كۆنسێرتی نەرمە نەی و ئۆركێسترا بۆ بەیتی سەیدەوان - فولكلۆر و به‌یتی زاره‌كی. گوتنەوەی ( بەیت خوان ) شۆرش مەحموودی - نای : عوسمانە سوور بە هاوكاریی گرووپی فلامونیك موكریان مۆسیقا و ئامادە كردنی بۆ ئۆركێست: كاوە فەقێزادە https://www.youtube.com/watch?v=JskDQtMEVQs

به‌یتی سه‌یداون، كوژرانی كوڕه‌كان به‌ده‌ستی باوك


Loading

ڕووداو، دیالۆگ، گومان چارەنوس و دەسەڵات ئەو پێکهاتەنەن کە شانۆی گریک و شانۆی ئیلیزابێتان پێکدەهێنا. لە (بەیتی سەیدەوان) دا هەموو ئەوتوخمانە دەبینین کە لە ئەدەبی کلاسیکیدا بەدی دەکرێت. لەبەر ئەوە پێویستە هەموو شانۆکارێک بە تێڕامان و سەرنجەوە گوێ لە بەیتی سەیدەوان بگرێت.

ئەم بابەتەم  لە نوسینێکی بەرێز (جەمال نەجاڕ) ەوە ئامادە و کۆلاج کردووە، کە  لە ماڵپێری ڕۆژ) بڵاوبۆتەوە. ڕووداوەکانی  ئەم داستانە پێش هاتنی ئاینی مەسیحی و ئیسلامە ، لەبەرئەوەی ئەم داستانە باس لە (داسنیەکان)  دەکات کە پێش ئیسلام بە (ئێزیدیاکان) گووتراوە (داسنێ).

چیرۆكی به‌یتی سه‌یدوان

تراژیدیای (عه‌بدول عه‌زیز) لە عەشرەتی (داسنیان)  بوو سێ کوڕی هەبوو بەناوەکانی (نێچیرەوان، مەلکەوان و سەیدەوان)  عبدلعزیز و کوڕەکانی ئەشق و ئەوینداری ڕاوه‌شكار دەبن. جارێک  عه‌بدولعه‌زیز خەون دەبینێت لەخەونەکەیدا پێی دەڵین؛ تۆ هیچ کاتێک ناتوانیت بووکی خۆت بێنیتە ماڵه‌ خۆت و  زەماوەندی کوڕەکانت ببینیت…  ئەویش دەیەوێت  ڕووبه‌ڕووی ئه‌م قه‌ده‌ره‌ بێته‌وه‌  و سوێند دەخوات بە یەکجار سێ بووک بێنێتەوەماڵەوە.

ژن بۆ هەرسێ کوڕەکەی ده‌هێنێت، به‌ڵام به‌شێوه‌كی زۆر تراژیدیی.  بووکی یەکەم داوا دەكات بۆ کوڕه‌ گەورەی. ئیدی  خەڵک دواوەت دەکات و بڕیار دەدات زەماوەند و گۆڤەند بکەن، بەرلەوەی زەماوەند دەست پێبکەن کوڕی گەورەی عه‌بدولعه‌زیز لە کارەساتێکی گوماناویدا لەسەر شاخ هەڵده‌دێرێت و گیان لەدەستدەدات. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌، عه‌بدولعه‌زیز  لەبەرئەوەی میوانی بانگهێشت کردووەو و دڵی میوانەکان نەهێشێت و نەڕەنجێت زەماوەندەکە تێک نەچێت، شایی نه‌بێته‌ شیوه‌ن، دەڵێت؛ “ئه‌و ئەو کچە مارە بکەن لەکوڕێ دووەمم“

گۆڤەند دەست پێدەکات و لەگەرمەی دیلاندا هەواڵی مەرگی کوڕی دووەمیش دێت. عه‌بدولعه‌زیز کە دەبیستێت کوڕی دووەمیشی مردووە، ڕادەسپێرێت لەرڕێوڕەسمێکی هێمندا کوڕی دووەمیشی بەخاک بسپێرن. بووک ئامادەبکەن بۆ کوڕی سێیەم سەیدەوانەوان کە زۆر خۆشی دەویست. خەڵکی ئاوای هەر بەوشێوەیە دەکەن کە عه‌بدلعزیز دەیڵیت، بووک دەگوازنەوە بۆ کوڕی بچووک سەیدەوان.

