فلیمی داڤید و له‌یلا- ٢٠٠٥

ئازادی سێكسی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا


Loading

پێشەکی:

کۆمەڵگا سيستەمێکی ئاڵۆز و فرە لایەن و بەشە،لە چەندين لایەن و بەشی  ديار و نا ديار پێکدێت،بە گشتی ئەو بەشانە  کار لە یەکتر دەکەن و یەکتر تەواو دەکەن،پەيوەندی نێوان بەشەکان بە یەکترەوە لە لایەک، پەيوەندی بەشەکان بە (گشت)ەوە لە لایەکی ترەوە،بريتين لە کۆمەڵێک پەيوەندی ئاڵۆز.دەکرێت گۆڕانکاريەک لە یەکێک لەو بەشانە ببێتە هۆکاری گۆڕانکاری لە چەندين بەشی دی،هەر وەها دەکرێت لە ئەنجامدا ببێتە هۆکاری گۆڕانکاری لە (گشت).هەر وەها هەندێ لەو بەشانە (جزء) لە چەندين وردە بەشی دی پێکدین،دەکرێت دەستکاری کردنی یەکێ لەو وردە بەشانە سەربکێشت بۆ گۆڕانکاری کۆی سيستەمەکە (گشت).لێرەدا پێويستە ئەم دێرە( ئەبستراک)تانە ڕونتر بکەينەوە بە هەندێ نموونە:کە دەڵێين سيستەم یا خود گشت،مەبەستمان لەوەیە بۆ نموونە کۆمەڵگای کوردی لە هەرێمی کوردستان،گشتە،ئەم کۆمەڵگایە لە چەندين بەش پێکدێت وەک سياسەت،کولتور،ئابووری…هەر یەک لەم بەشانە لە چەندين وردە بەشی دی پێکدێت،بۆ نموونە کولتور لە چەندين بەشی وەک ئايين،ئەخلاق،پەيوەندی کۆمەڵایەتيەکان..پێکدێت.هەر یەک لەم بەشانە کەسایەتی و فکر و جيهانبينی تاکی کوردی پێکدێنن،پاشان ئەم تاکە بەم دەروون و جيهانبينەوە بەشداری دەکات لە سياسەت و ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری…وەک دەبينين هەموو بەشەکان کار لە یەکتر دەکەن و پەيوەنديان بە یەکترەوە هەیە،بەڵام ئەمە مانای ئەوە نييە کە هەموو ئەو بەشانە لە ڕووی کاريگەری و قورسایی و گرنگيەوە،هاوسەنگ و لە یەکچوون،بۆ نموونە ئاين کە بەشێکە لە کولتور،دەکرێت گەورەترين کاريگەری هەبێت نەک تەنها لەسەر کولتور،بەڵکو لەسەر کۆی سيتەمەکە (گشت). هەندێ کات کێشە یا خەلەلێک لە یەکێ لەو وردە بەشانە هەبێت،رەنگە ببێتە مایەیی دروستبونی کێشە و خەلەل لە کۆی سيستەمەکە،دەستبردن بۆ ئەو بەشە و گۆڕانکاری و چاکسازی تيايدا دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە کۆی سيستەمەکە.

ئێمە لەم نووسينە دەمانەوێت باسی کێشەیەک یا پرسێک بکەين لە کۆمەڵگای کوردی یا بە دياريکراوی لە کۆمەڵگای هەریمی کوردستان،ئەويش بريتييە لە (ئازادی سێکسی)،ئەم چەمکە زۆر تا کەم باسی لێوە کراوە و ئاماژەی پێدراوە لە ناوەندی ڕۆشنبيری کورديدا،بەڵام ئەوەی کەم دەبينرێت یا خود رەنگە هەر نەبينرێت ئەوەیە کە کاریکی جدی و پرۆژەیەکی تۆکمە نەبووە لە بارەی ئەم کێشەیە،بەو مانایەیی کارێکی مەعريفی لەسەر ئەو بابەتە نەکراوە کە بە شێوازێکی بابەتی و بێ ترس و موجامەلە و شەرم دەست بۆ ئەو چەمکە ببات و باس لە هۆکارەکانی قەدەغە کردنی ئازادی سێکسی بکات و ئاماژە بە کاريگەرييە فرە ڕەهەندەکانی ئەو قەدەغەکردنە بدات.لە لایەکی ترەوە کارێکی مەعريفی نييە یاخود دەگمەنە،کە جەخت لەسەر گرنگی و قورسایی و کاريگەری ئازادی سێکسی بکات لەسەر کۆی کۆمەڵگا،یاخود هەوڵێکی جدی نەبووە یا دەگمەنە،کە بانگەشەی ئەوە بکات ئازادی سێکسی شتێک نييە تەنها بە نووسين و قسە باس بکرێت،بەڵکو بريتييە لە پەيوەنديەکی مرۆیی دەبێت لە ژیانی رۆژانەدا پراکتيک بکرێت.ئەم نووسينە هەوڵیکی سەرەتاییە یاخود پێشەکیيە بۆ پرۆژەیەکی فراوان کە پێويستە کاری لەسەر بکرێت،نەک تەنها لە لایەن رۆشنبيرەکانەوە،بەڵکو لە لایەن دەسەڵاتی سياسي و ڕاگەیاندن و رێکخراوەکان و گروپە کۆمەڵایەتيەکانيش.

 

مەبەست لە ئازادی سێکسی چييە؟

بە گەڕانەوە بۆ ئەدەبياتی دەروونناسی و بە تايبەت بە گەڕانەوە بۆ تيوريەکانی فرۆيد تێدەگەين کە سێکس چ غەريزەیەکی بە هێز و کاريگەرە،لای ئەو سێکس تەفسيری هەموو شتێک دەکات و بە فراوانترين غەريزەی مرۆڤی دادەنێت،بەڵام ئێمە لێرەدا زیاتر تەرکيز دەخەینە سەر ئازادی سێکسی،نەک باسکردنی غەريزەی سێکس،واتە باس لە لایەنە کۆمەڵایەتیەکەی سێکس دەکەين،نەک لایەنی غەريزەیی و بايۆلۆژی.باس لەوە دەکەين نەبوون و کەمی ئازادی سێکسی لە کۆمەڵگادا (لێرەدا کۆمەڵگای هەرێمی کوردستان وەک نموونە وەردەگرين) چ کاريگەریەکی کۆمەڵایەتی و دەروونی و فکری دروست دەکات لەسەر تاکەکانی کۆمەڵگا.

لێرەدا بە پێويستی دەزانين ئاماژە بەوە بکەين،کاتێک باس لە ئازادی سێکسی دەکەين،مەبەستمان لە ئازادی سێکسی تەنها کرداری جووت بوون (جماع) نييە،ئازادی سێکسی لەم نووسينە لە سڵاو و گفتوگۆی رۆژانەی نێوان کوڕ و کچ دەگرێتەوە تا جووتبوون،ئازادی لە یەکتر نزيکبوونەوەی هەردوو رەگەزەکە،ئیتر چ هاورێتی بێت،عەشق بێت،گفتۆگۆ،بە یەکەوە کارکردن و خوێندن،هاوسەرگيری، ماچ کردن،سێکس کردن..ئەنجامدانی هەموو ئەمانە بێ ترس وشەرم و رێگری و زۆرلێکردن، بێ ناوزڕاندن،بێ تێکەڵکردنی لەگەڵ ئەخلاق… بريتييە لە ئازادی سێکسی.ئەمەی کە باسی دەکەين،شتێک نييە بوونی نەبێت و بمانەوێت دروستی بکەين،باس لە شتێک دەکەين  پەيوەستە بە سروشتی مرۆڤایەتی،پێويستیەکی حەتمی مرۆييانەیە،مرۆڤ مەحکومە بە سێکس وەک چۆن مەحکومە بە برسێتی و خواردن و هەناسەدان،بەڵام لەبەر چەندين هۆکاری مێژوويی،ئايينی،فکری،کولتوری و خورافی ..کە نالۆژيکین،ئەم پێداويستیە حەتميەیی مرۆڤ ناشرين کراوە و دژایەتی دەکرێت و دەچەپێنرێت،بەڵام چەپاندن و شاردنەوەی ئەم غەريزەیە بە مانای لە ناوبردنی نایەت،بەڵکو بە چەندين شێوازی تر خۆی دەردەخاتەوە،ئەم چەپاندنە کاريگەریەکی کارەساتاوی دروست دەکات لەسەر دەروون و فکری تاک و کۆمەڵگا.

