە سەر ئەم بابەتە پەنا دەبەم بۆ جودیث باتلەر.
باتلەر لە کتێبی (ژیانی دەروونی دەسەڵات: تیورەکانی سەبارەت بە ملکەچی) دەگەڕێتەوە بۆ هیگڵ باس لەوە دەکات کە شیکاری وورد لە سەر ئەم بەشە زۆر گرنگە بەو پێیەی زۆربەی ئەوانەی کە کاریان لە سەر هیگڵ و بە تایبەتی لە پەیوەندی نێوان کۆیلە و سەرەوەردا کردووە،گرنگیان نەداوە بەم بەشە و ئەوەیان پشتگوێ خستوە کە دواجار ئازادکردنی کۆیلە لە دەستی سەرەوەرەکەی بە کۆیلەکردنی خۆی بۆ خۆی تەواو دەبێت.
باتلەر بۆ قووڵبوونەوە لە سەر بابەتەکەی ئاماژە بە فۆکو دەکات. بەو پێیەی کە فۆکو پێشنیاری ئەوەمان بۆ دەکات کە مەبەستی سەرەکی سیاسەتی مۆدێرن ئەوە نییە کە سوبێکت ئازاد بکات، بەڵکو زیاتر کار لە سەر رێکخستنی ئەو میکانیزمانە دەکات کە لە ڕێی ( سوبێتکەوە) بەرهەمدەهێنرێن و بەردەوامی پێدەدرێت. فوکو لە کتێبی (دیسپلین وسزادا) کاریگەری ڕیفۆڕم لە ناو زیندانەکاندا سنووردار دەکات و دەڵێت:( ئەو پیاوەی کە وەسفکراوە بۆ ئێمە تا ئازادی بکەین، تازە لە ناو خۆیدا هەڵگرو ملکەچی کۆت و پێوەندەکانی زیندانە بە جۆرێک کە لە بوونی خۆی و ئازادی خۆی قووڵترە…).هەڵبەت ئەم دیدەی فۆکو سەرچاوەکەی دەگەڕیتەوە بۆ هیگڵ، چونکە لای ئەویش بە هەمان شێوە کۆیلە هەر بە شێوەیەکی دەرەکی و کاتی – سەرەوەر- لە خۆی دەکاتەوە، لێ لە دونیا ئەخلاقی و ئیتکیەکەی خۆیدا هێشتا هەر ملکەچی نۆرم و ئایدیاڵەکانی سەرەوەرە. بە مانایەکی تر، سوبێکت وەک ئاگاییەکی ناشاد و نابەختەوەر دروستدەبێت و دێتە مەیدان وەک ڕەنگدانەوە و بەرجەستەی یاسا و نۆرمەکانی سەرەوەر کە هەر خۆشیان بۆ کۆیلە دەبنەوە بە ئیتیک و دەبنەوە بە نۆرم بۆ ژیان، ئەو ژیانەی کە بە ڕواڵەت وا دیارە کە تیایدا ئازادە و خاوەن مافە.

باتلەر بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی تێزەکەی خۆی ئاماژە بە نیتچە دەکات بۆ ئەوەی پەیوەندییەک لە نێوان ئاگاییە ناشادەکەی هیگڵ و پیاوە بە ئەخلاقکراوەکەی نیچە دروستبکات. چونکە نیچەش لە لای خۆیەوە پێماندەڵێت: ( ئەم غەریزەیە بۆ ئازادبوون بە تۆپزی و بە زۆرەملێ دروستکراوە…..ئەم غەریزەیە بۆ ئازادببون دەگەڕێتەوە، دەچەپێنرێت و لە ناو هەناوی خۆیدا زیندانی دەکات، تا جارێکی تر بێتەوە دەرەوە وە ئەمەیش بە تەنها و سەرەتای ویژدانی خراپە….).
تێزەی سەرەکی بۆ باتلەر ئەوەیە کە ئازادبوون و خۆ دەربازبوون لە هێز و دەسەڵاتی دەرەکی یان داگیرکەر و ستەمکار بە تەنها بەس نییە تا سوبیکتی ئازاد لە دایک ببێت و بتوانێت خۆی خاوەنی خۆی بێت. بۆ سەلماندنی تێزەکەیشی باس لە جەستە دەکات لای هیگڵ.