عه‌بدولعه‌زیز لەبەر ئەوەی زۆر ناڕەحەتە و دووکوڕی خۆی لەدەستداوە،  ڕۆژێك چەکەکەی خۆی هەڵدەگرێت و دەڕوات بۆ ڕاوکردن هەتا بەهۆی ڕاوەوە مێشکی ساف بێت و بحەسێتەوە. دەچێتە سەر شاخی مەقلوب (له‌هه‌ندێكدا به‌یت بێژه‌كان ده‌ڵێن مه‌غڵوب) و لەوێ لەبن دارسێبەرێکدا پشوودەدات و سەبیل پێدەکات.  لەدوورەوە ڕدێنی بەرازێک، كه‌ڵه‌ كێوییه‌ك، دەبینێت. وادەزانێت بەرازە یان كه‌ڵه‌ كێوییه‌ سیرەی لێدەگرێتەوەو دەیپێکێت، بەڵام کە دەچێتە پێشەوە دەبینێت ڕەشووی مشکییەکەی سەیدەوانەو ئەم سەیدەوانی پێکاوە.

لێره‌وه‌ چه‌ند گێڕانه‌وه‌یه‌ك (ڕیواتێك)  و  هەندێک لە داستان ڕ ریوایەتەکان دەڵێن؛ عه‌بدولعه‌زیز چی دی نەیتوانی بەرگەی غەمی لەدەستدانی سێ کوڕی بگرێت بۆیە خۆی کووشتووە. لە هەندێک رڕوایەتدا دەڵێن سەری خۆی هەڵگرتووە و  کەس نازانێت چی به‌سه‌ر هاتووه‌. هەندێک ڕیوایەتیش دەڵێن گوایه‌ بۆتە موسڵمان! بەمشێوەیە عه‌بدولعه‌زیز نەیتوانی بووکی خۆی بهێنێتە ماڵەوە و  بە ناکامی منداڵەکانی دەمرن.

 

 

 

له‌نێوان شانۆگه‌ری (ئۆدیب پاشا) و شێكسپیر و  (به‌یتی سه‌یدوان) دا

لاواندنەوەکەی  (به‌یتی سه‌یده‌وان ) تەکنیکێکە لەشێوەی دیالۆگ و بەیتدا لەشێوەی داستاندا، لەکاتی گوێگرتندا گەر خەیاڵی خۆتی بەیتێ لەبەردەم ئەم داستانەكه‌دا، دەهەژێیت. لەبەیتی سەیدەواندا هەمان ڕایەڵ دەبینین کەوەک لە (ئودیب پاشا)ی شێكسپێر و (بەیتی سەیدەوان) داهەیە. له‌م چه‌ند خاڵه‌ی خواره‌وه‌دا:

  • له‌ ئۆدیبدا  (لایۆس)ی پادشای تیبا و  له‌ به‌یتی سه‌یداوندا   عه‌بدولعه‌زیز  سەرۆک (هۆزی داسنیان) هەمان چارەنووسیان هەیە.

  • هەردووک دەیانەوێت بەگژ چارەنووسدا بچنەوە و خۆیانی لێ لادەن؛ عه‌بدولعه‌زیز لەخەودا پێی دەگووترێت تۆ ناتوانیت بووک بۆ کوڕەکانت بهێنیتەماڵەوە و لەم بەگژاچوونەوەی چارەنووسیشدا منداڵەکانت، هێز و دەسەڵاتت، ڕاوەشکار و بەردەوامیت لەسەرۆک هۆزی داسنیان لەدەست دەدەیت. بەڵام ئەو بەگژ ئەم چارەنووسەدا دەچێتەوە.  نەک قسەی مرۆڤ بەڵکوو ئیلهامی خواندیش ڕەت دەکاتەوە.