ئەم غەريز و پاڵنەرە سروشتيەیی مرۆڤ دەبێت تێر بکرێت و وەڵام بدرێتەوە،چونکە کپ کردن و لەناوبردنی مەحاڵە،هەر هەوڵێک بۆ چەپاندن و وەڵامنەدانەوە چەندين کێشە و قەيرانی کۆمەڵایەتی دەخولقێنێت، هەر وەها دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە بەچەندين شێوازی نا تەندروست و نهێنی و هەڵە وەڵامی ئەو غەريزەیە بدرێتەوە،بۆیە ناچارين وەڵامی بدەينەوە. مێژوو و گەشەی کۆمەڵگاکان سەلماندویانە باشترين وەڵام و تێرکردنی ئەم غەريزەیە بريتييە لە ئازادی سێکسی،ئێمەش باوەڕمان وایە لە زانستە مرۆييەکان ئەگەر بمانەوێت لە کێشەیەک تێبگەين و چارەسەری بکەين،باشتر وایە مامەڵە لەگەڵ واقع بکەين و ئەوەی کە هەیە،نەک ئەوەی کە فکری ئێمە و ئەخلاق و بەهاکانی ئێمە دەيخوازن،واقع پێمان دەڵێت ئەو کۆمەڵگانەی ئازادی سێکسی تێدا فراوانە،لە زۆربەی ڕووەکانەوە لەو کۆمەڵگانە گەشە کردوترو باشترن بۆ ژیان کردن،کە ئازادی سێکسی تيادا قەدەغەیە و یەکسانە بە بێ ئەخلاقی.

پێويستە ئاماژە بەوەش بکەين،کاتێک لەم نووسينە دەڵێين  سێکس (جووتبوون)،ئەوا بە هيچ شێوەیەک تەنها ئاماژە نييە بە سێکس لە چوارچێوەی پرۆسەی هاوسەرگيری،یا رەخساندنی ئازادی هەڵبژاردنی هاوژين بۆ پرۆسەی هاوسەرگيری،بەڵکو سێکس کردن لە دەرەوەی پرۆسەی هاوسەرگيری مەرجە بۆ ئازادی سێکسی،بە پێی ئەم چەمکە تەنها ڕەزامەندی دوو بکەرەکە (کوڕ و کچ) مەرجە بۆ سێکس کردن،ئیتر بەستنەوەی سێکس بە هەر پرۆسە و مەرجێکی تر وەک هاوسەرگيری و پارە،ڕەزامەندی و ڕێگری لایەنی سێهەم وەک خێزان یان یاسا.. یا بەستنەوەی بە ئەخلاق و ئايين..هەموو ئەمانە دژی ئازادی سێکسين.

رەنگە ئەم دێرانە بۆ خوینەری کورد لە هەرێمی کوردستان، تا ڕادەیەکی زۆر کێشە و ناڕەزایەتی دروست بکات،یاخود هەندێک بڵێن کێشەی کۆمەڵگای ئێمە کەی پەيوەندی بە سێکسەوە هەیە،بەڵکو سياسي و حيزبي و ئابووريە..ئەم تێگەيشتنەی خۆێنەر بەشێکی زۆری هۆکارەکەی دەگەرێتەوە بۆ رۆشنبير و ڕاگەیاندنی هەرێمی کوردستان کە زۆربەی کێشەکانی هەرێم لە چوارچێوەی حيزبەکان قەتيس دەکەن و هۆکاری دی بە هەند وەرناگرن، بەڵام نووسەری ئەم دێرانە،پێی وایە  یەکێ لە کێشە هەرە گەورەکانی مرۆڤی کورد لە هەرێمی کوردستان بريتييە لە نەبوونی ئازادی سێکسی،ئەم کێشەیەش هۆکارە بۆ دروستبوونی چەندين کێشە و دياردەی تر،کە رەنگە لە ڕووکەشدا پەيوەندی بە ئازادی سێکسیەوە نەبێت،بەڵام ئەگەر لێی قووڵبيتەوە دەردەکەوێت هۆکارەکە قەدەغەکردنی ئازادی سێکسيە.هەر بۆیە بە پێويستی دەزانين لەم نووسينە کە وەک پێشەکيەک دەبێت بۆ پرۆژەیەکی مەعريفی،شيکاری ئەوە بکەين کە ئازادی سێکسی  چۆن یەکێکە لە کێشە گەورەکانی مرۆڤی ئێمە.

نەبوونی ئازادی سێکسی و دەرئەنجامەکانی بۆ سەر مرۆڤی کورد:

لەسەرەوە ئاماژەیەکی خێراماندا بە ئازادی سێکسی،بە پێی ئەوە، بەڵگە نەويستە کە  مومارەسە کردنی ئەو ئازادييە،لە هەرێمی کوردستان نييە یاخود زۆر بە لاوازی هەیە هاوشێوەی هەموو یا زۆرينەی کۆمەڵگا ئيسلاميەکان،ئەمەش چەندين دەرئەنجامی لێکەوتوەتەوە،بە تايبەت لەگەڵ هاتنی هەندێ جۆر لە تەکنەکۆژیا بۆ هەریمی کوردستان و کارلێکردنی زیاتری مرۆڤی ئێمە لەگەڵ دياردەی جيهانگيری،ئەو دەرئەنجامانە زیاتر و ڕوونتر دەردەکەون.

کاتی ئەوە هاتووە بپرسين،نەبوونی ئازادی سێکس و چەپاندنی سێکس و رێگری لە نزيکبوونەوەی هەردوو ڕەگەزەکە لە یەکتر..چ کاريگەريەکی لەسەر مرۆڤی ئێمە دروست کردوە؟چ کاريگەريەکی لەسەر فکر و دەروون و هەڵسوکەوتی مرۆڤی ئێمە دروست کردوە؟