ئەوە هیگڵە کە هەر لە سەرەتاوە ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە و باس لە خود کۆیلەکردن دەکات وەک درێژکراوەی کۆیلایەتی، ئاماژەیش بەوە دەکات کە ئەوە جەستەیە لە خودی ئەم پرۆسەیەدا جارێکی تر نکولی لێدەکرێت و دەچەوسێنرێتەوە. گرنگە بزانین کە جەستە لای هیگڵ هیچ کات بە مانای بابەتی ڕەنگدانەوەی فەلسەفی نییە بەڵکو خودی جەستە لای هیگڵ هەمیشە بە ناڕاستەوخۆ ئاماژەیە بۆ شوێن و قاوغێک کە تایبەتەمەندە بە ئاگاییەوە.
هیگڵ لە شیکاریەکەیدا سەبارەت بە خود کۆیلەکردن وەک درێژکراوەی ئازادی لە کۆیلەبوون، باس لەو( تیرۆر) ە دەکات کە کۆیلە داگیردەکات و ڕامی دەکات، ئەو کاتەی کە ئازاد دەبێت لە چنگی سەرەوەرەکەی. ئەم تیرۆرە لای کۆیلە بە فابریکەکردنی نۆرمی ئەخلاقی-ئیتیکی وەک مەرجێک بۆ ژیان و جەستەی خۆی بەرجەستە دەبێت. بەم مانایەش (ئاگایی ناشاد و نابەختەوەر) پەیوەندییەک لە نێوان خود-کۆیلەبوون وەک ملکەچبوونی جەستەیی و لە هەمان کاتیشدا نۆرم و یاسای ئیتیکی و ئەخلاقی بۆ سەر خۆی و ژیانی خۆی پیادە دەکات.
ئەوەی کە کۆیلە خۆی دەخاتە شوێنی سەرەوەر پەیوەندی بەو (پەیمان)ەوە هەیە کە لە نێوان کۆیلە و سەرەوەردایە، بەو مانایەی کە هەموو کار و بەرهەمی کۆیلە هەر لە سەرەتاوە و بێ مەرج هەر هەمووی بە شێوەیەکی دووبارە بۆ سەرەوەرە. باتلەر باس لەوە دەکات کە ئەم جێگرتنەوەیەی کۆیلە بۆ سەرەوەر خۆی لە خۆیدا شکڵییە، چونکە ئەو کاتەی کۆیلە، کۆیلەببونی خۆی تێدەپەڕینێت و بە ئاگا دەبێت لە واژۆ و مۆری خۆی لە سەر ئەو شتانەی کە بەرهەمیان دێنێت. ئەم ناسینەوە بە ئاگابوونەیشی بەو شێوەیە دەبێت کە ئەو خۆی شتێکی دەگمەنی دروستکردوە و دەتوانێت مۆر و ئیمزای خۆی لە سەر بەرهەمی کار و ڕەنجەکەی دانێت. خودی ناسینەوە و بە ئاگاییەکە شکڵی و فۆرماتیڤە، واتە کۆیلە بەرهەمێکی دیار و ئاشکرا بەرهەمدێنێت کە خۆی دەتوانێت مۆر و ئمیزای بکات و ئەویش بخوێنێتەوە. لێ خودی ئەو کارە، ئەو بەرهەمە یان ئۆبێکتی بەرهەمەکەی هەر لە سەرەتاوە دەگەڕیتەوە بۆ سەرەوەرەکەی، واتە خودی ئەو بەرهەمە و ڕەنجەکەیش هەرگیز نابێتەوە بە بەشێک لە کۆیلە ئەگەر چی خودی ئەو ڕەنج و کارە لە کۆیلەوە دێت و هی خۆیەتی.