  • به‌هه‌مان شێوه‌ لە (ئۆدیب پاشا) دا (لایۆس)ی پادشای پێشوو شاری تیبا لە (ترسیاس)ی عەرەفەوە پێی ڕادەگەیەنرێت کەچارەنووسی لایۆس لای خوداکان ئەوەیە، کە تۆ بەدەستی کوڕەکەت دەکوژرێیت و کوڕەکەشت دایکی خۆی مارەدەکاتەوە. ئەویش بۆ ئەوەی لەو چارەنووسە هەڵبێت و قسەی خواوەندەکان بەدرۆ بخاتەوە، دەستوپێوەند ڕادەسپیرێت کوڕەکەی بۆ شوێنێکی دوور ببن و لەناوی بەرن.  ئەوکەسەشی منداڵەکە دەبات نایکوژێت بەڵکو لەبن بەردێکدا منداڵەکە دادەنێت بۆ ئەوەی قەل وداڵ مندڵەکە بخوات، شوانێک بە ڕێکەوت منداڵەکە هەڵدەگرێتەوە و بەخێوی دەکات ناوی دەنێت ئۆدیب. لەئاکامدا ئەومنداڵە باوکی خۆی دەکوژێت و دەبێت بەپادشا تیبە و دایکۆ خۆی (جۆکاستا) مارە دەکات. واتە ئەو چارەنووسە ڕوویدا کە کە خوداکان بڕیاریا لەسەردابوو. ئۆدیبیش لەدواجاردا خۆی کوێردەکات خۆی دەکوژێت.

هەرچەندە هەندێک ڕیوایەت دەڵێن؛ کە مێژووی داستانی سەیدەوان پێش ئاینی مەسیحی و ئیسلامە. هەندێکیش دەڵێن دوای ئەوەی کە ئاینی ئیسلام هاتووە عه‌بدولعه‌زیز بۆتە موسوڵمان. بەدید و خوێندنەوەی ئەوکاتە حیکایەتبێژانی دوای دەرکەوتنی ئاینی ئیسلام بەمشێوەیە خوێندنەوە بۆ ئەم بەیتە دەکەن؛

یه‌كه‌م:  پەیامی یەکەمی ئەم داستانە ئەوەیە کە ئەگەر کەسێک  له‌خۆبایی و غه‌ڕا  بێت ئەگەر هیچ کارێکی مەیسەر نابێت.

دووەم: دەبێت پشتوپه‌نات و  پشتیوانت خودای گەورەبێت.

سێهەم: هەرکارێکت کرد دەبێت عاقیبەتەکەی لەبەرچاو بگریت.

 

 به‌یتی سه‌یداون له‌نێوان شانۆ و ئه‌ده‌بی زاره‌كیدا 

پێویستە هەموو شانۆکار و هەموو هونەرمەندێک گویی لێبگرێت. بەیتی سەیدەوان یەکێک لە شاکارەکانی ئەدەبیی زارەکیی کوردییە کە تا تا ئێستا لە لایەن  هه‌ژده‌ بەیتبێژی ڕه‌سه‌ن و  بە  هه‌ژده‌ ڕیوایەتی جۆراوجۆر گووتراوە. بەڵام كۆی هه‌ر هه‌ژده‌ ڕیواته‌كه‌  ناوەڕۆکی  یەک چیرۆکە کە لە ناوچەیەکی ئێزیدی نشین لە کوردستانی  باشوور ڕوویداوە. ئەم بەیتە سنوورەکانی بەزاندووە و گەلێک بەیتبێژی ڕه‌سه‌ن لە ناوچەی موکریانی کوردستانی ئێران سینگ بە سینگ هێناویانە و بەشێکیان بە تۆمارکراوی پارێزراون.