بە شێوەیەکی گشتی،کوڕ و کچانی ئێمە،لە تەمەنێکی سەرەتاییەوە لە یەکتر جيادەکرێنەوە تەنانەت هەندێ کات پێش قۆناغی موراهيقی،مرۆڤ لە تەمەنی موراهيقی پێويستی و پاڵنەرە سۆزداری و سێکسيەکانی سەرهەڵدەدات (بە پێی هەندێ تيوری زۆر زووتر ئەم پاڵنەرە سەرهەڵدەدات،بەڵام ئێمە لێرەدا مەبەستمان لە دوا قۆناغی ئەم پاڵنەرەیە،کە هەردوو رەگەزەکە پێويستيان بە یەکتر دەبێت) لەم قۆناغەی تەمەنە کچان و کوڕان پێويستيان بە یەکترە،تەنانەت ئەگەر پێويستيەکە تەنها سێکس کردنيش نەبێت،بەڵکو پەيوەنديەکی هاورێتی و گفتوگۆ و نزيکبوونەوە لە یەکتر بێت…لەم تەمەنە هەردوو ڕەگەزەکە ڕوبەڕوی چەپاندن دەبن و ناتوانن لە یەکتر نزيک بن و یەکتر بناسن،پاشان لە قۆناغێێکی نوێ و دوای قۆناغی موراهيقی،بە گشتی لە زانکۆ تا ڕادەیەک یاخود بە شێوەیەکی ڕووکەشی لە یەکتر نزيک دەبنەوە،لەم قۆناغەدا ئەو نزيکبوونەوەیە پڕە لە ترس،قەلەقی،درۆ و نواندن،شەرم،بێ متمانەیی،قسەوقسەڵۆک دروستکردن بۆ یەکتر…چونکە یەکتريان نەناسيوە،نامۆن بە یەکتر،ئەوە بێجگە لەوەی کە ئەم کوڕ و کچە چەپێنراوانە کە تەمەنێکی زۆرە لەژێر فشاری پاڵنەر و غەريزەی سێکسيدا دەناڵێنن،لە کاتی زانکۆدا ئەم کوڕ و کچانە مێشکيان زیاتر لای وەڵامدانەوەی ئەو غەريزەيەیە نەک لای خوێندن و مەعريفە،ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکانی بێ بەرهەمی زانکۆکانی ئێمە.مرۆڤ کە برسی بێت ماوەیەک بەرگە دەگرێت،بەڵام کە ئەو ماوەیە درێژەی کێشا،ئیتر ئەستەمە بتوانێت جگە لە خواردن و تێربوون بير لە بابەتی تر بکاتەوە،سێکس و پێويستی نزيکبوونەوە لە رەگەزی بەرامبەريش تا ڕادەیەک لەگەڵ ئەو نمونەی مرۆڤە برسييە یەکدەگرێتەوە،هەر بۆیە مرۆڤی ئێمە هەر لە تەمەنێکی زووەوە بە نهێنی و ترسەوە کاتێکی زۆر تەرخان دەکات بۆ ماڵپەر و کەناڵە پۆرنۆکان،یاخود لە قوتابخانەکان و گەرەکەکان بە تايبەت کوڕان،بێ ئەندازە قسە و رەفتارگەلێک دەکەن کە هی هاوڕەگەز بازە،یاخود لە کوردستاندا دياردەی سێکسکردن لەگەڵ ئاژەڵ،بە تايبەت لە لادێ و گوندەکان دياردەیەکی باوە!.ئەگەر توێژينەوەیەکی زانستی بکرێت و بتوانرێت بێ ناوهێنان و بە شێوەیەکی نهێنی خەڵک بدوێنرێت و ڕاستگۆیانە وەڵام بدەن،ئەوا ئامارێکی سەرسوڕهێنەر دەکرێت لە بارەی رێژەی هاورەگەز باز و ئەو کەسانەی لەگەڵ ئاژەڵيش سێکسيان کردوە! (هۆکاری سەرەکی ئەم دوو دياردەیە لە کوردستان دووری نێوان هەردوو رەگەزەکەیە) رەنگە بوترێت ئەم دياردانە لە نێو ئەو کۆمەڵگانەش هەیە کە ئازادی سێکسی تێدا فەراهەمە،بەڵام هۆکارەکان و رێژەکە جياوازە.هەندێ کات بە تايبەت کوڕان پەنا بۆ لەش فرۆشەکان دەبەن و بە پارە دەيانەوێت ئەو لایەنە سۆزداريەیی خۆیان تێر بکەن،بەڵام غەريزەی سێکسی تەنها بريتي نييە لە جووت بوون،بەڵکو ئەو غەريزەیە پێويستی بە ئازاديە،وەک قسە کردن،پياسە کردن،دەستگرتن،یەکتر ناسين،خۆشەويستی…هەر بۆیە ئەو کوڕانەی پەنا دەبەنە بەر دياردەی لەش فرۆشی،ڕزگاريان نابێت لە چەپاندنی سێکسی و ناتوانن بە تەواوی بچنە ناو دنيای کچان،بۆیە لە ڕووی تێڕوانينيان بۆ کچان و ئازادی سێکسی،جياوازیەکی ئەوتۆیان نييە لەگەڵ ئەوانەی کە بە تەواوی چەپێنراون و پەناش نابەنە بەر سێکس کردن بە پارە.

  دەرئەنجامێکی ديکەی نەبوونی ئازادی سێکسی، بريتييە لە درۆ کردن،بەڵگە نەويستە مرۆڤی کورد،مرۆڤێکی درۆزنە،بۆ نموونە کوڕێک تەمەنی ٢٠ ساڵە،لە ژيانيدا کەمترين بەريکەوتنی هەبووە لەگەڵ کچان،یاخود لە ژيانيە کچێکی ماچ نەکردوە،ئەم کوڕە لە زانکۆ بە کچێکی زۆر جوان دەڵێت تۆ وەک خوشکی خۆمی!!لە کاتێکدا خەون بەوەوە دەبينێت کە ماچی ئەو کچە بکات یا سێکسی لەگەڵ بکات،کەچی پێی دەڵێت خوشک! ئەم درۆکردنە زەقە،ئەم شاردنەوەی ڕاستييە،یەکێکە لە بناغەکانی کەسایەتی مرۆڤی کورد،هەر لە تەمەنێکی زووەوە،کوڕان و کچانی ئێمە دەبێت درۆ بکەن بۆ ئەوەی بە ئەخلاق و بێگەرد دەربکەون،بۆ نموونە کچێک بۆ ئەوەی بە ئەخلاق بێت،پێويستە لە ناو خزم و هاورێکانی  بڵێت (وەڵا من هەر حيساب بۆ کوڕ ناکەم،کوڕ هەر بە خەياڵما نایەت…)بۆ کچێکی گەنج کە کوڕ لەمسی نەکردوە،ئەم جۆرە قسانە لە درۆ بەولاوە هيچی تر نين،چونکە زانست،سروشتی مرۆڤ بە درۆی دەخاتەوە،خۆ ئەگەر ئەم کچ و کوڕانە پەيوەندی سۆزداريشيان هەبێت،دەبێت بە نهێنيەوە مومارەسەی بکەن،هەر وەک ئەوەی تاوانێک ئەنجام بدەن،دەبێت لای زۆرينەی خەڵک درۆ بکەن و بڵێن پەيوەندی سۆزداريمان نييە.

دياردەی بەجێهێشتی کوردستان و ڕووکردنە هەندەران،ديسانەوە یەکێک لە هۆکارەکانی نەبوونی ئازادی سێکسيە،بەشێکی زۆری ئەو گەنجانەی (کوڕان) کە کوردستان بەجێدەهێلن،نزيکەی دەرفتەرێک دۆلار یا زیاتر سەرف دەکەن لەو پێناوە،ئەو بڕە پارەیە زۆرێک لە گەنجانی ئەوروپا نيانە!کەم تا زۆر گەنج دەتوانێت بەشداری سياسی بکات لە رێگەی ئەو هەموو حيزبەی لە کوردستان هەیە،کەواتە تەنها ئابووری و سياسی نييە هۆکارەکە.

هۆکارێکی شاراوەی هەیە کە خۆیان ناتوانن دانی پێدابنێن،هۆکارەکە ئازادی سێکسيە،بەڵام لەبەر ئەوەی خوشکەکانيان داوای ئەو ئازاديە نەکەن،یاخود لەبەر ئەوەی ئازادی سێکسی یەکسان کراوە بە بەدئەخلاقی، هۆکارەکە دەشارنەوە و دەيگەرێينەوە بۆ حيزبەکان و دۆخی ئابووری،لە کاتێکدا بەشێک لەو گەنجانە سرەیان گرتوە تا وێنەیەکی سێلفی لەگەڵ یەکێ لەو بەرپرسە حيزبيانە بگرن و پاشان شانازی پێوە بکەن و لە تۆرە کۆمەڵایەتيەکان بڵاويبکەنەوە!.