بۆ باتلەر پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە کە ئایا ئەم ڕەنج و کارکردنە دەکرێت بگەڕیتەوە بۆ کۆیلە و خۆی ببێت بە خاوەنی کار و ڕەنجی خۆی؟ لە وەڵامیشدا باتلەر بیرماندەخاتەوە کە سەرەوەر هەر لە سەرەتاوە نکولی لە خۆی وەک بوونێکی ڕەنجدەر، لە جەستەی خۆی وەک ئامرازێک بۆ کارکردن دەکات. هەر بۆیەش جەستەی کۆیلە بۆ خۆی داگیردەکات تا ئیشی بۆ بکات، واتە هەر لە سەرەتاوە جەستەی کۆیلە دەبێت بە جەستەی سەرەوەر بە لە بری دانان. بەم مانایەش بێت کۆیلە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەوەر و هی ئەوە لێ ئەم جۆرە لە موڵکایەتی ناتوانرێت بە ئاشکرا بکرێت، چونکە بە ئاشکرا و ڕاستەوخۆ دانپیادانان بەم موڵکایەتیی و خۆبوونە واتە دانپیانان بە خودی جێگرتنەوەکە و لە بری دانانەکە. واتە دانپیانان بەوەی کە سەرەوەر خۆی ئەو جەستەیە کە نایەوێت ببێت. کەواتە خودی کارکردن و ڕەنجی کۆیلە دوو دیوی هەیە بە دێوێکدا ئاکتیڤ و کارایە و بە دیوەکەی تریشدا خودی ئیشکردنە واتە ئۆتۆنۆمی بۆ کۆیلە. ئەم ئیشکردنەیش بۆ خۆی لە ڕێی لاسایکردنەوەی جەستەی سەرەوەرە دەبێت، واتە خودی ئۆتۆنۆمئ کۆیلە هەر لە سەرەتاوە لە ڕیی لاسیکردنەوەی جەستەی سەرەوەرەوە دەبێت ئەو جەستەیەی کە سەرەوەر هەر لە سەرەتاوە نیەتی، واتە کۆیلە لاسایی شتیک دەکاتەوە و بە هۆیەوە ئۆتۆنۆمی و سەربەخۆیی خۆی وردەگرێت کە هەر لە سەرەتاوە بوونی نییە.
با بێنەوە سەر بابەتی ئیشکردن و واژۆ مۆری کۆیلە لە سەر بەرهەمەکانی و با بزانین تا چەند ئەم واژۆ و مۆرکردنە لە خزمەتی ئازادی کۆیلەدا دەبیت. وەک پێشتر باسمان کرد دوای ئەوەی کە کۆیلە دەگاتە ئەو قۆناغەی کە واژۆی خۆی لە سەر بەرهەمەکانی خۆی دەبینێتەوە و دەخوێنێتەوە، ئەوا لەو کاتەدا ئۆتۆنۆمی خۆیشی دەبینێتەوە، لی( هێشتا ) ئۆتۆنۆمی خۆی وەک کاریگەری و سەرلێشێواوی سەرەوەرەکەی نابینێت، ئەوەیش نابینێت کە ئۆتۆنۆمی سەرەوەرەکەی خۆی لە خۆیدا شێواوە. لێرەیشدا دوو جۆر لە ئۆتۆنۆمی خۆی نمایش دەکات کە هەردووکیان کاریگەری لە سەر یەکتر دەکەن و یەکتری بە شیوەیەکی ڕادیکاڵانە ڕەتدەکەنەوە.
ئۆبێکتی ئارەزوو لە نێوان سەرەوەر و کۆیلەدا
لە بەرئەوەی بە ڕای هیگڵ ئیشکردن بریتیە لە ( ئارەزوویەک کە لە ژێر کۆنترۆڵدایە)، ئەوا پێویستە بزانین ئەم ئارەزووە لە کام جۆرەیە و لە ناو کێدا و لە ڕیی کێیەوە خودی ئەم ئارەزووە ڕازیدەکرێت و دەگاتە ترۆپکی خۆی و هاوکات کێ کۆنترۆڵی دەکات؟
بە ڕای هیگل خودی ئارەزوو خۆی ئۆبجێکتەکەی خۆی پێچەوانە دەکاتەوە و نکوڵی لێدەکات، لە دەرئەنجامی ئەمەیش خودی ئەو هەستە تێکەڵە خۆی پێچەوانە دەکاتەوە، واتە هەستی لە نێوان ئەوەی کە تۆ کۆیلەیت یان سەروەر؟ هەر لەبەر ئەم هۆکارەیش خودی ئارەزوو خۆی پووج دەبێتەوە، چونکە هەر لە سەرەتاوە ئەم ئارەزووە خاسیەتێکی ئۆبجێکتیڤ و بابەتی نییە یان ووردتر بڵێین بوونێک و جەوهەرێکی ڕەق و ڕاوستاوی نییە. لەملایشەوە و بە پێچەوانەوە کارکردنیش خودی ئارەزووە بۆ هەڵبژاردن یاخود کارکردن واتە گەشەکردن و خۆ پەروەردەکردن، کە هەر بۆ خۆیشی پووچ دەبێتەوە.