بەیتەکە سەرجەم بە دەنگ و ئاواز گوتراوە و بەیتبێژی (بەیتی سەیدەوان) خۆی لە جێی (عەبدولعەزیزی داسنی) سەرۆکی عەشیرەتی (داسنیان)  دادەنێ و هەر لە دەستپێکەوە لە زمانی عەبدولعەزیزەوە شینگێڕی بۆ لە دەستدانی کوڕە لەدەستچووەکانی دەکا.  لوتکەی تراژیدیا ئەو کاتەیە کە سەیدەوان بە دەستی خۆی دەکوژرێ ، و خۆی ده‌كوژێت و  داوا لە عەشیرەی داسنیان دەکا مەیتی سەیدەوان لە (چیای مەغلووب) بێننە خوارێ و لە تەنیشت (نێچیروان) و (مەلکەوان)ەوە بینێژن.  بەیتبێژی ڕه‌سه‌ن لە زمانی عەبدولعەزیزەوە تەرمی کوڕەکانی بە تایبەتی (سەیدەوان) دەلاوێنێتەوە و بەمشێوەیە سەرنجی بەیتبێژ سەرنجی گوێگر و بەردەنگەکانی بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ  تا کۆتایی بەیتەکە.

تراژیدیا لە بەیتی سەیدەواندا

لەناو بەرهەمە بەناوبانگەکانی جیهان لایەنی تراژیدیا بەرجەستە نیشاندراوە و لە ناو ئەدەبی زۆربەی گەلانی جیهان لایەنی تراژیدیا دەبیندرێ. بەیتی سەیدەوان بە نموونەی بەیتی تراژیدیا لە قەڵەمدەدرێت کە ناخی مرۆڤی کوردی ورووژاندووە. لە بەیتی سەیدەواندا یەکێک لە قارەمانەکانی لە شاخ ھەڵدەدێردرێ و یەکێکی تر شەوی بووکێنی پەردووگیر دەبێ و ئەوی سێھەم بە دەستی باوکی دەکوژرێت.

 لە یەکێک لە ڕیوایەتەکاندا دوو کوڕ بە دەستی باوکیان دەکوژرێن، کەواتە ناوەرۆکی بەیتەکە پڕە لە کارەسات وەک چۆن ھەندێ بەیتبێژە ڕه‌سه‌نه‌کان لایان وایە کە قارەمانی سەرکێش واتە عەبدولعەزیز لە پاش مەرگی کوڕەکانی (مەرگ) ھەڵدەبژێرێ، مەرگێک کە ھەڵبەت لە ناکاو نییە، بەڵکو ئەنجامی لۆجیكی ڕاستەوخۆی ڕووداوەکان لەناو پێکھاتەی بەیتەکە دایە.

لێره‌وه‌  “قارەمان بە ھۆی نەبوونی بەخت (ھەڵگەڕانەوەی بەخت Reversal) یان گەمەی چارەنووسی لەناکاو لە لوتکەی بەختەوەری دەکەوێتە ناو چاڵی بێبەختی. گۆڕانی چارەنوس، ئەنجامی ئەو کارە ھەڵەیەیە کە لەلایەن قارەمانەوە ڕوودەدات. بە وتەی لێکۆڵەرە ڕۆژئاواییەکان، ئەو بە ھۆی ئەو خاڵە لاوازەی کە ھەیەتی، تووشی ئەم ھەڵەیە دێت، بەو خاڵە لاوازە لە یۆنانی (ھەمەرتیا Hamartia) دەگوترێ کە لە ئینگلیزیدا بە Tragic flaw واتە خاڵی لاوازی تراژیک وەرگێردراوە.

سوارەی ئیلخانی زادە لە کتێبی (تاپۆ و بومەڵێڵ) دا کە کۆی ئەو گوتارانەن کە کاتی خۆی لە ڕادیۆی کوردی تاران پێشکەشی دەکرد دەڵێت: “بەداخەوەم کە وێژەی ئێمە لەناو گەلانی جیھاندا بڵاونەبۆتەوە، دەنا خوای عالەم کە بەیتی (سەیدەوان) زۆر لە (ھاملێتی)ی (شکسپیر) بەرزترە. شکسپیر لای وایە (ھەبوون یان نەبوون) مەبەست یەکێ لەو دوانەن؛ بەیتبێژی سەیدەوان دەڵێت: (دیلان یا ماتەم) کامیان مەبەستی ژیانە؟”