ئەو گەنجانە لە دەست کولتورێک ڕادەکەن،کە خۆیان درێژەی پێدەدەن،خۆیان دان بە هۆکارەکە نانێن،یا ڕەنگە هەندێکی خۆشيان هەست بە هۆکارە ڕاستەقينەکە نەکەن،چونکە ئەوەندە چەپێنراوە و لە نەستياندا جێگير بووە.وەک ئاماژەمان پێدا سێکس یەکێکە لە غەريزە بەهێزەکان و پاڵنەرە بەهێزەکانی مرۆڤ،رێکنەخستنی،تێرنەکردنی،دژایەتی کردنی…چەندين دەرئەنجامی دەبێت،کە هەندێ لەو دەرئەنجامانە بە ڕووکەش هيچ پەيوەندی بە ئازادی سێکسيەوە نييە،بەڵام چەپاندنی سێکسی دروستی دەکات.تەماشاکردنی دۆخ و ژیان و فکری گەنجانی هەرێم بە شێوەیەکی ورد و زانستيانە،ئەوەت بۆ دەردەکەوێت،یەکێ لە کێشە گەورەکانی گەنجی ئێمە سێکسە..سێکس بە مانای پەيوەندی نێوان هەردوو رەگەز،هەر لە سڵاوێک تا دەگاتە جووتبوون..نەک تەنها جووت بوون،ئێواران لە شەقامەکان و کافترياکان زۆر بە ڕوونی دەبينرێت،پۆل پۆل کوڕان کۆدەبنەوە،بەشێکی زۆری قسەکانيان،جنێوی سێکسی وباسی کچان و سێکسە،کە کچێکيش تێدەپەرێت زۆرينە یا هەمووان ئاوڕی بۆ دەدەنەوە،وەک ئەوەی بڵێن (ئەمە خۆیەتی! ئەمە دەرمانی دەردی ئێمەیە!)،کچەکەش وا خۆی نيشاندەدات کە بایەخ بەو کوڕانە نادات،بەڵام لە ڕاستيدا خۆشی ئەوەندی کوڕەکان پەرێشانە! مرۆڤێکی نەخۆشی وا هاوشێوەی ئەم کور و کچانە،کە لە ژێر فشارێکی غەريزەیی زۆرن،زۆر کات تامەزرۆیی شتێکن و پێی ناگەن و لەبەردەميشيانە، قورسە  بتوانن سياسەت و پلانی ئابووری و پەروەردەیی تەندروست دروست بکەن..مرۆڤێکی درۆزن و تەمەڵ و بێ هيوا و توڕە و نەزان دەردەچن.

 

Henrr&June 1990

دەرئەنجامێکی ديکەی نەبوونی ئازادی سێکسی،لە پرۆسەی هاوسەرگيری خۆی دەبينێتەوە،زۆر کات ڕوودەدات کە پاڵنەری سەرەکی پێکهێنانی پروسەی هاوسەرگيری لەو کۆمەڵگەیانەی کە دژایەتی ئازادی سێکسی تێدا دەکرێت،بريتييە لە گەيشتن بە سێکس و رەگەزی بەرامبەر،لەم کۆمەڵگەیانەش بە گشتی پرۆسەی هاوسەرگيری پارە و تێچونێکی زۆری دەوێت،چونکە دەگەيت بە بەچێژترين و قەدەغەترين شت،بەڵام بە رێگەیەکی فەرمی،داب ونەريت و کۆلتور رێ بە لەيەکتر نزيکبوونەوەی هەردوو رەگەز دەدات لەم فۆرمەدا کە هاوسەرگيريە،بۆیە گران بەهایە.گەنجان دوای تێچونێکی زۆر دەگەن بە رەگەزی بەرامبەر و سێکس،بەڵام لەبەر ئەوەی هاوسەرگيری تەنها بريتي نييە لەوە،بەڵکو چەندين ئەرک و کاری ديکەشە،بەڵام لە بنەرەتدا ئەو گەنجانە تەنها لەبەر تێرکردنی غەريزەی سێکسی خۆیان هاوسەرگيريان کردو و خۆیان ئامادە نەکردوە بۆ ئەو ئەرکانە، دوای ماوەیەک ماندووبوون و بێ زاری دەکەوێتە نێوانيان،بۆیە رێژەی جيابوونەوە (طلاق) لە هەرێمی کوردستان و لەو کۆمەڵگەیانەی کە هاوشێوەی هەرێمی کوردستانە زۆر بەرزە،بۆ نموونە ڕاپۆرت و ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرزترين رێژەی جيابوونەوە لە جيهاندا لە وڵاتی ميسرە،هەر وەها بەرزترين ڕێژەی دەستبردن بۆ ئافرەت (تحرش) وگێچەڵی سێکسی هەر لە ميسرە،ئاشکراشە ميسر کۆمەڵگایەکی ئايينیە و دژایەتی ئازادی سێکسی تێدا دەکرێت.لێرەوە دەتوانين بڵێين ئازادی سێکسی هۆکارێکە بۆ تەندروستکردنی پرۆسەی هاوسەرگيری،ئازادی سێکسی فەراهەم بکرێت،ئیتر گەنجان تەنها بۆ سێکس و نزيکبوونەوە لە رەگەزی بەرامبەر هاوسەرگيری ناکەن،بەڵکو بۆ پێکهێنانی ژیانێکی نوێ و ئەزمونێکی نوێ،هەر وەها تێچوونی پرۆسەی هاوسەرگيريش بەم شێوازە ناشرين و شێوە بازرگانيە نامێنێت یا کەمتر دەبێت.

سێکس و جەستە وەک گەورەترين تاوان !

ئەگەر گريمانەیەک بکەين:گريمان لە شەقامێکی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان،شەقامی سەهۆڵەکەی سلێمانی وەک نموونە،لەم شەقامە لە ئێوارەیەکدا کەسێک بە دەمانچە کەسێکی دی دەکوژێت،هەر لە هەمان شەقام و بۆ ئێوارەی دواتر کوڕ و کچێک  لە ناوەڕاستی شەقامەکە دەوەستن و دەم دەخەنە دەمی یەکترەوە.بە پێی ئەزمون و تێگەيشتنی ئێمە لە جيهانبينی و فکری مرۆڤی کورد و ژينگەی کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان،پێمانوایە ڕووداوی دووەم کە ماچکردنی کچ و کوڕێک بوو،زیاتر دەبێتە مایەیی پرسيار و سەرسوڕمان و باس کردن لە لایەن ئەو گەنجانەی کە لەو شەقامەدا کاتەکانيان بەسەر دەبەن،بە براورد بە ڕوداوی کوشتنەکە،ڕووداوی دووەم ئاڵۆزتر و نامۆترە،ڕووداوی یەکەم تەفسيرێکی بۆ دەکەن کە دەستی حيزبی تيایە،یا دوژمندارييە…بەڵام ڕووداوەکەی دووەم قسە و گفتوگۆی زیاتر هەڵدەگرێت!بێ گومان هەندێکيش هەیە کە ڕووداوی دووەم تەنها بە یەک ووشە وەسف دەکات (قەحپەیە).