لێ ئێمەیش دەزانین و ئەزموونەکان ئەوەی فێرکردووین کە خودی دەسەڵاتە موتلەقەکەی ستەمکار یان خودی هەژموون و دەسەڵاتی سەروەر لە ناوی کەسی کۆیلەدا تەنها بە داڕمانی کویلە خۆی تەواو دەبێت. ئەگەرچی ترس لە دەسەڵاتی سەرەوەر سەرەتای چرۆکردن و هەڵتۆقانی حیکمەتە (Wisdom)، لێ خودی ئەم ترسە بۆ ئاگایی خۆیەتی بە بوونی ئەویتری گەورە و سەرەوەر نەک خودیاگاییەک بۆ کۆیلە بە بوونی خۆی بۆ خۆی وەک سوبێکتێکی ئازاد.
کەواتە ئەوەی ئەم هاوکێشەیە ڕێکدەخات خودی حیکمەت و ئیدراکی کۆیلە نییە بە بوونی خۆی وەک بوونێکی ئازاد و سەربەخۆ بەڵکو خودی کاردکردنە، کاردکردن وەک قەرەبوویەک بۆ بوون. لێرەیشدا گرنگە لە سەر چەمکی کار بوەستین کە ئەمەیان جیاوازە لە خودی کردار بە مانای ئاکتی سیاسی. چونکە ئیشکردن بۆ مانەوەیە لە ژیان، لە کاتێکدا کردار(Vita activa) ئەمەیان پەیوەندی بە سیاسەت و کاری سیاسییەوە هەیە دەکەوێتە فەزای گشتیەوە بە دیدی هانا ئارێنت.
گرفتەکە لێرەدا ئەوەیە کە ڕەتکردنەوە و نکوڵیکردن لە ئۆبجێکتی ئارەزووەکە خۆی دەبێتەوە بە فۆڕمێک بۆ ئۆبجێکتەکە. واتە خودی کارکردن دەبێتەوە بە فۆڕمێک لە بەرگەگرتن چونکە لە ناوی خودی کارکردندایە وەک ئۆبجێکتێک کە کەسی کۆیلە-کرێکار- چەوساوە دەتوانێت خودڕازیبوونێک بۆ خۆی زامن بکات. جا خودی ئەم نێوەند نێگەتیڤە، واتە خودی ئەم کردنە خۆی دەبێتەوە بە جۆرێک لە فەردانیەت، ئیشکردن وەک تاکە کەس،( Singularity)، یاخود ئەوەی کە هیگڵ پێدەڵێت: بوونێکی بێگەرد بۆ خۆی، بۆ ئاگایی، کە لە خودی کاردکردندا وەک شتێکی دەرەکی دەبێتەوە بە سەرچاوەیەکی هەمیشەیی. ئیتر لێرە بە دواوە ئاگایی کەسی کۆیلە بۆ کارکردن دەچێتە قۆناغی خود ڕازیبوون بە جۆرێک وەک ئەوەی کار و ئیش بۆ خۆی بکات لە کاتێکدا ئێمە دەزانین کە هەموو کار و بەرهەمی کەسی کۆیلە بۆ سەرەوەرەکەیەتی. بەکارهێنانی ئەم دیدە هیگڵییە بۆ ئیشکردن لە پەیوەندی نێوان سەرەوەر و کۆیلەدا لە سیاستیشدا هەر ڕاستە. واتە تۆ کاتێک وەک نەتەوەیەکی ستمەلێکراو ئازاد دەبێت ئەوا هەموو کاروئیشی تۆ وەک سیاسی لە فۆڕمە گشتییەکەی دەردەکەیت و دەیکەیت بە کاروکاسپی بۆ خۆت وەک تاک یان لە باشترین حالەتدا لە پێناوی خزمەتی بنەماڵە و خێڵەکەتدا دەبێت.