سوارەی ئیلخانی زادە لە وتارەکەیدا بەم جۆرە باس لە قارەمانی ناو بەیتی سەیدەوان و قارەمانی شکسپیر دەکات: “قارەمانی شکسپیر (ھاملێت)ی باوک کوژراوە، دایکی خیانەتکار و مامی پیاوکوژه‌، كه‌ بۆتە ھۆی پەژارەی (ھاملێت) بەڵام لە(بەیتی سەیدەوان)دا باوکێک سێ کوڕی گەنجی دەمرن کە یەکێک بە دەستی باوکەکەوە دەکوژرێ.”

لە ھەندێ ڕیوایەتدا (سەیدەوان) نافەرمانی باوکی دەکا ڕوو لە (چیای مەغلووب) دەکا و عەبدولعەزیز دەست دەداتە تفەنگ کە بچێت ڕاوی بزنە کێوییەک بکات، باوک و کوڕ ھەردوو لە چیان،  لێرەدا سات دەگاتە ئەو پەڕی خۆی و پێی وایە کاکۆڵی سەیدەوان، ڕدێنی بزنە کێوییە، تەقە لە تفەنگ دەکاو کوڕ لە خوێنیدا دەگەوزێنێ. بەیتبێژە ڕه‌سه‌نه‌کان ئەوەندە شارەزایانە ئەم بەیتەیان ھۆنیوەتەوە کە ھەر لە سەرەتاوە ئاماژەیەک بە کوشتنی کوڕ لەلایەن باوک کراوە و دواتر چۆنیەتی روودانەکە لە زاری عەبدولعەزیز دەگێڕنەوە.

دەقی بەیتی سەیدەوان

بەیتەکەی (عەلی کەردار)ە کە بەمجۆرە گووتویەتی و یەکێکە لەو ڕیوایەتانەی بەشێوەی تۆمارکراو پارێزراو لەبەر دەستە.

 https://www.youtube.com/watch?v=9wtBrTwgrrs

 

 

 

“بەھارە، بەھارێکی لە من بە دزی
ڕەبی خودایە ئەتۆ ھەوری ڕەحمەتێ بێنی
لە لای قوبلەی موبارەک لە داوێنی فەرەنگیان
لە سەر قەبری سەیدی خدری حەوت ڕەنگی
ئەمن زەینێ خۆم دەداوە تیلەگی دە کوێستانان
لێی دەرسقا ھەڵاڵە و بەیبون و سوێسنە
دەگەڵ گوڵی دەنێرگزی
تۆ خوا خزمینە کێ دیویەتی لە دەورەتی زەمانەی دا
باب بە دەستی خۆی کوڕی خۆی بکوژی

***

بەھارە ئەوە بەھارێکە لە دڵی بابی کاکە سەیدەوانی دا دێ
چ بەھارێکی لە من لە نەکاوێ
ئەمن زەینێ خۆم دەداوە ئەوە ماڵ و مەڕەکەی کاکە سەیدەوانی
ھەڵی دەدا لە تیلەگی دە کوێستانێ
بەرانبەر و پێشاوپێش بە گۆمە دەلاوێ

ئەمن زەینێ خۆم دەکردە نێر وبەرانەکەی کاکە سەیدەوانم
ھەڵدەپسێنن سەری ھەڵاڵێ، بەیبونێ، گیاخاوێ
بۆ کەس نەبوو بڵێ  یاڕەبی عەبدولعەزیز
چاوی جاسوسێت کوێر بێ قامکی پەلەپیتکەت ھەڵوەرێ
ئەوە سەیدەوانە تفەنگی خۆت ماوێ

***

بەھارێک بە دڵی کاکە سەیدەوانم دادێ
چ بەھارێک لە من شین دەنوێنێ
ئەوڕۆ ڕەبی خودایە تۆ ھەوری ڕەحمەتێ بێنی
لە لای قوبلەی موبارەک لە داوێنی فەرەنگیان
لە سەر چادر و چیغەکەی کاکە سەیدەوانم ھەڵبرژێنی
ئەوە رەبی ھەڵکەیە بای رەحمەتێ
لە غەمی عەبدولعەزیزی بدە لە بەحری خوێیەی تێپەڕێنی
تۆ خوا خزمینە کێ دیویەتی لە دەورەتی زەمانەی دا
باب بە دەستی خۆی کوڕی خۆی بکوژێ، دەخوێنی بگەوزێنێ