مرۆڤی کورد بە گشتی کووشتن و دزی و خيانەت لە نيشتيمان…شتگەلێکی ئاساييە بەلایەوە (زۆربەی حيزب و لایەنەکانی کوردستان و لایەنگرانيان،یەکتر تاوانبار دەکەن بە خيانەت و گەندەڵی و مرۆڤ کوژی،بەڵام زۆرينەی کۆمەڵگای کوردی یا ئەندام یا لایەنگر و دەنگدەری ئەو حيزب و لایەنانەن،لێرەوەیە دەڵێن کۆمەڵگای کوردی بە گشتی ئەو تاوانانەی بەلاوە ئاساييە)،بە هەموو هێزی بەرگری لە لایەنێک یا کەسانێک دەکات کە تاوانبارن بە کووشتنی چەندين مرۆڤ و دزينی سەدان مليون دۆلار لە سامانی گشتی،خەون دەبينی و شانازی دەکات بەوەی پەيوەندی دروست بکات لەگەڵ کەسێک لەو تاوانبارانە،یا وێنەی کەسانێک لەوانە دەکاتە سەر کەڤەری موبايلەکەی یا سەر جامی سەيارەکەی لە کاتی بانگەشەی دەنگدان،بەڵام هەمان کەس ناتوانێت ئەوە قبول بکات کە کچێک بە شۆرتەوە یا بە جل و بەرگێکی نيمچە ڕووتەوە بێتە دەرەوەی ماڵ،رەنگە خوشکی خۆی بکوژی لەسەر نامەیەکی موبايل یا ئەگەر خوشکەکەی پەيوەنديیەکی سێکسی ئەنجامدا لەگەڵ ئەو کەسەی کە خۆشی دەوێت.لە هەرێمی کوردستان بەرپرسی حيزبی هەیە سەدان مليون دۆلاری دزيوە،چەندين تاوانی ئەنجامداوە بە درێژایی ژیانی سياسی خۆی،بەڵام نابێتە مایەیی باس و رەخنە بە ئەندازەی ئەوەی ئەگەر ئەو بەرپرسە وێنەیەکی بڵاوبێتەوە لەگەڵ ئافرەتێکدا،کەواتە کۆمەڵگای کوردی کووشتن و دزی و خيانەتی نيشتيمانی قبوڵ دەکات،بەڵام ماچێک یا جلێکی نێمچە ڕووتی کچێک قبول ناکات.لێرەوەیە دەڵێين لای مرۆڤی کورد بە گشتی،هيچ تاوانێک وەک ئازادی سێکسی گەورە نييە.

پێويستە ئاماژە بەو خيتابەش بدەين کە زۆر کات دەيبيستين،ئەو خيتابەی دەڵێت:ئەوروپا و رۆژئاوا لە ڕووی ماددی و تەکنەلۆژی و ديموکراسی و شەفافيەتەوە.. پێشکەوتوو و گەشەکردوون،بەڵام لە لایەنی ئەخلاقی و ڕووحيەوە دواکەوتوو و داڕماوون،بۆیە دەبێت ئێمەی کورد لاسایی لایەنە مادديەکەیان بکەينەوە و دوور بکەوينەوە لە لایەنی دووەم کە ئەخلاقی و ڕووحيە.

ئەم خيتابە لە ناو جيهانی ئيسلامی و عەرەبي لە مێژە بوونی هەیە،پاشان هاتە ناو جيهانی کورديەوە.ئەم خيتابە لە ڕووی لۆژيکيەوە بنەمایەکی پتەوی نييە،ناتوانێت قووڵ تەماشای  دياردەکان و گۆڕاوەکان بکات،چونکە فکرێکە لە چەن پێوەرێکی پێشوەختە و دۆگمەوە دەڕوانێتە دياردەکان.ئەم خيتابە دواليستانە دەڕوانێتە مرۆڤ و مێژوو،دەرک بەوە ناکات ئەگەر مرۆڤ و مێژوو دوو لایەن و دوو ڕەهەنديش بێت،ئەوا ناکرێت ئەو دوو لایەنە پەيوەندی و کارلێکردنيان بە یەکەوە نەبێت.مرۆڤێک یا کۆمەڵگایەک ئەگەر لە ڕووی ئەخلاقی و ڕووحيەوە دواکەوتوو بێت و داڕماو بێت،چۆن دەتوانێ داهێنانی گەورە بکات،چۆن دەتوانی یەکسانی و شەفافيەت دابين بکات لە وڵاتەکەی؟چۆن دەکرێت مرۆڤیکی بێ ئەخلاق،شەفاف و یەکسانی خواز بێت؟

بۆ نموونە:وڵاتێکی وەک دانيمارک،بە پێی راپۆرت و ئامارەکان،یەکێکە لە شەفافترين و خۆشگوزەرانترين وڵاتەکانی جيهان،یەکێکە لەو وڵاتانەی کە کەمترين رێژەی تاوانی تێدا ئەنجام دەدرێت،ئایا شەفافترين وڵاتی جيهان بە چ پێوەرێک کۆمەڵگایەکە لە ڕووی ئەخلاقی و ڕووحيەوە دواکەوتوون؟

لە کاتێکدا عيراق کە یەکێکە لە گەندەڵترين و نا ئارامترين و ترسناکترين وڵاتەکانی جيهان،زۆرترين ڕێژەی تاوانی تێدا ئەنجام دەدرێت لەسەر ئاستی سياسی،کۆمەڵایەتی،ئابووری…بە چ پێوەرێک کۆمەڵگایەکە لە ڕووی ئەخلاقی و ڕووحيەوە پێشکەوتووە؟

لای هەڵگرانی ئەم خيتابە،یەکێک لە بنەما سەرەکيەکانی ئەخلاق و لایەنی ڕووحی مرۆڤ بريتييە لە جەستە وسێکس،دانيمارک یا سويسرا و نەمسا.. با کەمترين رێژەی تاوانی تێدا بێت،با کەمترين گەندەڵی سياسی و ئابووری تێدا بێت،با تا ڕادەیەکی زۆر یەکسانی و مافی مرۆڤی تێدا پارێزراو بێت، بەڵام هەموو ئەم داهێنان و بەها جوان و گەورانەی لەم وڵاتانەدا هەیە، کۆمەکيان ناکات و داديان نادات کە کۆمەڵگایەکی بە ئەخلاق بن و لایەنی ڕووحييان پێشکەوتوو بێت،چونکە کچانيان شۆرت لە بەردەکەن و گەنجانيان بە ئازادی خۆشەويستی و سێکس و سەما.. دەکەن.