بە تایبەت گەر ئێمە بگەڕینەوە بۆ ئەو ساتە وەختانەی کە تیادا ڕژێمی بەعس رووخا، هەر لە سەر زمانی سیاسیەکان خۆیان ئەوەمان بەرگوێ دەکەوت کە ئەگەر کورد نەبوایە ئەوا شتێک نەمابوو بە ناوی سیاسەت لە ناو عێراقدا. ئەوە کوردەکان بوون کە سەرلەرنوێ سیاسیەتیان خستە سەر پی خۆی تا بگاتەوە ڕۆژانێک کە پەلامارمان بدەنەوە. هەر بۆیە پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەو کاتەیش کورد هەر بە خودئاگایی چەوساوە کاری کردووە یان توانیویەتی ئەویتری سەرەوەر تێپەڕێنێت؟ یان زۆر بە سادەیی ئایا کورد هەموو کارەکانی بۆ خزمەتکەردنی ئەویتری سەرەوەر نەبووە؟ بە مانای ئەوەی کورد بۆتەوە بە ئەو ئەقڵەی کە خۆی نیەتی چونکە ئەو لە ڕاستیدا بە ئەقڵی سەروەرەکەی لە خزمەتی ئەودا بووە بۆ دروستکردنەوەی . بە جۆرێک کە ئەوەی هێشتیەوە بۆ خۆی تەنها ( شت)ە بە مانە هیگڵییەکەی وە مووچە بە مانا لۆکاڵیەکەی ئێستا بێت. گەمەی مووچە زۆر لەوە گەورەتر کە ئێمە بە تەنها بچووکی بکەینەوە بۆ قوورتی خەڵک. هەڵبەت کاتێک کە من ئەم قسانە دەکەم زۆر بە ئاگام لەوەی کە قووت و نانی خەڵک مەرجی پێشوەختی بوونە، لێ لە هەمان کاتدا بۆ ئەوەی بتوانیت ئەو قووتە بخۆیت کە چاوەڕێیت لە دەستی ئەویتر وەریبگریت و بۆت بنێرێت، ئەوا مەرجی پێشوەختییش ئازادی بوونی تۆیە وەک کورد وەک قەوارەیەکی باوەڕپێکراو وەک خود ئاگایی بەوەی کە تۆیش بەشێکی لە سەرەوەری و دەسەڵاتی ئەو ووڵاتە، باوەڕکردنە بەوەی کە تۆ ناىیت سواڵی نان و مووچە بکەیت وەک ئەوەی ئەویتری سەرەوەر خێرت پێ بکات، بداتێ یان نەداتێ. تۆ کە وەک سیاسیەک هێشتا خودئاگایی خۆت وەک بوونێکی سەربەخۆ دروست نەکردبێت و زمان و ڕیتۆرێک نەگۆڕیبێت ئیتر چۆن چاوەڕی ئەویتر دەکەیەت کە وەک قەوارەیەکی سەربەخۆ و خاوەن دەسەڵات بتبینێت و حساب بۆ بکات.

Wletgeist yur Pferde
-هێڵكاری ماگازینی هاپرپهر ١٨٢٥-بڵاویكردۆتهوه
بۆ ئەوەی زیاتر لە سەر ئەم بابەتە بکۆڵینەوە ئەوا هەمیسان دەبیت بە ووردی بچینەوە سەر چەمکی کارکردن لای هیگڵ. چونکە بە ڕای ئەو خودی ئیشکردن هەر بە تەنها بەو مانایە نایەت کە ئاگایی کەسی کویلە و خزمەتکار وەک بوونێکی بێگەرد و بێخەوش بۆ خۆی دەبینێت و ئیتر لەوێدا هەموو شتێک تەواو بێت، بەڵکو ئەم خود ئاگاییە لە هەمان کاتیشدا ڕەتکردنەوەی مانای یەکەمە، واتە ساتە وەختی مانای دروست بوونی (شت)ە. واتە ساتە وەختی نکولیکردن لە خۆی یاخود بوونی خۆی وەک خۆی وەک بوونێکی ئازاد.هەڵبەت ئەمەیش لە ئەنجامی ئەوەی کە خۆی دەبێتەوە بە ئۆبجێکت بۆ خۆی، بەمەیش فۆڕمەکەی پیشووی خۆی کە لە سەرەتاوە سەرەوەر بۆی دروستکردوە دەیگۆرێت. وەلێ ئەم نکولیکردنە ئۆبجێکتڤە بە تەواوی جەوهەری ئەو نامۆبوونەیە کە هەر لە سەرەتاوە کەیانی پێ لەرزاندوە. لێ لەم کاتەدا ئەو خۆی خودی ئەم نامۆبوونە بە نێگەتیڤی دەشکێنێت خۆیشی هەر وەک نەرێنیەک (نێگەتیڤی خۆی)، وەک سەرچاوەیەک بۆ بەردەوامبوون درێژە پێدەدات. کەواتە خۆی دەبێتەوە بە بوونێک بۆ خۆی ،بوونێک بۆ خۆی کە لە ڕاستیدا بۆ سەروەرەکەی هەر کۆیلەیە، یان بوونێک هەر بە تەنها بۆ خۆی. ئەوەی کە هیگڵ دەیەوێت پێمان بڵێت ئەوەیە کە ترس لەوەی ببیت بە خۆت لە ناو بوونی خۆتدایە.