***
ئەوە بەھارێک بە دڵی بابی کاکە سەیدەوانی دا دێ
ئەرێ چ بەھارێکی لە من لە شەڕە
ڕەبی خودایە ئەتۆ ھەورێکی بێنی
لە لای قوبلەی موبارەک لە داوێنی فەرەنگیان
ببارێنی بارانی ڕەحمەتێ
قەبری کوڕانم بۆ بکەیەوە تەڕە

ئەمن زەینێ خۆم دەداوە سەری قەبری کوڕانم
لێێ دەرسقا ھەڵاڵە و بەیبون و سوێسنەو گوڵە شێست پەڕە

ئەمن دەستی خۆم دەدا تفەنگێ ڕووم دەکردە چیاێێ مەغڵووبێ داسنیان
بە داوێنی بەردادا دەڕۆیمە خوارێ
دەمروانی تاقێ سیپانێ وێران بوو
خۆ من نەمدەزانی کاکۆڵی کاکە سەیدەوانی یە
دەگەڵ گوڵی کوێستانێ، پشوێکە بای شەماڵ لێی دەدا
بە یەکیان دەداتەوە گەرە

ئەمن تفەنگێ خۆم داوێشتە سەر بەردی و جاسوسم لێدەگرت

بۆ کەس نەبوو بڵێ چاوی جاسوسێت کوێر بێ
تەقەم لە تفەنگێ دەھات
لەوێ سەیدەوانم وەسەر یەک دەگەڕا
ئەلحان ئەگە ئەمن بچم بڵێم خزمینە داوەتێ ناکەم
دەستی دیلانێ بەردەن
ئەوە پێم دەڵێن عەبدولعەزیز شێت بووە ، خەرەفاوە
پیرێکی ئاخر شەڕە

***

ئەوە بەھارە چ بەھارێکی لە من بەغللورە
ئەوڕۆکە ئەمن زەینێ خۆم دەداوە سەری قەبری کاکە سەیدەوانم
لێێ دەرسقا ھەڵاڵەو بەیبون و سوێسن و گوڵە زەمبوورە
وەرن خزمینە کێ دیوێتی لە دەورەتی زەمانەی دا
لە سەر سێ کوڕان ڕا
بووک بچنەوە ماڵی بابیان بە بەژنی دەسوورە
شەرت بێ ڕۆڵە ئەمن لە پاش ئێوە
دە لاقم نەکەم چەکمان و دە شانم نەکەم  تفەنگی سێ تیر
تازە ناچمەوە راوی نێری بەلەکوورە

***

ئەوە بەھارێک لە دڵی بابی کاکە سەیدەوانم دادێ
چ بەھارێکی لە من ھاڵۆزە
ئەمن زەینی خۆم دەداوە سەری قەبری کاکە سەیدەوانم
لێی دەرسقا ھەڵاڵەو بەیبون و سوێسنەو و گوڵە نەورۆزە
شەرت بێ بە شەرتی خودای ئەمن لە پاش ئێوە
دەلاقم نەکەم چەکمان و دە شانم نەکەم تفەنگێ
تازە ناچمە ڕاوی نێری بەلەبۆزە

***

بەھارێک لە دڵی بابی کاکە سەیدەوانم دا دێ
چ بەھارێکی لە من سەر بە زستانە
ئەوڕۆ ئەمن زەینێ خۆم دەداوە سەر قەبری کاکە سەیدەوانم
لێی دەرسقا ھەڵاڵەو بەیبون و سوێسنەو و نەورۆزە
گوڵی دانە بە دانە
شەرت بێ بە شەرتی خودای ئەمن لە پاش ئێوە
دەلاقم نەکەم چەکمان و دە شانم نەکەم تفەنگی سێ تیر
تازە ناچەمە راوی ئوان کێویانە