ئەگەر وردبينەوە،دەرک بەوە دەکەين ئەو کۆمەڵگایانەی کە دژی ئازادی سێکسين،کێشەیەکی قووڵ و ئالۆزيان لەگەڵ جەستە هەیە،مەبەست لە جەستە لێرەدا لەشی ئافرەتە،چونکە لەو کۆمەڵگانەدا ئايين پێکهێنەرێکی سەرەکی سيستەمی ئەخلاق و بيرکردنەوەیە،ئايينەکانيش چونکە لە لایەن  پياوانەوە لە سەردەمێکی کۆن و ژينگەیەکی دياريکراودا داهێنراون،پياويش لەو ژينگە و سەردەمەدا زۆر هەستيار بووە بەرامبەر لەشی ئافرەت،بۆیە ئايينەکان بە گشتی و ئيسلام بە تايبەتی کێشەیەکی گەورەی لەگەڵ لەشی ئافرەتدا هەیە.لێرەوە ئەم حوکمانەی ئايين تێکەڵ بە داب ونەريت دەبێت،هەر بۆیە لە کۆمەڵگای کورديدا لەشی ئافرەت بووەتە پێوەرێکی ئەخلاقی،بە تايبەتتر پەردەی کچێنی ئافرەت بووەتە یەکێک لە سەرەکيترين پایەکانی ئەخلاقی کوردی،دەتوانين بڵێين گۆڕانکاری لە تێڕوانينمان بۆ پەردەی کچێنی،دەکرێت ببێتە مایەیی گۆڕانکاری لە کۆی سيستەمی بيرکردنەوە و جيهانبينيمان.ئێمە کۆمەڵگایەکين تا ڕادەیەکی زۆر لە چوارچێوەی سيستەمی ئەخلاقیدا بيردەکەينەوە و دەڕوانينە جيهان و ژیان (سيستەمی ئەخلاقی کوردی) یەکێک لە پایە سەرەکيەکانی ئەو سيستەمە،پەردەی کچێنيە،گۆڕانکاری لەو پێکێهنەرە سەرەکيە دەبێتە مایەیی گۆڕانکاری لە کۆی سيستەمی ئەخلاقيمان،لەویشەوە دەکرێت گۆڕانکاری لە کۆی سيستەمی جيهانبيی مرۆڤی کورد ڕووبدات،وەک لە پێشەکی ئەم نووسينە ئاماژەمان پێدا،دەکرێت گۆڕانکاری و چاکسازی لە بەشێک،کار لە کۆی سيستەمەکە (گشت) بکات.

لە بارەی پەردەی کچێنيەوە لە کۆمەڵگای ئێمە هەندێک هەوڵدراوە بۆ دەستکاريکردنی ئەو پایە سەرەکيەیی سيستەمی ئەخلاقی ئێمە،لە لایەن کەسە ئازادی خوازەکانەوە و کە دەيانەوێت گۆڕانکاريەکی کۆمەڵایەتی دروست بکەن،بەڵام ديسانەوە ئەوانيش هەوڵەکانيان ناگاتە ئەوەی پێی بڵێين بانگەشە بۆ ئازادی سێکسی دەکەن بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا،جونکە زۆر کات گوێمان لە ئارگۆمێنتەکانی ئەوان دەبێت کە بريتييە لەوەی:پەردەی کچێنی پێوەر نييە بۆ ئەخلاق و فەزيلەت،چونکە بە پێی ڕاپۆرتە پزيشکيەکان هەندێک لە کچان هەن هەر لە بنەڕەتەوە یا خود بێ ئەنجامدانی سێکس پەردەی کچێنيان نييە.ئەم ئارگۆمێنتە پڕە لە موجامەلە و ترس و دوو دڵی،ديسانەوە دەچێتە ناو بازنەی سيستەمی ئەخلاقی ئێمە،چونکە لەو ئارگۆمێنتە ئاماژە ناکرێت بۆ ئازادی،بەڵکو ديسانەوە ئاماژەیە بەوەی کە سێکس تاوانە،ئەگەر تەفسيرێکی ئەو ئارگۆمێنتە بکەين دەتوانين بڵێين:ئەوەی پەردەی کچێنی نەبێت،مەرج نييە تاوانبار بێت،بەڵکو دەکرێت بێ ئەوەی تاوانی ئەنجام دابێت،پەردەی کچێنی نەبێت،واتە کچێک پەردەی کچێنی نەبوو یەکسەر مەيکوژن،دەکرێت تاوان بار نەبێت،بەڵام ئەگەر سێکسی کردبێت؟لەم پرسيارەوە ئەم ئارگۆمێنتە ناوێرێت وەڵام بداتەوە!. ئێمە لێرەدا دژی ئەم جۆرە ئارگۆمێنت و پاساوانەين،ئامانجی ئەم نووسينە ئەوەیە کە بڵێت پەردەی کچێنی پێوەر نييە بۆ ئەخلاق،کچ مافی خۆیەتی  لە تەمەنێکی دياريکراودا،لە رێگەی سێکسەوە،ئيتر چ لە ناو پرۆسەی هاوسەرگيری بێت یا لە دەرەوەی پرۆسەی هاوسەرگيری،کە خۆی دەبێت ئازاد بێت لەو بڕيارە،پەردەی کچێنی خۆی لە ناوببات.ئەمە بەشێکە لە ئازادی سێکسی،کە دايکی ئازاديەکانە!

لە مێژوودا نموونە هەیە،کە هەندێ کۆمەڵگا بێ فەراهەمکردنی ئازادی سێکسی هەنگاوی گەورەیانناوە بەرەو ديموکراسی و ئازادی سياسی و مەدەنی،بەڵام دواجار ئازادی سێکسی بووەتە یەکێ لە پایە سەرەکيەکانی ئازادی لەو کۆمەڵگانە،چونکە ناکرێت ئازادی بيرکردنەوە و سياسی و ڕادەربڕين بە شێوەیەکی تەندروست و شياو فەراهەم بکرێت لە کۆمەڵگایەکدا،کە تاکەکانی ئەو کۆمەڵگایە ئازاد نەبن لە مومارەسەکردنی خۆشەويستی و سێکس و لەبەرکردنی ئەو جل وبەرگەی خۆیان مەبەستيانە،مرۆڤیک ماچی کوڕ و کچێکی پێ قبوڵ نەکرێت یا لەبەرکردنی شۆرتێک لە لایەن کچێکەوە،ئەم مرۆڤە  قورسە فکری جياواز و دەستاودەستکردنی دەسەڵات قبوڵ بکات.

لێرەدا مەبەست ئەوە نييە،بڵێين ئازادی سێکسی بريتييە لەوەی لەش ڕووت بکرێتەوە،بەڵکو مەبەست لە ئازادی سێکسی ئەوەیە،جياوازی نييە لە نێوان کچێکی باڵاپۆش و کچێکی نيمچە ڕووت، لە ڕووی ئەخلاقيەوە،ئەگەر بە ويست و حەزی خۆیان ئەوە ئەنجامبدەن.وتەیەکی سواو و نا لۆژيکی هەیە کە دەڵێت:(ئەگەر ڕووتی پێشکەوتن بێت،ئەوا ئاژەڵەکان لە مرۆڤ پێشکەوتووترن).بە پێی ئەم ووتەیە بێت مرۆڤ لە کاتی خۆشتن دەبێت بە ئاژەڵ کە خۆی ووشک دەکاتەوە و جل لەبەر دەکات دەبێتەوە بە مرۆڤ،جل دەکاتە خاڵێک بۆ جياکردنەوەی مرۆڤ و ئاژەڵ، ئەم ووتەیە هەڵقوڵاوی ئەو سيستەمە ئەخلاقيەیە کە لە کۆمەڵگا ئايينیەکاندا کاری پێدەکرێت.شێوازی جل پەيوەندی بە ئەخلاق و پێشکەوتنەوە نييە،ڕەخساندنی ئازادی جل لەبەر کردن پەيوەندی بە پێشکەوتنەوە هەیە.

ئەم تێڕوانينە بۆ لەشی خۆمان،کە پڕە لە ترس و نامۆبوون،کاريگەری دروستکردوە لەسەر کۆی جيهانبينی و ژيانمان.

ئارگۆمێنتەکانی کۆمەڵگای کوردی بۆ دژایەتیکردنی ئازادی سێکسی:

 

 بەشێکی زۆری کۆمەڵگای کوردی یا دژایەتی ئازادی سێکسی دەکات یاخود ئەگەر دژایەتيشی نەکات، بەڵام ناوێرێت مومارەسەی بکات،ئەمانە بێ گومان ئارگۆمێتی خۆیان هەیە و بە پشت بەستن بەو ئارگۆمێنتانە دژایەتی ئازادی سێکسی دەکەن یا مومارەسەی ناکەن.

لێرەدا دەرەفەت نييە بچينە وردە کاری ئەو ئارگومێنتانەوە،بەڵام بە گشتی و بە کورتی ئاماژەی پێدەکەين.ئارگومێنتەکان دوو بەشن: کولتوری کوردی و ئايينی ئيسلام،کولتوری کوردی تا ڕادەیەکی زۆر

ئه‌نگلا مێركلی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌لمانیا (بۆ جاری سێهه‌م) له‌ساڵی حه‌فتاكاندا
Angela Merkel nude with friends (Mid-late 70s)

لە ژێر کاريگەری ئايينی ئيسلامە.هەندێک دژایەتی ئازادی سێکسی دەکەن بە پشت بەستن بە ئايينی ئيسلام کە ئەمانە باوەڕدارەکانن یا ئەوانەی زۆر تا کەم ئيلتيزاماتی ئايينیان هەیە،هەندێکی دی دژایەتی ئازادی سێکسی دەکەن بە پشت بەستن بە کولتوری کوردی،ئەمانە زیاتر ئەوانەن کە ئيلتيزاماتی ئايينان نييە،زۆر کاتيش هەردوو ئارگومێنتەکە بە یەکەوە لە لایەن کەسێک یا کەسانێکەوە بەکاردەهێنرێن بۆ دژایەتی کردنی ئازادی سێکسی.لێرەدا بۆ سەلماندنی ئارگۆمێنتەکانی خۆمان کە بانگەشەی ئازادی سێکسی دەکەين پێويستە ئەو دوو ئارگومێنتەی کە دژایەتی ئازادی سێکسی دەکەن بکەينە بەر تاقيکردنەوەیەکی لۆژيکی،بەڵام زۆر بە کورتی و سادەیی.

وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا و نموونەمان بۆی هێنایەوە،کولتوری کوردی،تا ڕادەیەکی زۆر نەرم ونيانە لەگەڵ دياردەکانی مرۆڤ کووشتن و دزی و درۆ کردن و خيانەت لە نيشتيمان،بەڵام زۆر رەق و توندە بەرامبەر کوڕ و کچێك ئەگەر لە باخچەیەکی گشتی یا لەسەر شەقامێک یەکتر ماچ بکەن،کولتوری کوردی تا ڕادەیەکی زۆر ئەو کەسانەی قبوڵ کرد کە لە ١٦ ئوکتۆبەر کەرکوکيان فرۆشت،بەڵام  کچێک قبوڵ ناکات پەردەی کچێنی  نەمێنێت لە ڕێگەی سێکسکردن لەگەڵ خۆشەويستەکەی.ئەم کولتورە ناکرێت پێوەرەکانی بۆ ئەخلاق بە هەند وەربگيرێت،نەک هەر ئەوە،بەڵکو دەبێت بەگژيدا بچتەوە و گۆڕانکاری ڕيشەیی تێدا بکرێت.

ئارگۆمێنتەکەی تر،بريتييە لە ئايينی ئيسلام،کە تيايدا دەکرێت بۆ نموونە پياوێکی تەمەن ٥٠ ساڵ هاوسەرگيری بکات لەگەڵ کچێکی مناڵ ئەگەر تەمەنی لە خوار ١٠ ساڵانەوەش بێت،رێ بەوە دەدات پياوێک لەگەڵ چوار ئافرەت هاوسەرگيری بکات،کەم تا زۆر شوێنی کەنيزەکی تيادەبێتەوە،کەم تا زۆر داعش شوێنی خۆی تێدا دەدۆزێتەوە،بەڵام لەم ڕووبەرە فراوان و گەورەيە شوێنێک نييە بۆ کوڕ وکچێکی گەنج بە ئازادانە و لە دەرەوەی پرۆسەی هاوسەرگيری یەکتر ماچ بکەن و مومارەسەی حەز و ويستە مرۆييەکانی خۆیان بکەن.ئەم ئارگۆمێنتەش هاوشێوەی ئەوەی پێشتر،شياو نييە بکرێتە تاکە پێوەر بۆ ژیان و ئەخلاق،چونکە وەک دەبينين،پڕە لە پارادۆکس و هەڵەی لۆژيکی.بۆچی پاساوێک هەبێت بۆ کەنيزەک،بەڵام پاساوێک نەبێت بۆ سێکس بە ڕەزامەندی هەردوو لایەن؟کەنيزەک و دياردەکان تر کە ئاماژەمان پێيدا لە ئايينی ئيسلام،لە چوارچێوەی ژينگەی کۆمەڵایەتی و ئاستی فکری ئەو سەردەمە ،دەکرێت ئاسایی وەريبگرين،بەڵام لەم سەردەمەدا گونجاو و تەندروست نابێت کە ئاينێک بەم پاشخانەوە بکرێتە تاکە پێوەر بۆ ئەخلاق و پەيوەندی نێوان هەردوو ڕەگەز.

بێ گومان ئەم پێوەر و ئارگۆمێنتانە لە لایەن زۆربەی تاکەکانی کۆمەڵگای ئێمەوە بەکاردەهێنرێت،ئەو گەنجانەی کە چەپێنراون و لە دۆخێکی دەروونی ئاڵۆزدان بەرگری لەم سيستەمە ئەخلاقيە دەکەن،تاکی ئێمە لە دۆخێکدایە کە هاوسەنگی نێوان (من،ئەو،منی باڵا)ی دەروونی تێکچووە،(منی باڵا)ستەمکارانە حوکم دەکات،بەڵام (ئەو) هەر دەجوڵێت و دەيەوێت بگات بە ئارەزوەکانی،(من) لە نێوان (ئەو و منی باڵا) کۆنترۆڵی لە دەستداوە و ناچارانە پەنا دەباتە بەر درۆ بۆ رازيکردنی (منی باڵا) و پەنا دەباتە بەر ماڵپەرە پۆرنۆکان بۆ رازی کردنی (ئەو).. لێرەدا دەردەکەوێت (من) کە عەقل و لۆژيکە و پێويستە بۆ رێکخستن و بەرنامەدانان بۆ هەردوو پێکهێنەرەکەی تر و دەروونی مرۆڤ رێکدەخات،لەم دۆخەدا سەرقاڵی درۆ کردن و ماڵپەرە پۆرنۆکانە!.(بۆ تێگەيشتن لە پەيوەندی و کارلێکردنی ئەو سێ چەمکە :من،ئەو،منی باڵا. بگەرێەوە بۆ ئەدەبياتی فرۆيد) لێرەوەیە دەبێت بپرسين ئەم تاکە ئەگەر سياسەت بکات دەبێت چاوەرێی چی لێ بکرێت؟ئەگەر مناڵ پەروەردە بکات دەبێت چۆن پەروەردەی بکات؟دەبێت لە کایەیی زانستی پيشەسازيدا چ بەرهەمێکی هەبێت؟

لەم سەردەمەدا یەکێ لەو هۆکارانەی کە بووەتە هۆکاری دواکەوتوویی و بێ بەرهەمی ئەو کۆمەڵگانەی هاوشێوەی هەرێمی کوردستانن،بريتييە لە قەدەغەکردنی ئازادی سێکسی،گەنجانی ئەم کۆمەڵگانە ژیانێکی نا تەندروست و قورسيان هەیە،لە ڕووی غەريزەیی و سۆزەوە برسين،ئەو برسێتيە فکریانی سست کردوە و وزەیان زۆر دەبات،لەو تەمەنەی کە مرۆڤ چالاگە و پڕە لە وزە، گەنجانی ئەم کۆمەڵگایانە خەريکی دۆزينەوەی رێگەیەکن بۆ تێرکردنی ئەو حەزە،یا وزەی خۆی تەرخان دەکات بۆ چەپاندنی.ئەم مرۆڤە،مرۆڤێکی توڕە دەبێت،وەک لە تۆرە کۆمەڵایەتيەکان دەبينرێن،چەن توڕە و جنێو فرۆشن،چەن زۆر جنێوی سێکسی بەکاردەهێنێت،هەر شتێکی بە دڵ نەبێت ئەندامەکانی لەشی ئافرەت دەکات بە جنێو و ئاڕاستەی دەکات!رەنگە لە کاتی خوێندنەوەی ئەم نووسينەش چەندين جنێوی سێکسی بدات،لەگەڵ خودی خۆی درۆ دەکات و دەڵێت من کێشەی سۆزداری و سێکسيم نيە و ئازادی سێکسی واتە بێ ئەخلاقي،بێ گومان ئەم نووسينە هەندێک لەوانە زۆر توڕە دەکات،چونکە ئەوەی بە درێژایی ژیانی شاردويەتيەوە و هەوڵی داوە کەس نەيزانێت،لەم نووسينە بەشیکی زۆری ئاشکرا کرا!.

 واقع سەلماندویەتی ئەم پێوەرانە بۆ ئەم سەردەمە، هەڵەن و ئەوەندەی زیانی هەیە،سودی نييە،مرۆڤێکی درۆزن و ترسنۆک و عەقل سست و توڕە و جنێو فرۆش بەرهەم دەهێنێت،واقع سەلماندویەتی،بە گشتی ئەو کۆمەڵگانەی ئازادی سێکسی تێدا فەراهەمە،تاکەکانی چالاگتر و بە بەرهەمتر و راستگۆتر و سودبەخشترن بۆ کۆمەڵگەکەیان(لە سەرەوە نموونەمان خستە ڕوو لەم بارەیەوە).هەر وەها دەتوانين بڵێين بۆ نموونە لەو کۆمەڵگا کراوانەدا کە کچانيان لە تەمەنێکی گەنجی و زووەوە،ئازادن لە دەرەوەی پرۆسەی هاوسەرگيری،لە رێگەی سێکس کردن،پەردەی کچێنیان نەمێنێت،ئەم کچانە چالاگتر و سودبەخشتر و راستگۆتر و بە بەرهەمترن لە کچانی کۆمەڵگاکانی هاوشێوەی کۆمەڵگای ئێمە، کە پاکيزەن تا ئەو کاتەی هاوسەرگيری دەکەن.لە چ ڕوویەکەوە کچان و کوڕانی زانکۆکانی کوردستان، باشترن لە کچان و کوڕانی زانکۆی هارڤارد یا ئۆکسفۆرد؟

ئەمە مانای ئەوە نييە گەشەی ئەو زانکۆیانە تەنها لە ئەنجامی ئازادی سێکسيەوە بیت،بەڵکو مەبەستمان لەوەیە بۆچی و بە چ پێوەرێک خویندکارانی ئەو زانکۆیانە لە ڕووی ئاستی ئەخلاقيەوە نزمتربن لە خوێندکارانی زانکۆکانی کوردستان؟ ئەگەر نزمتر بن،کەواتە ئەخلاق رێگرييە لە گەشەکردنی زانستی و مەعريفی،ئەگەر پەيوەندی بە ئەخلاقەوە نييە،کەواتە با ئەخلاق نەکرێتە پێوەر بۆ ئازادی سێکسی و گەنجان رزگار بن لەو چەپاندن و ستەمە،ئەگەر ئەوان و ئێمەش جياوازيمان نييە لە ڕووی ئەخلاقيەوە،ئەخلاق پێوەریکی رێژەییە،کەواتە با گەنجانی ئێمەش مومارەسەی ژیانی سۆزداری خۆیان بکەن هاوشێوەی گەنجانی رۆژئاوا.

کۆتایی:

ئازادی سێکسی بۆ کۆمەڵگایەکی وەک ئێمە،پرسێکی قورس و ئاڵۆزە،بۆ ئەوەی ئەو ئازاديە فەراهەم بکرێت،پێويستە دەستکاری چەندين بەها و بابەتی تر بکرێت،ئەمەش کارێکە کاتێکی زۆری دەوێت و پێويستی بە چەندين پلان و بەرنامە و پرۆژە هەیە،لەم نووسينەدا تەنها کێشەکە خراوەتە ڕوو،لەگەڵ هەندێ ئاماژەی خێرا و سادە بە هۆکارەکانی و کاريگەريەکانی،کە هەوڵدەدەين لە ئايندەدا،لە شێوەی پرۆژە و توێژينەوەی زانستی کاری زياتری لەسەر بکەين و زیاتر وردەکاری باس بکەين.هەر وەها پێويستە زیاتر ئاماژە بە هۆکارەکانی نەبوونی ئەم ئازاديە بکرێت و هەندێک لەو ئامراز و رێگايانەش باس بکرێت کە دەکرێت ببنە هۆی مومارەسەکردنی ئەو ئازاديە.

ئەوەی باسکرا،باسکردنی دياردەیەکی کۆمەڵاتی و مرۆیی بوو،واتە دەچێتە چوارچێوەی دياردە و زاستە مرۆييەکان،لەم بوارەشدا،ئەگەر مەحاڵ نەبێت،ئەوا زۆر ئەستەمە تيوريەک یا ڕوانينێک هەبێت،بتوانێت تەواوی دياردەیەک وەک خۆی تەفسير بکات بێ کەم و زياد یا تيوريەک هەبێت بتوانێت هەموو کێشەکانی کۆمەڵگایەک دياری بکات.بە گشتی لە زانستە مرۆييەکاندا ئەوەی دەکرێت باسکردنی لایەنێکی دياردەکەیە،رەنگە ئەو لایەنەش بە تەواوی و بێ کەموکوڕی شرۆڤە نەکات،مەبەستمانە بڵێين ئەوەی لێرەدا باسمان کرد،بريتييە لە خوێندوەیەکی سەرەتایی بۆ کێشەیەکی کۆمەڵگەی خۆمان،دەکرێت بەشێک لە ڕاستی تێدا بێت،دەشکرێت بەشێک لە هەڵەی تێدا بێت،خاسيەتی سەرەکی خوێندنەوە و تيۆرييە کۆمەڵایەتی و سياسيەکان بريتييە لە ڕێژەیی بوون،چونکە دياردە مرۆييەکان لە گۆڕاندان،بە پێی کات و شوێن،هەر وەها بە پێی باگراوند و تێگەيشتنی تيوريست.

ئەم نووسينە ئەوەندی مەبەستی وڕوژاندنی بابەتێکە،یا خستنە ڕووی کێشەیەکە ئەوەندە نووسينێکی زانستی و ئەکاديمی نييە،لە نووسينی زانستی و ئەکاديمی پيويستە ميتۆدیکی زانستی بەکار بهێنرێت،گەڕانەوە بۆ سەرچاوەکان،هەر وەها زمانی ژمارە و ئامار پێويستە،بەڵام کێشەیەکی وا شاراوە و ئاڵۆز و هەستیار،قورسە بتوانرێت ئامار و ژمارەی باوەڕپێکراو بەدەست بخرێت،هەر وەها کەمی  سەرچاوە و نووسراوی زانستی لەسەر ئەم بابەتە شاراوە و هەستيارە،بۆیە ئامانجی ئەم نووسينە تەنها وڕوژاندنی پرسێکە و پێشەکيەکی سادەیە بۆ ئەو پرسە.لە ئايندەدا هەوڵدەدەين کاری زياتری لەبارەوە بکەين.

ته‌واو

تایبه‌ت به‌كولتور مه‌گه‌زین