گەر ئەم دیدەی هیگڵ ببەستینەوە بە بوونی کورد وەک بوونێکی سیاسی و کەلتووری لە ناو ئێستای عێراقد، وە بۆ ئەوەی لە هەڕەشەی لەدەستدانی ئەوە بگەین کە لە سەرەتاوە بەدەستمان هێناوە. بۆ ئەوەی جەخت لە سەر هەڕەشەی لەدەستچوون بکەیەنەوە ئەوا هەمیسان پێویستە بە ئەقڵێکی ڕەخنەیی قووڵەوە لە سیایسەت و سیاسیەکان بڕوانین. واتە بوونی تۆ وەک کورد وەک سیاسیەک نەک هەر بە مانا سەرەتاییەکەی سیاسەت بەڵکو سیاسەت لە سەر ئاستێکی مەعریفی و فەلسەفی. هەر بۆیە ناتوانین لە هیچ قەیرانێکی ئێستا و داهاتوو بگەین گەر تەواو ئاشنا نەبین بە خۆمان و خودئاگایی خۆمان وەک ژێردەستە و چەوساوە بە مانایەی کە هێشتا تۆ وەک کورد لە هەر چوار لاوە – باکوور، باشوور، ڕۆژهەلات و ڕۆژئاوا – پەلکێش دەکرێیت و خوێنت حەڵاڵدەکرێت.
گرنگی ترس لە دروستبوونی خودئاگاییدا
کەواتە کاتیک وەک کۆیلە دەبیت بە خاوەن دەسەڵات، ئەوە خودی ئەو بوونە بۆ خۆی لە ناو خۆیدایە و بۆ خۆتە، بەو مانایەی ئەو فۆڕمەی کە لیێ دروستبووە و پێویستە بڕواتە دەرەوەی خۆی هیچ نیە جگە لە بوونێک- شتێک کە هەر خۆیەتی. چونکە هەر لە بنەڕەتەوە بوونی ئەو لە خۆیدا و بۆ خۆی هەر ئەو فۆڕمەیە کە خودی حەقیقەتی لێوە دروستبووە، کە ئەویش جەوهەری بوونی ئەویترە وەک سەرەوەر. ئەمەیش لیکدانەوەیەکی دروستە بۆ گرێی خۆ بە کەمزانین لای کۆیلە تەنانەت ئەو کاتەیش کە لە کۆیلەبوون ڕزگاری دەبێت. چونکە ئەوەی کە هەر لە سەرەتاوە دروستیکردووە ئارەزووی ئەویتری سەرەوەرە. هەر بۆیە کاتێک ئەم فۆڕمە هەڵدەگەڕیتەوە، ئەوا لە ناو خۆیدا بۆ خۆی پێویستی بە ئەقڵێک هەیە کە تایبەت بێت بە خۆی. ئۆتۆنۆمی بە مانا هیگڵییکەی واتە کە تۆ لە لایەن دەسەڵاتێکەوە بەڕیوەببرێت کە هەر لە سەرەتاوە لە ناو خۆتەوە هەڵقوڵاوە و سنورەکانی خۆت دیاریتکردووە، دەسەڵاتی ئەوەی کە ئازاد بیت بۆ خۆت و لە ناو خۆتدا. خودی ئەم بیرکردنەوەیە زەمینە بۆ مرۆڤی ئەقڵانی و سەربەخۆ دروستدەکات. مرۆڤێک کە بتوانێت رێز لە هەژمون و دەسەڵاتی خۆی بگرێت وەک بوونێکی سەربەخۆ و ئازاد، لەبەرئەوە ئاساییە کە هیگڵ دەوڵەت بە پیرۆز ناوزەند دەکات. بە ڕای ئەو کۆمەڵگە دەبێت بەو شێوەیە بێت کە مرۆڤ وەک تاک خۆی لە پەیوەندی بە ژیانێکی گەورەتر و باڵاتر لە خۆی ببینێت، واتە مرۆڤ دەبێت خۆی وەک سوبێکتێک لە گەردووندا و لە سیاقێکی باڵاتردا ببینێت. بەو مانایەی کە هەموومان بەشێکین لە شتێکی گەورەتر،بەشێکین لە ژیان. بەم مانایەش ئێمە لە پێناسە سادەکەی لیبرالیزم بۆ ئازادی و ئازادی تاکە کەس وەک تاکە ئامانج بۆ بوونی ئازادی دووردەکەوینەوە، چونکە ئامانجی کۆمەڵگەی ئازاد دەبیت ئیشکردن بێت لە سەر دروستبوونی تاک لە ناو سیاقیکی گەورەتر و گەردوونیدا.
ئەمەیش تەنها و لە ڕێی ئیشکردنەوە دەیکات واتە ئیشکردن بۆ خۆی دەبێتەوە بە ئەقلێکی دەرەکی تا کەسی کۆیلە خۆی پێ تەعریف بکاتەوە. بە ڕای هیگڵ بۆ ئەوەی لەم دۆخە بگەین ئەوا بە ووردی پێویستمان بە تێگەیشتن لە هەردوو دۆخەکەی ترس و خزمەتکردن هەیە، هەر وەکچۆنیش چالاکی کەلتوریمان پێویستە و بۆ ئەم خودناسینەوەیە و لە سەر ئاستێکی جیهانی. بە ڕای هیگڵ بە بێ دیسپلینی خزمەتکردن و ملەکەچی، خودی ترس لە ناو شکڵیاتدا خۆی ووندەکات و کاڵدەبیتەوە بەجۆرێک تێکەڵ بە واقیع دەبیت کە چیتر نایناسیتەوە، بە مانایەکی تر خودی ترس فۆڕم و شكلێ تر وەردەگرێت و بە دەمامکی ترەوە خۆی نمایشدەکات.
لە ئێستای دۆخی باشووردا خودی ئەو ترسە چۆتە ناو بەرگی مووچەوە لە خەمی ناندا خۆی مەڵاس داوە بە جۆرێک و ترسە ڕاستەقینەکەمان بیرچۆتەوە یان ڕاستگۆ بین هەر نایبینین. ترسی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەکەمان، ئەو قەوارە و کەیانەی کە بەخوێنی سەدەها هەزار شەهید، ئەنفال، کیمیابارانی هەڵەبجە وێرانکردن و خاپوورکردنی لادێیەکانی کوردستان دروستبوو.
هەڵبەت بە ڕای هیگڵ بە بێ چالاکی کەلتوری خودی ترس بێدەنگ دەبێت و دەچیتەوە ناو خۆی، ئا لێرەیشدا ئیتر ئاگایی نابێتەوە بە ئاگایی بۆ خۆی. بە مانایەکی تر، گەر چالاکی و کار و کردەوەی کۆیلە بە بێ حسابکردن بۆ ترس بێت کە لە خۆیدا ترسی موتڵەقە- ( ئەو ترسە ، ترسی لە دەستچوون کە کورد لە باشووور چیتر حسابی بۆ ناکات و بیری چۆتەوە _) ئەوا ئەو کاتە خاوەنی ئەقڵێکە یاخود ئەقڵێکی بۆ خۆی دروستکردوە – لێرەدا مەبەستم لە ئەقڵی سیاسیە- کە لە فۆڕم و لە ناوەرۆکدا پووچە بە مانا هیگڵییەکەی. چونکە ئەو ئەقڵە لە خۆیدا و لە ناو خۆیدا دیوە نێگەتیڤەکەی هەر لە سەرەتاوە نێگەتیڤ نییە ، واتە دوژمن دوژمن نییە، بەڵکو لە سەر هەمان جەوهەر و حەقیقەت دروستبووە کە هەر لە سەرەتاوە هی سەرەوەرە. جەوهەری سەروەریش یەک شت کە ئەویش سەیرکردنی تۆیە وەک کۆیلە، وەک چەوساوە.
ئێستاشی لە گەڵدا بێت سیاسی کورد لە باشوور بە نەستی سەرەورەکەی سیاسەت دەکەیت هەر بۆیەش ئاساییە کە ئاکتی تۆ وەک سیاسیەک لە دوای سی ساڵ زیاتر لە سیاسەتکردن هێشتا بۆ خۆی ئەو خود ئاگاییەی پێنەبەخشیویت وەک خودئاگایی و ئاشنابوونی خۆت و جەوهەری خۆت وەک کورد، وەک مرۆڤێکی ئازاد و خاوەن هەژمون و خاوەن بڕیار.
هەر سەبارەت بە ترس هیگڵ باس لەوە دەکات کە ئەگەر کۆیلە بە ترسی موتڵەق تاقینەکرێتەوە، واتە ترسی مان و نەمان بەڵکو هەر بە تۆزێک لە دڵەڕاوکێ، ئەوا خودی جەوهەرە نێگەتیڤەکە واتە خودی سەرەوەر هەر وەک شتێکی دەرەکی بۆ ئەم دەمێنێتەوە، جەوهەرەکەیشی بە ناوی هەموو ئەمدا ناڕوات و تێپەڕنابێت.
دیارە ئەم شیکارییەی هیگڵ لە ئێستادو بۆ کورد لە باشوور زۆر دروستە، بە مانایەی کە هەموومان بە هەمان ئەندازە و بە هەمان ترسی لە دەستچوون کەیان و بوونمان نالەرزێت.
بەوەی کە بزانین ئیتر ئێمە خاوەنی کەیانی خۆمانین لە باشوور ئەمەش واتە خاوەنی ئەقڵی سیاسی خۆمانین، ئەوا لە ئەقڵی خۆماندا یان لە ئەقڵی سیاسیەکانماندا هێشتا چارەنووسی خۆمان، بە دەستی خۆمان دیاریدەکەین. خودی ئەم بیرکردنەوەیە بە پێی پەیوەندی کۆیلە- سەرروەر و بە ڕای هیگل نەک ئەقڵانی نییە بەڵکو هیچ نییە جگە لە کەلەڕەقی و نەزانین نەبێت. واتە خودی ئەم بیرکردنەوەیە کە تۆ لە ئەقڵی خۆتدا بە ئازادی حسابی بۆ دەکەیت هیچ نییە جگە لە ئازادییەک کە سنورەکانی بەستراوە بە کۆیلایەتیەوە. چونکە دیسانەوە دەبێت ئەوە بە بیری خۆمان بهێننەوە کە لە ناو ئاگایی کۆیلەدا- چەوساوەدا فۆرمە بێخەوش و بێگەردەی کە دروستدەبێت هەر ئەوەندە بوونی هەیە کە فۆڕمەکەی تر بوونی هەیە. کاتێک کە ئەم فۆڕمە دەچێتە سەروو کەسەکانەوە خۆی دەکاتەوە بە ئاکتێکی کەلتوری یان با بڵێن سیاسی لە سەر ئاستە جیهانییەکەدا، لێرەدا هیگڵ مەبەستی لە ئازادبوونە وەک چەمکی موتڵەق لە سەر ئاستی یونیڤێرساڵ، ئەوەی کە تا ئێستا کورد نەبووە و هەمووشمان دەزانین کە لە سەر ئاستە جیهانیەکە ئێمە هێشتا وەک گەورەترین میللەتی بێ دەوڵەتین، چونکە ئەو پۆزەی کە سیاسی کوردی بە سەر خەڵکی خۆیدا لێدەدات بە بیانووی ئەوەی کە وەستایی و سیادەتی بە سەر هەندێک شتدا هەیە لە ڕاستیدا ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی کە نەدەسەڵاتی بە سەر هێزە جیهانیەکەدا هەیە وە نە بە سەر خودی جەوهەرە بابەتیەکەی خۆیدا کە بە درێژایی میژوو بە دەستیەوە دەناڵێنێت ئەویش سەیرکردنی ئەویترەی سەروەرە بۆ بوونی تۆ وەک کورد وەک قەوارەیەکی سیاسی ئازاد و سەربەخۆ.
سەرچاوەکان
1- The Phenomenology of Spirit: G. W.F.HEGEL
2-The psychic life of power: theories in subjection: Judith Butler.