***

ئەرێ ھەر لە زەمانی ھەوەکونێ ئەو زەمانی
ھەر لە دەوری شای ھەتا دەوری نۆشیروانێ
خزمینە وەرن ئەنگۆ سێ داوەتان بۆ دڵی عەبدولعەزیزی بگرن
یەکیان ئی مەلکەوانی
دومینت ئی نێچیرەوانی
سێ مینەت ئی کاکە سەیدەوانی

ئەرێ گەلی دەبرادەران گەلی دەخزمان
تۆ خودا کێ دیویەتی لە دەورەتی دەزەمانان
لە سەر سێ کوران ڕا
بووک بە جلی سور بچنەوە ماڵە بابانی

***
وەرە نێوچیرەوانم مرد دەنگم نەکرد
مەلکەوانم مرد ھەر شوکری خودام کرد
بە خودای سەیدەوان ڕۆڵە خۆڵی گەرمێن و کوێستانێت
وەسەری عەبدولعەزیزی دەکرد

ئەیرۆ ئەرێ ڕۆڵە بابەکەی بابم کاکە سەیدەوانم ڕۆ
ھەتا ئەوێ ڕۆژێ خودا لە من دەکاتەوە دیوانێ
وەسەری عەبدولعەزیزم دەکردەوە خۆڵی کۆ کۆ

***

ئەوە بەھارێکم گەیوەتێ چ بەھارێکی لە من سەرە بەھارێ
خزمینە عاشیرەتی داسنیان ئەھلی دەژەنگارێ
دارەمەیتکم بۆ سازکەن
مەیتی کاکە سەیدەوانم لە چیایێ ڕەنگین دەگەڵ بێننەوە خوارێ
تۆ خودا قەبری ئەویشم بۆ ھەڵکەنن لە کن نێچیرەوان و مەلکەوانێ
ئەویشم بۆ بدەنەوە لە قەتارێ
شەرت بێ ڕۆڵە لە پاش ئێوە پشت دە دینی داسنیان کەم
ڕوو کەمەوە بیتی شەریف
بۆ مەککەی موعەززەم بچمە خوارێ.

 

 

 

فه‌رموون له‌گه‌ڵ به‌یتی سه‌یده‌وان له‌لایه‌ن به‌یبێژێكی دیكه‌ شۆڕش مه‌حمودی :

كۆنسێرتی نەرمە نەی و ئۆركێسترا بۆ بەیتی سەیدەوان – فولكلۆر و به‌یتی زاره‌كی.

گوتنەوەی ( بەیت خوان )  شۆرش مەحموودی  – نای : عوسمانە سوور

 بە هاوكاریی گرووپی فلامونیك موكریان

مۆسیقا و ئامادە كردنی بۆ ئۆركێست: كاوە فەقێزادە

سه‌رچاوه‌؛ په‌یچی فه‌یسبوكی هونه‌رمه‌ند زاهیری عه‌به‌ ڕه‌ش : https://www.facebook.com/zahir.rash

په‌یچی فه‌یسبوكی هونه‌رمه‌ند زاهیری عه‌به‌ڕه‌ش – https://www.facebook.com/zahir.rash

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار؛ به‌یتی ئازیزێ

بەیت بێژ، گێڕەوەی ئەزموونی بیرەوەری

 

هه‌روه‌ها بابه‌تێكی دیكه‌ی به‌یتی سه‌یده‌وان  له‌ كولتور مه‌گه‌زین

به‌یتی سه‌یده‌وان به‌ده‌نگی حه‌مه‌دی ئاغایی

مافی تایبه‌تی ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ كولتور مه‌گه‌زین. ته‌نها دانانی لینكی بابه‌ت ڕێگه‌پێدراوه‌. هه‌موو په‌ره‌گرافێك و پۆستكردنێك بێ دانانی لینك و ناوی نوسه‌ر و گۆڤاره‌كه‌ دژی یاسای كۆپی ڕایته‌ و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌دوایه‌. ‌